شرۆڤە

لێکەوتەکانی چاپکردنی پارە و زیادبوونی خەرجییەکان و خستنەڕووی دۆلار لە عێراق

10-01-2024


رۆژ بە رۆژ بڕی ئەو دینارەی دەکەوێتە دەستی خەڵک و ناگەڕێتەوە نێو بازاڕ و بانکەکان لە عێراق زیاد دەکات. بەشێوەیەک لەکۆتایی کانوونی یەکەمی 2023دا گەیشتووەتە 101.4 تریلیۆن دینار، کە 93.1 تریلیۆن دیناری لە دەرەوەی بانکەکان و 9.03 تریلیۆنیشی لەنێو بانکەکان دایە.

ئەم دینار چاپکردنە پەیوەستە بووە بەهاتنی ئەو دۆلارە ئەمریکییەی لە فرۆشتنی نەوتەوە دێت، کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، ساڵی رابردوو بە بەهای 97.5 ملیار دۆلار بووە، بەڵام ئەگەر نرخی نەوت بەمشێوەیەی ئێستا نەبێت و ئەم دۆلارە بۆ عێراق نەیەت، بەهای ئەو هەموو دینارەی لە بازاڕە چی لێدێت؟

ساڵی رابردوو بەهای دیناری عێراقی لەبەرامبەر دۆلار ئەمریکی بەرز و نزمییەکی زۆری کرد، بەشێوەیەک لەماوەی هەفتەیەک نزیکەی 10 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلار دەبوو، کە بەردەوامی ئەم ناسەقامگیرییەش هەم دەوڵەت و هەمیش خەڵک زیان دەکات و رۆژ بە رۆژیش زیاتر دەبێت.

لەڕاستیدا، ئەم پرسە چەند رویەکی دیکەی هەیە، لەسەروو هەمووشیانەوە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتان. چونکە تەنیا ئاگادارکردنەوە و رێکارێکی ئەمریکییەکان بەهای دینارەکەی عێراق لە بەرامبەر دۆلار بەشێوەیەک دابەزاند هەرچەند حکومەتی عێراقی و بانکی ناوەندی بەهای 1 دۆلاری لە 1450 دینار کرد بە 1300 دینار، بەڵام لە بازاڕەکاندا، بە ئێستاشەوە لەسەرووی 1540 دینارەوە بۆ دۆلارێک مامەڵەی پێوەدەکرێت. هەربۆیەش هەر دەنگۆ و لێدوانێکی ئەمریکییەکان کاریگەری تەواو دەکاتە سەر رەوشی ئابووری عێراق.

روویەکی دیکەی ئەم پرسە پەیوەستە بەخستنەڕووەکانی دۆلار بە کاش و حەواڵە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە، کە لەماوەی ساڵی رابردوودا زۆرترین کاش بە بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو خراوەتەڕوو کە 9.1 ملیار دۆلار بووە. ئەم رۆژانەش کە نرخەکەی نەگەیشتووەتە 1600 دینار بۆ هەر دۆلارێک بەهۆی هێشتنەوەی بەرزی خستنەڕووە بە هەردوو جۆرەکەوەیە.

رووی سێیەمی ئەم ناجێگرییەی دینار پەیوەستە بەسیاسەتی خەرجییەکانی دەوڵەتەوە، بەتایبەتیش خەرجی مووچە، کە بەتەنیا لەماوەی مانگی یانزە، رێژەی 100% خەرجییەکان زیادیکردووە، کە 50% بۆ مووچە بووە. لەو مانگەدا خەرجییەکان گەیشتووەتە 19 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا لەمانگەکانی پێشوودا تەنیا 9 بۆ 12 تریلیۆن دینار بووە.

لێرەدا بەخستنەڕووی داتاکان لە بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق هەڵوەستەیەک لەسەر چاپکردنی پارە و خستنەڕووی دۆلار لە عێراق دەکەین.

