شرۆڤە

پێگەی مێژوویی عەفرین

18-03-2018


 

RRC |

حاجی عەفرینی|

 

ناوچەی عەفرین لەسەر هەردوو کەناری رووباری عەفرینە لەوپەڕی باکووری رۆژئاوای سووریا و لە رۆژهەڵاتەوە هاوشانی شاری ئەعزازە و لە باشوورەوە هاوشانی شاری حەلەبە. عەفرین لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە حەلەبە و لە باشووری رۆژئاواش پارێزگای ئیدلب هاوسنوورێتی و لە رۆژئاوا و باکووریش لەسەر سنووری تورکیایە.

عەفرین ناوچەیەکی شاخاوییە رووبەری دەگاتە نزیکەی 3850 کیلۆمەتری چوارگۆشە، واتە نزیکەی 2% رووبەری سووریایە. لەرووی جوگرافییەوە عەفرین لە ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی کورد بەدرێژایی سنوور لەگەڵ تورکیا دابڕاوە.

ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی عەفرین بەپێی ئامارەکانی حکومەتی سووریا لە ساڵی 2012 دەگاتە 523258 کەس.

بەڵام ئەو ژمارەیە بەهۆی کۆچی ناوخۆیی لە پارێزگای حەلەب و شار و ناحییەکانی دەوروبەر زیاد بووە و بەپێی دەسەڵاتی خۆسەری کورد لەوێ، کە دوای دەرچوونی ناوچەکە لەژێر دەسەڵاتی حکومەت لەوێ دامەزرا، ژمارەکەی گەیشتووەتە زیاتر لە لە ملیۆنێک کەس.

عەفرین لە نزیکەی 350 گوند و ناوحییەی گەورە و بچووک پێکهاتووە و گرنگترینیان شاری عەفرین،  جندرێس، بلبل، شیێ، راجۆ،  شەڕا و ماباتلییە.

چەند ساڵێکە بەنداوی 17 نیسان لەسەر رووباری عەفرین و لە ناوچەی مەیدانکێ دروستکراوە و دەریاچەیەک لە پشتی بەنداوەکە دروسبووە. بەو هۆیەوە ناوچەی دەوروبەری دەریاچەکە بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری.

عەفرین بە ناوبانگە بە بەرهەمهێنانی رۆنی زەیتوون و میوەی هاوشێوەکانی پرتقاڵ و ترێ، لەپاڵ بوونی چەندین ناوچەی شوێنەواری وەک قەڵای سەمعان، قەڵای نەبی هوری، گردی عەین دارە، پردە رۆمانییەکان لەسەر رووباری عەفرین و پردی هەرە – دەرە کە ئەڵمانیا پێش جەنگی یەکەمی جیهان دروسیکردووە.

هەروەها هێڵێکی شەمەندەفەر کە لە تورکیاوە دێ بە ناوچەی عەفریندا تێدەپەڕێ و دەگاتە شاری حەلەب و تورکیا پێش جەنگی یەکەمی جیهان دروسیکردووە.

ناوچەی عەفرین ناوچەکانی دەسەڵاتی گرووپەکانی “قەڵغانی فرات” کە تورکیا لە جەرابلۆس، باب و ئەعزاز تاوەکو رۆژهەڵاتی عەفرین و پارێزگای ئیدلب لە رۆژئاوا پاڵپشتییان دەکات، لە یەکتر جیادەکاتەوە. بۆیە کۆنترۆڵکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە هەموو ناوچە سنوورییەکانی نێوان شاری جەرابلۆس لە رۆژئاوای فرات و دەریای ناوەڕاست لەرووی جوگرافییەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش بەواتای لەناوبردنی هەموو ئەگەرێکە بۆ بەستنەوەی ناوچەکانی کورد لەرووی جوگرافییەوە و رێگرتنە لە هەوڵی کورد بۆ بەستنەوەی ناوچەکانیان بەیەکەوە.

بۆ کورد، عەفرین یەکێکە لە سێ کانتۆنە کوردییەکە لە سووریا و پاراستن و بەرگریکردن لێیان بۆ ئەوان پرسی مان و نەمانە و بە ئاسانیی دەستبەرداری نابن. ئەوان هەروەها بەپێی لێدوانی سەرکردەکانی کورد لە سووریا دەخوازن عەفرین بە ناوچەکانی دیکەی کوردی ببەستنەوە. ئەم ستراتیژییە ناوکی پرۆژە تورکییەکە بۆ داگیرکردنی عەفرین پێکدەهێنێت.

