لێکۆڵینەوە

پێشمەرگە وەک پردی پەیوەندی کوردستان و دنیا

17-03-2021


پوختە

پێشمەرگە وەک هێزێک، وەک چەمکێک، وەک بەشێک لە کایەی سیاسی، وەک بەشێک لە حیزب، وەک بنەمایەک بۆ سوپایەکی نیشتمانی، هەروەها لە رۆژگاری ئەمڕۆشدا وەک پردێک لەنێوان کوردستان و دنیا، جێگەی سەرنج و مایەی تێڕامانە.

بە داخەوە ئەم بوارە، نەک هەر نەبووە بواری ئەکادیمیا، بەڵکو لای زۆر کەسیش وەها نابینرێت کە بوارێکی ئەکادیمی بێت. تووندوتیژی و هێز، راستەوخۆ پەیوەندییان بە جۆری حوکمڕانی و سیاسەت و کۆمەڵگە و بەهاکانەوە هەیە. سوپا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەزگایەك نییە كە مۆدێلەكەی سەرکەوتووبێت، تاوەکو بتوانرێت لە هەناوی کایەی دیموکراسیدا بە مۆدێلی پێکەوەگرێدانی مەدەنی – سەربازی لە قەڵەم بدرێت.

لەم نووسینە کورتەدا هەوڵدەدەم لە رێگەی وەڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی سادەوە، ئەوە بوروژێنم کە چۆن پێشمەرگەی کوردستان پێویستی بە ریفۆرم و گۆڕانکارییە لە زۆر ئاستدا، تاوەکو بتوانێت لەنێو کایەی دنیای نوێدا رۆڵی خۆی بگێڕێت.

پاشخان

پێشمەرگە کێیە؟

پێشمەرگە پێش ئەوەی ناوێک بێت بۆ کەسێک، یان هێزێک، یان گرووپێک، کەسایەتییەکە. ئەم کەسایەتییە لە هەناوی مێژوو و ئەدەب و کولتووری کوردیدا ئامادەییەکی بەرچاوی هەیە. ئەم رەهەندە کولتوورییەی پێشمەرگە، پێشمەرگەی لە هێزێکی سوپایی یان بەرگریی ئاسایی جوداکردووەتەوە. پێشمەرگە لە هەناوی دەقەکاندا بەرهەم دێتەوە. ئەم بەرهەمهێنانەوەیە وەک کەسایەتییەکە کە لە سرووشت بەهێزترە، وەک شێرکۆ بێکەس وێنای دەکات، مرۆڤێکی ئاسایی نییە. خاوەن توانایەکی جیاوازەو لە مرۆڤە ئاساییەکان جودایە. شاعیرانی کورد لە هۆنینەوەی هۆنراوە و شیعر لەبارەی پێشمەرگەوە زۆرسەخیوبوون. ئەم رەهەندە کولتوورییە زادەی سەردەمێکە کە کورد خاوەن دەزگا و ئامرازی زۆر نەبووە. لەڕێگەی ئەدەب و گۆرانی و سروودەوە ورە و وزەی بە پێشمەرگەکانی بەخشیوە. ئەم کەسایەتییە بەرهەمهێنراوە، لەنێو کایەی سیاسیدا بەکاردێت بۆ ئەوەی پێشمەرگە وەک کەسێک یان هێزێک ببینرێت کە دەبێ لە رەخنە دووربێت. ئەم دۆخە لە سەردەمی حکومەت و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و هەوڵدان بۆ بوونە خاوەن سەرباز وسوپا، وەک ئامرازێکی کۆن دەبینرێت کە رێگرە لە بینین و مامەڵەکردن لە گەڵ پێشمەرگەدا وەک سەرباز یان سوپایەکی مۆدێرن. پێشمەرگە پێویستی بە وێنا و خەیاڵ و ئەدەبیاتی نوێیە. ئەم وێنا و خەیاڵ و ئەدەبیاتە دەبێ لە هەناوی زانستی بەرفراوانی سەربازی و ئاسایش و ستراتیژی و پەیوەندی مەدەنی و سەربازییەوە سەرچاوە بگرێت.

