شرۆڤە

دنیا لە پەنجەرەی رووسیاوە؛ شەڕی ساردی مۆسکۆ لەگەڵ رۆژئاوا

11-03-2024


بەشی دووەم

 ڤلادمیر یەکێک لە ناوە باوەکانی رووسیایە کە واتای حاکمی جیهان دەدات. خاڵە لاوازەکانی ئەو وڵاتە لەڕووی بەرگرییەوە، وەک نەبوونی بەربەستی سرووشتی و هەبوونی سەرمایەیەکی زۆر، پاڵنەربوون بۆ ئەوەی کە حاکمەکانی مۆسکۆ گەلێک جار بیرۆکەی گرتنی خاکی دیکەیان هەبێت بۆ پاراستنی خۆیان. ئەمە لە کاتی پتری گەورەوە کە داوای گرتنی ئێران و هیندستانی دەکرد هەتاوەکو وەختی ڤلادمیرەکەی ئێستاش هەروا بووە. لای کرملین کە بە کوردییەکەی خۆمان واتای قەڵا دەدات، ترسێکی بەردەوام لە هێرشی دەرەکی بە تایبەتی لە رۆژئاواوە هەیە. بۆیە فرانبوونی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا بە هەڕەشەیەکی بونیادی لەسەر خۆی دادەنێت. 

لەم سەفەرەی مۆسکۆدا ئەلێکساندەر دووگینم بینی کە هەندێک بە ئەقڵی جیۆپۆڵەتیکی ئێستای کرملین ناوی دەبەن. بەشێک لە میدیای رۆژئاوا وەک فاشیست و شەڕخواز ناوی دەبەن کە بە تیۆرییەکانی خۆی رێگەی بۆ شەڕ کردووەتەوە، بەشێک لە رووسەکانیش وەک فەیلەسووف و جیۆپۆڵەتکزانێکی لێهاتوو ناوی دەبەن. لە بیری بوو کە ساڵی 2017 هاتبووە هەولێر و سەردانی کوردستانی کردبوو. دووگین پێیوایە کە رووسیا هیچ چارەیەکی نییە جگە لەوەی کە لە ئۆراسیا خۆی رێکبخاتەوە، ئەمەش دەکرێ وەرگێڕانێکی دیکەی دەستەواژەکانی بلۆکی رۆژهەڵات، یەکێتیی سۆڤییەت یان رووسیای قەیسەری بێت. ئەگەر ئەمەش نەکات، یان رۆژئاوا پەلاماری دەدات و لایەک لە خاکەکەی دەبات، یان چین لە رێی کازاخستانەوە خۆی دەگەیێنێتە سیبریا و دەست بەسەر خێر و بەرەکاتەکانی ئەوێدا دەگرێت یاخود هێزێکی ئیسلامی لە شانی خوارەوە هەتا رووباری ڤۆڵگا دێت و رووسیا دەهاڕێت. بۆیە هێزادری رووسیا وەک تاکە چارە دەزانێت. ئەو پێیوایە ئۆراسیا دڵی دنیایە و رووسیاش دڵی ئۆراسیایە، بۆیە پێویستە سەرکردایەتیی ئەم ناوچەیە بکات و لە دژی جیهانی تاک جەمسەری راوەستێت. بۆ ئەمەش پێویستە سەرەتا دەسەڵاتێکی تۆکمەی نێوخۆیی هەبێ، دواتر رووسیا لەسەر بنەمای نەتەوەیی- ئایینی سلاڤی ئۆرتۆدۆکسی کرۆکی دەسەڵات لە ئۆراسیا دابنێ و پاشان لەگەڵ هێزەکانی دیکەی رۆژهەڵات وەک ئێران، چین و هیندستان و تەنانەت لەگەڵ هەندێک لە هێزەکانی ئەورووپاشدا هاوپەیمانی بکات. 