مێژووی بوونی کورد لە ناوچەی عەفرین

مێژووی بوونی کورد لە ناوچەی عەفرین (چیای کوردان) (دەشتی جومە و چیای لیلون) بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە، واتە ماوەی نێوان ساڵانی 476 – 1453 زایین و سەردەمی ئەیوبی و خاچپەرستان، بەپێی توێژینەوەکانی زۆربەی توێژەرانی سەردەم ئەمە پشتراستکراوەتەوە.

تەنانەت بەشێک لە توێژەرانی سەردەم دەڵێن مێژووی بوونی کورد لەم ناوچەیە زۆر دێرینترە.

بەشێک لە توێژەرانی سەردەم دەڵێن مێژووی بوونی کورد لە ناوچەی عەفرین بۆ سەردەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە، بۆ سەردەمی نیشتەجێبوونی گەلانێک کە بە شاخاوی ناودەبران لە بەشی باکوور و رۆژهەڵاتی رۆژهەڵاتی نزیک (زنجیرە چیای زاگرۆس و تۆرۆس) تادەگاتە باکوور بەئاراستەی چیاکانی قەفقاس و ئاسیای بچووک.

توێژینەوە مێژووییەکان لەوە جەختدەکەنەوە کە نیوەی ناوچەکانی نێوان رووبارەکانی دیجلە و فرات لە باکوور، واتا ناوچەکانی ناوەندی وڵاتی کوردان شوێنی سەرهەڵدانی یەکەم شارستانی مرۆڤن لە چاخی بەردینی نوێ کە زانایانی مێژوو ناوی شارستانیی تەل حەلەفیان لێناوە.

هەرزوو ئەو شارەستانییە هاوشێوەی کەوان فراوان بوو کە لە رووباری زێی گەورە لە کوردستانی عێراق لە رۆژهەڵات دەسیپێدەکرد تاوەکو فرات لە رۆژئاوا. ئەم شارستانییەتە زۆر کاریگەریی هەبوو لەسەر ناوچەکانی حەلەب و عومقیش، بۆیە یەکبوونێکی رۆشنبیری و شارستانی و چینایەتی روون لەو ناوچە فراوانە درووسبوو، کە لە زێی گەورەوە لە چیاکانی زاگرۆس لە رۆژهەڵاتەوە دەسیپێدەکرد تاوەکو چیاکانی ئەمانۆس لە کەناری دەریای ناوەڕاست لە رۆژئاوا.

زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناوچەکانی ئەمانۆس و سیرووس (چیای کوردان) لەو سەردەمە خەڵکێکی ناوچەی شاخاویی و خاوەن رەفتاری باکووری لێی نیشتەجێبوون و لە چیاکانی کوردستانەوە هاتوون و ناوچەی سیرووس و دەشتی عومق لەرووی نەتەوەیی و شارستانی و ناوچەییەوە بەشێک بوو لە بەرزاییەکانی زنجیرە چیای تۆرۆس و زاگرۆس لە قۆناغەکانی سەرەتایی سەردەمە مێژووییەکان. تەنانەت ناسنامەی نەتەوەیی شاخاوی دانیشتوانی جیاواز بوو، لەرووی کراوەیی و سەقامگیری لە سەردەمی شارستانی حەلەف، واتا لە هەزارەی شەشەمی پێش زایین تاوەکو سەرەتای سەردەمە مێژووییەکان لە سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زایین.

بەشێک لە توێژەرانی سەردەم و بەشێک لە سەرچاوە سنوورییە نیمچە فەرمییەکان لەبارەی پرسی کورد و بوونی کوردان لە ناوچەی عەفرین بە سنووری ئێستایەوە گەلێک بابەتی گرنگیان نووسیوە.

لە بەشی سێیەمی زنجیرە کتێبی /مێژووی تێکۆشانی جووتیاران/: کورد لە سەدەی شازدەیەم گەیشتە باکووری سووریا بەهۆی یاخیبوونی هۆزەکانیانەوە. لە ناوچەی عەفرین هۆزەکانیان ئاژەڵدار و گەڕۆک بوون لەنێوان بەرزاییەکانی چیاکانی تۆرۆس و دەشتی عەفرین. دواتر دەسەڵاتی عوسمانی لە سەدەی نۆزدەیەم ناچاری کردن لە چیایەک جێگیر بن کە بەناویانەوە ناونراوە.

