شرۆڤە

گۆڕینی شار لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی؛ بازاڕی خانووبەرەی سلێمانی لە ساڵانی داهاتوودا

07-05-2024


بەرایی

لەم رۆژانەدا ژمارەی ئەو پرۆژانەی کە لە کەرتی نیشتەجێبوون کاریان تێدا دەکرێت زیاتر بوون، بەتایبەتیش تاوەرەکانی نیشتەجێبوون. ئێستا دوو لەسەر سێی ژمارەی ئەو یەکانەی کە لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی بنیاتدەنرێن شوقەیە و دوو هێندەی کۆی هەموو ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبوونە کەوا لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا لە سلێمانی جێبەجێکراون. ئێستا پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکە کەوا خەریکە دیمەنی رابردووی شار لە ئاسۆییەوە بگۆڕیت بۆ ستوونی، کە ئەمەش لەداهاتوودا لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنی خۆی دەبێت.

بەپێی دوایین داتای دەستەی وەبەرهێنان[1] لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا لە 13 کەرتی جیاواز بە سەرمایەی 69 ملیار و 287 ملیۆن دۆلار مۆڵەت بە 1 هەزار و 225 پرۆژە دراوە. کەرتی نیشتەجێبوونیش بە سەرمایەی 20 ملیار و 261 ملیۆن دۆلار و 216 پرۆژە بەشداریی لە وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان کردووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئێستا مۆڵەت پێدانی پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ کەرتی نیشتەجێبوون راگیراوە، بەڵام ژمارەی ئەو پرۆژانەی بۆ کەرتی نیشتەجێبوون لەهەموو پارێزگاکان و بەتایبەتیش پارێزگای سلێمانی لەماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا وەرگیراوە و بە وەبەرهێنەران دراوە، زیاترە لە نیوەی کۆی پرۆژەکانی دوو دەیەی رابردووە لەم کەرتەدا.

بەپێی داتا کۆکراوەکان، کۆی ژمارەی ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون کەوا ئێستا لە بازاڕ هەیە و دەکەوێتە سەنتەری پارێزگای سلێمانی 98 پرۆژەن بە رووبەر و یەکەی جیاواز. ژمارەی ئەو پرۆژانەش کە بڕیارە لە ئەمساڵ و ساڵانی داهاتوودا تەواو بن 37 پرۆژەن، هەموو ئەمانەش سەرەڕای ئەوەی باس لە دەیان پرۆژەی نیشتەجێبوونی نوێ دەکرێت کەوا مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا دەست پێنەکراون.

ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کەوا لە ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووشدا تەواو دەبێت سەروو 47 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونن، لەکاتێکدا هەموو ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە لە 2006وە تاوەکو ئێستا لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی بنیاتنراون 90 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونن.

لێرەدا بەخستنەڕووی ژمارەی پرۆژەکان و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی[2] هەڵوەستەیەک لەسەر ژمارەی یەکەکان، گۆڕینی شار لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی، دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی پشت مۆڵەتپێدان و هۆکارەکانی پشت خێرا بیناکردنی تاوەرەکان، هەروەها جۆری کڕیارانی یەکەکان مەبەستەکانیان دەکەین. پرسیارێکی دیکەی گرنگیش ئەوەیە کە ئایا سلێمانی پێویستی بەم هەموو یەکە نوێیە هەیە؟  

ئاماژە نوێیەکانی نێو ژمارەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون (شوقە، خانوو، ڤیلا) لە سلێمانی

ئێستا ئەو پرۆژانەی بنیاتدەنرێن زیاتر دوو جۆرە؛ شوقە و ڤیلا. ئەمەش ئاماژەیەکی روونە لە دابەشبوونی چینی ئابووری کۆمەڵگە و کەمبوونەوەی چینی نێوەڕاست لە تەواوی هەرێمی کوردستان.

ئەگەر سەیری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی بکەین، دەبینین لە کۆی ئەو 98 پرۆژەیەی نیشتەجێبوون کە ئێستا لە بازاڕدا هەیە 54 پرۆژەیان شوقەیە، 21 پرۆژەشیان ڤیلا و خانوویە و  23 پرۆژەشیان تێکەڵەی هەموویانە. وەک یەکەی نیشتەجێبوونیش دوو لەسەر سێ زیاتری یەکەکان لە کۆی پرۆژەکان شوقەیە.

