شرۆڤە

ململانێی هێزە ناوچەیی و سەروو ناوچەییەکان لە سووریادا

30-09-2021


RRC|

کاردۆ بینەر|

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری رووسیا، لە دیداری لەگەڵ بەشار ئەسەد، هاوتا سوورییەكەیدا، دووپاتی کردەوە کە؛ پێویستە تەواوی ئەو هێزە بیانییانەی کە مۆڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان نییە، خاکی سووریا بە جێ بهێڵن. ئەو لە سێ ساڵی رابردوودا دوو جاری دیکەش لە سەر ئەم ستراتیژییەی ڕووسیا پێداگری کردبوو، ئەمەش خواستێكە کە رکابەریی بەرژەوەندیی هێزە ناوچەیی و سەروو ناوچەییەکان لەو وڵاتەدا پیشان دەدات. ئەم دەقە هەوڵ دەدات داهاتووی ململانێی هێزە ناوچەیی و سەروو ناوچەییەکان لە سووریا تاوتوێ بکات و روانگەیەکی گریمانەیی بخاتە بەردەست.

ناکۆکیی ئامانج و بەرژەوندیی ئەكتەرە جیاوازەکانی قەیرانی سووریا

ئێران، سووریا بە هاوپەیمانی ستراتیژیکی خۆی دەزانێت و هەر لە سەرەتای قەیرانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011دا، داکۆکیی تەواوی لە دەوڵەتی سووریا کرد. لە گەڵ تەشەنەکردن و قووڵبوونەوەی قەیرانەکەدا، ئێران “هێزەکانی پاراستنی حەرەم”ی دامەزراند و هەر لەو پێناوەشدا كەڵكی لە دەرەفەتی پەنابەرانی شیعەی ئەفغانی و پاکستانی بۆ بونیاتنانی یەکینەکانی “فاتیمیوون” و “زەینەبییوون” وەرگرت و ئامادەبوونی خۆی لەوێ بەهێزتر و بەرچاوتر کرد. هەر لە سەرەتای قەیرانەوە، پاراستنی دەوڵەتی ئەسەد – وەک یەکێک لە هێزە پێکهێنەرەکانی “میحوەری بەرەنگاری”-، پاشەکشە کردن بە دژبەرە ناوچەییەکان و بەهێزکردنی باڵی شیعی لە رێگای ڕێکخستنی هێزی “ئەنسارولوەتەنی” لە سووریا و، هەروەها کەڵکوەرگرتنی باشتر و سەربازی لە جیۆپۆلیتیکی سووریا وەک دەراوسێی ئیسرائیل، ئامانجەکانی ئێرانیان لە سەروبەندی قەیرانی سووریادا پێکهێناوە.

تورکیا، زۆرترین پەنابەری سووری لە خۆ گرتووە و لەم لایەنەوە کەوتۆتە ژێر گوشارێکی زۆر. تورکیا، لە نیوەی ساڵی ٢٠١١ بەدواوە، پشتگیری خۆی لە بەرهەڵستکارانی دژی بەشار ئەسەد دەستپێکرد و بە خێرایی پشتگیرییە دیپلۆماتیکی و لوجیستی و داراییەکانی بە پشتگیریی راستەوخۆ و ئاشکرای سەربازی بەرز کردەوە و لە ساڵی ٢٠١٦ بە فەرمی یەکە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی سووریا جێگیر کران و سالی ٢٠١٨، کانتۆنی عەفرین و ساڵی ٢٠٢٠ بەشێک لە باریکەی سنووری هاوبەشی لە یۆژهەڵاتی فوراتدا، کە هەندێ لە ناوچە کوردییەکانی سووریا (رۆژئاوا) دەگرێتەوە، داگیر کرد. ئامانجی سەرەکی و گرنگی تورکیا هەوڵدان  بوو لە پێناو رووخاندنی دەوڵەتی ئەسەد و دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیخوانیی سەر بە خۆی، بەڵام پاش تێپەڕبوونی کات و دەرکەوتنی کورتهێنانی تورکیا لە دەستەبەرکردنی ئەو مەبەستە، ئامانجی ئەو وڵاتە گۆڕدرا بۆ تێکۆشان بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەرێمێکی کوردیی هاوچەشنی هەرێمی کوردستان لە سەر زۆربەی سنوورە هاوبەشەکانی سوریا و تورکیا، بە تایبەت کاتێک کە کوردانی سووریا وەک پەیڕەوی پ.ک.ک و عەبدوڵا ئوجاڵان دەستنیشان دەکرێن.