نووسەر ئاماژە بۆ مێژوویەکی دوورتر سەبارەت بە بوونی کورد لە ناوچەکە دەکات، کە دەڵێ نەتەوە و پێکهاتەی جیا-جیا لە ناوچەی سنووری نێوان شام و ئەنادۆڵ نیشتەجێبوون کە بەشێکیان رەچەڵەکیان هی سەردەمی سەرەتایی عەباسییەکان بوو کە ئەوکات ناوچەکە کەلێنی زۆر بوو و پێکهاتەکانی لاوازیی دەسەڵاتی عوسمانییەکانیان دەقۆستەوە بۆ شۆڕش هەڵگیرساندن. وەک بەڵگە دەتوانین ئاماژە بە سەرهەڵدانی کەسانی شۆرشگێڕ لە بنەماڵەی جان پۆڵات بکەین کە بەڕەچەڵەک کوردن لە ناوچەی حەلەب لە سەرەتای سەدەی حەڤدەیەم.

پرۆفیسۆر عیسمەت شەریف وانلی لە پاشکۆی ژمارە (2) کتێبەکەی “چەند چەپکێک لە راپۆرتێکی تایبەت بە ناوچەی عەفرین”، کە لە ئیسلاحی زیراعی لقی حەلەب دەرچووە، دەڵێ نزیکەی چوار سەدەیە دانیشتووانی کورد لە ناوچەکە دەژین.

بەڵام مونزر مووسڵی لە کتێبەکەی /عەرەب و کورد/ دەڵێ: کوردانی عەفرین لە مێژەوە لەوێ نیشتەجێن بەشێوەیەک لە دەوروبەری خۆیان دابڕاون، “بەبێ دیاریکردنی مێژوو”، ئەوان لە ناوچەیەکی جوگرافی دەژین کە تارادەیەکی زۆر هاوشێوەی وڵاتی رەسەنی خۆیانە. پەیوەندیشیان لەگەڵ کوردانی ویلایەتی عەنتاب لە باکوور بەهێز بوو.

سەبارەت بە هەمان پرس، لە کتێبی /رێبەری گەشتیاریی حەلەب/ دا هاتووە: گرنگترین کۆچەکان بۆ حەلەب، کۆچی کوردە لە ئەنادۆڵەوە لە سەدەی شازدەیەم کە لە چیایەک نیشتەجێبوون لە پەنای حەلەب و بەناویانەوە ناونراوە.

بەڵام دکتۆر شەوقی شەعس، لە کتێبەکەی قەڵای سەمعاندا دەڵێ: “لە سەدەکانی شازدەیەم و حەڤدەیەم دەستڕۆ و ئاغانی کورد لە قەڵاکە ژیاون…”. ئەمەش بەبێ هیچ گومانێک ئاماژەیە بۆ بوونی کوردانی باڵادەست لە ناوچەکە لەو سەردەمە. ئەمەش رێکەوتێکە گونجاوە لەگەڵ ئەوەی لە کتێبی “رێبەری حەلەب”دا هاتووە سەبارەت بە کۆچی کوردان بۆ دەوروبەری حەلەب.

باوکە پۆڵس یەتیم لە کتێبەکەی /مەقالات/ دەڵێ: کورد لە سەدەکانی ناوەڕاست 476-1453 زایین هاتوون بۆ کەناری رووباری عەفرین، پێش ئەوانیش سریانەکان خەڵکی ناوچەکە بوون.

بەڵام جەمیل کنە، لە لاپەڕەی دەیەمی کتێبەکەی بەناوی (ئەلمەزاڵم ئەلفەرەنسییە) سەبارەت بە بوونی کورد لە چیای کوردان نووسیویەتی و دەڵێ: “کوردان لە چەند هۆزێک پێکهاتوون، مێژوویان لە سووریا و لەو چیایەی کە ئەمڕۆ بەناویانەوە ناسراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خاچپەرستان”.

هەروەها نووسەری فەرەنسی بیر روندو لە ساڵی 1939 باسی کوردانی عەفرین دەکات و دەڵێ: گەیشتنی کوردان بە چڕی بۆ سووریا دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەدەی شازدەیەم، وەک دەرئەنجامی هێرشەکانی سوڵتانە عوسمانییەکان و ئەوان لە سەدەی شازدەیەمەوە تەواو لە ناوچەی “چیای کوردان و لیجە” جێگیربوون، ئەوانەی سەرەتا هاتن لە هۆزەکانی “ئامکی” بوون کە لە قۆنیاوە هاتنە ناوچەکە. هەروەها لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەمەوە هۆزەکانی شکاک، شێخان، ئۆقجە و ئێزدین (بییا) کە رەچەڵەکیان ناروونە، هاتوونەتە ناوچەکەوە.

بەڵام هنری لامانس پێیوایە یەکەم گرووپی ئێزدییانی “کورد” لە دەوروبەری سەدەی سێزدەیەمی زایین گەیشتنە چیای سەمعان.

