شرۆڤە

داهاتووی عێراق لەنێوان ناوەندیبوون و ناناوەندیبوون و فیدراڵبووندا

14-03-2021


 

RRC – د.عوسمان عەلی – 

 

لەکاتی هەوڵدان بۆ وێناکردنی سیستمی داهاتووی سیاسیی وڵاتەکە بەپێی دەستوور، کۆمەڵە کێشەیەک هەن کە بڕیاردەرانی عێراق رووبەڕوویان دەبنەوە. دەستەبژێری سیاسی بەگشتی ئارەزووی پیادەکردنی بیرۆکەی دەوڵەتی سادەی ناوەندیی تووند دەکەن. ئەمەش بنەمای مێژوویی و بۆماوەیی کولتووریی هەیە. لەپاڵ پیادەکردنی هەڵەی فیدراڵی لە ساڵی 2003ەوە، بەتایبەتیش پیادەکردنی ئەو بەشبەشێنەیەی بە بیانووی دەستوور لەئارادایە. سەرباری ئەمانە، هەندێ وڵاتی ناوچەیی هەن بەهێزکردنی دیموکراسی و فیدراڵی لە عێراقدا بە زیان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان ئەژمار دەکەن و، هەوڵی پشتیوانیکردنی هێزە عێراقییە دژ بە فیدراڵییەکان دەدەن، بە بیانووی دژایەتیی پیلانەکانی دابەشکردنی وڵاتەکە. ئەوەش كە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، ئەوەیە کە پشتیوانانی فیدراڵی وڵاتانی رۆژئاوان، بەتایبەت ئەمریکا. لەبەرئەوە دژبەرەکان چەمکەکەیان بە داگیرکاری و پیلانی داگیرکەران بۆ دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکەوە گرێداوە.
بەڵام لە ئەنجامی ئەو وێرانییەی لە ماوەی شەڕی داعش و پەراوێزخستنی خەڵکی ئەو ناوچانە لە پێش شەڕی داعش و پاش ئەو شەڕە، ناوچەکانی سوننەنشینی گرتەوە، بووە مایەی دروستبوونی بۆچوونێک کە پێیوایە جگە لە فیدراڵی هیچ شتێکی دیکە نییە بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە پەنای بۆ ببرێت. تەنانەت ئەم بۆچوونە ناوچەکانی زۆرینە شیعەی وەک بەسرەشی گرتووەتەوە. چونکە هەستێکی روو لە گەشەکردن و بەهێز هەیە پێیوایە حکومەتی ناوەند لە بەغدا ناتوانێ بەدەنگ بەرژەوەندییەکانیانەوە بچێت و چارەسەری کێشەی بێبەشکردنیان بکات، بۆیە پێیانوایە فیدراڵی چارەسەری تەنگژەکەیانە. لەلای خۆیانەوە، دەستەبژێری سیاسی و تەنانەت خەڵکی ئاساییش لە هەرێمی کوردستان، پێیانوایە لە پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا جگە لە فیدراڵی هیچ بژارەیەکی دیكەیان نییە و، ئەو تەنگژانەی دووچاری پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوەنددا دەبنەوە بەهۆی نەبوونی نیازی راستەقینەی جێبەجێکردنی دیموکراسی و دەقەکانی دەستوور و هەبوونی گیانی تایفەگەرییەوەن، نەک بەهۆی فیدراڵییەوە، کە گونجاوترین چارەسەرە بۆ مسۆگەرکردنی پاراستنی فرەڕەنگی و مافی نەتەوەكان و کەمینە ئایینییەکان. هەروەها دەستەبژێری سیاسی لە هەرێمی کوردستان پێیوایە جێگرەوەی فیدراڵی یەکێتیی کۆنفیدراڵییە لەگەڵ حکومەتی بەغدا و، ئەگەر دۆخی ناوچەیی و نێودەوڵەتی گونجاوبێت، سەربەخۆیی جێگرەوە پەسەندەکەیە.
رووداوە سیاسییە خێراکانی ئێستای عێراق و دەرهاوێشتەکانیان، وەک سەرهەڵدانەکەی تشرینی یەکەمی 2019، رەنگە ببنە مایەی شۆڕشێکی گەورە و گۆڕانی سەرانسەری لە هاوکێشەی سیاسی لە وڵاتدا و، دەستوور و سیستمی سیاسی پەیڕەوکراو بگۆڕن. ئەو حکومەتە راگوزەرەی مەرجەعیەتی ئایینی باڵا و سەرهەڵداوان داوای دەکەن، لەوانەیە ناچارببێ دەستوور پەکبخات و پەرلەمان هەڵبووەشێنێتەوە. هەروەها دەستەبژێری نوێی سیاسی داوای داڕشتنەوەی دەستوورەکەی ساڵی 2005 بکەن. بەشێوەیەک کە دەسەڵات بداتە ناوەند لەسەر حیسابی هەرێمەکان و، جەختکردن لەسەر چەمکی هاووڵاتیبوون جێگەی جەختکردن لەسەر پێکهاتەکان بگرێتەوە. لەوانەیە پێچەوانەی ئەمەش رووبدات و لایەنە سوننە کاریگەرەکان رووداوەکانی داهاتوو بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچە سوننەنشینەکاندا بەکاربێنن و عێراق ببێتە فیدراڵییەکی دێفاکتۆ، وەک ئەوەی لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادا هەیە.
لەم توێژینەوەیەدا کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی فیدراڵی لە عێراق و رێکارەکانی چارەسەرکردنیان، ئەگەر هەبن، دەخەینە بەر باس. هەروەها لە ئەگەری هەبوونی توانای پیادەکردنی جۆرە سیستمێکی سیاسی دەکۆڵینەوە کە تێکەڵەیەکی فیدراڵی و ناناوەندێتی بێت. توێژەر پێیوایە فیدراڵی باشترین چارەسەرە بۆ ئەو تەنگژە ناسنامەییەی لەگەڵ دروستکردنی عێراقدا دروستبووە و بەردەوامە. لەبەرئەوەی چاوەڕواندەکرێت فیدراڵی لە عێراقدا ببێتە هۆکاری نەمانی دیکتاتۆریی تاک و حیزب و دەمارگیری نەتەوەیی و ئایینی و، سنووردارکردنی دروستبوونی کەشی گونجاو بۆ زاڵبوونی تاکێک یان حیزبێک یان پێکهاتەیەک بەسەر کارگێڕیی ناوەند و قۆرخکردنی بۆ خۆی و، دەبێتە مایەی دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی پێکهاتەکانی گەلی عێراق و، پاراستنی پێناسی کولتووریی خۆجێیی و نیشتمانی و، لە بنیاتی ئاوەدانی و شارستانی و کولتووریی گشت رۆڵەکانی گەلی عێراق بەگشت نەتەوە و ئایینزا و بۆچوون و ئاراستەکانییەوە بەشداری دەبێت، تاوەکو هەمووان بگەنە مافەكانیان لە ژیان و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و، گەشە بە سەرچاوە سرووشتییەکان بدرێت بەشێوەیەک کە بە دەنگ خواستی ژیانێکی سەربەرزانەوە بچێت.

چەمکەکانی دەوڵەتی سادە و دەوڵەتی فیدراڵ و کۆنفیدراڵ:
دەوڵەتی سادە دەوڵەتێکە خاوەنی سەروەرییەکی تاکە و هەموو دەسەڵاتی هەرێمەکان و ناوەند بەیەکەوە کۆکراونەتەوە، بەڵام دەسەڵات بەسەر بەشە کارگێڕییەکاندا دابەشبووە. لەکاتێکدا لە دەوڵەتی فیدراڵدا چەند دەوڵەتێکی سادە لەسەر بنەمای لەیەكتر تێگەیشتن و قایلبوونی ئارەزوومەندانە یەکیانگرتووە یان یەکخراون و، قەوارەیەکی یەکگرتوویان پێکهێناوە و بەشەکانی دەسەڵاتیان لەنێو خۆیاندا دابەشکردووە. واتە دابەشکردنی دەسەڵات هەیە. بەڵام لە دەوڵەتی سادەدا سەروەری یەکپارچەیە و دەوڵەت وەک یەکەیەکی یەکگرتوو خۆی دەنوێنێ و دەسەڵات یەکپارچەیە و، گەل تێیدا یەکێتییەکی مرۆیی گونجاوە و خاک یەک خاکە. فراوانیی پانتایی خاکی دەوڵەتی سادە یان بەیەکگەیشتن و دابڕانی خاکەکەی کاری تێناکات. هەروەها ئەم جۆرە دەوڵەتە بە شێوازی حوکمڕانی، پاشایەتی یان کۆماری، کاریگەر نابێ و دەشێ دەوڵەتی سادە پاشایەتی بێت وەک ئوردن و، دەشێ کۆماری بێت وەک میسر و لوبنان. نموونەی دیكەی دەوڵەتی سادە لە وڵاتانی جیهاندا زۆرن، وەک: فەرەنسا، میسر، ئوردن، لوبنان و زۆربەی وڵاتانی عەرەب. گرنگترین نیشانەکانی دەوڵەتی سادە یان یەکگرتوو ئەمانەن:
یەکێتی دەسەڵاتەکانی دەوڵەت: یەکێتی دەسەڵاتی سیاسی خۆی لە یەکێتی هەرسێ دەسەڵاتی دەوڵەتدا (دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی راپەڕاندن و دەسەڵاتی دادوەری) دەنوێنێت کە بەپێی دەستوور کاری خۆیان ئەنجامدەدەن. دەسەڵاتی یاسادانان یەکێکە و، ئەو یاسایانە دادەڕێژێت کە گشت تاکەکان لە دەوڵەتدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان ملکەچیان دەبن.
یەکێتی دەستوور و یاساکان: دەوڵەتی سادە یان یەکگرتوو یەک دەستووری هەیە کە بەسەر گشت پارچەکانی وڵاتدا جێبەجێدەکرێت.
یەکێتیی خاک و یەکێتیی ناسنامە: خاکی دەوڵەتی سادە یان یەکگرتوو، بە هەموو بەشەکانییەوە: زەوی و ئاو و ئاسمان، لە ژێر سەروەری دەوڵەتدایە. هەروەها ناسنامەی هاووڵاتیانی دەوڵەتی سادە یان یەکگرتوو یەکە و گشت هاووڵاتیانی سەر خاکی ئەو دەوڵەتە هەڵگرین و ئەو ناسنامەیە بەپێی چەند پێوەرێک بەدەستدێت.
هەڵبژاردنی سیستمی ناوەندی یان ناناوەندی بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان کار ناکاتە سەر یەکێتیی دەسەڵاتی حکومەت، چونکە ناوەندێتی و ناناوەندێتی پەیوەستن بە شێوازی دابەشکردنی ئەرکە کارگێڕییەکانی دەوڵەت و پەیوەندییان بە سیستمی سیاسیی حوکمڕانی دەوڵەت یان بە ئەنجامدانی ئەرکی سیاسییەوە نییە و، لەکۆتاییدا کار ناکەنە سەر یەکێتیی سیاسیی دەوڵەت، کە مۆرکی بنەڕەتیی دەوڵەتی سادە یان یەکگرتووە.
چەند نموونەیەکی دەستنیشانکردنی دەسەڵاتە یاساییەکان لە دەوڵەتی فیدراڵ:
دوو رێگەی تەواو جیاواز بۆ دابەشکردنی دەسەڵات لە سیستمەکاندا هەن، بریتین لە شێوازی دوولایەنە و شێوازی بەیەکەوەیی و، لە زۆربەی وڵاتاندا توخمی هەردوو شێوازەکە هەیە. لە شێوازی دوولایەنەدا ژماەیەکی زۆر دەسەڵاتی هاوبەش لەنێوان هەردوو دەسەڵاتی فیدراڵ و دەسەڵاتی هەرێمەکاندا هەن (1).
یاساناسان باسی ئەوە دەکەن کە دەوڵەتانی فیدراڵ یان لە یەکگرتنی چەند قەوارەیەكی سەربەخۆ، یان لە چەند قەوارەیەك پێکدێن، کە لە دەوڵەتێکی گەورەتر بوونەتەوە، ئینجا لە چوارچێوەی نوێی یاسایی و کۆمەڵایەتیدا بەشێوەیەكی ئارەزوومەندانە بڕیاری یەکگرتنەوەیان داوە.
دەوڵەتی فیدراڵ لە یەکگرتنی دوو ویلایەت یان چەند ویلایەتێکی هاوکووف، یان نزیک، خاوەن تایبەتمەندیی کۆمەڵایەتی و جوگرافیایی و مێژوویی و کولتووریی ئایینی یان نەتەوەیی هاوبەش پێکدێت و، هەریەکێکیان دەستبەرداری بەشێک لە دەسەڵاتە نێوخۆییەکانی خۆی و سەروەریی دەرەکیی خۆی دەبێت و، یەکدەگرن و دەوڵەتە فیدراڵەکە لەسەر بنەمای دەستووری فیدراڵ دادەمەزرێنن، وەک ئەوەی لە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەب و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدا بەدیدەکرێت.
جۆرێکی دیكەی دەوڵەتی فیدراڵ بەهۆی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتێکی ناوەندیی گەورەوە دروستدەبێت، لە ئاکامی کێشەی کۆمەڵایەتی یان ئایدیۆلۆژی یان سیاسی یان ئابووری یان بەهۆی جیاوازی زمان و نەریت و کولتووری کۆمەڵگەکانییەوە و، ئەمانە دەبنە هاندەر بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکانی نێو دەوڵەتە گەورەکە داوای سەربەخۆیی تەواوبکەن و داوای ئەو مافی دیاریکردنی چارەنووسە بکەن کە بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەیانسەلمێنن. پاش ئەوە، ئەو ویلایەتە جیابووەوانە کار بۆ دروستکردنی دەوڵەتێک دەکەن لەسەر بنەمای فیدراڵی و بەپێی سیستمێکی کارگێڕی فیدرال، وەک رووسیا، مەکسیک، ئەرجەنتین و بەرازیل.
نووسەران و لێكۆلینڤانان پۆلێنی جۆراوجۆر بۆ سیستمە فیدراڵییەکە دەکەن، بۆ ئەم مەبەستەش شێوازی دروستبوون و دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان حکومەتی فیدرال و ویلایەتەکان یان هەرێمەکان دەکەنە بنەمای پۆلێنکردن.
فیدراڵیی هەرەوەزی (هەندێک ناوی تێکچڕژاوی بۆ بەکاردەهێنن): لەم جۆرەدا، هەرێمەکان لەڕێگەی نوێنەرانیان، کە رۆڵەکانی هەرێمەکانیانە و بۆ نوێنەرایەتیکردنیان لە حکومەتی فیدراڵدا هەڵیاندەبژێرن، بەشدارییەکی فراوانیان لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی یاسادانانی فیدراڵی و حکومەتی فیدراڵدا دەبێت.
فیدراڵیی پێکەوەلکاو (هەندێک ناوی ناوەندیی بۆ بەکاردەهێنن): لەم جۆرەدا، بڕیار بەشێوەکی ناوەندی دەدرێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ هەرێمەکان، لەبەرئەوەی هەر هەرێمێک نوێنەری خۆی لە دەسەڵاتی یاساداناندا هەیە، کە بە هەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا باشترین نموونەی ئەم جۆرەی فیدراڵیزمە.
فیدراڵیی کێبڕکێکارانە: لەم جۆرەدا، حکومەتی فیدراڵ رۆڵێکی بچووککراوەی لە حکومەتی خۆجێیی هەرێمدا هەیە و، لە بەرامبەردا حکومەتەکانی هەرێمەکان رۆڵی گەورەتریان لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا هەیە. بەلجیکا و ئوسترالیا و بەرازیل نموونەی ئەم جۆرەی فیدراڵین.
فیدراڵیی ماف: لەم جۆرەدا، حکومەتی فیدراڵ بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتی بێسنووری هەیە لە داڕشتنی یاساکان و لەسەر هەموو ئاستەکانی پەیوەست بە بەرژوەندییە فیدراڵەکان (ئەمە لە زۆربەی دەوڵەتە فیدراڵەکاندا هەیە و، ئەڵمانیا و نەمسا لەمەدا پێشەنگن).
فیدراڵیی ناڕێک: لەم جۆرەدا، جیاوازی لەنێوان هەرێمە فیدراڵەکان و تواناکانیاندا (لەڕووی سیاسی و جوگرافی و نەتەوەییەوە) هەیە، لێرەدا حکومەتی فیدراڵ رێککەوتنێکی فیدراڵیی کارگێڕی لەسەر بنەمای کەتواری جیاواز لەڕووی توانا و پێداویستیی هەر هەرێمێک بۆ خۆبەڕێوەبردن لەگەڵ هەرێمەکاندا ئەنجامدەدات (باشترین نموونە ئیسپانیایە) (2) .
فیدراڵیی کارگێڕی: ئەوانەی ئەم پۆلێنەیان داهێناوە دەڵێن ئەم جۆرەی فیدراڵی لە تاکە دەوڵەتی ناوەندیی خاوەن ناونیشان و تایبەتمەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی و کولتووری و مێژوویی یەکانگیردا پێکدێت و، ئەمە نابێتە هۆکار بۆ نەبوونی تایبەتمەندیی نەتەوەیی یان کولتووریی بچووکتری دیکە. لەبەرئەمەش دەوڵەتی ناوەندی وڵات بەسەر چەند هەرێمێکی خاوەن حوکمڕانیی فیدراڵدا دابەشدەکات و، هەر هەرێمێک دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی فراوانی هەیە و، هەموو هەرێمەکان لە داوودەزگاکانی دەوڵەتی ناوەندیدا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی پانتایی یان ژمارەی دانیشتووان، پشکیان هەیە.
ناناوەندێتیی نافیدراڵ:
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تایبەتمەندی و جیاوازییانە، دەتوانین فیدراڵی و ناناوەندێتی لە یەکدی جیابکەینەوە و، جیاوازیی نێوانیشیان دەبێتە مایەی کێشە و جیاوازی لە تێگەیشتنەکاندا، چونکە دەوڵەتی ناناوەندی بریتییە لە تاکە دەوڵەتێکی سادە کە دیموکراسی وایکردووە دەسەڵاتی کارگێڕیی زۆر بداتە پارێزگاکانی (3).
ماڵکۆڵم م. فیلیی شارەزای دەستوور دەڵێت: “ئەو قەوارە سیاسییەی حکومەتێکی ناوەندی، کە هەموو بڕیارە گرنگەکان لای خۆیەتی، حوکمڕانیی دەکات، ناکرێ ناوی قەوارەی فیدراڵی بۆ بەکاربهێنرێت، مەگەر دەستبەرداری واتای باوی وشەکە ببین”.
هەروەها دەڵێت: “هەمان شت بۆ کۆمەڵە قەوارەیەکی سیاسیی جیا لە یەکدی، کە چوونەتە نێو هاوپەیمانییەک بۆ رێگری لە ململانێی نێوانیان، لەکاتێکدا بڕیارەکانی تایبەت بە هەر یەکێکیان بەوانیدیکەوە پەیوەست نییە، دروستە”. ئەگەر گشت بڕیارە بنەڕەتییەکان لەلایەن قەوارەی سیاسی ناوەندەوە دران، ئەوکات هەبوونی یەکەی پێکهێنەر نایکاتە سیستمێکی فیدراڵ، بگرە تەنیا وەک شێوازێکی حوکمڕانی ناناوەندی دەمێنیتەوە (4).
بەگوێرەی ئەم پێناسەيە، ئەو سیستمەی ئێستا لە عێراق بەرکارە بە فیدراڵ ناژمێردرێت، هەرچەندە دەستوورێکی فیدراڵی هەیە، کە بە کردار لە وڵاتەکەدا جێبەجێ ناکرێت. بگرە ئەم سیستمە سیاسییەی ئێستا تاوەكو ئەوپەڕی سیستمێکی ناوەندییە، هاوشێوەی ئەوانەی لە هەندێ وڵاتی سادەدا پەیڕەو دەکرێت و، ناناوەندێتییەکەی کەمترە لەو یاسای ناناوەندێتییەی لە سەردەمی حکومەتەکەی عەبدولڕەحمان بەزاز، لە بەیاننامەی 29ی حوزەیرانی 1966دا راگەیێندرا و، هێڵی سەربازیی سەر بە رەوتی نەتەوەپەرستی عەرەب رەتیکردەوە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە سەبارەت فیدراڵی ئەوەیە کە دوو دەوڵەتی فیدراڵی لێکچوو نین و، هیچ دەوڵەتێکی فیدراڵ نییە کە دەقاودەق هاوشێوەی نموونەی ئایدیاڵی فیدراڵی بێت. دەشێت ویلایەتە فیدراڵەکان وێکچوو یان ناهاوشێوە بن. لە دەوڵەتی فیدراڵیی هاوشێوەدا “پلانی دابەشکردنی دەسەڵات کار دەکاتە سەر گشت ئەو یەکانەی دەوڵەتەکە پێکدەهێنن”، لە بەرامبەردا و لە فیدراڵییە ناڕێکەکاندا “یەکێک یان زیاتر لە ناوچەکان (ویلایەتە فیدراڵەکان) دەسەڵاتی تایبەتی دەبێ، کە کەرتەکانی دیکە لێی بێبەشن”. لە هەموو ویلایەتە فیدراڵەکاندا دابەشکردنی دەسەڵات یان ناناوەندێتی باوە و، حکومەتی ناوەند تێیدا بەشدارە یان دەسەڵاتی بۆ گواستراوەتەوە.
حکومەتی هەرێمەکان: دەشێ دابەشکردنی نموونەیی دەسەڵات لە خوێندن و ئازادیی ئایینەوە دەستپێبکات تاوەكو دەگاتە ئەرکی سنوورداریی حکومی، وەک سەپاندنی باج و بەڕێوەبردنی چاودێریی تەندروستی و ئاسایشی نێوخۆیی(5).
دوو بژارە لە داڕشتنی سنوور لە دەوڵەتێکی فیدراڵیی تازەلەدایکبوودا داهێنراون. مرۆڤ دەتوانێ شێوازێکی نەژادی لەنێو دەوڵەتەکەدا بدۆزێتەوە و یەکەکان لەسەر بنەمای نەژادی بنیات بنێت یان دەتوانێ کۆمەڵە نەژادییە جۆراوجۆرەکان لەنێو یەکەی خوار نیشتمانیدا تێکەڵ بە یەکدی بکات. ئەمەی دوایی بە فیدراڵی هەرێمی دەناسرێت، وەک ئەوەی لە عێراقدا هەیە. هەندێک پێشنیازی دابەشکردنی عێراق بەسەر چوار ناوچەدا دەکەن، سێیان نەژادی بن و چوارەم تێکەڵ بێت و لە بەغدا بێت (6).
ئەو رێکخستنە فیدراڵەی ئێستای سویسرا بەرهەمی شەڕێکی نێوخۆیی بوو و پەیکەری فیدراڵ چارەسەرێکی مامناوەند بوو، لە پاش شەڕێکی تایفەگەری (شەڕی زۆندەربووند Sonderbund) لەنێوان کانتۆنە پرۆتستانتەکان کە کەوتبوونە ژێر کاریگەریی لیبرالیزمی فەرەنسا و دەوڵەتێکی ناوەندیی فیدراڵیان بەلاوە پەسەند بوو، دژ بە کانتۆنە کاتۆلیکە کۆنزێرڤاتیڤەکان. ئەوەبوو دوای چەند خولێکی شەڕی وێرانکەر، شەڕەکە راگیرا و ئاشتی لەسەر بنەمای دەستوورێکی نوێی فیدراڵ بنیاتنرا، کە ناناوەندێتی و فرەییەکی بەرفراوان لەخۆ دەگرێت. ئەو دەستوورە دەسەڵاتەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ کانتۆنەکان گواستەوە و، ئەوانیش لای خۆیانەوە بۆ شارەوانییەکانیان گواستەوە. ئەمە نەریتێکی کۆنە و، ئەنجامەکەی چەندان شارەوانی بوون کە زمانی زاڵ و ئایینی جیاوازیان هەبوو. هەروەها سویسرا دان بە سێ ئاستی وڵاتینامەدا دەنێت: “هەر هاونيشتمانييەکی سویسرا، لە یەک کاتدا، هەڵگری وڵاتینامەی فیدرال و کانتۆن و شارەوانییە و، هەر یەکێک لەو وڵاتینامانە رەنگدانەوەی سێ پێناسەن کە تێیاندا نەژاد و ئایینزا یەکدیبڕن”. دەستووری سویسرا حکومەتێکی فیدراڵی بێوێنەی هێنایە کایەوە. ئەنجوومەنی حکومەتە فیدراڵەکە لە حەوت ئەندام پێکدێت کە دەسەڵاتی یەکسانیان هەیە و لەلایەن پەرلەمانی فیدراڵەوە هەڵدەبژێردرێن و، ئەمیش لە دوو ئەنجوومەن پێکدێت، ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران و، ئەنجوومەنە باڵاکە نوێنەرایەتیی کانتۆنەکان دەکات و ئەنجوومەنە خوارووەکە نوێنەرایەتی تاکە سویسرییەکان دەکات. هەر ئەنجوومەنێکیش لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت. ئەم دەستوورە لە ساڵی 1848وە دوو جار هەموارکراوە و، هەر هەموارکردنێکی دەستوور پێویستە گەلی سویسرا دەنگی بۆ بدات و زۆرینە بەدەستبێنێت(7) .
نموونە سویسرییەکە شایانی گرنگیپێدان و پەیڕەوکردنە لەپێناو راگرتنی خوێنڕشتن لەنێو شیعە و سوننەدا و بۆ رێخۆشکردن بۆ ئەوەی هەر ئایینزایەک لە ناوچەکانی خۆیدا بیروباوەڕی خۆی پیادە بکات.

