شرۆڤە

هەڵسەنگاندنێکی بەرایی بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ی عێراق

20-12-2023


 

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەبەشداری نزیکەی ٦ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دەنگدەر بەڕێوەچوو کە ٤١٪ی ئەوانە بوون کە مافی دەنگدانیان هەبوو. هەڵبەت بەوپێیەی کە کۆی گشتی دەنگدەران سەرووی ٢٦ ملیۆن کەسن دەشێ بێژین کە ئەم هەڵبژاردنە و ئەنجامەکانی نوێنەرایەتی دەوروبەری ٢٥٪ی هەموو دەنگدەران دەکات. ئەم هەڵبژاردنە گرنگ بوو نەک لەبەر ئەوەی کە  ئەنجامەکانی نوێنەرایەتی خواستی دەنگدەران دەکات بەڵکو لەبەر ئەوەی کە دەشێ پێشهاتی سیاسی گرنگ بەداوی خۆیدا بهێنێت.

چۆن سەیری ئەنجامەکان بکەین؟

جارێ بەرلە هەموو شتێک دەتوانین بێژین کە ئەستێرەی بەختی محەمەد حەلبووسی وەک سەرکردەی نوێی سوننەکانی عێراق بە درەوشاوەیی مایەوە کە دوای لادانی لە سەرۆکایەتی پەرلەمان چاوێکی زۆری لە سەر بوو. لیستەکەی ئەو لە ئەنبار یەکەم بوو. لیستی دووەم و سێیەمیش هە لە خۆی نزیکن. لە بەغدا بەهۆی بایکۆتەکەی سەدرەوە دەرفەتی یەکەم بوونی بۆ رەخسا. لە دیالە لە پلەی دووەم و لە نەینەوا و سەلاحەدینیش لە پلەی چوارەمدایە.

خاڵی جێگەی سەرنجی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە کە لیستی دەوڵەتی یاسای نووری مالکی سەرەڕای ئەوەی  نزیکەی ٢٩ هەزار دەنگی زیادی کردووە تەنیا لە پارێزگای موسەننادا پلەی یەکەمی هێنا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١دا لانیکەم لە چوار پارێزگادا بە دوای سەدرییەکانەوە بوو. هەڵبژاردنی ٢٠٢٣ لە واتایەکدا رکابەریی نێوخۆیی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوو کە لەوەدا، هاوپەیمانی نەبنی کە دەشێ درێژکراوەی هاوپەیمانی فەتح بێت بە هەندێک گۆڕانکارییەوە، لە ٥ پارێزگادا یەکەمە. لیستی پارێزگارەکانیش(تەسمیم، ئیبداع کەربەلا، واست ئەجمەل)  لەهەر سێ پارێزگای بەسرە، واست وکەربەلا پلەی یەکەمیان بە دەستهێنا و ئەوانیش وەک ژمارەیەکی گرنگ لە رکابەرییە نێوخۆییەکانی شیعەدا جێگەی خۆیان کردەوە.

لە راستیدا بە گوێرەی هەبڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ دەنگی کورد زیادی کردووە بەڵام فرە لیستی وەک هۆکاری سەرەکیی پەرتەوازەبوونی دەنگەکانی دەردەکەوێت. کۆی گشتی دەنگی سێ لایەنی هاوپەیمانی کوردستان، پارتی و نەوەی نوێ لە ٢٠٢١ دا ١٣٨٤١١ دەنگ بوو بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا کۆی دەنگی هەرسێ لایەنەکە ٢١٠٧٤١ دەنگ بووە بێجگە لە دەنگەکانی لایەنکانی دیکەش. کورد بە گشتی ٧ کورسی بەرکەوتووەو خاڵی شکستەکەی ئەوەیە کە نەیتوانی نیوە یان نیوە+١ دەستەبەر بکات کە بەو ژمارەی دەنگەوە شتێکی مومکین بوو. بەمەش ناچارە بۆ پۆستی پارێزگار لە دەرگای لایەنەکانی دیکە بدات.  لە ساڵی ٢٠٢١ دا کورد لە دیالە ٢١٧٢٢ دەنگی هەبوو، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی ٣ لایەنی کوردی پێکەوە ٣٠٩١٦ دەنگ بووە. لە نەینەوا، لە ساڵی ٢٠٢١دا کۆی دەنگی پارتی و یەکێتی ١٦٧٥٢١ دەنگ بوو بەڵام ئەمساڵ ئەو ژمارەیە بوو بە ١٧٣٨٧٧ دەنگ. وەک دەردەکەوێت پێچەوانەی شیعەکان کە لە پارێزگا تێکەلاوەکاندا ستراتیژی لیستی هاوبەشیان گرتەبەر لایەنە کوردییەکان هەریەکەو بە هاوپەیمانی و لیستی جیاوازەوە بەشدارییان کرد و ئەوەش وایکرد کە سەرەڕای زیادبوونی دەنگی کورد، پەرتەوازەییەکەی بدا بە کۆڵیدا. لە سەلاحەدین لایەنە کوردییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی دیکە بەشداربوون بەوەش دۆخی ئەوێ جیاوازترە.