بەپێی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان زۆرترین سەرمایەی وەبەرهێنان لەماوەی 18 ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان لە 2021دا بووە کەوا بە سەرمایەی 8.5 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی تێدا کراوە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانیش پێدانی مۆڵەتی نیشتەجێبوون بووە لە کەرتی خانووبەرە و دابەزاندنی دەسەڵاتی وەبەرهێنان بووە بۆ ئاستی پارێزگاکان. 

بەپێی هەمان داتای دەستەی وەبەرهێنان  1-8-2006 بۆ 2-5-2024 کەرتی خانووبەرە لەدوای کەرتی پیشەسازییەوە بەڕێژەی 29.24% بەشداریی لە کۆی سەرمایەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان کردووە. ژمارەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە کەرتی نیشتەجێبوون لە تەواوی هەرێمی کوردستان کەوا لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە 216 پرۆژەیە، بەڵام ژمارەی پرۆژەکانی ئەم کەرتە زۆر زیاترە لەو ژمارەیەی دەستەی وەبەرهێنان، چونکە زۆربەی پرۆژەکانی ئەم دواییە مۆڵەتیان لە وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە ئەویش بەهۆی خاوەندارێتی زەوییەکانەوە بووە کە موڵکی وەبەرهێنەرەکە خۆی بووە.

گرافیک1: ژمارە و جۆری پرۆژەکان و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی(2006-2024)

سەرچاوە: عەقاراتی باخی شەقڵاوە، 13ی کانوونی دووەمی 2024،  کۆمپانیای ئیم جەی، 20ی ئادار 2024، بە مەیدانی کۆکردنەوەی داتاکان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون 29 و 30ی نیسان 2024 و 1ی ئایار 2024.

هۆکارەکانی بیناکردنی خێرای تاوەرەکان

ئێستا بیناکردنی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە کەرتی نیشتەجێبوون و لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی، وەرگرتنی مۆڵەت و تەواوکردنی رێکارەکانی دەستکردن بە پرۆژەکان خێراتر بووە. ئەو یەکانەی کە بڕیارە لەم چوار ساڵەدا بێتە بازاڕەوە، نیوە زیاتری کۆی هەموو ئەو یەکانەیە کە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا لە سەنتەری سلێمانی بنیاتنراوە. 

ئەوەی جێگەی سەرنجە لەنێو پرۆژەکانی خانووبەرەی سلێمانی، وەبەرهێنانی یەکێک لە کۆمپانیاکانی خانووبەرەیە کەوا یەک لەسەر پێنجی کۆی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی دروست دەکات و لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەستیکردووە بە وەبەرهێنان لەم کەرتەدا. ئەم کۆمپانیایە ئێستا کار لەسەر 5 پرۆژەی نیشتەجێبوون دەکات کە سەروو 18 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت و لەم رۆژانەدا کلیلی یەکێک لە پرۆژەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکات و پرۆژەیەکی نوێش هەر لەم رۆژانەدا رادەگەیەنێت وەکو لە گرافیکی خوارەوەدا هاتووە.

گرافیک2: ناو و ژمارەی یەکەکانی ئەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون لەسلێمانی کە لە 2024-2028 تەواو دەبن

سەرچاوە: عەقاراتی باخی شەقڵاوە، 13ی کانوونی دووەمی 2024،  کۆمپانیای ئیم جەی، 20ی ئادار 2024، بە مەیدانی کۆکردنەوەی داتاکان لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون 29 و 30ی نیسان 2024 و 1ی ئایار 2024.

لەڕاستیدا ئەو پرۆژانەی لەسەرەوە و لە گرافیکی دووەمدا هاتووە کۆی پرۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبوون نییە کەوا لەم ساڵانەی دوای کۆرۆنا و لەدوای نزیکەی 8 ساڵ لە راگرتنی پێدانی مۆڵەتی پرۆژەی وەبەرهێنان لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی مۆڵەتیان وەرگرتووە، چونکە پرۆژەی دیکەش هەن کە موڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام دەستپێنەکراون کە ئەو دواکەوتنەوش لە بەر دوو هۆکار بووە: یەکەمیان، رەوشی بازاڕ و نادڵنیایی لە بازاڕ. دووەمیان، ئەو وەبەرهێنەرانە چاوەڕوانی وەبەرهێنانی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکایەتی شارەوانی دەکەن بۆ تەرخانکردنی زەوی بۆ دەستبەکاربوون و بنیاتنانی هەزاران یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ.