رووسیا، رۆژی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٥، پاش داواکاریی فەرمی سووریا، بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەربڵاوی ئاسمانی بۆ سەر پێگە و مەکۆکانی داعش و دژبەرانی دیکەی دەوڵەتی سووریا، راستەوخۆ رۆیشتە نێوجەرگەی قەیرانی سووریا. ویستی رووسیا، گەرانەوەیە بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و بووژاندنەوەی دەسەڵاتی پێشووی لە ناوچەکەدا بە مەبەستی بەربەرەکانێکردن لەگەڵ ئەمریکا. رووسیا لە ریگای قەیرانی سووریاوە هاوکات هەوڵیداوە گوشارەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی لە هەمبەر قەیرانی کریمیا و ئۆکراین کەم بکاتەوە. رووسەکان پێداگرن کە ئەوان تاقە هێزی یاسایی و رێگەپێدراون لە سووریادا و دەبێت تەواوی هێزەکانی دیکە خاکی ئەو وڵاتە جێ بهێڵن.

ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای دامەزراندنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، بە کردەوە هەنگاوی هاویشتە نێو قەیرانی سووریا و لە سێپتەمبەری ٢٠١٦دا بەشێک لە هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا هاوشان لەگەڵ هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا، بەرامبەر بە داعش ئوپراسیونیان ئەنجام دا و هێشتا لەو ناوچەدا ماونەتەوە. بەشێکی دیکە لە هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەی تەنەفی باشووری سووریا، هاوسنوور لە گەڵ ئۆردن و بە یارمەتیی ئەو وڵاتە لە گرووپی ئەفسەرانی ڕاپەڕیوی سوپای عەرەبی (سووری) پشتگیری دەکەن. ئەمریکا لە سووریادا گیرۆدەی ستراتیژییەکی شێواوە. ئەمریکا لەبەر ئەزموونی ناسەرکەوتوو و پڕ تێچووی ڕووخاندنی دەوڵەت لە عێراق و ئەفغانستاندا، بە ئەنقەست چاوپۆشیی لە درەفەتی رووخاندنی دەوڵەتی بەشار ئەسەد کرد. شکاندنی داعش گرنگترین هۆکاری هەنووکەیی مانەوەی ئەمریکایە لە وڵاتی سوریا، بەڵام ئەگەر بتوانن شان لە ئەستۆی باری ئەخلاقی و سیاسیی ئەو دۆخە دەربێنن، پشتگیریی سەربازییان لە کوردەکان تەواو دەکەن و سووریا بە جێ دەهێڵن!

میحوەری عەرەبی (ئوردن، عەرەبستان و …)، لە سووریادا بوونی سەربازییان نییە، بەڵام بە شێوازی بریکاریی رکابەرانە لە گەڵ رکابەرانی ناوچەیی خۆیاندا؛ بە تایبەت ئێران و تورکیا، لە ململانێدان. لە نێوانیاندا ئوردن لە ناوچەی تەنەفی سووریا لە گەڵ ئەمریکییەکاندا پشتگیری لە هێزێکی ڕاپەڕیوی سوپای سووری دەکات.

