شرۆڤە

بەشی دوانزەیەم و کۆتایی؛ پێشنیازەکانی رێکخستنەوەیەکی کەرتی خانووبەرە

14-05-2022


بەرایی

لە ماوەی رابردوودا و لە یانزە بەشدا هەڵسەنگاندنمان بۆ دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی کەرتی خانووبەرە و بازاڕەكەی لە هەرێمی کوردستان کرد، کە تێیدا هەڵوەستە لەسەر بازاڕی ئێستا و داهاتووی نرخەکان، گرفت و ئاستەنگەکانی نێو ئەو كەرتە، لەڕووی خزمەتگوزارییەکان، تێکەڵاوی کاری وەبەرهێنەر و  کۆمپانیاکانی خانوبەرە، لێکەوتەکانی گەشەکردنی خێرای ئەم کەرتە لەسەر بنیاتنانی شار و سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک (ئاو، وزە و خاک).. هتد كرا، بەڵام لە بەشی کۆتایی ئەم زنجیرە هەڵسەنگاندنەدا هەڵوەستە لەسەر ئەزموونی سەنگافۆرە وچۆنیەتی رێکخستنەوەی کەرتی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان لەماوەیەکی کورتخایەن لەڕووەکانی هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان، پێداچوونەوە بە موڵەتی چاودێریکردن، رێکخستنەوەی بازاڕی عەقارات و دانانی داتابەیسی نیشتمانی و چۆنیەتی سەرپەرشتیکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان لەنیو پرۆژەکان دەكەین. هەروەها لەماوەیەکی درێژخایەنیشدا بەدوای وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێین كە چۆن کەرتی خانووبەرە بگوڕین بۆ کەرتێکی بەردەوام Sustainable Sector لەرووە جیاوازەکانەوە؟ هەڵوەستەی کۆتایی لەسەر ئەگەری داڕمانی کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان دەکەین و دەمانەوێ بزانین، ئایا نرخەکان هاڕە دەکەن یاخود چی روودەدات؟

سەنگافۆرە؛ ئەزموونێکی سەرکەوتوو لە خانووبەرەدا

نزیکەی نیو سەدە زیاترە کە سەنگافۆرە مودێلێکی لەبواری خانووبەرە دەستپێکردووە، بەشێوەیەک 90%ی زەوی لەلایەن حکومەتەوە خاوەندارێتی دەکرێت و، 85% خانووبەرە (نیشتەجێبوون) لەلایەن کۆمپانیای خانووبەرەی حکومەتەوە دابیندەکرێت! دامەزراوەکانی حکومەت بەرێژەی 22% بەشدارن لە گەشەی بەرهەمی ناوخۆ GDPی وڵاتدا، کەبەشێکی گەورەی لە خانووبەرەوە دێت[1].

کەرتی خانووبەرەی سەنگافۆرە مێژوویەکی سەتان ساڵەی نییە[2]، تەنیا نزیکەی دوو هێندەی ئەو رێگایەیە کە هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕیوە. بەشێوەیەک لە سەنگافۆرە لەساڵی 1970دا تەنیا 35%ی خەڵک کرێنشینی حکومەت بوون و، 29%ی دانیشتوان خاوەنی خانووی خۆیان بوون، بەڵام لە 2017دا نزیکەی 91% دانیشتوان خاوەنی خانووی خۆیانن و  رێژەی ئەوانەشی بەکرێ لە خانوو و باڵەخانەکانی حکومەتدا دەژین گەیشتووەتە 82%[3].

