شرۆڤە

ئێران و هەولێر، یەكێتی گۆڕەپانەكان و پەلامارێکی بێباکانەی ئێران

17-01-2024


ئێران و هەولێر

لە پاش هێرشەکانی غەززە و کرمان و دەریای سور، ئێران لە ژێر فشاردایە. ئەم فشارانە دەبوو لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانیەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، هەتا بیانویەک بۆ خۆیان و پرۆکسییەکانیان لە ناوچەکە بدۆزنەوە. هەرچەندە ئێران لەڕێگای پرۆکسییەکانی لە عێراق بەردەوام لە هێرشدابووە، بەڵام کاتێک خۆی هێرش دەکات و دانی پیادا دەنێت و وێنەکانی بڵاودەکاتەوە، نیازی ئەوەیە کە ئەوە بزانرێت کە ئەنجامدەر خۆیەتی، خاوەندارێتی مووشەکە (رۆکێتە) بالیستیەکان دەکات و دەتوانێت بەکاریان بهێنێت.

ئێران دەترسێت بکەوێتە ژێر فشاری زیاترەوە یان لە قۆناخی پاش غەززە بکەوێتە ژێر هەڕەشەی زیاترەوە، بۆیە دەیەوێت دەرچەیەک بدۆزێتەوە کە هێزی خۆی تیادا نمایش بکات. هەولێریش بۆ ئەوان باشترین جێگایە، چونکە ئێران دەزانێت لە ئەنجامی هێرشەکاندا هیچ تۆڵەکردنەوەیەک نابێت. کەواتە هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر، دەرئەنجامی ترس و بێتواناییەتی لە هێرش بۆ ئەوانەی کە لە ناخیدا حەزدەکات هێرش بکاتە سەریان، لە سەروی هەموویانەوە ئیسرائیل و پاشان ئەمریکا. ئەمە بەشێکە لە هەوڵی ئێران بۆ دیتێرەنس.

کورد لێرەدا بە پلەی یەکەم وەک قوربانییەکە، پاشان بەکاربردنی دۆخەکەیە بۆ تۆقاندنی خەڵکی کوردستان کە دەبێت ئەوان ملکەچی ئێران بن. ئاڵۆزی ئەم رەوشە لەئەوەدایە کاتێک هەولێر وەک شوێنی نمایشی هێز و شانۆیەک بۆ پێشگیریکردن (  deterrence)  دۆخێکی وەها دروست دەکات کە سەخت بێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، چونکە لە بنەڕەتدا پرسەکە پەیوەست نیە بە پەیوەندی نێوان کورد و ئێرانەوە، بەڵکو دۆخی لاوازیی کورد سودی لێبینراوە بۆ یارییەکی بەرفراوانتر. زوڵمی زۆر لە بێدەسەڵاتان و هاتنە سەر ئەژنۆ لە بەردەم بەهێزان و نەگرتنی مار بە دەستی خۆیان، بەشێکی کرۆکی کەلتور و رەفتاری ئێرانیەکانە.

جاری پێشوو کاتێک هێرش کرایە سەر هەولێر، وەڵامی دەستبەجێی ئەمریکییەکان ئەوەبوو کە هیچ کەسێکی ئەوانە بە ئامانج نەگیراوە. ئەمە وەڵامێکی هەڵەبوو، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکی خۆشی پاشان لە دەرەوەی میدیاکان دانی بەم هەڵەیەدانا. چونکە ئەمریکاییەکان دەزانن، ئامانج ئەوانن، بەڵام چونکە هەوڵەکە پێشگیریکارانەیە، کات و دۆخ و هێشتا لەبارنیە. ئێستا ئێران هەم دەترسێت و هەم هەستدەکات لە ژێر فشاردایە بۆ ئەنجامدانی کارێک، و هەروەها کەمێکیش دەرفەت دەبینێت. هەربۆیەش کورد دەبێت خۆی ئامادەبکات بۆ سەردەمی پاش ئەمریکا لە ناوچەکە و دونیادا، سەردەمێک کە تەواو جیاواز دەبێت لە سەردەمی ئێستا.