ئەم خێرا بنیاتنانەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون نەک تەنیا لە پارێزگای سلێمانی بەڵکو لە هەموو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت نێوەڕاست و باشووری عێراقیش زۆر بەڕوونی دەبینرێت. یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان قازانج و ماوەی گەڕانەوەی قازانجی سەرمایەی وەبەرهێنانە لەم کەرتەدا، بەشێوەیەک قازانجکردن لەم کەرتەدا نەک دوو هێندە بگرە سێ هێندە زیاترە. ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی گەڕانەوەی قازانج بۆ وەبەرهێنەر بەهۆی درێژەدان بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ پرۆژەکان دوای تەواوکردنیان.

بەگشتیش ئەگەر خەمڵاندنێک بۆ تێجووی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بکەێن ئەوا نرخی یەک مەتر دووجا لە نێوان 300 بۆ 600 دۆلار بۆ یەک مەتر دووجا تێدەچێت، ئەویش ئەگەر بە باشترین کوالیتی بیناسازی و دابینکردنی باشترین کەرەستە و ماددە بەکارهاتووەکان بینا بکرێت، لەکاتێکدا لەکاتی فرۆشتنەوەی یەک مەتر دووجا لەنیو ئەم پرۆژانەدا لە 500 دۆلار بۆ سەروو 1000 دۆلارەوەیە، بۆ خانووەکانیش کە بە ڤیلا ناودەبرێت دەڕوات بۆ سەروو 2000 دۆلار، کە ئەمەش بەمانای چەند هێندەبوونی قازانج دێت ئەگەر پرۆژەکان تەواوبکرێن. 

دیاردەیەکی دیکەی نوێ لەم بازاڕەدا لە تەواوی هەرێمی کوردستان و سەنتەری پارێزگای سلێمانی هاتنەکایەی پرۆژەی نیشتەجێبوون بە پێشەکی زۆر کەم و قیستی مانگانەی زۆرکەم، و تەنانەت قیستی درێژخایەن بۆ دوای تەواوکردنی یەکەکان، کەچی پێشتر و لە سەرەتای وەبەرهێنان لەم کەرتەدا ئەم جۆرە پرۆژانە نەبوون.

بازاڕی خانووبەرەی سلێمانی تەواو جیاواز بووە لە شارەکانی دیکە و  بەتایبەتیش هەولێری پایتەخت، چونکە نزیکەی 90%ی کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی نێوخۆییە و بۆخۆیان یان کەسوکاریان دەیکڕن. هەروەها، سەرەڕای زیادبوونی کۆمپانیاکانی عەقارات لە سلێمانی لەم ساڵانەی دواییدا، هێشتا وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنەری یەکەکان بۆخۆیان راستەوخۆ یەکەکانیان بە کڕیاران دەفرۆشن و بەشی فرۆشتنیان هەیە.

لەڕووی کڕیارانی نێوخۆیشەوە، ئەوا بە پلەی یەکەم خەڵکی شارەکەن جا چ لەنێوخۆ یان دەرەوەی وڵات، دووەمیان، خەڵکی دەورووبەری پارێزگاکەن بەتایبەت قەزا و ناحیەکانی دەورووبەری کە ئەمەش نیشانەیەکی زۆرباش نییە و ئاماژەیە بۆ کۆچکردن و چۆڵکردنی قەزا و ناحیەکان بەهۆی نەمانی دەرفەتی ژیانکردن و کارکردنەوە. هەروەها، رێژەیەکی زۆر کەمی ئەو کەسانەی لە نێوەڕاست و باشووری عێراق لەماوەی ساڵانی رابردوو هاتوونەتە سلێمانی بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنی ناوچەکانیانەوە یەکەیان لە سلێمانی کڕیوە، هەرچەندە ئێستا ئەمەش کەمبووەتەوە، ئەگەر بەڕێژەی سەدیش لێکیبدەینەوە ئەوا لە رێژەی 15% ئەم کڕیارانە کەمبوونەتەوە بۆ رێژەی 5%.