فیدراڵی و کۆنفیدراڵی

سەروەریی وڵاتانی بەشدار لە یەکێتیی کۆنفیدراڵدا پارێزراو دەبێت، بەپێچەوانەی یەکێتیی فیدراڵ کە تێیدا وڵاتانی ئەندام دەستبەرداری سەروەری خۆیان لە ئاستی دەرەکی بۆ حکومەتە نوێیەکە، کە حکومەتی فیدراڵە، دەبن.
دەستەی باڵا لە یەکێتیی فیدراڵدا، کە پێیدەگوترێ کۆمەڵە یان کۆنگرە یان کۆنگرێس، زیاتر بە کۆنگرەی دیپلۆماتەکان دەچێت و ئەندامانی نوێنەری وڵاتەکانی خۆیانن و مافی قسەکردن و بڕیاردانیان بەناوی وڵاتەکانیانەوە هەیە و، بەهیچ شێوەیەک خواستەکانی لە خواستی دەستەکانی سەر بە یەکێتییەکەوە دروست نابن. بگرە لە خواستی کۆی ئەندامەکان پێکدێن، بەپێچەوانەی یەکێتی فیدراڵ، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی دەوڵەتێکی ناوەندی لەسەرووی دەوڵەتانی ئەندام و دەوڵەتی یەکێتییەکە (حکومەتی فیدراڵ) نەک حکومەتەکانی وڵاتانی ئەندام، دەربڕی خواستی یەکێتییەکەیە.
ئەو پەیماننامانەی یەکێتییە جۆراوجۆرەکانیان پێکهێناوە، کۆکن لەسەر هەبوونی کۆدەنگی بۆ هەموارکردنی پەیمانەکە یان لەکاتی هاتنی ئەندامێکی نوێ بۆ ناو یەکێتییەکە و، ئەمە لە یەکێتیی فیدراڵ جیایدەکاتەوە، کە تێیدا کۆدەنگی لەکاتی هەموارکردنی پەیماننامەی یەکێتییەکەدا (دەستووری فیدراڵ) بەمەرج نەکراوە، بەڵکو ئەوپەڕەکەی ڕەزامەندیی سێ چارەکی وڵاتانی ئەندامی پێویستە.
دەستەکانی یەکێتی کۆنفیدراڵ دەسەڵاتیان بەسەر هەرێمەکان یان تاکەکانی وڵاتانی ئەندامدا نییە، ئەمەش پێچەوانەی یەکێتی فیدراڵە کە تێیدا حکومەتی فیدراڵ دەسەڵاتی راستەوخۆی بەسەر گشت وڵاتە ئەندامەکان و تەنانەت گشت هاووڵاتیانیشیانەوە هەیە و، واباوە لە سایەیدا دادگەیەکی باڵای دەستووری پێکبهێنرێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو کێشانەی رەنگە بکەونە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتەكانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە. هاووڵاتی لە وڵاتانی هاوپەیمان لە یەکێتی کۆنفیدراڵدا، فرەناسنامەیە و، هاووڵاتی هەر وڵاتێکیان لە وڵاتەکانی دیکەی یەکێتییەکەدا بە بیانی دەژمێردرێت، چونکە یەکێتی کۆنفیدرال نابێتە مایەی دروستبوونی حکومەتێکی هاوبەش و یەک گەل، بگرە لە حکومەت و گەلانی وڵاتە هاوپەیمانەکانی نێو یەکێتییە کۆنفیدرالەکە پێکدێت، ئەمەش پێچەوانەی یەکێتی فیدراڵە کە تێیدا هەموو دانیشتووان و هاووڵاتییان تەنیا یەک ناسنامەیان هەیە، ئەویش ناسنامەی یەکێتییە فیدراڵەکەیە(8).

مێژووی فیدراڵی لە عێراقدا

لەگەڵ ئەوەی عێراق لە ساتی دامەزراندنییەوە دەوڵەتێکی سادە (زێدە ناوەندی) بووە، بەڵام بیرۆکە و پڕۆژەکانی بەفیدراڵکردنی پێش رووخاندنی رژێمی بەعس لە 2003دا لەدایکبوون. بەڵگەنامە بەریتانییەكانی تایبەت بە عێراق ئاماژەیان تێدایە بۆ ئەوەی سیاسەتڤانانی بەریتانیا لە وەزارەتی کۆڵۆنییەکان و وەزارەتی هیندستانی بەریتانیایی لە ساڵانی 1919-1920دا باسیان لە بەستنەوەی کوردستان بە عێراقەوە، لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵ دا، کردووە. لەو بەڵگەنامانەدا چەندین جار باس لەوە کراوە کە پەیوەندیی کورد و عەرەب لە عێراقدا هاوشێوەی پەیوەندی نێوان سکۆتلاندی و ئینگلیزەکان بێت، بەڵام کاربەدەستانی ئینگلیز لە کۆتاییدا گەیشتنە تێگەیشتنێک کە پێیوابوو ئەو بیرۆکەیە بۆ عێراق واقیعی نییە(9).
دواتر، پاش ئەوەی عێراق چووە کوەیت و لە 1991دا بەدۆڕاوی لێی دەرچوو و، حیزبە ئایینگەرا شیعەکان یاخیبوونیان راگەیاند، ئەوەی بە سەرهەڵدانە شەعبانییەکە ناسرا و، ئەو هەوڵەی کورد لە باکوور و، دەرەنجام بڕیاری نێودەوڵەتی سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین، کە فەرەنسا و بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی کورد لە باکوور و شیعە لە باشوور سەپاندیان.
ئەوەبوو سەرکردەکانی شیعە بیرۆکەی فیدراڵییان پەسەند کرد، کاتێک محەممەد باقر حەکیم، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق، داوایکرد هەموو باشووری عێراق بخرێتە ژێر چەتری نێودەوڵەتی و بكرێتە ناوچەیەکی ئارام، هاوشێوەی ئەوەی لە باکووری عێراقدا کرا. ئەو باشوورەی باسیکرد، وەک لە نامەیەکی خۆیدا بۆ لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەستنیشانیکردووە، هەموو ناوچە شیعەنشینەکان لە نەجەف و کەربەلا و کوت و سەماوە و دیوانییە و حیللە و عیمارە و ناسرییە و بەسرە دەگرێتەوە. پاساوی حەکیم بۆ ئەو داوایە پەیوەستبوو بە ئاسایشەوە، واتە لەپێناو پاراستنی ئایینزاکەی خۆی بوو، هەر هەمان ئەو پاساوەیش پاڵی بە عەبدولعەزیز حەکیمی برایەوە نا بۆئەوەی داوای فیدراڵی بکات و پاش داگیرکردنی عێراقیش لە داواکەی پاشەکشە نەکات.
بۆیە فیدراڵی لە عێراقدا بەرهەمێکی نوێی پاش داگیرکاری نییە، وەک ئەوەی هەندێک لە دەستەبژێر و توێژەران بۆی دەچن. ئەم بابەتە لەلایەن کورد و حیزبەکانی شیعە لە کۆنگرەکانی ئۆپۆزیسیۆندا تاوتوێکراوە و لە کۆنگرەی بەیروتی پاش راپەڕینی شەعبانی لە 1991دا دەستی پێکرد، ئینجا لەو کۆنگرانەی لە ناوچەی کوردستانی عێراقدا گرێدران باسکرا، بە پاساوی پاراستنی باشوور (شیعەنشین) و باکوور (کوردنشین) لە باڵادەستیی ناوەند! تاوەكو کار گەیشتە چەسپاندنی فیدراڵی وەک کەتوارێکی دەستووری بۆ عێراقی نوێ و راگەیاندنی عێراق وەک دەوڵەتێکی فیدراڵ، بەتایبەتیش لە کۆنگرەی لەندەنی 1999دا، کە تێیدا باسی شێوەی دەوڵەتی عێراق لە قۆناخی دوای رووخانی رژێم کرا و، بەشێوەیەکی قووڵ باسی فیدراڵیی کوردستان و فیدراڵیی نێوەڕاست و باشووری عێراق کرا و، لەوێ رێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنیان وەک مافی دەستووری و بە پێویست زانرا لە دەستووری عێراقی پاش سەددامدا بچەسپێندرێت.
ئەو پاساوە ئەمنییەی توێژەران لە کۆنگرەی 1999ی لەندەنیش خستیانەڕوو، لەسەر پاساوی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی و هەرێمی بنیاتنرابوون و، توێژەران بەو ئەنجامە گەیشتن کە هۆکاری تەنگژە نێوخۆییەکانی عێراق و هەردوو شەڕی رژێمی بەعس دژ بە ئێران و کوەیت، بریتی بوو لە: نەبوونی دامەزراوەی دەستووری و، نادیدەگرتنی سەروەریی یاسا و، چڕکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەند. لەبەر ئەم هۆکارانەش چارەسەر بۆ عێراقی نوێ بریتییە لە: دابەشکردنی دەسەڵات و ناوەندەکانی هێز بەسەر هەرێمەکاندا، تاوەکو لە عێراقدا سەقامگیری و ئاسایش و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ لەسەر بنەمای هاوبەشیی دادوەرانەی گشت عێراقییەکان دەستەبەر ببن و، ئاسایشی دراوسێیەکانی عێراق (بەدیاریکراوی وڵاتانی کەنداو و بەتایبەتیش کوەیت) بە دامەزراندنی سێ هەرێم بەلای کەمەوە بۆ کورد، شیعە و، سوننە مسۆگەر بکرێت. هەرچەندە ئەم کۆنگرەیە بە دەربڕینی ناڕوون مەرجی ئەوەی دانا کە ئەم هەرێمانە لەسەر بنەمای تایفەگەرانە یان ئایینزایی یان نەتەوەیی دانامەزرێن، لەبەرئەوەی سنووری باکوور تورکمان و کلدان و ئاشوور و شەبەک و ئێزدی و تەنانەت عەرەب و خەڵکی دیکەیشی لەخۆ گرتبوو، بەڵام ناوی کوردستانی لێنرا و کورد تێیدا باڵادەستیی روونی هەیە، لەکاتێکدا بۆ نێوەڕاست ئەو پارێزگایانە دەستنیشانکران کە زۆرینە تێیاندا سوننەیە، لە باشووریش زۆرینەی شیعە زاڵە.
کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆن لە لەندەن (نێوەڕاستی کانوونی یەکەمی 2002) پڕۆژەی فیدراڵیی پەسەند کرد و، پاش داگیرکاری بەشێوەیەکی گشتی لەسەر ئاستی عێراق لەلایەن کۆنگرەی نیشتمانیی عێراقەوە پەسەندکرا، بە بەشداریی نوێنەرانی عەرەبی سوننە (حیزبی ئیسلامیی عێراقی، کە ئەوسا تاریق هاشمی سەرکردایەتیی دەکرد).
پاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە لە 2003، هەوڵی حیزبە ئایینییە شیعەکان بۆ خستنەڕووی فیدراڵی هاتە ئاراوە و، زۆربەی دژبەرانی دابەشکردنی عێراق بۆ چەند هەرێمێک عەرەبی سوننە بوون، لەگەڵ رەوتی سەدر بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر و، هەندێ لایەنی دیکەی شیعە کە دیارترینیان رەوتی خاڵسی و هەندێ مەرجەعی تازەباو بوون.
بەڵام رەوتی سەدر، کە سەرەتا چووە پاڵ دژبەرانی یاسای فیدراڵی و هەرێمەکان، لە سەردەمی حکومەتەکەی ئەیاد عەللاوی باسی بیرۆکەی دابڕینی باشووری عێراق (بەسرە و ناسرییە و عیمارە)ی کرد، کە سەلام مالیکی (یەکێک لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر) ئەوکات پارێزگاری بەسرە بوو و نوێنەری موقتەدا سەدر بوو لەوێ لە 2004دا باسی جیاکردنەوەی ئەو پارێزگایانەی لە عێراق کرد و، دوای ئەوە، شوێنکەوتووانی سەدر لە ماوەی کێشە بەنێوبانگەکەی نەجەفدا، دەستیان دایە بانگەشەکردن بۆ فیدراڵیی باشوور و، ئەوکات دەسەڵاتی ئەمەریکایی لە عێراق پشتیوانیی حکومەتی عەللاوی بۆ لەنێوبردنی سەدر و رەوتەکەی دەکرد(10).
ئێستا لە عێراقدا جگە لە یەک هەرێم (هەرێمی کوردستان) هەرێمێکی دیکە نییە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییانە بێت کە بەپێی فیدراڵیيەکەی عێراق بە هەرێمەکان دراون و، شارەزایان پێیانوایە دۆخی جیاوازی هەرێمی کوردستان وایکردووە “لە سەرەوەی هەرێم و خوار دەوڵەت” بێت و، ئەم دۆخە لەناکاو دروستنەبوو، بگرە زۆر لە پەیمان و یاساکانی پێشوو باسی پەیوەندیی نێوان رژێمەکانی ئەوسای عێراق و کوردستانی عێراقیان کردووە. ئەوەتا پەیماننامەی سایکس – پیکۆ و پەیماننامەی لۆزان و ئەو بەڵگەنامانەی پەیوەستن بە عێراق و بە (کۆمەڵەی گەلان) سپێردراون و دەستووری کاتیی عێراقی سەردەمی عەبدولکەریم قاسم، کە دەڵێت کورد و عەرەب لە عێراقدا هاوبەشن و، رێککەتننامەی 11ی ئاداری 1970 و یاسای ئۆتۆنۆمیی ئاداری 1974، هەموویان نموونەی ئەمەن.
بەڵام یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە قۆناخی راگوزەر کە ساڵی 2004 دەرچوو، دەرگایەکی فرەوانی بۆ دوو بابەتی گرنگ لە عێراقدا کردەوە: یەکەمیان، بەردی بناخەی فیدراڵی عێراقی دانا و دانی بە هەرێمی کوردستان دانا (دواتر بەیەکجارەکی لە دەستووری 2005دا دانی پێدانرا) وەک هەرێمێکی خاوەن بوونی یاسایی لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا. دووەم، دەرگەی بەڕووی دروستبوونی هەرێمی دیکە لە عێراقدا کردەوە کە ماددەی چوارەمی ئەم یاسایە گوتی: “سیستمی حوکمڕانی لە عێراق کۆماری فیدراڵیی دیموکراسیی فرەییە و دەسەڵات تێیدا لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتەکانی هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و بەڕێوەبەرییە خۆجێیەکاندا بەشدەکرێت و، سیستمی فیدراڵ لەسەر فاکتە جوگرافیایی و مێژووییەکان و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بنیاتدەنرێت، نەک لەسەر بنەمای بنەوان یان نەژاد یان نەتەوە یان ئایینزا”(11) .
پاش دەرچوونی دەستووری هەمیشەیی عێراقی ساڵی 2005، سیستمی فیدراڵ یەکێک لە کۆڵەکە بنەڕەتییەکانی ئەو دەستوورە بوو و، لە ماددەی یەکەمیدا دەڵێت: “کۆماری عێراق یەک دەوڵەتی فیدراڵی سەربەخۆی خاوەن سەروەری تەواوە و سیستمی حوکمڕانی تیَیدا کۆماری پەرلەمانی دیموکراسییە و ئەم دەستوورە زامنی یەکپارچەیی عێراقە”. جگە لەمە، دەستوور بەشی سێیەمی خۆی بۆ دەسنیشانکردنی دەسەڵاتە فیدراڵەکان تەرخانکردووە، هەروەها دانی بە پێکهێنانی “هەرێمی کوردستان”دا ناوە کە بە کردەنی پێش پەسەندکردنی دەستوورەکە و لە سەردەمی رژێمی پێشووەوە پێکهاتبوو، ئەویش بەپێی ماددەی 117 کە دەڵێت: “یەکەم: لەکاتی بەرکاربوونییەوە، ئەم دەستوورە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکانی ئێستای بە هەرێمێکی فیدراڵ ئەژمار دەکات. دووەم: ئەم دەستوورە دان بەو هەرێمە نوێیانە دادەنێت کە بەپێی حوکمەکانی پێکدێن”، واتە دەستوور فیدراڵی لە هەرێمی کوردستاندا قەتیس ناکات و رێگە بە دروستبوونی هەرێمی نوێ لە عێراق لە داهاتوودا دەدات و مافی بە هەر پارێزگایەک، یان زیاتر لە یەک پارێزگا، دەدات هەرێم پێکبێنێن بەپێی ماددەی 119 کە دەڵێت: “هەر پارێزگایەک یان زیاتر بۆیان هەیە هەرێم دروستبکەن لەسەر بنەمای ئەنجامی گشتپرسی لەسەری، بە یەکێک لەم دوو رێگەیە: یەکەم: لەسەر داوای سێیەکی ئەندامانی ئەنجوومەنی هەر یەکێک لەو پارێزگایانەی بەنیازن هەرێم پێکبێنن. دووەم: لەسەر داوای دەیەکی دەنگدەرانی هەر یەکێک لەو پارێزگایانەی بەنیازن هەرێم پێکبێنن”. ماددەی 118ی دەستووریش باس لە پێویستیی دەرچوواندنی یاسایەک دەکات بۆ روونکردنەوەی رێکارە جێبەجێکارییەکانی پێکهێنانی هەرێمەکان دەکات و دەڵێت: “ئەنجوومەنی نوێنەران لە ماوەیەکدا کە شەش مانگ لە یەکەمین دانیشتنی خۆی تێنەپەڕێت، یاسایەک دادەڕێژێت بۆ دەستنیشانکردنی رێکارە جێبەجێکارییەکانی پێکهێنانی هەرێمەکان و بە دەنگی کەمینەی سادەی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەکە تێدەپەڕێنرێت” و، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەم دەقە دەستوورییە، ئەنجوومەنی نوێنەران یاسای (رێکارە جێبەجێکارییەکانی پێکهێنانی هەرێمەکان)ی ژمارە 13ی ساڵی 2008ی دەرچوواند و وردەکارییەکانی ئەو رێکارانەی تێدابوو کە پێویستن پارێزگاکان بۆ پێکهێنانی هەرێمێک یان چوونە پاڵ هەرێمەکانی دیکە بیگرنە بەر(12) .

