شرۆڤە

دیوە ئابوورییەکەی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەولێر

17-01-2024


بەرایی

شەوی 15 لەسەر 16ی کانوونی دووەمی 2024 بەهەمان شێوەی شەوی 13ی ئاداری 2022، جارێکی دیکە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ماڵی یەکێک لە سەرمایەدارەکانی هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەختی کردە ئامانج، کە جگە لە زیانە مادییەکان، منداڵێکی خوار یەک ساڵ و سەرمایەدارەکە بۆخۆی و بازرگانێکی کریستانی عێراقی گیانیان لەدەستدا و چەند کەسی دیکە لە خێزان، منداڵ، خزمەتگوزار و پاسەوانەکانیش لە هێرشەکەدا بریندار بوون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هێرشەکەی بە بێباکانە وەسف کردووە کە تێیدا خەڵکی سڤیل، ژن و منداڵ لەنێو ماڵەکەی خۆیاندا. پاساوی هێرشەکەی ئێران، چیرۆکێکی نەسەلمێنراوی هەبوونی ئیسرائیلە لە هەولێر، بەڵام بە ئامانجگرتنی، مناڵێکی یەک ساڵان و باوکەکەی لە ماڵی خۆیدا پرسیارێکی گەورە لەسەر هۆنینەوە ئێرانییەکەی چیرۆکی هێرشەکانی هەولێر دادەنێت. ئامانجی راستەقینەی ئێران بنکەی موساد و کەسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی نییە لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو تێکدانی سەقامگیرییە کە کاریگەری تەواو لەسەر پێشکەوتنی کەرتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش کەرتی خانووبەرە و وزە دادەنێت. کەرتی خانووبەرە رێژەی 28%ی کۆی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان پێکدەهێنێت و گوژمەی وەبەرهێنان بەکەمتر لە 17 ساڵ گەیشتووەتە سەرووی 18.9 ملیار دۆلار و بە دەیان ملیار دۆلاریش لە کەرتی وزە نەوت و گازدا وەبەرهێنان کراوە. لەڕاستیدا، بەدەر لە رەهەندە سیاسی، ئەمنیەکانی هێرشەکان، هەڵوەستەکردن لەسەر دیوە ئابوورییەکەی ئەم جۆرە هێرشانە پڕبایەخە و دیوێکی دیکەی هێرشی بالیستیی ئێران بۆ سەر ماڵی سەرمایەداران لە هەولێر دەردەخات کە شایانی هەڵوەستە لەسەر کردنە.

بۆچی کۆمپانیاکانی کەرتی خانووبەرە و وزە بە ئامانجکراون؟

بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، کۆی گشتی سەرمایەگوزاری لە کەرتە جیاوازەکانی وەبەرهێناندا (2006-2023) لە هەرێمی کوردستان 67 ملیار دۆلارە، کە 18.9 ملیار دۆلاری لە کەرتی خانووبەرە بووە. هەروەها،  41 ملیار دۆلار لەو 67 ملیارەی وەبەرهێنان کە لە هەرێمی کوردستاندا لە کەرتە جیاوازەکاندا کراوە لە پارێزگای هەولێر و سەنتەری پارێزگاکەدا بووە.

گرووپی کۆمپانیاکانی فاڵکۆن گرووپ بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت، توانییان ژێرخانی کەرتی خانووبەرە بەتەواوی بگۆڕن و بیبەنە قۆناخێکی نوێی تەلارسازی و  بیناسازییەوە، بەتایبەتیش لەڕووی بنیاتنانی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە.

پێشڕەو دزەیی، خاوەنی فاڵکۆن گرووپە کە لەدوای 2005وە و بەتایبەتیش لەدوای بنیاتنانی ئیمپایەرەوە توانی ژێرخانی خانووبەرە لە هەولێر بباتە قۆناخێکی نوێ و سیمای نوێ بە هەولێر بدات. لەڕاستیدا، ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ ئەو 18.9 ملیار دۆلارەی کە لە کەرتی خانووبەرەدا وەک وەبەرهێنان ئەنجامدراوە، لەماوەی 17ساڵی رابردوودا، ئەوا سەروو 11 ملیار دۆلاری لە کەرتی خانووبەرەی پارێزگای هەولێر بووە، کە بەدڵنیاییەوە پرۆژەکانی فاڵکۆن گرووپ پێشەنگی لەم بوارەدا دەکات.  فاڵکۆن گرووپ لە 16 کۆمپانیا پێکدێت کە لە بواری بیناسازی و بازرگانیدا کار دەکەن و پێچەوانەی ئەوەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت کۆمپانیاکە هیچ کارێکی تایبەتی لە بواری هەناردەکرنی نەوت و وزەدا نییە کە لە هەندێک میدیا و کەناڵی نافەرمی نزیک لە سوپای پاسداران ئاماژەی پێدراوە.

