شرۆڤە

وەرزی گۆڕان و چاككردنەوەی هاوپەیمانییەكان!

22-01-2021


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

جۆ بایدن لەیەكەم گوتاریدا وەكوو سەرۆك، كە تێیدا زیاتر رووی لە ناوخۆی ئەمریكا بوو، بەچەند وشەیەكی كەم، پەیامێكی گرنگی بۆ دنیای دەرەوە هەبوو:”هاوپەیمانییەكانمان چاك دەكەینەوە.” بێگومان، چاككردنەوەی ئەوهاوپەیمانی و هاوكارییە رەسمی و ناڕەسمییانەی ئەمریكا كە هەندێك پێیانوایە لە سەردەمی  ترەمپدا خەساری گەورەیان پێگەیشتووە، دەتوانێت كاریگەری لەسەر سیاسەتی جیهان دابنێت.

هەر لە قۆناخە كۆتاییەكانی سەردەمی ترەمپەوە، وەرزی گۆڕانی هاوپەیمانی و هاوكارییە سیاسی و سەربازییەكان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش دەستیپێكردووە، وەك بڵێی زۆرێك لەدەوڵەتان بیانەوێ، خۆیان بەپێی سیاسەتی چاوەڕوانكراوی دەرەوەی ئیدارەی بایدن رێكبخەنەوە. ئەمە ماتەوزەی كاریگەری دانانی لەسەر پرسی كوردیش لە هەناودایە.

“چاككردنەوەی هاوپەیمانییەكان”ی ئەمریكا

دەمێكە زبیگنیو برژنیسكی، باسی “هێزی لاوازیی” كردووە و لەوێشەوە، جەختیكردووە كە ئیدی بۆ پاراستنی هەژموونی ئەمریكا، تەنیا هێزداری بەس نییە! دەوڵەتان و تەنانەت ئەكتەرە نادەوڵەتییەكانیش، بۆ ئەوەی ئاسانتربگەنە ئامانجەكانیان رێگای هاوپەیمانیی وهاوكاری دەگرنەبەر. بێگومان ئەمریكاش لەمەبەدەر نییە.

روانگەی جیاجیا هەن لەبارەی كاریگەریی”هاوپەیمانی” لەسەر سیاسەتی نیودەوڵەتی. بەپێی هەندێك لێكۆڵینڤان، لانیكەم نیوەی هاوپەیمانییەكانی سەدەی بیستەم، رێگایان بۆ شەڕ كردۆتەوە.[1]هەندێكیش هەنگاوێك زیاتر چوونەتە پێش و، پێیانوایە هاوپەیمانییەكان، قۆناخێكی بەرلە جەنگن! لێكۆڵینەوەیەك لەسەر هاوپەیمانییەكانی نێوان1816-2000 لە دنیا، گەیشتووەتە ئەوەی كە 60%ی یان بۆ ئامانجی بەرگری بوون.[2]هەندێكی دیكەش وەك ئامڕازێكی درووستكردنی هاوسەنگیی هێزداری تەماشای كەن. هەرچۆنێك بێ، هاوكاری و دواتریش هاوپەیمانییەكان، كە دەشێ رەهەندی جیاجیای ئەمنی و ئابووریشیان هەبێت كاریگەری لەسەر هاوسەنگییەكانی هێز دادەنێن.

ئەمریكا تەقریبەن لە ماوەی نزیكەی سێ دەیەی رابردوودا 4 هاوپەیمانیی گەورەی سەربازیی بۆ شەڕی دژی تیرۆر و شەڕی دژی عێراق رێكخستووە. پەیوەندیی دوو قۆڵیی سیاسی و سەربازیشی لانیكەم لەگەڵ 9 دەوڵەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستانیش هاوكارییەكی سەربازیی بۆ شەڕی دژی تیرۆر هەیە. بۆیە سفتكردنەوەی هاوكاری و هاوپەیمانییەكانی ئەمریكاش لە جیهان، وەك ئاسیا- پاسیڤیك، ئەورووپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەتوانێت كاریگەری لەسەر ركابەرییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ چین و رووسیا و هێزە ناوچەییەكانی دیكەش دابنێت.

وەرزی گۆڕانی هاوپەیمانییەكان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

 ئەگەر ئەوەمان قبوڵ بێ كە دۆخی ئەمریكا وەك هێزە هەژموونییەكەی جیهان، كاریگەری لەسەر شكڵگرتنەوەی هاوپەیمانی و هاوسەنگییە سیاسییەكانی جیهان دادەنیت، دەتوانین بێژین كە لە قۆناخە كۆتاییەكانی ئیدارەی ترەمپ و لەگەڵ یەكلابوونەوەی سەركەوتنی بایدندا، هێزەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گوڕتینێكی زیاتریان بە گۆڕانی سیاسەتی دەرەكی و، رووكردنە هاوكاری و هاوپەیمانی داوە.