 پرسیارێکی دیکە لێرەدا ئەوەیە کە داهاتووی ئەم بازاڕە لە تەواوی هەرێمی کوردستان و سلێمانیش ئاراستەکەی بەرەو کوێیە؟ ئەمەش روانگەی وەبەرهێنەرانی سلێمانی دابەش کردووە. بۆ نموونە ئەو وەبەرهێنەرانەی کەوا پرۆژەکانیان بە پێشەکی و قیستی مانگانەیە ئاماژە بە داڕمانی ئەم کەرتە دەکەن بەهۆی دواکەوتنی مووچە و یەکلانەکردنەوەی ئەم پرسە، چونکە بەشێکی زۆر لەوانەی یەکەکانیان کڕیوە فەرمانبەران یان کاسبکاری نێوخۆیین کە ئەمانیش هەر پشت بە فەرمانبەران دەبەستن، چونکە ئابووری هەرێمی کوردستان و سلێمانیش ئابوورییەکی کرێنشینییە و پشت بە مووچە دەبەستێت، و کەرتی گشتی هەڵسوڕینەری بازاڕە. هەربۆیەش لەماوەکانی رابردوودا بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە هەندێک لە کڕیارەکانی ئەم یەکانە داوای فرۆشتنەوەیان لە کۆمپانیاکان کردووە ئەگەر بە زیانیش بێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەو وەبەرهێنەرانەی کەوا بەزۆری پشتیان بەسەرمایەکانیان بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا و تەواوکردنی پرۆژەکان بەستووە، ئاماژەیان بە پێویستی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ سلێمانی دەکرد بەهۆی زیادبوونی کۆچکردنی خەڵک لە دەورووبەری سلێمانی بۆ ناو سلێمانی و هاتنی هاوڵاتیانی عێراقی بۆ نێو سلێمانی بەهۆی گۆرانکارییەکانی کەشوهەوا لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە. یەکێک لە نموونەکان خێزانێکی بەغدایە کە لە خراپی کواڵیتی هەوای بەغدا هەڵهاتوون و بڕیاریانداوە لە یەکێک لەم یەکە نوێیانەی سلێمانی بژین. هەروەها، لە رابردوودا بۆ زیاتر لە 8 ساڵ مۆڵەتی بیناکردنی پرۆژەی نیشتەجێبوون راگیرابوو، ئێستاش دووبارە راگیراوە و نازانرێت چەندی پێدەچێت بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی مۆڵەتپیدان بە پرۆژەکانی خانووبەرە.

هەردوو روانگەکە داهاتووی ئەم کەرتە لە سلێمانی دەبەستنەوە بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ، چونکە گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی مووچە نەک تەنیا دەتوانێت دڵنیایی لە هاتنی مانگانەی مووچە بدات و پرۆژەکان تەواوببن و جووڵەی بازاڕ هەبێت، بەڵکو دەرفەتی قەرزدان بە فەرمانبەران دەکاتەوە و شارەکانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر بەڕووی هاوڵاتیانی عێراقی دەکرێنەوە و دواجار ئەم یەکانەش زۆر زووتر تەواو دەکرێن، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە بێت ئەوا ئەم کەرتە شکست دەهێنێت.

