شرۆڤە

پاڵنەرەکانی هێرشی مووشەکی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان

17-01-2024


لە کۆتا کاژێرەکانی رۆژی ١٥-١-٢٠٢٣ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی هێرشی کردە سەر هەولێر و پاش هێرشەکە، لە سێ راگەیێندراوی دژبەیەک، بەرپرسیاریی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان و سوریای لە ئەستۆ گرت. لەم هێرشەشدا هاوشێوە و هاتەریب لەگەڵ گوتاری فەرمی کۆماری ئیسلامی، دوژمن و نەیارانی دەرەکی بەتایبەتی ئیسرائیل و پاشان گروپە تیرۆریستییەکان وەکوو داعش و تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدان، پاساوی هێرشەکان بوون بەڵام لێرەدا پێش ئەوەی بچینە ناو شرۆڤەی هۆکار و پاڵنەرە راستەقینەکانی پشت پاساوە فەرمییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، واباشترە وەڵامی ئەوە بدەینەوە کە بۆچی لە سێ راگەیێندراو دا ئەم دژبەیەکی و ناکۆکی و ناڕوونییە هەبوون؟

١- سوپای پاسداران لەم رێگەیەوە هەوڵیدا قۆناخ بە قۆناخ و بە چاودێریکردنی دۆخەکە، راگەیێندراوەکە نوێ بکاتەوە و ئەمەش یارمەتی ئێرانیدا لەوەی کە هەم هێرشەکەی بە سەرکەوتوو لەقەڵەم بدات و هەمیش کاردانەوە و وڵامدانەوەی ئەمریکای لێنەکەوێتەوە.

٢- ئەم دژبەیەکیە لە راگەیێندراوەکانی سوپای پاسداران دەریدەخات کە کۆماری ئیسلامی دڵنیا نەبووە کە کاردانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی چی دەبێت و بۆیە لەم رێگەیەوە هەوڵیداوە لەسەرەتادا کەمترین بەرپرسیاری بۆخۆی دروست بکات.

٣- ئەم ناکۆکییەی راگەیێندراوەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆماری ئیسلامی دەیویست دڵنیا بێت لە ئاست و دروستیی پێکانی ئامانجەکان و پاشان قەبارەی مادی وێرانکاری و زیانەکان و هەروەها ژمارە و جۆری قوربانییەکان، چونکە لەم رێگەیەوە دەیتوانی بەپێی دەرکەوتنی ئەو زیانانە، راگەیێندراوەکانی بگۆڕێت و هەر واشیکرد.

لێرەدا دەچینە سەر هۆکار و پاڵنەرە سەرەکییەکانی ئەم هێرشە مووشەکییەی سوپای پاسداران، بۆ ئەوەی کە زیاتر روون ببێتەوە کە ئامانجی ئێران چی بووە و وەڵامی ئەوەشمان دەسبکەوێت کە ئایا لە داهاتوو دووبارە دەبنەوە یان نا؟

سەرەتا پێویستە وەڵامی پرسیارێکی گرنگتر بدەینەو، کە ئەویش ئەوەیە بۆچی کەسی سەرمایەداری کورد دەکرێتە ئامانج؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئێران بەدوای دروستکردنی پەیوەندی ئەو هێرشانە بەئامانجە ئیسرائیلییەکانەوەیە کە وەکوو گەورەترین دوژمنی بڕوایی و ئایدیۆلۆژیایی خۆی پێناسەی دەکات. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئیسرائیلییەکان بەردەوام و بە راستەوخۆ زیانی قورسیان لە کۆماری ئیسلامی داوە،

 هەر بۆیە کەسی بزنسمان هەم باشتر دەتوانرێت ببەسترێتەوە بە ئیسرائیل و هەمیش بەهۆی دەستڕۆیشتووییە مادییەکەی کە خاوەن شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت و دوور لە گەڕەکەکانە کە چڕی دانیشتوانیان بەرزە و زیاتر ڤێلاییە، ئەوە زیانی مرۆیی کەمتری دەبێت بەبەراورد بەو هێرشەی کە ئەگەر بە مووشەکی بالێستیک بیکاتە سەر باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی نیشتەجێبوون یاخود گەڕەکێک یان شارێکی نیشتەجێبوونی ئاسایی لە هەولێر کە لەوانەیە ژمارەی قوربانیان بگاتە دەیان و سەدان کەسی کوژراو و بریندار، کە لەم حاڵەتەدا تێچووەکانی بۆ کۆماری ئیسلامی چی لەسەر ئاستی رای گشتی ناوخۆیی و دەرەکی و چی لەرووی نێودەوڵەتی وبەرپرسیاریی یاساییەوە زۆر بەرز دەبێتەوە.

بە گشتی پاڵنەرە سەرەکییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بریتین لە:

یەکەم: لەپاش هێرشەکانی ٧ی مانگ لەلایەن حەماسەوە بۆسەر ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی هەوڵیداوە کە خۆی بەراستەوخۆ تێوەنەگلێت و تەنانەت بەرپرسیاریی هێرشەکانی حەماسیش بۆ خودی ئەو گروپە بگەڕێنێتەوە. وتەکانی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی و بەرپرسانی دیپلۆماسی و سەربازی هەر بەم ئاراستەیە بوون، بەڵام کاردانەوەی توندی ئیسرائیل و پاڵپشتی ئەمریکا و درێژەکێشانی وایکردووە کەئێران هەست بەوە بکات کە جەنگەکە لەزیانی دەشکێتەوە و لەمەش گرنگتر پرۆکسییەکانی چاوەڕێی پشتیوانی راستەوخۆی ئێرانیان دەکرد لەدەرەوەی گوتاری سیاسی، هەر بۆیە ئەم هێرشە پێش هەموو شتێک وڵامێکە بۆ بەرەی موقاوەمەی لایەنگری ئێران لە ناوچەکە کە ئێران توانا و ئیرادەی کاردانەوەی سەربازی هەیە.

