چالاکی

کاریگەری گەشەکردنی خێرای دانیشتوان لە وێبینارێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداودا

05-02-2021


 

RRC |

مەحمود بابان|

نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سندوقی چالاکی دانیشتوان UNFPA لە عێراق رایگەیاند  ” بڕیارە سەرژمێری عێراق لە ئەمساڵدا بەرێوەبجێت، هیوادارم دوانەخرێت، ئەگەر دواشبخرێت  ساڵی داهاتوو یاخود بەزووترین کات بکرێت، هەروەها ئەمڕۆ عێراق رووبەڕووی زیادبوونی ژمارەی گرووپی   دانیشتوانی گەنج دەبێتەوە”

رۆژی ٤ی شوبات ٢٠٢١ ، کاژێر ١٦:٠٠ بەکاتی هەرێمی کوردستان، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو وێبینارێکی بۆ د. ریتا کۆڵمبیا، نوێنەری نەتوەیەکگرتووەکان بۆ چالاکی دانیشتوان لە عێراق و د. مەهدی عەلاق، راوێژکاری نیشتیمانی سەرژمێری بۆ عێراق لە UNFPA و د.عیسام تەها، راوێژکاری UNFPA بۆ کاروباری دانیشتوان و گەشەپێدان بە بەشداری سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئامار لە هەرێمی کوردستان و چەند بەشداربوویەکی دیکە رێکخست.

رێژەی گەشەسەندنی ژمارەی دانیشتووانی عێراق لە ساڵی رابردوودا 2.6 بووە و ئێستاش كۆی دانیشتووان 40 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە. بێگومان ئەو خێرایی گەشەكردنەش دەتوانێت ئاسەواری سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی گەورەی لێبكەوێتەوە.  بەو پێیەی كە نەوەی نوێی، داوای كار، بەشداری سیاسی و گوزەرانی خۆشتر دەكات، ئەمە دەتوانێت لەماوەی درێژخایەندا رێگا بۆ وەرچەرخانی گەورەی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆش بكات.

لە سەرەتای قسەکانیدا د. رێتا کۆڵمبیا ئاماژەی بە کارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سندوقی  چالاکی دانیشتوان کرد و رایگەیاند ” UNFPA یارمەتی حکومەتی وڵاتان دەدات بۆ دۆزینەوە و نیشاندەری گوڕانکارییەکانی دیمۆگرافیا،  ئەو گۆڕانکارییانەی گرنگن و پەیوەندی بە پێشکەوتنەوە هەیە”

د. رێتا کۆڵمبیا لەبارەی گوڕانکارییەکانی دیمۆگرافیای عێراقەوە گوتی ” ئەمڕۆ عێراق رووبەڕووی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی گەنج دەبێتەوە، ئێستا، کە خەمڵێنراوە ژمارەی دانیشتوانی عێراق ٤٠ ملیۆن کەسە، زۆربەیان گەنجن، سەیرێکی ئەم دیمۆگرافیایە بکەین دەریدەخات کەوا دەرفەتی باش هەیە بۆ پێشکەوتن لە عێراق، چونکە ژمارەی ئەو گرووپەی، کە بە تەمەنی کار ناسراوە زیاد دەکات، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٥ بۆ ٢٩ ساڵدایە نزیک دەبێتەوە لە ٦٠٪ کۆی دانیشتوان، لەرووی دیمۆگرافیاوە ئەمە پێیدەگوترێت دیارییەکی بەنرخ، چونکە بەمانای رەخساندنی پێشکەوتنی ئابووری دێت، ئەگەر دەرفەتی وەبەرهێنان لە بوارەکانی خوێندنێکی باش، تەندروستی و دەرفەتی کاردا هەبێت”.

