شرۆڤە

نەخشەی هێز لە شەقامی شیعە دوای هەڵبژاردنی پێشوەختە

16-10-2021


 

RRC |

یاسین تەها

لە دوای كەوتنی رژێمی بەعس لە 2003، زاراوەی “ماڵی شیعی” هاتە نێو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی سیاسی لە عێراق، ئەم گردبوونەوەیە كە لە ژێر عەبای مەرجەعیەتی نەجەفدا و بەلیستێكی هاوبەش و یەكگرتوو بەشداری هەڵبژاردنی كرد (2005)، زۆری نەبرد دووچاری دابەشبوون و جیابوونەوە و فرە جەمسەری بوو، تاوەکو لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەمساڵدا (2021) بووە چوار جەمسەری سەرەكی جیاواز كە ئێستا بارودۆخ و پێگەیان بەم جۆرەیە:

یەكلابوونەوەی زۆرینەیی سەدر

سەدرییەكان كە رەوتێكی جەماوەریی خاوەن چەكن لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا كورسییەكانیان لە جاران زیاتر كردووە، لە هەڵبژاردنی پێشوودا (2018) سەدر بە 52 كورسی لە كۆی 54ی سائیرون یەكەمی هێزە شیعەكان بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ژمارەی كورسییەكانی گەیاندە 73 كورسی، ئەمەش دەكاتە دەوروبەری نیوەی كورسی سەرجەم هێزە شیعەكان، بەجیاوازییەكی زۆریش پێش نزیكترین ركابەری خۆی كەوتووە كە لیستەكەی مالیكییە. هەرچەندە ژمارەی دەنگەكانی سەدر هەر لە دەوروبەری 650 هەزاردایە و ئەمەش دەكاتە رێژەیەكی كەم لە كۆی 40 ملیۆن دانیشتووانی عێراق (1.5%)، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەپێی ڕێساكانی گەمەی دیموكراسی براوەیە و جگە لەوەش خاوەن باڵێكی چەكداری تۆكمەیە (سرایا السلام) ، ئێستا وەك خاوەن قسەی یەكەم تەماشا دەكرێت، لەنێو ئەو بایكۆت و ساردو سڕەی لە هەڵبژاردنیشدا روویدا، سەدرییەكان بەجۆش و خرۆشەوە چوونە سەر سندوقەكان چونكە یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەم  رەوتە گوێڕایەڵی و ئامادەیی جێبەجێكردنی فەرمانی سەرۆكەكەیانە لەسەر بنەمای “السمع والطاعة”. سیستانی كە گەورە مەرجەعی باڵای شیعەیە لە نەجەف بانگەوازی كرد خەڵك بەكۆمەڵ بچن بۆ دەنگدان، بەڵام سەرباری ئەوە رێژەی بەشداری بە فەلاكەت بەفەرمی چووە سەروو 40%، هەندێك خەمڵاندنیش لەبەر رۆشنایی راپرسییەكان پێیانوایە ئەگەر سیستانی نەبووایە رێژەی بەشداری هەر لە دەوروبەری 30% دەبوو كە بەشێكی بەرچاویان لە ڕەوتەكەی سەدرن. بەپێی هاوكێشەكانی دوای هەڵبژاردنیش ئەگەر سەدر خاوەنی قسەی یەكەم نەبێت لە دانانی سەرۆك وەزیران، ئەوە كۆدەنگی هەیە هیچ حكومەتێك بەبێ تێپەڕبوون بە بارەگاكەیدا لە حەنانە سەرناگرێت، جگە لەوەش قۆناخی داهاتوو سێبەری سەدر بەسەر زۆر جومگەی عێراقەوە لە جاران تۆختر دەبێت و وەك خۆیان دەڵێن لە عێراق “سەردەمی سەدر” دەبێت، بەتایبەت ئەمریكییەكان رۆژ بەڕۆژ زیاتر دەچنە دواوە لە دۆسییەكانی ناوچەكە.