 ماریا زاخارۆڤا گوڵێکی گەورەی لە یەخەی خۆی دابوو، باسی لە کاریگەریی کۆلۆنیالیزمی میدیایی دەکرد و دەیگوت ئیدی خەڵکی جیهان تەنیا بەشداری لە داڤۆس و کۆنفرانسی ئەمنیی میونشن ناکەن و سەرادنی ئێرەش دەکەن. منیش باسی کۆڕبەندی هەولێر وەک کۆڕبەندێک لە کۆنترین شاری کوردستان و رۆژ‌هەڵاتی نێوەڕاستم بۆ کرد کە بەلایەوە سەرنجڕاکێش بوو. پووتین لە پەیامەکەی خۆیدا بۆ کۆڕبەندی فرەجەمسەری و دۆستایەتیی رووسیا گوتی، لە 130وڵاتەوە خەڵک هاتوون و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە سیاسەتی پەراوێزخستنی رووسیا سەرناگرێت. سێرگی لاڤرۆڤ بۆ خۆی هاتە کۆنفرانسەکە و ئەویش جەختی لەوە کردەوە کە رووسیا بەردەوام دەبێت لە دیپلۆماسیی جەماوەری خۆی و ئێستاش زیاتر لە جاران دۆستی هەیە. گوتیشی بەمزووانە کۆنفرانسی گەنجانی جیهان لە سۆچی بەڕێوەدەبەن. رووسیا پێیوایە کە رۆژئاوا بە دەستی ئەنقەست ترسی رووسیا (رووسۆفۆبی) دەخاتە دڵی عالەم و ئەمانیش لە رقی رۆژئاوا باس لە دۆستایەتیی رووسیا(رووسۆڤێل) دەکەن کە پێدەچێ بەشێک لە دیپلۆماسیی جەماوەری رووسی بێت کە لەم دووساڵەی داوییدا سەرنجی کرملینیشی راکێشاوە بۆیە برەوێکی زیاتری بە کۆنفرانس و کۆبوونەوەی لەمجۆرە داوە.

 لە کاتی رۆیشتن بۆ شوێنی کۆنفرانسەکە، کەسێکی مەکدۆنی لە تەنیشتم دانیشتبوو. گوتی تۆ لە چ نەتەوەیەکی؟ بە رەنگی پێستمدا تێکەوتبوو، وایزانیبو منیش لە وڵاتێکی سلاڤیکییەوە هاتووم. کاتێ گوتم کوردم، یەکسەر گوتی ئاها ئێوە ئەوانەی دۆستی ئەمریکا و دووژمنی رووسیان. پێکەنینم هات، چونکە حکومەتی وڵاتەکەی خۆی لە مەکدۆنیای باکوور، دۆست و هاوپەیمانی ئەمریکایە. ئینجا بۆم راستکردەوە. گوتم بەڵێ پەیوەندیی کورد لەگەڵ ئەمریکا باشە، بەڵام ئەمە واتای دووژمنایەتیی رووسیا نادات. دۆخی کوردم بۆ روون کردەوە، ئینجا گوتی تەواوە ئێوە نەتەوەیەکی ستەملێکراون. مەدالیایەکی پەرۆن، یەکێک لە خوداکانی سەردەمی بتپەرستیی سلاڤەکانی لە ملدا بوو کە لای ئەوان خودای شەڕ و ئاسمانەکانە. دیاربوو کە بە ئایدیاکانی زیندووکردنەوەی بیری سلاڤیکی لەنێوان رووسیا و ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپای رۆژهەڵاتدا کاریگەر بووە. دەیگوت برا ئێمە لە هەموو شتێکدا لەوانەی رۆژئاوا جیاوازین. ئێمە بە ئەلفوبێی سیریلیک دەنووسین ئەوان بە لاتین، ئێمە ئۆرتۆدۆکسین ئەوان کاسۆلیک! کاتێ ئەو ئەمانەی دەگوت چاوی من هەر لە سەر مەدالیاکەی ملی بوو کە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئۆرتۆدۆکسی مەسیحیدا نەبوو. راستییەکەی، لەوانەیە ئایدیای سلاڤیکگەرایی وەک بناخەیەک بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆریایەکی مۆدێرنی رووسی تۆزێک خەیاڵاوی بێت، چونکە بێجگە لە بێلاڕووس و سربیا کە دۆستی رووسیان، نزیکەی 10 وڵاتی دیکەی سلاڤیکی هەن کە نزیکی ئەمریکا و ئەورووپان. 