چاپکردنی پارە و زیادبوونی خەرجییەکان و مانەوەی لە دەستی خەڵک؟

مانگ بە مانگ دینارە چاپکراوەکانی عێراق زۆرتر دەبن. لەماوەی ساڵی رابردوودا 13.9 تریلیۆن دیناری نوێ چاپکراوە، کە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2022دا 87.5 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام لە کۆتایی کانوونی 2023دا گەیشتووەتە 101.4 تریلیۆن دینار.

هەروەها، ئەو دینارەی لە بازاڕ بووە تاوەکو کۆتایی تشرینی یەکەمی 2023 گەیشتووەتە 93 تریلیۆن دینار، بەڵام لەهەمان ئەو ماوەیەدا ئەو پارەیەی لە بانکەکان بووە گەیشتووەتە 9 تریلیۆن دینار، کە ئەمەش زۆرترین زیادکردنە لەماوەکانی رابردوودا. هێشتاش رێژەی سەروو 90% پارە لە عێراق لە دەرەوەی بانکەکان و لە بازاڕدایە.

گرافیک 1: دینارە چاپکراوەکان، لەبازاڕ و لە بانک لە عێراق بۆ 2023 بە تریلیۆن

سەرچاوە: بانکی ناوەندی عێراق، 08-01-2024

زیادبوونی خەرجییەکان؛ کەڵەکەبوونی پارە لە ماڵ و بازاڕ نەوەکو لە بانکەکان

خەرجییەکانی عێراق لەماوەی یانزە مانگی رابردوو گەیشتووەتە 109 تریلیۆن دینار، لەکاتێکدا لە 2022دا و لە هەمان ماوەدا 89 تریلیۆن دینار بووە، لەڕاستیدا ئەم زیادبوونەش لە ئەمساڵدا جێگەی هەڵوەستەکردن چونکە بەتێکڕا لەماوەی 10 مانگدا 90 تریلیۆن بووە، بۆچی لەمانگی یانزە دەگاتە 19 تریلیۆن ؟

زیادبوونی خەرجییەکانی مانگی یانزە بەهۆی خەرجییەکان بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان نەبووە، بەڵکو بەهۆی زیادبوونی خەرجییەکانی مووچەوە بووە، بەشێوەیەک خەرجییەکانی مووچە تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمی 2023دا 37.6 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام تاوەکو کۆتایی تشرینی دووە گەیشتووەتە 42.1 تریلیۆن دینار، واتە 4.5 تریلیۆن دینار خەرجییەکان زیاد دەکات، کە خەرجییەکانی مووچەی ئەو 11 مانگ لە عێراق پێنج هێندەی کۆی گشتی بودجەی سووریا  و نیوەی بودجەی ئێران بووە بۆ 2023، کە بودجەی گشتی ئێران لەو ساڵەدا 52 ملیار دۆلار و بودجەی سووریا 5.88 ملیار دۆلار بووە.

لەماوەی ئەو 11 مانگەدا بۆ خەرجییەکانی مووچە بەهەموو جۆرەکانییەوە، ئەگەر مانگەکانی 9 و 10 و 11 بەراورد بکەین ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێت کەوا بەپلەی یەکەم خەرجی وەزارەتی ناوخۆ کە بووەتە سەروو 11 تریلیۆن، بەدوایدا وەزارەتی پەروەردە کە بووەتە 9.3 تریلیۆن دینار، واتە زیادبوونی خەرجی بۆ فەرمانبەران و دامەزراندن زیاتر لەم دوو وەزارەتەدا بووە بەشێوەیەک کەوا لە وەزارەتی بەرگری 120 ملیار و لە وەزارەتی پەروەردە 300 ملیار بووە وەکو لە گرافیکی دووەمدا هاتووە.

گرافیک 2: خەرجییەکانی عێراق بۆ وەزارەت و دامەزراوەکان لەمانگەکانی ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەمی 2023دا

سەرچاوە: وەزارەتی دارایی، 09-01-2024. بۆ دەسختنی داتای تەواوی خەرجییەکانی دیکە بە وردی بڕوانە فایلی ئیکسڵی دانراو لەکۆتایی دا.

