ئەگەرەکانی گەڕانەوەی داعش لە مێزگردێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداودا

 

RRC |

ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو|

رۆژی پێنجشەممە، 18ی شوبات 2021، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە بەشداریی لیوا یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و کۆلۆنێڵ وەین مەراتۆ، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە  و چەند شارەزایەکی بواری ئەمنی تاوتوویی ئەگەرەکانی  گەڕانەوەی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

لەبارەی ئەگەرەکانی گەڕانەوەی داعشەوە، لیوا یەحیا رەسول گوتی “بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق هەیە و داعش مەترسییە و مەترسییەکانی داعش لەسەر هەموو عێراق ماوە”. هەروەها لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان هێزەکانەوە بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش و بەهێزبوونی داعش گوتەبێژی هاوپەیمانان گوتی “پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوکاری هاوپەیمانان دەتوانن بەردەوام ئۆپراسیۆن لە دژی داعش ئەنجامبدەن، ئێمە پاڵپشتی هاوئاهەنگی زیاتری نێوان هێزەکان دەکەین بەتایبەت لە ناوچە جێناکۆکەکان”.

دوای نزیکەی سێ ساڵ لە ئاسایشێکی رێژەیی لە دەست هێرشەکانی داعش، لە سەرەتای ئەمساڵەوە جارێکی دیکە جموجۆڵەکانی داعش زیادیانکردووە، وەک تەقینەوە، پەلاماردانی هێزە ئەمنییەکان و ئەنجامدانی کردەوەی جیاوازی دیکە، مژاری دووبارە زیندبوونەوەی داعش یاخود سەرهەڵدانەوەی زیندوو دەبەێتەوە بایەخی ئەم بابەتە لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا گەنگەشە دەکرێت.

عەمید هەڵگورد حیکمەت، لە وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی دروستکردنی سەنتەری هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە لەناوچە جێناکۆکەکان گوتی ” هەنگاوی زۆربچووک نەبێت، هیچ شتێکی ئەوتوو نەنراوە بۆ دروستکردنی سەنتەری هاوبەش،گفتوگۆکانی نێوان سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ ئەنجامێکی ئەوتووی نەبووە، چونکە حکومەتی عێراق نییەتی رێککەوتنی نییە”.

وەین مەراتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانان  لەبارەی هاوئاهەنگی هاوپەیمانان و سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە گوتی ” پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ناوچە جێناکۆکەکان هاوئاهنەگی زیاتر بکرێت، پێشمەرگە و سوپای عێراق بەهاوکاری هاوپەیمانان دەتوانن بەردەوام ئۆپراسیۆن لە دژی داعش ئەنجامبدەن، ئێستا داعش هیچ شوێنێکی بەدەستەوە نەماوە ”

یەحیا رەسول،  گوتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی عێراق گوتی “ئەمە دەڵیم بۆ میژوو، داعش وەک ئافاتێکە   و هەر دەرفەتێکی هەبێت هێرشدەکات، هەروەها ئێستا هێزە عێراقییەکان پێویستیان بە سەرباز یاخود چەکداری هاوپەیمانان نییە بۆ شەڕی داعش، بەڵکۆ پێویستی بە راهێنان و  پڕچەککردن و مەشقی سەربازی هەیە”. لە درێژەی قسەکانیدا یەحیا رەسوڵ  ئاماژەی بە چالاکییە سەربازییەکانی  ئەم دواییەی هێزە عێراقییەکان کرد و گوتی  ” پێویستمان بە هێزی هاوپەیمانان لە زەمین نییە و کوشتنی بەرپرسە باڵاکانی داعش لە ماوەی رابردوو دەریدەخات سوپای عێراق توانای رووبەڕبوونەوەی هەیە، بەڵام جەنگی عێراق لەگەڵ تیرۆریستان زیاتر هەواڵگرییە و سوپای عێراق پێویستی بە پڕچەککردن و راهێنان هەیە”.

لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمکردنەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر شەڕی داعش و رووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق، وەین مەراتۆ گوتی ” هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش بەتایبەتیش هاوکاری لۆجیستیکی سەربازی بۆ چاودێریکردنی سنوورەکان و کۆنترۆڵکردنی جموجۆڵی سەربازی داعش، یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی هاوپەیمانان پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان لە ناوچەکان و دروستکردنی هاوئاهەنگی باشترە لە نێوان هێزە جیاوازەکاندا بۆ رووبەڕبوونەوەی داعش و بەدەستهێنانی سەقامیگری و گەڕانەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکە و ئاساییبوونەوەی ژیان لەو ناوچانە”.