لە کتێبی (ئەخەوەین راسل) کە لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەم لە شاری حەلەب ژیاون، هاتووە: ژمارەیەکی زۆر لە کوردان لە دەوروبەری حەلەب دەژین، یەکێک لە ناوچەکانی دەوروبەریش یان گەڕەکەکان ناوی (گەڕەکی کوردانی) لێنراوە. ئەوان بەشێوەیەکی سەرەکی بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵن یان بە سەرپەرشتیکردنی کاروانەکانی هوشتر، لەپاڵ ئەوانیش، کورد لە ناوچەکانی کلس و زۆربەی چیای بیلان “ئامانۆس” و چیاکانی دەوروبەری نیشتەجێن و خاوەنین و هێرش دەکەنە سەر گوندەکان لە دەشتاییەکان و هەندێک جار بە ژمارەیەکی زۆر دەردەکەون. ئەوان باش ناسراون بەهۆی ئیفرەنجەوە و دەسەڵاتی تەواویان بەسەر ناوچەکانی بیلان هەیە و پاراستنی رێگاکان بە چیاکاندا لەو ناوچانە بەوان سپێردراوە.

گومان نییە هەموو ئەم توێژینەوە و زانیارییانە دەیسەلمێنن کە کورد لە مێژەوە لە چیای کوردان و سەمعانە. لە راستیدا بوونی ئەوان رەنگە بۆ ماوەیەکی دێرینتر بگەڕێتەوە لەوەی کە باسکراوە. بە بەڵگەی ئەوەی ئەوەی لە کتێبی سوبح ئەلئەعشای قلقشەندی 1350-1418 زایین هاتووە کە لە موقر شەهابی کوڕی فەزڵوڵا لە مەمالیک ئەلئەبسارەوە گێردراوەتەوە: چەند نەتەوە و تایەفەیەکی عەرەب، کورد و تورکمان لە حەلەب بوون. ئەو هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی کە لە کتێبی شەرەفنامەدا هاتووە، سەبارەت بەوەی بوونی کورد لە دەشتی جومە و کلس دەگەڕێتەوە بۆ پێش سەردەمی ئەیوبی. لە شەرەفنامەدا هاتووە /شەرەفنامە ج1، لە ساڵی 1106 زایین، نزیکەی 400 خێزانی کورد لە چیای سماقەوە “باکووری رۆژئاوای حەلەب” بۆ لوڕستان رۆیشتن، بەهۆی ململانێیەک لەنێوان ئەوان و سەرۆکەکەیان.

وەرگێڕی شەرەفنامە محەممەد عەلی عەونی، لە حاشییەی هەمان لاپەڕە، لە فەرمانگەی مەعارفی ئیسلامییەوە دەیگێڕێتەوە کە: “ئەم هۆزە کوردە بە سەرۆکایەتی فەزڵەوی سووریایان جێهێشت، تاوەکو گەیشتنە لورستان.” ئەمەش بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە کورد لە ناوچەکانی چیای کوردان و سێگۆشەی سیرووس نیشتەجێبوون، بەلانیکەم لە پێش نۆ سەدە. ئاشکرایە ناوچەکانی کوردان، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستویەکی زایین دووچاری هێرشی رووخێنەر بوون لەلایەن هۆزەکانی تورکانی سەلجوقیەوە و کوردستان بووە گۆڕەپانێکی جەنگی زۆر لەنێوان ئەوان و بیزەنتییەکان. دواتریش لەنێوان خودی سەلجوقییەکان. هەروەها لە نێوان ئەوان و کوردی دانیشتووی رەسەن کە لە هەموو هەلێکدا بەرگرییان لە وڵاتەکەیان دەکرد دژی ئەو داگیرکرانە و هۆزە تورکەکانی دوای ئەوانیش وەک مەڕی سپی و مەڕی رەش. هەروەها دژی خاچپەرستان، مەغۆل، تەتار و عوسمانییەکان و داگیرکەرانی دیکە وەستانەوە کە چەند جارێک ناوچەی کوردانیان کاولکرد. دوای داگیرکردنی رۆژهەڵاتی خواروو لەلایەن عوسمانییەکانەوە، هێڵی سنووری نێوان ئەوان و سەفەوییەکان لە ئێران ناوچەی کوردانی بەسەر دوو کەرتدا دابەشکرد بەسەر رۆژهەڵات و رۆژئاوا و ململانێ و جەنگ لەسەر خاکی کوردستان لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوام بوو.