خستنەڕووی دۆلار و بەردەوامی ناجێگری بەهاکەی لە بازاڕ

بەگشتی لەساڵی 2023دا بە بەراورد بە 2022 لە عێراق 1.46 ملیار دۆلار بە حەواڵە و کاش کەمتر خراوەتەڕوو، هەربۆیەش ساڵی رابردوو زۆرترین بەرزی و نزمی لە بازاڕەکان روویدا. بۆ نموونە لە 2023دا 46.7 ملیار دۆلار و لە 2022دا 48.2 ملیار دۆلار لە عێراق خراوەتەڕوو وەکو لە گرافیکی سێیەمدا هاتووە.

گرافیک 3: خستنەڕووی دۆلار بەکاش و حەواڵە لەنێوان 2018-2023 دا

هەروەها، لەڕووی کاش و حەواڵەوە، لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا، زۆرترین خستنەڕووی دۆلار لە 2023دا بووە کە 9.1 ملیار دۆلار بووە، لەکاتێکدا لە 2022دا 8.9 ملیار دۆلار بووە، واتە خستنەڕوو بۆ بازاڕ بە بڕی سەروو 200 ملیۆن دۆلار زیاتر بووە،  بەڵام کەمترین حەواڵەش بووە بە بەراورد بە 2022، بەشێوەیەک لەساڵی 2023دا 37.6 ملیار حەواڵەکردن بۆ دەرەوە لەلایەن بانکی ناوەندی هەبووە، بەڵام لە 2022دا 39.3 ملیار دۆلار بووە، واتە 1.7 ملیار دۆلار کەمتر حەواڵە کراوە.

گرافیک 4: خستنەڕووی دۆلار بە کاش لەماوەی 2018 -2023 لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە.

کۆتایی

لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و لەم رۆژانەدا تاڕادەیەک نرخی 1 دۆلار لەنزیک 1500 بۆ 1550 دینار بووە، ئەویش بەهۆی بڕیاری کارکردنی بە یەک دراو لەنێوخۆی وڵات و زۆر خستنەڕووی رۆژانە کە لەسەرووی 200 ملیۆن دۆلارە بە کاش و حەواڵە، بەڵام ئاسانکارییەکان بۆ مامەڵکردن بە دۆلار وایکرد کاریگەری بڕیاری بەیەک دراو مامەڵە کردن لە بازاڕ و لە مامەڵە ئابوورییەکان بەڕوونی دەرنەکەوێت.

ئێستا، دوو شتی گرنگ روودەدات، زیادبوونی خەرجییەکان و زیادبوونی پارەی چاپکراو لە عێراق، بەڵام بەهۆی مانەوەی دینار لەنیو بازاڕ و نەگەڕانەوەی بۆ سوڕی ئابووری وڵات رۆژێک ئەو تریلیۆن دینارانە چ بە کاخەز بێت یاخود بەهەر جۆرێکی دیکە ئەوا دەکەونەڕوو و رووی بەهای دیناری عێراقی دەردەکەوێت.

لەکۆتاییدا، خستنەڕووەکانی بانکی ناوەندی عێراق لە دەسەڵاتی خۆیدا نییە و راستەوخۆش کاریگەری لەسەر بەهای دینار لەبەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکان ناکات، چونکە توانای خستنەڕووی بە کاش و حەواڵەوە پەیوەستە بە دابینکردنی دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە نەوەکو فرۆشتنی نەوت و کۆکردنەوەی داهاتەکەی، هەربۆیەش گۆڕینی مامەڵە ئابوورییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانەی هاوبەشی سەرەکین لەڕووی ئابوورییەوە بە دراوی ئەو وڵاتانە وەک درهەمی ئیماراتی کاریگەرییەکی گەورەی نەبووە.

Share this Post

شرۆڤە