چالاکی

ناتۆ ئەركی خۆی لە عێراق زیاتر دەكات

02-11-2020


 

RRC |

ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو|

فەرماندەی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق رایگەیاند كە هەرچەند هیشتا دیار نییە، بەڵام لەوانەیە تاوەكو پێنج ساڵی دیكە لە عێراق بمێننەوە، تاوەكو بەرنامەی چاكسازی سیستەمی بەرگری و ئاسایش سەردەگرێت.

جێنی كاریگنان، فەرماندەی هێزەكانی ناتۆ لە عێراق كاژێری سێی دوانیوەڕۆی رۆژی 27ی ئوكتۆبەری 2020 لە پانێلێكی ڤیدیۆیی (ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو)دا باسی لەوەكرد كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە قۆناخی گواستنەوەدایە و لە چەند مانگی داهاتوودا قەبارەی هێزەكانیان لە عێراق كەمدەكەنەوە. گوتیشی:” بۆ ئەم گواستنەوەیە، ئێمە لە نزیكەوە هاوئاهەنگییان لەگەڵ دەكەین. ئامانجی ناتۆ ئەوەیە كە بتوانێ بەبێ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش ئەركی خۆی راپەڕێنێت. ئێمە دەمانەوێت بمێنینەوە. ناتوانم كاتێكی دیاریكراو بڵێم، بەڵام لەوانەیە تاوەكو پێنج ساڵی دیكە بمینێینەوە. ئامانجەكە ئەوەیە چاكسازی سەربخەین و دواتر بۆ قۆناخێكی درێژخایەن، لە برۆكسلەوە ئەوە هاوپەیمانییە لەگەڵ عێراق بەردەوام بێت. هەروەك چۆن ئێستا ئوردن ناو بەناو داوای شارەزای ناتۆ بۆ راهێنان بە هێزەكانی دەكات.”

جێنی كاریگنان لەو پانێلەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو دا جەختی لەوەشكرد كە لەسەر ‘’داوای حكومەتی عێراق، وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە رۆژانی رابردوودا رەزامەندییان نیشانداوە بۆ فراوانكردنی ئەركی ناتۆ بە جۆرێك كە ژمارەی راوێژكارەكان زیاد بكات و بواری دیكەی ئاسایش وەك وەزارەتی ناوخۆ بگرێتەوە، بۆیە ئەركی ئێمە لە چەند مانگ و ساڵی داهاتوودا فراوانتر دەبێت.’’

 

 

ناتۆ لە عێراق راوێژكارە نەك شەڕكەر

سەبارەت بە كار و ئەركی ناتۆ لە عێراق، كاریگنان گوتی:” ئەركی ناتۆ لە عێراقدا راوێژكارییە و شەڕكەر نییە. راوێژ دەداتە وەزارەتی بەرگری عێراق تاوەكو چاكسازی بكات”. باسی ئەوەشیكرد كە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراقدا لە بوارەكانی وەك دژایەتیكردنی گەندەڵی، باشتركردنی بەڕێوەبردنی توانای مرۆییەكان و راهێنانەكان، سیاسەت و ستراتیژ، یاسای پێكدادانی چەكداری، سەركردایەتیكردن، ژن، ئاشتی و ئاسایش، پەروەردەی پرۆفیشناڵی سەربازی كار دەكەن.

كاریگنان گوتی لە 20 ساڵی رابردوودا، وەزارەتی بەرگریی عێراق لە چەندین جەنگدا بەشداربووە، ئەمەش وایكردووە نوێبوونەوە و چاكسازی تێیدا ئاسان نەبێت، بەڵام ئێستا كاتی ئەوەیە كە نوێبكرێتەوەو كار لەسەر چاكسازی درێژخایەن بكرێت.

ئەوەشی راگەیاند كە تائێستا راهێنانیان بە راهێنەرانی 11 شوێنی راهێنانی تەكنیكی لە بواری لۆجستیك، پووچەڵكردنەوەی بۆمب، ئەندازیاری و پزیشكی كردووە، لەنێو وەزارەت و پەروەردی سەربازی زانكۆی بەرگری عێراقیش كاریان كردووە. چونكە زانكۆكانی بەرگری عێراق پێویستیان بە نوێكردنەوەو گۆڕینی پرۆگرامە.

فەرماندەی ناتۆ لە عێراق چاكسازی لە بواری ئاسایش وەك بابەتێكی گرنگ هەژمار كرد و گوتی:”زۆر گرنگە بۆ حكومەتی كازمی هانی ئەوەبدات كە چاكسازی لە بواری ئاسایش دا بكرێت. هەستیشمان بەوەكردووە كە كازمی بایەخی تایبەت بە هەندێك لەو بوارانە دەدات. بۆ نموونە لە مژاری دژایەتی گەندەڵیدا كازمی فەرمانیداوە بەرنامەی ناتۆ لەنێو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆدا جێبەجێبكرێت”. باسی لەوەشكرد كە چاكسازی لە بواری ئاسایش و بەرگریدا بەرنامەی درێژخایەنی دەوێت و لەبەرئەوەش ناتۆ چەند ساڵێك لێرە دەبێت تاوەكو ئەوە سەردەگرێت. گوتیشی كە ناتۆ ئەم بەرنامەی چاكسازیەی لە 19 وڵات جێبەجێدەكات و سەلماندوویەتی كە بەرنامەكەی سەركەوتووە.