لێکەوتەکانی گۆڕینی شار لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی

شار و بنیاتنانی شار مێژوویەکی دێرینی هەیە، بەپێی پێنگوین راندۆم هاوس (2021)، شارەکانی سەنتەری شارستانیەتی کۆن و ونبوو، شاری رووبارە مەزنەکان، شارە دەریاییەکان، شارە دیزاینکراوەکان و شارە نوێیە دروستبووەکان (شاری میترۆپۆلی مۆدیرن) لە جۆرەکانی شارن لە دنیا. هەریەک لە شارەکانی رۆما، ئیستەنبوڵ و بابلیۆنەوە  تاوەکو سیئۆل، دوبەی، باکۆ و سەنگافوورە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەم پۆلینکردنەوە، بەڵام ئەم فراوانکردنەی شارەکان لە هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی بنیاتنانی ژێرخان بۆ ئێستا و داهاتوو بووە. ئەگەر لەڕووی بنیاتنانی ژێرخانەوە سەیری دوو شار بکەین لەندەن و سەنگافوورە، ئەوا ژێرخان ئامادەکراوە ئێنجا دەستکراوە بە سەرخان و یەکەکانی نیشتەجێبوون. بۆ نموونە، لەندەن کە مێژوویەکی دێرینی هەیە، و   ئیستا بەدەست قەرەباڵخی و جەنجاڵی شەقامەکانەوە دەناڵێنێت و شارەوانی لەندەن رێکاری گەورەی گرتووەتە بەر بۆ چارەسەرکردنی، لەساڵی 1863دا یەکەم لاینی ژێر زەوی گواستنەوەی شەمەندۆفێری لەنێوان پادینگتۆن و فارینگدۆن کردووەتەوە، و لەساڵی 1875دا سیستەمی ئاوەڕۆی لەندەن تەواوکراوە و وایکردووە ئەوکات لەندەن شارێکی تەندروست بێت بۆ ژیان و دانیشتوانەکەی، لاپەڕە (88). سەنگافوورەش یەکێک لەو وڵاتانەی لە دوورگەیەکدایە و شارەکانی لەلایەن ناشناڵ جۆگرافییەوە بە شاری داهاتوو ناسراون، لەئێستاوە ئامادەکارییەکانی بۆ دابینکردنی کۆی سەرچاوەکان بۆ دانیشتوانەکەی لە پێنج دەیەی داهاتوودا کردووە،

 بۆ نموونە لەڕووی بنیاتنانی یەکەکانەوە، یەکەمجار  ژێرخانەکانی گواستنەوەی رێگای خێرای ئۆتۆمبێل، قیتار و دابینکردنی وزە و کێبڵەکانی ئینتەرنێتی لەژێر زەویدا چین بە چین بنیات ناوە و لەڕووی سەرچاوەی ئاوی پاکەوە 70 خەزانی بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران دروستکردووە و بنیاتنانی وێستگەیەکی پێشکەوتووی گۆڕینی ئاوی دەریای بۆ ئاوی خواردنەوە بەتێچوویەکی کەم و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی ئەم پرۆسەیە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ داهاتوو داناوە.

ژمارەی ئەو یەکانەی لە داهاتوودا لەم شارانەی هەرێمی کوردستان دێتە بازاڕەوە زۆر زیاترە لەوەی لە  ژمارەکانی شارەوانی و دەستەی وەبەرهێنان هەیە، چونکە هەندێک لە پرۆژەکان لە کۆی سێ بۆ چوار زۆن تەنیا یەک زۆنی تەواوکراوە یان کاری تێدا دەکرێت، هەرچەندە ئێستا شارەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو گۆرانکارییەکی خێرا دەڕۆن و زیاتر بەرەو ستوونییە، بەڵام گۆڕینی شار لە ئاسۆییەوە بۆ ستوونی لێکەوتەی ئەرێنی و نەرێنی گەورەی لە داهاتوودا دەبێت، لە لێکەوتە ئەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە، نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان لە رووبەرێکی کەمدا، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک ئاو، ئاوەڕۆ و کارەبا و رێگاوبان بۆ دانیشتوان و هتد،  لێکەوتە نەرێنییەکانیشی بریتییە لەتوانای ژیان و بەردەوامی (Livability and Sustainability) لە داهاتوودا بەهۆی نەبوونی ژێرخانی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان و بەکارهێنانی سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک ئاو، رێگاکانی گواستنەوە، سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە، کەمی رووبەری سەوزایی و لەسەروو هەمووشیانەوە رەخساندنی دەرفەتی کار بۆ دانیشتوانەکەی. ئەگەر ژمارەکان ورد بکەینەوە بۆ نموونە بنیاتنانی نزیکەی 50 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ بەواتای نیشتەجێکردنی بەلایەنی کەمەوە 200 هەزار دانیشتووی نوێ دێت بۆ سلێمانی، ئەگەر رێژەی زیادبوونی دانیشتوانیش بەمشێوەیەی ئێستای سلێمانی لێکبدەینەوە.

