چالاکی

ئاسۆی پێوەندیەکانی بەغدا-هەولێر لە دیبەیتێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداودا

18-07-2020


 

RRC |

مێزگرد|

 

رۆژی شەممە (١٨ تەمووزی ٢٠٢٠) ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دیبەیتێکی بەشێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس دەربارەی ئاسۆی پێوەندیەکانی بەغداو هەولێر ،بەبەشداری چەند پەرلەمانتارێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کوتلە جیاجیاکان و چەند لێکۆڵەرێک رێکخست.

لە دیبەیتەکەدا گفتووگۆی چڕ دەربارەی چەند تەوەرێکی گرنگ وپەیوەست بە پێوەندیەکانی بەغداو هەولێر کرا: هەڵوێستی بەغدا بەرامبەرهەرێمی كوردستان؛ لێسەندنەوەی دەسەڵاتەكانە یان جێبەجێكردنی دەستوور؟ رۆڵی پەرلەمان لە پرسەكانی نێوان بەغدا و هەولێر؛ چاودێری جێبەجێكردنی دەستوورە یان میكانیزمی سەپاندنی رای زۆرینەیە؟ ئاسۆی پێوەندییەكان لە سایەی قەیرانی دارایی، كۆرۆنا و پرسە ئاڵۆزەكانی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوە چۆن دەبێت؟

بەهار مەحمود پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان جەختی لەوەکرد کە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پەیوەندی بەهەردوو لاوە هەیە و پێویستە هەڵوێستەکانیان راست بکەنەوە و وتی: ”کێشەکانی نێوان هەولێر وبەغدا لەسەرەتای دروست بوونی حکومەتی نوێی عیراق لە ١٥ ساڵی رابرووەوە هەن، بەتایبەت کێشە ئەوەیە کە بەغدا وەکو پارێزگایەک سەیری هەرێمی کوردستان دەکات کە ئەمەش هەڵەیە و ناکرێت لە سیستمی فیدراڵیدا وا بێت بۆیە پێویستە ئەم هەڵەیە راست بکرێتەوە.
هەردوولا لە جیاتی گەڕانەوە بۆ دەستوور پەنا دەبەنە بەر کاردانەوە، وەک لەمەسەلەی داراییدا عیراق وەکو کاردانەوەیەک دژ بەهەرێم مووچەو بوودجەی بڕی، لە هەمانکاتدا هەرێمی کوردستانیش هەمان هەڵەی کرد بەتایبەتی لە دژایەتیکردنی کاندیدی پێشووی سەرۆکوەزیران محەمەد تۆفیق عەلاوی و پشتگیرکردنی تەواوی موستەفا کازمی. بەمەش کورد بوو بەبەشێک لە ململانێی نێو ماڵی شیعی”.

بەڵام کازم شەمەری سەرۆکی کوتلەی وەتەنیە کێشەکانی نێوان هەردوولای بەپلەی یەکەم بۆ نەبوونی متمانە گێڕایەوە و وتی: ”کێشەی متمانە لەنێوان هەردوولا هەیە، بۆیە دەبێت بەر لەهەموو شتێک متمانە نێوانیان باشتربکەن، من وەکو خۆم وەکو هەرێم مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکەم، پێشموایە کێشەکە مەسەلەی وەرگرتنەوەی دەسەڵاتەکان لە هەرێم و دەستوور نیە بەڵکو متمانەیە.»

عەلی عبودی پەرلەمانتاری رەوتی حیکمە کە لەئێستادا کوتلەکەیان داکۆکیکەری سەرۆکوەزیرانی نوێی عیراقە پێیوایە کە ” لەمەسەلەی دەستووردا کێشەی تەفسیر کردنی ماددە دەستووربیەکان هەیە،”داواشی کرد کە هەردوولا ”نەرمی بنوێنن سەبارەت بەمەسەلە سەرەکیەکان وەکو مافەکان و مەلەفی نەوت چونکە ئێمە هەموو قوربانی دەستی دیکتاتۆریەت بووین.”