ناتۆ هەست بە كاریگەری ئێران ناكات لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دا

جەختی لەوەشكرد كە ” لەناو وەزارەتی بەرگری عێراقدا لە ئێستادا هەست بە هەبوونی كاریگەری ئێران ناكەم، ئەوەی لە هاوتا عێراقی و سەرکردایەتی باڵای عێراق تێگەیشتووم ئەوەیە کە حەزێكی گەورەیان هەیە بۆ تێگەیشتن لە سیستەمی ناتۆ، بۆ تێگەیشتن لە هەیکەلیەت  و مۆدێلەكانی ناتۆ بۆ ئەوەی بتوانن مۆدێلی خۆیان دیاری بكەن و بتوانن لەگەڵ ناتۆدا لە داهاتوودا کار بكەن جا ئایا وەک بەشێک لە راهێنانەکان یان بڵاوەپێکردنی هێزەکان بێت”.

فەرماندەی ناتۆ باسی لە حەشدی شەعبیش كرد و گوتی كە ”فۆكووسی ئەوان لەسەر پشتگیریکردنی ئەو هێزە ئەمنیە عێراقیانەیە كە بە فەرمی سەر بە حكومەتی عێراقن”. ”حەشدی شەعبی هێزێكی فەرمی سەربە حكومەتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ئێستادا ناتۆ بەرنامەی كاری لەگەڵ حەشدی شەعبی نییە.مەسەلەی بەدامەزراوەیكردن و پرۆفیشناڵكردنی هێزەكانی حەشد لەسەر داوای حکومەتی عیراق دەکرێت ببێتە بەشێك لە ئەركی ناتۆ لە داهاتوودا”.

جێنی كاریگنان، یەكێك لەو شتانەی كە گرنگە حەشد هەیبێت بەڕێوەبردنی توانای مرۆییە بۆ ئەوەی بزانێ كێ سەر بە هێزەكانیانە، چەند كەسن و تایبەتمەندی و شارەزاییان چییە. جەختیشی لەسەر ئەوە كرد كە ”هەر هێزێكی چەكدار جا هەر ناوێكیان لە خۆیان نابێت ئەگەر لە ژێر كۆنترۆڵی حكومەت نەبن ئەوا هەڕەشەن بۆ سەر هەمووان بەتایبەت زیاتر بۆ خودی عێراقییەکان”.

وەزارەتی پێشمەرگە داوای هاوكاری لە ناتۆ نەكردووە

سەبارەت بە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیش گوتی ”تاوەكو ئەو جێگەیەی ئاگاداربم وەزارەتی پێشمەرگە هیچ داوایەكی لە ناتۆ نەكردووە تاوەكو هاوكارییان بكات”. سەبارەت بەوەی ئایا لە داهاتوودا ئەرکی ناتۆ هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە گوتی:”  ئەمە یەکێکە لە شتە نادیارەکان وەکو بەشێک لە قۆناخی گواستنەوە لە ئێستادا، چۆن ئەمە لە داهاتوودا دەکرێت پێویستە بزانین چۆن ئەبێت، بەڵام لە ئێستادا وەڵامی ئەمەم لانیە، ئەمە پێویستە زیاتر گەشەی پێبدرێت لە نێوان حکومەتی عیراق و ناتۆو هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش”.

فەرماندەی ناتۆ لە عێراق باسی لە هێرشی چەكداریی میلیشیاكان كرد بۆ سەر هێزەكانی هاوپەیمانان و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق و گوتی ئێمە ئەو پەلامارانە بە جیدی وەردەگرین، بەڵام حكومەتی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە ئاسایشی هیزەكانمان دابین دەكات . جێگۆڕكێی راهێنەرەكان لەبەر دۆخی ئەمنی و هەروەها هەندیك چالاكی ئۆنلاینیش لەبەر كۆرۆنا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەكەدایە.

سەبارەت داعش، فەرماندەی ناتۆ لە عێراق گوتی:”داعش تێكشكێندراوە، بەڵام هێشتا دەتوانێ پەلامار بدات. هەڵبەت ئەوە لەچاو مەترسییەكەی پێشوویان سنووردارە. توانای هێزە عێراقییەكان ئێستا زۆر باشە، زۆر چالاكی سەربازی هەر خۆیان بە تەنیا لەگەڵ كەمێك پشتگیری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامیدەدەن.”

رێككەوتن و هاوئاهەنگی نێوان پیشمەرگە و هێزەكانی عێراقیشی بە گرنگ زانی و گوتی: “لەم چەند هەفتەیەی دواییدا هەندێك رێككەوتنی ئەمنی باش كراون. وەك دروستكردنی سەنتەری هاوبەشی ئۆپەراسیۆنەكان لەگەڵ چەندین هێزی دیكەدا، لەوانەش هێزەكانی پێشمەرگە. هەروەها رێككەوتنی شنگال. ئەمانە هەمووی هەنگاوی دڵخۆشكەرن، چونكە داعش هەر بۆشاییەكی ئەمنی لەو ناوچانەدا دەقۆزێتەوە. دروستكردنی سەنتەری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و هاوئاهەنگی دیكەی ئەمنی ئەو بۆشاییە پڕ دەكاتەوە.”

Share this Post

چالاکی