هەروەها، لەوانەیە بناتنانی ئەو هەموو یەکەیە لەم ساڵانەدا و تەواوکردنیان لەکاتی خۆیدا بەشێوەیەک لە شێوەکان رەنگە زۆر قورس نەبێت، چونکە لە سەردەمی قەیرانێکی سەختی ئابووری، نەبوونی پارە، خراپی رەوشی ئەمنی و سیاسی هاتووەتە ئاراوە، بەڵام دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک رێگاوبان، شەقامەکان، ژێرخانی دابینکردنی ئاو و ئاوەڕۆ و سەرچاوەکانی وزە کە ئێستا لە ئەستۆی وەبەرهێنەرە بە چواردەوری پرۆژەکەی خۆیدا دەیکات، ئەی کێ شەقام و رێگاکانی دەرەوەی پرۆژەکان تەواوبکات؟ کێ رێگای نوێی گواستنەوە بنیات بنێت، کە نزیکەی یەک دەیە زیاترە لایەکی شەقامی 100 مەتری تەواو نەکراوە، یان سەرچاوەی نوێی دابینکردنی ئاو و هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو و وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو دابین بکات؟ کە بەم دۆخەی ئێستاوە هەندێک لە پرۆژە نایابەکانی نیشتەجێبوون رۆژانە بە تانکەر ئاو بۆ دانیشتوانەکەی دابین دەکەن. 

لێکەوتەیەکی دیکەی ئەم گۆڕانکارییە پەیوەستە بە سەرمایەی گشتی یان هاونیشتمانیان و هاوڵاتیانەوە کاتێک سەرمایەکانیان دەخەنە یەکێک لەم پرۆژانەوە کە دەبوایە نرخی یەکەکان رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوون بوایە بەهۆی کەمبوونەوەی زەوی نیشتەجێبوون و زیادبوونی دانیشتوانی شارەوە، بەڵام لە هەندێک لە پرۆژەکان بەپێچەوانەوە بووە و روو لە دابەزین بووە، ئەویش بەهۆی نزمی کواڵیتی یەکەکان، و نرخی سەرەتایی یەکەکان کە بەقیستی درێژخایەن بووە و جیاوازی کاش و قیست و خستنەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە یەکەی نوێ لەماوەیەکی کەمدا.

راستییەکی دیکەش لەبارەی ئەم بازاڕەوە نرخی یەکەکان کە لەنێوان 60 هەزار بۆ سەروو 150 هەزار دۆلارە، کە ئەمەش رەنگدانەوەی دۆخی ئابووری و بازاڕی کاری هەرێمی کوردستان نییە و تەنانەت سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکیش پشتیوانی بازاڕەکە ناکات، ئەمەش نەک تەنیا لە سلێمانی بەڵکو لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق.

کۆتایی

ئێستا پرۆژەکانی نیشتەجێبوون جووڵەیەکی بازرگانی و  دەستی کار و رەخساندنی هێزێکی نوێی ئاڵۆگۆڕی پارەیە لە سەنتەری پارێزگاکان، و بگرە لە هەندێک لە ئیدارە سەربەخۆکانیش لە هەرێمی کوردستان. ئەم کەرتە بە دووەم  کەرتی وەبەرهێنان دێت لەدوای پیشەسازییەوە، بەڵام ئەگەر سەرمایەی ئەو پرۆژانەش کە لە دەرەوەی دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان وەرگرتووە و بنیاتنراوە هەژمار بکەین ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەم کەرتە دەبێتە یەکەم کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا.

رۆژانی رابردوو دەرکەوتنی کێشەیەکی ملیۆنان دۆلاری لە کەرتی خانووبەرەی هەولێر تاڕادەیەک کاریگەریەکی تەواوی کردووەتەسەر بازاڕی خانووبەرە نەک لە هەولێر بگرە لەسلێمانی و ناوچەکانی دیکەش هەربۆیەش ئێستا ئاراستەی بازاڕەکە لەڕووی نرخەوە رووی لە دابەزین کردووە، کە سەرەڕای ئەم هۆکارانەش زۆری خستنەڕوو و کەمی داواکاریش رۆڵێکی گەورەی هەبووە کە بەهۆی رەوشی ئابوری و سیاسییەوە جیاوازیەکی گەورەی تێکەوتووە.

بازاڕی خانووبەرەی سلێمانی جیاوازە لە شارەکانی دیکە و پەیوەستە بە دۆخی ئابووری گشتییەوە واتە بە مووچەی فەرمانبەرانەوە، چونکە رێژەی 90% کڕیارەکان کڕیاری نێوخۆیی و خەڵکی سەنتەری سلێمانی و قەزاکانن، واتە بەهەر شێوەیەک بێت پشت بە داهاتی نێوخۆ دەبەستن، هەربۆیەش هەندێک لە وەبەرهێنەرەکان ئاماژەیان بە گرنگی مووچە و لێکەوتەکانی دواکەوتنی مووچە دەکرد، بۆ نموونە لەماوەکانی رابردوودا بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە، هەندێک لە کڕیارەکان گەشتبوونە ئاستی فرۆشتنەوەی یەکەکان بە وەبەرهێنەرەکان بە کەمتر لەوەی پێشووتر لێیان کڕیون.