 بەشێکی باسەکانی کۆڕبەندی فرەجەمسەری زۆر دووبارە بوون. لە هەندێک شوێنیشدا وەک کۆنگرەی هەندێک لە حیزبە شۆڕشگێڕەکانی لێهات کە کاتێ قسەیەکیان بەدڵ بووایە یەکسەر چەپڵەڕێزانیان دەکرد. بێگومان لە کاتی قسەی دووبارەدا، هەندێک جار مرۆڤ بە دەستی خۆی نییە و خەو دەیباتەوە. هەستمکرد کە بۆ چەند چرکەیەک کەروێشکە خەوێکم کرد کە لە پڕا دەستەواژەیەکی پەپە ئیسکۆبار، رۆژنامەڤانی بەڕازیلی سەرنجی راکێشام: میحوەرەکانی موقاوەمە لەدژی رۆژئاوا! ناوەکەی، پابلۆ ئیسکۆباری بیر هێنامەوە. کراسەکەی بەسەر پانتۆڵەکەیدا شۆڕکردبووەوە و باسی لە موقاوەمەی حووسییەکان، سلاڤەکان، لاتینییەکان و چینییەکان لە دژی رۆژئاوا دەکرد. دیاربوو کە ئەو دەستەواژەیەی میحوەری موقاوەمەی لە ئێرانییەکان بە قەرز وەرگرتبوو. ئەمەش دەکرێ رووخسارێکی یەکگرتنی چەپ و ئیسلامییەکان لە دژی رۆژئاوا بێت؛ یەکگرتنی ناکۆکەکان! شێخ عومران حوسێن کە مەلایەکی پاکستانییە و لە ئەمریکای لاتین دەژی، قسەیەکی بۆ دووگین سەندەوە و چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆزی بۆ برەودان بە بابەتی فرە جەمسەری هێنایەوە. لە پشووەکەدا تۆزێ قسەمان کرد. گوتم ناکرێ ئایەتی قورئان تەنیا بۆ مەرامێکی سیاسی دیاریکراو بەکارببرێ. تۆزێک راوەستا و گوتی مەبەستت چییە؟ گوتم ئایەتی پیرۆزی «انا جعلناکم…» تان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ فرەجەمسەری باس کرد لەنێوان دەوڵەتان و هێزدارەکاندا، بەڵام ئەی چی دەڵێی ئەگەر لە وڵاتێکی موسڵماندا دەسەڵات تەنیا لەلایەن یەک گەلەوە قۆرخ کرابێت و ئەوانی دیکە سەرکوت بکرێن؟ بۆ نموونە کورد لەلایەن برا موسڵمانەکانی خۆیەوە سەرکوت دەکرێت خۆ لە لایەن ئەمریکا یان رووسیاوە سەرکوت ناکرێ. گوتی راست دەکەی. کورد هەقی خۆیەتی بەرگری بکات، بەڵام وەک ئەوەی کە بە تەما بێ بڵێ ئیدی واز لەو بابەتە بێنە، گوتی لە دوای "شەڕی گەورە" کە بە قسەی خۆی شەڕێکی ئەتۆمی دەبێت، ئەوسا کوردیش رزگاری دەبێت. 

لەوکاتانەدا کە بەشێک لە ئامادەبووان باسی نەزمێکی جێگرەوەیان بۆ جیهان دەکرد، من بیرم لای ئەوە بوو کە ئەستەمە ئەو وڵاتانەی کە بۆ خۆیان دەیان کێشەی نێوخۆیی کەڵەکەبوویان هەیە، بتوانن تەونی نەزمێکی نوێ بۆ دنیا بکێشن، بەڵام لەڕوویەکی پراگماتیکییەوە خەیاڵم بۆ لای ئەوەش دەچوو کە ئایا رووسیا بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا چەندە دەتوانێت کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کورد هەبێت؟ دواتر لە سەنتەری پریماکۆڤ، بیرەوەرییەکی پریماکۆڤ یەکێک لە وەزیرانی دەرەوی مۆسکۆیان لەگەڵ بارزانی نەمر بۆ گێڕامەوە کە دەشێ پەیوەندی بەو پرسیارەوە هەبێت. پریماکۆڤ داوای لە بارزانی کردبوو لەگەڵ عێراق رێکبکەوێت، بەڵێنی دابوو ئەوانیش ئاسانکاری بکەن. بارزانی لە وەڵامدا گوتبووی من رێکدەکەوم، بەڵام لە پشتەوە خەنجەرم لێ دەدەن. خاڵێکی دیکەی لاوازی رووسیا لە شەڕە ساردەکەیدا لەگەڵ رۆژئاوا، ئابوورییە. پووتین ریگەیاندووە کە ئەوان پلانی بەهێزکردنی ئابووریی رووسیایان هەیە و بە بەهێزی دەمێننەوە.