ئەم داگیرکردنە یەک لە دوای یەکانەی کوردستان و رووداوە جەنگییە گەورەکان کە لەسەر ئەم خاکە روویاندا، کارەساتی زۆر گەورەیان لێکەوتەوە کە لە مێژوو هاوشێوەیان نییە. لەئەنجامیاندا دانیشتووانی کورد لە ناوچەکانی تەنگژەوە بۆ ناوچەی دیکەی دوور لە لووتکەی چیاکان و قوڵایی دۆڵەکان کۆچیاندەکرد بۆ خۆدەربازکردن لە مردن و کاولکاری.

بۆ نموونە کە تەنیا نموونە نییە، کاتێک جەلالەدین خوارەزم شا هێرشی کردە سەر ناوچەی کوردان لە سەرەتای ساڵی 1229 زایین، تاوانی زۆر گەورەی ئەنجامدا، بۆیە خەڵکێکی زۆر پێیان باشتر بوو ناوچەکەیان جێبهێڵن و برۆن بۆ دەوروبەری حەلەب ( ئەمین زەکی بەگ، تاریخی کوردستان، ١٩٣٧، ج1).

لە ساڵی 1257 زایین کە هۆلاکۆ هێرشی کردە سەر ناوچەی کوردان، کورد بەرگرییەکی سەختیان کرد و بەهۆیەوە گرووپێکی زۆریان ناچار بوون ناوچەکانیان جێبهێڵن و بەرەو شام و میسر کۆچبکەن. دوای سەرکەوتنی مەمالیکیش بەسەر مەغۆل لە ساڵی 1281 زایین، شا زاهیر بیبەرس بەشێکی کوردی گواستەوە بۆ کیلیکییە (ئەدەنە) و لەوێ نیشتەجێیکردن.

عوسمانییەکانیش لە سەدەی هەژدەیەمەوە سیاسەتێکی بەربەرییان بەرامبەر کورد پەیڕەوکرد، بەئامانجی ناچارکردنیان بەهەر شێوەیەک بێت بۆ ئەوەی نیشتمانیان جێبهێڵن و لە ناوەڕاستی ئەنادۆڵ نیشتەجێبن، بۆئەوەی لە ئایندەی دوور بە تورکیان بکەن و کۆتایی بە یاخیبوونی بەردەوامیان لەپێناو سەربەخۆبوون بهێنن. ئەم سیاسەتی کۆچپێکردنەی عوسمانییەکان گرووپی نوێی کوردانی لە ناوەڕاستی کوردستانەوە هێنایە ناوچەکانی دەوروبەری لە رۆژئاوا وەک ناوچەکانی کلس کە دانیشتووانی کورد بوون. بۆیە ئێستا یادەوەرییەکی نوێ لای بەشێک لە کوردانی چیای کوردان ماوە سەبارەت بەو ناوچانەی کە کۆچیان لێوە کردوون.

لەژێر رۆشنایی هەموو ئەوەی کە لەسەرەوە باسکرا، راستییەکی نەگۆڕە کە هاتنی کوردان لە سەدەکانی ناوەڕاست بەشێوەی گرووپ بۆ ناوچەی کلس بەردەوامبووە، بەهۆی رەوشی سیاسی، سەربازی و ئابووری سەخت لە ناوچەکانی خۆیان. بۆیە ناچار دەبوون لە کاتی شکستە جەنگییەکان و کارەساتەکان وڵات جێبهێڵن و پەنا ببەنە ناوچە دوورەکان کە کوردان پێشتر لێی نیشتەجێبوون، چونکە پارێزەری سروشتییان لەبەرامبەر مەترسی بۆ دابیندەبوو لەپاڵ ئەوەی گوزەرانیشیان گونجاوتر دەبوو.

لەراستیدا بۆچوونێکی گرنگ هەیە دەڵێ: ناوچەی سیرووس لە سەردەمە سەرەتاییەکانی ئیسلام دووچاری رەوشی دەگمەن بوویەوە، بەشێکیان پەیوەندییان بە رەوشی سەربازی داکەوتووی دەوڵەتی بیزەنتیەوە هەبوو لەگەڵ ناچاربوونی دانیشتوانی ئەو دەوروبەرە بۆ جێهێشتنی گوند و شارە ئاوەدانەکانیان لە ماوەیەکی کورتدا. بۆیە دووچاری وێرانی بوون و دانیشتووانی ئیغریق و پێکهاتە ئەتنییە خۆجێییە دێرینەکانی دیکەش وەک سریان جێیانهێشت. لەبەر ئەمە ناوچەکە لە سەدەی یازدەیەمەوە تەواو لە دانیشتووانی چۆڵ بوو. کوردیش ئەو بۆشاییەی قۆستەوە و دوای ئەو مێژووە بە قۆناغ تێیدا نیشتەجێبوون.