خاڵێکی دیکەی سەرکەوتوویی سەنگافۆرە، ئەزموونی دابینکردنی شوێنی نێشتەجێبوون و خانوووەیە بۆ ئەوانەی داهاتیان کەم و مامناوەندە، بەشێوەیەک حکومەت لە بۆردی پەرەپێدانی خانووبەرە HDBی سەنگافۆرەوە بە قیست و بە زیادەی 2.6% دەیکڕێت و، دواتر بە قیست و کەمتر لە نرخی بازاڕ بۆ ماوەی 25 ساڵ دەیدات بە خەڵکانی کەمدەرامەت و ئەوانەی دۆخیان مامناوەندە. هەروەها بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی نرخی بازاڕ و زیادەی قیستی ماوە، حکومەت زەوی بە بۆردی پەرەپێدانی خانووبەرە دەفرۆشێت و، لەم رێگەوە دارایی ساڵانەی خۆی لەم کەرتەدا تەواو دەکات. هەروەها، رێژەیەکی بەرزی پێشکەوتووی باج لەم کەرتەدا پەیڕەو دەکرێت و نرخی خانووبەرەش بۆ بیانی، وەبەرهێنەر و ئەوانەی داهاتیان زۆرە بەنرخی بازاڕ دەبێت[4].

لەکۆتایشدا، بەهۆی گۆڕانکارییەکان لە کەرتی خانووبەرە و شێوازی ژیان و کەرتی خانووبەرە لە سەنگافۆرە كە لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی و پەیدابوونی تاوەرە هەوربڕەکانی نێشتەجێبوون بووە، دامەزراوەیەکی دیکە بەناوی دەسەڵاتی گەشەپێدانی شارستانی UDA[5] لەگەڵ بۆردی پەرەپێدانی خانووبەرە HDB بەیەکەوە ئەم کەرتە بەڕێوەدەبەن. بەشێوەیەک لە 2019دا ماستەرپلانی بەکارهێنانی زەوی لە سەنگافۆرە بۆ ماوەی کورتخایەن و درێژخایەن لە 10 بۆ 15 ساڵی داهاتوودا بڵاوکردووەتەوە، کە رێنمایی ورد و تەواوی رێنوێنییەكانی گەشەپێدانی زەوی و موڵکی لە سەنگافۆرە لەخۆگرتووە و، ساڵانە بەگوێرەی گۆڕانکارییەکان ماستەرپلانەکە نوێدەکرێتەوە[6].

هەنگاوە کردارییەکانی رێکخستنەوەی کەرتی خانووبەرە لەماوەیەکی کورتخایەن!

یەکەم: هەموارکردنەوەی یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش بڕگەکانی پەیوەست بە وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون، بەشێوەیەک رەچاوی گەشەیەکی بەردەوامی Sustainable development  کەرتی خانووبەرە لە  هەرێمی کوردستان بكات.

دووەم: پێداچوونەوە بە موڵەتی پرۆژەکانی نێشتەجێبوون و نەگۆڕینی رەگەزی زەوییەکانی پرۆژەکان، چونکە کیشەی گەورە بۆ پێکهێنەرەکانی شار و کارکردنی شار وەک یەکەیەکی جوڵاو درووستدەکات.

سێیەم: پێداچوونەوە و چاودێرییەکی خێرای پێویستی پرۆژەکانی نێشتەجێبوون، چی ئەوانەی دروستکراون یاخود ئەوانەی ئێستا بنیاتدەنرێن، بەتایبەتیش پەیوەست بەجێبەجێکردنی ماستەرپلانی پێشنیازکراو و نەگوڕێنی دیزانی پرۆژەکە و تەنیا پێکەوەنانانی بلۆک و چیمەنتوو بەناوی پرۆژەی نیشتەجێبوون.

چوارەم: دانانی داتابەیسێکی نیشتمانی کە بتوانێت کڕین و فرۆشتنەکانی سەرجەم نووسینگە و کۆمپانیاکانی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان لەخۆبگرێت، ئەویش بەئامانجی زانینی ئاراستەی بازاڕ و رێگریکردن لە قۆرخکردن و یاریکردن بەم بازاڕە و ئاسانکاری بۆ کڕیار و فرۆشیار لە بەناوکردن، دۆزینەوەی کڕێن و فرۆشتنی ساختە لەم کەرتەدا.

