لێکۆڵینەوە

پەڕینەوە لە قەیران: کارنامەی چوارساڵەی حکومەت

20-08-2018


کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە کابینەی بنکە فراوانی پێنج حزبی بەناوکرا، یەک لە ئاڵۆزترین کابینەکانی هەرێمی کوردستان بووە. ئەم کابینەیە هەم لەناوەوە و هەم لەدەرەوە رووبەرووی گەلێک قەیران بووەوە. هەر لە سەرەتاوە هەست بەوە دەکرا ئەم کابینەیە رووبەرووی گەلێک گرفت دەبێتەوە. جارێ خودی کابینەکە کەوا لە پێنج حزبی سەرەکی براوەی هەڵبژاردنەکان پێکهابتوو، هەر بە ئاستەمی کەوتە سەرپێ. هێشتا ساڵێک لە تەمەنی خۆی پڕنەکردەوە، رووبەرووی چەند قەیرانێکی سەخت بووەوە کەوا هەندێکیان سەرچاوەی دەرکییان هەبوو و هەندێکیشیان سەرچاوەی ناوەکی.

ئەم کابینەیە بە کابینەی قەیرانە گەورەکان دەناسرێت. لە ٢٠١٤ بەدوا بەهۆی سیاسەتی ئابووری و سیاسەتی وزەوە بەغدا، بوودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی. بەمەش کوردستان لەگەڵ قەیرانێکی دارایی قورسدا رووبەرووبووەوە. هێشتا قەیرانی دارایی لە لووتکەی خۆیدا بوو کە تووشی قەیرانی گەورەی ئاسایشیش بووەوە. داعش بەدرێژایی سنوورێکی ٨٠٠ کم هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستان. کابینەکە ناچار بوو خۆی لەگەڵ بارودۆخی جەنگدا بگونجێنێت. دوابەدای ئەمەش لێشاوی دوو میلیۆن ئاوارە بەسەر ئەم هەرێـمەدا داڕژا کەوا بەقەد سێیەکی دانیشتوانی هەرێمەکە پێشوازی لە ئاوارەکان کرد. کوردستان لە گەرمەی جەنگی داعشدا بوو کەوا رووبەرووی قەیرانی سیاسی ناوخۆییش بووەوە. ئەمجا قەیرانی پەرلەمانیشی بەسەردا هات.

لەگەڵ ئەوەی چەندین قەیرانی ئەمنی، سەربازی، دارایی و سیاسی رووبەرووی هەرێمی کوردستان بووەوە، لە ٢٠١٧ گشتپرسییەکی مێژووییشی ئەنجامدا. ئەم پرۆژەیە دەرگای قەیرانێکی ئەمنی – سیاسی گەورەتری بەروویدا کردەوە. هەرێمی کوردستان لە تەمەنی ٢٧ ساڵەی خۆیدا بۆ یەکەمجار رووبەرووی گەلەکۆمەیەکی ناوچەیی گەورە بووەوە کە تارادەیەک پەسەندی سەرووناوچەیی و بێدەنگی جیهانیشی لەگەڵ بوو. لە سێلاوە کوردستان گەمارۆدرا. هێزی سەربازی سێ وڵات لەسەر سنوورەکانی کوردستان دەستیان بە نمایشی سەربازی و مانۆڕی پەیتا – پەیتا کرد. هەندێکیان سنوورەکانیان داخست. عیراق فڕۆکەخانەکانی هەرێمی داخست. ئێران دەرواز سنوورییەکانی داخست.  تورکیا هێزەکانی بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان گواستەوە. جەنگێکی دەروونی بێ ئامان بۆ داڕماندنی ئیرادەی کوردستانییان دەستیپێکرد. سەرەنجام هێرشی گەورەی ١٦ ئۆکتۆبەر روویدا کەوا ناوچە کوردستانییەکانی لە ئامێزی هەرێمی کوردستان دابڕی.

لەدوای ئەم دۆخەوە، ئۆپۆزیسیۆن لە کابینە کشایەوە. هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانی رەوایی ئیدارەش بوو. لەگەڵ ئەمەش هەرێمی کوردستان دۆخی بێ ئیدارەیی بەسەردا نەهات و رووبەرووی  بۆشایی کارگێڕی نەبووەوە. حکومەت بە سەبر و ئیرادەوە، یەکە بە یەکە دەستوپەنجەی لەگەڵ هەموو قەیرانەکاندا نەرمکرد. سەرباری هەموو قەیرانەکانیش، کابینە لەسەر ئاستی ناوچەیی و سەرووناوچەیی پەیوەندییە دەرەکییەکانی تێکچووبوو. بەمەش لەگەڵ بێدەنگی یاران و گەمارۆی سەختی نەیاراندا بەرورووبووەوە. لەکاتێکدا هەم لە ناوەوە و هەم لەدەرەروە باسی نەهێشتنی یەکجارەکی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرا، لەکاتێکدا دەسبەجێ لەدوای رووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەر، زنجیرەیەک نارەزایەتی توند بەشێکی بەرین لە هەرێمی کوردستانی گرتەوە کەوا تێیدا دەیان کەس لە هێزە ئەمنییەکانی و هاوڵاتییان بوونە قوربانی، کارگێڕی بەردەوام کاری خۆی کرد و خۆی لە بەرپرسیارێتی نەدزییەوە. ئەگەر بهاتایە و کارگێڕی پاشەکشێی بکردایە، دەستی لەکار بکێشایەتەوە، ئەگەری داڕمانی یەکجارەکی کیانی هەرێمەکەش لەئارادابوو. لەگەڵ ئەمە ئیدارەی هەرێمی کوردستان توانی یەک بە یەکی قەیرانەکان دەربازبکات.

ئەگەر ئەمڕۆ هاوڵاتییان بە ئاسوودەیی داوای رەفا، ئاسایش، دیموکراسی زیاتر و گەشەسەندن دەکەن، ئەگەر ئەمڕۆ هێزە سیاسییەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان ئامادەدەکەن، ئەگەر ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان توانیویەتی قەیرانی ئەمنی داعش و حەشدی شەعبی لەکۆڵبکاتەوە، ئەگەر توانیویەتی بەشێوەی رێژەیی قەیرانی دارایی دەربازبکات، ئەگەر توانیویەتی قەیرانی سیاسی ناوخۆیی بەشێوەی رێژەیی تێپەڕێنێ، ئەوە بەشێک لە هونەری ئەم دۆخە بۆ کارگێڕی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە. ئەنجامی ئەمەش دۆخێکە کە دەتوانین پێی بێژێن پەڕینەوە لە قەیران….

لینکی تەواوی لێکۆڵینەوەکە:

پەڕینەوە لە قەیران

Share this Post

لێکۆڵینەوە