تیۆری مەدەنی سەربازی چییە؟

بەکورتی تیۆری مەدەنی سەربازی داڕشتنی پەیوەندییەکی دیموکراتییانەیە لەنێوان سێ یەکەدا کە خەڵک، حکومەت لە گەڵ سەربازدایە. ئەم سیانەیە بە سیانەی کلاوسڤیتز ناسراوە.[1]جۆری رێکخستنی پەیوەندی نێوان ئەم سێ یەکەیە لەلایەن چەند بیرمەندێکی ئەم بوارەوە لێکۆڵینەوەی جیاوازی لەسەرکراو. سێ ناو لەم بوارەدا بە زەقی دەردەکەون ئەوانیش سامۆئێل هەنتنگتۆن، سامۆئیل فینەر لەگەڵ مۆریس جانۆویتزن. سەرباری جیاوازییان ئەم سێ كەسە لەسەر کۆمەڵێک بنەما هاودیدن. بەدیدی ئەمان، پەیوەندی نێوان مەدەنی و سەربازی، سەقامگیر و دیموکراسی دەبێت، ئەگەر سەرباز پیشەیی یان پرۆفشناڵ بێت، ئەگەر سوپا رەنگدانەوەی ئەو کۆمەڵگەیە بێت کە خزمەتی دەکات، هەروەها ئەگەر سوپا بڕوای وەهابێت کە مەدەنی باڵایی بە سەر سەربازیدا هەیە. [2]ئەم تیۆرانە بەگشتی بۆ دیموکراسییە پێگەیشتووەکانن. کرۆکی ئەم تیۆرانە ئەوەیە کە کۆمەڵگەیەکی چالاک و سەربەخۆ هەیە، حکومەت مۆدرێن و دیموکراسییە و سوپاش جیاوازە لە مەدەنی و پەیوەندییەکەی دیموکراسییانە رێکخستوە.

هەڵبەت لە کۆمەڵگەیەکەدا کە هێشتا لە پرۆسەی بنیاتناندایە، ئەم هەموو دەزگا و پەیوەندییە ئاڵۆزانە بە ئاسانی فەراهەم نابن، بەڵام ئەگەر نیەتێک هەبێ بۆ فەراهەمکردن و بەرجەستەکردنیان، ئەوا تێگەیشتن لەلایەنی نۆرماتیڤ و تیۆری گەلێک گرنگە تاوەکو رێنیشاندەربێت و رێچکەیەك بێت بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە.

هەنگاوی هەرە گرنگی بەرجەستەکردنی سوپایەکی سەردەمیانە، لە گۆڕینی تێگەیشتن بۆ سوپاوە دێت و پاشان هەوڵدان بۆ زەوینەسازکردن بۆ فەراهەمبوونی. هەنگاوی دووەم، لابردنی جۆری پەیوەندییە کۆنەکان و جێگرتنەوەی پەیوەندییە نوێیەكانە. زاڵترین جۆری پەیوەندی کۆن، پەیوەندی شەڕی ناوخۆیە. شەڕی ناوخۆ ئاستی جیاوازی هەیە. ئاستی شەڕی سەنگەر، ئاستی جەمسەرگیریی و هەروەها ئاستی شەڕی ناوخۆی نەرم. کوردستان ئێستا لە دۆخی شەڕی ناوخۆی نەرمدایە. لە دۆخێکی وەهادا ئەستەمە بتوانرێت باس لە باڵادەستی مەدەنی و جودایی مەدەنی و سەربازیی و رێکخستنی پەیوەندی نێوان هەردوولا بەپێی یاسا بکرێت.

لەبەر ئاڵۆزی دۆخی کوردی، سوپای کوردستان نەک دەبێت رەنگدانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بێت، بەڵکو دەبێت راستەوخۆ رەنگدانەوەی دۆخی جیوپۆلەتیکی ناوچەکە و جیهانیش بێت. بۆیە پێشمەرگە دەبێت ئەو هێزەبێت کە رەگی لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا هەبێت و بتوانێ سوود لە دۆخی ناوچەکە و جیهان وەربگرێت و لە هەمانکاتدا توانای خۆگونجان و هاوئاهەنگی هەبێت. کەواتە چیدی پێشمەرگە هێزێکی لۆکاڵی نییە، بەڵکو هێزێکە کە دەبێ لە ئاستێکدابێت كە سوپایەکی ئێجگار مۆدێرنی وەک ناتۆ بتوانێت هاوئاهەنگی و كاری لە گەڵدا بکات.

بۆچی ریفۆرمی پێشمەرگە گرنگە؟

سوپا بە مانایەکی دیكە یانی رێکخستن و بەڕێوەبردنی تووندوتیژی. تووندوتیژی یانی ناسیاسەت.  لێرەدا دوو رەهەند هەیە، یەکەم، تووندوتیژی تەنیا لەڕێگەی تووندوتیژییەوە رێکدەخرێت. ئەمەش هونەری هێز و سیاسەتە. دوورخستنەوەی تووندوتیژی بواری فرەیی دەڕەخسێنێت، کە کرۆکی سیاستە. هەنا ئارێنت وەک کەسێک جەخت لە سەر ئەمە دەکاتەوە.[3]

کۆمەڵگە بۆ ئەوەی بتوانێ سیاسەت بکات دەبێ تووندوتیژیی رێکبخات. رێکخستن بەمانای ئەوەی کە تووندوتیژی کۆتایی نایێت، بەڵام دەبێ بە جۆرێکی وەها رێکبخرێت کە بوار بڕەخسێنێت تاوەکو بواری مەدەنی گەشە بکات. ئەمە چۆن دەکرێت؟ یەکێک لە دەوڵەتناسانی بەنێوبانگ، ماکس ڤیبەر بیرمەندی ئەڵمانییە. ڤیبەر وەها پێناسەی دەوڵەت دەکات، کە بریتییە لە “کۆمەڵگەیەکی مرۆیی، کە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە شەرعییەتی  قۆرخکاری بەکارهێنانى هێز لە ناوچەیەکی دیاریکراودا بەدەستدەهێنێت.” [4]

بەپێی ئەم پێناسەیە، دەبێت تەنیا یەک ناوەند یان سەرچاوە مافی تووندوتیژی هەبێت. ئەو سەرچاوەیەش دەوڵەتە و لە دۆخی کوردستانیشدا حکومەتە. ئەم  بوونی مافی بەکارهێنانی تووندوتیژییە، دەبێت دوو خەسڵەتی هەبێت: یەکەم، شەرعی بێت و دووەمیش  قۆرخکراوبێت.  ئەمەش ئەوە دەگەیینێت کە دەبێ دەوڵەت تاكە لایەن بێت کە رێگەپێدراوبێت بەپێی یاسا، تووندوتیژی بەکاربێنێت. بەڵام پێش ئەوەی بگەینە دۆخی بەکارهێنان، چەند قۆناخێکی دیکەمان هەیە. قۆناخی کۆکردنەوەی هەموو هێزەکان، مۆنۆپۆلکردنیان، نەهێشتی سەرچاوەکانی تووندوتیژی لەهەناوی کۆمەڵگەدا، بەستنی بەکارهێنانی تووندوتیژی بە یاساوە. کەواتە بۆ ئەوەی بواری سیاسەتکردن هەبێ، دەبێ هێزی چەکدار تەنیا لە دەستی حکومەتدابێت و ئەو حکومەتەش بە رووخسەتی یاسا بۆی هەبێت ئەو هێزە بەکاربێنێت و ئەو هێزەش هێندە کاریگەری و سامی هەبێت کە کەسی دیكە نەتوانێت لە ناوخۆدا هێز بەرامبەری بەکاربێنێت. کاتێک ئەمانە بەرجەستە دەبن، ئەوا سیاسەت وەک بوارێکی سیڤیل لە دەربڕینی رای جیاواز و هەوڵدان بۆ گوشارکردن لە سەر دەزگاکانی حکومەت بەڕێگەی مەدەنی دێتە ئاراوە.

هەموو ئەمانە قۆناخی ئاڵۆزن، بەڵام لە هەمانکاتدا ئەوە دەردەخەن کە  کرۆکی سیاسەت و دیموکراسی و حوکمداریی سەردەمیانە و سەقامگیری و ئاسایش، هەبوونی سوپایەکی سەردەمیانەیە. بەپێچەوانەوە، نەبوونی سوپایەکی سەردەمیانە هۆکاری هەرە سەرەکیی نەبوونی هەموو ئەو تایبەتمەندیانەیە کە پێشتر ئاماژەمان پێدا.

کێشەکان چین؟

لە ستراتیژی وەزارەتی پێشمەرگەی لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٤دا هاتووە کە وەزارەتی پێشمەرگە پێویستی بە ئەم روانگەیە هەیە: وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت مۆدێرن، پیشەیی (پرۆفیشناڵ)، کاریگەر، وەڵامدەرەوە، لەگەڵ جۆرێک لە رێکخستنی ئاسانکەری هەبێت. مەبەست لە رێکخستنی ئاسانکەر ئەوەیە کە هیچ رێگرییەک نەبێت لە بەردەم بەڕێوەچونی کارەکاندا. لە هەمانکاتدا دەبێت بەرپرسیارێتییەکان دیاریکراو و روونبن. دەبێت ئەم وەزارەتە جێگەی باوەڕی خەڵک و دەزگاکانی حکومەت بێت و لەلایەن پەرلەمانەوە چاودێری بکرێت. هەروەها  چۆنیەتی کاروباری دارایی لای خەڵک شەفاف بێت. لەسەرووی هەموویەوە لە ژێر فەرماندەیی حکومەتێکی هەڵبژێردراوی دیموکراسیدا بەڕێوەبچێت. دەبێ ئەم وەزارەتە بە تەواوی هەموو بوارەکانی یەکگرتووبێ وناوەندی کرابێت. دەبێ هێزی پێشمەرگە هێزێکی بە توانا و خاوەن شکۆبێت، بەشێک بێ لە دابینکردنی سەقامگیریی هەرێمی.  بتوانێت رێزی نۆرم و بەها نیودەوڵەتییەکان بگرێت. مافەکانی مرۆڤ پەیڕەوبکات و پێشێلی نەکات. توانای ئەوەی هەبێت کە بە تەنیا هەڵبسوڕێت و هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق و هەروەها لە گەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا هەبێت. دەبێ  پێشمەرگە لە هەموو پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستان پێکهاتبێت. دەستوەرنەداتە نێو کاروباری سیاسی و لە پارتیزانیی و دەستوەردانی حیزب دووربێت.

داڕشتنی ئەم هەموو خواستانە بۆ ئەوەی ببنە دیدگای وەزارەتی پێشمەرگە، لە هەمانکاتدا مانای ئەوەیە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان پێشمەرگە هەموو ئەو کێشانەی هەیە کە یەک بە دوای یەک لەوێدا ریزکراون. ئەگەر کەمێک بە کاوەخویی لە دیدگاکە رابمێنین دەبینین چەند پۆلە کێشەیەکی هەیە: یەکەم، کێشەکانی مۆدرێن نەبوون. دووەم، کێشەکانی بەها، سێیەم، کێشەکانی پەیوەندی. چوارەم، کێشەکانی بەڕێوەبردن.

بەپێی ئەم دیدگایە، دەبێ پێشمەرگە ئەو هێزەبێت کە رەنگدانەوەی ئاڵۆزیی و فرەییەکانی کۆمەڵگەبێت. بەشێوازێکی مۆدرێن راهێنرابێت و هەڵگری سیمبوول و بەها مۆدرێنەکان بێت. دەبێت لەسیستەمی راهێناندا بەهاکانی دیموکراسی، باڵایی یاسا، مافەکانی مرۆڤ، ئازادییەکان، لەگەڵ چۆنیەتی کار و چالاکی و داڕشتنی سنووربەندی رەچاوبکرێن.

لە هەمانکاتدا دەبێ هێزێک بێت کە سنووری لۆکاڵی تێبپەڕێنێت. خاوەن پرۆسەیەک بێت کە بەردەوام ئامادەبابێ تاوەکو بەخێرایی و بە پشتیوانییەکی کەم بتوانێ لەگەڵ هاوپەیماناندا بکەوێتە پەیوەندی و رووبەڕووی کێشەکان ببێتەوە.

نهێنییەک لێرەدا ئەوەیە کە یەکەیەکی دیكە بۆ بەڕێوەچوونی ناوچەکە زیادبووە کە یەکەیەكی خوار دەوڵەتە. لە رابردوودا، زلهێزەکان لەڕێگەی سیستەمی نێودەوڵەتییەوە، وڵاتانی ناوچەکەیان لەڕێگەی میتۆدە جیاوازەکانی وەک هاوسەنگی هێز، کۆنتەینمێنت (ئیحتیوا)، ئابلۆقە، شەڕ، بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئێستا هێنانی پێشمەرگە یان کوردستان بۆ نێو ئەم هاوکێشەیە، مانای گۆڕین و فراوانبونی سیستەمی ئیدارەدانی ناوچەکەیە. کورد دەبێت نرخی ئەمە بزانێت و لێی سوودمەندبێت. ئەم کرانەوەیە بە ئاسان نەهاتووە، دەرئەنجامی قەیرانەکانی سەد ساڵی رابردوو و بە تایبەتی سی ساڵی رابردووە.

بۆچی هاوپەیمانان دەیانەوێت پێشمەرگە ریفۆرم بکات؟

دوای شەڕی داعش، پەشۆکانێک دروستبوو، لە بەرامبەر سەرجەم هێزەکان لە عێراقدا، لە نێویاندا هێزی پێشمەرگە. ئەم رووداوە پێداویستی مۆدرێنبوونی هێزی پێشمەرگەی هێنایە ئاراوە. کوردستان خۆی دەستپێشخەربوو لەم پرسەدا، بەڵام سەرباری ئەمە هۆکاری جیوپۆلەتیکی و نێودەوڵەتی دیكە وەک پاشخان و پاڵنەری ئەم پرسە هەیە. سەرەتای هاتنی جیدیی ئەمریکا بۆ کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پاش شەڕی کوێت و کۆتایی جەنگی سارد. لەم هاتنەدا ئەمریکا دوو ئامانجی تێکئاڵاوی هەبوو. یەکەم، چۆن دنیا بە ئەمریکایی بکات. دووەم، چۆن رێگری لە سەرهەڵدانی نەیار بۆ هەژموونی ئەمریکی بەسەر دنیادا بکات. پرۆسەی پشتیوانیکردنی کورد، هەر لە پشتیوانی هەڵبژاردن و دروستکردنی ناوچەی دژە فڕین و کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆ و رێککەوتنی هەردوو لایەنە سیاسییەکە، کە بە رێککەوتنی واشنتۆن ناسراوە، هەمووی دەچێتە خانەی پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت یان حکومەت و هەروەها بنیاتنانی نەتەوە. ئەمریکا لەڕێگەی ئەم دوو پرۆسەیەوە هەوڵی بە لیبراڵکردن و دیموکراتیزەكردنی دنیای دەدا. چونکە دنیایەکی لیبراڵ و دیموکراسی بۆ ئەمریکا بەسوودە.

بەشێکی ئەم بیرۆکەیە لەلایەن پۆل وڵفەویتزەوە داڕێژراوە. بەتایبەتی پڕۆژەی رێگری لە سەرهەڵدانی نەیاری دیكە، کە بە باوەڕ یان دۆکترینی وڵفەویتز دەناسرێت.[5] ئەم پرۆسەیە لە ساڵی ٢٠٠٣ گەیشتە ترۆپک، بەڵام عێراق و ئەفغانستان بۆ ئەمریکا ئەو سەرزەمینە نەبوون کە بە ئاسانی بکرێنە دیموکراسی. دەرئەنجام ماندوویەتی بوو لە هەردوو پرۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت و بنیاتنانی نەتەوە.  خوێن و سامانێکی زۆری ئەمریکی بە فیڕۆچوو. سەرەتاکانی ئەم ماندووبونە لە ئیدارەی بۆشەوە دەستی پێکرد. کاتێک بۆش هەوڵیدا رێژەی سوپاکەی لە عێراق کەم بکاتەوە وبکشێتەوە و هەموو پرۆسەکە بە عێراقی بکات. ئەم هەنگاوە جێگەی رەزامەندی سوپا نەبوو، بەڵام لایەنی مەدەنی یان سیاسی ئەمریکی گوشارکەربوو. ئەم سیناریۆیە دیسانەوە لە سەردەمی ئۆبامادا دووبارە دەبێتەوە، کاتێک ژەنەراڵێکی وەک جیم ماتییەس[6] ناڕازییە لە کشانەوەی ئەمریکی لە سەردەمی مالیکدا، بەڵام ئۆباما وەک دژە شەڕێک دەبووایە ئەو هەنگاوەی بنایە بۆ ئەوەی دووبارە هەڵبژێردرێتەوە.

ئەم هەستی دژە شەڕە رۆژ دوای رۆژ گەورەتر دەبێت، بەتایبەتی بە ئاڵۆزتربوونی سیاسەتی ناوەوەی ئەمریکا. دەتوانین بڵێین کە نزیکەی دەیەیەکە ئەمریکا دەیەوێت لە ناوچەکە بکشێتەوە، بەڵام ئەم پرسی کشانەوەیە هێندە ئاسان نییە. لە هەڤپەیڤینێکی بەنێوبانگیدا لەگەڵ جێفری گۆڵدبێرگ لە گۆڤاری (ئەتلانتیک)، ئۆباما بە وردی باسی ئەم پرسە دەکات.[7]ئێستا ئەمریکا لە دۆخێکدایە کە دەیەوێت کۆتایی بە پرسێکی ئاڵۆز بێنێت کە پێیدەڵێن، پرسی شەڕی بێكۆتایی.[8]

ئەمریکا لە پرۆسەی بنیاتنانی دەزگا و سیستەم و دەوڵەت و نەتەوەدا نەک هەر ماندووبووە، بەڵکو گەیشتووەتە ئەو ئاگاییەی کە ناتوانرێت بە ئاسانی ئەم بنەمایانە لە جێگەکانی دیکە بنیاتبنرێت. لە سەرەتای هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق ئەو تێزە بڕەوی هەبوو کە دەیگوت هەموو کۆمەڵگە و کولتوورەکان ئەگەری ئەوەیان هەیە کە ببنە دیموکراسی، بەڵام ئێستا ئەم دیدە لە ژێر گوماندایە. ئەمە بەتایبەتی لەکاتێکدا وڵاتانی وەک چین و رووسیا دیموکراسی وەک ئایدۆلۆژیا و مەترسی دەبینن نەک وەک سیستەمێکی کراوەی خەڵك دۆست.

ئەو ئاگاییە لای ئەمریکییەکان دروستبووە کە دەوڵەتانی ناوچەکە بە ئاسانی نابنە دەوڵەتی سەقامگیر و خاوەن توانای سەروەری، بۆیە دەبێ مامەڵە لەگەڵ هێزە نادەوڵەتییەکانیشدا بکرێت.

هەروەها بڕوا بەوەش دەكرێت کە ناوچەکە بە ناوچەی پڕلە کێشە دەمێنێتەوە و کێشەکانی تەنیا لەنێو پانتایی خۆیدا قەتیس نابن. بۆیە دەبێ هێزی هاوپەیمان لە سەر ئەرز هەبێ کە بتوانرێت لە ئەگەری سەرهەڵدانی قەیراندا هاوکاری لە گەڵدا بکرێت.

سوود و سنورداریی ئەم جۆرە مامەڵەیە چییە؟

ئەمریکا  دەیەوێت لەگەڵ پێشمەرگەدا پەیوەندییەکی حوکمداریی governinig  دروست بکات. پەیوەندی حوکمداریی بە مانای ئەوەی بوارەکانی راهێنان، جۆری چەک، شەڕ، دیاریکردنی دووژمن، هەروەها چۆنیەتی بەڕێوەچون و هەڵسوڕانی وەزارەتی  پێشمەرگە بەشێک دەبێت لە پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ پێشمەرگەدا. بەم پێیە پێشمەرگە سێ ناوەندی دەبێت بۆ حوکمداریی لە ئاستی جیاوازدا. ئاستی یەکەم، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاستی دووەم، هاوپەیمانان، ئاستی سێیەم وەزارەتی پێشمەرگە. ئەم جۆرە حوکمدارییەی پێشمەرگە کۆمەڵێک سوود و سنوورداریشی هەیە.یەکەم، ئەمریکا تاوەکو بۆی بکرێت دەیەوێت خۆی لە رەهەندی سیاسیی پێشمەرگە بە دوور بگرێت. ئەمە رەنگە کاری بنیاتنانی پێشمەرگە ئاسان بکات وەک پرۆسەیەکی تەکنیکی، بەڵام لەڕووی بنیاتنانی سوپاوە بە رەهەندە گشتییەکانی، پرۆسەکە لاواز دەکات. ئەوەی شارەزایان لەم بوارەدا جەختی لەسەر دەکەنەوە ئەوەیە کە پرۆسەی بنیاتنانی سوپا پرۆسەیەکی سیاسییە.

مارا کارلین لە کتێبی Building Militaries in Fragile States:Challenges for the United States زۆر بە وردی جەخت لە سەر ئەم رەهەندەی بنیاتنانی سوپا دەکاتەوە. ئەم کتێبە ئێستا یەکێک لەو  کتێبانەیە کە لەلایەن پنتاگۆنەوە دیاریکراوە کە دەبێت ژەنەراڵەکانی سوپای ئەمریکی بیخوێننەوە. مارا لەم کتێبەدا جەخت لە سەر کۆمەڵێک خاڵ دەکاتەوە. هەرە گرنگترینیان ئەوەیە کە پرۆسەی بنیاتنانی سوپا لە هەرکوێیەکی دنیابێت، پرۆسەیەکی سیاسییە، نەک تەکنیکی. دیارە مارا باس لە هەندێک رەهەندی دیكەش دەکات کە جێگەی بایەخن، چەندێک ئەمریکا پرسەکە بە جیدیی و بە قوڵی وەردەگرێت، ئایا ئەمریکا، بە هەموو دەزگا جیاوازەکانییەوە هاوڕان لەسەر چۆنیەتی بنیاتنانی ئەو سوپایە؟ ئایا پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرە ناوخۆییەکاندا چۆنە؟ هەروەها ئایا نەیاری ناوخۆیی هەیە و ئەو نەیارانە چەند کاریگەرن؟ پەیمانگەی ئاشتی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا بە هەمانشێوە جەخت لە سیاسیبوونی پرۆسەی بونیادنانی سوپا دەکاتەوە.[9]

ماندووبوونی ئەمریکا لە پرۆسەی بنیادنانی نەتەوە و دەوڵەت و لە ئەنجامدا پەنابردن بۆ دروستکردنی پارتنەری سەربازی لەسەر خاک لەپێناو کارکردن پێکەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، قۆناخێکە کورد دەبێت لە هەموو رەهەندە ناوخۆیی و نیودەوڵەتییەکانی تێبگات. لە ناوخۆیی مەبەستم ناوخۆی ئەمریکایە. لە سەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە دەکرێت بتوانرێت سوودی زیاتر لە جۆری پەیوەندییەکە ببینرێت.

سوودەکان

یەکەم: هاوپەیمانان و پێشمەرگە لەسەر ئەوە رێکدەکەون کە مەترسییەکان چین. كوردستان دەتوانێ سوودی زۆر لەم پرۆسەی مەترسی هاوبەشە ببنێت وەک بنەمایەک بۆ دابینکردنی ئاسایش و بەرگری. ئەم پێکەوەبوونە پەیامی ئەوەش دەدات بە ئەوانیتر کە نەیاری کوردستان نەیاری هاوپەیمانانە. ئەم پێکەوەبوونە ئەو پشتیوانییە دابین دەکات کە کوردستان پێویستیەتی بۆ هاسەنگی هێز بە جۆرێک كە ئەسێمێتریک بگۆڕێت بۆ سێمێتریک.

دووەم: بوونی هاوپەیمانان لە پرۆسەی حوکمداری سوپادا، پێشمەرگە دەکاتە خاوەنی چەک و تەقەمەنی و تەکنەلۆجیای نوێ. لە سەردەمێکدا کە رۆژ دوای رۆژ شەڕ زیاتر و زیاتر دەبێتە شەڕی رۆبۆتەکان، دەستگەیشتن بە تەکنەلۆجیای نوێ زۆر گرنگە بۆ هاسەنگی شەڕ.

سێیەم: وەک لە رەشنووسی ستراتیژەکەی هاوپەیماناندا دیارە، کە بنیاتنانی سوپا لە میانەی پێکەوەگرێدانی هەردوو کایەی مەدەنی و سەربازی دەبێت. ئەمەش وەها دەکات کە گوشارێک لە سەر کایەی مەدەنی دروست بێت کە زیاتر سەردەمیانەبێت. لەکایەی مەدەنی و سیاسی کوردستاندا، هەژارییەکی زۆر هەیە لە بواری زانستی سوپا و حوکمداریی سوپادا. تائێستا زیاتر دیدێکی شاعیرانە سوپا بەڕێوە دەبات، لەجیاتی زانست. نازانم چەند لەمیانەی پێگەیاندنی ئەفسەردا ئەم زانستە سەردەمیانە دەخوێندرێن؟ وەک ئاگادارم لە کۆلێجە مرۆییەکان  لە کوردستان بەهیچ شێوەیەک ئەم زانستانە ناخوێندرێن.

سنووردارییەکان

وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا پرۆژەی جەختکردنەوە لە بنیاتنانی پێشمەرگە و کردنی بە پارتنەر، دەرئەنجامی راستەوخۆی سیاسەتی ناوەوە و هەروەها نێودەوڵەتی ئەمریکایە. ئەمریکا لەمیانەی هەوڵدانی بۆ بە دیموکراسییکردنی عێراق و ئەفغانستان، بواری بۆ وڵاتێکی وەک چین رەخساند تاوەکو بە شێوازێکی خێرا و سەرسوڕهێنەر گەشە بکات. شەڕی دژ بە تیرۆر سوودی زۆری بە گەشەی چین گەیاند. لە ئەنجامی ئەمەدا ئەمریکا دەبێت فۆکەسی خۆی لە سەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەمبکاتەوە و کێبڕکێ یان ململانێی چین بکات. ئەم وەرچەرخانە پاڵنەری دیکەی زۆرە، بەڵام دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە ئەمریکا وەک جاران چیدی بایەخ بە دیموکراسی و بە دیموکراسیکردن و بنیاتنانی دەزگا و کۆمەڵگە و سیاسەت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نادات. لەکاتێکدا بنیاتنانی سوپا پرۆسەیەکی سیاسی بێت و سوپا دەبێت رەنگدانەوەی کۆمەڵگە بێت، ئەوا ئەگەر دەخوازرێت پێشمەرگە بە شێوازی مۆدرێن رێکبخرێت، دەبێت سیاسەتیش بەشێوازی مۆدرێن رێکبخرێت. ئەم کشانەوە لەلایەنی سیاسی پرۆژەکە، لە ئاستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پاشان بنیاتنانی سوپا بۆ درێژخایەن زیانبەخش دەبێت. ئایا دەستەبژێری سیاسی کوردی دەتوانن قەرەبووی ئەمە بکەنەوە؟ ئایا دەتوانن بەو پشتیوانییەی کە ئەمریکا و هاوپەیمانان دابینیدەکەن زۆر زیاتر لەوە بکەن کە هاوپەیمانان ئامانجیانە؟ ئەمە لە سەر خەسڵەتی سیاسەتی ناوخۆی کوردستان و ئەولەویەتی دەستەبژێری سیاسی وەستاوە.

ئەوەی ئەندرۆ کۆتی و من لە توێژینەوەکەماندا جەختمان لێکردووەتەوە کە شەڕی ناوخۆی نەرمی کوردستان رێگرە لە سەرهەڵدانی سوپایەکی مۆدرێن لە کوردستاندا.[10]

دووەم: سنوورداریی لە ئاڵۆزیی پەیوەندی کوردی- ئەمریکییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمریکا لەکاتێکدا لە لایەنی تەکنیکی سەربازییەوە سەرقاڵە، لەلایەن دیپلۆماسی و سیاسییەوە خۆی بە دوور دەگرێت یان کەمتر چالاکە. لەبەر بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکە و بەرژەوەندی ئەمریکا لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا، خواستی ریفۆرمی سیاسی  بچووکترە و دەستەبژێری سیاسی کوردی بە باشی لە پەیامەکە ناگەن. خراپ تێگەیشتن لە پەیام بەشێکە لە جۆری پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هێز و وڵاتانی ناوچەکە.

دەرئەنجام

سوپا یان لە کەیسی کوردستاندا پێشمەرگە یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی بنیاتنانی حکومەت و دەوڵەت و کایەی مەدەنی، بەڵام لە کەیسی کوردستاندا لە دۆخی ئەمڕۆدا هەبوونی سوپایەکی کاریگەر و مۆدرێن نەک هەر ئەو کاریگەرییانەی هەیە کە ئاماژەمان پێدا بەڵکو لەوە زیاتریش دەبێتە پردی پێکەوەگرێدانی کوردستان و دنیای رۆژئاوا. ئەم پەیوەندییە لە زۆر ئاستدا گرنگە و دەتوانرێت زیاتر سوودی لێببینرێت ئەگەر بە باشی لەلایەنە سوودبەخشەکان و لایەنە سنووردارەکانی تێبگەین. بەهۆی دۆخی ناوەوەی ئەمریکا و کاریگەری لە سەر دۆخی نێودەوڵەتی ئەمریکا و هەڵکشانی نەیاری وەک چین و بە ناسەقامگیر مانەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و خواستی ئەمریکا بۆ خۆ بە دوورگرتن، کورد بووە یەکێک لەو لایەنانەی کە دەتوانێ وەک پارتنەرێک لە گەڵ هاوپەیماناندا مامەڵە بکات.

ئەم دۆخە ئاوارتەیە و بۆ هەمیشەیی نییە، بۆیە ئەگەر کورد هەوڵنەدات سوودی زۆری لێببینێت و پتەو فراوانی بکات، ئەوا رەنگە گۆڕانی دۆخی ناوەوەی ئەمریکا زیاتر ئەمریکا لە ناوچەکە بکشێنێتەوە و پشت لە هەموو پرسەکە بکات. لەم دیدگایەوە پێشمەرگە دەبێ وەها ببینرێت کە چۆن بکرێتە پرسی بەدەستهێنانی پشتیوانی رۆژئاوا.

رۆژئاوا  لەبارەی سوپاوە، بەگشتی، لە سەر دوو چەمک کاردەکات، چەمکی یەکەم دیموکراسییە، کە زیاتر بەلای ئەوروپاییەکانەوە گرنگە. دیموکراسی لێرەدا واتە بوونی سیستەمی دیموکراسی لە بواری پەیوەندی مەدەنی و سەربازیدا. democratic civil-military relationship بەڵام ئەوەی بەلای ئەمریکاوە زیاتر جێگەی بایەخە، پرسی کاریگەربوونە effective  . بۆیە لای کورد پرسەکە دەبێ ئەوەبێت ئایا چۆن بتوانێت هەردوو دیموکراسی و کاریگەربوون پێکەوە گرێبدات، تاوەکو بە ئاسانی پشتیوانی هەردوولا بە دەستبێنێت. لەم رووەوە کوردستان پێویستی بە وەرچەرخانێکی گەورەیە. دەکرێت ئەم پڕۆژەیە هەنگاو بە هەنگاو بەڕێوەبچێت.

[1] -بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە:

Villacres, Edward & Bassford, Christopher. (1995), Reclaiming the Clausewitzian Trinity. parameters 12.

[2] – Samuel Finer, The Man on Horseback: The Role of the Military in Politics (London: Pall Mall Press, 1962), 23–60 .

[3] – Helgard Mahrdt  Hannah Arendt and the Notion of Plurality، https://filosofisksupplement.no/forfatter/helgard-mahrdt/

[4] – Anter، Andreas 2014 Max Weber’s Theory of the Modern State Origins, structure and Significance, palgrave.

[5]– دەتوانرێت دۆکترینەکە لەم بەستەرەدا بخوێنرێتەوە:

https://www.archives.gov/files/declassification/iscap/pdf/2008-003-docs1-12.pdf

[6] – James Mattis 2019 Call Sign Chaos: Learning to Lead, Random House.

[7] -https://www.theatlantic.com/magazine/archive/2016/04/the-obama-doctrine/471525/

[8] -https://www.nytimes.com/2020/02/02/us/politics/trump-forever-war.html

[9] – Nathaniel Allen; Rachel 2019 Kleinfeld Why Security Sector Governance Matters in Fragile States، https://www.usip.org/publications/2019/06/why-security-sector-governance-matters-fragile-states.

[10] – Sardar aziz & Andrew Cottey, 2021 The Iraqi Kurdish Peshmerga: military reform and nation-building in a divided polity, Defence Studies.

Share this Post

لێکۆڵینەوە