هەڵسەنگاندنی کاری هاوپەیمانان و شەڕی داعش و هەڕەشەی میلیشیاکان لە راپۆرتێكی پنتاگۆندا

21-02-2021


 

RRC |

عەلی کوردستانی – ‌ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو|

چاودێریی گشتی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە 24مین راپۆرتی خۆیدا بۆ کۆنگریسی وڵاتەكەی (وەرزی کۆتایی ٢٠٢٠) لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش لە عێراق و سووریا لە ماوەی نێوان (1ی تشرینی یەکەم بۆ 31ی کانوونی یەکەم 2020) هەڵسەنگاندنی بۆ دوا پێشهاتەکانی کاری هاوپەیمانان و شەڕی داعش و هەڕەشەی میلیشیاکان کردووە. راپۆرتەکە ئاماژەی بە مەترسی گرووپە میلیشیاکان و هەوڵەکانیان بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە کردووە، هەروەها کاریگەری میلیشیاکانیش لەسەر کاری هاوپەیمانان و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم ناوچەدا خستووەتەڕوو.

بەپێی راپۆرتەکە، لەماوەی نێوان (1ی تشرینی یەکەم بۆ 31ی کانوونی یەکەم 2020)، هاوپەیمانان و هاوبەشەکانیان لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رووبەڕووبوونەوەی داعش بەردەوامبوون.  داعشیش توانیوویەتی لە عێراق و سووریا لەئاستێکی نزمدا هێرش ئەنجامبدات. بەپێی راپۆرتەکە لەو ماوەیەدا “داعش نەیتوانیوە هیچ کردەوەیەکی ئاڵۆز و داگیرکردنی ناوچەیەکی فراوان و پەلاماری دەرەکی ئەنجامبدات، لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکانیان لە کۆتایی ئەو ماوەیەدا کەمبووەتەوە، بەڵام بەردەوام هەوڵی قوستنەوەی ناکۆکییە ئیتنی، سیاسی و دینییەکانی داوە”. خاڵێکی دیکە ئەوەیە كە داعش سوودی لە بۆشایی ئەمنی هەردوو وڵات وەرگرتووە بۆ کارەکانی. لەم وەرزەدا یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەکان بۆ سەر کاری هاوپەیمانان گرووپی میلیشیاکانی عێراق و سووریا بوون. زیادبوونی تووندتیژییەکان لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەهۆی کۆتایهاتنی ئاگربەستی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران لە ئارادابووە. مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەنگاوی بۆ پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان گرتووەتەبەر و بەردەوامیش بووە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات بەسەر میلیشیاکاندا، لەهەمان کاتیشدا مستەفا کازمی هەوڵیداوە خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ میلیشیاکاندا بەدووربگرێت. لەلایەکی دیکەوە هێزە نزیکەکانی ئێران و رژێمی سووریا هەڕەشەیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریا دروستکردووە، ئەم گرووپانە پەلاماری هێزەکانی سووریای دیموکراتیان داوە و ناکۆکی ناوخۆییان قوستووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی لەو ناوچانەی پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون. لە ساڵی 2020دا بە هاوبەشی هاوپەیمانیی هێزە ناوخۆییەکان و بە پاڵپشتی هاوپەیمانان،توانراوە رێگری لە زیندبوونەوەی داعش بكرێت، بەڵام نەتوانراوە بەتەواوی رێگە لە پەلاماردان و هێرشەکانی داعش بگیرێت.

پێشهاتەکان لە عیراق

بەپێی راپۆرتەکە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا وایدەبێنێت هێرشی 20ی کانوونی دووەم بۆ سەر زۆنی سەوز و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و چەند باڵەخانەیەکی ناو کۆمپاوەندی بالیۆزخانەی ئەمریکا گەورەترین هێرش بووە كە لە ساڵی 2010وە لە لایەن میلیشیاکانەوە کراوەتە سەر ئەم ناوچەیە. بەپێی راپۆرتی تیمی هاوبەشی هاوپەیمانان، لەم وەرزەدا ستراتیژ و توانا و هاوسۆزیی داعش وەک خۆی ماوەتەوە و نەگوڕاوە. بەشێوەیەکی سەرەکی داعش وەک خانەی بچووک بەسەر ناوچە گوندنشینەکاندا بڵاوبووەتەوە و بۆمبی چێندراو و چەکی بچووکی لە پەلامار و هێرشەکانیان بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەکارهێناوە. هەروەها راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر دابەشبوونی گەورە و ناکۆکی لەسەر دەسەڵات لەنێو رێکخراوی داعش لە عێراق و سووریا. راپۆرتەکە ژمارەی چەكدارەکانی داعشی هەڵسەنگاندووە و وای داناوە کە ژمارەی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا لەنێوان 8 هەزار بۆ 16 هەزار چەکدار بن. ئەمەش لەکاتێکدا لەراپۆرتی مانگی کانوونی دووەمی  هەمان ساڵدا هەڵسەنگاندنیان بۆ ژمارەی داعش لە نێوان 14 هەزار بۆ 20 هەزار چەکداردا بووە.