لە درێژەی قسەکانیدا د. ریتا کۆڵمبیا، ئاماژەی بە گرنگی داتا و سەرژمێری بۆ عێراق لەم قۆناخەی ئێستا کرد  و گوتی ” عێراق دەرفەتێکی زێڕینی هەیە بۆ کارکردن لەسەر گۆڕانکارییەکانی دیمۆگرافیا، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژخایەن نیە و پێویستی بە کارکردنی خێرایە بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە لە رێگەی سەرژمێری لەپاڵ دانانی سیاسەتی دانیشتوان،  کە سەرژمێریش کارێکی ئاڵۆز و پێویستە بەلایەنی کەمەوە ١٠ ساڵ جارێک بکرێت، بەڵام دوایین سەرژمێری تەواو لە عێراق کرابێت ساڵی ١٩٨٧، کە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵی تێپەڕاندووە و کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە بۆ دەستکەوتنی داتای نوێ لەبارەی عێراقەوە، کە لە زۆربەی رووەکان نیشاندەری دەرخەری راستەقینەی دیمۆگرافیا و گەشەکردنی کۆمەڵگایە لەرووی دانیشتوان و گرووپی تەمەن وحکومڕانیەکی باش،  گوڕانکارییە کومەڵایەتی و پلانی پەرەپێدان، کەمکردنەوەی مەترسییەکان و  وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و پلانی بازاڕ،  UNFPA یارمەتی حکومەتی وڵاتان دەدات بۆ جێبەجێکردنی  سەرژمێرییەکی دروست و بەکارهێنانی داتاکان و بەستنەوەیان بە کۆمەڵگەوە، هەروەها داتاکان باوەڕپێکراوبێت”.

لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراق، د.ریتا گوتی ” خۆشبەختانە ئەمجارە سەرژمێری ئەلیکترۆنی واتە e-census لە عێراق دەکرێت و UNFPA هاوکاریی تەواوی وەزارەتی پلاندانان لەرێگەی راهێنان و پێداویستییەکان و تەکنیکەوە دەکات”، هەروەها حکومەتی عێراق پابەندی بە ئەنجامدانی سەرژمێرییەوە لە ٢٠٢٠دا لە کۆنفرانسی نێرۆبی بۆ دانیشتوان لە ٢٠١٩ نیشاندا، بەڵام ساڵی ٢٠٢٠ بۆ هەموو جیهان ساڵێکی سەخت بوو، بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بووە هۆی دواخستنی سەژمێری و دەیان چالاکی دیکە”.

 

لەبارەی دواخستنی سەرژمێری عێراقەوە د.ریتا گوتی ” ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و با چاوەڕوانی راگەیاندنی حکومەت بکەین، بەڵام هیوادارم بەم زوانە یاخود ساڵی داهاتووسەرژمێری بە هەموو ستانداردە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامبدرێت”.

 

سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئامار لە هەرێمی کوردستان لەبارەی سەرژمێرییەوە ئاماژەی بەوەکرد “ئەنجامدانی سەرژمێری لەرێگەی ئەلیکترۆنی هەواڵێکی دڵخۆشکەرە، کە ئەنجامەکانی بەزوویی دەردەکەوێت، بەڵام ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی  سەرژمێری تەواونەبووە یاخود نەگەیشتووەتە ئاستێک بۆ ئەنجامدانی لە ئەمساڵدا بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان”.

 

د. مەهدی عەلاق، راوێژکاری نیشتمانی سەرژمێری بۆ عێراق لە UNFPA لەبارەی رێژەی گەشەی دانیشتوانی عێراق رایگەیاند “عێراق یەکێکە لە وڵاتانەی بەرزترین رێژەی زیادبوونی دانیشتوانی لە جیهاندا هەیە و لە ساڵی ١٩٧٧ دا رێژەی گەشەکردنی عێراق ٣.٢٪ بووە، و ساڵی ١٩٨٧ دا رێژەی زیادبوونی دانیشتوان ٣.١٪ بووە، بەپێی دوایین داتای وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی دانیشتوان ٤٠ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە”.

لەبارەی جیاوازی رێژەی زیادبوونی دانیشتوان لەناوچەکانی عێراق، د. مەهدی عەلاق رایگەیاند ” جیاوازی  هەیە لە پارێزگایەک بۆ پارێزگایەکی دیکە و کەمترین رێژەی گەشەکردنیش لە پارێزگای سلێمانی و هەولێر و بەغدایە، لە بەغدا زیاتر بەهۆی کۆچکردنی خەڵکەوە و نەبوونی دەرفەتی کارە”.