لە کەرکوک یەکێتی پلەی یەکەمی هێنا و ئەوەش تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ سەرۆکی ئەو حیزبە دوای ئەوەی کە پێگەی خۆی وەک سەرۆکی حیزبەکەی قایم کرد و وادیارە لەوەشدا سەرکەوت. لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١دا ٦٣٣٧١ دەنگی هەبوو بەڵام ئەمجارە بۆ نزیکەی ١٤٠ هەزار دەنگ بەرزی کردەوە. لە کەرکووک تورکمانیش دابەشبوون. بۆ  تورکمانی سوونی- بەرەی تورکمانی  و تورکمانی شیعی.  بەرەی تورکمانی نەیتوانی پێگەیەکەی بەهێز دەستەبەر بکات و 2 کورسی بردووەتەوە. عەرەبی سووننەش بە شێوەیەکی بەهێزتر لە جاران دەرکەوتوون.

کاریگەری ئەنجامەکان  

 ئەنجامی هەڵبژاردنەکان پێگەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سیاسەتی عێراقدا بەهێزتر دەکات. ئەوان کە ئێستا لە پەرلەمان زۆرینەن و سەرۆکایەتی حکومەتیشیان لایە لەڕێی دەسەڵاتی پارێزگار و ئەنجوومەنە خۆجییەکانیشەوە ئەو پێگەیە بەهێزتر دەکەن. نفوزی ئەوان تەنیا بە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە سنووردار نابێت بەڵکو لەڕێی لیستەکانی خۆیان یان ئەو کەرەستە سیاسییانەی کە لە دەستیاندایە رۆڵیان لە شکڵپێدانی ئیدارە محەللییەکانی نەینەوا و کەرکوک و تەنانەت ئەنبارو سەلاحەدینیش دەبێت. لە نەینەوا لیستی نەینەوا لیئەهلیها کە هی نەجم جبووری پارێزگاری پێشووی نەینەوایە پلەی یەکەمی هێناوەو بۆ ئەوەی کە ببێتەوە بە پارێزگار پێویستی بە هاوکاری لیستە شیعییەکان هەیە تا لە یاسای ریشەکێشکردنی بەعش ریزپەڕی بکەن کە بە هۆیەوە دەستی لە کار کێشابووەوە. لیستەکەی حەلبووسی ئەگەر بە تەمابێت کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێتەوە پێویست بە رەزامەندی لایەنە شیعییەکان هەیە لە پەرلەمان کە رەنگە ئەوانیش لەبەرامبەردا داوای رۆڵی زیاتر لە ئەنبار بکەن. هەروەها کوردیش بۆ وەرگەرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک کە داواکاری هاوبەشی لایەنە کوردییەکانە، پێویستییان بە پاڵشتی ئەوان هەیە. 

