شرۆڤە

پێکدادانەکانی قامیشلۆ

22-04-2021


 

RRC |

شڤان ئیبراهیم|

جارێکی دیكە شاری قامیشلۆ لە ٢٠/٢١- نیسان ٢٠٢١ رووداوی پێكدادانی لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی لە ناوچەو خاڵێکدا بەخۆوە بینی کە بەدەماری سەرەکی تێکەڵبوونی رۆژانەی خەڵکی شارەکە لەلایەک و، لەلایەکی دیكەیشەوە دانیشتوانی گەڕەکی تەی و گووندە عەرەبیەکانی لایەنگری حکومەتی سوریا لەگەڵ تەواوی شاری قامیشلۆ دادەنرێت. ئەم پێکدادانانە لەو خاڵەدا روویانداوە کە تەماسی راستەوخۆو جیاکەرەوەیە لەنێوان بازگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و باڵە سەربازی و جیاوازەکانی سەر بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەتی سووریا، کە تەنها نزیکەی ٥٠٠ مەتر لەنێوانیاندا هەیە. نفوزی نێوان ئیدارەی خۆسەرو حکومەتی سووریا بە شێوەی رانەگەیەنراو دابەشکراوە بەڵام هەمیشە رووبەڕووی پێشێلکاری بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەی كە لەدوای هەموو پێکدادان یان ناکۆکیی سەربازی کە چەکی قورس وسووکی تێدا بەکاردێت ، ئاگربەست دروست دەبێت بەڵام، نەبوونی ئاگربەستی بەردەوام باڵی بەسەردیمەنی ئەمنی و سەربازی ناوچەکەدا کێشاوە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە رێککەوتنی رووسی لەگەڵ قەسەدە هەیە و، شەراکەتی ئەمدواییەش لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی داعش لە ئارادایە، بەڵام هیچ کام لەم ئەکتەرە سەرەکیانە لە رووداوەکەی سوریادا خواستیان بۆ کۆتایهێنان بە هێزەکانی بەرگری نیشتیمانی پیشاننەداوە و، هیچ هەڵوێستێکی ئەمریکی روون لە دژی هەبوونی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە ناوچەکەدا نیە. لەگەڵ دووبارەبوونەوەی سیناریۆکانی پێکدادان و تەقەکردن لە خاڵە دیاریکراوەکان، بەبەردەوامی خاڵی جیاکەرەوە لە نێوان هەردوولا لە شارەکەدا دروست دەبێت. بۆ نموونە بازگە بڵاوەپێکراوەکانی لە ناوچەی باشووری شارەکە، ناوچەی حەلکو، فلکەی وەحدە هەن. ئەم رێگرە نێوخۆیی و دەرەکییانە وادەکەن کە قەسەدە نەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر ئەم گەڕەکەدا هەبێت.

رێگرە نێوخۆییەکان لەبەردەم گۆڕینی رێساکانی باڵادەستی

فلکەی وەحدە بەرەو گەڕەکی تەی شادەماری ژیانی گەڕەکەکە و ناوچە گووندنشینەکانی باشووری شارەکە پێکدێنێت کە هێڵی گواستنەوەی هەموو دانیشتووانی گووندە عەرەبیەکانی لایەنگری حکومەتی سووریایە. پرۆسەی بازرگانیکردن، هەروەها بژێوی خێزانە عەرەبەکان كە بۆ بەشێک لە داهاتی ئابووریان پشت بە فرۆشتنی ماست وشیروهێلکە و هەندێک گۆشت دەبەستن لێرەوەیە. هەروەها هێڵی گواستنەوەی ماددە خۆراکی و موشتەقاتی نەوتیە بۆ ناو ئەو گەڕەکەكە و خاڵی دەرچوون وهاتنە ناوەوەی کارمەندانی حکومەتی سووریە لە کارمەندی مەدەنی، سەربازی و بەرپرسەکانیان. لە بەرامبەریشدا دەرگای هاتوچۆنی کارمەندانی ئیدارەی خۆسەرە لە هێزە سەربازی و کارمەندی دامەزراوەکانیان، کە لەو گەڕەکەدا نیشتەجێن. بەو مانایەی هەر گرفتێک لە پێکهاتەی باڵانسی هێز هەبێت دەبێتە ئازار بۆ ئەوەی کە هۆکاری دروست بوونیەتی. ئەو گەڕەکە بە یەکێک لە چوارگۆشە ئەمنیەکانی حکومەتی سووریا دادەنرێت و، زۆرینەی دانیشتووانەکەی لایەنگری حکومەتی سووریا و هێزەکانێتی. چەکی سووک و مامناوەند لەلای زۆرێک لە دانیشتوانەکەی بڵاوبووتەوە كە گەڕەک وخێزانی کوردیشی تێدایە. ئەم گەڕەکە لە کۆتاییەکەیدا دەکەوێتە تەماسی راستەوخۆ لەگەڵ فەوجی سەربازی کە هەڕەشەو تەحەدییەكەی بۆ هێزەکانی قەسەدە دیارە. هەروەها گەڕەکەکە لەسەر هێڵی تەماس و خاڵی گەیشتنە بە دەروازەی باشووری شارەکەیە، تا ئێستاش بە دەروازی سەرەکی و فەرمی دادەنرێت. ئەمە جگە لەوەی کە دەروازەیە بۆ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامیشلۆ. ئەو ناوچە ئاوەدانەی دەکەوێتە نێوان ”فلکەی زوری” و فرۆکەخانە لە ناوچە پارێزراوەکانە بە شێوەیەکی تووند لەلایەن هێزەکانی سووریا ورووسیاوە پارێزراوە. لەبەرامبەریشدا شاری قامیشلۆ زیاتر لەجارێک کێشەی تەقینەوەی لەلایەن ”کەسانێک” کەلەو گەڕەکەدا نیشتەجێن تووشبووە كە توانیویانە دزەبکەنە ناو شارەوە.