پێنجەم: رێکخستنەوەی پرۆژەکان بەشێوەیەک بۆ بازرگانی و تەلاری بازرگانی بکرێتەوە بەشوێنی بازرگانی، ئەوانەشی بۆ نیشتەجێبوونن بکرێنەوە بەشوێنی نیشتەجێبوون، چونکە ئێستا لێکەوتە خراپەکانی وەک جەنجاڵی و قەرەباڵخی شەقامەکان، بێزاربوونی ماڵ بەهۆی ئۆفیسەوە، بەپێچەوانەوە، تێکدانی بەشیک یاخود هەموو خانووەکە و گوڕینی و هتد لە ئارادایە.

شەشەم: لێكۆڵینەوەی خێرای دیزاینی خانوو و شوقەکان بەشێوەیەک لەگەڵ ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگەدا پێشکەوتووەکان و کۆمەڵگەدا بگونجێت. خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ داهاتوو جێبەجێبکرێت، نەوەک پرۆژەکانی سەرەتا کە ئێستا شوقەیەکی 240 مەتری بە 180 هەزار دۆلارە، بەڵام لە تەنیشتییەوە شوقەیەکی 180 مەتری سەروو 250 هەزار دۆلارە، ئەویش بەیەک هۆکاری  وەك ئەسانسۆر!

هەنگاوە کردارییەکانی رێکخستنەوەی کەرتی خانووبەرە لەماوەیەکی درێژخایەن!

یەکەم: یەکخستنی کۆی کەرتی خانووبەرە و کۆکردنەوەی لە یەک دامەزراوەی پێشکەوتووی نیشتمانی کە بەشێوەیەک، موڵەتدان، چاودێریکردن و بەدواداچوون و سەرپەرشتیکردنی ئەم کەرتە لە خۆبگرێت، کە ئاسانترینیان یەکخستنی پێدانی موڵەت، بۆ نموونە پێدانی موڵەت بە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان، لەکاتێکدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن هیچ بەرپرسیارییەكی لەم پرۆسەیەدا نییە، تەنیا ئەوەنەبێت كە کۆمەڵیک پرۆژەی بۆ هەژاران و خەڵكی کەمدەرامەت خستەبواری جێبەجێکردنەوە كە تا ئێستاش زۆربەی تەواونەبووە و، لەڕووی نرخیشەوە بۆ نموونە خانووە 200 مەترییەکانی نیو ئەم پرۆژەیە یەک لەسەر چواری نرخی خانووی بەرامبەرەکەی لەپرۆژەیەکی دیکەدا ناكات.

دووەم: پابەندکردن و دانانی مەرج لەسەر کۆی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بە پاککردنەوەی ئاوی دابینکراو بۆ خانوو و ماڵەکان و رێکخستنەوەی شێوازی خزمەتگوزارییەکانی دیکە لەسەروو هەموویانەوە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک کە بتوانرێت بەئاسانی  لە کارگەکانی ریسایکلین دووبارە بەکاربهێنرێنەوە.

سێیەم: پابەندکردنی وەبەرهێنەران و خاوەن پرۆژەکان بە تەواوکردنی شوێنە خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک باخچەی ساوایان، قوتابخانە، بنکەی تەندرووستی و پارک و شوێنە گشتییەکانی دیکە، ئەگەر کراون بە باڵەخانە یاخود زەوییەکانیان داگیرکراوە، ئەوا هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ گەڕانەوەیان و کردنیان بەو شوێنانەی لە ماستەرپلانی پرۆژەکەدا هاتووە.

چوارەم: رێکخستنەوەی نرخی کرێ و خزمەتگوزارییەکان لەنیو پرۆژەکاندا بەشێوەیەک لەسەر بنەمای خزمەتگوزارییەکان بێت، نەک بەپێی کۆنی و نوێی پرۆژەکان.

پێنجەم: رێکخستنەوەی سیستمی موڵکداری و سیستمی باج بۆ داهاتی وەبەرهێنەران، بازرگانان و کڕیار و فرۆشیارانی (دەڵاڵ) و کۆمپانیاکان لەسەر بنەمای سیستمێکی ئەلیکترۆنی کە پەیوەست بکرێت بە داتابەیسی خانووبەرە بۆ کۆتاییهێنان بەزۆربەی کێشەکان.