حاڵی حازر وڵاتانی كەنداو، لانیكەم 3 بابەتی هاوكاری و هاوپەیمانیی گرنگیان لەبەردەستدایە: بێجگە لە ئاشتی عەرەب – ئیسرائیل كە دەكرێ بە دەسكەوتێكی قۆناخی دوایی ترەمپیش سەیر بكرێت، بابەتی ئاشتی نێوخۆیی و كرانەوە بەڕووی عێراق لە ئارادایە و قەتەریش پێشنیاری كردووە لەگەڵ ئێرانیش دانووستاندن بكرێت.

ئێران بابەتی هاوپەیمانی 25 ساڵە لەگەڵ چین، هاوكاری لەگەڵ رووسیا، توندوتۆڵكردنەوەی ئەو هاوپەیمانییە شیعییەی كە بە” میحوەری موقاوەمە ” ناوی دەبات و پێشنیاری پرۆژەی ئاشتی هورمز و دانووستاندنی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هەیە. توركیا لەلایەك  پێگەی خۆی لە كۆمارەكانی یەكێتی سۆڤییەتی جاران بەهێز دەكات و لەلایەك رێككەوتنی سێقۆڵی لەگەڵ ئازەربایجان و پاكستان دەكات. لەلایەكی دیكەش بەتەمایە كێشەكانی لەگەڵ یۆنان كەمبكاتەوە و لە ئاستی گرژییەكانی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا بە تایبەتی فەرەنسا كەمبكاتەوە. عێراق لەلایەك خەون بەراگرتنی هاوسەنگی و لەلایەكی دیكەش باس لە پرۆژەی شامی نوێ لەگەڵ میسر و ئوردون دەكات و لە هەمانكاتیشدا  گیرۆدەی كێشەكانی نێوان  ئێران وئەمریكایە.

هەرچەندە هێشتا هاوپەیمانی و هاوكارییەكان لەلایەك و ئاراستەی ركابەرییەكانیش لەلایەكی دیكە بە تەواوی یەكلا نەبوونەتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەو قۆناخەی كە تێیداین، قۆناخێكی گوزەر بێت بۆ ئەوانە و زۆربەی هێزەكانیش خەریكە بە پێی ئەوە پێگەی خۆیان دیاری دەكەن.

كورد و هاوپەیمانییەكان

بەشیوەیەكی گشتی كوردەكان لەگەڵ سێ جۆری ئەكتەر و هێزەكانی دیكەدا هاوكاری و هاوپەیمانییان هەیە: هێزە سەرووناوچەییەكان بە تایبەتی وڵاتانی رۆژئاوا، دەوڵەتە ناوچەییەكان و هێزەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتانەی كە بە رەسمی سەربەوانن.

ئەو هاوپەیمانییە نیمچە رەسمییەی كە لە نێوان كوردەكان و بەشێك لە هێزەكانی رۆژئاوادا هەیە، بە رۆڵی كوردەكان وەك لەشكرێكی پیادەی شەڕی دژی تیرۆر بەهێزتربووە. بەڵام بەشێوەی گشتی كوردەكان وەكوو فاكتەرێكی راگرتنی هاوسەنگی لە سیاسەتی ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر دەوڵەتانی خاوەنی پرسی كورد دەوریان هەبوە و هەیە. بەڵام بەگشتی هەر ئەمەش وایكردووە تا رۆژئاوا دەورێكی لە درووستبون و پاراستنی دو كیانی ئۆتۆنۆمی كوردی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت.

