شرۆڤە

هەرێمی كوردستان و"وازهێنانەكەی" ئەرشەد ساڵحی لە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی

08-04-2021


 

RRC|

زریان رۆژهەڵاتی|

“وازهێنان” یان “لادان”ی ئەرشەد ساڵحی لە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی، چەندەی رووداوێكی گرنگی نێوخۆیی بێت بۆ توركمانەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەندەش دەتوانێت رەهەندێكی دەرەكیی بێت وجێی بایەخ بێت. حاڵی حازر توركمانەكان، بەهۆی دابەشبوونە مەزهەبییەكەیان بەسەر شیعە و سوننەدا، لەنێوان بەرداشی دوو گەمەی سیاسی توركی و ئێرانیدان. بەشێكیان روولە ئەنكەرە و بەشێكی دیكەشیان روویان لە هێزەكانی نزیك لە ئێران، وەك گرووپەكانی حەشد بە تایبەتی رێكخراوی بەدرە. بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئەوان لە دۆسییەی خاك دا لە عیراق بۆ كورد بایەخیكی زۆریان هەیە. بۆ نموونە، هەرچەندە بەرەی توركمانی لە ئاستی عێراقدا هێزێكی یاریگۆڕ نییە بەڵام، لە دۆسییەی كەركووكدا ئەكتەرێكی كلیلییە وهەڵوێستەكەی چۆن بێت، دەتوانێت كاریگەری لەسەر دۆخی ئەوێ دابنێت. ئا لێرەوەیە كە گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی توركمانی بۆ هەرێمی كوردستان بایەخدار دەبێت.

ئینجا لەو رووداوەی “ساڵحی”دا پرسیارەكە ئەوەیە كە گەلۆ “وازهێنان”ی سەركردەیەكی “پان توركیست” كە لە 2010وە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی كردووە و هاتنی حەسەن توران كە باكگراوندێكی ئیسلامی- نەتەوەگەرای هەیە دەتوانێت چ واتایەكی هەبێت؟  پاڵنەرەكانی ئەو گۆڕانە چی بوون؟ لەوەش گرنگتر، ئایا ئەمە دەتوانێت رێگا بۆ رێبازێكی سیاسیی نوێی بەرەی توركمانی لە دۆسییەی كەركووك بكاتەوە؟

“وازهێنان” یان “لادان”

لە رۆژانی كۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵدا ئەرشەد ساڵحی وازی لە سەرۆكایەتی بەرەی توركمانی هێنا و حەسەن توران شوێنی گرتەوە كە لە 2018وە جێگریەتی. ساڵحی لە یەكەم كاردانەوەی شەخسی خۆیدا دوای ئەو رووداوە، رایگەیاندووە كە بە راوێژ لەگەڵ هەندێك لە سەركردەكانی دیكە بڕیاری وازهێنانی داوە. بەڵام ئەوەشی گوتووە كە ئەو “بڕیارە بۆمن هیچ ئاسان نەبوو. ئێستاش نامەوێ لەسەر وردەكارییەكانی قسە بكەم.” دواتریش گوتەی نووسەرێكی توركی هێناوەتەوە كە دەڵیت:” هەندێكجار وشەكان ناتوانن هەموو شت بگەیەنن.”[1]پێشتریش لە لاپەڕەی خۆی لە تویتەر گوتبووی كە “هەندێك پارتی توركمانی” بوونەتە “داردەستی دەرەكی” و دەیانەوێ بەرەی توركمانی دابەشبكەن. بەمەس ئاماژەی بە دوو فاكتەری ناوخۆیی و دەرەكی لە وازهێنانەكەیدا كردووە. ئەم قسانەی ساڵحی ئەو گومانانەی درووستكردووە كە ئەو بە نابەدڵی وازیهێناوە و بە واتایەكی دی لابراوە. هەڵبەت بەیاننامەیەكی بەرەی توركمانی لەوبارەیەوە، ئاماژەی هەبوونی جۆرێك لە سازشی لە نیوان ساڵحی و ئەو لایەن یان لایەنانەی تێدایە كە ویستوویانە لەسەركار لابچێت. بەپێی بەیاننامەكە، ساڵحی لەمەودوا “خۆی بۆ كاری سیاسی تەرخاندەكات و لە پێش و پاش هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، بەناوی پێكهاتەی توركمانییەوە، بۆ وەرگرتنی مافەكانیان دانووستاندن دەكات.”[2]ئەمەش لەوانەیە واتای ئەوە بدات كە چانسی ئەوەی دەبێت لانیكەم بۆ خولێكی دیكە پەرلەمانتار بێت، یان خۆی یان كەسێكی نزیك لە خۆی، پۆستێك لە حكومەتی داهاتوو وەربگرێت. هەڵبەت دوای ئەو بەیاننامەیە، ساڵحی گوتوویەتی كە ئەو ئیدی لەمەودوا، تاك و پەرلەمانتارێكی توركمانییە! بەمەش، ئەو دیمەنەی لێڵتركردووە كە لە داهاتووی بەرەی توركمانیدا چ رۆڵێكی دەبێت.