ناسر هەرکی، ئەندامی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی “مەترسی داعش ماوە و ئەگەر بەو بیرکردنەوەی ئێستا هەمانە لە عێراق، بەهەمان شێوە کاربکەین، ئەوا داعش دەگەرێتەوە و ئەگەر داعش نەگەڕێتەوە ئەوا رێکخراوێکی تووندتر لە داعش دەگەرێتەوە”.

لەبارەی هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ رێککەوتن و رووبەڕبوونەوەی داعش لەناوچە جیاوازەکان عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە  گوتی ” میژوویەکی دوورودرێژمان لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و بەتایبەت   وەزارەتی بەرگرییە هەبووە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی باشی نەبووە، لە 2007وە بەردەوام رێککەوتن کراوە و جێبەجێنەکراوە”، هەروەها ئاماژەی بە خاڵیکی دیکە کرد ئەویش کەمبوونەوەی ژمارەی سەرباز و پلەدارەکانی کورد لەڕێزی سوپای عێراقدا و گوتی “پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر وادادەنرا ژمارەی کورد لەرێزی سوپای عێراقدا لە نێوان7% بۆ 8% یاخود گەیشتووەتە 12%، بەڵام دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر و تاوەکو ئێستا ژمارەی کورد لەرێزی سوپای عێراقدا کەمبووەتەوە بۆ خوار 1% و دەتوانم بڵیم بە پۆینت و هیچ نەماوەتەوە”. لەبارەی ئەنجامی دانوساندنەکان بۆ دروستکردنی مەرکەزی هاوئاهەنگی هاوبەش گوتی ” نزیکەی دوو ساڵ گفتوگۆ دەکرێت بۆ درووستکردنی ئەو لێژنە هاوبەشانە لە رۆژئاوای دیجلە و مەخموور و کەرکوک و دیالە، تاوەکو ئێستا هەر قسەیە و هیچ نەکراو، بەڵکۆ بچووکراوەتەوە بۆ لیژنەی هاوبەش، وەزارەتی پێشمەرگەش رەتیکردووەتەوە”.

لەبارەی گەڕانەوەی داعشەوە عەمید عوسمان محەممەد گوتی ” ئێستا داعش لەرووی فیکرییەوە   زۆر بەهێزە و میدیاییەکی کاریگەریی هەیە، بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکاندا، هەروەها ژێنگەیەکی لەبار هەیە بۆ جۆڵەی داعش و ئەو ناوچانەی داعش تێدا گەشەیکرد، ئەو ناوچانەن رێژەی خوێندەواری زۆر کەمە و رێژەی بێکاری زۆر بەرز و چاوەڕواننەکراوە”.

لە مێزگردەکەدا ئامادەبووان هاوڕابوون کە داعش بتوانێت خاکێکی فراوان وەک جاران داگیربکات و ئیدارەبدات، بەڵام هاوڕابوون لەسەر مەترسی داعش و ئەوەی کە داعش دەتوانێت لە چەند ناوچەیەکی جۆگرافی دیارێکراو مەترسی دروستبکات، لەبارەی چۆنیەتی رووبەڕبوونەوەی داعشەوە لە ئێستا و ئایندەدادا ئامادەبووان هاوڕابوون “پێویستە رووبەڕبوونەوەی داعش لەڕووی ئایدۆلۆژیا و فکرەوە بێت، نەوەی دووەمی داعش لە کامپەکان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو هێزانەوە دروستدەبێتەوە، کە بۆخۆیان ئەو هێزانە شەڕی داعش دەکەن، خاڵیکی دیکە هەبوونی فەساد و گەندەڵی لەرێزی هێزی عێراقدا، کە کاریگەریی لەسەر سوپاو هێزەکان دەبێت بۆ رووبەڕبوونەوەی تیرۆ ر و داعش، لەکۆتایشدا سەرەڕای جیاوازی بۆچوونیان لەبارەی هاوئاهەنگی نێوان هێزەکان، هەموویان جەختیان لە زیاتر کردنی هاوئاهەنگی نێوان هێزەکان بۆ رووبەڕبوونەوەی داعش کردەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *