شرۆڤە

نەخشەی پێشبینیكراوی هەڵبژاردنە گشتییەكەی عێراق

04-11-2020


 

RRC |

یاسین تەها|

 

بەرایی

هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێكە لە سەرەكیترین بڕگەكانی كارنامەی حكومەتی مستەفا كازمی، ئەم پرۆسەیە بەلای سەرۆك وەزیرانەوە “وادە و وێستگەی گۆڕانكاری”یە. هەروەها جێگرەوەی گۆڕەپانەكانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی بەغدا و پارێزگاكانیترە.[1] زۆر هێزی دیكەی میانڕەوی شیعە لەچەشنی رەوتەكەی عەممار حەكیم لەمەدا هاوڕان[2]. لەڕووی كرداریشەوە پاش ئەوەی شۆڕشگێڕانی تشرین قوربانی زۆریاندا و دەوروبەری 600 كەسیان لێ كوژراو[3]، حكومەتی عەبدولمەهدی ـ یان ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرد، چاوەڕوانیی ئەوەی كە  نوێنەرانی گەنجانی تووڕە و ناڕازی لە شەقامەكانەوە بۆ ناو پەرلەمان و جومگەكانی یاسادانان بچن زیاتر بوو. پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا گەنجانی ناڕازی لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراقدا وەكوو ئەكتەرێكی كاریگەر دەردەكەون یان نا؟ بێجگە لەوەش نەخشەی پێشبینیكراوی هەڵبژاردنەكە چۆن دەبێت؟

هێزی سیاسی گەنجانی ناڕازی

سەرباری ئەو گومان و تەمومژە زۆرەی لەبارەی وادەی دیاریكراوی هەڵبژاردنەوە لە 6 حوزەیرانی 2021دا هەیە كە دەكاتە دەوروبەری 8 مانگیتر[4]، لەسەر ئاستی هێزە سوننەو شیعەكان ئامادەكاریی ماراسۆنی بۆ ئەوە دەبینرێت كە بڕیارە جارێكیتر بارودۆخ لە عێراق نەخشەڕێژ بكاتەوە. بەتایبەت لە سایەی پێداگری زۆری مەرجەعی باڵای شیعە عەلی سیستانی بۆ سازكردنی هەڵبژاردن، دوور لە هەژموونی چەك و بە چاودێری وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان[5] ئەگەری هەڵبژاردن زیاتر بووە.

گرنگترین چاوەڕوانییەكان لەم هەڵبژاردنە، فۆرمی هێزی سیاسیی گەنجانی ناڕازیی نوێیەیە كە دەشێت ببێتە نوێنەر و دەمڕاستی هێزە بەشدارەكانی خۆپیشاندان، یان ركابەری هێزە كلاسیكەكان. بڕیار وەهایە ئەم نوێنەرایەتییەش زیاتر لە هەناوی ناوچە شیعەكاندا سەر دەربكات، بەو پێیەی پارێزگا و شارەكانیان، زۆرترین ناڕەزایەتی و رووبەڕووبونەوەی بەخۆیەوە دیوە. هەر لەو شارانەش بنكە و بارەگاكانی حیزبە شیعەكان سووتێنران و پەلاماردران.[6] لەبەر ئەم هۆیەش بیرۆكەی هەڵبژاردنی پێشوەختە هەمیشە هەندێ لە هێزە شیعە ناسراوەكانی لە چەشنی لیستەكەی نوری مالیكی بێزار دەكات. ئەوەتا تاوێك هۆشداری دەدەن لە ئەگەری ساختەكردنی ئەنجامەكان و تاوێكیتریش، گومان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆی دروست دەكەن[7].

بەپێی ئەو ئاماژانەی بەردەستن، نوێنەرایەتیكردنی خۆپیشاندەران ناونیشانێكی گشتگیر و گەورەیە بۆ كۆمەڵێك وردەكاریی و ئاڵۆزیی پەیوەست بە هێز و گۆڕەپانی ناڕەزایی و ئەو چالاكەنەی كە ئاراستەی جیاجیان هەیە. لەناو خۆپپیشاندەران هەیانە رادیكاڵی بیر دەكەنەوە و بانگەواز بۆ راماڵینی هەموو دەستەبژێری سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی “كۆماری 2003” دەكەن. هەشیانە قایلە بەهەڵكردن لەگەڵ ئەو “هێزە مەدەنییە گەندەڵانەی” كە لەگەڵ گەنجەكان هاوسۆزن ، یان لەماوەی ساڵی رابردوودا دژی كوشت و بڕیان وەستاونەتەوە ( وەك عەلاوی، زورفی، تاڕادەیەك حەلبوسی و زۆر پەرلەمانتار و بەرپرسی دیكەی پێشوو).

لەنێوان هەردوو بەرەكەی خۆپیشاندەران قسەوباس لەسەر هەوڵی دروستكردنی لیستێكی گشتگیر لەلایەن سەرۆك وەزیران مستەفا كازمییەوە گەرمە ، كە لەناو خۆپیشاندەران وەك پاڵپشتی ناڕەزایەتییەكان تەماشا دەكرێت. هەروەها وەك بەشێك لە بەرەی نەیاری ئێران و میلیشیاكانی تاران هەژمار دەكرێت. دروستكردنی ئەم لیستەش “حیزب” كە تا ئێستا تەنها دەنگۆیە و هەندێك دەڵێن شكستی هێناوە، كاریگەریی و لێكەوتەی زۆری لەسەر چۆنییەتی نوێنەرایەتیكردنی لایەنە پراگماتییەكانی خۆپیشاندەرانی تشرین دەبێت، بەوپێیەی هەردوولا لە رووبەری نزیك لە یەكتردا كاردەكەن و لەگەڵ رادیكاڵەكانیش بەریەك دەكەون.

دروستكردنی لیست و نوێنەرایەتی سیاسی بۆ خۆپیشاندەران یان “تشرینییەكان” گیرۆدەی كۆمەڵێك بەربەست و گرێكوێرەیە كە پێ ناچێت بەئاسانی چارەسەر بكرێن لەوانەش؛ هەبوونی كاریگەریی لەسەر گۆڕەپانەكان لەلایەن هەندێك لە سیاسییەكانەوە كە مەرج نییە بچنە ژێر ركێفی كازمی، جگە لەوەش ئاراستە و میزاجی گۆڕەپانەكان جیاوازن، دروشمی سەرەتایان راماڵینی گەندەڵی و دروستكردنەوەی نیشتمان بووە، كەچی ئێستا كەوتوون بەسەر ئاڵۆزی گەمەی لیست و وردەكارییەكانی دەنگدان و بازنەكان، ئەمە جگە لەجیاوازی تایبەتمەندیی گۆڕەپانەكانی بەغدا و بەسرە و ناسریە و شارەكانیتر كە سەرجەمیان بەسەر چەپڕەو، مەدەنی شیعە، عەلمانییەكان و لایەنگران و نزیكانی هێزە میانڕەوەكانی شیعە یان كەسایەتییە بە تەكنۆكرات ناسراوەكان دابەشبوون.

نەخشەی پێشبینیكراوی هەڵبژاردن

لە جەمسەرگیرییە شیعییەكاندا ئاراستەكان زیاتر بەسەر لایەنگرانی حەشدی شەعبی لەگەڵ قوڵایی و درێژكراوەكانیان، بەرامبەر خۆپیشاندەرانی تشرین و هێزە هاوسۆز یان نزیكەكانیان وەستاونەتەوە. هێزگەلیتر هەن لە دەرەوەی ئەم دوو رەوتەن. لە چەشنی سەدر كە لە ئێستادا لەگەڵ هەردوو بەرەكە نەیار و ناكۆكە. لەم پێگە ناوەڕاستەشدا زۆر وردە هێزی دیكەی شیعە هەن كە هێشتا خۆیان بەلایەكدا نەخستووە (فەزیلە بەنمونە)، سەرجەم ئەم هێزانەش خەریكی تاوتوێكردن و گەڵاڵەكردنی شێواز و جۆری بەشداری خۆیانن بەپێی روپێو و قەبارەی یاسای نوێی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن كە مۆركی ناوچەگەری و لۆكاڵی بوون بەسەریدا زاڵە ، بەجۆرێك لە بری 18 بازنەكەی جاران 83 بازنەی جیاجیایە لە سەرجەم شارەكانی عێراق هەیە.

لەسەر ئاستە سوننییەكە، كارەكتەر و دەموچاوە سیاسییەكان، تاڕادەیەكی زۆر هەمان ئەوانەی پێشوون كە تێكەڵەیەكن لە بزنسمان (خەمیس خەنجەر بەنمونە)، سەرۆك هۆز (سەرۆك هۆزەكانی ئەنبار)، بەرپرسانی پێشوو لە پۆستە باڵاكان (نوجێفی و ئەبومازن و سەلیم جبوری)، لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی لەم خولەی ئێستا ئەستێرەیان دەدرەوشێتەوە و كاربەدەستن (حەلبوسی دیارترینیانە). خاڵی سەرەكیی هاوبەشی ئەمانە لۆكاڵی بوونی گوتار و هەوڵدانە بۆ خۆ هەڵواسین بە پاڵپشتی دەرەكی (توركیا و ئێران و وڵاتانی كەنداو) یان هێزە ناوخۆییەكانی شیعە (فەتح و سەدر) و كورد، بەمەبەستی باشتركردنی چانسی خۆیان لە هەڵبژاردنەكان.