دووەم: ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە لەماوەی رابردوو و بەدیاریکراوی لە رۆژی 15.12.2023 لە ناوچەی راسک سەر بە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لە هێرشێکیدا کە لەلایەن رێکخراوی جەیشوعەدل ئەنجامدرا زیاتر لە ١١ سەرباز و هێزی ئەمنی ئێرانی کوژران وهەروەها رۆژی 03.01.2024 لە رێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوژرانی قاسم سولەیمانی لە کرمان، لە هێرشێکیدا کە داعش-لقی خوراسان بەرپرسیارییەکەی گرتە ئەستۆ،  زیاتر لە ٩٠ کوس کوژران. ئەم دوو هێرشە لەئاستی ناوخۆیی چاوەڕوانی تۆڵە و وەڵامدانەوەی لەلایەن هێزەکانی ئێرانی بەرزکردەوە، بەڵام ئێران نە دەیتوانی هێرش بکاتە سەر ئەفغانستان و نە پاکستان کە ئەو دوو گرووپە لەوێ جێگیرکراون، بۆیە هێرش بۆ هەرێمی کوردستان و سوریا وەڵامدانەوەی لایەنگرانی حکومەتی ئێرانە لە چوارچێوەی دژایەتی تیرۆر و ئیسرائیل (رژێمی زایۆنی بە وتەی  بەرپرسانی ئێران).

سێیەم: هێرشی ئەمریکا و بەریتانیا بۆسەر حوسییەکان و هەروەها کوژرانی رەزی موسەوی فەرماندەی سوپای قدس لە سوریا و بەئامانجگرتنی ساڵح ئەلعاروری جێگری بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس و کوژرانی فەرماندە باڵای یەکەی رەزوانی حزبوڵڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە و هەروەها کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریکا لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی بەرەی موقاوەمەی عێراقی لە بەغدا، گوشارێکی زۆری بۆ ئێران و لایەنگرانی دروست کرد و هەر بۆیە ئێران پێیوایە کە لاوازترین ئاڵقە بۆ هێرشکردن هەرێمی کوردستانە چونکە ئێران دڵنیایە کە هەم حکومەتی عێراق وەڵامێکی توندی ئەوتۆی نابێت و هەمیش لەرابردوو ئەمریکا تەنیا بە ئیدانەکردنێکی دیپلۆماسی نارەزایەتی دەڕبریوە و هیچ لێکەوتە و تێچوویەکی سیاسی و سەربازی و تەنانەت یاسایی بۆ ئێران نەبووە. بۆیە هەولێر کرایە ئامانج.

چوارەم: ئەم هێرشە پەیامێک بوو بۆ خودی ئەمریکییەکان کە ئەگەر هێرشەکانی خۆیان بۆسەر لایەنگرانی ئێران لە ناوچەکە نەوەستێنن ئەوە ئێران دەتوانێت بیانکاتە ئامانج و هەروەها ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل نەوەستێت یان ئەگەر ئیسرائیل بیر لە بەرفراوانکردنی بەرەی جەنگ بکاتەوە، ئەوە ئێران لەشوێنی دیکە وەڵامی دەبێت و گیانی سەربازی ئەمریکی و بنکەکانیان پارێزراو نابێت. جگە لەمانەش، سوپای پاسداران بەدابەشکردنی ئەرک لەنێوان خۆی و هێزە عێراقییەکان و هەروەها حوسییەکان و بەرەی موقاوەمەی عێراقی ئەو پەیامەی دایە ئەمریکییەکان کە ئەمریکا بە پشتیوانی ئیسرائیل دەزانێت و دەتوانێت لەبڕی ئیسرائیل بیکاتە ئامانج.

پێنجەم: ئێران ئەوە دەزانێت کە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا وای لە ئیدارەی بایدن کردوە کە خۆی لە دروستبوونی شەڕ دوور بگرێت، بۆیە بە دەرفەتی دەزانێت کە کۆتایی بەجەنگی حەماس و ئیسرائیل بهێنێت لە سەردەمی بایدن و پێش دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەگەری دەرچوونی ترەمپ. چونکە ئێران مەترسی لە دەرچوونی ترەمپ هەیە ئەگەر جەنگەکە درێژە بکێشێت، ئەوە ترەمپ بەرامبەر ئێران وڵامی سەربازی توند و راستەوخۆی هەبێت، بەپێچەوانەی سیاسەتی ئێستای بایدن. بۆیە دەیەوێت ئەمریکا بەهەمو شێوەیەک گوشار لە ئیسرائیل بکات و جەنگەکە کۆتایی پێبێت. لەراستیدا تاوەکو ئێستا ئێران خۆی بەبڕاوەی جەنگەکە دەزانێت، بەڵام هیج گەرەنتییەک نییە کە ئەمە بەردەوام بێت.

شەشەم: ئەم هێرشەی هەولێر پەیامێکە بۆ هەرێمی کوردستان و تەنانەت سوننەکان کە لەگەڵ هێزە شیعییەکان هاوڕا و هاوهەڵوێست بن لە دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، چونکە بەرپرسانی باڵای ئێران ئەوەیان دووپات کردۆتەوە کە گەورەترین تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی، پاشەکشەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە. هەر بۆیە ئەمە وەکو هۆشدارییەکی تووند بوو بۆ کورد کە لە بڕیاری شیعەکانی لایەنگری ئێران لە بەغدا دەرنەچێت و هاوهەڵوێست بن لەم پرسەدا.

Share this Post

شرۆڤە