راستە ئەو کاولکاری و کۆچکردنەوەی دانیشتوان لە سەردەمە سەرەتاییەکانی ئیسلام، پرسێکی راستە و گومانی لێناکرێت، بەڵام پرسەکە ئەمەیە ئاخۆ بەراست ناوچەکە ئەوکات دوای کۆچکردنی ئیغریق و سریان لە دانیشتوان چۆڵ بووە؟

پێمانوایە بوونی نەتەوەیی کورد و باوانیان کە زیاتر لێک نزیکن بەتایبەت میدییەکان، لە ناوچەی سیرووس هەبوون و بەردەوام بووە لەو قۆناغە مێژووییانەی کە باسکرا. چونکە ئاماژەی روون و بەهێز هەن سەبارەت بەوەی نیشتەجێبوونی کورد لە ناوچەی سیرووس لە سەردەمی پێش زایینەوە نەبڕاوە و ئەو بەڵگانەی کە دەکرێ بژمێردرێن و بەدەستبهێندرێن بریتین لەمانەی خوارەوە:

یەکەم: تەنیا کوردانی دانیشتووی ئێستای دەشتی جومە باوەڕیان بە دینێکی سەردەمی سەدەی پێنجەمی پێش زایین ماوە، کە ئەویش حەرامکردنی خواردنی گۆشتی ئەو ماسییانەیە کە لە جۆگەلەکانی حەوزی عەفرین لە دەشتی جومە دەژین، (کەزینفون بخوێنەوە – کتێبی گەشتی دە هەزاری). ئەمەش بەڵگەی دێرینی بوونی کوردە لە ناوچەکە و بەردەوامییان لەسەر تایبەتمەندی ئایینی و چینایەتی لەوێ.

دووەم: زیاتر لە 90% ناوە جوگرافییەکان و ناوی گوندەکان لە چیای کوردان ناوی کوردین یان کورد ناویناون. ئەوەی سەرنجراکێشە کوردی “شێروان” لە چیای “لیلۆن” ناوی “نەبوو” یان لێنراوە و نەبوو وەک ئاشکرایە ناوی خوداوەندێکی رافدییە و تاوەکو سەدە سەرەتاییەکانی زایین لەم چیایە دەپەرسترا و تاوەکو سەدەی چواری زایین لە گوندی “کەفرنەبو” باڵەخانەیەکی بۆ تەرخانکرابوو. ئەمەش بەڵگەیە کەوا کوردانی ئێستا لەو کاتەوە لە چیای لیلۆنن و خوداوەند “نەبوو” دەپەرستن کە نزیکە لە باوەڕداری زەردەشتی – ئێزدی و ناویان بەرز راگرتووە.

سێیەم: کەسانێک پێیانوایە، کورد دوای چۆڵبوونی ناوچەکە لە ئیغریق یان سریانی، لە کۆتایی سەدەی دەیەمی زایین هاتوون! بەڵام مانەوەی ناوە ئارامی و یۆنانییەکانی بەشێک لە گوندەکانی ناوچەکە ئەوە بەدرۆدەخەنەوە، چونکە کورد هێشتا ناوە ئارامییەکان بۆ چیاکە یان گردەکە بەکاردەهێنن، وەک ناوی گوندی “تر تەویل” بەواتای “تەل تەویل” و شەش ترا بەواتای شەش بەرزایی یان گرد. بە وردبوونەوە لەم پرسە، دەکرێ بگەینە ئەو باوەڕەی کە ئەو کوردانە یان لەمێژەوە لە چیاکە لەگەڵ کەسانی ئارامی یان ئیغریقی نیشتەجێبوون و هیچکات جێیان نەهێشتووە، یان ئەوانە کورد نین و بوونەتە کورد و زەردەشتی، وەک بەڕێز هنری لامانس تێبینیکردووە. یان ئەوان لە ناوەڕاستی سەردەمە ئیسلامییە عەرەبییەکان و هێرشی خاچپەرستان لە ناوچەکەوە بەهۆکارێک کۆچیانکردووە. بەڵام کورد لە ناوچەکە لەسەر لوتکەی چیاکان و ناو دۆڵەکان مانەوە و ئەو ناوە ئیغریقی و ئارامییانەی چەند گوندێکیان و بوونی خۆیان وەک کورد پاراستووە.