ژیانەوەی مالیكی

گەڕانەوەی مالیكی بەهێزێكی زۆرترەوە بۆ نێو پەرلەمان (35 كورسی) لە رێگەی (دەوڵەتی یاسا)وە یەكێكبوو لە پێشهاتە چاوەڕواننەكراوەكانی هەڵبژاردن. مالیكی ركابەرێكی سەرسەخت و كارەكتەرێكی سیاسی ئاڵۆز و ژمارەیەكی قورسیشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەمپەری زۆری لە پێشە لە هەوڵی گەڕانەوە بۆ سەرۆكایەتی وەزیران كە سەرەكیترینیان ڤیتۆی پێشووی سیستانی بێت “المجرب لا يجرب”، ئەمە جگە لە لێكەوتەكانی كەوتنی موسڵ و کۆمەڵکوژیی سپایكەر(2014)، هەروەها كێشە كەڵەكەبووەكانی لەگەڵ كورد و هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی عەرەبی سوننە. درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی مالیكی هاوكاتە لەگەڵ پاشەكشەی فەتحی حەشدی شەعبی و یەكەم شكستی گەورەی ئەزموونی حیزبوڵڵا (حركة حقوق) لە بەشداریكردنی هەڵبژاردن (1 كورسی)، ئەمەش هەندێكی خستوەتە سەر ئەو بڕوایەی بڵێن مالیكی كورسی حەشدەكانی قوت داوە، چونكە هەردووكیان لەسەر یەك هێڵی سیاسین و مالیكی خۆی بە باوكی دامەزرێنەری حەشد دەزانێت تەنانەت بەر لە دەرچوونی فەتواكەی سیستانیش بۆ جیهادی شیعە دژی داعش.

هەرچەندە مالیكی ئێستا لەبەرەی ئێران ئەژمارە، بەڵام هەن پێیانوایە لەبەر ئەو غرور و خۆ بەشت زانینەی هەیەتی ملكەچ و گوێڕایەڵی تەواوەتی تاران نییە و دەكرێت لەگەڵ دەرەوەی ئەوانیشدا هاوكاربێت.

بەشێكی بەرچاو لەو كورسییانەشی مالیكی بەدەستیهێناون لە دەرەوەی حیزبی دەعوەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناوبراو لە ساڵانی سەرۆكایەتی وەزیراندا تۆڕێك بەرژەوەندی و رەوتێكی سێبەری دروستكردووە كە پێیانوایە گەڕانەوەی مالیكی وەك ساڵانی 2005_2014 كە نرخی بەرمیلێك نەوت گەیشتە 114 دۆلار پڕدەبێت لە هەلی كار و دامەزراندن و بودجەی قەبە و پڕۆژەی زۆری وەبەرهێنان كە خۆیان ناویان ناوە “ساڵانی خێر و خۆشی”.

فەتحی حەشدی شەعبی

زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بگوترێت دابەزینی كورسییەكانی هاوپەیمانێتی فەتحی حەشدی شەعبی بۆ كەمتر لە نیوەی جارانی خۆی یەكێك لە گەورەترین چاوەڕواننەکراوەکانی هەڵبژاردن بوو. بەر لە هەڵبژاردن زیاتر لە جارێك هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە و قەیس خەزعەلی سەرۆكی بزووتنەوەی عەسایب، جەختیان دەكردەوە “ئەم هەڵبژاردنە هەڵبژاردنی حەشدە”، زیاد لە پێویستیش قوربانییەكانی حەشد و چیرۆكەكانی بەرەنگاربوونەوەی داعشیان لەلایەن حەشدەوە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەكارهێنا، بەڵام دەركەوت ئەم حیكایەتە سیحرەكەی 2018 ی لەلای جەماوەری شیعە نەماوە. لە هەڵبژاردنی پێشوودا حەشد تازە لە شەڕی داعش هاتبوونە دەرەوە و وەك فریادڕەس تەماشا دەكران، تەپ و تۆزی شەڕ و خوێنی قوربانییەكانیان نوسابوو بە ئاڵای هەڵمەتەكانی بانگەشەیانەوە، بەڵام لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو كە خۆپیشاندانی تشرین و كوژرانی 600 گەنجی بەدەستی چەكداری گرووپە شیعەكان بەخۆیەوە بینی، وێنەی حەشد وەك جاران بەپاكی نەمایەوە و چڕژی تێكەوت، لەم ساڵانەی دواییشدا ناوی حەشد تێكەڵی سەرانە وەرگرتن و قاچاخچێتی و تۆقاندن بوو، هەر لەبەرئەمەش سەنگی پەرلەمانییان لە 47 كورسییەوە دابەزی بۆ 16 كورسی.

سەركردەكانی حەشد پێداگری دەكەن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن ساختەكاری تێدا كراوە و ئەمە هۆكاری پاشەكشەكردنیانە، هەندێك لەوانەش کە نزیكن لە عەسایب پێیانوایە هۆكارەكە بۆ لاوازی و سستی كارنامەی هادی عامری دەگەڕێتەوە و ئێستا هەڵمەتێك هەیە بۆ گواستنەوەی سەرۆكایەتی بۆ قەیس خەزعەلی. هەیە پێیوایە هێز و سەنگی حەشد بە ژمارەی كورسییەكانیان پێوانە ناكرێت، بەتایبەت ئەوان كە نزیكەی 200 هەزار چەكدار و كارمەندی میلاكیان بەفەرمی هەیە، جگە لەوەش خۆیان بە پیرۆز و بەرەنجامی فەتوای “الجهاد الكفائي” دەزانن و هەموو پاڵپشتییەكیان لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەیە بۆ مانەوە، تەنانەت زۆر باس لەوە دەكرێت ئەزموونەكەیان بگوازرێتەوە بۆ ئەفغانستان.