بەربەستە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی رێگر
لە جێبەجێکردنی فیدراڵی لە عێراق

زۆر کێشە و بەربەست هەن هاوشانی کاروانی جێبەجێکردنی فیدراڵی بوون لە عێراقدا و بەردەوامن. گرنگترین ئەم کێشە و رێگرانە بریتیبوون لە نەبوونی پاشخانی دیموکراسی لەلای گشت عێراقییەکان و، ئەو میراتە قورسەی ستەمی سیاسی و ناوەندێتیی دەسەڵات و گەندەڵیی کارگێڕی. سەرباری ئەمانەیش هێزی ناوچەیی هەن کە دژی گەشەی دیموکراسی و فیدراڵین لە عێراقدا. هەروەها، جگە لە هەرێمی کوردستان، پێکهاتەی کولتووریی عێراقییەکان و نەبوونی دەزگای پێویست بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری لە هەرێم و پارێزگاکان تاوەکو کارگێڕیی خۆجێیان هەبێت، جێبەجێکردنی فیدراڵی سەخت دەکەن.

تایبەتمەندیی فیدراڵییە عێراقییەکە

گرنگترین ئەم کێشانە هەبوونی چەندان نموونەیە بۆ فیدراڵی و نووسینی ئەو دەستوورەی دانی بە فیدراڵیزمدا دانا، لە نەبوونی شارەزایی باش بە کەتواری عێراقەوە سەرچاوەی گرتبوو و، سەرباری دەرچوواندنی یاسای فیدراڵی ساڵی 2008، ناڕوونییەکی زۆر لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی دەستوور هەیە. گرنگترین رێگرەکان بنەمای بنیاتنانی فیدراڵییەکەیە، ئایا جوگرافیایی یان نەتەوەیی یان کارگێڕی یان ئایینییە. جگە لە كورد، نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكە وایانخوێندەوە کە دەستوور تەنیا رێگەی بە دامەزراندنی فیدراڵییەکی کارگێڕی داوە، لەکاتێکدا کورد جەختیان دەکردەوە کە فیدراڵییەکە نەتەوەیی و جوگرافیاییشە لە یەک کاتدا. گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکدێت، کە عەرەب و کوردن، شانبەشانی کەمینەکانی وەک: تورکمان و کلدان و ئاشووری و ئەرمەن و شەبەک، کە سەدان ساڵ لە پەیوەندیی پڕ لە هەڵکشان و داکشاندا بەیەکەوە ژیاون، کە رێککەوتن و ناکۆکیی بەخۆوە دیوە. لەڕووی ئایینیشەوە دابەشدەبێت بۆ: موسڵمان، کریستیان، ئێزدی، جوو و مەندایی و، چەندین ئایینزا کە دیارترینیان ئایینزاکانی ئیسلامن: شیعە و سوننە. ئەو پرسیارەی لێرەدا خۆی زەقدەکاتەوە ئەمەیە: ئایا فیدراڵی لە عێراقدا لەسەر بنەمای نەتەوە یان ئایین یان جوگرافیا بنیاتدەنرێت و کام لەمانە لە بەرژەوەندی یەکێتیی نیشتمانیی عێراقدایە؟ وردبوونەوە لە شکستی پێکهێنانی هەرێمەکان لە عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان، کە وەک دێفاکتۆ خۆی سەپاند) پەردە لەسەر هەندێک ئاستەنگ و کۆسپی رێگر لە جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵ لە عێراق هەڵدەماڵێت و، توێژەری عێراقی محەممەد جاسم، بەربەستەکان بەمشێوەیە کورت دەکاتەوە:
ئەگەر بمانەوێ هەرێمەکان لەسەر بنەمای نەتەوە پێکبێنین و فۆکەس بخەینە سەر دوو نەتەوە سەرەکییەکە: عەرەب و کورد، ئەوە دەبێ تەنیا دوو هەرێم دروستبکەین، یەکێک بۆ عەرەب و یەکێک بۆ کورد. جگە لەمە، تێکەڵیی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی عێراق لە پێکهاتەی دانیشتوواندا رەنگە ببێتە مایەی بەریەککەوتنی لاوەکی لەنێوان نەتەوە بچووکترەکان (تورکمان و ئاشووری) و دوو نەتەوە سەرەکییەکە، کاتێک ئەوانیش هاوشێوەی عەرەب و کورد داوای مافە نەتەوەییەکانی خۆیان دەکەن، ئەوکات دەکەوینە گێژەنێکی دیکەی فیدراڵی لاوەکی یان ناوچەی ئۆتۆنۆمی لەنێو هەرێمەکاندا، سەرباری داوا یەکدیبڕەکانی عەرەب و کورد سەبارەت خاوەنداریی هەندێ ناوچە کە بە “ناکۆکی لەسەر” ناسراون و گرنگترینیان پارێزگای کەرکووک و دەشتی نەینەوان، کە لەهەمانکاتدا دانیشتووانی تورکمان و ئاشووریی عێراق لەوێدا چڕبوونەتەوە. بۆیە سێ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجامدران، بەبێ ئەوەی لە پارێزگای کەرکووکدا ئەو هەڵبژاردنە ئەنجامبدرێت، هۆکارەکەیش ناکۆکی بوو لەسەر ئەوەی پارێزگاکە سەر بە حکومەتی فیدرالە یان هەرێمی کوردستان و، ناکۆکیی نێوان عەرەب و کورد و تورکمانی پارێزگاکە لەسەر ژمارەی دانیشتووان و راگواستراوەکان و رێژەی هەر نەتەوەیەک لە ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا.
ئەگەر بمانەوێ لەسەر بناخەی ئایین یان ئایینزاش بنیاتی بنێین، ئەوە زۆرینەی موسڵمان لە عێراقدا دەبێتە رێگر لە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە چونکە زۆرینەی هەرە زۆری عەرەب و کورد و تورکمان و شەبەک موسڵمانن و، ئەگەر رێککەوتنیان لەنێواندا هەبووایە پێویستی نەدەکرد لە عێراقدا هەرێم هەبن، چونکە داوای پێکهێنانی هەرێمەکان بەشێوەکی سەرەکی لەلایەن کوردەوەیە، کە زۆرینەیان موسڵمانن و، تەنانەت حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستانیش پشتیوانی لە بەهەرێمبوون و فیدراڵی دەکەن. ئینجا ئەگەر فیدراڵی لەسەر بناخەی ئایینزا هەڵچنین، ئەوە هەرێمێکی شیعەمان لە باشوور و نێوەڕاست دەبێت و یەکێکی سوننە لە رۆژئاوای وڵات و، بەغدا دەبێتە فیدراڵییەکی فرە ئینتیمای نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و، رەنگە ناکۆکی لەسەر بەغدا زۆر لەوەی لەسەر کەرکووکە تووندتر بێت، چونکە عەرەبی سوننە بەغدا بە بەشێکی هەرێمەکەی خۆیان دەزانن و عەرەبی شیعە دەڵێن بەغدا پایتەختی عێراقە و بەشێکە لە مێژووی ئەوان، تەنانەت کورد و تورکمانیش لە عێراقدا بەسەر سوننە و شیعەدا بەش بوونە و ئەمە دەبێتە مایەی جیاوازی ئینتیمای ئایینی لەنێویاندا و، رووداوەکانی پاش 10ی حوزەیرانی 2014 لە مووسڵ و گەیشتنی داعش بە مووسڵ و سەڵاحەدین پێشانیدا چۆن داعش و هاوکارانی دەستیان دایە کوشتنی هەزاران سەرباز و سیڤیلی عێراقی لەسەر بنەمای ئایینزا و، ماڵ و مەزارگە ئایینییەکانی شیعەیان لە مووسڵ و هەندێ ناوچەی سەڵاحەدیندا خاپوور کرد. جیاکاریی ئایینزایی تەنانەت کەوتە نێو رۆڵەکانی یەک نەتەوەش، وەک عەرەب و تورکمانی سوننە و شیعە و، بەشێک لە ئەندامانی سوننەی خێڵێک چوونە پاڵ داعش و بەشێکی دیكەی هەمان خێڵ، کە شیعە بوون، کوژران و راگواستران و دەربەدەرکران.
سەرباری ئەمەش ئێستا گرفتی نەبوونی کادیری شیاو بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمەکان هەیە، وەک بەرهەمی شکستی ئەزموونی ئێستای بەڕێوەبردنی پارێزگاکان، کە لایەنی نەشیاو بۆ سەرکردایەتیی پارێزگاکانی هێنایەپێشەوە و هەندێککەسی نیوە خوێندەواری بێ زانست و شارەزایی لە بەڕێوەبردنی پارێزگاکان جڵەویان کەوتە دەست. ئەمەش بووە هۆی شکستی زۆر و رەنگدانەوەی ئەو شکستانە لە گشت پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و خزمەتگوزاری و حکومەتی ناوەندیان لاوازکرد و هێزی بڕیاردانیان پێی نەهێشت و، ئەمەش بووە هۆکاری تەشەنەسەندنی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و دزینی ماڵی گشتی و، ئەو دزییە زۆرانەی لە داهاتی نەوت لەلایەن ئەوانەی دەسەڵاتی بڕیاردەریان بەدەستەوەیە بەبێ ئەوەی بتوانرێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت، کە هەموویان بەڵگەی ئەو هەڵدێرانەی دۆخی عێراقن.
ئەو دۆخە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی عێراقی گەمارۆداوە عێراقی کردە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان وڵاتانی ناکۆک لەسەر بەرژەوەندی و ئایدیۆلۆژیا و، دەستتێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی عێراق لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، وەک ئێران و سعودیە و تورکیا. لە کەس شاراوە نییە، سەرباری قەبارەی کاریگەریی ئەمریکا لەسەر بڕیاری سیاسی لە عێراق، لەوانەیە ململانێ لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەم وڵاتانە لەنێو عێراقدا بەشێوەیەکی مەترسیدار کار بکاتە سەر بنەماکانی یەکێتیی نیشتمانیی عێراق، چونکە دەبێتە مایەی زاڵبوونی هەر یەکێك لە وڵاتانی ناوچەکە بەسەر ئەو هەرێمەدا کە لەڕووی بەرژەوەندی لێیەوە نزیکە و ئەمەش هەڕەشەیە بۆ یەکێتیی عێراق.
زاڵبوونی هەندێک لایەن بەسەر کارگێڕی پارێزگاکاندا (کە لایەنی ئیسلامین) بووە مایەی پەکخستنی رای جیاواز و پەراوێزخستنی ئەوانیدیکە، چونکە باڵادەستی بەپێی ژمارەی کورسییە، وایکرد تاکلایەنانە بڕیاربدرێت، جا هەر جۆرە بڕیارێک بێت و، دەبوو ئەوانیدیکە بکەونە شوێنیان و بە بۆچوونەکانی ئەوان قایل ببن، ئەمەش بووە هۆی تەشەنەسەندنی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی، لەبەر نەمانی توانای لێپێچینەوە لە دزەکان، ئەمەش لە پرۆسەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و دەستگرتن بەسەر پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە، کە دەدرانە هاوکارانی ئەو لایەنانە و قازانجەکانیان لەگەڵ دابەشدەکران، بەڵام لەنێو چوارچێوەی یاسایی هەندێک رێچکەوە کە شارەزایانی ئەو بوارانە دەیزانن، بەمەش چینێکی نوێی بەڵێندەری پەراوێز دەرکەوتن کە قازانجەکانیان لەگەڵیاندا بەشدەکرد، بەبێئەوەی کار بکەن. تەنانەت کار لە هەندێ پارێزگادا گەیشتە بازدان بەسەر ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا و دەرکردنی بڕیاری تاکلایەنە. چونکە ژمارەی ئەندامانی لایەنی زاڵ، بەشی تەواوکردنی ژمارەی یاسایی بۆ دەرکردنی بڕیاری دەکرد، ئەمە لە پارێزگاکانی باشوور و رۆژئاوا زۆر باوبوو و هیچ پارێزگایەکی لێ بەدەر نەبوو.
بیرۆکەی پێکهێنانی هەرێم لە عێراقدا گرنگیی پێویستی پێنەدرا لە هزری دەستەبژێری سیاسیی عێراقدا و، ئەو دەستەبژێرە بە جیدی و وەک رێگەچارەیەکی پێشنیازکراو بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی عێراق تەماشای نەکرد، ئەمەش بەهۆی دۆخی ناسەقامگیری زاڵ بەسەر وڵاتەکەوە بوو کە خۆی لە نەبوونی فەلسەفەیەکی سیاسیی روون دەبینییەوە کە سیستمی سیاسی عێراقی لەسەر بنیاتنرابێت. نەبوونی هۆکارە پێویستەکان بۆ سەرکەوتنی سیستمی فیدراڵ لە عێراقدا، سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی، شانبەشانی هەبوونی ململانێ و کێشەی سنوور و کارگێڕی لەنێوان پارێزگاکانی عێراقدا و، نەبوونی دیدێکی روون و تۆکمە بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی هەرێمە پێشنیازکراوەکان و، شێوازی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتە خۆجێییەکان، وایانکرد تەنیا بیرکردنەوە لە بنیاتنانی سیستمی فیدراڵ وەک رۆیشتن بەرەو نادیار دەربکەوێت.
سرووشت و دیمەنی سیستمی فیدراڵیی شیاو بۆ جێبەجێکردن لە عێراقدا، لای زۆرینەی زۆری عێراقییەکان نادیار و ناڕوونە، لەبەر هەستیاریی دۆخی سیاسی و ئاڵۆزییەکانی پرۆسەی سیاسی، کە تائێستا بەدەستی تەنگژەی یەک لەدوای یەک و نەبوونی متمانە لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراق دەناڵێنێت. بۆیە چەندین پرسیار لەبارەی شێوەی سیستمی فیدراڵیی گونجاو بۆ عێراق سەریانهەڵدا: ئایا لەسەر بنەمای نەتەوەبێت یان ئایینزا یان جوگرافیا یان کارگێڕی؟
لاوازیی حکومەتی ناوەند و ناکارایی دامەزراوەکانی و دەستەوەستانیان لەئاست سەپاندنی دەسەڵات بەسەر گشت ئەو هەرێمانەدا کە رەنگە پێکبێن، لەپاڵ هەبوونی مەیلی سەربەخۆیی لەلای هەندێ لایەنی عێراقی، بەتایبەتی کورد، جێبەجێکردنی فیدراڵیزمیان بەشێوەیەک کە زامنی هاوسەنگیی دەسەڵات لەنێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمەکان، وەک ئەوەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیە، سەختکرد و، بەمەش ئەوەی روودەدات فیدراڵییەکی لەرزۆک و لاواز دەبێ، دەوڵەتی فیدرال تێیدا کۆڵەکەکانی دەوڵەت لەدەستدەدات، بەتایبەتی لە بوارەکانی بەرگری و کاروباری دەرەوە و دارایی و ئاسایشدا.
پێکهێنانی هەرێمەکان پێویستی بە دامەزراندنی ئەنجوونی یاسادانان و حکومەتە خۆجێییەكان و وەزارەت و نوێنەرایەتی لە دەرەوە و دەزگای ئەمنیی تایبەت بە هەر هەرێمێکە، ئەمەش خەرجییەکی دارایی زۆرتری پێویستە و دەبێتە مایەی ماندووکردنی بودجەی گشتیی دەوڵەت، لەکاتێکدا سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی عێراق، واتە نەوت، لە پاشەکشەی بەردەوامدایە و هەڕەشەی داڕمان لە ئابووری عێراق دەکات.
سەرچاوەی تێبینیی مەرجەعیەتی ئایینی لە نەجەف لەسەر پێکهێنانی هەرێمەکان دیدگە تایبەتەکەیەتی، کە مانەوەی عێراق لە دۆخی دەوڵەتی سادەی بەلاوە پەسەندترە لەوەی عێراق ببێتە دەوڵەتێکی ئاوێتە. گوتاری ئەو مەرجەعیەتە بریتییە لە هاننەدانی هەر هەنگاوێکی رێخۆشکەر بۆ دابەشکردنی عێراق و، کاریگەری مەرجەعیەتی ئایینی بەسەر دەستەبژێر و حیزبە سیاسییەکان و کۆی جەماوەر بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی خۆبەدوورگرتنەکەی لە بیرۆکەی پێکهێنانی هەرێمەکان ببێتە رێگری سەرەکی لە جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵ لە عێراقدا (13).
لە لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمیی هاوبەشدا، دوو توێژەری عێراقی بە ناوەكانی نەجم عیدان و حوسام شوکور، بۆچوونی خۆیان سەبارەت بە رێگرەکانی بەردەم جێبەجێکردنی فیدراڵی دەخەنەڕوو و دەڵێن رێگری یاسایی و سیاسیش هەن. پێدەچێت بابەتی پێکهێنانی هەرێمەکان لە عێراقدا کاتی زۆر بکێشێت پێش ئەوەی ئەو پارێزگایانەی دەیانەوێت ببنە هەرێم بتوانن ئەو ئامانجە بەدیبێنن، ئەمەش لەبەر ئەم رێگرە یاساییانەیە کە رووبەڕوویان دەبنەوە:
یەکەم: کێشەی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی نەینەوا و دیالە و سەڵاحەددین و ئەنبار و کەربەلا، چونکە دادگای فیدراڵ لە لێکدانەوەیەکی پێشوویدا بۆ بابەتی ئارەزووی پارێزگای کەرکووک بۆ بوونە هەرێم، رای دادگەکە بریتیبوو لەوەی کە ناکرێت پارێزگاکە ببێتە هەرێم، لەبەرئەوەی ناوچەیەکی کێشەلەسەرە و ماددەی 140ی دەستوور دەیگرێتەوە. بە پشتبەستن بەم لێکدانەوەیە، ئەم پارێزگایانە بە ئەنباریشەوە، کە ناوچەی کێشەلەسەری لەگەڵ کەربەلای تێدایە، ناتوانن ببنە هەرێم، چونکە ئەو ماددەیەی دەستوور دەیانگرێتەوە. ئاڵنگاریی دیکەی نێوخۆییش هەن، خۆیان لە هەڵوێستی فراکسیۆنەکان و حیزبە سیاسییەکان لە بەرامبەر فیدراڵی دەنوێنن.
عێراق بە دەستوور دەوڵەتێکی فیدراڵە و، دەستووری 2005ی عێراق ئەمەی چەسپاندووە و، یاسای پێکهێنانی هەرێمەکانیش پەسەندکرا، بەناوی یاسای رێکارە جێبەجێکارییەکانی تایبەت بە پێکهێنانی هەرێمەکان، ژمارە 13ی ساڵی 2008. بەڵام دۆخەکە شتێکی دیکە دەڵێت و، بەشێک لە حیزبە دەستڕۆیشتووەکانی دەسەڵات باوەڕیان بە فیدراڵی نییە و پەسەندکردنی دەستوور لەلایەن ئەوانەوە سەپێندراوی واقیع بوو، لەبەرئەوە دەبینین بە بیانووی جۆراوجۆر و بەبێ هیچ بناخەیەکی دەستووری و یاسایی، لە بابەتی بانگەشە بۆ ئەوەی پێکهێنانی هەرێمەکان هەڕەشەیە بۆ یەکێتی عێراق یان هێشتا کاتی جێبەجێکردنی فیدراڵی نییە و چەندین بیانووی دیکە، تەگەرە دەخەنە رێگەی هەر خواستێکی پێکهێنانی هەرێم لە عێراق. لەبەرئەمەیش لە عێراقدا هیچ هەرێمێک نییە جگە لە هەرێمی کوردستان، کە ئەویش پێش نووسینی دەستوور و لەکاتی نووسینیدا هەبوو. هەر ئەمە وادەکات ئەو داوایانەی بەپێی رێکاری دەستووری بەمەبەستی پێکهێنانی هەرێم پێشکەشدەکرێن بۆ پەرلەمان بەرزنەکرێنەوە. سەرکردەکانی عێراق، بەتایبەت بەڕێز نووری مالیکی، لە ماوەی ساڵانی 2006-2014دا هەوڵیدا هەموو دەستپێشخەرییەک بۆ پێکهێنانی هەرێم کە لەلایەن پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراقەوە، کە ئاراستەی ئەو کران، زیندەبەچاڵ بکات. کاردانەوەی نووری مالیکی بریتیبوو لە دەستگرتن بەسەر وەزارەتە سەرەکی و سیاسی و سیاسەتە ئابووری و ئەمنییەکاندا لەڕێگەی پێکەوەگرێدانی هەوڵەکانی وەزارەتی نەوت لەگەڵ داڕشتنی سیاسەتەکانی پەیوەست بە وزە و ئەو پارەیەی بەغدا بۆ ناوچەکان و پارێزگاکان خەرجیدەکات، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە نەوتەوە هەبوو. هەرێمی کوردستان هەوڵی ئەوەشیدا کە دانوستاندن لەسەر هەندێک دەستەوارە لەگەڵ عەرەبی سوننەی پلەباڵا بکات، وەک سەرۆکی پەرلەمان، ئوسامە نوجەیفی، لەپێناو چارەسەرکردنی ئەم بابەتانە و سنووردانان بۆ ئەو هەڵسوکەوتە تاکلایەنانەی سەرۆکوەزیران، نووری مالیکی.
مالیکی توانی هەوڵەکانی دەرچوواندنی یاساکانی پەیوەست بە وزە و نەوت بخنکێنێت، بەتایبەتی یاسای نەوت و گاز، کە خواستێکی دەستوورە، لەکاتێکدا دەکرا ئەو یاسایە زۆر لە تەگەرەکانی نێوان بەغدا و هەولێر نەهێڵێت و جێبەجێکردنی فیدراڵی وەک سیستمێکی سیاسی ئاسان بکات. مالیکی و لەدوای ئەوەوە عەبادی، هەمان رێچکەیان بەرامبەر رەزامەندی دەربڕین لەسەر دەرچوواندنی یاسای پاسەوانی نیشتمانی، کە نوێنەرانی سوننە لە پەرلەمانی عێراق داوایان دەکرد، گرتەبەر. ئەوەبوو هەوڵەکانی چاکسازی لەلایەن عەبادییەوە نەیانتوانی دڵی سوننە رازی بکەن و، پاش یەک ساڵ لە حوکمڕانییەکەی رێژەی ئەو سوننانەی پێیان وابوو حکومەتەکەی ئەم زیاتر لەوەی مالیکی لە خەمی هەمووانە، %50ەوە لە کانوونی یەکەمی 2014، بۆ %36 لە ئاب و ئەیلوولی 2015دا دابەزی. سەرباری ئەوەش %58ی سوننە ئەوەیان خستەڕوو کە بەشێوەیەکی نادادوەرانە لە حکومەتەکەی عەبادیدا نوێنەرایەتی کراون(14) .
هەروەها تاوەكو ساڵی 2020 ئەو ئەنجوومەنە فیدراڵەی دەستوور داوایکردبوو پێکنەهات و، جەختکرایە سەر چڕکردنەوەی گشت دەسەڵاتەکان لە دەسەڵاتی جێبەجێکاری بەغدادا. ئەمەش هۆکار بوو بۆ دواخستنی چاکسازییەکان و پرۆسەکانی گەشەپێدان. ئەم قەتیسکردنی دەسەڵاتە لە دەستی دەسەڵاتی جێبەجێکاری ناوەندەوە بووە مایەی ئەو گەندەڵییەی جەستەی دەوڵەتی تەنییەوە و عێراقی کردە یەکێک لە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان. هۆکاری ناوچەیی بە کاریگەرترین هۆکار دەژمێردرێت و، ئاشکرایە وڵاتانی دراوسێ، وەک تورکیا و ئێران، بە ئاشکرا و بێ پەردە دەستوەردەدەن و، سەرکردەکانیان رایدەگەیێنن کە فیدراڵی پەسەند ناکەن، لەبەرئەوەی هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکانیان(15).
ستیفانی ترۆفینیۆ، کە لێکۆلینڤانە لە ناوەندی واشنتن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، پێیوایە حیزبە سوننە و شیعەکانی عێراق راست ناکەن کاتێک پێشنیازی پێکهێنانی هەرێم دەکەن، لەبەرئەوەی سەرکردەکانیان دەستەبژێرێکن تەنیا هەوڵی بەدەستهێنانی دەسکەوتی کەسی و لایەندارانەی بەرتەسک دەدەن، لەڕێی هاندانی تایفەگەری و ناوچەگەری و نەتەوەپەرستییەوە و، جاربەجار وەک پاڵەپەستۆیەکی سیاسی و بە پاڵنەری حیزبی یان بە فیتی هێزێکی ناوچەیی هەڕەشەی پێکهێنانی هەرێم لە حکومەتی ناوەند دەکەن. ستیفانی دەڵێت: “لەوانەیە گریمانەی سەلامەت ئەوەبێ کە یاریکەرە سیاسییە عێراقییەکان پاراستنی ئەم دۆخەی ئێستای عێراقیان بەلاوە باشتر بێت، کە تێیدا عێراق دەوڵەتێکی ناڕوونە و ورووژاندنی هەستی تایفەگەری و خێڵەکی و نەتەوەیی و پیشکەوتنی جوگرافیایی و دەسکەوت، بە شەڕ لەدژی دووژمنێکی هاوبەش کە داعشە، بۆیان ئاسانتر دەبێت. بەڵام ئایا ئەمە دەخوازێت دەستبگیرێت بە جێپەنجەی داعشەوە لە عێراقدا، وەک تاکتیکێکی گوشار بەدەستی ئەو یاریکەرانەوە؟ وەڵامەکە ئەمەیە: تاوەكو ئەوکاتەی عێراق وەک ئێستا مابێتەوە گشت ئەگەرێک چاوەڕوانکراوە”.
شیعە لە باشوور داوای “ناوچەی فیدراڵی سۆمەر”یان دەکرد(16)، پاڵنەرەکەیان بۆ ئەمە هیوای سەپاندنی دەسەڵاتیان بەسەر سەرچاوە سەرەکییەکانی داهاتی عێراقدا بوو، واتە نەوت. هەرچەندە چەمکەکە بۆ زۆرینەی شیعە سەرنجڕاکێش بوو، بەڵام ترس لە بەرتەسکبوونەوەی ناوچەی دەسەڵاتی تایفەکە و پابەندیی فەرمییان بە ئێرانەوە، بۆ زۆرینەی شیعە گرنگن، بەتایبەتی ئەوانەی دژبەری ئێرانن. بەشێک لە شارەزایانی رۆژئاوایی پێشنیازیان کرد کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سوننەی پشتبەستوو بە هاوپەیمانانی ناوچەیی و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداوی دەوڵەمەند بە نەوت تەنیا رێگەیە بۆ بەزاندنی داعش و رازیکردنی سوننەی هیوابڕدراوی عێراق. ئەم داوا و پێشنیاز و هەڕەشانە، گشتیان لە چوارچێوەی ئەو پاڵەپەستۆ سیاسییانەدا دەمێننەوە کە سیاسییە عێراقییەکان زۆر بە خراپی مامەڵەیان پێیانەوە دەکرد، بەبێ هەبوونی نیازی جیددی بۆ جێبەجێکردنیان لە کەتواردا”(17).
فۆرمێکی زەق هەیە بریتییە لەوەی لایەنە سوننە و شیعەکان ئەم داوایە وەک کارتی گوشار بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی بەکاردەهێنن، ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و حیزبی دەعوە و رەوتی سەدر چەند جارێک ئەمەیان کرد. ئەوەبوو رەوتی سەدر کە سەرەتا چووە پاڵ دژبەرانی یاسای فیدراڵی و هەرێمەکان، لەسەردەمی حکومەتەکەی ئەیاد عەللاوی باسی بیرۆکەی دابڕینی باشووری عێراق (بەسرە، ناسرییە و عیمارە)ی کرد کە سەلام مالیکی (یەکێک لە سەرکردەکانی رەوتی سەدر) ئەوکات پارێزگاری بەسرە بوو و نوێنەری موقتەدا سەدر بوو لەوێ لە 2004دا باسی جیاکردنەوەی ئەو پارێزگایانەی لە عێراق کرد و، دوای ئەوە شوێنکەوتووانی سەدر، لە ماوەی کێشە بەنێوبانگەکەی نەجەفدا، دەستیان دایە بانگەشەکردن بۆ فیدراڵی باشوور و، ئەوکات دەسەڵاتی ئەمریکایی لە عێراقدا پشتیوانی حکومەتی عەللاوی بۆ لەنێوبردنی سەدر و رەوتەکەی دەکرد. لەم دواییانەیشدا و پاش ئەوەی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعە تاکلایەنە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق دەرکرد، سەرکردەکانی هاوپەیمانی نیشتمانیی سوننە لە وڵاتێکی کەنداودا کۆبوونەوە و باسی فیدراڵییان کرد ئەگەر لایەنە شیعەکان کارێکی تاکلایەنە بکەن(18) . ئەمە ئەگەر بەڵگەی شتێک بێت، بەڵگەی ئەوەیە کە لایەنەکانی نێو پرۆسەی سیاسی عێراق لە 2003ەوە جیددیانە لە فیدراڵی ناڕوانن.
حەزی مالیکی و حیزبی دەعوە لە سەپاندنی هەژموونی خۆیان و قۆرخکردنی دەسەڵات، لەڕێگەی لاوازکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و دانانی لایەنگرانی خۆیان لە دەزگا سەربازی و ئەمنی و دادوەرییەکان، گشت هەلێکی دامەزراندنی فیدراڵی لە عێراقدا لەنێوبرد. ئەوەبوو مالیکی لە شوباتی 2011دا بەئاشکرا رایگەیاند:
”لەم کاتەدا رێگە بە دامەزراندنی هەرێمی فیدراڵ نادەین، چونکە دەبنە مایەی لەتوپەتکردنی عێراق و پەلەکردن لە گەیشتن بە فیدراڵی لەم دۆخەدا خراپە و، خەڵک و وڵات رووبەڕووی كۆمەڵێك کێشە دەكەنەوە کە پێویست نین” و، پێیوابوو “دۆخی ئێستا بۆ دروستکردنی هەرێمی فیدراڵ گونجاو نییە، لەبەرئەوەی رەنگە فیدراڵی دەروازەیەک بێت بۆ شەڕی نێوخۆیی و پەکخستنی ئەو خزمەتگوزارییانەش کە هەن”(19) .
لە سەرەتاکانی 2011دا، بزووتنەوەی ناڕەزایی “بزووتنەوەی گەلێری” لە ناوچەکانی سوننەدا سەریهەڵدا، کە بە جۆرێک پەیوەندیان بەو “بەهاری عەرەبی”یەوە هەبوو، کە بەشێوەیەکی بەرفراوان رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گرتەوە. چالاکڤانە سوننە عێراقییەکان هەستیان بە ستەم دەکرد، لەبەرئەوەی سەرکردەکانیان كرابوونە ئامانج، خوازیاری نوێنەرایەتییەکی باشتربوون لە بەغدا. بەڵام بەهاری عەرەبی لە عێراقدا بە تووندی سەركوتكرا و، لەوەش مەترسیدارتر ئەوە بوو کە بە “تیرۆریست” و “یاخی”ی پەیوەست بە رێکخراوی قاعیدەوە ناوزەد کران. زۆریان گومانی تێوەگلان لە تیرۆریان خرایەسەر و بەرەو بنکەی نهێنیی لێپێچینەوە لە ناوچەی سەوزی بەغدا راپێچکران، کە (ئەحمەد)ی کوڕی مالیکی خۆی سەرپەرشتیی گرتن و ئەشکەنجەدانی دەکردن. ئەم سەرکوتکردنەی بزووتنەوەی ناڕەزایی، تەنگژەی نوێنەرایەتیی خەستتر کرد، کە لە شەقامی سوننەدا تەشەنەی دەکرد.
هەڵمەتەکەی مالیکی بۆ بەناوەندیکردنی دەسەڵات بەرەو پەکخستنی پەرلەمانیش باڵی کێشا، کە تەنیا دامەزراوەیە دەتوانێ راستەوخۆ و لەڕێی ئەندامانی هەڵبژێردراویەوە دەربڕی خەمەکانی هاونيشتمانيان بێت. چالاکڤانێكی سوننە بۆ نووسەری ئەو لێكۆلینەوەیەی روونکردەوە کە مالیکی لە ماوەی هەشت ساڵی حوکمڕانیدا تەنیا یەکجار هاتە بەردەم پەرلەمان. سەرباری ئەمەش، لەو تاقە جارەدا مالیکی خۆی پرسیاری ئاراستەی پەرلەمان دەکرد. لەسەردەمی عەبادی جێگرەوەی مالیکیشدا دۆخەکە باشتر نەبوو، هەرچەندە پشتینەیەکی پەرلەمانی هەبوو. لەبەرئەوەی نوێنەرانی سوننە لەوە دڵنیابوون کە بڕیارە جێبەجێکارییەكانی عێراق لە پەرلەمانەوە دەرناچن، بەڵکو هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراق، ئەو لیستی هەڵبژاردنەی لایەنە سەرەکییەکانی شیعەی لەخۆگرتبوو بە حیزبی دەعوەی حوکمڕانەوە، ئەو بڕیارانە دەدات(20) .
عەلی مرادی، نووسەر، پێیوایە سێ هۆکار تەگەرەی سەرەکی سەر رێگەی جێبەجێکردنی فیدراڵین:

1 – ئالنگاریی دیموکراسی
دیموکراسی بە گرنگترین کۆڵەگەی پشتیوانیی سیستمی فیدراڵی دەژمێردرێت، نەک هەر ئەواندە، بەڵکو بە پێویستیی سەرکەوتنیشی دەژمێردرێت، لەبەرئەوەی سیستمێکی فیدراڵی دیکتاتۆری دوور لە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و ئازادییە گشتی و تاکەکەسییەکان و، دوور لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و پەیوەستکردنی تێرمەکانی دەسەڵاتداری بە ژمارەیەک بابەتی یاسادانەری و جێبەجێکاری و تەنانەت دادوەریش لە چوارچێوەی تێرمی دەسەڵاتداریدا، هیچ واتەیەکی نابێت. جگە لەوەی کە هەبوونی دیموکراسی توانای دامەزراوەکان بۆ ئەنجامدانی رۆڵی دیاریکراویان بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ داخوازییەکانی سیستمی فیدراڵ، بەهێز دەکات.
لە عێراقدا، سەرباری تێپەڕبوونی پازدە ساڵ بەسەر وەرچەرخان بەرەو دیموکراسیدا، هێشتا عێراق لە قۆناخی گواستنەوەدایە و نەگەیشتووەتە قۆناخی پتەوکردنی دیموکراسی و، هێشتا زۆر شکست لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و تەنانەت دادوەریشدا بەدیدەکەین، سەرباری رەگداکوتینی بەشبەشێنە لە جومگە جۆراوجۆرەکانی دەوڵەت و کورتهێنانی سیستمی هەڵبژاردن و تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان و تەشەنەکردنی گەندەڵیی سیاسی و شەپڕێویی لایەنی وەزیفەیی و کێشەی زۆری دیکەی پێویست بە چارەسەرکردن بۆئەوەی بتوانین بچینە نێو سیستمی فیدراڵ.

2 – ئالنگاریی کولتووری و کۆمەڵایەتی
ئەو گۆڕانە سیاسییەی لە 2003دا روویدا، گۆڕانێکی بنەڕەتی بوو و کاریگەرییەکانی جگە لە سیستمی سیاسی، سیستمە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەکانیشی گرتەوە. ئەم گۆڕانە جێپەنجەی رەشی بەسەر کولتووری گشتی و تەنانەت کەسیشەوە بەجێهێشت و، سەرباری بڵاوکردنەوەی کەشی دیموکراسییانە، زۆرینەی هاووڵاتیان درک بە رۆڵی تەوەرئاسا و گرنگی خۆیان لە هەڵبژاردنەکان و چالاکییەکانی دیکە نەکردووە و، ئەمە بەڕوونی لە هۆكاری بانگەشەی هەڵبژاردن یان دەستنیشانکردنی کەسانێک بەپێی راسپاردەی سەرکردەی حیزب یان تایفە یان نەتەوەدا دەردەکەوێت، جگە لە بارگاویکردنی شەقام و بەکارهێنانی لەلایەن هەندێ دەستەبژێری سیاسییەوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی. لە سایەی ئەم هەموو کێشە زۆرەدا، ناکرێت سیستمێکی فیدراڵ دروستبکرێت، کە بەرپرسیاریی گەورە بخاتە ئەستۆی حکومەتە خۆجێیەکان لە سایەی کۆمەڵگەیەکی ناوەندیخواز لە هەردوو ئاراستەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

3 – ئاڵنگاریی ئابووری
لەبەر رۆشنایی دابەشکردنی جوگرافیایی و سرووشتیی هەبوونی سەرچاوەکان، کە وایانکردووە نەوت لە باشووری عێراق و هەندێک شوێنی باکووردا هەبێت، ئەگەر فیدراڵی دروستبوو و ویلایەتەکانی باشوور جۆرە سەربەخۆییەکی داراییان بەدەستهێنا، ئەوە دەست بەسەر گەورەترین پشکدا دەگرن، کە مایەی ترسە لەلای دانیشتووانی ناوچەکانی رۆژئاوا و بیابانەکان، چونکە گەورەترین زەرەرمەند ئەوان دەبن، ئەمە سەرباری جیاوازی ئابووری نێوان ویلایەتەکان یان هەرێمەکان و ئەمەیش رەهەندی دیکەی دەبێت، کە رەنگە ببنە مایەی هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی بۆ دەستگرتن بەپێی ئەو توانا و سامانانەدا لەکاتی نەبوونی ناوەندێکی بەهێزدا، هەروەها خزاندنی ئەم بابەتە بۆ نێو دەستووری فیدراڵ، لە شێوەی یاسایەک، بەڵام کامەیە زامنی جێبەجێکردنی و، نزیکترین نموونەش ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بەشێک لە بودجەی گشتیی دەوڵەت دەبات و هاوکات رێگری لە گەیاندنی داهاتە داراییەکانی خۆی بە حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا دەکات.

4 – ئاڵنگاریی تایفەگەری
چەند جارێک پاش 2003، پڕۆژەی فیدراڵی خرایەڕوو، بەتایبەت بانگەشە بۆ هەرێمەکانی نێوەڕاست و باشوور، ئینجا بۆ هەرێمی بەسرە, دوای ئەوە هەرێمی پارێزگا سوننەکان یان پڕۆژەکەی جۆ بایدن کرا و، زۆربەی ئەو پڕۆژانە لووتیان بە لووتی توخمی تایفەگەریدا دەتەقی، بەو پێیەی سرووشتی ئەو ناوچانە زیاتر بەلای یەکێک لە توخمەکانی دانیشتوواندا دەشکێتەوە، بۆ نموونە هەرێمی نێوەڕاست و باشوور شیعە دەبێت و هەرێمی رۆژئاوا سوننە و، هەرێمی کوردستانی کوردیش خۆی هەیە. ئەم جۆرە دابەشکارییە ململانێی ئایینی دەورووژێنێت، کە لە هەمووان مەترسیدارترە، بەتایبەتیش کە هۆكاری دەرەکی بۆ سەپاندنی دیدگەی خۆی ئامادەیی بەهێزی دەبێت و، رەنگە لەکۆتاییدا بکەوینە شەڕێکی بەوەکالەت یان تەنانەت ململانێیەکی ناوچەییش(21).دکتۆر یەحیا کوبەیسی لەگەڵ مرادیدا لەوەی کە ئاڵنگاریی ئابووری گەورەترین ئاڵنگارییە بۆ فیدراڵیی عێراق هاوڕایە و، دەنووسێت: “بەڵام گرنگترین پرسیار کە هەرگیز نەخراوەتەڕوو ئەمەیە: ئایا دەکرێت باس لە ئەگەری پیادەکردنی نموونەیەکی فیدراڵی راستەقینە لە دەوڵەتێکی رەیعی (Rentier state) دا بکرێت؟ و، ئایا دەکرێت باس لە ئەگەری لاوازکردنی ناوەند لەم جۆرە دەوڵەتەدا بکرێت؟ چونکە لە سۆنگەی چەمکەكەوە دژبەرییەک لەنێوان بیرۆکەی فیدراڵی لەسەر بنەمای لاوازکردنی ناوەند و بەخشینی دەسەڵاتەکانی بە هەرێمەکان لەلایەک و، کەتواری دەوڵەتی رەیعی، کە هەموو کات پێگەی بەهێز بە حکومەتی ناوەند دەدات بەوەی کۆنترۆڵی داهات و دابەشکردنی بەدەستەوەیە، لەلایەکی دیکەوە. لە هەموو ئەو 25 دەوڵەتەی سیستمی فیدراڵی پەیڕەو دەکەن، یەک دەوڵەتی رەیعی نییە کە عێراق لەسەر رێچکەی ئەو بڕوات! لەبەرئەوەش ناوەند دەسەڵاتی بەسەر داهاتی رەیعیدا هەیە، تاقانەیی هەرێمی کوردستانی عێراقیش لێرەدا هەرێمەکەی لە ملکەچی تەواو بۆ ناوەند رزگار نەکردووە. بەڵگەی ئەم راستییەیش ئەو هەنگاوەیە کە حکومەتی فیدرال نای و لە هەردوو ساڵی 2013 و 2014دا بەشە بودجەی هەرێمەکەی بڕی”(22) .

هەڵوێستی نەرێنیی سوننە بەرامبەر فیدراڵی

سوننەی عێراق سەرەتا و لەبەر چەندین هۆکار کە لە خوارەوە دەیانخەینەڕوو، سەرسەختترین بەرگریکەرانی ناوەندێتی و تووندترین دژبەرانی فیدراڵی بوون. هەروەها سوننە گەورەترین بەرهەڵستکاری داننانی ئەمریکا بوون بە دۆخە تایبەتەکەی نەتەوەی کورد لە عێراق، کە زۆر بە خێرایی بووە مایەی راگەیاندنی “هەرێمی کوردستان” لە باکووری عێراق، تەنانەت رەتیانکردەوە لە ساڵی 2005 دەنگ بۆ دەستووری بەرکار بدەن، لەبەرئەوەی دەیگوت کە پارێزگایەک یان زیاتر مافی بوونە هەرێمیان هەیە بەپێی هەندێک مەرجی دیاریکراو. رێژەیەکی زۆری سوننە لەکاتی گشتپرسی دەستووردا رەتیانکردەوە، بەڵام زۆرینەی دوو لەسەر سێی سێ پارێزگای عێراق، کە 18 پارێزگان، پێی قایل نەبوون: هەردوو پارێزگای سەڵاحەددین و ئەنبار بە زۆرینە دەنگیاندا، بەڵام تەنیا %55 بە “نا” دەنگیان دابوو. نەینەوا – کە پارێزگایەکی کورد و سوننە و مەسیحییە – بە رێژەی %12 کورتیهێنا. بەگشتی، %78ی عێراقییەکان بە دەستوورەکە رازیبوون و، پشتیوانییەکەی گەیشتە %99 لە هەندێ پارێزگای شیعەدا(23).
کاتێک کە هاوپەیمانە سیاسییەکانی حەکیم ئەم بابەتەیان لە دانوستاندنەكانی داڕشتنی دەستووردا ورووژاند، عەرەبی سوننە سەراسیمە بوون. ئەوان لەمێژبوو گومانیان لە نیازەکانی ئێران هەبوو و، لەوەی تیۆکراسی شیعە نیازی دەستتێوەردانی لە کاروباری نێوخۆیی عێراق هەیە. ئەوەبوو، ئەیاد سامەڕایی، ئەندامی دیاری حیزبە سوننەکەی عێراق، گوتی: “شتەکە خافڵگیرانە هاتە بەر چاوان”. ئەو لە لیژنەی نووسینی دەستوور بوو کە ناچاربوو بەهۆی رەتکردنەوەی حکومەتێکی ناوەندی لاواز لەلایەن سوننەوە دوا وادەی کارەکانی بۆ ماوەی هەفتەیەک دوابخات، ئەو دەڵێت “لێکدانەوەمان وابوو کە ئێران لەپشت ئەمەوەیە”. عێراقییەکانی پارێزگا هەژارەکانی باشووریش دەیانگوت کە دەیانەوێت زیاتر کۆنترۆڵی سەرچاوە و داهاتە خۆجێیەکانی خۆیان بکەن. چونکە ئەوان لەسەر زۆربەی یەدەگی وزەی عێراق دانیشتوون و شار و گوندەکانیان لە چەند دەیەیەکی ماوەی حوکمڕانی ئەو حکومەتە یەک لەدوا یەکانەی سوننە لە بەغدا سەرکردایەتییان دەکرد بێبەشکرابوون. سوننەش لەوە دەترسان ئەم فیدراڵییەی حەکیم بانگەشەی بۆ دەکات فێڵێک بێت بۆ ئەوەی ئێران بە کردەنی کۆنترۆڵی باشوور بکات(24) .
سەرکردەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و حیزبی دەعوە دەڵێن ئەو لێکدانەوانە، تەنیا ئەنجامی کەوتنە ژێر کاریگەری تیۆری پیلانگێڕین و هەمان ئەو کەسانە بازاڕیان گەرم دەکەن کە پێشتر چاویان بڕیبووە سامانی نەوتی عێراق. هەردوو گرووپیش پێیانوابوو فیدراڵی ئامرازێکە بۆ زاڵبوون بەسەر دوایین ئەزموونی مێژووییاندا لەگەڵ عێراق و، دۆخی تایفەی شیعە کە پێشتر لە پێشەوەی ئەو لایەنانە بوو کە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی عێراقەوە سەرکوت دەکرا. ئەمان کە زۆرینە بوون پێیان وابوو فیدراڵی زامنی ئەوەوە دەبێ هەرگیز شیعە جارێکی دیکە نەکەونە بەر شاڵاوی هەژموونی دیکتاتۆرییەکی کەمینەی سوننەوە.
رەخنەگران دەڵێن بابەتەکە لە پاڵ پێداگری شیعە لە خێرا تێپەڕاندنی لە پەرلەمان، لەگەڵ رێککەوتنەکانی پێشوو دژبەر بوو، لەوانەیش پشتیوانی بەرەی سازان لە دەستوور – کە چەمکی فیدراڵی دەچەسپێنێت – پێش ئەوەی پەسەند بکرێت، لە بەرامبەر پابەندبوونی شیعە بە چاوخشاندنەوە بە فیدراڵی و بابەتە دەستوورییەکانی دیکەدا، پاش پێکهێنانی حکومەتی هەمیشەیی. پێشنیازی ئەنجوومونی باڵای شۆڕشی ئیسلامی، وەک سوننەکان دەڵێن، لە نێوەڕۆکدا ئەو رێککەوتنە بەلاوە دەنێت.
لەوە دەچێت بیردۆزی پیلانگێڕی و نەبوونی متمانەی دوولایەنەی نێوان شیعە و سوننە، یەکێکبێ لە هۆکارەکانی رەتکردنەوەی فیدراڵی. ئێرانییەکان هیچ کاتێک پێیان وانەبووە ئەو فیدراڵییەی لەبەر چاویان گرتووە ببێتە هەنگاوێک بەرەو دابەشکردنی عێراق. رۆژنامەیەکی رۆژانەی نزیک لە حوکمڕانانی ئێران نووسیبووی: “دەبوو دەستووری نوێی عێراق بەڵگەنامەیەک بێت بۆ سەلماندن و بەهێزکردنی دەستپاکی سیاسی عێراق و سەربەخۆیی ئەو وڵاتە لەگەڵ یەکێتیی خاکەکەی و یەکخستنیدا”. پاش هەموو شتێکیش، بەرپرسانی ئێران دەڵێن ئەگەر عێراق بە هێڵی نەتەوەیی و تایفەگەرانەدا دابەشبکرێت، لەوانەیە ببێتە ئیلهامبەخشی کەمینە ناسەقامگیرەکان، کورد و عەرەب و ئازەری، بۆ یاخیبوون(25) .
بەگشتی دەکرێت هەڵوێستەکانی سوننە بەرامبەر بەفیدراڵی بەوردبوونەوە لەم تەوەرانەی خوارەوە کورتبکرێنەوە:
یەکەم، ئەوان پێیانوایە فیدراڵی بەردی بناخەی بەبەلکانکردنی عێراق و دابەشکردنییەتی.
دووەم، بەهۆی چڕبوونەوەی سامانەکانی عێراق لە باکوور و باشووردا، ترسی ئەوەیان هەیە کە لە بابەتی بەکارهێنانی سامانە نیشتمانییەکاندا پەراوێز بخرێن.
سێیەم، ئاستی دژایەتی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیان کەمکردەوە، بەڵام بەڕوونی بۆ باشووری عێراق دژایەتیان کرد.
چوارەم، نیگەرانن لەوەی فیدراڵی زیان بە ناسنامی عەرەبی عێراق بگەیێنێت.
پێنجەم، لە هەوڵی ئەوەدان، بە بەکارهێنانی پشتیوانی وڵاتانی عەرەب و تورکیا ئەو هێزەی لەدەستیان چووە بەدەستی بێننەوە(26).
سوننە بەردەوام دژی ئەو بیرۆکەی فیدراڵی بوون کە چەند جارێک لە ناوەندەکانی شیعەدا و بەتایبەتی لەنێو خەڵکی شاری بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت سەریهەڵدا بە بیانووی ئەوەی ئەو شارە دابینکەری بەشی هەرە زۆری پارەی بودجەی گشتی وڵاتە و ئەو پشکەی بۆی تەرخاندەکرێت بەشی ناکات بۆیە دەبێ وەکو ناوچەکەی کوردان بکات و، سەبەخۆییەکی زۆری سیاسی بەدەستبێنێت. یەحیا کوبەیسی، هەڵوێستی سوننە لە فیدراڵی بە بێهوودە و شیزۆفرینیایی وەسفدەکات و دەڵێت:
“لەدەستدانی ئەو دەوڵەتەی لە 1921ەوە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا تێیدا باڵادەستبوون شۆکێکی کاتی نەبوو بۆ سوننە، بگرە بوومەلەرزەیەک بوو توانای هەڵسوکەوتی عەقڵانی لەگەڵ رووداوەکانی پاش نیسانی 2003ی لێسەندن. بەتایبەتیش کاتێک داگیرکەری ئەمریکایی بە کردەنی هاوکاری ئەو گوتارەی دەکرد کە هۆكارە براوەکانی شیعە و کورد دەیانخستەڕوو، لەبارەی ئاوێتەبوونی بەعس و سوننە، ئەمەش لەگەڵ حەزی حیزبی ئیسلامیی سوننە، ئەو حیزبەی ئەمریکاییەکان بەمەبەستی رزگاربوون لە بەعس بەزۆر وەک نوێنەری عەرەبی سوننە پاش 2003 سەپاندیان، چونکە کێبەرکێکەری سەرەکیان بوو لەنێو کۆمەڵگەی سوننەدا، ئەوەبوو کاریان بۆ ریشەکێشکردنی بەعس کرد (حیزبی ئیسلامی لایەنی باڵادەستبوو لە بەرەی سازان و هۆكاری سەرەکی بوو لە بەرهەمهێنانی یاسای بەدناوی لێپرسینەوە و دادوەری کە بریمەر سەپاندی و، لە دژایەتی حیزبی بەعسدا تووندتر بوو لەوەی پێشوو) و، هەروەها حیزبی ئیسلامی لەڕێی دکتۆر سەلیم جبووریی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە یاریکەری سەرەکی بوو لە تێپەڕاندنی یاسا خراپترەکەی قەدەخەکردنی بەعس(27).
عەرەبی سوننە دەستیان گرت بە چەمکێکی بێهوودەوە بەنێوی “پێناسی نیشتمانی” و بە ئەنقەست لە بیری خۆیان بردەوە کە خۆیان لەڕێی کۆنترۆڵکردنی دەوڵەتی عێراقەوە تەنیا داڕێژەری ئەو چەمکە بوون و، چەمکەکە تەنیا “پێناسێکی” سوننە بوو، شیعە و کورد دەستیان لە داڕشتنیدا نەبوو! هەر بۆیە پێناسێکی سەپێنراوی وەهمی بوو زیاتر لەوەی پێناسێکی نیشتمانی راستەقینەبێ کە رەنگدانەوەی فرەیی بێت، هەرچەندە لە نێوەڕۆکدا دانی پێدا دەنا! بەوشێوەیەش بینیمان نوێنەرانی سوننە مکوڕ بوون لەسەر دەستگرتن بە بۆچوونەکانی خۆیانەوە سەبارەت بەم پێناسە و، بۆ نموونە، ئەمە لە هەڵوێستیان بەرامبەر هەردوو بابەتی پێناسی دەوڵەت و فیدراڵیدا لە لیژنەی نووسینی دەستوور بەڕوونی دیاربوو. جگە لە حیزبی ئیسلامی کە لە بنەڕەتدا لە گوتاری پێناسی سوننەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەوانیدیکە سووربوون لەسەر بەکارهێنانی دەستەواژەی “نیشتمانی” هەر یەکێکیان بەپێی دەرکەوتنی خۆی لە نێوی رێکخستنە حیزبییەكان یان لیستەکانی هەڵبژاردنیان و گوتارەکانیاندا و، لەوانەیە دەستەی زانایانی موسڵمان باشترین نوێنەری ئەم شیزۆفرینیایە بێت(28). ئەو ئاوەز و رێکخستنانەی عەرەبی سوننە کە بوونە مایەی دۆڕاندنیان، ئاوەز و رێکخستنی تووندڕەوی ئایدیۆلۆژیایی نازانستیبوون کە تیَیاندا لایەنی ئایینی و سیاسی لەنێو یەکدیدا ونبوون و وایانکرد یاخی ببێت و بڕوای بە تیۆری پیلانگێڕی هەبێت و لە رابردوودا بژی و هەوڵی دەستگرتن بەسەر ئێستادا بدات و، کاتێک تێكشكا پەنا بۆ تووندوتیژی ببات.
هۆکاری شکستی ئاوەزی عەرەبی سوننەی نەتەوەیی و ئایینیی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە رووبەڕووبوونەوەی دۆخی عێراقێکی دیکە کە ئاشنای نین و رووەو حوکمڕانی عەلمانیی فیدراڵ دەچێت، لە 1991ەوە، بۆ گەڕانی ئەم ئاوەزە بەدوای حوکمڕانییەکی ئایینی ناوەندیدا دەگەڕێتەوە کە رووداوەکان لە ساڵی 1920ەوە بەجێیان هێشتووە، یان بەدوای حوکمڕانییەکی عەلمانی ناوەندیدا کە رووداوەکان لە 2003ەوە بەجێیانهێشت.
ئەم شکستە و ئەو رووبەڕووبوونەوەیە وایانکرد ئاوەزی عەرەبی نەتەوەیی و ئایینی بکەونە دۆخی ژانێکی سەختەوە کە تیَیدا (مەرجەعەکان)ی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی عەرەبی سوننە شکستێکی مێژووییان خوارد لە ئامێزگرتنی جەماوەرە ئایینی و شارستانییەکەی خۆیان، بۆیە جەماوەرە ئایینییەکە روویانکردە تووندڕەوی (قاعیدە و داعش) و جەماوەرە شارستانییەکە لە هەردوو لایان هەڵگەڕایەوە(29). ریناد مەنسوور، توێژەر لە سەنتەری کارنیگی، لە لێکۆڵینەوەیەکیدا بەنێونیشانی (تەنگژەی سوننە لە عێراقدا)، لەگەڵ ئەم بۆچوونانەی کوبەیسی و عومەر هاوڕایە. مەنسوور کە باسی ئاوەزی سوننە دەکات، دەڵێت: “کارەکە هەر بەوەندە نەوەستا کە سوننە هەیکەلێکی سەرکردایەتی روونیان نەبوو، بگرە لەوە گرنگتر ئەوەبوو کە ناسنامەی تایفەگەرانەی پێویستیان بۆ جۆشدانی سیاسی سەرکەوتووانەیان لە عێراقی پاش 2003 نەبوو” و دەوڵەتی نوێی پێکهاتەکانیان رەتکردەوە و، فیدراڵییان رەتکردەوە و، زۆربەیان بە ئاشکرا بەکارهێنانی وشەی “سوننە” یان “پێکهاتە”یان رەتدەکردەوە، بەڵام سەرباری ئەوەی سەرکردایەتییەکانی سوننەی عێراق، لەکاتی داگیرکردنی مووسڵەوە، هەوڵی جۆراوجۆریاندا بۆ کۆکردنەوەی سەرکردە سیاسییە سوننەکان بە مەبەستی بەدیهێنانی زەوینەیەکی هاوبەش و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو و، کۆنگرە لە بەغدا و هەولێر و عەممان و دەوحە و بەیرووت و شوێنانی دیکەی ناوچەکە ساز کران، بەڵام ناکۆکییەکان هێشتا رێگرن لە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو”.
ئەو لێكۆلینڤانە پێیوایە سوننە بەپێچەوانەی شیعە مەرجەعیەتێکی ئایینی یان سیاسی هاوشێوەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعەیان نییە و، مەرجەعیەتی ئایینییان پەرتبووە لەنێوان دەستەی زانایانی سەلەفی و ئەنجوومەنی فیقهی (نزیک لە ئیخوان موسلمین) و بەعسی سۆشیالیستدا کە ئەمەی دوایی دابەشبووە بۆ نەقشبەندی و کۆمەڵەی عەودە. ئەو هاوپەیمانیی هێزە کە لە حوکمڕانیدا نوێنەرایەتیان دەکات لاوازە و لەلایەن مالیکییەوە و دواتر لەلایەن عەبادییەوە قوتدراوە بەبێ ئەوەی دەسکەوتی بەرچاو بۆ عەرەبی سوننە دەستەبەر بکات(30).
نووسەر یاسر زەعاترە پێیوایە سەرکردایەتییەکانی سوننە، ئەوانەی سەرکردایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە ئەمریکییەکانیان دەکرد، بە ئاگاداری یان بەبێ ئاگاداری خزمەتی ئەجیَندای لایەنە شیعەکانی نێو دەسەڵاتیان کردووە و دەنووسێت:
“ئەگەر سیاسەتڤانی دانا و ئازا هەبوونایە و نوێنەرایەتی عەرەبی سوننەیان بکردایە، دەیانتوانی دەسکەوتی راستەقینەیان هەبێت و ئەو توێژەی نوێنەرایەتیان دەکرد لە بازنەی کەمینەدا قەتیس نەدەبوو، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە هەڵگری ناونیشانی ئەو بەرگرییە بوون کە ئەمریکییەکانی ماندووکردبوو و زیانی گیانی و دارایی پێدەگەیاندن، نەک لایەنی شیعە کە پشتی بە گوشاری بەرگری دەبەست بۆ بەدەستهێنانی سازشی داگیرکەر لەسایەی ناونیشانی رێکخستنی دۆخێکی سیاسی کە داگیرکەر لە بارگرانی رووبەڕووبوونەوەی بەرگری رزگار بکات و، هەلی کشانەوەی، بێ هەستکردن بە دۆڕاویی تەواو، بۆ بڕەخسێنێت”(31).

فیدراڵی و دابەشکردنی عێراق

گرنگترین ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ فیدراڵی ئەوەیە کە دەڵێن: دابەشکردنی عێراقە یان هەنگاوێکە بەرەو دابەشکردنی. چەندین گومان خرانە سەرڕێی پەسەندکردنی فیدراڵی گرنگترینیان گومانی دابەشکردنی عێراق و لاوازکردنی گیانی نیشتمانی و لاوازکردنی رۆڵی زۆرینە بە قەتیسکردنیان لە هەرێمەکانی خۆیاندا و، لەلایەکی دیکەشەوە ئەو لایەنەی لەڕووی مێژووییەوە دەستی بەسەر کاروباری عێراقدا گرتبوو، رەتیدەکردەوە هەژموونی تەنیا لە ناوچە سنووردارەکەی خۆیدا قەتیس بکرێت. بەڵام لێکۆلینەوەیەکی ورد و لەسەرخۆ بۆ ئەو سیستمە فیدرالانەی هەن و ئەو نموونە فیدرالەی عێراق، بە مەرجی جێبەجێکردنی دروست، پێچەوانەی بۆچوونی دژبەرانی فیدراڵی ئاشکرا دەکەن. بگرە رەنگە سیستمی فیدراڵی لە رابردوودا سەرکەوتووترین سیستمی سیاسی بووبێت بۆ رێگری لە دابەشبوونی چەندان کۆمەڵگە و، ئێمە وایدەبینین کە دوا پەناگەیە بۆ پاراستنی عێراق لە پەرتبوونی زیاتر و داڕمانی تەواو.
ئەدەبیاتی فیدراڵی دوو مەترسی پەیوەست بە فیدراڵی نەتەوەیی دەخەنەڕوو، یەکەمیان زیادکردنی گرژی نەژادی و دووەم مەترسی جیابوونەوەیە. وەک لە 2004دا بەوشێوەیە کورتکرایەوە: “زۆر لە زانایان ترسیان هەیە لەوەی داڕشتنی سنووری هەرێمیی عێراق لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان ئایینی ببێتە هێڵی هاوشێوەی هێڵی ململانێی نەژادی و جیاخوازی بەهۆی بەهێزکردنی نەژادپەرستی و پێناسە ئایینییەکانی وڵاتەکەوە”. بەگریکەران لەم بۆچوونە لە عێراقدا، دەڵێن واقعی پەیوەست بە دۆخی دیمۆگرافیایی عێراق وادەکات دروستکردنی ناوچەی هۆمۆجین مەحاڵ بێت. جگە لەوەی بەشی باکووری عێراق، کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن و کەمینەی دیکەیشیان لەگەڵە، کە لە توانایاندا هەیە گرژی لەنێوان زۆرینە نوێیەکە و کەمینە نوێیەکان دروستبکەن. ئەم بابەتە پێیدەگوترێت “کێشەی کەمینەی نێو کەمینەکان”. بابەتێکی دیکەی گەورە هەیە پەیوەستە بە ئەگەری دروستکردنی کێشە لەنێو هەرێمەکاندا. ئەم پرسە بە پارادۆکسی فیدراڵی ناسراوە. ترس لەوەی کاتێک یەکێتییەکە دابەشدەبێت، بەپێی هێڵی نەتەوەیی و کاتێک ئەم ناوچانە ئاستێکی باڵای سەربەخۆییان پێدەدرێت ئەگەری زۆری جیابوونەوەیان لە دەوڵەت لە ئارادا دەبێت. پارادۆکسەکە ئەوەیە کە هەرچەندە فیدراڵی رەنگە لە سەرەتادا گرژیی نێوان کۆمەڵە نەتەوەییەکانی نێو دەوڵەت کەمبکاتەوە و رێگری لە جیابوونەوە بکات، رێگە بۆ دابەشبوون خۆشدەکات. لەبەرئەوە زۆرجار گوتراوە کە هۆکاری ڕاستەقینەی گرنگیدانی کورد بە فیدراڵی بۆ ئەوەیە لە داهاتوودا سەربەخۆیی تەواو بەدەستبێنن(32) .
لەبەرئەوە هەندێک لێكۆلینڤان پێیانوایە فیدراڵیزمێک بە دەسەڵاتێکی زۆری ناوەندەوە باشترین نموونەی فیدراڵییە لە دۆخی فرەنەژادیدا. ئەمان بۆ ئەم بۆچوونە پشتیان بە ئەزموونی پاش سەربەخۆیی نایجیریا بەستووە. کە شەڕێکی نێوخۆیی هەڵگیرسا (شەڕی بیافرا 1966-1969) لەنێوان سێ هەرێمدا کە تاوەكو رادەیەک لەسەر بنەمای نەژاد و ئایینزا پێکهاتبوون و دەسەڵاتی فیدراڵ لاوازبوو. ئەم توێژەرانە پێیانوایە عێراقیش بە هەمان رێچکەدا دەڕوات، ئەگەر دەسەڵاتی فیدراڵ وەک پێویست دەسەڵات و هێزی نەبێت(33) .
بەڵام خوێندنەوەیەکی ورد بۆ دۆخی عێراق لە ماوەی 2004-2014 پێچەوانەی ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێت کە پێیوایە فیدراڵی ڕێخۆشکەرە بۆ دابەشبوون. بگرە ئەوە گوێنەدانە بە دیموکراسی و بەندەکانی دەستوور، لەلایەن بڕیاربەدەستانی بەغداوە، عێراق رووبەڕووی لەتبوونی کۆمەڵگەیی دەکەن و درزیان خستووەتە یەکێتیی عێراقەوە. بۆ نموونە، باس لە داگیرکردنی عێراق لەلایەن داعشەوە دەکەین لە 2014دا و، گشتپرسی هەرێمی كوردستان لە 2017دا، وەک نموونە، نەوەک تەنیا وەك رووداوێك. هەروەک لە سەرەوەدا باسمانکرد، مالیکی پرۆسەی دیموکراسی ئیفلیج کرد و، هەوڵیدا تاکلایەنە حوکمڕانی بکات، لەڕێی سیاسەتی پاکتاوی تایفەگەری دژ بە سوننە بە دروشمی ریشەکێشکردنی بەعس و یاسای لێپرسینەوە و یاسای ژمارە چواری تیرۆر. کاتێک بزووتنەوەی گەلیَری سوننە بە پێشەوایەتی رەوتی عەلمانی سوننە و حیزبی ئیسلامی سەریهەڵدا، مالیکی بە وابییەت و پەیوەستبوون بە قاعیدە و بەعسەوە تۆمەتباری کردن و، چەند قەسابخانەیەکی دژ بەم بزووتنەوە سیڤیل و دەستوورییە، لە گۆڕەپانەکانی بزووتنەوەی گەلیَری لە ناوچە سوننەکاندا ئەنجامدا. ئەمە هەستی دوورکەوتنەوە و پەراوێزخراویی لای پێکهاتەی سوننە بەهێزکرد و بووە مایەی ئەوەی هەندێ ناوچەی سوننە وەک رزگارکەرێک لەو سەرکوتکارییە تایفەگەرییەی گیرۆدەی ببوون پێشوازی لە داعش بکەن(34) .
بە پێچەوانەی ماوەی پێش 2014، کاتێک سوننە بەرهەڵستی پێکهێنانی هەرێمیان دەکرد، ئێستا بڕوایەکی پتەو لەلای دەستەبژێری سیاسی سوننە هەیە (چ ئەوانەی لەنێو پرۆسەی سیاسین یان ئەوانەی لە دەرەوەی پرۆسەکەن) هەروەها لای بەشێکی زۆری شەقامی سوننە، پێیوایە فیدراڵی تەنیا رێگەیە بۆ زامنکردنی مافە رەواکانیان لە چوارچێوەی نیشتماندا(35). هۆکاری ئەمەش بێبەشکردن و پەراوێزخستنیانە لە پرۆسە سیاسییەکە و، دەستبەردانە لەو سازانە سیاسییەی دەستوور بۆ دەرکردنی بڕیارە چارەنووسسازەکان بڕیاریداوە(36).
بڕیاربەدەستانی هاوپەیمانیی نیشتمانیی شیعە، کە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە، بە ئاشکرا رایدەگەیێنن کە باوەڕیان بە سازانی سیاسی نییە و، لەوکاتەوەی دەسەڵاتی خۆیان چەسپاندووە هەوڵدەدەن تاکڕەوانە بەنێوی “حوکمڕانیی زۆرینەی سیاسی”یەوە ‌حوکمڕانی بکەن(37).
لەم سۆنگەیەوە، لەم چەندساڵەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر بڕیاری سیاسی چارەنووسسازیان بەبێ بەشداری کورد و عەرەبی سوننە دەرکرد، کە دوایینیان بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق، لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، کە مایەی نیگەرانی کورد و عەرەبی سوننە بوو. ئەوەبوو سەرکردەکانی هاوپەیمانی هێزە عێراقییە سوننەکان چەندان راگەیاندنی پەیوەست بە زیندووکردنەوەی هەرێمی سوننەیان دەرکرد، لەبەرئەوەی شیعە تاکلایەنە بڕیاردەدەن و ئاکامی بڕیارەکانیان هەموو عێراق دەگرنەوە(38) .
بەرهەڵستیی سوننە بۆ بیرۆکەی فیدراڵی بەردەوام بوو، کە زیاتر لە جارێک لە ناوەندەکانی شیعەدا سەریهەڵدا، بەتایبەتی لەنێو خەڵکی شاری بەسرەی دەوڵەمەند بە نەوت بە بیانووی ئەوەی ئەو پشکەی بۆ ئەو شارە تەرخاندەکرێت کە دابینکەری بەشی هەرە زۆری پارەی بودجەی گشتیی وڵاتە، بەشی ناکات. بۆیە دەبێت وەکو کورد بکەن و سەربەخۆییەکی زۆری سیاسی بەدەستبێنن.
جێگەی سەرنجە کە سوننە دەستبەرداری بڕوایان بە دەوڵەتی ناوەندی نەبوون، تەنانەت لە کاتی چالاکیی رێکخستنی قاعیدە لە ناوچەکانیان (لە ساڵانی 2005-2008) یان لەوکاتەی رێکخستنی داعش لە 2014دا دەستی بەسەر ناوچەکانیاندا گرت. بەڵام کاتێک عێراق بەهاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی داعشی لەو ناوچانە وەدەر نا و، رێگرییە ئەمنییەکانی میلیشیاکانی سەر بەئێران سەپاندبوویان رێگرییان لە گەڕانەوەی خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە کرد و “دیمەنی میلیشیاکان کاتێک سەرقاڵی دروستکردنی بنکە و بارەگای گەورە بوون لە ناوچەکانی سوننەدا، بەتەنیشت ئەو ماڵانەوە کە بەهۆی شەڕی لەناوبردنی داعشەوە رووخێنرابوون، بەس بوون و بگرە زیاتریش. هەروەها حکوومەت گەڕاندنەوەی سوننە دەربەدەرکراوەکانی بۆ ناوچەکانی خۆیان پشتگوێ خست و، تەنیا خەمی میلیشیاکانیش کۆنترۆڵکردنی رێگەوبانەکان بوو بەمەبەستی بەدیهێنانی خەونی تاران لە بەستنەوەی خاکی ئێران بە سووریاوە لەڕێی عێراقەوە، هەموو ئەو رێگەیانەیش بە پارێزگاکانی زۆرینە سوننەدا، وەک ئەنبار و نەینەوا، تێپەڕ دەبن”. ئەمە قەناعەتێکی لەلایان دروستکرد بەوەی فیدراڵیزم تەنیا رێگەیە کە بتوانن بەهۆیەوە مافەکانی خۆیان وەرگرنەوە(39) .
لێرەدا ئەواندە بەسە ئاماژە بکەین بۆ ئەوەی سیاسەتە تایەفەگەرا و ستەمکارانەکانی ناوەند، وەکو جێبەجێنەکردنی ماددەکانی پەیوەست بە فیدراڵیزم لە دەستووردا، وەکو پێکنەهێنانی ئەنجومەنی فیدرال و رێگری لە دەرچوواندنی یاسای نەوت و گاز و، بڕینی بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و، سیاسەتی دوورخستنەوەی کورد لە پۆستە ئەمنی و سەربازییەکان لە 2011وە. لە کاتێکدا حکوومەت بە ملیاران دینار بۆ حەشدی شەعبی تەرخاندەکات (کە هێزی میلیشیایین و زۆربەیان ئەجیندای ناعێراقی جێبەجێ دەکەن) هەمان ئەو حکوومەتە پێداگری لە تەرخاننەکردنی بودجەیەک بۆ پێشمەرگە دەکات کە هێزێکی عێراقییە و، ئەم کارە پێچەوانەی دەستوورە. ماددەی 140ی پەیوەست بە ناوچە کوردستانییەکان و پێداگری لە بەردەوامیدان بە سیاسەتە رەگەزپەرستانەکانی بەعس (بە زیادکردنی بەرگێکی تایفەگەرییەوە)، ئەمانە سەرکردایەتیی کورد و شەقامی کوردیان گەیاندە ئەو قەناعەتەی کە هیچ هیوایەک بۆ جێبەجێکردنی فیدراڵیزم لە ئارادا نییە و گشتپرسی تەنیا جێگرەوەیە بۆ پاراستنی مافەکانی کورد. کاتێکیش لە 2017دا گشتپرسی ئەنجامدرا، پێشێلکاریی دیکە ئەنجامدران، کە بریتیبوون لە ناردنی تانک و هێزی میلیشیایی و سوپای پاسدارانی ئێران بە سەرکردایەتیی قاسم سولەیمانی بەمەبەستی بێبەشکردنی کورد لە پیادەکردنی مافی دەربڕینی ئاشتییانەی ویستی خۆیان. لە کاتێکدا دەستووری عێراق بەکارهێنانی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی لە ململانێ سیاسییەکاندا قەدەخە کردووە.
بەم شێوەیە بۆمان رووندەبێتەوە عەرەبی سوننە و کورد، کە نیوەی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن و، بەشێکی بەرچاوی شیعەیش، وەک دانیشتووانی بەسرە بۆ نموونە، گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە فیدراڵیزم ئەو سیستمە سیاسییەیە عێراق بەو سنوورەی ئێستایەوە دەپارێزێت.
لە لێکۆڵینەوەیەکی دووقۆڵیی گشتگیردا بۆ دنیای کۆن و نوێ، هەردوو توێژەری ئەمەریکایی جۆن مەکگری و براندان ئۆلێری، گەیشتنە ئەوەی فیدراڵیزم وەک سیستمێکی سیاسی گەلان لە شەڕی نێوخۆیی دەپارێزێت و چوارچێوەیەک بۆ پێکەوەژیانی ئایین و نەتەوە جیاکان دەستەبەر دەکات، بەو مەرجەی دابەشکردنێکی روون بۆ دەسەڵات لەنێوان ناوەند و ویلایەتەکان و، میکانیزمی دەستووری و دادوەری بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان و بڵاوکردنەوەی کولتووری فیدراڵیزم هەبن. هەروەها دیموکراسی و فیدراڵیزم دووانەیەکن لەیەک جیا ناکرێنەوە.
ئەو دوو توێژەرە دەڵێن خوێندنەوەیەکی ورد بۆ دۆخی وڵاتانی فیدرال لە جیهاندا دەریدەخات زۆربەیان توانیویانە بەهۆی باڵادەستیی دیموکراسی و سەروەریی یاساوە زیاتر لە چەند سەدەیەک بەردەوام ببن. هەروەها زۆربەی ئەو کێشانەی لە وڵاتانی فیدرالدا دەرکەوتوون بەهۆی نەبوونی دیموکراسییەوە بوون یان بەهۆی هەوڵی هەندێ لایەنی ناوەوە، بەتایبەتی ناوەند، بۆ فراوانخوازی لەسەر حیسابی ویلایەتەکان یان هەوڵی سڕینەوەیان بوون. بۆ نموونە، بەلجیکا کێشەی زۆری لەنێو سێ پێکهاتە نەتەوەیی و زوانییەکانی (فلامینگ و والۆن و جێرمان) هەبوو و چارەسەری فیدراڵ باشترین كردەیەك بوو بۆ پاراستنی یەکێتیی وڵاتەکە و دابەشنەبوونی، ئەوە بوو لە 1993دا لە دەوڵەتێکی ناوەندییەوە بوو بە دەوڵەتێکی فیدرال بە سێ هەرێمەوە. هەروەها فیدراڵیزم یەکێتیی زۆر وڵاتی دیکەی پاراست، وەک: ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لە پاش شەڕی نێوخۆ دامەزرا.
هۆکاری دامەزراندنی زۆر دەوڵەتی فیدراڵ هەبوونی فرەڕەنگیی نەژادی و ئایینزایی بوو، بەتایبەتی وڵاتانی سویسرا، هیندستان، مالیزیا، باشووری ئەفریقا، برازیل، ئەرجەنتینا و وڵاتانی دیکە.
هاوکات هۆکاری راستەوخۆی خەباتی ئەریتیریا بۆ جیابوونەوە لە ئیتیوپیا هەڵوەشاندنەوەی سیستمی فیدراڵ بوو کە لە سەردەمی ئیمپراتۆر Haile Selassie لە 1961دا هەبوو، ئەوە بوو لە 1993دا ئەم دەوڵەتە سەربەخۆیی بەدەستهێنا. هەروەها هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی سوودان هەڵوەشاندنەوەی فیدراڵیزمی باشوور بوو لەلایەن جەعفەر نمێرییەوە لە 1983دا و، ئاکامەکەی سەربەخۆیی دەوڵەتی باشووری سوودان بوو لە 2011دا.
کاتێکیش سەرۆکی سربیا، سلۆبۆدان میلۆسیڤیچ، لە 1989دا ئۆتۆنۆمیی کۆسۆڤای هەڵوەشاندەوە هەمان شت دووبارە بووەوە و لەئاکامدا ئەم هەرێمە لە 2008دا جیا بووەوە.
هەوڵی هەرێمی بیافرا بۆ جیابوونەوە لە نایجیریا و سەرهەڵدانی شەڕی نێوخۆیی لە 1967دا، ئەنجامی بێبەشکردنی بوو لە دەسەڵاتی پێویست بۆ بەڕێوەبردنی کاوباری نێوخۆیی خۆی. هەمان ئەو هۆکارەیش بووە مایەی یاخیبوون و هەوڵی جیابوونەوەی هەرێمی باسک لە 1968 لە ئیسپانیا و، هەوڵی جیابوونەوەی کەرتی ئایرلاندی باکوور لە بریتانیا کە بە رێککەوتنی هەینیی مەزن لە 1998دا کۆتاییهات و ئۆتۆنۆمییەکی بەرفرەوانی بەو کەرتە دا و، هۆکاری هەوڵی جیابوونەوەی دوورگەی ئەنجۆوان و دوورگەی مۆهێلی بوو لە وڵاتی جوزورولقومر، کە تەنیا لە ساڵی 2001 و لەڕێی هەموارکردنی دەستوور و دامەزراندنی سیستمی فیدرال و دەستاودەستکردنی سەرۆکایەتی لەنێوان دوورگەکان کۆتایی هات.
بەڵام یاخیبوونی لەم جۆرە لە زەنزیبار رووینەدا، چونکە کاتێک لە 1964دا لەگەڵ تەنجانیقا بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی تانزانیا یەکیانگرت، ئۆتۆنۆمییەکی خاوەن دەسەڵاتی خۆجێیی زۆری پێدرا.
هەروەها بەخشینی سەربەخۆییەکی زۆر لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا بووە مایەی گەڕانەوەی هۆنگ کۆنگ لە 1997 و ماکاو لە 1999 بۆ باوەشی چین و رزگاربوونیان لە داگیرکاریی بریتانیا و پۆرتۆگال.
واتە، بەپێچەوانەی بۆچوونی دژبەران، حوکمڕانیی ناوەندیی دیکتاتۆر و جێبەجێنەکردنی فیدراڵیزم و برەودان بە گیانی نەتەوەپەرستی لەلایەن سیاسەتڤانانی نەتەوەیی دەمارگیر، دەبنە مایەی لەتبوونی دەوڵەتی فیدراڵ، وەک ئەوەی لە یەکێتیی پێشووی سۆڤیێت روویدا و بووە هۆی لەتبوونی بۆ 16 دەوڵەت لە ساڵی 1991دا و یۆگۆسلاڤیای پێشوو کە بوو بە حەوت دەوڵەت لە 1991دا. ئەم دوو دەوڵەتە هەرچەندە بە ناو فیدراڵ بوون، بەڵام حوکمڕانی تیایاندا ناوەندییەکی توندبوو و گشت دەسەڵاتەکان لای حکوومەتی دیکتاتۆری فیدراڵ بوون و حکوومەتە خۆجێیەکانی کۆمارە پێکهێنەرەکانیان هیچ دەسەڵاتێکی گرنگیان نەبوو، ئەنجامی حەتمیش جیابوونەوەیان بوو. هەمان ئەم هۆکارەیش وای کرد سووریا لە 1961دا لە میسر جیا ببێتەوە و، بەنگلادیش لە 1971دا لە پاکستان جیا ببێتەوە و، چیکۆسلۆڤاکیا لە 1993دا ببێتە دوو دەوڵەت: چیک و سلۆڤاکیا.
ئەگەر لەکاتی یەکگرتنی هەردوو دەوڵەتی یەمەنی باکوور و باشوور لە 1990دا فیدراڵیزم پیادە بکرایە، لە 1994دا شەڕی نێوخۆیی لەنێوانیاندا هەڵنەدەگیرسا، کاتێکیش لە 2014دا گفتوگۆی نیشتمانیی یەمەن دروستبوو یەکێک لە چارەسەرەکان فیدراڵیزمێک بوو یەمەنی دەکردە شەش هەرێمی فیدراڵ.
کاتێکیش لە قوبرس فیدراڵیزم جێبەجێ نەکرا و، سەرۆکی وڵات، ماکاریۆس، لە 1963دا بەمەبەستی بەرتەسککردنی مافەکانی قوبرسییە تورکەکان دەستووری هەموار کرد، ئەمان جیابوونەوە و کۆماری باکووری قوبرسی تورکانیان دامەزراند.
هەروەها ئەگەر فیدراڵیزم لە تەیموری رۆژهەڵات جێبەجێ بکرایە، لە 1999دا لە ئیندۆنیزیا جیا نەدەبووەوە، ئەوە بوو پاش جیابوونەوەکە حکوومەتی ئیندۆنیزیا لە وانەکە تێگەیشت و لە 2001دا ئۆتۆنۆمییەکی فراوانی بە هەرێمی پاپوا دا و لە 2005 و پاش یاخیبوونێکی درێژخایان و داواکردنی جیابوونەوەی بە هەرێمی ئاچێی دا. هەمان شت لە هەرێمی بانجاسامۆرۆ لە فیلیپین روویدا و حکوومەتی فیلیپین لە 2014دا و پاش یاخیبوونێکی سەربازی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دژ بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ئۆتۆنۆمییەی گەلی مۆرۆ لە 1976وە هەیبوو لەلایەن سەرۆک فێردیناند مارکۆسەوە. چارەسەری پێشنیازکراویش بۆ کێشەی بیابانی ڕۆژئاوا کە لە 1975وە هەیە، بریتییە لەو ئۆتۆنۆمییەی شا محەممەدی شەشەم، لە چوارچێوەی دەوڵەتی مەراکشدا لە 2007دا، پێشنیازی کردووە.
ئینجا دژبەران بۆ پشتیوانیی بۆچوونەکەیان باسی گشتپرسییەکانی جیابوونەوەی هەرێمی کیبیکی کەنەدا (لە 1980 و 1995) و سکۆتلاندی بریتانیا لە 2014 و، کەتەلۆنیای ئیسپانیا لە 2017 دەکەن.
بەڵام ئەمەیش پێویستی بە روونکردنەوە هەیە و، بەبێ چوونە نێو وردەکارییەکان و بۆ خۆدوورخستنەوە لە درێژدادڕی، دەڵێین هەر یەکێک لەم حاڵەتانە بارودۆخی تایبەت بەخۆی هەبووە و، گشتپرسیەکان بەپێی بنەمای مافی دیاریکردنی چارەنووس، کە نەتەوە یەکگرتووەکان زەمانەتی کردووە، ئەنجام دراون و پاش بێهیوابوونی ئەو هەرێمانە لە بەدەستهێنانی دەسەڵاتی زیاتر بۆ خۆبەڕێوەبردن هاتوون.
بۆ زانین، یەکێک لە هۆکارەکانی گشتپرسییەکەی کەتەلۆنیا سەندنەوەی ئۆتۆنۆمی بوو لێی لەلایەن فرانسیسکۆ فرانکۆی دیکتاتۆر لە 1979دا کە دواتر دادگەی دەستووری لە 2010دا بەشێکی هەڵوەشاندەوە، بەڵام پاش گشتپرسیەکە، سەرۆکوەزیران، پێدرۆ سانچێز، پێشنیازی دەسەڵاتی زیاتری بۆ هەرێمەکە کرد لە بەرامبەر دەستبەرداربوونی لە بیرۆکەی جیابوونەوە.
لەبەر ئەوەی حکوومەتی خۆجێی سکۆتلاند دەسەڵاتی زۆری نییە بۆ حوکمڕانیی کەرتەکە و حکوومەتی فیدراڵ قایل نەبوو دەسەڵاتی زیاتری پێ بسپێرێت، بڕیاری گشتپرسیی دا بۆ وەرگرتنی رای گەل لەسەر جیابوونەوە لە شانشینی یەکگرتوو، هەر بۆ زانیاریش سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، دەیڤد کامیرۆن، رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسیەکە دەربڕی، واتە یاسایی بوو.
ئەوەیشی لە هەرێمی کیبیک روویدا تاڕادەیەک هاوشێوەی ئەم دوو حاڵەتەیە سەرباری مەیلی نەتەوەیی و هۆکاری ئابووری(40).
واتە، رووداوەکان لە وڵاتانی جیاجیای دنیادا پشتیوانی ئەو بۆچوونە نین کە دەڵێت فیدراڵیزم دەبێتە مایەی دابەشکاری، بەڵکو بەپێچەوانەوە فیدراڵیزم باشترین چارەسەرە بۆ وڵاتانی خاوەن پێکهاتەی جۆراوجۆر. بەم خستنەڕووە لەلامان روون دەبێتەوە کە ئەو سیستمە فیدراڵانەی لەسەر بنەمای ئایینزایی یان نەژادی بنیاتنراون توانای مانەوەیان هەیە ئەگەر لەسەر بنەمای روون دامەزرابن و دان بەوی دیکەدا بنێن و گشت لایەنەکان پەسەندی بکەن و چوارچێوەی یاسایی بۆ پاراستنیان هەبێت و دیموکراسییان تێدا چەسپاو بێت.

گونجاوترین شێوازی فیدراڵیزم بۆ عێراق و کوردستان

ئەوەی لە سەرەوە گوترا روونیدەکاتەوە کە تەگەرە و ئالنگاریی زەبەلاح لەسەر رێگەی جێبەجێکردنی سیستمی فیدراڵیزم لە عێراقدا هەن، بەشێکیان پەیوەندییان بە بۆماوەی فیکری و سیاسیی نەرێنی و هەژاریی هۆشیاری لەمەڕ کولتووری فیدراڵیزم و هەبوونی مەیل بەلای ناوەندیبوون و دژایەتیی دیموکراسی و فرەیی لەلایەن دەستەبژێری سیاسیی پێش و پاش راگەیاندنی فیدراڵیزم لە عێراق هەیە. هەروەها، ئەو دەستەبژێرە سیاسییەی ئێستا حوکمڕانی دەکات گەندەڵە و پاشکۆیەتیی سیاسی بۆ وڵاتانی دیکە دەکات و دامەزراوەکانی دەوڵەتی فیدراڵی بنیات نەنا. سەرباری ئەمانەیش، ناڕوونییەک لە بڕگەکانی پەیوەست بە فیدراڵیزم لە دەستووردا هەیە، ئەمەیش پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوە و دەرچوواندنی یاسا بۆ روونکردنەوەی ئەو ناڕوونییانەیە. بەڵام لەگەڵ گشت ئەو تەگەرانەیشدا، فیدراڵیزم قەدەری عێراقە ئەگەر نیازی پاراستنی یەکێتیی خاکەکەی هەبێت و، گونجاوترین شێوازە بۆ چارەسەرکردنی گشت ئەم بابەتانە.
هەندێک وایدەبینن ئەم ئاڵنگارییانە گەورەن و چارەسەر ناکرێن و، بۆ چارەسەری تەنگژەی سیستمی سیاسی لە عێراقدا پێشنیازی ناناوەندێتی یان ئۆتۆنۆمی لەجیاتی فیدراڵیزم دەکەن. ئەم پێشنیازە پێش هەموو شتێک نادەستوورییە و، عێراق بەپێی دەستووری 2005 کۆمارێکی فیدراڵە و دەوڵەتێکی سادە نییە، بۆیە پێویستە دەستوور بگۆڕدرێت یان هەموار بکرێت یان ئەو فیدراڵیزمە ناڕێکە پیادە بکات کە پێشتر ئاماژەمان بۆی کرد، کە تیایدا حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ پارێزگایەک و لەبەر هۆکاری نەژادی یان ئایینزایی یان ئابووری بە شێوازێکی تایبەتی جیاواز لە پارێزگاکانی دیکە مامەڵە دەکات و، قەوارەی بچووکتر دروستدەکات، کە لە پارێزگای ئاساییدا نییە. بۆ نموونە ئیدارەیەکی خۆجێیی بۆ تورکمان لە کەرکووک یان لە تەلەعفەر تەرخاندەکات، یان دەشتی نەینەوا بە حکوومەتی ناوەند یا هەرێمی کوردستانەوە (وەک ئەوەی خەڵکی ناوچەکە داوای دەکەن) بە پەیوەندییەکی تایبەت گرێدەدات، کە پارێزەری مافە ئایینییەکانی کریستیانەکان بێت. زۆر لە سیستمە فیدراڵەکانی پێشتر باسکران ئەم جۆرە رێکخستنانە پیادە دەکەن. بۆ نموونە، لە سیستمی فیدراڵی کەنەدا ناوچەیەک بۆ دانیشتووانی رەسەنی کەنەدا (هیندییە سوورەکان) تەرخانکراوە تاوەکو شێوەژیانی تایبەتی خۆیانی تێدا پەیڕەوبکەن و سیما نەتەوەییەکانیان بپارێزن، ئەو ناوچەیە پێی دەگوترێت “بەڕێوەبەریی باکووری رۆژئاوا” و، راستەوخۆ بە حکوومەتی فیدراڵەوە گرێدراوە.
هیچ رێگرییەکی دەستووری نییە لەوەی پارێزگاکان وەکو خۆیان بمێننەوە ئەگەر ئەمەیان خواست، بەڵام لەو بابەتانەی سیادی نین یان تایبەت بە دەسەڵاتی فیدراڵ نین دەسەڵاتی زۆریان پێ بدرێت. پرۆسەیەکی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان پارێزگاکان و ناوچەکانی دەوڵەت کە کەسێتیی واتاییان هەیە و لێرەدا دەسەڵات بە ئەنجومەنێکی خۆجێ دەدرێت کە دانیشتووانی پارێزگاکە گشت یان بەشێک لە ئەندامانی هەڵدەبژێرن و دەسەڵاتی داڕشتنی بودجەی سەربەخۆ و دەرکردنی بڕیاری کارگێڕیی پەیوەست بە بەڕێوەبردنی پرۆژەکان و دامەزراوە گشتییەکانی سنووری ئەو پارێزگایەی دەبێت و، ئەم جۆرە ناناوەندێتییە کارگێڕییە پێی دەگوترێت کارگێڕیی خۆجێی. ئەمەیش پێشخستنێکی ئەنجومەنەکانی ئێستای پارێزگاکانە کە مەحکوومی ناوەندێتییەکی زۆرن(41) .
پێمانوایە ئەمە هەنگاوێکی رێخۆشکەری گونجاوە بۆ شیاندن و پێشخستنی کارگێڕییە خۆجێیەکان لەو پارێزگایانەدا پێشئەوەی ببنە هەرێم. هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، ئێستا زۆر لە پارێزگاکان سەرچاوە و شارەزایی و میکانیزمی حوکمڕانیی خۆجێی یان ئەنجامدانی دەسەڵاتەکانی هەرێمیان نییە.

دوو تیم بۆ داهاتووی فیدراڵیزم لە عێراق

دوو تیم، واتە دوو دیدگە بۆ داهاتووی فیدراڵیزم لە عێراقدا هەن. تیمی یەکەم، وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، داوای فیدراڵیزمێک دەکات دەسەڵاتی زۆر بە ناوەند بدات، لەبەرئەوەی پێیوایە فرەنەژادی و فرەئایین و ئایینزا لە کۆمەڵگەی عێراقدا لە ناوچەیەکی دیاریکراودا چەقی نەبەستووە و ناوچەی تێکەڵی زۆر هەن، بەتایبەتی بەغدا و مووسڵ و کەرکووک و دیالە، دروستکردنی هەرێمیش تیایاندا دەبێتە هۆی هەڵگیرساندنی ناکۆکیی تایەفەگەری و نەتەوەیی. هەروەها عێراق دۆخی ناوچەیی سەختی هەیە و وڵاتانی دراوسێ چاویان لە خاک و داهاتی داراییەتی و لەبەر ئەمانە پێویستی بە دەوڵەتێکی فیدراڵی خاوەن دەسەڵاتی فیدراڵی بەهێزە. بانگەشەکەرانی ئەم قوتابخانەیە پێیانوایە دەبێت دەسەڵاتی ناوەند لە عێراقی عەرەبدا بەهێز بێت و پەیوەندی لەگەڵ هەرێمەکەی کوردستاندا لەسەر بنەمای ئەو رێکخەرانە بێت کە دەستووری ئێستا بڕیاریان دەدات و هەندێ یاسا لە پەرلەمانەوە دەربچن بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتانەی وایان کردووە هەرێم ئێستا لە هەرێمێک زیاتر و لە دەوڵەتێک کەمتر بێت، کەم بکەنەوە. هەروەها پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ هەموارکردنی ئەم دەستوورەی بە پاڵپشتیی ئەمەریکاییەکان لە بەرژەوەندیی کورد نووسرا و دەسەڵاتی زۆری پێیاندا تا ئاستی بنیاتنانی پەیوەندیی دەرەکی و هەبوونی نووسینگەیان لە باڵیۆزخانەکاندا(42) . ئەم ئاراستەیە کێشەیەکی گەورەی هەیە لەبەر دوو هۆی سەرەکی: یەکێکیان نەبوونی هیچ بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی حکوومەتە خۆجێیەکان توانای پێویستیان بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی نوێ هەیە، وەکو: سیستمەکانی ئێستای بەڕێوەبردنی دارایی لە حکوومەتە خۆجێیەکان پشت بە شێوازی بەکارهێنانی کاغەز دەبەستن و توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ بودجەی ئاڵۆز و فرەواندا نییە، سەرباری کەمیی شارەزاییان لە پلاندانانی ستراتیجیی پێویست بۆ پێشخستنی پلانی وەبەرهێنان یان ئەنجامدانی چاودێریی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی پێشکەشکردنی کارای خزمەتگوزارییەکان، لە کاتێکدا لەبەر پێویستیی زۆری بەدیهێنانی سەقامگیری لە ناوچە ڕزگارکراوەکاندا لەوانەیە قەوارە فیدرالەکان لە مەودای ناوەندیدا بەشێکی زۆری دەسەڵات لای خۆیان بهێڵنەوە.
هۆکارێکی دیکە بریتییە لەوەی حکوومەتە خۆجێیەکان لە حکوومەتی ناوەندی بەغدا پتەوتر نین و، ئەمانیش کێشەی ناکۆکیی سیاسی و بەڕێوەبردنی خراپیان هەیە، ئەوە بوو لە 2017دا ئەنجومەنەکانی هەرسێ پارێزگای رزگارکراو دەنگیان بۆ لەکارخستنی پارێزگارەکانیان دا و، پارێزگاری ئەنبار سوهەیب راوی، لە حزبی ئیسلامی، بەبیانووی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی لەکار خرا و، محەممەد حەلبووسی، لە فراکسیۆنی ئەلحەل جێی گرتەوە. لە سەڵاحەددینیش، پارێزگار ئەحمەد جبووری، بە تۆمەتی گەندەڵی بە سێ ساڵ زیندانکردن سزا درا، بەڵام دواتر دادگەی فیدرال بە بێتاوان دەریکرد. لە نەینەوایش، ئەنجومەنی پارێزگا بەمدواییانە و پاش ئاراستەکردنی چەند تۆمەتێک پارێزگار نەوفەل عاگووبی لەکار خست. هەمان شتیش لە پارێزگای بەسرە روویدا و، راپۆرتەکان ئاماژەیان بۆ هەڵاتنی پارێزگار ماجد نەسراوی کرد، دوای ئەوەی دادگە فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرد.
هەندێکیش پێیانوایە تەرخانکردنی سەرچاوەی زیاتری سیاسی و دارایی بۆ حکوومەتە خۆجێیەکان دەبێتە مایەی برەودان بە ململانێ لەسەر دەسەڵات لەسەر حیسابی هاووڵاتیانی دانیشتووی ئەو ناوچانە و وای لێ دێت پێویستیان بە یارمەتیی خێرا ببێت(43) .
نووسەری عێراقی، لیقا مەککی، پێیوایە بەخشینی دەسەڵاتی زۆر بە هەرێمەکان و بەهێزنەکردنی ناوەند دەبێتە هۆکاری پاشاگەردانی و هاندانی حەزی سەربەخۆیی. بۆ ئەمەش پشت بە ئەزموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەبەستێت و دەڵێت: “رەنگە جیهان گەلێ سیستمی فیدراڵی لە سەردەمی جۆراوجۆردا بەخۆوە بینیبێت، بەڵام فیدراڵیزم بەپێی چەمکی سیاسیی هاوچەرخ لەڕێی ئەزموونی دامەزراندنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە 1783دا لەدایکبوو، پاش چەند ساڵێک لە یەکێتیی کۆنفیدراڵی نێوان ویلایەتە سەربەخۆکانی ئەو کاتە، کە بەهۆی سەربەخۆیی هەر وڵاتێک (ویلایەتێک) تووشی کێشەی زۆر هات تا ساڵی 1789 کاتێک دەستووری ئەمەریکای فیدراڵ داڕێژرا و لەسەر حیسابی ناوەند دەسەڵاتی فراوانی بە هەر ویلایەتێک دا و، جێبەجێکردنی ئەم دەستوورە رووبەڕووی کێشەی گرنگ بووەوە بەهۆی سەختیی بەردەوامبوون وەک یەک دەوڵەت، لەپاڵ هەبوونی ئەو پەرتییە لە دەسەڵاتدا و ونبوونی شەوکەتی ناوەند و توانای نوێنەرایەتی و بەڕێوەبردنی هەموو وڵاتەکە.
بەم شێوەیە دەستوور بووە هاندەری دەرکەوتنی کێشە و ململانێگەلێک کە نزیکەی حەفتا ساڵ بەردەوامبوونیان هەبوو و گەیشتە رادەی هەوڵی یازدە ویلایەت بۆ جیابوونەوە لە یەکێتییەکە و هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی ئەمەریکا کە چوار ساڵ بەردەوام بوو و ساڵی 1865 وەستا لەڕێی دانی دەسەڵاتی زیاتر بە ناوەند یان دەسەڵاتی فیدرال کە لە هەموو شتێکدا کۆنگرێس و سەرۆکایەتی نوێنەرایەتیی دەکەن بۆ نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی شەڕەکەیان هەڵگیرساند(44). رەنگە وانەی گرنگ لە ئەزموونی فیدراڵی ئەمەریکا بریتی بێت لەوەی زاڵکردنی دەسەڵاتی پەلەکان یان هەرێمەکان بەسەر دەسەڵاتی فیدراڵدا وڵاتی دووچاری شەڕی وێرانکەری نێوخۆیی کرد، ئەمە پێش ئەوەی سیستمەکە پێ بگات و بەرەو پشتیوانیی دەسەڵاتی ناوەند هەنگاو هەڵبنێت بەو شێوەیەی کە سەقامگیریی سیاسیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هێنایەدی و رەنگە بەشداریشی کردبێت لەوەی ئابووریی ئەمەریکا ببێتە گەورەترین ئابووریی جیهان.
بەڵام بۆچوونی تیمی دووەم پێچەوانەی بۆچوونی تیمی یەکەمە و، هەندێک بەرپرسی ئەمەریکایی و نووسەری رۆژئاوایی نزیک لە کورد و ئاگادار لە واقیعی عێراق پشتیوانیی دەکەن. رۆژنامەنووسی بریتانیایی جۆناتان کۆک لە کتێبی “ئیسرائیل و ململانێی شارستانییەکان”دا مەبەستی داگیرکردنی عێراقی لەلایەن ئەمەریکاوە شیکردووەتەوە و، پێیوایە بۆ دابەشکردنی عێراق و ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. لە 26ی ئەیلوولی 2007دا ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا بڕیارێکی ناپابەندکەری دا (بە 75 بەڵێ بەرامبەر بە 25 نەخێر)، کە لەلایەن سیناتۆری ئەوسای دیموکرات و سەرۆکی ئێستا جۆزێف بایدن گەڵاڵە كرابوو. بەپێی ئەو بڕیارە دەبێت بەپێی ئینتیمای تایەفەگەری و نەتەوەیی عێراق بۆ سێ قەوارە دابەشبکرێت و، حکومەتێکی فیدراڵی خاوەن دەسەڵاتی سنووردار بەیەکەوەیان ببەستێت و سنوور بپارێزێت و داهاتەکانی نەوت دابەشبکات، بەو هیوایەی کێشەی تووندوتیژی لە عێراق چارەسەر ببێت و لەئاکامدا بە ئاسانی هێزەکانی ئەمەریکای لێ بکێشرێنەوە.
زاڵمای خەلیلزاد و کێنیت پۆڵاک(45) ، کە بەشداربووی نووسینی دەستووری 2005 بوون بەدواداچوونیان بۆ ئەمە کردووە و، لە 2014دا گوتارێکیان نووسیوە، واقیعبینییەکی زۆری تێدا بەدیدەکەین و، پێمان خۆشە وردەکارییەکانی بخەینە بەر دەستی خوێنەران.
دوو نووسەرەکە بانگەشە بۆ فیدراڵیزمێک دەکەن کە ناناوەندێتییەکی زۆر لەخۆ دەگرێت و، تیایدا پەیوەندیی نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان لە کۆنفیدراڵیزم نزیکتر دەبێتەوە. ئەم دوو نووسەرە پێیانوایە واقعی ئێستای عێراق (2014) ناوەندێتییەکی زۆری تێدا بەرپایە و بازدانێکی روون بەسەر دەستووردا هەیە. لە بەرامبەردا، کورد ئەو کاتە گەلێک لە توخمەکانی هێزی خۆییان هەبووە و خەونێکی مێژووییشیان بۆ بەدیهێنان هەبووە. واتە لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا حەزی دژبەیەک هەبوون و، داوایان کردووە پەیوەندیەکی نزیک لە کۆنفیدراڵیزم لەنێوان عێراقی عەرەب و هەرێمدا هەبێت. تەنانەت عێراقی عەرەبیش، بەڕای دوو نووسەرەکە، پێویستی بە فیدراڵیزمێک هەیە دەسەڵاتی زۆر بە هەرێمەکان بدات.
ئەم دوو نووسەرە دەڵێن، رێگەکە هەر چییەک بێت، گرنگە دیسپلین و هاوسەنگیی وا دابڕێژرێن کە توانای حکوومەت لە بواری بەکارهێنانی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان بۆ سەرکوتکردنی هەر کۆمەڵگەیەکی عێراقیدا قۆڵبەست بکەن. بەسوودترین هەنگاو، هەروەها بەتمووحترینیش، هەموارکردنی دەستوورە بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتی ئاراستەکردنی کاروباری دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی (بە سەرکردایەتیی هێزە چەکدارە عێراقییەکانیشەوە) لە سەرۆکوەزیرانەوە بۆ سەرکۆماری عێراق (بۆ زانین سەرۆکوەزیرەکانی عێراق، لەڕاستیدا، دەستیان بەسەر تەواوی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا گرتووە). بەمەیش سەرۆکوەزیران کۆنترۆڵی سیاسەتە نێوخۆییەکان و سیاسەتە ئابوورییەکانی بەدەستەوە دەمێنێتەوە و، هەر یەکێک لەو دووە دوو تێرم حوکمڕانی دەکات.
هەروەها سەرکردە عێراقییەکان پێویستیان بە رێککەوتن هەیە لەسەر جێبەجێکردنی حوکمەکانی دەستوور (لەگەڵ داڕشتنی چاکسازی لە کاتی پێویستدا) تاوەکو دەزگا ئەمنییەکان لە مۆرکی حزبایەتی دابماڵرێن و چاودێریی پەرلەمان توندوتۆڵتر ببێت. دەستوور بە کردەنی رێکخەر و هاوسەنگیی تێدان کە خۆیان لێ لادراون. بۆ نموونە، دەستوور داوای رەزامەندبوونی پەرلەمان لەسەر دامەزراندن لە پۆستە باڵاکاندا دەکات، وەک سوپاسالار و یاریدەدەرەکانی و فەرماندەی فرقەکان و پلەکانی باڵاتر و بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری، بەڵام ئەم مەرجانە پشتگوێ خراون. ئێستاش یاساگەلێک پێویستن بۆ دەستنیشانکردنی دەسەڵاتەکانی وەزیری بەرگری (کە لەلایەن سەرۆکەوە دامەزرێندراوە) و وەزیری نێوخۆ (کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دامەزرێندراوە) و، شیاندنەوەی مەڵبەندەکانی ئۆپەراسیۆنە جۆراوجۆرەکان لە عێراق لە چوارچێوەی ریزبەندیی فەرماندەیی سەر بە وەزارەتی بەرگری (کە ئێستا راپۆرتی راستەوخۆ پێشکەش بە سەرۆکوەزیران دەکەن) و، دەستنیشانکردنی شێوازی مامەڵەکردن بە سامانی هایدرۆکاربۆنیی عێراق لە ناوچە ناکوردەکاندا. پێویستە هەموارکردنە دەستوورییەکانی دیکە دووبارە بەرپرسە عێراقییەکان لە دامەزراوەکانی دادوەری و هەڵبژاردندا دەستنیشان بکەن و دەبێت کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییە خۆجێیەکان و دامەزراندنی گشت بەرپرسانی پارێزگاکان بە حکوومەتی هەرێم و حکوومەتە خۆجێیەکان بسپێردرێت.
گواستنەوەی دەسەڵات لە ناوەندەوە بۆ دەوروبەر دەبێت لە پارەوە دەستپێبکات. حکوومەتی ناوەند ئەرکی دابەشکردنەوەی سامانی نەوت بەپێی یاسایەکی نوێی دابەشکردنی داهات بۆ خۆی دەپارێزێت. یاسایەکی لەم جۆرە دەکارێت پشکێکی دیاریکراوی دارایی بۆ حکوومەتی فیدراڵ بۆ هەڵسووڕاندنی کاروباری خۆی (سنووردار بێت) تەرخان بکات، یانیش پێوەرگەلێک دەستنیشانبکات بۆ ئەو ئاستەی کە لە توانای پەرلەمانی فیدراڵدا هەیە سوود لە داهاتەکانی نەوتی عێراق ببینێت لە پارەدارکردنی چالاکییەکانی حکوومەتی فیدراڵ. لەپاڵ ئەمەدا، دۆزینەوە و بەرهەمهێنان و تەنانەت هەناردەکردنی نەوت و گاز بەدەستی کەرت و ناوچەکانەوە بمێننەوە.
پرسی دیاریکردنی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان، پرسێکە زۆر گرنگ و پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوە هەیە. دەبێت بەغدا دەستبەرداری پاراستنی یاسای نێوخۆیی و سیستم لە پارێزگا و هەرێمەکاندا ببێت، ئەمەش رێ بۆ بەرزکردنەوەی هێزە خۆجێیەکان بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە خۆشدەکات. هەروەها دەبێت پشکێکیان لە بودجەی فیدراڵ بۆ تەرخانبکرێت کە لەگەڵ پێکهاتەی دانیشتووان گونجاو بێت، بەڵام بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی کەرت و ناوچەکاندا بێت، بۆ پارەدارکردنی یەکەکانی ئاسایشی نێوخۆیی تایبەت بەخۆیان. لەگەڵ ئەمەشدا، یەکێک لە چارەسەرەکانی بەرگریی دەرەکی خۆی لە رادەستکردنی ئەم بەرپرسیارییە بە حکوومەتی ناوەنددا دەنوێنێت. لێرەدا، لەبەر ئەوەی سوپای عێراق بەردەوام توانای ناڕاگەیەندراوی کۆنترۆڵکردنی هەر پارێزگایەک یان گشت پارێزگاکانی دەبێت، پێویست دەکات لە نێو بەغدادا دابەشکردنەوەیەک بۆ دەسەڵاتەکان بکرێت بۆ ئەوەی سەخت بێت، ئەگەر مەحاڵ نەبێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق توانای بەکارهێنانی دامەزراوەی سەربازیی بۆ مەبەستی سیاسی هەبێت و، لەجیاتی ئەوە، عێراقییەکان باسی ئەوە بکەن هەر هەرێمێکی فیدراڵ هێزی تایبەت بە خۆی هەبێت، وەک پێشمەرگە و، پاش ئەوە هەرێمەکان بۆ زامنکردنی ئاسایشی دەرەکی هاوئاهەنگی لەنێوان هێزەکانیان و چالاکییە ئەمنییەکانیاندا بکەن.
سەرۆک باراک ئۆباما پشتیوانیی کاراکردنی فیدراڵیزمیشی کرد وەک بەشێک لە پلانە جەنگییەکەی بۆ شەڕی داعش و، فیدراڵیزم لای ئەو وەک نەخشەڕێیەک بۆ رزگارکردنی عێراق و پاراستنی خاکەکەی و بەزاندنی داعش و، دۆزینەوەی رێکاری سیاسیی بەردەوام کە بتوانن وڵات لە هەڵخلیسکان بەرەو گێژەنەی ململانێی نوێ لە داهاتوودا، ژمێردرا.
ئیدارەی سەرۆک ئۆباما یەکەمین بوو لە ورووژاندنی ئەم رێچکەیە لە تەممووزی 2014دا و، برێت مەکگۆرک، جێگری یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوە و لە ئیدارەی سەرۆک بایدندا بەرپرسی دۆسێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەکاتی گەواهیدان لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران – باسی ستراتیژی ئیحتیوا و رووبەڕووبوونەوەی رێکخراوی داعش لەڕێی ئەوەی ناوی لێ نا (فیدراڵیزمی کارا)وە کرد(46) . مەکگۆرک پێیوابوو ئەم چەمکە لە دەستووری عێراقدا باسکراوە، بەڵام بەتەواوەتی و کاریگەرانە جێبەجێ نەکراوە و، فیدراڵیزمی کارا لەسەر پێنج بنەمای بنەڕەتی بنیاتنراوە: دەبێت هاووڵاتیانی خۆجێ دەستپێشخەری لە پاراستنی ناوچە خۆجێیەکانیان بکەن و دەبێت یارمەتی و توانا بۆ ئەم مەبەستە لە دەوڵەت وەربگرن و، دەبێت سوپای عێراق لەنێو شارەکاندا لە دۆخی دەگمەندا نەبێت بڵاوەی پێ نەکرێت، بگرە دەبێت ئەرکی فیدراڵی پاراستنی سنوور جێبەجێ بکات. هەروەها پێویستە هاوئاهەنگیی توندوتۆڵ لەنێوان هێزە خۆجێیی و فیدراڵەکان و هێزەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعشی تیرۆریست هەبێت. دەبێت حکوومەتی فیدراڵ کار لەسەر چەپکێک چاکسازی بکات بۆ چارەسەرکردنی ئەو ستەمەی یارمەتیی بڵاوبوونەوەی ئەندامانی داعشی دا. لە نێوەڕۆکدا، فیدراڵیزمی کارا لەسەر گواستنەوەی پەرپرسیارێتیی ئەمنی بۆ دەسەڵاتە خۆجێیەکانی هەر پارێزگایەک بنیات دەنرێت، لەوانەیش پێکهێنانی پاسەوانی نیشتمانی لە یەکەگەلی خۆجێیی بۆ پاراستنی ناوچەکانی پارێزگاکە، لەکاتێکدا ئەرکی هێزە فیدراڵەکان تەنیا پاراستنی سنوور و ئەنجامدانی هەندێک ئەرکی دیکەی فیدراڵ دەبێت.
دیارترین دوو هۆکار بۆ لەخۆگرتنی ئەم بیرۆکەیە بریتین لە: یەکەم، نەبوونی متمانە لەنێوان سوپای عێراق و هاووڵاتییان یەکێک بوو لە هۆکارەکانی کەوتنی مووسڵ، هۆکارەکەی دیکەش بریتی بوو لە سەرکەوتنی هێزەکانی ‌(صحوة)، کە ئەمەریکا پشتیوانییانی دەکرد، لە نەهێشتنی تیرۆر و، شیاویی دووبارەکردنەوەی ئەو ئەزموونە لە شەڕی دژ بە داعش لە سێ پارێزگا زۆرینە سوننەکە. لەمڕووەوە فیدراڵیزمی کارا بە پلەی یەکەم جەختی لە گواستنەوەی دەسەڵاتی ئەمنی لەپێناو مامەڵەکردن لەتەک ستەملێکراویی دانیشتووانی خۆجێی و، گەڕاندنەوەی متمانە بە حکوومەتی ناوەند کرد(47).
ئەو تایبەتمەندییەی ئەمڕۆ کوردی عێراق هەیانە بریتییە لەوەی ئەگەر چی باسی جیابوونەوە لە عێراق دەکەن بەڵام بەردەوام بژارەی مانەوە لەنێو عێراق لە سایەی سیستمێکی فیدراڵدا وەپێش دەخەن، ئەوان پێیانوایە ئەم سیستمە گونجاوترینە بۆ حوکمڕانیی گەلێکی فرەتایەفە و فرەنەتەوە و فرەئاین، هەروەها خۆیان وەک ئەزموونێکی سەرکەوتوو دەخەنەڕوو بۆ ئەوانەی هەستدەکەن لە سایەی ئەو دوورخستنەوە و پەراوێزخراوییەدا دەژین، کە بەرامبەر توێژێکی گەورە و فراوانی عێراقییەکان بەرپا دەکرێت. ئەوەی لە ئەزموونی هەرێمەکەی کوردان تێبینی دەکرێت ئەوەیە کە بەڕووی ئەوانی دیکەدا کراوەیە و، هەوڵی سوودوەرگرتن لە ئەزموونە هاوشێوەکان دەدات بەبێ بازدان بەسەر تایبەتمەندییەکانی عێراقدا بەگشتی و ناوچەکانی کوردان بەتایبەتی و، هەوڵی چەسپاندنی چەمکی هاووڵاتیبوون دەدات لەڕێی زنجیرەیەک یاسای رێکخەرەوە، کە یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو یاسایانە بنیاتنانی هەستی پشکداریی راستەقینەی هاووڵاتیانی هەرێمە لە گەشە و ساماندا، ئەمەیش بووە مایەی دابەزینی رێژەی هەژاری، لە شاری هەولێر وەک نموونە، بۆ %3 وەک داتا و ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بۆ دەکەن، لە کاتێکدا بەغدای پایتەخت بەدەست بەرزترین رێژەی هەژارییەوە لە مێژووی خۆیدا دەناڵێ كە نزیکەی %30ە. کاتێک بە شەقامەکانی هەولێردا گوزەر دەکەیت، بێگومان دیمەنی سەرنجڕاکێش بەلای خۆیاندا پەلکێشت دەکەن، رەنگە دیمەنی هەرە لە پێش کەمیی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بێت، چ لە شەقامەکان و چ لەپێش فەرمانگە فەرمییەکان و، جگە لە پۆلیسی هاتوچۆ بەدەگمەن کەسێک بە بەرگی سەربازییەوە دەبینیت و، ئەمەش خاڵێکە بۆ کارگێڕیی خۆجێی شارەکە کە توانیویەتی یاسا بەرقەرار بکات. تەنانەت رێژەی تاوانیش لە هەولێر بە ئاستێکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە. هەروەها و، پەیوەست بە سەپاندنی یاسا و بەرقەراربوونی ئاسایش، ئەو وەبەرهێنانانەی لە 2003وە تا ئەمڕۆ روویان لە شارەکە کرد گەورەن و زۆریش گەورەن و، روخساری هەولێریان بەتەواوی گۆڕی، بوو بە شارێکی مۆدێرن کە بە خێرایی و رێکی فراوان دەبێت و، بووە رووگەی گەلێک کۆمپانیای وەبەرهێن کە هەلی نموونەییان تیایدا بینی، بەتایبەتی لەگەڵ هەبوونی کۆمەڵێک یاسای هاندەر بۆ وەبەرهێنان کە پارێزەری سەرمایەکانیشیانن(48).

ئەنجام و راسپاردەکانی لێکۆڵینەوەکە

کۆسپ و ئالنگاریی زۆر رووبەڕووی جێبەجێکردنی فیدراڵی لە عێراق دەبنەوە و، گرنگترین ئەم کۆسپانە نەبوونی دیموکراسییە وەک کولتوور و پەیڕەو لە عێراقدا و، پێویستە وەک هەنگاوی یەکەم بۆ سەرخستنی فیدراڵی لە عێراق، ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
پێمانوایە ئەو چارەسەرەی خۆی لە دەوڵەتێکی خاوەن دوو سیستم (فیدراڵی بۆ پارێزگاکانی عەرەب و کۆنفیدراڵی بۆ کوردستان) لە داهاتوودا چارەسەرێکی گونجاو دەبێت بۆ عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا لە سایەی دۆخی ئێستادا کەمترین لۆژیک و کەمترین واقیعبینی لەخۆ دەگرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا نزیکەی نیوەی خاکی کوردستانی لەدەستدا و هاوسەنگیی هێزی سیاسی و سەربازیی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا پشتیوانی ئەمە نین. جگە لەمەش، یەکێتیی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستاندا نەهاتووەتە دی و جیاوازیی بنچینەیی لەنێوان ناوچەکانی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی، لە سرووشتی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا هەیە. هەر کاتێکیش یەکێک لەم دوو لایەنە کوردە سەرەکییە هەنگاوێکی تاکلایەنە بنێت ئەنجامەکەی هاوشێوەی رووداوەکانی ئۆکتۆبەر دەبێت. سەرباری هەموو ئەمانەیش، تائێستا ئیرادەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی پشتیوانی لە هیچ گۆڕینێکی جەوهەری لە پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا ناکات.
پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراقدا ناجێگیرە و لەسەر بڕوای چەسپاوی دوولایەنە بنیاتنەنراوە و، مەحکوومی هێز و پەیوەندییە ناوچەییەکانە و، شیاوی گۆڕانی بنەڕەتییە لە داهاتووی نزیکدا. لەوانەیشە ئەم سەرهەڵدانەی ئێستا ببێتە هۆکاری دەرکەوتنی بەهێزیی ناوەند و حکوومەتەکانی داهاتوو بە بیانووی چاکسازی و بنبڕکردنی بەشبەشێنە و بنیاتنانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون، لەجیاتی دەوڵەتی پێکهاتەکان، دەستکەوتەکانی کورد لە دەستووری ئێستا لەنێوببات.
بەڵام بە بۆچوونی ئێمە، سیناریۆی زاڵتر بۆ داهاتووی عێراق دروستبوونی دەوڵەتی قووڵە (کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریکراوە) بۆ خنکاندنی هەموو هەوڵێک بۆ چاکسازی و، ئەمەش دەبێتە مایەی پاشاگەردانی و شەری سەرانسەریی نێوان میلیشیاکان خۆیان، یان کودەتایەکی سەربازی لەلایەن ئەمەریکییەکان کە میلیشیاکان بەرەنگاری دەبن و عێراق بەبەلکان دەکرێت. لەوانەیشە ئەو پاشاگەردانییەی بەرهەم دێت هەلێک بێت و بەهۆیەوە هەر پێکهاتەیەک دەست بەسەر ناوچەکەی خۆیدا بگرێت و ئەو دابەشکارییەی جۆزێف بایدن لە 2007دا بۆ عێراق بەسەر سێ هەرێمی فیدراڵدا لەگەڵ حکومەتێکی ناوەندیی لاواز ببێتە دێفاکتۆ. ئەم سیناریۆیە نزیکترین دەبێت لە چارەسەر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پرسی بۆسنیا لەسەری رێککەوت.
ئەوکات رەنگە کورد پێگەیەکی باشتریان هەبێت و کارتی گفتوگۆکردنی وایان بەدەستەوە هەبێت کە یارمەتییان بدات باس لە فیدراڵییەک بکەن تێیدا پەیوندییەکانیان لەگەڵ عێراقدا لە کۆنفیدراڵییەوە نزیک بێت.
گۆڕانێکی هەستپێکراو لە هەڵوێستی سوننە بەرامبەر بە فیدراڵی هەیە و، ئێستا زۆر لە هەڵوێستی کورد نزیکن و، پێویستە بڕیاربەدەستانی هەرێمی کوردستان هانی ئەم ئاراستەیە بدەن و پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانیان بۆ یارمەتیدانی عەرەبی سوننە لە پێکهێنانی هەرێمی فیدراڵی خۆیان بەکاربێنن بە مەبەستی پتەوکردنی ئەم سیستمە لە وڵاتدا. بەڵام لە بەرژەوەندی کورد نییە خۆیان بکەنە سپۆنسەر و داڕێژەری سرووشتی سیستمەکە لە ناوچەکانی عەرەبان لە عێراقدا.
بڵاوکردنەوەی کولتووری فیدراڵی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، چونکە تاڕادەیەکی زۆر لەلای دەستەبژێر و تاکی ئاسایی عێراقی ناڕوونە. هەر وەک لەم لێکۆڵینەوەیەدا روونمان کردەوە، فیدراڵی هاندەر و رێخۆشکەر نییە بۆ دابەشبوون، بگرە چوارچێوەیەکە بۆ پاراستنی یەکێتیی نیشتمانی و دابینکەری چوارچێوەی دروستی فرەئایین و فرەنەتەوەییە بۆئەوەی لەسایەیدا عێراق بتوانێ بەئاشتییانە بژی و لە سایەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەشدا بحەسێتەوە.

پەراوێزەكان :

-1 ناظم عبدالواحد الجاسور، موسوعة المصطلحات السياسية والفلسفية والدولية، ط 1، دار النهضة العربية، بيروت، 2008، ص462.
-2 ناظم عبدالواحد الجاسور، موسوعة المصطلحات السياسية والفلسفية والدولية، ط 1، دار النهضة العربية، بيروت، 2008، ص462 .
-3 اللامركزية الإدارية: uomustansiriyah.edu.iq› media› lectures/Mar 13, 2018
4- Legesse Tigabu Mengie: Federalism as an Instrument for Unity and the Protection of Minorities: A Comparative Overview: Ethiopia, India and the US: https://www.ajol.info/index.php/mlr/article/viewFile/153588/143177
5- LEILA HACCIUS “The Making and Breaking of Federalism in Iraq: https://www3.unifr.ch/federalism/en/assets/public/files/Working%20Paper%20online/26_%20Leila_Haccius.pdf December 2018
-6 النظام الفدرالي – www.aljazeera.net / Nov 30, 2015
7- Thomas Fleiner and Maya Hertig , Diversity and Unity in Federal Countries | McGill-Queen’s .p.320
8- Paolo Dardanelli’ ,”The dynamics of confederalism and federalism: Comparing Switzerland and the EU” , June 2005Regional & Federal Studies 15(2). DOI: 10.1080/135975605001154 00
-9 د. عثمان علي، دراسات في الحركة الكردية المعاصرة، أربيل، 2006.
-10 عبدالهادي علي: “الفدرالية في العراق والصراع السني الشيعي في العراق: “http://www.alrased.net/main/articles.aspx?selected_article_no=3595 الأثنين 1 أغسطس 2011
-11 المعهد الدولي لقانون حقوق الإنسان- الدساتیر العربیة، دراسة بمعاییر الحقوق الدستوریة الدولیة – الطبعة الأولى – 2005 – ص301.
-12 أ. د. علي ھادي حمیدي الشكراوي، إشكالیة نشأة الأقالیم الفیدرالیة في العراق بین النص القانوني والواقع السیاسي، جامعة بابل – كلیة القانون، ٢٠١٥: http://www.uobabylon.edu.iq/uobColeges/fileshare/articles.pdf
-13 م. حمد جاسم محمد. “الفدرالية والهوية الوطنية العراقية”، 2009، 2015-03http://fcdrs.com/polotics/22-
14- Greenberg quinlan rosner research barzani | limadbell: https://limadbell.gq/406264-greenberg-quinlan-rosner-research-barzani.htm/ Nov 17, 2019
15 – ماجد عيدان وحسام شكر امين، “اشكالية التجربة الفيدرالية في العراق”، ” www.iasj.net IAS PDFـ 2015
16 – عبدالهادي علي، “الفدرالية في العراق والصراع السني الشيعي في العراق”، الأثنين 1 أغسطس 2011:
17- http://www.alrased.net/main/articles.aspx?selected_article_no=3595
Steffany Trofino ,”Strategic Multi-Layer Assessment Team Iraq Assessment September” www.academia.edu› Strategic_Multi-Layer_Assessment_Team_Iraq_As… 27 sept. 2016 PDF
18 – هل تحول السنة في العراق من حماة الدولة المركزية إلى دعاة للتقسيم؟ http://rawabetcenter.com/archives/103099
19 – فارس الخطاب، “العراق فوضى الفيدراليات”: https://www.aljazeera.net/knowledgegate/opinions/2012/4/13 /
20 – المأزق السنَّي في العراق – مركز كارنيغي للشرق الأوسط ٣/٣/٢٠١٦: carnegie-mec.org›publications›62945
21 – علي مرادي، “تحدي قيام النظام الفيدرالي في العراق – شبكة النبأ المعلوماتية”، 2019-05-16: https://iraqi.dk/kareta/2019-05-16-08-04-1
22 – العراق: أزمة النموذج الفيدرالي، القدس العربي www.alquds.co.uk، Nov 1, 2017.
23 – (Q&A: Iraq’s constitution, Rosalind Ryan and James Sturcketheguardian.com, Tuesday 25 October 2005 14.55 BST https://www.theguardian.com/world/2005/oct/25/iraq.qanda
24 – BORZOU DARAGAHI “Sunnis See Iran’s Hand in Call for Federalism” https://www.latimes.com/archives/la-xpm-2005-aug-21-fg-iran21-story.html/ AUG. 21, 2005
25 – BORZOU DARAGAHI “Sunnis See Iran’s Hand in Call for Federalism” AUG. 21, 2005 https://www.latimes.com/archives/la-xpm-2005-aug-21-fg-iran21-story.html
26 – Jahanbakhsh Moradi” A Study of Federalism in Iraq from the View of the Micro Level of Analysis”: A_Study_of_Federalism_in_Iraq_from_the_View_of_the.pdf
27 – يحيى الكبيسى ، نفس المصدر.
28 – مؤتمر بغداد واستمرار ضياع البوصلة السنية، القدس العربي، ٢٨ حزیران ٢٠١٧، www.alquds.co.uk
29 – الدكتور عمر عبدالستار محمود، “شروط نهضة العرب السنة المحتملة” – مركز العراق الجديد، www.newiraqcenter.com، Jul 29, 2017.
30 – ريناد منصور، نفس المصدر.
31 – ياسر الزعاترة، “عرب العراق السنَّة ضحية سياسييهم”.
32 – LEILA HACCIUS “The Making and Breaking of Federalism in Iraq” December 2018 https://www3.unifr.ch/federalism/en/assets/public/files/Working%20Paper%20online/26_%20Leila_Haccius.pdf
33 – Adam M Smith, “Fractured Federalism: Nigeria’s Lessons for Today’s Nation Builders in Iraq” https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/00358530500033265 Pages 129-144 | Published online: 24 Jan 2007)
34 – الاقليم السني يعود الى الساحة من جديد بسبب جديد وحلة جديدة… ورافضين ومؤيدين جدد… وحال المشهد السياسي هذا البلد مو جديد، الثلاثاء 14 كانون ثاني 2020: http://www.skypressiq.net/2020/1/14/
35 – Michael Georgy” Sunni tribesmen battling Islamic State demand federalism in Iraq”
https://www.reuters.com/article/us-mideast-crisis-mosul-sunnis/sunni-tribesmen-battling-islamic-state-demand-federalism-in-iraq-idUSKBN13P25C
36 – Feisal al-Istrabadi “Federalism: Structural Construction & Resource Sharing” July 15, 2019

Opinions on Iraqi Federalism: Structural Construction & Resource Sharing


37 – ياسر الزعاترة، “عرب العراق السنَّة ضحية سياسييهم”:
https://www.aljazeera.net/knowledgegate/opinions/2012/1/2/
38 – ‌اميركا تسعى لتحويل السنة في العراق من حماة الدولة المركزية إلى دعاة للتقسيم: https://afaq.tv/contents/view/details?id=111540
39 – هل تحول السنة في العراق من حماة الدولة المركزية إلى دعاة للتقسيم؟ http://rawabetcenter.com/archives/103099
40 – امجد الدهامات، “هل الفيدرالية تؤدي الى التقسيم؟” – شبكة النبأ المعلوماتية- Jun 17, 2019 -https://annabaa.org/arabic/authorsarticles/19615
41 -هل تحول السنة في العراق من حماة الدولة المركزية إلى دعاة للتقسيم؟

هل تحول السنة في العراق من حماة الدولة المركزية إلى دعاة للتقسيم؟


42 – John McGarry, Brendan O’Leary” Iraq’s Constitution of 2005: Liberal consociation as political prescription “
International Journal of Constitutional Law, Volume 5, Issue 4, October 2007, Pages 670–698, https://doi.org/10.1093/icon/mom026
43 – مركز البيان للدراسات والتخطيط “علي المولوي “الفدرالية الفاعلة” في العراق .. وجهة نظر نقدية

“الفدرالية الفاعلة” في العراق .. وجهة نظر نقدية


– 2018-04-07
44 – النظم الفيدرالية في العالم: الفيدرالية بين العراق والعالم .. رؤية مقارنة
45 – ZALMAY KHALILZAD and KENNETH M. POLLACK “How to Save Iraq” https://newrepublic.com/article/118794/federalism-could-save-iraq-falling-apart-due-civil-war
July 22, 2014
46 – Viola Gien” Iraqi Unity Will Require Federalism, Cooperation, Kurdish Leaders Say”
Friday, September 19, 2014 / BY:
https://www.usip.org/publications/2014/09/iraqi-unity-will-require-federalism-cooperation-kurdish-leaders-say
47 – مركز البيان للدراسات والتخطيط، علي المولوي، “الفدرالية الفاعلة” في العراق .. وجهة نظر نقدية، ٧/٤/٢٠١٨: http://www.bayancenter.org/2018/04/4415/
48 – علي مرادي، “تحدي قيام النظام الفيدرالي في العراق”، شبكة النبأ المعلوماتية:”https://iraqi.dk/kareta/2019-05-16-08-04-16
Apr 16, 2019

Share this Post

شرۆڤە