یەكێتی گۆڕەپانەكان

تەقینەوە خوێناوییەكەی كرمان و بە ئامانجگرتنی كۆمەڵێك فەرماندەی سوپای پاسداران لە سوریا بەم دواییانە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئیحراجییەكی گەورەی بۆ سیستمی ئەمنی ئێران دروستكردووە لەبەردەم رای گشتی و تەنانەت لایەنگرانی رژێمیشدا، ئەمەش پەرچەكرداری لەسەر سیستمی ئەمنی ئێران كردە ئەركی لەپێشینە، لەم ساڵانەی دواییشدا لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران هەڵمەتێكی گەورەی میدیایی و تەنانەت توێژینەوەش كراوە كە هەرێمی كوردستان بە مەترسی و بە پێگەی ئیسرائیل وێنا دەكات، لە ئێستاشدا بە ئامانجگرتنی زیاتر خۆ هەڵكێشان و وەڵامیش بۆ رای گشتی ئێرانی  و ئەو ناوەند و خەڵكانەی ئێران كە بڕوای زۆریان بە تیۆری پلانگێڕی هەیە و چیرۆكی "ئیسرائیلی دووەم" یان بە راست وەرگرتووە. 

لەم شەڕەی ئێستای غه‌ززەدا چەمكێكی نوێ لەلایەن باڵە ئێرانییەكانەوە پەرەی پێ دراوە كە "یەكێتی گۆڕەپانەكان" ـە، مەبەست لەمەش ئەوەیە ئێران رێگەی بەخۆی داوە لە لوبنان و یەمەن و سوریا و عێراق بخاتە جەنگی رانەگەیەنراو، لەم وڵاتانەش پەرچەكرداری هەبێت بەرامبەر ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئەو قەوارە و هێزانەشی ئەم بە تەواوكەری پرۆژەی رۆژئاوایان دەزانێت، لە سوریا نەیتوانی یان پێ نەكرا بەرەی جۆلان بجووڵێنێت كە دیارە زیاتر لە 30 ساڵە رژێمی ئەسەد مكوڕە بە رووی ئیسرائیلدا هێور بێت، لە لوبنان مانەوەی حیزبوڵڵا لە پێكدادانی سنوورداردا بەرامبەر ئیسرائیل جۆرێك لە ئیحراجی درووست كردووە، ئەوەی ماوەتەوە یەمەن و عێراقە، لە یەمەنیش حوسییەكان زیاتر بۆخۆیان شەڕ دەكەن و سەرجەم دەستكەوتەكانیان بۆ ئێران ئەژمار نییە، بەم پێیەش گۆڕەپانی بەردەست و گونجاو لە عێراقدایە كە دەوڵەتێكی مەركەزیی بەهێزی تێدا نییە و دەكرێت بە ئاسانی بكرێتە ئامانج. 

جگە لە درووستكردنی حیكایەت و پاساویش بۆ ناوخۆ، ئێران لە رێگەی هێرشی سەر هەولێرەوە ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا ئیحراج دەكات كە ناتوانن هاوپەیمانەكانیان بپارێزن، هەروەها بانگهێشتی هێزە كاریگەرەكانیش دەكات لەگەڵیدا بسازێن بۆ ئەوەی پارێزراوبن و لەمەشدا سعودیە و ئیمارات دوو نموونەی زەقن كە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا ئەوان لەم پێگەی هەولێردا بوون و ئێستا سەرباری هەموو گرژییەكان زۆر ئارامن.