 خاڵێکی ئەوەیە کە لەوانەیە سەدر بەم ئەنجامانەی ئێستا ئاسوودەتر بێت کە نوری مالکی نەیتوانی لە زۆرێک لە پاڕیزگاکاندا ببێتە یەکەم و بەسرەش دەست هاوپەیمانی نەبنی نەکەوت.  سەرکەوتنی هاوپەیمانی نەبنی لە ٥ پارێزگادا کە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت لە گەڵ سەرکەوتنی ٣ پارێزگاری پێشوو(کەربەلا- واست- بەسرە)، بۆ سەدر بژارەکەی باشترە لەوەی کە لیستەکەی مالکی یەکەم بوایە. چونکە سەدر ئاسانتر دەتوانێت لەگەڵ ئەو پارێزگارەکانە وهادی عامریدا مامەڵە بکات. بابەتیكی دیکە ئەوەیە کە رکابەرە سوونییەکانی حەلبووسی کە زیاتر کۆنە سیاسەتمەدارو وەزیرانی کابینەکانی پێشوو بوون، وەک رافع عیساوی و خالید عوبێدی و ئەوانی دیکە، نەیانتوانی حەلبوسی ببەزێنن. بەوەش، حەلبووسی وەک بەهێزترین پیاوی جیلی نوێی سەرکردایەتی سوننە ناوی خۆی تۆمار کرد.

لەوانەیە ئەو کورسییانەی کە لایەنە کوردییەکان لە دیالە، سەلاحەدین، کەرکوک و نەینەوا هێنایان کەمتربێت سەرەڕاوی ئەوەی کە بە گشتی دەنگی کورد زۆرتر بووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە قۆناخی داهاتوودا رۆڵیان لە ئیدارەی محەللی و ئەنجومەنی پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا زیاتر دەبێت کە لەدوای ٢٠١٧وە تووشی گرفت ببوو کە ئەوەش لە هەلومەرجی ئێستادا ئەرێنییە.

سەرکەوتنی یاسایی و گرفتی نوێنەرایەتی

 مشتومڕی زۆر لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە نییە و لە رواڵەتدا وادیارە کە کێشەیەکی یاسایی نییە بەڵام پرسی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئەنجامەکان تا چەند نوێنەرایەتی خواستی خەڵک دەکەن. لە بەغدا و ٩ پارێزگای باشوور و نێوەڕاستی عێراقدا، بێجگە لە بەسرە و موسەننا کە رێژەی دەنگدان تێیاندا زیادی کردووە، لە ئەوانی دیکەدا، ئاستی بەشداری بەشێوەی رێژەیی ٧٪ کەمتر لەوانەی ساڵی ٢٠٢١ بووە. دەشێ ئەمەش بەهۆی کاریگەری سەدرەوە بووبێت کە داوای بایکۆتی کردبوو. بەرزیی رێژەی دەنگنەدان وادەکات کە سەدر براوەیەکی غایبی ئەم هەڵبژاردنە بێت و ئەمەش بۆ قۆناخی داهاتوو دەستی ئاوەڵاتر دەکات، ئەگەر بێت و پەنا بۆ شەقام و ناڕەزایی سیاسی ببات.

هەڵبەت دیمەنی بەشداری لە پارێزگاکانی کەرکوک، سەلاحەدین، ئەنبار و نەینەوا جیاوازتر بووەو، رێژەکەی لە نێوان ٥٣- ٦٥ گۆڕاوە و ئەمەش رێژەی گشتی دەنگدانی لە هەموو عێراق بەرزتر کردۆتەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ فاکتەری تۆخبوونەوەی رکابەرییە نەتەوەیی-ئاینییەکان و هەبوونی رکابەریی توندی هاوپەیمانییەکان دەگەڕێتەوە. بێجگە لە سەلاحەدین، لەو پارێزگایانەدا کە هاوپەیمانییەکانی هەڵبژاردن زۆرتر بوون، رێژەی بەشداری خەڵکیش زیاتر بووە. بەغدا، بەسرە، کەرکوک و نەینەوا لە ریزی ئەو پارێزگایانە بوون کە زۆرترین هاوپەیمانیی هەڵبژاردنیان تێدا کراو لە هەموو ئەوانەشدا بێجگە لە کەرتی رەسافەی بەغدا رێژەی بەشداری بەرز بووە.

Share this Post

شرۆڤە