ئەنكەرە لایداوە؟

كاتی “وازهێنانەكەی ساڵحی” ئەویش چەند رۆژ دوای ئەوەی كە لە 24ی ئادار بۆ بەشداری لە ساڵیادی سەركردەیەكی نەتەوەگەرای توركیا( موحسین یازیجی ئوغڵو) سەردانی ئەنكەرەی كردبوو، ئەو گومانەی بەهێزكردووە كە حكومەتی توركیا داوای وازهێنانی لێكردبێت. رۆژی 27/3/2021، سەركردەیەكی “ئیی پارتی- یەكێك لە پارتە نەتەگەراكانی توركیا كە نەیاری حكومەتی ئێستایە.” بەناوی وەدات یەنەرەر، باسی لەوە كردبوو كە ئەنكەرە بەتەمایە ساڵحی لەسەركار لابدات.[3] رۆژی دواتریش ساڵحی وازیهێنا. جێی ئاماژەیە كە لە سەردانەیدا بۆ ئەنكەرە، ئەرشەد ساڵحی كۆبوونەوەی لەگەڵ مەنسوور یاواش سەرۆكی شارەوانیی ئەنكەرەش كردبوو كە لەدوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیدا توانیبووی لەسەر لیستی جەهەپە- پارتی گەلی كۆماری، لە كاندیدەكەی ئاكپارتی بباتەوە كە مەهەپەش پشگیریی لێدەكرد. هەرچەندە دیداری ساڵحی لەگەڵ مەنسوور یاواش كە بۆخۆی كەسێكی نەتەوەگەرایە و پێشتریش ئەندامی مەهەپە بووە، لەوانەیە بابەتێكی ئاسایی بێت، بەڵام ئەمە لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی هەواڵەكانی وازهێنانیدا، وەك كاردانەوەیەكی سیاسی تەماشا كرا.

بابەتی وازهێنانی ئەرشەد ساڵحی چەندە رووداوێكی محەلی بێت، لە توركیا وەك مژارێكی سیاسەتی نێوخۆی لێهات وزۆرێك لە نەتەوەگەراكانی توركیا رەخنەیان لە حكومەت گرت كە گوایە پاڵی بە ساڵحی وە ناوە تا وازبێنێت. دەوڵەت باخچەڵیش وەك گەورەترین پاڵپشتیكاری حكومەتی ئەنكەرە، لە بەیاننامەیەكدا تەنیا سوپاسی ساڵحیی كردووە بۆ كارەكانی رابردووی و شتیكی ئەوتۆی لەسەر وازهێنانەكەی باس نەكردووە! پێشتریش چەندینجار باسی ئەوە كرابوو كە حكومەتی ئاكپارتی لە سەردەمی سەرۆكایەتی ئەحمەد داودئوغڵودا ویستوویەتی ئەرشەد ساڵحی لابەرێت بەڵام سەرینەگرتووە. هەڵبەت راستیی ئەو هەواڵە تا ئێستاش پشتڕاست نەكراوەتەوە بەڵام، هەندیك لەسەرچاوەكانی نزیك لە بەرەی توركمانی دەڵێن لادراوە. ئەگەر وابێت، بەگشتی دەتوانین بێژین لەوانەیە، بابەتی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، نزیكبوونەوەی ئەرشەد ساڵحی لە ئێران و گرووپەكانی حەشدی شەعبی و ناكۆكییە ناوخۆییەكان گرنگترین هۆكارەكانی “لادان”ی ساڵحی بووبن.

