شرۆڤە

هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان

22-05-2022


بەرایی

وەزارەتی نەوتی عێراق بە دوو نامە و لە دوو رێگەی جیاوازەوە لەم مانگەدا هەوڵەکانی بۆ دەستبەسەراگرتن و دوورخستنەوەی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز لە مامەڵکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ، یەکەمیان لەرێگەی ناردنی نامەیەکەوە بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان، کە بچن راستەوخۆ لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ مامەڵە بکەن و دووەمیش لەرێگەی دامەزراوەیەکی راوێژکاریی یاسایی بەناوی کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن کە پەیوەندی بە کۆمپانیاکانەوە بکەن کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و رێگەی نوێ بۆ مامەڵکردن لەگەڵ بەغدا بدۆزنەوە[1]، تاوەکو ئەم پەنابردنە بۆ ئەم دامەزراوە یاساییە نێودەوڵەتییە لەڕاستیدا شتەکان ئاسایی بوون و لەچوارچێوەیەکی سیاسی و بگرە خواستی ئێستای بەغدا بەهۆی دابەشبوونی کورد و شیعەوە پەیوەست بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لێکدەدرایەوە، بەڵام ئەم هەنگاوەی ئەمجارە و پەنابردن بۆ دامەزراوەیەکی وەک کلیری گۆتلیب جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن، چونکە دوو مەترسی لە پشتی ئەم پەنابردنەوەیە کە لێرەدا هەوڵدەدەین روونی بکەینەوە.

هەوڵەکانی عێراق بۆ دەستبەسەراگرتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان

سەرەتای هەوڵەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی، کاتێک لە 14ی شوبات ئەمساڵدا یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بە “نادەستووری” لەقەڵەمدا، هەرچەندە کاردانەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەر چوار سەرۆکایەتییەکەشەوە بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام وادیارە هەوڵیکی بێوچان و لەرێگەی جیاوازەوە لە 16ی شوباتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە هەیە، بەڵام وادیارە بە دانوساندن یاخود بە دەرکردنی بڕیار و تاقیکردنەوەی رێگەی جیاواز نەتوانراوە بڕیارەکە جێبەجێبکرێت، ئەمەش ئەوەمان بیردەخاتە بەکارنەهێنانی شیوازی دیکە لەلایەن بەغداوە بۆ لاوازی دەسەڵاتی نیوخۆی لە بەغدا دەگەڕێتەوە، ئەگینا پەنابردن بۆ دامەزراوەیەکی یاسایی وەک کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن دەرخەری ئەم راستییە.

خشتەی 1: کرۆنۆلۆجی هەوڵەکانی بەغدا بۆ دەستبەسەراگرتنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان

رۆژناونیشان بەیاننامە و بڕیارەکان لەلایەن تێبینی
15ی شوبات 2022یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ‘نادەستوورییە[2]دادگای فیدراڵیی عێراقبڕیارەکە سیاسی لێکدراویەوە
24ی ئادار 2022نوسراوێکی چوارخاڵی بەناونیشانی “جێبەجێکردنی بڕیار” ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کردوەزارەتی نەوتی عێراق
29ی ئادار 2022وۆرکشۆپی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ تاوتویکردنی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردنی پیشەسازی نەوت لە هەرێمی کوردستان[3]
2ی نیسان 2022پیشەسازی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی عێراق[4]وەزارەتی نەوتی عێراق
7ی نیسان 2022گرێبەستی خزمەتگوزاری و هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێناندا گفتوگۆی نێوان وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق[5]وەزارەتی نەوتی عێراق
11ی نیسان 2022کۆبوونەوەی هەولێر و بەغدا، جەختکردنەوە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان و دامەزراندنی کۆمپانیایەکی نەوتی لە هەولێر[6]وەزارەتی نەوتی عێراقهەردوولا بە ئیجابی وەسفی کۆبوونەوەکەیان کرد
28ی نیسان 2022چوارەم کۆبوونەوەی وەزارەتی نەوت وگرنگترین خاڵەکانی گوتارەکەی وەزیری نەوتی عێراق، نرخی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان تێچووی 50% فرۆشتنەکەیەتی.

داهاتی نەوتی فرۆشراو لە هەرێم لە 50% بەهای نەوتی فرۆشراو تێناپەڕیت[7]

وەزارەتی نەوتی عێراق
7ی ئایار 2022وەزارەتی نەوت بەرەو جێبەجێکردنی دەقی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی دەچێت[8]وەزیری نەوتی عێراق
12ی ئایار 2022کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی – بەشی گرێبەستەکانی نەوت و مۆڵەتەکان. شیکاریی گرێبەستی تێچوو بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان[9]وەزیری نەوتی عێراق
15ی ئایار 2022بەیاننامەی کۆمپانیای نەوتی باکوور و دەستبەسەراگرتنی کێڵگەی نەوتی کەرکوک لەلایەن هەرێمی کوردستانکۆمپانیای نەوتی باکوور
19-5-2022ناردنی نامە بۆ کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان[10]وەزارەتی نەوتی عێراق

مەترسییەکانی پشت پەنابردن بۆ کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن چین؟

