شرۆڤە

کاریگەریی گرژیی قەرەباغ لەسەر کورد

10-10-2021


 

RRC|

کاردۆ بینەر|

نیشتمانێک کە سەدەیەکی پێشتر کورد دانیشتوو و خاوەنی بوو و تێیدا کوردستانی سووری دامەزراند، هەنووکە وەک یەکێک لە کۆنترین قەیرانەکان و ناسۆرترین زامەکانی قەوقاز، بووەتە هۆی بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی قەیران بۆ وڵاتانی ئێران، پاکستان و تورکیا ئەم راپۆرتە کاریگەریی ئەم قەیرانە لە سەر دۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەت هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکات.

بۆچی قەوقاز گرنگە؟

هەرچەند قەوقاز ناوچەیەکی بچووکە لە رۆژئاوای زەریای خەزەردا، بەڵام هەمەجۆری و فرەڕەنگی و لێک ئاڵاویی قووڵی شووناسە قەومی، ئایینی و زمانەوانی لە لایەکەوە و کێشە و قەیرانە مێژوویی و پێکهاتەییە چارەسەر نەکراوەکان تێکڕای دەرهاویشتە و ئاکامەکانی گۆڕانکاریی حەشیمەت و جوگرافیای ئەو ناوچە لە سەردەمی یەکیەتیی سۆڤییەتدا لە لایەکی دیکەوە، ئەم ناوچەیە وەک چەقێکی هەمیشە قەیراناوی هێشتۆتەوە.

رەخنە و ململانێی هێزە ناوچەییەکان وەک، رووسیا، ئێران و تورکیا و هێزە سەرووناوچەییەکان وەک، ئەمریکا لە گەڵ بایەخی سەرچاوە وزەییەکان ( نەوت و گاز) لە کۆماری ئازەربایجان و هەروەها گرنگیی راگواستن و پەیوەندیی ئەم ناوچە لە پێکەوەبەستنی ئێران و ئاسیای ناوین بە ئەورووپا، پێگەیی بەرزتر کردۆتەوە.

بۆچی ئێران تووڕەیە؟

ئاڵووگۆڕەکانی ساڵی رابردوو، بە تایبەت دوو هەفتەی رابردوو بووەتە هۆی تووڕەیی و دڵگرانیی قووڵی ئێران. ساڵی رابردوو لە دوایین شەڕی ناوچەی قەرەباغدا، دەوڵەتی ئازەربایجان بە یارمەتیی سەربازیی تورکیا و ئیسراییل بە تایبەت کەڵک وەرگرتن لە درۆنی شەڕکەری پێشکەوتوو، توانی ئەرمەنستان لە شەڕێکی نابەرانبەردا شکست بدات و زۆربەی ناوچەی قەرەباغ بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی. لەو گرژیەدا دوو هاوپەیمانی پێشووی ئەرمەنستان، واتا رووسیا و ئێران سیاسەتی بێدەنگییان گرتەبەر. لە ئێراندا چوار پێشنوێژی هەینیی تورک زمان، راگەینراوێکی هاوبەشی پشتگیرییان لە کۆماری ئازەربایجان دەرکرد و دواتریش میدیا فەرمییەکان و هەندێ لە بەرپرسانی وڵاتی ئێران بە رواڵەت رەزامەندیی خۆیان لە سەرکەوتنی وڵاتی شیعە مەزهەبی ئازەربایجان نیشان دا!

بەڵام لەم مانگەدا ئازەربایجان بە پێشڕەوی لە سنووری هاوبەشی نێوان ئەرمەنستان و ئێران، هاتووچۆی بارهەڵگرەکانی ئێرانی تووشی کێشە و تەنگانە کرد. پاشان هاوکات لە گەڵ گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان، ئازەربایجان مانۆڕێکی سەربازیی بە هاوبەشیی پاکستان و تورکیا بە ناوی ” سێ برا” بەڕێوە برد. ئەم گۆڕانکارییە بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی تووڕەیی و دڵگرانیی ئێران. لە بەر ئەوەی کە بۆ ئێران ئاشکرا بووە، ئازەربایجان بە پشتگیریی تورکیا و بە بیانووی پەیوەست بوون بە ناوچەی دابڕاوی نەخجەوان، دەیەوێت پێوەندیی سنووریی ئێران و ئەرمەنستان داببڕێت. ئەم هاوکێشە ئەو کاتە گرنگتر دەبێت کە ببێتە هۆی داخرانی ڕێگای ترانزیتی ئێران بۆ ئەورووپا لە ئەرمەنستانەوە، کە لە ئاکامدا بەستراوەیی ئێران بە تورکیا و ئازەربایجان زۆرتر دەکات، دیاردەیەک کە بە زیانی بەرژەوەندیی نەتەوەیی ئێران دەشکێتەوە.