مارسەل سالیخۆڤ کە بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی وزە و داراییە و بۆ خۆیشی لە تاتارەکانی رووسیایە، دەیگوت ئابووری رووسیا لە 2022، بە رێژەی 2% گەشەی کردووە، ساڵی رابردووش ئەو رێژەیە 3.6%بووە. هەڵبەت بۆ وڵاتێک کە لە شەڕدا بێت، درەنگ یان زوو گەشەکردنی ئابووری هەر دەوەستێت. بۆ ئەوەی شەڕ کاریگەرییەکی زۆر خراپ نەکاتە سەر ژیانی خەڵک، مۆسکۆ هەم رێژەی سوودی بانکی بەرزکردووەتەوە، هەمیش خەرجییەکانی حکومەتی زیادکردووە تا پارە لە رێگەی پێدانەوەی بە کارمەندانی دەوڵەت و خەرجیی پڕۆژەکان بێتەوە ناو بازاڕ و بەوەش چەرخی ئابووری بسووڕێتەوە. هەڵبەت زیادبوونی کێشەی هەڵئاوسانیش لە ئاسۆیە، ئەمە بێجگە لەوەی کە ناردنی هێزی مرۆیی بۆ بەرەکانی شەڕ وادەکات کە هێزی کار لە بازاڕدا کەم بێتەوە. ئەمە بێجگە لە کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر رووسیا. مامۆستایەکی زانکۆ پێی گوتم سەهۆڵ لەسەر بانەوە کەوتووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکەی و، سێ مانگە چاوەڕێیە چاکی بکەنەوە، بەڵام بەهۆی کەمیی کەلوپەلەوە هێشتا چاک نەکراوەتەوە و ئەویش دەستەپاچەبووە. بۆیە سەرەڕای راپۆرتە رەسمییەکان، داهاتوویێکی باش چاوەڕێی ئابووریی رووسیا ناکات ئەگەر شەڕی ئۆکراینا زۆر بخایێنێت.

قەبارەی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی رووسیا لە 2022،  تەنیا 2 تریلیۆن 200 ملیار دۆلار بووە و ئەوەش لە بەرامبەر 25.5 تریلیۆنەکەی ئەمریکا ژمارەیەکی کەمە. لەبەر ئەوەشە کە لەوانەیە لێرە کەسانێک هەبن کە دۆعا بکەن ترەمپ بگەڕێتەوە، بەوهیوایەی کە شەڕ بووەستێت. بەپێی راپۆرتێکی هاوسەنگی سەربازی لە جیهان رووسیا لە 2022دا 87.9 ملیاری بۆ بودجەی بەرگری خەرج کردووە و ئەوەی ئەمریکاش 766.6 ملیار بووە. لە زۆر بابەتی دیکەشدا وەک ژمارەی فڕۆکەی جەنگی ناهاوسەنگییەک لە توانای هەردوولادا هەیە، بەڵام رووسیا تانک و چەکی ئەتۆمی زیاتری هەیە. بەپێی ئامارێک لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 5000 کڵاوەی ئەتۆمی هەبووە کە 1674دانەی ئامادەیە بۆ تەقاندن، ئەمەش گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمی دنیایە. 

لەدوای قسەکانی سەرۆکی فەرەنسا سەبارەت بە پێویستیی بەشداری راستەوخۆی سەربازەکانیان لە شەڕی ئۆکراینا، پووتین گوتی ئێمە چەکی وامان هەیە کە دەتوانین بەوە ئەورووپا بپێکین. ئەمەش ئاماژەیەک بوو بۆ ئەگەری بەکارهێنانی مووشەکی ئەتۆمی تاکتیکی لە ئەگەری فراوانبوونی شەڕدا. رووسیا ئەزموونی شەڕێکی ساردی لەگەڵ رۆژئاوا هەیە کە تێیدا دۆڕاندی، بە ئەگەری زۆر ئەمجارەش، سەرەڕای ئەوەی کە پاڵپشتی کاتیی هەندێک وڵاتی دژە رۆژئاوای بە دەست هێناوە، بەڵام لە ماوەی درێژخایەندا، لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە لە رۆژئاوای ناباتەوە کە 500 ساڵە هەژموونی دنیای بە دەستەوەیە، بەڵام پرسیاری گەورە ئەوەیە کە چی روودەدات ئەگەر رووسیا بە کردەوە دەست بە پەلەپیتکەی مووشەکە ئەتۆمییەکانیدا بنێت؟ ئەمەش پرسیارێکە کە دەشێ دووجار بیری لێ بکرێتەوە. 

Share this Post

شرۆڤە