شەشەم: هەڵسەنگاندنی گشتی بۆ نیشتەجێبوون و دابینکردنی چوارچێوەیەکی شیاو بۆ هەموو خێزانێک لە هەرێمی کوردستان بکرێت و پرسی کرێنشینی و داهاتی خێزانەکان لەبەرچاوبگیرێت و سیستمێکی یەکگرتوو وەک ئەوەی سەنگافۆرە پەیڕەو بکرێت، کە بتوانرێت ئەوانەی داهاتی کەم و مامناوەندیان هەیە لەماوەیەکی درێژخایەندا ببن بەخاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون، نەک وەک پرۆژەکانی رابردوو بێت كە  بۆنمونە، بۆ 1500 یەکەی نیشتەچیبوون،10 هەزار فۆڕم وەرگیرابوو!

کۆتایی

لە کۆتاییدا، ئەگەرەکانی داڕمانی کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان بەمانای هاڕەکردنی نرخەکان یاخود دابەزینێکی وێنانەکراو نایەت، چونکە هەم بازاڕێکی ئازاد یاخود مۆنۆپۆڵکراو نییە و، لە دەرەوەی کۆی ئەو بازاڕانە یاخود ئابوورییانەوەیە کە ئێستا بازاڕ و ئابوورییەکانی جیهانی پێ بەڕێوەدەبرێت و  دەناسرێتەوە. هەربۆیەش کاتێک باس لە ئەگەری داڕمانی کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەوا باس لە:

  • لاوازبوونی بازاڕی کڕین و فرۆشتن.
  • دابەزین لەو نرخانەی كە ئێستا لەنیو هەندێک لە پرۆژەکان مامەڵەی پێوەدەکرێت، وەک نرخی گوندی ئینگلیزی لە پێش 2014 و لە دوای 2014.
  • مانەوەی یەکەکان لەدەستی دەڵاڵەکان، وەک ئەوەی ئێستا دەبینرێت.
  • راگرتنی پرۆژەکان و تەواونەکردنی پرۆژەکان، وەک ئەوەی لە 2017دا روویدا.
  • ئەنجامنەدانی پرۆژەکان بەو کوالیتیەی لە ماستەرپلانەکەدا هاتووە.
  • لاوازبوونی کاری بازرگانی و کەرەستەکانی بواری خانووبەرە

لەم دوانزە بەشەدا هەوڵدراوە ئەو مەترسیانەی کە رووبەڕووی ئەم کەرتە و داهاتووی شارەکان، بەتایبەتیش رووبەڕووی شارە گەورەکان لە ئێستا و داهاتوودا دەبنەوە بخریتەڕوو، نموونەی زیندوو و ئەزموونی کارکردنی وڵاتان لەم کەرتەدا ئاماژەی بۆکراوە کە سەرکەوتووترین نموونەش سەنگافۆرەیە، بەڵام ئەگەر رێکخستنەوە بۆ ئەم کەرتە نەکرێت وەکو کەرتەکانی دیکە، لێبگەڕێین تاوەکو کیشەکان کەڵەکە بن ، ئەوا چارەنووسی ئەم کەرتەش وەک لێکەوتەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە ئێستا خۆڵبارین، لافاو و وشکەساڵییە دەبێت کە هێشتا سەرەتای گۆڕانکارییەکانیەتی!

سەرچاوەکان 

[1] https://www.youtube.com/watch?v=D-6rQmHpGfE&list=PLmtuEaMvhDZbNVIDHA-MTVH0sLb5HP7Pn&index=2

[2] https://www.propertylimbrothers.com/insights-posts/history-growth-singapore-real-estate-market

[3] https://unassumingeconomist.com/wp-content/uploads/2018/04/C1.png

[4] https://unassumingeconomist.com/2018/04/understanding-singapores-housing-market/

[5] https://www.ura.gov.sg/corporate

[6] https://www.ura.gov.sg/maps/?service=mp

Share this Post

شرۆڤە