حەكیم – عەبادی

یەكێكی دیکە لەو چوار جەمسەرە شیعە سەرەكییەی ئەم هەڵبژاردنە، هاوپەیمانێتی هێزەكانی دەوڵەتی (حەكیم و عەبادی) بوو، بەڵام بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو دووچاری بەهەڵم بوون بوویەوە و كورسییەكانی كەم بووەوە بۆ تەنیا پێنج لەكاتێكدا پێشتر بنكە پەرلەمانییەكەی هەردوولا زیاتر لە 50 كورسی بوو، بەم پێیەش نوێنەرایەتی ئەم جەمسەرە لەنێو پەرلەمانی داهاتوو بەتەواوی لاواز دەبێت، لە كاتێكدا عەممار حەكیم میراتگر و نوێنەری بنەماڵەی حەكیمی تەباتەبایی و كوڕەزای مەرجەعی باڵای كۆچكردووی شیعە سەید موحسین حەكیمە، حەیدەر عەبادیش جگە لە چوار ساڵ سەرۆكایەتی وەزیران (2014 – 2018) خۆی بە خاوەنی سەركەوتنی شەڕی دژە داعش و سەروەری گێڕانەوەی كەركووك بۆ باوەشی عێراق دەزانێت.

  1. زۆر هۆكار دەگوترێن لەبارەی هۆكاری ئەم پاشەكشەیە كە هەندێكی پەیوەستە بە گوتاری خۆ بەزلزانانە و هەندێكی دیکەی پێیوایە چیتر جەماوەر و مەزاجی شیعە تاقەتی لەوانە نەماوە كە لە ناوچەی خۆڵەمێشیدا یاری دەكەن و گوتارێكی روونیان نییە. بەر لەوەش چ رەوتی حیكمەی حەكیم و چ هاوپەیمانێتییەكەی عەبادی دووچاری جیابوونەوەی زۆری ئەندامان و كادران بوونەوە و خۆشیان پێشتر هەر لە هەناوی جیابوونەوەوە هاتبوون، حەكیم لە ناو ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و عەبادی لە حیزبی دەعوە، هەردووكیشیان لە رێگەی بەجێهێشتنی گوتاری بازنە ئایدۆلۆژییە راستڕەوەكانی شیعە چاویان لە كۆكردنەوەی دەنگی میانڕۆ و مەدەنی و تەنانەت دەرەوەی كۆمەڵگە شیعەكانیش هەبوو، بەڵام وەك كورد دەڵێت وادیارە لەهەردوو جەژنەكە بوون.

جەمسەری تشرین

لە هەناوی شارە شیعەكاندا چەند بەربژێر و هێزێكی سەربەخۆ و چەند نوێنەرێكی خۆپیشاندەرانی تشرین سەركەوتوون بۆ پەرلەمانی ئایندە، ئەمەش پێشهاتێكی نوێ و دۆخێكی بێ پێشینەیە، هەر لەشاری نەجەف پێنج كاندید لەم بەرەیە گەیشتوونەتە پەرلەمان و خۆیان بە نوێنەری شەقام دەزانن، لە ناسریە و موسەنناو ئەو شارانەش ئەم لەدایكبوونە پەرلەمانییە نوێیە هەیە كە رەنگە بگەنە دەوروبەری 40 كورسی. تشرینییە نوێیەكان هەرچەند چەك و پارە و مەزهەبیان بەدەستەوە نییە و، جاران بەبێ رەوشت و بێ دین وێنا دەكران، لەمەولا بوونەتە واقیع بەرامبەر هێزە مەزهەبییە شیعەكان و باوەڕ وەهایە مایەی بێزاری و سەرێشە دەبن بۆ هێزە تەقلیدییەكانی باشووری عێراق لەكاری پەرلەمانی، بەتایبەت كە ئەمان نیازی پێشكەشكردنی نموونەی جیاوازیان هەیە.

 

* یاسین تەها، شارەزای کاروباری عێراق. ئەم وتارەی بەتایبەت بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو نووسیوە.

* یاسین تەها، شارەزای کاروباری عێراق. ئەم وتارەی بەتایبەت بۆ ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو نووسیوە.

Share this Post

شرۆڤە