چوارەم: ئەوەی سەرنجراکێشە، زۆربەی نووسەرەکان کە لە پاش سەردەمە ئیسلامییەکان لەسەر دۆخی بێباوەڕیی ناوچەی سیرووسیان نووسیوە، هاوڕان لەسەر ئەوەی لە دەیە سەرەتاییەکانی دەوڵەتی عەباسی جگە لە کورد لە ناوچەی چیای کوردان کەسی دیکەی لێنەبووە. ئەگەریش بۆ نموونە عەرەب لەوێ بوونایە ئەوا سەرچاوە و لایەنە عەرەبییە فەرمییەکان درێغییان لە باسکردنیان نەدەکرد وەک ئەو کتێبەی کە لە یەکێتی جووتیاران لە سووریا دەرچووە و سەرچاوە نافەرمییەکانی دیکەش وەک نووسەر مونزر موسڵی، ئەو لایەنانەش تەواو پابەند بە هزری نەتەوەیی عەرەبی لە سووریان.

هاوکات هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی یان بەڵگەی شوێنەواری نییە ئاماژە بۆ ئەوە بکات کە عەرەبێک یان تورکێک یان کەسانێکی دیکە لە ناوچەی چیای کوردان نیشتەجێ بووبێتن و دواتر بەرەو ناوچەیەکی دیکە کۆچیان کردبێت چی ئارەزوومەندانە بێت یان بەزۆر.

پێنجەم: لە ناوچەی چیای کوردان شوێنەواری سەردەمی یەکەمی ئیسلامی نییە، رەنگە باس لە نیشتەجێبوونی کوردانی موسڵمان لەو سەردەمە لەم ناوچەیە بکەیت، لەبنەڕەتدا شوێنەواری ئیسلامی لە ناوچەکە نییە، جا چی کوردان دروستیانکردبێت یان کەسانی دیکە. یەکەم مزگەوتیش لە ناوچەی کلس کوردانی جونبڵات- جانپۆڵات لە ساڵی 1554 زایینی دروستیانکردووە.

بەڵگەی دیکەش هەن بەشێکیان پەیوەندیدارن بە سەردانییەکەی  Qere Curnê واتە قەرەجوون کە لە ناحیەی شەڕانە، ئەوە ئاماژە بەوە دەکات کە لە گوندی عەین دارای دێرین لە سەدەی دوازدەیەمی زایین دانیشتووانی کورد هەبوون و باوەڕیان بە ئایینی زەردەشتی هەبووە، واتە ئایینی میدییەکانی کۆنی باوانی کوردان. هەرچەندە فارسیش باوەڕیان بە زەردەشتی هەبووە، بەڵام ئاشکرایە ئەوان لە خاکی ئێران دەرنەچوون، بەڵکو یان سەرباز بوون یان دارودەستەی دەسەڵاتداران بوون یان دەسەڵاتدار بوون بەبێ ئەوەی لە ناوچەکانی رۆژئاوای هیلالی خەسیب جێگیربن.

ئەم ناوچانە شوێنی ناسراوی نیشتەجێبوونی باوانی کوردن لە سەردەمی هورییەکانەوە. ئەگەر لە سەدەی دوازدەیەمی زایینش زەردەشتی لە عەی ندارا هەبن، ئەوا بێگومان کورد بوون. ئەگەرنا چۆن کوردانی ئێزدی کۆچبەر ئەگەر لەگەڵ کوردانی رەسەنی عەفرین لە ئایین و نەتەوە هاوشێوەی یەکتر نەبن، کە لە سەدەی سێزدەیەمی زایین لە ناوچە دوورەکانی وڵاتی رافیدەینەوە هاتوون بۆ ناوچەی چیای کوردان و لەگەڵ دانیشتوانی نیشتەجێبوون؟ بێگومان باپیرانی شەهیدی زیارەی قەرە جەڕنێ واتە هۆگر کە بە کوردی واتا “دۆست”، لە گوندی تەل عەین دارای دێرین “کوردی زەردەشتی” بوون.

بەڵام لەرووی بیناسازییەوە بەڵگە هەن لەسەر جێگیربوونی کورد لە خانووەکانی ناوچەی عەفرین لە پێش نزیکەی چوار سەدەوە. چونکە خانوویەک دۆزرایەوە کە لە مانگی ئاداری ساڵی 1032 دروسکراوە. ئەوەش لەسەر بەردی پێشی نووسراوە. باوەڕمان وایە ئەو مێژووە بەپێی رۆژمێری زایینی رۆژهەڵات تۆمارکراوە کە پشت بە مانگە خۆرییەکان دەبەستێت نەک مانگییەکان. ئەو خانووە هێشتا لە گوندی  Topelî Meĥmûd”مەحموود ئەوبەسی سەر بە ناحییەی بلبلە کە هاوشێوەی خانووی کوردانە و گومەزدارە و لە ناوچەکە ناسراوە. ئێستا هاوڵاتی کورد خەلیل مەحموود تێیدا دانیشتووە. بۆیە ئەم خانووە پێش 400 ساڵ دروسکراوە.