ئەرشەد ساڵحی بە ئەندازیاری نزیككردنەوەی توركمانی شیعی و توركمانی سوونی زانراوە و لە دوای 2017وە لانیكەم سەرۆكایەتی دیداری دوو وەفدی تێكەڵاوی توركمانە شیعە و سووننەكانی بۆ توركیا كردووە. جاری یەكەم لەدوای گشتپرسی لە 2017، ئەو هۆكارێك بوو بۆ پەیوەندی توركیا لەگەل توركمانە شیعەكان و تەنانەت هەندێك لە فەرماندە توركمانەكانی حەشدی شەعبی، وەكوو پڵماز نەجاریشی بردە توركیا.[4] جارێكی دیكەش لەدوای هەڵبژاردنی 2018، هەموو پەرلەمانتارە توركمانەكانی عێراقی بردە توركیا و لەگەڵ بەرپرسانی ئەنكەرە كۆبوونەوە. ئەمەش ئەو وەختانە بوو كە فاتح یڵدز باڵیۆزی ئەوكاتەی توركیا لە بەغدا وێنەیەكی بڵاوكردبووەوە كە ئاڵای حەشدی شەعبیی بە دەستەوە گرتبوو: نیشایەكی سەردەمێك كەوا توركیا و ئێران سەبارەت بە پرسی كورد، سەبارەت بە سووریا و رووداوەكانی دیكە ناوچەكە روویان لە هاوكارییەكی زیاتری یەك كردبوو! ئەگەر ئەم دیمەنەشمان لە پێشچاوبێت، ئەوسا وازهێنانی ئەرشەد ساڵحی وەك كەسێكی دیار لە نزیككردنەوەی توركیا و توركمانە شیعەكان، ئەویش لە سەردەمێكدا كە خەریكە جارێكی دیكە درزی ناكۆكییەكانی توركیا و ئێران لە عێراق و باقی شوێنەكانی دیكە گەورەتر دەبێت، ئەو گومانە بەهێزتر دەكات كە لەوانەیە “وازهێنانەكە” تەنیا رووداوێكی ناوخۆیی نەبێت.

لەلایەكی دیكەوە، یاسای نوێی هەڵبژاردن ئەو نیگەرانییەی بۆ بەرەی توركمانی درووستكردووە كە نەكا نەتوانێت ئەو 3 كورسییانەی جارانی خۆی بە دەستبهێنێتەوە. لەبەر ئەوەش، درووستكردنی هاوئاهەنگییەكی زیاتر لە بەینی حزب و گرووپە جیاوازە توركمانییەكان وەك پێویستییەك بۆ ئەوان دەركەوێت.  بەپێی هەندێك لە زانیارییەكان، بەشێك لەو حیزب و گرووپانەش وەك توركمان ئیلی- ریاز ساری كەهیە و وەقفی توركمانی- توران كەتانە، لە سیاسەتەكانی ساڵحی ناڕازی بوون.

ئەنجام

“وازهێنانی” ئەرشەد ساڵحی تەنیا رووداوێكی محەلی و ناوخۆیی و توركمانی نییە. ئەمە دەتوانێت رەهەندێكی سیاسی دەرەكیشی هەبێت. لەوانەیە توركیا جارێكی دیكە بە تەمای گلێركردنەوەی توركمانەكانی نزیك لە خۆی و دیاریكردنی سنوورەكانی بێت لەگەڵ ئێران لە نێو توركمانەكاندا. لەوانەیە گۆڕینی سەركردەیەكی ناسیۆنالیست بۆ سەركردەیەكی ئیسلامی – نەتەوەگەرا، هۆكارێك بێت بۆ كردنەوەی دەرگای سەردەمێكی نوێ لە سیاسەتی بەرەی توركمانی بە تایبەتی لە كەركووك.