لەڕاستیدا، ئەم شێوازەش لە فرۆشتنی یەکەکان دوو مەترسی گەورە دروستدەکات، یەکەمیان، راوەستانی جومگەکانی دیکەی ئابووری و بازاڕ بەهۆی بەستنەوەی هاونیشتمانیان بە بەشکردنی نیوەی داهاتیان لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەنی ئەم پرۆژانە. دووەمیان، لە ئەگەری بەردەوامی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچەدا دەبێتەهۆی نەک دواکەوتنی تەواونەکردنی پرۆژەکان بگرە شکستهێنانیان چونکە بەشێکی گەورەی پشتی بە داهاتی ئەو کەسانە بەستووە کە چاوەڕوانی مووچەکانیانن و یەکەی نیشتەجێبوونیان لەم پرۆژانەدا کڕیوە.  

لەکۆتاییدا، بازاڕی خانووبەرەی سلێمانی بەهۆی پێدانی مۆڵەت و خواستی وەبەرهێنەران بۆ وەبەرهێنان لەم کەرتەدا وایکردووە ژمارەی پرۆژەکان و تاوەرەکان زۆر زیاتر بێت، بەڵام ئەگەر پلانێکی خێرا و گشتگیر و چاودێریکردنی حکومی نەخرێتەگەڕ ئەوا  بەدڵنیاییەوە سەرەڕای پێویستی خەڵک بۆ نیشتەجێبوون لە یەکەیەکی نوێ، دەبێتەهۆی بەفیڕۆچوونی دەیان ملیۆن دۆلاری سامانی هاونیشتمانیان و هاوڵاتیان و سەتان ملیۆن دۆلاری وەبەرهێنەرانیش، چونکە دەبێتە کۆنکریت و باڵەخانەیەکی تەواونەکراو. ئەم چاودێری و پێداچوونەوەیە لەم پرۆژانەدا بۆ بنیاتنانی یەکەیەک کەوا هیچ نەبێت دڵنیایی بدات لە بەرگەگرتنی  کارەساتی مرۆیی و  سرووشتی لە داهاتوودا ئەگەر رووبدات.

سەرچاوەکان

چاوپێکەوتن، لەگەڵ وەبەرهێنەران لە پرۆژەکانی کۆمپانیای ئیم جەی، دانیا سیتی، ئەوین سیتی، سنتراڵ پارک، باشوور سیتی، شاری دایک، کۆمپانیای قەیوان گرووپ، نووسینگەکان و کۆمپانیاکانی عەقارات، 29 و 30ی نیسان 2024 و 1ی ئایار 2024، سلێمانی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنان، فەرمانگەی لێکۆڵینەوە و زانیاری (2024). وەبەرهێنان بەپێی سێکتەرەکان و سەرمایە و رووبەر لە 01-08-2006 تاوەکو 02-05-2024.

Great cities: The stories behind the world’s Most fascinating places (DK history changers): DK: 9780744029222: Amazon.com: Books. Available at: https://www.amazon.com/Great-Cities-stories-behind-fascinating/dp/0744029228 (Accessed: 05 May 2024).


[1]  لەماوەی 1-8-2006 بۆ 2ی ئایار 2024

[2] ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوون یان پرۆژەکانی نیشتەجێبوون دەگۆڕدرێت، چونکە زۆربەی پرۆژەکان قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێدەکرێن، بەشێوەیەکە کەوا هەندێکیان دوای تەواوبوونی ئەو یەکانەی ئێستا لە بازاڕ هەیە دەستیان پێکراوە و هەندێکی دیکەیان هێشتا دەستیان پێنەکراوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی هەندێک لە پرۆژەکان داوای فراوانکردنی مۆڵەتەکانیان کردووە بۆ بنیاتنانی یەکەی نوێ لە چوارچێوەی هەمان پرۆژەدا.

Share this Post

شرۆڤە