د.محمد شاکر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کێشە سەرەکیەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە دەستوور وەکو خۆی جەبەجێنەکراوەو لە دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا رەنگینەداوەتەوە. بەڕای ئەو ”لە عێراقدا تەنها یەک هەرێمی فیدراڵی هەیە ئەویش هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەرکانی فیدراڵی نیە. بۆ نموونە دەسەڵاتی تەشریعی وەکو خۆی دروست نەبووە و بازنەیەکی ونبوو لێرە هەیە. ئەگەر بەپێی دەستوور و یاسا تەماشای دامەزراوەکانی عێراق بکەین نیشانی پرسیار دەچێتە سەریان. دەستەی مافی هەرێمەکان تا ئێستا دروست نەبووە کەدەبێتە هۆی بەهێزبوونی فیدراڵی ،هەروەها دەستەی چاودێری واریداتی ئیتیحادیش درووست نەبووە.”

ئەیات نووری ئەندام و وتەبێژی کوتلەی نەسر لەئەنجومەنی نوێنەران پێیوایە دەبێت ”دەسەڵات بدرێتە هەرێمەکان بەڵام بەمەرجی ئەوەی کە زیادەڕۆیی لەو دەسەڵاتانە نەک کە بۆیان دیاریدەکرێت.”

شیروان میرزا پەرلەمانتاری یەکێتی لەبەغدا پێیوابوو کە کێشەی سەرەکی لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکاندایە و”مامەڵەی نێوان هەرێم وبەغدا زیاتر وەکو مامەڵەی نێوان دوو وڵات وایە وەکو لەمەسەلەی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان لەنێوان هەرێم و بەغدا کەلە دواجاردا زەرەر لە ئابووری عیراق دەدات.”

د.خامۆش عومەر راوێژکاری یاسایی و دەستووری پەرلەمانی کوردستانیش کێشەی سەرەکی بۆ پەیوەست نەبوون و جێبەچینەکردنی دەستووەی فیدراڵی عیراق گێڕایەوە و وتی:
”تا ئێستا ئەنجومەنی ئیتیحادی دروست نەکراوە کە زۆر گرنگە بۆ سیستمی فیدراڵی، دادگای دەستووری بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەکارکەوتووە، هەڵبەت دەستووری عێراقی دەسەڵاتی ئیتیحادی و هەرێمەکانی لەگەڵ دەسەڵاتەهاوبەشەکان دیاربکردووە.کێشەیەکی دیکەی هەرێمیش ئەوەیە کە تائێستا هەرێمی کوردستان دەستووری نیە کە بۆی هەیە خاوەنی دەستووری خۆی بێت.«
لەلایەکی دیکەوە د. ئیحسان شەمەری پێیوابوو کێشەکە پەیوەندی بە دەستوورو نەبوونی متمانەوە نیە بەڵکو، مەسەلەکە ”دابەشکردنی سامان و کیشەی خاکە.”​ ​ ​
د.هەڵمەت غەریب راوێژکاری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداویش تیشکی خستە سەر سێ کێشەی سەرەکی نێوان هەردوولا و وتی:”سێ کێشەی سەرەکی لەنێوان هەولێر وبەغدا هەن، نەبوونی متمانە، نەبوونی شەفافیەت لە حساباتی دارایی هەردوولاو ئەقڵیەتی دەسەڵاتخوازی لەمەسەی پەیوەست بوون بە دەستوور و یاساوە،”هەروەها پێیوابووکە”حکومەتی عێراقی دەستووری پێشێل کردووە بەتایبەت لەمەسەلەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە کێشە نێوخۆییەکاندا ئەمەش لەسەردەمی حوکمڕانی مالیکی و عەبادیدا روویداوە.هاتنی هێزە عێراقیەکان بۆ ناوچە جێناکۆکەکان پێشێلی دەستوورە،” وە بۆ چارەسەری کێشەکانیش لە جیاتی پەنابردن بۆ​ ”دادگای دەستووری، هەردوولا هەوڵی فەرزکردنی ئیرادەی خۆیانداوە.”

Share this Post

چالاکی