هەروەها لەسەر گۆڕەکان لە گوندی سێویا یان ئۆکسوزلی، رێکەوت نووسراوە کە هی نزیکەی هەمان سەردەمە. لە گوڕستانی “بیر” لە گوندی “شوربە”، کێلی گۆڕی خوالێخۆشبوو بیلال شوربە شایەتی زیاتر لە 250 ساڵە. بەڵام گۆڕی ناسر ئاغای کوڕی ئەحمەد بەگ لە گوندی جویق مێژووی ساڵی 1213 کۆچی/1798 زایینی لەسەر نووسراوە.

بەپوختی:

ناوی عەفرین بە زمانی کوردی، واتا زەوی دەوڵەمەند بە ئاوی سوور کە رۆڵی هەیە لە داهێنان و لە وشەی ئەف (ئاڤ) واتا ئاو. ئەم ناوەش هاوشێوەی ناوی (ئەفری) کە مێژوونووس سترابۆن لە سەدەی پێنجەمی پێش زایین باسیکردووە. مرۆڤی کۆنیش وەک “ئارکتووس و نیاندرتال” لە ناوچەی (چیای کورمانج) واتا عەفرین دەرکەوت و شوێنەواری لە ئەشکەوتەکانی وەک ئەشکەوتی (دوودوری) جێهیشتووە. دواتر عەفرین لە چەند شارستانییەتێکی دێرینی یەک بەدوای یەک ژیاوە وەک هوری، جودی، میتانی، ئاشووری، میدی، فارسی، بیزەنتی، عەرەبی – ئیسلامی و عوسمانی و دواتر لە سووریای ئێستا.

عەفرین هەروەها شوێنەواری زۆری هەیە کە زیاتر جێدەستی ئیمبراتۆرییەتی هوری کوردی تێدا دیارە کە ساڵی 2007 پێش زایین شانشینی ئالالاخی دروسکرد، لە دەشتی (هامک) واتا عومق لەسەر رووباری عاسی. هەروەها شوێنەواری عەین دارا و قەڵای نەبی هوری کە گۆڕی فەرماندە هوریانی کوڕی حەنانی تێدایە کە فەرماندەی پێغەمبەر داود بووە دروودی خودای لەسەر بێت و یۆنانییەکان لەسەر گۆڕەکەی لە ساڵی 300 پێش زایین قەڵایەکیان دروسکرد ناوی نرا قەڵای کۆرش و لە سەرەتای دروسبوونی سووریای نوێ لەسەردەمی داگیرکاری عوسمانی، عەفرین لەنێوان سووریا و تورکیا لە ساڵی 1922 دابەشکرا و دواتر جووڵەیەکی بنیاتنانی نوێی بەخۆیەوە بینی.عەفرین بەدرێژایی مێژووی نوێ رۆڵێکی نیشتمانی گەورەی گێڕاوە، چونکە ئەو کاتەی مەحو ئیبۆ جاجۆ یەکەم فیشەکی دژی داگیرکاری فەرەنسی لە ساڵی 1939 تەقاند و دواتر فەرماندەیی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی کرد تاوەکو چلەکانی سەدەی رابردوو بەردەوام بووە.هەروەها ئیبراهیم هەنانوی کوڕی چاکی شاری عەفرین و فەرماندەی شۆرشی باکووری بارهێناوە کە سوریا شانازی پێوەدەکات.

عەفرین هەروەها منەتی بەسەر میسرەوە هەیە، چونکە سولەیمانی حەلەبی کە لە ساڵی 1880 کلیبەری کوشت، کوڕی عەفرین بووە. لە قەیرانی سووریاش لە ساڵی 2011، عەفرین کەسایەتی سەربەخۆی خۆی پاراست و بەردەوام بوو لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و بەرهەمهێنان و بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر هێزە توندڕەوەکان و زیاتر لە 300 هەزار ئاوارەی سووریای لەئامێزگرت و خۆیان لە کوشتن و کاولکاری رزگارکرد. ئێستاش پشت بە رۆڵەکانی خۆی لە هێزەکانی سووریای دیموکراتی دەبەستێ و هاوڵاتیانی لەڕووی داگیرکارییەکی نوێدا دەوەستنەوە کە دەوڵەتی تورکیایە و بە فڕۆکە و تانکەکانییەوە داگیریدەکات.

لێرەدا پرسیارەکە ئەمەیە: داخۆ تورکیا لەم پرۆسەی داگیرکارییەیدا سەردەکەوێ یاخود عەفرین جارێکی دیکە ناسنامەی سەربەخۆی خۆی دەسەپێنێتەوە؟

 

 

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە