شرۆڤە

خوێندنەوەیەك بۆ سیاسەتی سوننی نەخشەی نوێی هەڵبژاردن، هەڵوێستەکان ونیگەرانی لە بەشداریکردن

17-02-2021


 

RRC |

فەواز تەیب|

دوای بڕیاردان لە بازنەی هەڵبژاردنەکان و پێکهێنانی کوتلەو هاوپەیمانێتیەکان بەر لە هەڵبژاردن بۆ راگەیاندنی گەورەترین کوتلە بۆ پێکهێنانی حکومەت بە پێی دەستوور، سەرلێشیواییەك لەبارەی هاوپەیمانییەکان هەیە. سەپاندنی مەرج  و گۆڕینی گەرەنتییەکان دوای دووپاتکردنەوەیان و هەروەها رەتکردنەوەی پەیماننامە و رێککەوتنەکان و گۆڕینی هەڵوێستی زۆرێک لە پارتە بەشداربووەکانی حکومەت لە عێراقی نوێدا لە ئارادایە. ئەمە سێیەم جارە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن کە لەلایەن کوتلە کاریگەرەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، وادەی دیاریكراو بۆ درووستكردنی هاوپەیمانییەكانی هەڵبژاردن دوادەخات و لەوانەیە ئەمەش رادەی ئەم سەرلێ تێکچوونەمان پیشانبدات كە باڵی بەسەر رێبازی پارتەکاندا كێشاوە.

بە حوکمی ئەوەی کە سیستمی موحاسەسە هێشتا بە فشاری نێودەوڵەتی خۆی دەسەپێنێت، گروپ وپارتە سووننیەکان بۆ زیاتر لە پارتێک دابەشبوون. هەمووشیان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە بەهێزترینن. سەرۆکی ئێستای پەرلەمان محەمەد حەلبوسی بەسەر زۆرێک لە هاوپەیمانە سووننیەکانی قڵپ بوەتەوە و بە دوای دەرفەتی خۆیدا دەگەڕێت و پێویستی بە کاتە لە سیستەمی سیاسی عیراقدا. حەلبوسی پارتی پێشکەوتنی دروست کردو دەستی بە بەخشینەوەی پارە بەسەر شوێنکەوتوانی کرد . لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک ئەندام پەرلەمان لە پارتەکەی جیابوونەوە. هەرەوەها هەندێک حزب لە هاوپەیمانێتی هێزەکان کشانەوەتەوە ئەوانیش لەلایەن ئەحمەد جبوری(ئەبو مازن)، خەمیس خەنجەر (پرۆژەی عەرەبی) محەمەد تەمیم وتەڵال زوبعی و ئەوانی دیكەوە سەركردایەتی دەكرێن. حەلبووسی لە هەڵبژاردنەکاندا زیاتر پشت بە پاڵپشتی پارتە شیعیە دینیەکان دەبەستێت.بەڵام بە گشتی پێگەكەی  لەرزۆکە لە چەند ئەزموونێكدا لە ئاستی لۆكاڵی و ناوچەییدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە و وەکو کەسێکی بێئەزموون دەرکەوت. لەلایەكی دیكەوە پارتی رزگاری و گەشەپێدان بەسەرۆکایەتی ئوسامە نوجەیفی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان هەیە کە هەندێک پارت و کەسایەتی دیكە، لەژێر چەتری ئەودا كۆبوونەتەوە. ئەوانیش وەکو سەلمان جومەیلی و ئەحمەد مەساری، عەبدولکەریم عەبتان ،عەبدولکەریم سامەڕائی ، مەشعان جبووری و ئەوانی دیكەن. ئەمان موراهەنە لەسەر کات دەکەن بۆ دەرکەوتنی لاوازی ئەو پارتانەی کە لەلایەن هاوپەیمانە شیعی و کوردیەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن. پێوەستیان بە هەڵوێست و موجامەلەنەکردنی ئەوانی دیكە هەیە هەتا جارێكی دیكە متمانەی سووننەکان بە دەست بهێننەوە. بە ئاشکرا لە دژی پرۆژەی ئێران دەوەستنەوە کە پێیانوایە ناوچەکانیانی بە نادادپەروەری و پەلاماردان زەوت كردووە.

هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادیش گرووپێک لە کەسایەتیە سووننەکانی بەتایبەتی لە موسڵ، سەڵاحەدین و ئەنبار بەلای خۆیدا بردووە، بەڵام  هەرزوو، دوابەدوای کۆتایهاتنی خۆشیی سەرکەوتنی وەهمیی لەدژی داعش لە نەسر کشانەوە. خالید عوبەیدی پاشەکشەی کردوو بووە پاڵپشتیکاری (پرۆژەی حزبی رووبەرووبونەوە) بە هاوڕێیەتی محەمەد عەبد رەبە، عەبدولرەحیم شەمەری کە لەژێر چەتری (جەمال زاری) لەگەڵ مەنسور مەرعید نوێنەری عەتا/فالح فەییاز لە نێو گرووپە سووننیەکاندا پێكەوە كاردەكەن.

ناوی تازە لە نێوگرووپە سوننیەکاندا جەمال زارییە کە لە یەکێتی زانایانی موسڵمانەوە بۆ کاری سیاسی لە ناو عێراقدا دێت. وەکو رکابەری خەمیس خەنجەر دەردەكەوێت. لە رێباز و پەیام و جوڵەكانیشدا نزیکیی لەگەڵ پارتە شیعیەکاندا هەیە و لەپشت پەردەوە پشتگیریشیان دەکات. ئەو چیتر لە شوێنکەوتوانی جوڵانەوەی سیاسی ناترسێت.

دوای کشانەوەی ئەیاد عەلاوی وەکو ئۆپۆزسیۆنی کاری سیاسی، هاوڕێکانی بەسەر چەند بەرەیەکدا دابەشبوون، گرنگترینیان حامد موتڵەگ، فەلاح نەقیب، عەبدولکەریم عەبتان ومەیسون دەملوجین.  لە موسڵیشەوە فەلاح زەیدان، لەتیف ئەلوەرشان ئەلحەدیدی کە لەنێوان حەلبوسی وکەرابلە و خەنجەردا چەقیوون. ئەوانەش کە نزیکی کەرابلەن كەسانی وەکو محەمەد سەعید هەلای بەک، محەمەد ئیقبال ئەلسەیدەلی، مەحاسن حەمدون ئەلدەلین. تێبینی ئەوەش دەکەین كە کشانەوەیەك لە نێو توێژی یەکەمی سیاسییە سوونییەكانیش هەیە کە رۆڵیان کۆتایی هاتووە و زۆرجاریش دەرکەوتنێكی شەرمنانەیان هەیە. ئەوانیش كەسانی وەکو مەحمود مەشهەدانی، ساڵح موتڵەگ و سەلیم جبوورین.

پێدەچێت حزبی ئیسلامی عێراقی لەلایەنی خۆیەوە وا بڕیاری دابێت کەلەگەڵ ‌لایەنەکانی نزیک  لە ئێران هاوپەیمانی بکات. ئەمەش لەسەر ئەو بنەڕەتەی کە لەگەڵ بەرەی بەرگری ئیسلامی دژی پرۆژەی ئەمریکی یەکبگرنەوە. لایەنگرانی ئەم حزبە لەناوچەکەدا، لە ئەدەبیاتی سیاسی خۆیاندا لە رووی فیکری و رێبازەوە پاڵپشتی ئەم بۆچوونە دەکەن. ئەمان لە هاوپەیمانێی نەسر (سێبەری حزبی دەعوە) نزیكن. لە قۆناخی ئێستادا وەکو جوڵانەوەی سیاسی،ئەندامەکانیان بەسەر تەواوی لیستەکان دابەشدەکەن لەگەڵ ئەوەشدا پلانیان هەیە تا بۆهەر پارێزگایەک شێوازێكی مامەڵەی جیاوازیان بۆ هەڵبژاردن هەبێت.

کوردەکان بە دەست پێشێلکرانی رێککەوتنەکان و پەیمانشكێنییەكانەوە برینداربوون و لەلایەن هاوپەیمانەکانیان لە پارتە دینیە شیعیەکان لە تاراوگە ( حزبی دەعوە/نوری مالکی-حەیدەر عەبادی، فەتح/ هادی عامری و ئەبو مەهدی موهەندیس) زیاد لەلێدانێکی بە ئازاریان پێگەیشتووە. ئەوانیش ئەمڕۆ تووشی ئیرباک بوون لە هاوپەیمانێتیدا. لەوانەیە لەم قۆناخەدا سەدرو رەوتی حیکمە نزیکترین بن لە کورد و وەکو بژاردەیەك بن بۆ كورد ئەگەر کوردەکان وەکو پێشوو یەکگرتوو بن. بەڵام وەکو دەیبینین ناکۆکی لەنێوان یەکێتی و پارتیدا هەیە. هەڵبەت کورد خەسڵەتێکی واشیان هەیە کە رەنگە بتوانن هەموو پارتە سووننیە عەرەبیەکان کۆبکەنەوە یان زۆربەیان كۆبكەنەوە ئەگەر باش ئیدارە و هەماهەنگی بکەن لەگەڵ پێگەی سیاسی وکۆمەڵایەتیان. بێگومان ئەمەش وادەکات پێگەیان لەگەڵ بەغدا بەهێزتر بێت.

دواجاریش بەرەی موستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی ئێستایە کە وا دەکات کە کازمی بتوانێت پارت و کەسایەتی عەرەبی سووننە راکێشێت، یەکەم دەستپێشخەریش راگەیاندنی (حزبی قۆناخ) بوو لەلایەن هەندێک لە خۆپیشاندەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەرو ئەوانەی بە روانگەو پاڵپشتی تیمەکەی کازمی لێیانەوە نزیکن.هەڵبەت وێنەکە هێشتا تەڵخە بۆ ئەوان و جوڵەکانیشیان خاوەو لەگەڵ پارت وکەسایەتیەکانی وەکو جوڵانەوەیەکی سیاسی یەکانگیردا یەکناگرێتەوە. بۆیە کەسایەتیەكی عەرەبی سووننە شك نابەیت کە خاوەن قورسایی سیاسی بێت  و هاوكاریی خۆی بە شێوەیەکی روون لەگەڵ ئەو رەوتەدا راگەیاندبێت. کازمی چەندین پرسیاری لەسەر ئەدائی خۆی بەجێهێشتووە وە زۆربەی پەیمانەکانی نەبردۆتەسەر و تیمەکەیشی پرۆپاگەندەی سەرنجراکێشیان لە میدیادا بۆ دروست کردووە. کازمی زۆربەی ئەو ئامانجانەی تێپەڕاند کە لەسەری کاندید کراوبوو بەمەرجەوە، بەڕاستیش سەرکەوتوو بوو لە کوژاندنەوەی ئاگری شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەسەر سیستمی سیاسی و پارێزگاریکرد لە نفوزیان بە هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکانی دەوڵەت، وە گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە بێ ئەوەی دەست لە بکوژی خۆپیشاندەران بدەن و لێپێچینەوەیان لێبکەن!!

بەشێوەیەكی گشتی دەکرێت هەڵوێستی عەرەبی سوننە بۆ ئەم سێ میحوەرە دابەشبکرێت:

١-میحوەری نیشتیمانی لە دژی ئەکتەرە نا-دەوڵەتیەکان (میلیشیاکان)

٢- رەوتی لایەنگر لە پرۆژەی ئێرانی كە هەوڵدەدات راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بە سامانێکی گەورە بگات

٣- ئەوانەی رەنگ دەگۆڕن و سواری شەپۆلەکان دەبن.

بەرواری نوێ بۆ راگەیاندنی هاوپەیمانێتیەکان بەشێوەیەکی فەرمی ٢٧ شوباتە وەکو بەرواری کۆتایی، دیارە تا ئەو رۆژە کۆبوونەوە و گفتووگۆکان ناوەستن ئەگەر عێراقیەکان بە رووداوێک شۆک نەبن کە دووبارە  سەریان لێ بشێوێنێت  وهەموو کارتە سیاسیەکانیان بسووتێنێت. بەتایبەتی لە دۆخێكدا لە پاڵ مەلەفی ئەتۆمی ئێران پەلامار بە کاتیۆشا بۆ سەر باڵیۆێزخانەی ئەمریکا و بەئامانجگرتنی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا نەوەستێت ئەوا چارەنووسی ناوچەکە بەشێوەیەکی دیكە دیاریدەکات.

 

Share this Post

شرۆڤە