پەلامارێکی بێباکانەی ئێران

گەر لە کات و شوێن و نیشانەکانی ئەو پەلامارە درۆنی و مووشەکییانەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وردبینەوە، کە هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، دەردەکەوێت ئەمە تەنیا ململانێی و بیانووگرییەکی نوێی تاران نییە بەرامبەر هەولێر، بەڵکو "وەڵام"ەکەی بۆ رۆژئاوایە و پەلامارەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و هەولێرە. ئەم رەفتارە لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتە نوێیانەی تاران و پرۆکسییەکان (پرۆ-ئێرانییەکان) دێت کە ناچاری کرد جگە لە هەرێمی کوردستان نەتوانێت دەست بۆ هیچ جێیەکی دیکە ببات.

پرسیارەکە لێرەدایە: بۆچی تاران پاش هەڵکشانی لێکەوتەی رووداوەکانی غەززە و ئەگەری لێدانی حزبوڵا (وەک حوسییەکان) لە نێوچەکەدا هەولێر دەکاتە ئامانج؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە هەڵوەستە لەسەر دوو ئاست دەکەین:

یەکەمیان: لەسەر ئاستی دەرەکی و هەرێمایەتی

ئێران پێچەوانەی جاران، کاتێک واشنتن یان هاوپەیمانێکی سزاکانی لەسەر تووند دەکرد یاخود لە بەرژەوەندییەکانی دەدا، بژاردەکانی بەردەم ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە و لێدانی بەرژەوەندییەکانیان، فراوانتر و چەندین خاڵی بەرژەوەندییەکانی لەسەر جوگرافیا سیاسی بۆ لێدان لەمسەر بۆ ئەوسەر لەبەردەست دابوو، بۆیە دەست بەجێ لە ئەفریقا، ئاسیا و بگرە ئەمریکای لاتینیش جۆرێک لە پەلامار و تۆڵەی دەکردەوە، یاخود پەلامارەکانی زیاتر لە سعودیە، رووبەرە ئاوییەکانی نزیک ئیمارات، لوبنان و نێوەڕاستی عێراق(سوننەنشین) و سوریا جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئێستا ئێران ناتوانێت لە سعودیە و ئیمارات بدا بەهۆی ئەو تێگیەشتننامانەی لەم دواییەدا لەگەڵیاند هەیەتی و دەستی بەستراوەتەوە. لە سوریا و لوبنانیش هەر جۆرە دەستێک بکاتەوە بە زیاتر و سەنگینتر لەسەری دەکەوێت، هەرچی لە رووبەرەکانی حزبوڵاشدایە ئەوا ورژاندنی ئیسرائیلی لێدەکەوێتەوە و دوور نییە ئاڵۆزییەکانی باشووری لوبنان و پرژەکانی جەنگی غەززە بکاتە جەنگی گەرم بۆ تاران. هەرچی بۆ نێوچە سوننەنشینەکانیشە ئەوان ئێستا ئیتر بە جۆرێک سەرکوتکراون و بەشێکی زۆری هیز و کەسایەتییە سیاسییەکانیشی پێچەوانەی هەرێمی کوردستان کەم تا زۆر ملیان بۆ مەرام و ئەجێندا ئێرانییەکان داوە و ئەوەندەی لەسەر پرۆئێرانی ماڵن کەمتر لەسەر رۆژئاوا ئەژمار دەکرێن. هەروەها، گەرچی پەلاماری حوسییەکان وەک شکستێک بۆ سیاسەتی دەرەوە و کەم توانایی ئێران لە پارێزگاری لە پرۆکسییەکانی خۆی کەوتەوە، بەڵام ئەم پەلامارە وەک ناردنی پەیامێکیشە لەوەدا کە ئێران جەنگی گەرمی ناوێت و، بەڵام ناشبێت پەلاماری حزبوڵای لوبنانی (هەمانشێوەی حوسیەکان) بدرێت، چونکە لە هاوکێشەی ریتمی جوگرافیای قولاییە ستراتیژییەکانیدا، ئێران پانتایی و پێگەی حزبوڵا بەرامبەر پانتایی هەرێمی کوردستان وەک خاڵێکی بەرژەوەندی هەریەک لە ئیسرائیل و ئەمریکا داناوە.