لەبارەی هاوسەنگی  گەشەکردنی ژمارەی دانیشتوانی عێراق و گەشەکردنی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، د.عیسام تەها، راوێژکاری UNFPA بۆ کاروباری دانیشتوان و گەشەپێدان گوتی ” بەڵێ ناهاوسەنگی لە نێوان گەشەکردنی دانیشتوان و ئابووری بۆ هەموو وڵاتانی ئەم ناوچەیە  هەیە و لە نێویاندا عێراق، ئاڵینگارییەکی گەورە لەبەردەم عێراقە لەبارەی گەشەکردنی دانیشتوان لەبەرامبەر گەشەکردنی ئابوورییدا”.

مەهدی عەلاق، لەبارەی هەمان پرسیارەوە، ئاماژەی بە پلانی ٥ ساڵە و ١٠ ساڵەی پەرەپێدانی نیشتیمانی عێراق کرد، کە داڕێژەرانی ئەو پلانانە بەردەوام هاوسەنگی گەشەکردنی دانیشتوان و پەرەپێدانی ئابووریی لەبەرچاوگرتووە، بەڵام نەتوانراوە لە ئاستێکی باڵادا بەروونی جێبەجێبکرێت، هەربۆیەش نەتوانراوە هاوسەنگی رابگیێرێت.

لەبارەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و لێکەوتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە. د. مەهدی عەلاق ئاماژەی بەوەکرد “لەڕاستیدا هیچ داتایەک بەردەست نییە، بەڵام ئێستا رێژەی بێکاری نزیکەی ٣٠٪ و رێژەی هەژاری بەرزە و نزیکەی ٢٠٪ بووە لە ٢٠١٨دا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆناوە، بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەی هاوبەشی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بانکی جیهانی، کە خۆم یەکێک بووم لەو کەسانەی بەشداریم تێداکردووە، رێژەی هەژاری بەرزبووەتەوە بۆ ٣٠٪ “.

لە کۆتاییدا د. ریتا کۆڵمبیا ئاماژەی بە تووندوتیژی بەرامبەر ئافرەت و هاوسەرگیری کچانی منداڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی ” لەڕاستیدا ئامارەکان زیاترە لەوەی لە راپۆرتەکاندا دەخرێتەڕوو، چونکە زۆربەی کەیسەکان تۆمارناکرێن لە لایەن پۆلیس و ئافرەتان خۆیشیانەوە، کە لە عێراق روودەدات”. د. مەهدی عەلاق لەبارەی تووندوتیژی دژی ژنانەوە گوتی ” لە ماوەی بڵاوبوونەوەی کۆڕۆنادا لە عێراق، تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە عێراق زیادیکردووە”.

لەبارەی جیاوازی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی پێکهاتەیەک لە پێکهاتەیکی دیکە لە عێراق، بۆ نموونە لە پارێزگایەکی وەک کەرکوک، د،مەهدی عەلاق گوتی ” ئەوە پەیوەندی بە ئەنجامدانی سەرژمێرییەوە هەیە و بنەماکانی دەستنیشانکاری سەرژمێریی لەئاستی باڵا و لایەنی تەکنیکییەوە هەیە بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانەوە”. هەروەها گوتی ” بەستنەوەی سەرژمێری بە فاکتەری دیکەوە پەیوەندی بە سیاسەتی سەرژمێریی وڵاتەکەوە هەیە، لەڕاستیدا ساڵی ٢٠١٣ حکومەتی عێراق سیاسەتی سەرژمێری دانیشتوانی پەسەندکردووە، کە UNFPA پشتگیریی تەواوی کردووە لەو کاتەدا، بەڵام ئێستا پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە و هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت سیاسەتی دانیشتوانی تایبەت بەخۆی هەبێت ، هەربۆیەش ئێستا UNFPA کاردەکات بۆ ئەنجامدانی دوو سیمینار لەبارەی سیاسەتی دانیشتوانەوە بەم زووانە لە بەغدا و هەرێمی کوردستان لە لایەن د.عیسامەوە بەڕێوەدەچێت”.

لە کۆتایی ویبینارەکەدا، د. رێتا کۆڵمبیا، سوپاسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوی کرد و پێشنیازی ئەنجامدانی زنجیرەیەک سیمینار و وێبیناری هاوشێوەی کرد لەبارەی گەشەکردنی دانیشتوانەوە لە عێراق.

November - 2022
Monday
21
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی