چالاکی

وەفدی پارتی گەلی کۆماری لە کۆبوونەوەیەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

08-09-2021


RRC |

ئێوارەی رۆژی 7ی ئەیلوول 2021 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کۆبوونەوەیەکی داخراوی بۆ شاندێکی جەهەپە و ژمارەیەک ئەکادیمست و لێکۆڵینڤان و شرۆڤەکاری سیاسی لە لایەنە جیاوازەکان لە هەولێری پایتەخت  لەبارەی سەردانی یەکەمجاری شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماری تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و سیاسەتی ئەو حیزبە لەبارەی کورد رێکخست.
کۆبوونەوەکە لەکاتێکدا بوو شاندێکی باڵای پارتی گەلی کۆماریی تورکیا – جەهەپە بە سەرۆکایەتیی ئۆگوز کان سالیجی، جێگری سەرۆکی پارتەکە و ئویناڵ چەڤیک ئویز، راوێژکاری سەرۆکی جەهەپە بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە نزیکەی چەند رۆژێکە لە هەرێمی کوردستانن. لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی سیاسەتی جەهەپە لەبارەی کورد و چۆنیەتی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و ناوچەکەدا کرا.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی جەهەپە باسی بۆچوونی پارتەکەیان لەبارەی چەند پرسێکی جیاواز خستەڕوو لە نیویاندا پرسی کورد و ئەو گوڕانکارییانەی لەسیاسەتی جەهەپەدا روویداوە وەک سەردانیان بۆ هەرێمی کوردستان.
هەروەها، نوێنەری جەهەپە ئاماژەی بە پرۆژەیەکی نوێ پارتەکەیان کرد بۆ چارەسەرکردنی کیشەکانی ئەم ناوچەیە وەک پرۆژەی رێکخراوێکی ئاشتی و هاوکاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چۆنیەتی درووستکردنی پەیوەندییەکی هاوبەش لەنیو گەلانی ئەم ناوچەیەدا بۆ چارەسەرکردنی کیشەکان.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە بەچەند پرسیار و بۆچوونێک بۆچوونیان لەبارەی سەردانی شاندەکەی پارتی گەلی کۆماری تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو رێگایانەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا و لەم ناوچەیەدا خستەڕوو.
Share this Post

چالاکی