پێكهاتە سوننەكان شەڕی هەڵبژاردنیان بە هەوڵی لاوازكردن و لادانی محەمەد حەلبوسی دەست پێكرد بە خڕكردنەوەی 35 پەرلەمانتار لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكدا كە سەرۆكایەتییەكەی بە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی پێشووتری پەرلەمان سپێردرا ، بەڵام ئەم بەرەیە هەرزوو تەقەی تێكەوت و خەمیس خەنجەر كە نزیكایەتی زۆری لەگەڵ هێزە ئێرانییەكان هەیە پاشەكشەی لێ كرد[8]، شكستهێنانیشی بەرەكەش لە لادانی حەلبوسی بەشكستی هەوڵەكانی دۆستانی ئێران و توركیا لەقەڵەم درا[9]، گرنگیی پۆستەكەی حەلبوسیش لەوەدایە بەپێی ئەزموونی ساڵان و خولەكانی رابردوو زۆرجار باڵادەستی و نوێنەرایەتیكردنی سوننە زیاتر لای ئەو كەسە بووە كە پۆستی باڵا و سەرەكیی سوننەی لە بەغدا بەدەستە. بەڵام جگە لە كەنداو (قەتەر) هەندێكیتر لە دۆستانی لە ئێران[10]، حەلبوسی لەهەوڵدایە سەدرییەكانیش رازی بكات[11]، بەم پێیەش سرووشتی ناكۆكی و ململانێكانی هەڵبژاردنی شەقامی سوننە لە قۆناغی داهاتوودا هەروەك جاران لەنێوان رێبەرەكانی پارێزگاكانی نەینەوا، ئەنبار، دیالە، بەغدا و دەوروبەری قەتیس دەبێت و كارتێكەری دەرەكی بەتایبەت توركیا و ئێران و وڵاتانی كەنداو رۆڵی یەكلاكەرەوەیان لە ئاراستەكردنیدا دەبێت.

 

 

 ([1])  مصطفى الكاظمي (31/ 10/ 2020)، تغريدة على تويتر، https://twitter.com/MAKadhimi/status/1322481824787038208

 ([2])  عمار الحكيم (28 /10/ 2020)، منشور علی صفحته الرسمية، https://www.facebook.com/am.alhakeem/posts/3626497804081207

https://alsabaah.iq/32179/%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%A7 (متاح: 10/10/2020)

 ([3])  الحرة (25/ 10/ 2020) ذكرى “ثورة تشرين”، https://www.alhurra.com/iraq/2020/10/25/%D8%B0%D9%83%D8%B1%D9%89-

https://alsabaah.iq/32179/%D8%A7%D9%84%D9%83%D8%A7 (متاح: 10/10/2020)

 ([4])  فرهاد علاء الدین (10/ 8/ 2020)، وهم الانتخابات المبكرة في العراق، https://www.washingtoninstitute.org/ar/fikraforum/view/earl (متاح:9/10/2020)

 ([5])  موقع السیستاني، استقبال سماحة السيد (دام ظلّه) الممثلة الخاصة للأمين العام للأمم المتحدة، https://www.sistani.org/arabic/archive/26461/ (متاح:3/10/2020)

 ([6])  محمد ناجي (26 أكتوبر 2019) مخاوف من اقتتال شيعي شيعي في العراق، https://www.independentarabia.com/node/66816/%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%AE%D8%A8%D8%A7

 ([7])  ناس نیوز (28/ 10/ 2020) المالكي يشكك بمساعي استعادة هيبة الدولة ويقول: لن تجرى الانتخابات بموعدها!، https://www.nasnews.com/view.php?cat=43847

 ([8])  ناس نيوز (25/ 10/ 2020)، حزب خميس الخنجر يوجه ضربة إلى جبهة النجيفي الجديدة: البيان لا يمثلنا!، https://www.nasnews.com/view.php?cat=43624

 ([9])  العرب (25/ 10/ 2020)، الحلبوسي ينجو من إقالة خطّط لها تحالف مدعوم من إيران وتركيا، https://alarab.co.uk/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D9%84%D8%A8%D9%88%D8%B3%D9%8A-

 ([10])  مركز بيت العراق (29/ 10/ 2020)، صراع خليجي تركي على تحريك وتولي القيادة السنية السياسية بالعراق، https://iraqhouseinstitute.com/%D8%B5%D8%B1%D8%A7%D8%B9-

 ([11])  محمد الحلبوسي (1/ 11/ 2020) رئيس مجلس النواب يلتقي الهيئة السياسية للتيار الصدري، https://www.facebook.com/Mohammad.Alhalboosi/posts/3412616092191945

Share this Post

شرۆڤە