هەروەها بەهێزبوونی ئازەربایجان دەبێتە هۆی وروژاندن و زیدەکردنی هەستی نەتەوەخوازیی تورک و ئازەرییەکانی ئێران دژ بە حکوومەتی ناوەندی. لە سێ دەیەی ڕابردوودا باکۆ و ئەنقەرە کاریگەرییەکی زۆریان لە سەر ئینتیما تورک‌خوازییەکان لە ناوەوەی وڵاتی ئیران داناوە. ڕووداوە نوێکان ئەم بابەتەیان خەستتر کردووە، ڕووداوێک کە مەبەستی ئایدیاڵی خستنە مەترسیی یەکپارچەیی خاک و دابەشکردنی ئێرانە!

کاریگەریی قەیرانی قەوقاز لە سەر کورد

پێدەچێت قەیرانی ئەم دواییەی قەوقاز کاریگەریی راستەوخۆی لە سەر بارودۆخی هەنووکەیی هێز و ناوچەکە کوردییەکان ببێت. ئێران بەردەوام هەوڵی داوە لە کارتی یاریی کورد بۆ بەرەنگاری و پاراستنی هاوسەنگیی نەیاران و بەهەڵستکارانی کەڵک وەرگرێت. ئێران لە دەیەکانی ١٩٧٠ و ١٩٨٠دا بە کەڵک وەرگرتن لە هێزی کورد هەوڵی لاواز کردنی دەوڵەتی سەدام حوسینی دا و لە دەیەی ١٩٩٠ بە دواوە، بەردەوام بە کەڵک وەرگرتن لە کارتی پ.ک.ک هەوڵی داوە لە هەمبەر سەرەڕۆییەکانی تورکیادا هاوسەنگی دروست بکات.

لە دۆخی هەنووکەییدا کە ئێران لە ژێر گوشاری نێونەتەوەییدایە، گەمارۆکانی ئەمریکا درێژەی هەیە، تاڵیبان لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ئێران دیسان جڵەوی دەسەڵاتی گرتووە و رەنگە بە پاڵپشتیی پاکستان و تورکیا و تا رادەیەکیش عەرەبستان چالاکییەکانی چڕتر بکات و لە کاتێکدا کە شەڕە بە وەکالەتییە پڕ تێچووەکانی یەمەن و سووریا درێژەی هەیە، ئاسانترین و کەم تێچووترین فاکتەر بۆ گوشار خستنە سەر تورکیا و ئێدارەدانی قەیرانی قەوقاز، کەڵک وەرگرتنی دووبارەی ئێرانە لە کارتی کوردانی سێ وڵاتی، تورکیا، عێراق و سووریایە. لە تورکیا و سووریادا پ.ک.ک بۆ ئێران گرنگترین فاکتەرە و لە عێراقدا هەرێمی کوردستان رۆڵی سەرەکیی هەیە.

لە کۆتاییدا، لە ئێستاوە تا مەودایەکی مامناوند، ئێران هەوڵ دەدات پێوەندیی لە گەڵ پارتیدا باشتر بکات و لە لایەنێکی دیکەشەوە دەبێت بەر بە تێهەڵچوونی زیاتری فەزای کوردی بە تایبەت لە نێوان پ.ک.ک و پارتی و هەروەها پارتی و یەکییەتیدا بگرێت و لە سووریادا لە ئاستی ئاڵۆزیی و ساردی پەیوەندیی دەوڵەتی دیمەشق لە گەڵ پ.ی.د دا کەمبکاتەوە.

نابێت لە بیر بکەین کە، کەڵک وەرگرتنی ئێران لە کارتی کورد، بەو مانایەیە کە کوردەکان دەتوانن زۆرتر لە دۆخی رەخساو کەڵک وەرگرن. دەیەی ١٩٨٠ بزووتنەوەی رزگاریی باشووری کوردستان، لە سێبەری شەڕی ئێران و عێراقدا توانی جارێکی دیکە ببوژێتەوە، یان لەم دەیەی دواییەدا، پ.ک.ک بەردەوام توانیویەتی لە دەرفەتە سنووردارەکانی لایەنی ئێران بۆ خۆپاراستن لە گوشار و هێرشی بەردەوامی تورکیا کەڵک وەربگرێت.

 

Share this Post

شرۆڤە