لە 13ی ئادار 2022شدا سوپای پاسداران بەهەمان پاساو هێرشێکی مووشەکی کردە سەر ماڵی شێخ باز بەرزنجی سەرمایەدار و بازرگانی کەرتی وزە کە خاوەندارێتی کۆمپانیای کار گرووپ دەکات. بە ئامانجگرتنی خاوەنی کار گرووپ و کاتی رووداوەکە لە قسەکانی بانوو شێخ بازەوە، کە چەند رۆژێک دوای هێرشەکە قسەی بۆ رووداو کردووە بەڕوونی پاساوەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هێرشی بالیستیی بۆ سەر هەولێر و ماڵیان رەتدەکاتەوە کاتێک کە دەڵێت، "کەس نەیدەتوانی لە شوێنی خۆی بوەستێت، چونکە پەنجەرەکان ورد ببوون. ئەو شەوە ئەوە دۆخی ئێمە بوو. هەر پێڵاوێکمان کەوتە بەردەست لەپێمان کرد و هەر قەمسەڵەیەکمان کەوتە بەر دەست لەبەرمان کرد؛ لەنێو باخچەکەدا بووین و مووشەکەکانمان بە ئاسمانەوە دەبینی کاتێك بەسەرماندا تێدەپەڕین."

لەڕاستیدا، کۆمپانیای کار گرووپ و بەهەمان شێوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی IOC رۆڵی سەرەکی لە بەرەو پێشبردنی کەرتی نەوت و گاز و تەنانەت پاڵاوتندا هەبووە، کە هەر لە سەرەتاوە توانیویەتی قۆناخێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان بهێنێتە ئاراوە. بۆ نموونە، کۆمپانیای کار گرووپ لەدوای 2003وە توانیویەتی بەرهەمهێنان و پاڵاوتنی وزە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات و پەرەی پێبدات. ئێستا کار گرووپ نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمدەهێنێت و سەروو 100 هەزار بەرمیل نەوتی خاو دەپاڵێوێت بۆ بەرهەمەکانی وەک بەنزین، نەوتی سپی و قیر و هتد، کە ئەم بەرهەمانە لە نێوخۆدا بەکاردەهێنرێن و تەنانەت هەناردەی پارێزگاکانی عێراقیش دەکرێن.

هەروەها، رۆژانی دوای هێرشەکەی دوو ساڵی رابردوو لێکدانەوەی جیاواز و گرێدانەوەی جیاواز بۆ هێرشەکە کرا، بەڵام چ چیرۆکە نێوخۆییەکان و چ پاساو و چیرۆکەکانی کۆماری ئیسلامی راست دەرنەچوون. ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی کە حکومەتی عێراق لەسەر رووداوەکە پێکیهێنا، دوای دوو مانگ لە راپۆرتێکدا ئەنجامەکانی خستەڕوو و گوتی، "هیچ بەڵگەیەک یان ئامڕازێک لە شوێنی هێرشە مووشەکییەکەی هەولێر نەدۆزراوەتەوە کە ئاماژە بە چالاکی سیخوڕی بکات، ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە رووداوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە، مافی ئەوەیان هەیە داوای قەرەبوو لە ئێران بکەن". هەربۆیەش چاوەڕواندەکرێت ئەوەی شەوی رابردووش بەهەمان شێوە بێت، کە ئەمجارە لە ئەنجامی هێرشەکەوە لەنێو قوربانییەکان سڤیل (پیاو و ژن و منداڵ) هەن.

کۆتایی

هێرشەکانی شەوی رابردوو بە بەراورد بەوەی نزیکەی دوو ساڵ پێش ئێستا لەڕووی کاتەوە زووتر کرایە سەر ماڵی سەرمایەدارەکەی بواری خانووبەرە، کە جگە لە رەهەندە سیاسی و ئەمنی و تەنانەت ئابوورییەکەی کە لێرەدا ئاماژەیەکی بۆکرا، ئەوا بۆ ترسانی زیاتری خەڵک و ئاگاداربوونی خەڵک و هاونیشتمانیان لە هەرێمی کوردستان و هەولێر بوو.

راگەیاندنی بەرپرسیارەتی دوای کەمتر لەماوەیەک بە لێدوانی جیاواز و دروستکردنی گێڕانەوەی چیرۆکی دروستکراو لە پشت هێرشە مووشەکییەکانەوە ئەمجارەیان هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کەوا خەڵکی سڤیل و بەتایبەتیش منداڵێکی تەمەن کەمتر لە یەک ساڵان لەژێر دار و پەردووی خانووەکەدا دۆزرایەوە، کە دیمەنەکان بەردەست و ناخ هەژێنن. ئەوەش راستییە کەوا هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش هەولێری پایتەخت بەجیاواز لە تەواوی ناوچەکە (نێوەڕاست و باشووری عێراق)  قۆناخێکی نوێی لەبواری وزە و خانووبەرە دەستپێکردبوو کە بە بەراورد بە هەموو کەرتەکانی دیکە تەواو جیاواز بوو. هەربۆیەش بەدڵنیاییەوە دووبارەبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای پاسداران مەترسی جیدی دەخاتەسەر ئەو کەشەی بۆ ئەم دوو کەرتە و کەرتە جیاوازەکانی دیکەش رەخساوە و کاردەکاتە سەر بابەتی مانەوە و نەمانەوەی وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانیش لە هەرێمی کوردستان.

لەکۆتاییدا، دەشێ بێژین چیرۆکە ئێرانییەکەی پشت ئەو هێرشانە کە زادەی ترس و خەیاڵە بەرامبەر ئیسرائیل شتێکە و راستییەکانی سەر زەوی لە هەولێریش شتێکی دیکەن کە پێویستە سەرنجیان بدەینێ.

Share this Post

شرۆڤە