ئەم وازهێنانە چەندەی بابەتیك بێت بۆ یەكخستنەوەی توركمانەكان لە كەركووك، دەشێ ئەوەندەش دەرفەتی نزیكبوونەوەیەكی گریمانەیی كورد و توركمانیش بڕەخسێنیت. خاڵێكی جێگای سەرنج ئەوەیە كە ئەم “وازهێنانەی ساڵحی” 14رۆژ دوای ئەوە هات كە بەرەی توركمانی، دوای 18ساڵ، لە ناوەڕاستەكانی مانگی رابردوودا ئۆفیسی خۆی لە هەولێر كردبووەوە.[5] لەم قۆناخەی ئێستاشدا هەرێمی كوردستان زیاتر لەجاران بایەخی بە پرسی توركمان و داواكارییەكانیان داوە.

یەكێك لە گرنگترین تایبەتمەندییەكانی سیاسەتی بەرەی توركمانی لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەرشەد ساڵحیدا، زیادبوونی ناكۆكیی لەگەڵ كورد و نزیكبوونەوەی زیاتر لە گرووپەكانی توركمانە شیعییەكان بوو. ئەوخاوەنی هەڵوێستێكی توندی نەتەوەگەرایی توركمانییە. بە نموونە یەكێك لەوانەیە كە لە شەڕی ئەمدواییەی ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا، داوای خۆبەخشیی بۆ ئازەربایجان كردبوو. ئەو هاوشێوەی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەگەرای توركی( مەهەپە) دەستی بە نیشانەی “گۆرگ”بەرزدەكاتەوە كە سیمبولی هاوبەشی نەتەوەگەراكانە. حەسەن تورانیش كە شوێنی ئەوی گرتۆتەوە، پاشخانێكی ئیسلامی نەتەوەگەرای هەیە. یەكێك لەو رووخسارانەشە كە لەسەردەمی ئارامیی رێژەیی پەیوەندییەكانی كورد و توركمان لە نیوەی یەكەمی2000كاندا زیاتر دەردەكەوت. ئەوكاتەی كە ئەو پەیوەندییانەش لە دوای 2010وە بەرەبەرە گرژتر بوون، رۆڵی كەسانی وەك ئەرشەد ساڵحی زۆر زیاتر بوون. هەڵبەت حەسەن توران لە 2018وە جێگری ساڵحی بووە و چاوەڕوانناكرێت گۆڕانێكی خێرایی ریشەی بكات بەڵام، پاڵنەرەكانی گۆڕانی سیاسەتی بەرەی توركمانی زیاتربوون. هەڵبژاردن وادەكات كە بەرەی توركمانی ناچاربێت گوێ لە دەنگە جیاوازەكانی لایەنە توركمانییەكانی دیكەش بگرێت كە بەشێكیان وەك توركمان ئیلی- ریاز ساری كەهیە زۆر پراگماتیكانەتر تەماشای پەیوەندییەكانی كورد و توركمان دەكەن. گۆڕانی ئەرشەد ساڵحی، دەتوانێت زەمینەیەك بۆ هەرێمی كوردستان درووستبكات تا بە سیاسەتەكانی خۆی سەبارەت بە كەركووك و دۆسییەی پەیوەندییەكان لەگەڵ توركماندا بچێتەوە. راست و ناڕاستەكانی رابردووی ئەو سیاسەتە هەرچۆنێك بن، باشتروایە ئەوە لە پێشچاو بگیرێت كە توركمانەكان لە پارێزگای دیالەوە هەتا موسڵ سنوورێكی ئەتنیكی جیاوازیان لەنێوان  كورد وعەرەب درووستكردووە و حاشا لە كاریگەریی پێگەی ئەوان، لەسەر دۆسییەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ناكرێت.

[1]-https://qha.com.tr/haberler/guncel/turkmen-lider-salihi-den-istifasinin-ardindan-ilk-aciklama-mucadeleye-hep-birlikte-devam-edecegiz/312635/

[2] -https://www.rudaw.net/turkish/middleeast/iraq/28032021

[3] -https://serbestiyet.com/featured/analiz-ankara-irak-turkmen-cephesinin-milliyetci-liderini-neden-istifa-ettirdi-55487/

[4] -http://old.qha.com.ua/tr/turk-dunyasi/cumhurbaskani-erdogan-turkmen-heyeti-ile-gorustu/161187/

[5] -https://www.rudaw.net/turkish/kurdistan/140320213

Share this Post

شرۆڤە