حیزبوڵڵای لوبنان، ئەم گرووپە بێ رێگەدان و مۆڵەتی دەوڵەتی لوبنان وبەئاقاری سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بوونێکی سەربازیی بەهێزی لە چەندین ناوچەی جیاوازی سووریادا هەیە، ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لە پانتایی ویست و مەبەستی ئێراندایە و بێگومان ئەم گرووپە بە دوای بەرزکردنەوەی ئاست و پانتایی هێزی خۆی و کەڵکوەرگرتن لە خاکی سووریایە بۆ بەرهەمهێنان و کۆکردنەوەی چەک و نزمکردنەوەی ئاستی زیان بەرکەوتن لە بەرامبەر ئیسرائیل.

ئیسرائیل، هەرچەندی ئیسراییل لە سەر خاکی سووریا و لە گۆڕەپانی ئۆپراسیوونەکانی ئەو وڵاتەدا بوونی سەربازیی نییە، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام بە ئەنجامدانی هێرشی بەربڵاوی ئاسمانی و مووشەکی و درۆن دژ بە مەکۆکانی ئێران، حیزبوڵڵا و تەنانەت سوپای سووریا، وەک یەکێك لە رۆڵگێڕە سەرەکییەکانی قەیرانی سووریا دەرکەوتووە.

روانگە

لەڕووی ئاستی دەسەڵاتەوە، دەتوانین بڵێین لە نێو ئەكتەرەكانی قەیرانی سووریادا، لە ئاستی سەرووناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، ئەمریکا و رووسیا مەزنترین هێزیان هەیە. وەک ئاماژەی پێ کرا؛ ئەمریکا روانگەیەکی ستراتیژیکیی بۆ درێژەدانی بە مانەوە لە سوریا نییە و زیاتر لە هەوڵێ ئەوەدایە بە رەخساندنی رێککەوتنێک لە نێوان کوردەکان و تورکیا و تاڕادەیەکیش دەوڵەتی سووریا، دەرفەتێک بۆ بردنە دەرەوەی هێزەکانی لە سووریا بڕەخسێنێت. بەڵآم دەوڵەتی رووسیا بە پێچەوانەی ئەمریکا روانگەیەکی ستراتیژی و درێژخایەنی بۆ مانەوەی هێزەکانی لە سووریا هەیە. ئەمە بووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ ئەوەی رووسیا وەک کاریگەرترین و گرنگترین دەورگێڕی بیانی لە سووریا دەستنیشان بکەین.

لە ئاستی دووەم و ناوچەیی هێزدا، دەبێت ئاماژە بە ئێران و تورکیا بکرێت، کە وەک دوو دەسەڵاتی هاوکار و هاوکات رکابەریش ئەژمار دەکرێن. ئەگەرچی ئێران باری لە تورکیا گونجاوترە، بەڵام بە هۆی پێوەندیی بە رووسیاوە لە بواری وزەخانەی ناوەکی و دژایەتیی ئەمریکا، ناتوانێت بە شێوازێکی کلاسیک بوونی سەربازی و ڕاوێژکارانەی لە سووریادا درێژە پێ بدات.

هەرچەند سێ وڵاتی ئێران، تورکیا و رووسیا لە سووچی‌دا، سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا هاوپەیمانییەکیان پێکهینا، بەڵام ئەوە تەنیا یەکگرتووییەکی کورتخایەن بوو و بە زووترین کات دژبەریی بەرژەوەندی بوو بە هۆی هەڵبژاردنی رێڕەوی جیاواز. ئەزموونی پاشەکشەی زۆرەملێی تورکیا بەرامبەر رووسیا لە ساڵی ٢٠١٦، وای دەردەخات کە هەم ئێران و هەم تورکیا  لە مەودای مامناوەندیدا لە هەمبەر ویستی رووسیا، ناچار بە پاشەکشە لە سووریا و هەلبژاردنی سیاسەتێکی جیاوازتر لە بژاردەی ئەمڕۆییان دەبن.

 

Share this Post

شرۆڤە