ئالێرەدا روانگەیەكی سیاسەتی كوردی  پێی باشە، وەك فریادەڕسێك سەیری بایدن و ئیدارە نوێكەی بكات. راستییەكەی لەوانەیە كاریگەرییەكی پۆزەتیڤ لەسەر دۆخی كوردەكان دابنێت بەڵام، پشتبەستنی زۆر بەوەش دەتوانێت هێواشكێن بێت. چوونكە لانیكەم تا ئێستا دۆخی كورد لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی ئەمریكا بەرامبەر ئەو دەوڵەتانەی ناوچەكە پێناسە دەكرێت. جگە لەوە، ئەوەی ئەمریكاش  بیكات سنووردارە.  ئەگەری رێككەوتنەوەی توركیا و ئەمریكا-سەرەڕای ناكۆكیی لە بواری جیاجیا- شتیكی كراوەیە. چوونكە توركیا هەم ئەندامی ناتۆیە هەم وەكوو دواجار رەنگە بۆ ئەمریكاش گونجاو نەبێت كە زیاتر پاڵ بە توركیاوە بنێت تا هەنگاویتر بەرەو رووسیا و چین بنێت. ئەگەری رێككەوتنەوەی ئێران و ئەمریكا لەسەر دۆسییەی ئەتۆمی و لابردنی گەمارۆكان، دەتوانێت كاریگەری لەسەر پێگەی ئێران دابنێت. دانووستاندن بۆ ئایندەی سووریا و بابەتی مان و نەمانی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقیش، بابەتگەلێكن كە بەشیوەی راستەوانە كاریگەری لەسەر پرسی كورد دادەنێن.

سرووشتی هاوپەیمانی و هاوكاریی هێزە كوردییەكان لەگەڵ هێزە ناوچەییەكانی وەك ئێران و توركیاش زیاتر بۆ ئیدارەدانی خۆ و كاریگەریی دانان لەسەر هاوسەنگییە نێوخۆییەكانی هێزداری بووە. دۆخی ئیستای ئابووری ئێران و توركیا، كێشەكانی سیاسەتی دەرەوە و ململانێكانی نێوخۆیی دەسەڵات لەو دوو ڵاتە، پۆتانسییەلی ئەوەی تێدایە كە مەیدانی مانۆڕی سیاسی كورد فروانتر بكات.

هاوپەیمانی و هاوكارییەكانی كوردیش لەگەڵ هێزە جیاوازەكانی ئەو وڵاتانەی كە بەرەسمی سەر بەوانن، بە كردەوە گەیشتۆتە بنبەست. هاوپەیمانی و هاوكاریی دریژخایەنی كورد و شیعە لە عێراق لە 2017وە بە كردەوە گەیشتۆتە بنبەست. لە توركیاش هاوپەیمانیی كوردەكان لەگەڵ گرووپە چەپەكان و ئۆپۆزیسیۆنی توركیا، بەوجۆرەی كە هەیە دەستكەوتێكی وای بۆ كورد تێدا نەبووە. زیاتر وەك هاوپەیمانێكی نەخوازراو سەیر دەكرێت كە تەنیا دەنگەكانی بۆ شكستدانی ئەردۆغان پێویستە. لە سووریا، هاوپەیمانیی كورد و پێكهاتەكانی دیكە بە تایبەتی عەرەب، لە چوارچێوەی هێزەكانی سووریای دیموكراتێكدا زیاتر بە كەڵكی شەڕی دژی داعش هاتووە و تا ئێستا دەستكەوتێكی گەورەی سیاسی لێنەكەوتۆتەوە. لە ئێرانیش بە كردەوە هاوپەیمانی و هاوكاری گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەكانی كورد و غەیری كورد، كاریگەرییەكی گەورەی نەبووە.

ئەنجام

بەردەوامیی هاوكاری و هاوپەیمانییە نیمچە رەسمییەكەی كورد لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا هێشتا پێویستە و ئەمەش وەكوو چەترێكی ئەمنی كاریگەری لەسەر دۆخی هەردوو كیانە كوردییەكەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە. هەڵبەت بە تەنیا پشتبەستن بەوە و لەپێشچاونەگرتنی یەكڕیزی ناوخۆیی بە تایبەت لەسەر پرسە هاوبەشەكان، دەتوانێت ئەنجامی خراپی هەبێت. خراپی دۆخی ئێستای وڵاتانی ناوچەكە، دەرەفەتێكی زیاتری بۆ كوردەكان رەخساندووە تا لە قەبارەی گرفتە نیوخۆییەكانیان كەمتر بكەنەوە. بێجگە لەوەش بە بنبەست گەیشتنی هاوپەیمانی و هاوكارییەكانی كورد لەگەل هێزە ناوخۆییە ئەو وڵاتانەی كە بەڕەسمی سەر بەوانن، پێویستیی پێداچوونەوەی بە سیاسەتی هاوكاریی و هاوپەیمانییەكانی كوردی لەو وڵاتانە دەرخستووە.

 

[1] – Singer and Small

[2]– Goodrich, Ben (2004), “Alliance Formation and International Relation Theory”

,Government2710- Week09,Response Paper,April.pp.1-2

Share this Post

شرۆڤە