دیپلۆماتێکی پێشووی ئەمریکا هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی داعشی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە باکووری سووریا و تووندوتۆڵکردنی سنوورەکان لەگەڵ سووریا گەڕاندۆتەوە. لە راپۆرتەکەدا فەرماندەیی ئەمریکا-ئەوروپا پێیوایە هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆردا بووەتە هۆی باشکردنی ئاسایشی سنوورەکانی لەگەڵ عیراق و سووریا و توانای داعشی کەمکردووەتە لەوەی بتوانێت لە نێوخاکی تورکیاوە پەلامار بدات. پێنتاگون ژمارەی هێزەکانی لە عێراق لەماوەی نێوان (مانگی تشرینی دووەمی 2020 تاوەکو ناوەڕاستی کانوونی دووەمی 2021) لە 3 هەزار سەربازەوە بۆ 2 هەزار و 500 سەرباز کەمکردەوە، ئەویش لەکاتێکدا هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوامبوون لە هیشتنەوەی توانا پێویستییەکان بۆ پاڵپشتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەڕێگەی هەواڵگری و ئاسمانییەوە،هەروەها لەم وەرزەدا نزیکەی 900 سەربازیش لە سووریا بڵاوەیان پێکراوە. بەپێی هەواڵگری بەرگری ئەمریکا، داعش بۆشایی ئەمنی نێوان ‌هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لەناوچە ناکۆکی لەسەرەکان قوستووەتەوە. حکومەتی عێراق دەستپێشخەری كردووە بۆ درووستکردنی هێزی هاوبەش لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ  دابینکردنی ئەمنییەتی ئەو ناوچانە، بەڵام بەرەوپیشچوونی زۆر کەمی بەخۆوە بینیوە و جێبەجێکردنەكەی لەو ناوچانە لاوازە . هێزە عێراقییەکان زۆربەی ئۆپراسیۆنەکانیان بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە دژی داعش ئەنجامدەدەن، بەڵام ئێستاش پشت بە هەندێک پاڵپشتی هاوپەیمانان دەبەستن.

پێشهاتەکان لە سووریا

لەم وەرزەدا هێرش و پەلامارەکانی داعش کەمیانکردووە، چالاکییەکانیان (هێرشەکانیان) زیاتر چەند ناوچەیەکی دیاریکراو و پارێزگایەکی کردووەتە ئامانج، ئەویش بە ئامانجی هەڵگیرساندنی ناکۆکی مەزهەبی لەو ناوچانەدا. بەپێی هاوپەیمانان داعش هێرشەکانی زیاتر بۆ سەر ئەم سێ ناوچەیە بووە، پارێزگای دێرەزوور، سەنتەری بیابانی سووریا لە حومس و حەما بووە، کە هێزەکانی رژێمی سووریای لێیە. هەروەها لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی سووریای دیموکرات، داعش بەردەوامە لە کوشتنی سەرکردە سەربازی و مەدەنییە ناوخۆییەکان بە ئامانجی دروستکردنی ناکۆکی و نەهێشتنی هاریکاری  لە نێوان دانیشتوانی عەرەب و دەسەڵاتدارانی کورد لەو ناوچانەدا. بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامبوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش و بە کردار ژێرخانی ناوچەکەیان لەم وەرزەدا پاراستووە. هەروەها بە پێی راپۆرتی هاوپەیمانان هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام بوون لە پێدانی راوێژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات لەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربەخۆ دژی داعش ئەنجامبدات. هێزەکانی سوریای دیموکرات پشتی بە هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان لەڕووی هەواڵگری و چاودێری بەستووە ، هەروەها هێزەکانی هاوپەیمانان لەزۆربەی ئۆپەراسیۆنەکاندا هاوبەشیی کردووە. لە لایەکی دیکەشەوە هێزەکانی هاوپەیمانان گەڕانی هاوبەشیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بۆ پاراستنی ژێرخانی نەوتی کردووە.

لایەنی سێیەمیش بەردەوامبوون لە کارکردن لە شوێنی نزیکی هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی لەو ناوچانە، کە ئەمەش بووە هۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی قەرەباڵخ وچڕ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. بەپێی هەواڵگری بەرگری ئەمریکا، ئێران و هاوبەشەکانی (وەکیلەکان) بەردەوامبوون لە پاڵپشتیکردنی رژێمی سووریا و هەڕەشەکردن لە هێزەکانی ئەمریکا. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تێبینی ئەوەی کردووە، کە هێزەکانی هاوپەیمانی ئێران بەردەوامبوون لەسەر ئۆپەراسیۆن لە دژی پاشماوەکانی داعش لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێمدا. رووسیاش ئۆپەراسیۆنی لە دژی داعش لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رژێم ئەنجامداوە و بەردەوامی بە پێگەیەکی هێزەکانی لە نزێک هاوپەیمانان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا داوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە بۆ رێگریکردن لە روودانی پێکدادان لە ئۆپراسیۆنەکاندا، پێنتاگۆن لەگەڵ هێزەکانی رووسیا ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری برادلی لەناوچەکدا وەک هێزی پارێزەر بڵاوکردووەتەوە. لەم وەرزەشدا هێزەکانی رووسیا کەمتر پێشێلکارییان بەرامبەر بە پرۆتۆکۆڵەکانی رێگرتن لە درووستبوونی پێکدادان هەبووە. لەنزێک عەین عیسا پێکدادانی نێوان هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات وایکرد فۆکووسی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەسەر رووبەڕبوونەوەی داعش نەمێنێت. لە مانگی کانوونی دووەمی 2020دا رووسیا بە فەرمی رایگەیاند ” پێگەی نوێی لە دەورووبەری عەین عیسا دادەنێت بۆ ئەوەی هاریکاربێت لەوەی تووندتێژی زیاتر لەنێوان لایەنەکاندا روونەدات”. لە راپۆرتەکەشدا ئاماژە بەوەکراوە، ئێستا هەسەدە بە بەراورد بە رابردوو، لەرووی سەربازییەوە زیاتر هەست بە سەرکەوتن و سەربەخۆیی دەکات.

Share this Post