راسپاردنی کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە مەترسییەکی گەورە دەخاتە بەردەم کارکردنی هاوبەشی هەولێر و بەغدا، چونکە کارکردنی کۆمپانیایەکی راوێژکاری یاسایی بۆ مامەڵکردن لەگەڵ کۆمپانیاکان بەبێ هەرێمی کوردستان هیچ مانایەک بۆ کارکردنی پێکەوەیی ناهیڵێتەوە و کیشەکان لەئاستێکی نێوخۆییەوە دەباتە ئاستێکی نێودەوڵەتی، هەر ئەمەش بەغدا کە زانیویەتە دەسەڵاتەکانی بەشی ئەوەناکات کە بڕیارەکە جێبەجێبکات، بەتایبەت لەدۆخێکی لەم شێوەیەدا! بۆیە کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن رادەسپیرێت، کە بەدڵنیاییەوە لە ماوەی کورتخایەن و درێژخایەن دا لێکەوتەی جیاوازی لێدەکەوێتەوە و لێرەدا بەکورتی لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دەبێت:

  • زیادبوونی بێ متمانەی و دوورکەوتنەوە لەبەڕێوەبردنی هاوبەشی نەوت و گاز
  • زیادبوونی تێچووی کیشەکان بەتایبەتیش راسپاردنی دامەزراوەیەکی یاسای وەک کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن لەسەر عێراق، کە لەوانەش هەرێمی کوردستان پەنا بۆ دامەزراوە و دادگای دیکەی نێودەوڵەتی ببات.
  • دواخستنی کارەکانی پەرەپێدان و بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان
  • قورسکردن یاخود زەحمەتکردنی کاری کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، کە هەندێکیان هەم لە هەولێر و هەم لە بەغدا کار دەکەن.
  • زیادبوونی خەرجییەکانی پاراستنی کێڵگە و بلۆکە نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانەوە.
  • گۆڕێنی گرێبەستە نەوتییەکان لەکاتێکدا  پرسی دیکەی وەک قەرز لەنێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
  • زیادبوونی گرژییەکان لەئاستی سیاسی و نەتەوەیشەوە، لەکاتێکدا عێراق بەقۆناخێکی سەخت لەرووی کەشوهەوا و هەژاری و پێکهنەهێنانی حکومەتدا تێدەپەڕێت.

کۆتایی

لەسەرەتاوە تاوەکو ئێستا بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی و بەیاننامە و بڕیارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق بە گەمەیەکی سیاسی لێکدەدرایەوە، بەڵام لەدوای پەنابردن بۆ کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن، هەرێمی کوردستان مەترسییەکانی بەجیددی وەرگرتووە و بەشێوەیەک کە دوو هێزە سەرەکییەکەی هەرێمی کودستان لەیەک نزیک کردەوە، هەربۆیەش لەڕاستیدا پرسی یەکلاکردنەوەی کیشەکان لەرێگەی کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن وا لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کە مامەڵە یاساییەکانیان پێش کارکردنیان بخەن، چونکە ئەمجارە رێکارەکان نێوخۆیی و تەنیا لە عێراق نابێت بگرە لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا دەبێت.

ئەو نامەیەی کە 19ی ئایار ناوەڕۆکەکەی ئاشکرابووە و وەزارەتی نەوتی عێراق چ ئەوەی کە خۆی بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی ناردووە و چ ئەوەی لەڕێگەی کلیری گۆتیب ستین و هامیلتۆن یەک ناوەڕۆک بووە، مامەڵکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا، لەکاتێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری دانانی کۆمپانیایەکی نیشتمانی بۆ هەرێمی کوردستان لە هەولێر داوە لە بڕیارەکانی پێشوودا دەرکردووە، کەواتە ئەم دوو رێگە جیاوازە، یەک ئامانجی لە پشتەوەیەوە و کە هەمان ئامانجی عێراقییەکان لەسەرەتای درووستبوونەوەی عێراق، بەڵام گۆڕانکاری و کیشە نیوخۆییەکان رێگربووە لە جێبەجێکردنیان نەوەکو بڕوابوون بە کارکردنی هاوبەش و بنیاتنانەوەی هەموو عێراق بەیەکەوە.

لەکۆتایشدا، ئێستا پێش ئەوەی خەرجییەکان لەسەر هەولێر و بەغدا زیاتر بێت و گرژییەکان بەرەو هەڵکشانی زیاتر بڕوات، ئەوا پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان دا و گرتنەبەری رێگای دانوساندن باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، چونکە پابەندکردنی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان لەرووی یاساییەوە لەلایەن بەغداوە دەبێتە قۆناخێکی نوێ، چونکە چیدیکە مانا بۆ کارکردنی هاوبەش و بنیاتنانەوەی عێراق بەیەکەوە نامێنێت.

سەرچاوەکان

[1] https://financialpost.com/pmn/business-pmn/iraq-bids-to-control-kurdistan-oil-revenue-with-contract-switch-2

[2] https://oil.gov.iq/?page=886

[3] https://oil.gov.iq/?page=960

[4] https://oil.gov.iq/?page=967

[5] https://oil.gov.iq/?page=973

[6] https://oil.gov.iq/?page=979

[7] https://oil.gov.iq/?page=1021

[8] https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0705202217

[9] https://oil.gov.iq/?page=1028

[10] https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/iraq/200520223

Share this Post

شرۆڤە