دووەمیان: لەسەر ئاستی نێوخۆی ئێران

چەند هۆکارێکی نێوخۆیی هەیە کە قورساییان لەهۆکارە دەرەکییەکان کەمتر نییە، گەر چاوێک لە بەیان و لێکەوتە و رووماڵی بۆردوومانەکانی 16-1-2024 سەر هەولێر لەلایەن میدیا و سوپای پاسدارانی ئێران بکەین، ئەوەیان نەشاردەوە کە ئەمە وەک تۆڵەیەکی کوژراوانی تەقینەوەکەی کرمانی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسمی سولەیمانی لەقەڵەم دا. بەڵام هۆکارە سەرەکییەکەی ترسی ئێرانە لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی خۆپیشاندان و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی لەلایەن رۆژهەڵاتییەکانی کوردستان و هاندانی هەرێمی کوردستان بۆ وروژاندنی پرسی کورد و مافە مەدەنی و سیاسییەکانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا، ئەمەش تەنیا شوێنێک بتوانێت ئەم کارتانە زۆر ئاسان بجوڵێنێت هەولێرە و لەم روانگەیەوە ئەزموونەکانی رابردوو بۆ تاران، تاڵی و سەختی وەبیر دێننەوە.

هۆکارێکی دیکەی نێوخۆیی، ئێران لە کردەوەکەی شاری کرمان و لە بۆردومانی حوسیەکان و لە کوژرانی سەرکردەکانی حزبوڵا و سەرکردەکانی خۆی لەسووریا لەم دوو مانگەی رابردوودا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەنابوو بۆ رازیکردنی هەوادارانی و رەفتاری لەگەڵ گوتار و هەڕەشەکانیدا یەکی نەدەگرتەوە، بۆیە بۆ ئیستیهلاکی نێوخۆیی و هەبوونی چیرۆکێک بۆ نێوخۆ پێوستی بەم نمایش و رەفتارە دەکرد تا بازاڕی گوتار و سایەی هەڕەشەکانی کاڵ نەبنەوە. دیارە کە تاران بیانووی هەبوونی خانەی چالاکیی ئیسرائیلیشی هەر بۆ رای گشتیی خۆیەتی، ئەگەرنا کوێ لە ئازەربایجان نێزیکتر و پڕ ئیسرائیلترە؟

بۆیە هەرچی هەرێمی کوردستانیشە، تەنیا شوێنێکە کە تائێستا گەرچی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران دا هیچ کەمتر نییە لەو پەیوەندییانەی لەگەڵ رۆژئاوا و وڵاتانی دراوسێدا هەیانە، بەڵام بۆ ئێران یەک لەو خاڵە نزیکانەیە کە هەم باجەکەی کەمترە و دەتوانێ ئەو مانۆڕە سیاسییەش بۆ ئیستیهلاکی نێوخۆیی بنوێنێ و هەم پەیامێکیش بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەنێرێت کە لە لوبنان و یەمەن هێندەی دیکە رووگیریی نەکەن و ناچاری نەکەن ئەو رەفتارانە بنوێنێت کە ناچارییە گەرچی زۆر بە قازانجیشی نەبێت.

بۆیە ئەو مووشەک و درۆنانەی نران بە هەولێرە بەشێکی بۆ بنبڕی هەڕەشە و ئیستیهلاکی نێوخۆیی بوو، بەشێکیشی هەنگاوێکی ناچاریی تاران بوو کە جگە لەم شوێنە (هەرێمی کوردستان) لە پنتەکانی دیکەدا دەستی بەسترا بوو و ناتوانێک هەنگاوێک بنێت و باجەکەی جەنگێکی خەستتر نەبێت.

Share this Post

شرۆڤە