قەدەخەی نێودەوڵەتی لە دژی فراوانبوونی سەربازی

بەدەر لە ناجێگیریی دیمەنی لێکدراوی بازگە ئەمنیەکانی هەردوولا،بۆ نزیکەی ساڵێک دەچێت سێ ناوچەی سوریا، باکووری رۆژهەڵات، باکووری رۆژئاوا، قووڵایی/ناوخۆی سووریا هیچ گۆڕانکارییەک لە خاڵەکانی پشکنین و دابەشبوون وبڵاوبوونەوەی ئەمنی وسەربازی رووینەداوە. قسە لەسەر ئەگەری چەسپاندنی ئەو دابەشکاریە دەکرێت تا سنوورە جوگرافیە لێکدراوەکان لەگەڵ یەکتردا بە پێی میکانیزمێکی سیاسیی دیاریبكرێت کە مافی پێکهاتەکان بپارێزێت و لە رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆ بیانپارێزێت. هەموو لایەنێک پێویستی بە جوگرافیا ودۆخی ئیداری وسیاسی تایبەت هەیە؛ لە ئەنجامی نەبوونی تەوافوق و نایەکگرتوویی لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم لایەنەنانە لەدژی یەکتری و، پەیوەندی سنووردار ئەویش تەنیا لە رووی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانیەوە لەنێوانیانداهەیە.  دابەشبوونی جوگرافیش ئاگر بەست دەخوازێت. روونەدانی هیچ پێکدادانێک وادەکات کە خاڵەكانی پشکنین بگۆڕێت، یان هەندێک ئەکتەری لۆکاڵی ناچاربکات کە تەدەخولی سەربازی بکات، ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر خاڵە ئەمنیە سەرەکییەکان لە هەر ناوچەیەکدا و ئەگەری درێژبوونەوەی پێکدادانەکان بۆ خاڵە حساب نەکراوەکانیش. بۆیە هەر هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرەکی تەیی بەر لە گڵۆپی سەوزی ئەمریکی-رووسی بۆ قەسەدە ئاسان نابێت. پێویستیشی بە دەروازەیەکی نوێ لە کێشەو ناکۆکی و هەراسانیی کۆمەڵایەتی نیە. لە بەرامبەریشدا هێزی بەرگری نیشتیمانی ئەو هێزو وزەیەی نیە کە کۆنترۆڵی شارێکی وەکو قامیشلی بکات کە چەندین نەتەوەو مەزهەبی جیاجیای تێدایە.

ئاشتی مەدەنی زەرەرمەندە

هیچ بوارێک بۆ قسەکردنی لەسەر ململانێی عەرەبی-کوردی نیە وەکو ئەنجامی پێکدادانەکان، چونکە بەهەزارەها لە نەوەکانی پێکهاتەی عەرەب لە ناوهێزەکانی قەسەدەو ئاسایش وئەوانیترن، پەیوەندیی خێڵەكی لەنێوان کوردو عەرەب بەدرێژایی سنووری ناوچەکە هەیە. بۆ زانیاریش ئەگەر قەسەدە هیچ خواستێکی نیشان نەدابێت و قسەی لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەڕەکەکە نەکردبێت ئەمە بۆ وشیاریان دەربارەی قەبارەی تێچووی مرۆیی و سیاسی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەگەڕێتەوە و، لە ئاسۆشدا هیچ نیەتێک بۆ ئەمە دیارنیە. هەموو ئەو قسانەشی لەسەر ئەمە دەکرێن دەکرێت چەند بابەتێكی میدیایی بن.

بەگشتی زەرەرمەندی گەورە لەهەر پرۆسەیەکی سەربازی ئاشتی مەدەنیە. ئەو هێڵە سوورانەن کە پارێزگاریان لە بنەما کۆمەڵایەتیەکان لەمامەڵەکردن لەگەڵ یەکتردا کردووە. ئەمە پێویستی بە تەدەخولی هەمیشەیی لەلایەن لیژنەکانی ئاشتی مەدەنیەوە هەیە. بۆ دەیان ساڵە ئاشتی مەدەنی لەنێوان خەڵکیدا چەسپاوە لەگەڵ ئەوەشدا کە شارەکە ئاڵۆزی وناکۆکی بەخۆوە بینیووە و، دەستدرێژی لە موڵکی کورد کراوە هەروەکو لە راپەڕینی ساڵی ٢٠٠٤دا روویدا، بەڵام ئەڵقەی بەهێز لە هەموو زنجیرەکانی رووداوی سوریادا ئەوەیە کە ئەم ناوچەیە نەگۆڕاوە بۆ ململانێی نەتەوەیی یان مەزهەبی. ئەمە پێویستە بەشێوەی بەردەوام پارێزگاری لێبکرێت تاوەکو چارەسەرێک بۆ دۆخی سووریا پەیدا دەبێت.

Share this Post

شرۆڤە