شرۆڤە

سەرایا خوراسانی و ناکۆکیە نێوخۆییەکانی حەشد

25-12-2020


 

RRC |

عەلی بەیدەر|

بەرایی

زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکان باڵی سیاسیان هەیە یاخود بڵێین باڵی لایەنە سیاسیە بڕیاربەدەستەکانی ووڵاتن، ئەم لایەنە سیاسیانە پارێزگاریان بۆ هێزە چەکدارەکانیان دەستەبەرکردووە لەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت یان لەوەی هەر لایەنێک هەوڵی لاوازکردنی رۆڵیان بدات. ئەمڕۆ قاچێکیان لە ناو سیاسەت و ئەویتریشیان لەناو چوارچێوەی گرووپە چەکدارەکاندایە بۆ ئەوەی رەگی خۆیان داکوتن جا چوارچێوەکە بەهەرلایەکدا بجوڵێت. گرووپی سەرایا خوراسانی یەکێکە لەو گرووپە چەکدارانەی کە چەتری سیاسی نیە بۆ ئەوەی بچێتە ژێری و بتوانێت بەسەر فشارەکاندا سەرکەوێت و بەشدار بێت لە دروست کردنی بڕیاری سیاسیدا، بۆیە بۆتە بازنەیەکی لاواز لە هاوکێشەی ئەمنیدا بەتایبەتی دوای پاشەکشەی پشتیوانی ئێران و کوژرانی سەرکردە و دامەزرێنەرە ئایدۆلۆژیەکەی لە سوپای پاسدارانی ئێرانی (حەمید تەقوی) لەسەرەتای ٢٠١٥دا، دوای ئەوەش گرووپەکە لەژێرناوێکی تازەدا دروست کرایەوە، دوا بەدوای سەرنجەکانی ئەمریکا لەسەر رەفتارەکانی سەرایا لە بەشداریکردنیان لە هەوڵی دەست بەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ٣١ کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوودا و وەبەهۆی بەشداریکردنیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ئێران خۆی بێبەری کرد لەوەی کە پشتگیریان بکات. ئەمە وایکرد سەرایا بخرێتە خانەی تۆمەتبارکردن و بەشێوەیەکی گەورە لاوازکرا بەجۆرێک دەستەی حەشد حامید جەزائیری سەرکردە لە سەرایا لە ئامر لیوای ١٨ی حەشد دوورخستەوە ئەمە یەکەم لێدان بوو لە سەرایا کە هەموو جۆرە پشتیوانیەکی لەدەستدا.

سەرەتای کۆتایی

لەدەستدانی دوو کەسی زۆرکاریگەر لە دامەزراوەی حەشدی شەعبی (ئەبو مەهدی موهەندیس وقاسم سولەیمانی) هەنگاوی یەکەم بوو لە پرۆسەی لەدەستدانی باڵانس کە دامەزراوەکە بەخۆیەوە دیووە و بووە هۆی دروست بوونی ناجێگیری لە رەفتاری دامەزراوەکەدا.غیابی رێکخەری ئیقاعەکە پاڵی بە زۆرێکەوە نا  تەدەخول لە کاروباری دامەزراوەکەدا بکەن کە بووە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی حەشددا کە هەندێک لە گرووپەکانی بەهێزوهەندێکی تری لاوازکرد یاخود نزیکی کردنەوە لە هەرەس وەکو ئەوەی لەگەڵ گرووپی خوراسانیدا روویدا، ئەوانەی کە باڵی سیاسیان هەیە دەتوانن خۆیان بپارێزن و لەگەڵ گۆڕانکاریەکان کەبەسەر دەستەکەدا هاتووە خۆیان بگونجێنن. ئەو هێزانەشی کە لایەنی سیاسیان نیە تا پشتگیریان بکەن وەکو ئەوەی کە گرووپەکانی سەر بەمەرجەعیەت خۆیان کەنارگیرکرد لە حەشد بۆ پارێزگاریکردن لە پێگەی خۆیان یان هەوڵ دەدەن خۆیان بە دووربگرن لە لە ناکۆکیە سیاسیەکان کە بەڕوونی لە دامەزراوی حەشددا دەرکەوتوون.

 

  کێ سوودمەندە؟

لە رواڵەتدا وادەردەکەوێت کە ئۆپەراسیۆنی داخستنی بارەگاو نووسینگەکانی گرووپی خوراسانی وهەڵمەتی گرتنی سەرکردەکانی بە سوود بۆ لایەنی ئەمنی دەگەڕێتەوە وەکو دەسپێکێک بۆ کۆتایهێنان بەو فەوزایەی کەلە شەقامی عیراقیدایە دوای چەند حاڵەتێکی هەڵگەڕانەوەی ئەم گرووپانە، دەستگیرکردنی سەرکردەو ئەندامی یەکێک لە گرووپەکان بە دڵنیاییەوە کۆتایی بە فەوزاکە ناهێنێت.ئەم پرۆسەیە ناوەستێت تا کۆتایی هەموو ئەو گرووپانەی کەلە گوێڕایەڵی هەمووان دەرچوون.، لە ئەنجامی دروست بوونی یاخیبوون و دابەشبوون لە ناو هەندێک لە گرووپەکانی حەشدی وەلائیدا رێککەوتنێکی عیراقی-ئێرانی  بۆ پاراستنی یەک بڕیاری لە ناو دەستەی حەشددا ئەنجامدرا. بەم شێوەیش سەرایا خوراسانی یەکەم قوربانی ئەم هەنگاوەیە کە هیچ یەکێک لە گرووپە دیسپلینکراوەکانی نەگرتەوە لە نێویشیاندا حەشدی عەتەبات کە پەیوەستە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان. هەڵمەتێکی وا بە پشتگیری ودەستخۆشی ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسی و دینیەکانە کە دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکان لە سەر شانۆ وا دەبینن دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی کێبڕکێیی سیاسی و ئەمنی لەگەڵ زیاتر بوونی رووبەری کاریگەری خۆیان لەسەر زەمیندا دوای تێکەڵکردنی ئەندامانی ئەم گرووپە هەڵوەشاوانە بە گرووپەکانی ترەوە.سوودمەندی گەورە لەم هەڵمەتانە کە کاریگەری دەکاتە سەر ژمارەیەک گرووپی بچووک و مامناوەند ئەوگرووپانەن کە باڵی سیاسیان هەیە و پشتگیری بوونیان دەکەن ئەمەشە وادەکات گرووپەکانی تریش لەهەمان چارەنووس بترسن کە باڵی سیاسیان نیە.هەروەها ئەمە سوود بە پشتگیریکەرانی ئەم گرووپانە لە پێش هەمووشیانەوە تاران دەکات چونکە بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ ژمارەیەکی کەمتر دەکات کە باشتر داواکارییەکانی جێبەجێدەکەن و بەکەمترین تێچوو بۆیە تاران زیاتر لەم هەنگاوە قازانج دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا رووی حکومەتی عیراقیش سپی دەکات لەبەردەم رای گشتیدا کەلە دواجاردا حکومەتی عیراقی سەرکەوتن رادەگەینێت بۆئەوەی وادەرکەوێت کە کاروباری ووڵات هەمووی لەژێر کۆنترۆڵدایە.

 ئەنجام

دەستەی حەشد لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشدەوە کە سەرکردە لە حزبوڵڵا (حسین فالح) ناسراو بە ئەبو زەینەب لامی سەرۆکایەتی دەکات هەوڵ دەدات کە لە حاڵەتی جێگیریی وباڵانسدا بێت و پەیامی راستەوخۆ بۆ هەر لایەک دەنێرێت لە نێویشیاندا فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان بۆ رێگریکردنیان لە دەستێوەردان لە کاروباریان و چارەسەرکردنی هەموو شکستەکان کە لەناو دەستەی حەشددا روودەدەن تەنها لەرێگەی ئەم بەڕێوەبەرایەتیەوە. ئەمەش وادەکات بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی حەشد باڵادەستی یەکەم و کۆتا بێت لەسەر هەموو پرۆسەکانی رێکخستنی گرووپە چەکدارەکان و وەستاندنی رەفتارە خراپەکانیان یان ئەندامەکانیان بەو شێوەیەی کە بەڕێوەبەرایەتیەکە دەیبینێت. ئاسایشی حەشد هێزی تایبەت وشارەزایی گەورەی لە بواری هەواڵگریدا هەیە کە بەکارهێنراوە بۆ بەهێزکردنی دەستەکە لە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی و دوورخستنەوەی لە لێپێچینەوەی راستەوخۆ کە دەکرێت دەزگاکانی چاودێری حکومەت بەشدار بن لە هەڵسەنگاندن و چاودێریکردنی رەفتاری ئەم گرووپانەو ئەندامەکانیان. هەموو ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی دەستەی حەشدەوە ئەنجام دەدرێن. پرۆسەی دەستگیرکردنی جەزائیری و عەلی یاسری و ژمارەیەک لە ئەندامەکانی سەرایا خوراسانی دوا ئۆپەراسیۆنی بەڕێوەبەرایەتیەکە بوو کەلەم رێگەیەوە ویستی بە بەردێک زیاد لە چۆلەکەیەک بپێكێت ئەویش رێگرتن لەهەموو ئەوانەی خوازیارن دەستوەردان لە کاروباری دەستەی حەشد بکەن و پیشاندانی هێزو توانای بەڕێوەبەرایەتیەکە بوو لە لێپێچینەوە لە هەموو ئەوانەی کە سەرپێچی فەرمانەکان دەکەن، هەروەها هەوڵیدا بۆ پاککردنەوەی دەستەکە لەهەمووئەندامە خراپ ونەویستراوەکان، دوا پەیامیش دەستگیرکردنەکانی ئەم دواییە بوون کە جێبەجێکردنی  ویستی تاران بوو چونکە ئێران نایەوێت هەندێک لە گرووپەکان وەکو گرێدراو بەناویەوە بمێننەوە لەترسی کاردانەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، دوای سووتانی کارتەکەیان لە بەرچاوی هەمووان و بووشن بە بارگرانی بەسەر دەستەکەوە کە لە دوای زیانی گەورە  لەسەر ئاستی چەکدارو و سەرکردەکانی روویدا، حەشد دەیەوێت دەسکەوتی نوێ لە شانۆی عیراقیدا بەدەست بێنێت.

Share this Post

شرۆڤە