چالاکی

سمیناری بیرمەندی رووسی ئەلیكساندر دووگین

18-05-2017


 

RRC |

ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سیمینارێکی بۆ بیرمەندێکی رووسی لە ژێر ناوی “ئۆراسیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست” رێکخست کە تێیدا ئەو بیرمەندە باسی تیۆرییەکی خۆی دەکات بۆ رێکخستنەوەی جیهان بە شێوازێک گەلانی جیهان ئەم جەمسەربەندیانەی ئێستا تێپەڕێنن و نابێت لە جیهانێکدا بژین کە رۆژئاواییەکان خولقاندوویانە بۆ ئەوەی تەنیا گرووپێک حوکمی جیهان بکەن.

ئەلیکساندەر دووگین راوێژکاری کرێملن و دۆستی پوتین کە دەگوترێت لەپشتی بیرۆکەکانی سەرۆکی رووسیایە ، ساڵی 1962 لە مۆسکۆ لەدایکبووە سەرەڕای ئەوەی لە وڵاتێکی کۆمۆنیستی بووە بەڵام هەرگیز باوەڕی بە بیروباوەڕی کۆمۆنیستی نەبووە ، لە نەوەدەکانەوە بە کاری رۆژنامەڤانی دەستیپێکرد و لەساڵی 1997 تیۆرییە گەورەکەی خۆی لە کتێبێکدا بە نێوی (بونیاتەکانی جیوپۆلیتیک) کە لە ساڵی 1997 نووسی خستەڕوو و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە جیهاندا هەبوو.

ئەو کتێبە بە زۆربەی زمانەکانی جیهان وەرگێڕدرا و لە ناوەندی ئەکادیمییەکان مشتومڕێکی زۆری دروستکرد.

لە ساڵی 2000 -ەوە بیرۆکەی پارتی ئۆراسیایی لەلایان گەشەی کرد و ئەو پارتەیان دامەزراند، بەڵام دواتر پارتەکە داخرا. لە 2003 بەدواوە بوو بە سەرۆکی بزووتنەوەی ئۆراسیایی جیهانی ، خاوەنی 30 کتێبی چاپکراوە، لە ساڵی 2009 کتێبی تیۆری چوارەمی سیاسەتی دەرکرد کە دەنگدانەوەیەکی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە بیرۆکەی ئەو بیرمەندە رووسەدا جیهانی یەک جەمسەری و دوو جەمسەری جێگای نابێتەوە و پێیوایە قۆناخی دووەمی مرۆڤایەتی قۆناخی کۆمەڵگای مەدەنییە.

ئەلیکساندەر دووگین بە ئاماژەدان بەوەی وشەی خەڵک و گەل مەفهوومێکی بنچینەییە کە دەتوانێت لە کۆمەڵێک هۆزی جیاواز پێک بێت گوتی: “من دڵنیام کە کورد گەلن و ئەمەش قوڵترین و بەهێزترین شووناسە ، مێژوویەکی هەزاران ساڵەیان هەیە و هیچکەس ناتوانێ نکوڵی لە ئێوە بکات وەک نەتەوەیەک”.

سەبارەت بە بیرۆکەی ئوراسیا، ئەلیکساندەر دووگین گوتی: “بۆ خەڵکانی وەک ئێمە خەڵک گرنگترین رەگەزە ، جیاوازی رەگەزی لەنێوان خەڵک لەم بیرۆکەیەدا رێگە پێدراو نییە ، هیچ گرووپێک ناتوانێت بەسەر گرووپی دیکەدا زاڵبێت، ئەو جیهانە نوێیە لەسەر ئەوە دامەزراوە کە خەڵک بەهێزترین رەگەزی ناو ئەو بیرۆکەیەیە”.

ئەو بیرمەندە رووسە رەخنەی لە جیهانبینی رۆژئاوایی گرت و گوتی: “جیهانی ئەوان یەکجەمسەرە و پێیانوایە یەک بەها هەیە لە جیهاندا و ئەویش جیهانگیرییە، ئەو جیهانەی کە رۆژئاوا خەولقاندوویەتەی ئەوەیە کە گرووپێک زاڵدەبێت بەسەر خەڵکدا، ئەوان جیهان پۆلێن دەکەن بۆ دوو لایەن ، گەشەکردوو و گەشە نەکردوو، ئەگەر گەشەکردوو بی لەگەڵ ئەوانی ئەگەر گەشەکردوو نەبی لەوان نیت “.

ئەلیکساندەر دووگین لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی جیهانگیری رۆژئاوا گوتی: “لە روئیا جیهانییەکەیاندا خەڵک بوونی نییە و تەنیا کەڵک لە گەلان وەردەگرن ، بۆیە بزووتنەوە پۆپۆلیستییەکان لە ئەوروپا لە گەشەکردندایە ، نیوەی ئەمریکاش دەیانەوێت خەڵکەکەی خۆیان دەرباز بکەن بۆیە دەنگیان بە ترەمپ دا، ئەگەر بمانەوێت داکۆکی لە مافی گەلان بکەین دەبێت دژایەتی جیهانگیری رۆژئاوا بکەین”.

ئەلیکساندەر دووگین:

– ساڵی 1962 لە مۆسکۆ لەدایکبووە.
– 2008 – 2014 لە زانکۆی مۆسکۆ وانەبێژ بووە.
– سەرۆکی پێشووی پارتی نیشتمانیی بۆلشەڤیک بووە.
– سەرۆکی پێشووی بەرەی نیشتمانی بۆلشەڤیک بووە.
– سەرۆکی پێشووی پارتی ئۆراسیا بووە.
– 2015 خرایە لیستی قەدەخەکراوی ئەمریکا و کەنەدا.
– 30 کتێب، دەیان لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی سیاسی هەیە

Share this Post

چالاکی