بڵاوکراوە

کتێبی گەشتێکی رۆژنامەڤانی "لە نۆروێژەوە بۆ کوردستان" بڵاوکرایەوە

06-10-2019


ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو -هەولێر – گەشتێکی رۆژنامەڤانی دوو رۆژنامەڤانی نۆروێژی بۆ کوردستان لە ساڵی 1975 وەک کتێب بە ناونیشانی “لە نۆروێژەوە بۆ کوردستان” بڵاوکرایەوە.

کتێبەکە راپۆرت و وێنەکانی گەشتی رۆژنامەڤانی ناسراوی نۆروێژی “ئێگیل ئولاتی” و وێنەگرەکەی “ئیڤارسن” بۆ کوردستان لەخۆدەگرێت، کە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە چوونەتە چیاکانی کوردستان، باسیان لە بەرگری پێشمەرگە لە خەڵک و خاکی کوردستان و ئاوارەبوونی خەڵک کردووە بەهۆی هێرشی رژێمی ئەو کاتی عێراقەوە.

“لە نۆروێژەوە بۆ کوردستان” لە بڵاوکراوەکانی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە چوارچێوەی کتێبێکی 455 لاپەڕەیدا بڵاوکرایەوە، کە بەدرەددین ساڵح ئامادەی کردووە.

بەدرەددین ساڵح لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم بەرهەمە گەشتێکی زیاتر لە پێنج هەزار کیلۆمەتری رۆژنامەڤانی ناسراوی نۆوروێژی “ئێگیل ئولاتی” و وێنەگرەکەی “ئیڤارسن”ـە کە لە ساڵی 1975 چەند هەفتەیەک پێش نسکۆی شۆڕشی کورد لە نۆروێژەوە هاتوونەتە کوردستان و ماوەی چەند رۆژێک لە ناوچەی دەسەڵات و سەنگەرەکانی بەرگری هێزی پێشمەرگە دژی سوپای رژێمی ئەو کاتە راپۆرت و فیلم و وێنەیان هەڵگرتووە.

سەبارەت بە دەستکەوتنی ئەو ئەرشیڤە گرنگەی ساڵی 1975، بەدرەددین ساڵح دەڵێت “بەهۆی هاوڕێ و هاوپیشەم دیاکۆ مورادی توانیمان ئەو گەنجینەیە بدۆزینەوە و دوای گفتوگۆ بە مەبەستی لە یەکدی تێگەیشتن، ئەرشیڤەکەم بە پارەیەکی رەمزی لە خاوەنی راستەقینە و ماڵباتی وێنەگرەکە بە مافی خاوەندارێتییەوە کڕیەوە”.

لەبارەی گرنگی ئەو راپۆرت و وێنانەی ساڵی 1975، بەدرەددین ساڵح دەڵێت، گرنگی ئەو کارە لەوەدایە “لە گەرمەی خیانەتی نێودەوڵەتی و چەند رژێمێکی دەوروبەر، دەنگی مەزڵومیەتی کوردستانی بە میدیای نۆروێژ و لەو رێگەیەشەوە بە میدیای جیهان گەیاندووە”.

لینکی کتێب:

لەنەرویژەوە بۆ کوردستان

تاگەکان

Share this Post

بڵاوکراوە