لێکۆڵینەوە

ئێران و چین؛ دەوڵەتی شارستانی

03-06-2021


چەمکی دەوڵەتی شارستانی یەکێکە لەو چەمکانەی کە بەکاربردنی هەتا بێت زیاتر و زیاتر دەبێت. بەکارهێنانی ئەم چەمکە دەرخەری دۆخ و سەردەمێکە، هەروەها جۆرێکە لە شوناس و خۆوێناکردن و دیاریکردنی رۆڵی خود لە دنیادا. بەڵام وەک هەموو چەمکێکی دیكە، مێژوو و بەکاربردنی تایبەتی خۆی هەیە. ئەم نوسینە کورتە لەڕێی باسی رێککەوتنی نێوان ئێران و چین جەخت لە سەر ئەم چەمکە دەکاتەوە.

لە هەمانکاتدا هەوڵی ئەوەش دەدات کە قسە لە سەر کاریگەرییەکانی لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی بكات.

سەرەتا

ئێران و چین رێککەوتننامەیەکی چارەکە سەدەییان واژۆ کرد. ئەم رێککەوتنامەیە چەندین بواری جیاواز لە خۆی دەگرێت: وەک ئابوری، سیاسی، سەربازی، ستراتیژی، کولتوری و هەروەها بواری دیكەیش. دەکرێت هەریەکێک لەو بوارانە بکرێت بە بوارێکی لێکۆڵینەوەی تایبەت. لەم نوسینەدا ئێمە فۆکەسمان دەخەینە سەر بڕگەیەک كە لە سەرەتای ئەو دەقە دزە پێکراوەدا هاتوە کە گوایە هەردوو وڵات واژۆیانکردوە. بڕگەکە دەڵێت: دوو شارستانیی كۆنی ئاسیایی(دو تمدن کهن اسیایی)[1]. لەم نوسینەدا رەهەندە جیاوازەکانی ئەم خۆ ناولێنانە دەخوێنینەوە. لەڕێگەی  ورووژاندنی کۆمەڵێک پرسیارەوە، هەوڵدەدەین کە سەرجەم لایەنەکانی ئەم خۆناونان و شوناسە تایبەتە شەنوکەو بکەین.

هەریەک لە وشەکان چ مانایەک دەگەیەنن و پێکەوە لە نیمچە ڕستەیەکدا چی دەگەیەنن؟

دو تمدن کهن اسیایی، بە واتای دوو شارستانی کۆنی ئاسیایی دێت. بەم پێیە هەریەک لە ئێران و چین دوو شارستانی کۆنی ئاسیایین. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە هەریەک لە چین و ئێران خۆیان وەک دوو وڵاتی شارستانی دەبینن. کەواتە لێرەدا چەند چەمکێکمان هەیە بۆ ئەوەی راڤەی بکەین. یەکەم، شارستانییەت. دووەم، شارستانیی ئاسیایی. سێیەم، دەوڵەتی شارستانی.

بەڵام با لە ژمارەکەوە دەست پێبکەین. ژمارەی دوو مانای زیاتر لە یەک. نوسینی ئەم ژمارەیە لە ئەم چوارچێوەیەدا بە مانای فرەیی شارستانییەکان دێت و هەروەها دانپێدانانی هەردوو وڵات بە شارستانیی بونی یەکتر و لە هەمانکاتدا ناردنی پەیامێک بۆ شارستانیی باڵای لیبرالیزمی رۆژئاواییە، کە دونیا یەک تاکە شارستانیەتی نیە. بە واتایەکی دیكە، مێژوو تەواونەبوە، وەک ئەوەی فۆکۆیاما بانگەشەی بۆ کرد.[2]

لە هەمانکاتدا، یانی دنیا هەموو نەبوە بەیەک، هێشتا لە دنیادا شارستانیەتی دیكە زۆر هەن، بە تایبەتی لە دەرەوەی رۆژئاوا. دوو واتا فرەیی، ئەمەش راستەوخۆ رەتکردنەوەی یونیڤێرسالێزمی رۆژئاواییە.

لەهەمانکاتدا ئەگەر کەمێک وردی بکەینەوە، بە مانای ئەوە دێت کە رێکخراوە جیهانییەکان وەک بانکی نێودەوڵەتی، ئای ئێم ئێف، یونسکۆ، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، هەموو سەر بە شارستانیەتێکن و مەرج نیە لە لایەن شارستانیێکی دیكەوە قبوڵ بکرێن یان وەک خۆیان قبوڵ بکرێن.

چەمک شارستانی

چەمکی شارستانی  ئێجگار ئاڵۆزە و لە سەردەم و قۆناخی جیاوازدا مانای جیاوازی هەیە. لە سەردەمی هاتنی رۆژئاوا بۆ دەرەوەی خۆی، چەمکی شارستانی وەها بەکار دەهێنرا کە ناوی ئەو پرۆسەیە بێت. کردەی بە شارستانیکردن[3](civilizational mission) وایکردوە کە ئەم چەمکە رەهەندێکی کۆلۆنیاکی هەبێت و وەها بەکاربێت کە پێچەوانەی مانای بەربەریەتە.

لە پاش جەنگی سارد، لەڕێگای کارە ناسراوەکەی سامۆئێل هانتنگتۆن بیرمەندی ئەمریکییەوە، جارێکی دیكە  گوڕی پەیداکردەوە. ئەمجارەیان  وەک بنەمایەک بۆ ململانێی هێزەکان لە جیهاندا. هانتنگتۆن زۆر بە وردی پێشبینی پەرچەکرداری هێزەکانی دیكەی كردووە لە میانەی هەوڵی شارستانیی رۆژئاوا بۆ بونی بە شارستانیی گەردوونی. ئەم کارەی هانتنگتۆن جۆرێکە لە وەڵام بۆ گەشبینییەکی فۆکۆیاما. جێگای باسە هانتنگتۆن مامۆستای فۆکۆیاما بوو. هانتنگتۆن  سەرەتا پوختەی بیرەکەی لە گۆڤاری ناسراوی کاروباری دەرەوە یان foreign affairs بڵاوکردوەوە.[4]

بە دیدی هانتنگتۆن، هەوڵی باڵادەستبونی شارستانیی لیبرالی رۆژئاوایی دەبێتە هۆکاری بەرهەمهێنانی پەرچەکردار لەلایەن شارستانییەکانی دیكەو، لە ئەنجامدا بەریەککەوتنی شارستانییەتەکان دروست دەبێت. چەمکی بەریەککەوتن زۆر رەخنەکرا بەوەی کە گوایە مەرج نیە شارستانییەکان دژ بەیەک بن یان توانای پێکەوەبون و جوڵە و تێکەڵییان نەبێت. شایانی باسە کە ئەم چەمکەی هانتنگتۆن نوێ نیە و داهێنانی ئەویش نیە، بەڵکو پێش ئەو، دوو بیرمەندی دیكەی ئینگلیزی کاریان لەسەر کردوە. یەکەمیان مێژووناسی دیاری ئینگلیزی توینبییە، ئەویتریشیان بێرنارد لویس ئیسلامناسی دیاری ئینگلیزە. بەکارهێنانی ئەم چەمکە لەلایەن توینبییەوە بوە هۆکاری ئەوەی کە زیانێکی گەورە لە ناوبانگی بدات و ببێتە هۆکاری ئەوەی زوو لە بیر بچێتەوە. بەڵام بەکاربردنی لە لایەن بێرنارد لویسەوە هێندە کاریگەریی گەورەی نەبوو.

وەک ئاماژەمان پێدا، پێکەوەگرێدانی کۆلۆنیالیزم و شارستانیەت، چەمکی شارستانیی، بە تایبەتی لای دەستەبژێری چەپ وەک چەمکێکی خراپ و نەخوازراو لێکرد. ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە لە چەند دەیەی رابردوودا بە هۆی زاڵبونی دیدی چەپی لیبراڵ، چەمکی شارستانی جارێکی دیكە پەراوێزبكەوێتەوە. بەڵام لە گەڵ بەهێزبونی چین و لاوازبونی رێژەیی ئەمریکا، دیسانەوە چەمکی شارستانیەت سەریهەڵداوەتەوە بەڵام لە هەناو بارودۆخێکی جیاوازدا، کە دەتوانین بە دۆخی پاش یەک جەمسەری ناوی بەرین.

لەم پاشخانە کورتەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە چەمکی شارستانی مێژویەکی ئاڵۆز و پڕ لە مانای جیاواز و هەروەها پڕ لە کێشەی هەیە. لێکۆڵینەوە لەم بوارە میتۆدێکی تایبەتی هەیە ولە وڵاتانی باکووری ئەوروپا برەوەی هەیە  بە زمانی ئەڵمانی پێی دەڵێن بگریفگشیخت.[5]

لەم سەرهەڵدانەوە نوێیەیدا، شارستانیەت لەلایەن ئیمپراتۆریەتێک یان کولتورێکی باڵاوە بەڕێوەناچێت، بەڵکو لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە دەبرێت. ئەو دەوڵەتانەی کە ئەم گوتارە پیادە دەکەن چین، ئێران، رووسیا، تورکیان لەگەڵ هیندستان. هەریەک لەم وڵاتانە لە پەیوەندییەکی تایبەتدایە لە گەڵ شارستانیی باڵای رۆژئاوا. لەم نوسینەدا زیاتر جەخت لە سەر چین و ئێران دەکەینەوە، هەرچەندە وڵاتانی دیكەی وەک تورکیا و رووسیا بە رێژەی جیاواز بۆ کورد گرنگن.

بە سیاسی بونی ئاسیا

لەسەدەی نۆزدەدا دنیا ئەورووپایی بوو. سەدەی بیست دنیا ئەمریکایی بوو. سەدەی بیست و یەکیش سەدەی ئاسیایە. ئەم دیدە، ئەو تێڕوانینەی کیسنجەرمان بۆ دوپات دەکاتەوە كە لە کتێبی دیپلۆماسیدا جەختی لە سەر دەکاتەوە. ئەمە لای کیسنجەر وەک جۆرێک لە یاسای سروشتی وەهایە.[6]

ئاسیا وەک چەمک و دیاردە جێگای سەرنجە. لە کاتێکدا خێرا هەڵدەکشێ و باڵ بە سەر دنیادا دەکێشێت. لە کاتێکدا لە ماوەیەکی کەمی رابردوودا بە هیچ شێوەیەک وەک چەمکێکی سیاسی و شارستانی بونی نەبوو. دیسانەوە کیسنجەر لە کتێبی نیزامی جیهانی[7]ئەوەمان پێدەڵێت کە چەمکی ئاسیا چەمکێکی ئێجگار نوێیە. پێش هاتنی کۆلۆنیالیزمی رۆژئاوایی بۆ ئاسیا، هیچ کام لە ئەو نزیکەی پەنجا وڵاتانەی کە خۆیان بە ئاسیایی دەناسێنن، نە خۆیان بە ئاسیایی ناو دەبرد و تەنانەت وەهاش لە خۆیان نەدەڕوانی کە بەشێکبن لە هەمان کیشوەر. لە ئاسیادا هیچ پێکەوەگرێدەرێکی وەک ئایین یان ئیمپراتۆریەتێکی باڵادەست نەبوە کە بووبێتە هۆکاری دروستکردنی هاوبەشی لە نێوان خەڵکە جیاوازەکاندا. وەک ئەوەی ئیمپراتۆریی رۆمانی بۆ ئەورووپا كردی. بەڵام ئەمڕۆ ئاسیا وەک چەمکێکی سیاسی دەردەکەوێت. وەک لە دەربڕینەکەدا دەیبینی، دەبێتە ئەو پانتاییە کە دوو شارستانیەت و چەندین شارستانیی دیكەیش وەک رووسیا، ژاپۆن، هیند و ئەوانیتریش لە خۆ دەگرێت. لێرەدا ئاسیا دەبێتە خاڵی پێکەوەگرێدەرو لە هەمانکاتدا خاڵی خۆجوداکردنەوەیشە. بەم پێیە ئاسیا لە نەبویەکەوە لە چەند سەدەیەکی کەم لەمەوپێش، دەبێتە جەمسەرێک لە سیاسەتی جیهانی ئەمڕۆدا. دەربڕینی دوو شارستانیی کۆنی ئاسیایی، لە هەمانکاتدا رەگی قووڵ بەو دوو شارستانییە دەدات.

هەڵبەت چەمکی ئاسیا بەبێ کێشە نیە. ئاسیا لە لایەن ئاسیادۆستانەوە، وەک سەرزەوینێکی تەواو جیاواز وێنادەکرێت کە ئەو کێشانەی نەبێت کە بۆ نمونە جێگایەکی وەک ئەورووپا هەیبوو یان هەیەتی. بۆ نمونە لە بواری ئازادی ئایینی یان قبوڵکردنی جیاوازی ئایینی، وەک پەراگ خانا لە کتێبی “داهاتوو ئاسیایە” باسی دەکات. بەڵام ئەم دیدە هێندە خۆشخەیاڵیییە هێندە واقیعی نیە. تەنها یەک سەرنجی خێرا بۆ دۆخی ململانێی ئایینەکان لە جێگا جیاوازەکانی ئاسیا، زوو بۆت دەرخات کە پەیوەندیی نێوان ئایینەکان نەک یەکتر قبوڵکردنە، بەڵکو لە یەکتر سڕینەوەوە نزیکە.

هەموو ئەم دەربڕینانە، دەربڕینی ڕاستی یان واقیعێکی جوگرافی نیە، بەڵکو دەربڕینێکی سیاسی و جیوپۆلەتیکییە. بەڵام ئەم خۆجوداکردنەوەیە تەنیا لە پێناوی خۆجوداکردنەوە نیە وەک دوو شارستانیی کۆنی ئاسیایی، بەڵکو لە پێناوی داڕشتنی بنەمایەکی دیكەیە، کە پێکەوەگرێدانی دەوڵەت و شارستانییە. هەردوو چین و ئێران دوو دەوڵەتن، لە هەناو سیستەمی نێودەوڵەتی کە بنەماکەی دەوڵەتە. بەڵام بۆچی ئاماژە بە شارستانی دەدەن؟ ئەمە دەمانبات بۆ چەمکێکی نوێ لە سیستەمی نێودەوڵەتی ئێستادا کە چەمکی دەوڵەتی شارستانییە.

ئامانج لە دەوڵەتی شارستانی چییە؟

دەوڵەتی شارستانی پێش هەموو شتێک خۆجوداکردنەوەیە لە مۆدێلی زاڵی دەوڵەت لە دنیادا کە دەوڵەتی نەتەوەیە. دەکرێت بنەمای ئەم خۆجوداکردنەوەیە بۆ مەبەستی ئاسانکاری بە خاک و کولتور پۆلێن بکەین. دەوڵەتی نەتەوە، دەوڵەتە لە سەر خاکێکی سنورداری تایبەت، کە لە ئەدەبیانی دەوڵەتدا بە تیرەتۆری ناسراوە. بەڵام دەوڵەتی شارستانی لە سەر بنەمای کولتور خۆی جودا دەکاتەوە. بە ناوەندکردنی کولتور، راستەوخۆ بە مانای ئەوەدێت کە پەیوەندی ئەم جۆرە دەوڵەتانە لەگەڵ سنووردا پەیوەندییەکی جودایە بە بەراورد بە دەوڵەتی نەتەوە. کۆمەڵناسی سویدی گۆران تیربۆرن بە پوختی باسی ئەم دیاردەیە دەکات.[8]

بە ئاسانی دەتوانین وێنای ئەوە بکەین كە کاتێک کولتور دەبێتە بنەمای دیاریکردنی پانتایی و قەڵەمڕەوی دەوڵەت، ئەوا ئەم جۆرە دەوڵەتانە کە خۆیان بە دەوڵەتی شارستانی دەناسێنن، پانتایی کولتوریان فراوانترە لە سنووری یاسایی. بەشێکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ هەبونی ئیمپراتۆریا و ئیمپریالیزم لە رابردوویاندا. ئەم پاشخانە ئیمپراتۆرییە ئێستا وەک بنەمایەکی کولتوری دەبینرێت.

لەسەر ئەم بنەمایە، ئەم دەوڵەتانە ماف بە خۆیان دەدەن کە لە سنورەکەیان بچنە دەرەوە و دەسەڵات و توانای خۆیان لە پێناو داڕشتنی هەژەمۆنی، دابینکردنی بازاڕ و ململانێ لەگەڵ رکابەرە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا بەكاربەرن.

ئەم وەرچەرخانە بەرەو کولتور وەک رەوایی پێدانێک دەبینرێت لەلایەن ئەم وڵاتانەوە بۆ دەستوەردان لە وڵاتانی دیكە بە تایبەتی وڵاتانی دەوروبەریان. ئەمە لە کەیسی ئەمڕۆی تورکیادا زۆر بە زەقی بانگەشەی بۆ دەکرێت. لە رۆژنامەی سەباحی رۆژانە، رابی الحفید بە زەقی بانگەشە بۆ ئەمە دەکات. بە دیدی ئەو، دەوڵەتی شارستانی دۆکترن یان باوەڕێکی موتوربەکراوی هایبریدیی هەیە، کە لە ناوەوە ناسیونالیستە و لە دەرەوە کولتورییە.[9]

لە هەمانکاتدا پێکەوەگرێدانی دوو دونیابینی جودایە لە هەناو کایەی یەک دەوڵەتدا. لینینیزم لە ناوەوە، کۆنفۆشیوس لە دەرەوە، کەمالیزم لە ناوەوە، عوسمانیەت لە دەرەوە. ئەم پێکەوەگرێدانەی سنورداریی و بێسنوری، کولتورو ئایدۆلۆژیا، لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە دەوڵەتێک هەیە لەگەڵ پانتاییەک لە دەوروبەری کە لەسەر بنەمای جیاواز لە گەڵیدا لە پەیوەندیدایە. بەمجۆرە ئێمە لە بەردەم شێوازێکی جوداین لە رێکخستنی سیستەمی نێودەوڵەتی.

لە ئەم جۆرە نیزامە جیهانییەدا، دنیا وەها وێنا دەکرێت کە وەک سەردەمی جاران، لە هەر ناوچەیەکی گۆی زەوی شارستانیێک باڵادەستە و هەژمون و قەڵەمڕەوەی بە سەر ئەو پانتاییەدا هەیە کە بە پانتایی شارستانی خۆی دەیبینێت. ئەمە راستەوخۆ هەوڵە بۆ دروستکردنی سیستەمی هەرێمی لە دنیادا. ئەم سیستەمی هەرێمیایەتیە دژ بە سیستەمی جیهانگەرییە. لەهەر هەرێمێکی دنیادا کەلتورێک و شارستانیەتێک زاڵە و خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە و دەکرێت لە گەڵ کولتور و شارستانییەکانی دیكەدا جیاوازبێت. ئەمەش بنەمای ئەوە دادەڕێژێت کە پانتاییە شارستانییەکان ماف بە خۆیان بدەن یان رەوایی بە خۆیان بدەن کە خۆیان جودا بکەنەوە. لێرەوە مافی گرووپ بەسەر مافی تاکدا زاڵ دەبێت. زاڵ بونی مافی گرووپ یانی تایبەتمەندی شارستانی، لەوەدا تاکەکان ناچارن بەو بەهایانەوە پەیوەست بن. ئەم جۆرە رێکخستنەی دنیا پێودانگی زۆری لە ئاستی جیاوازدا هەیە.

دەوڵەتی شارستانی شێوازێکیترە بۆ دەوڵەت، لە کاتێکدا هەموو دەوڵەتێک ناتوانێت وەها خۆی وێنا بکات کە دەوڵەتی شارستانییە، کەواتە پلەبەندی لە نێوان وڵاتاندا دروست دەکات. ئەم پلەبەندییە وەها دەکات کە زۆر دەوڵەت لە مافی سەروەری و سەربەخۆیی و نوێنەرایەتی خۆکردن لە دنیا و، هەروەها ئامادەبون لە دنیادا لاواز بن.

هەروەها هەموو بەها لیبراڵییەکان وەک تاکگەرایی، ماف، سەروەری، سنوور، هاوڵاتی هەموو دەکەونە ژێر گوشار و پێناسەکردنی جیاوازەوە. لە دۆخێکی وەهادا بیرە رۆژئاواییەکان، فەلسەفەی رۆژئاوایی و زۆر بواری دیكە، راستەوخۆ دەکەونە ژێر سانسۆر و پەراوێز دەخرێن. لە هەناو رێکخستنی نەتەوەیی، تاک ئەجینسییە، بەو مانایە کەسێكی بەرپرس و چالاک و سەروەر و خاوەن بڕیارە. بەڵام لە رێکخستنی شارستانیدا تاک چالاک نیە، بەڵکو دەبێت پەیڕەوکەری بەها و کۆدە شارستانییەکان بێت.

بۆچی و چۆن دەوڵەتی شارستانی  سەریهەڵدا؟

ئەگەر بە زمانێکی واقیعی و مێژوویی قسە بکەین. دەرکەوتنی دەوڵەتی شارستانی دەرئەنجامی لاوازبون یان قەیران تێکەوتنی هەژمۆنیی لیبراڵییە لە دنیا. لە ئەنجامی دروستبونی ئەم قەیرانە، کۆمەڵێک وڵات کە هەستیان دەکرد لە رابردوودا قەتیسکرا بون، ئێستا هەوڵی ئەوە ئەدەن کە پانتایی قەڵەمڕەوییان فراوان بکەن و بۆ سود و ئامانجی جیاواز بەکاری بەرن.  بۆیە دەکرێت دەوڵەتی شارستانی وەک یەکێک لە خەیاڵە سیاسییەکانی پاش لیبراڵی ببینین. ئەم خەیاڵە سیاسییە، بە مانای گەڕانەوەیە بۆ رابردوو. بەڵام لە هەمانکاتدا مانای دەستبەردان لە ئێستا نیە. رەنگە دەربڕینی سۆشیالیزم بە کاراکتەی چینی دەربڕی ئەم ئاڵۆزییە بێت.  中国特色社会主义عارف دیلیک، چینناسی ناسراو بە وردی ئەم دروشمە راڤە دەکات. ئەم دروشمە یەکەمجار لەلایەن دینگ ژیاوپینگ لە کۆنگرەی دوانزەی حیزبی شیوعی چینیدا دارێژرا و هەتا ئەمڕۆش لە ئارادایە.[10]

وەک لە وشەکانی دروشمەکەدا دەردەکەوێت کە سۆشیالیزم جوداکراوەتەوە لە سۆشیالیزمی جیهانی و خەسڵەتی چینیی پێدراوە. ئەمە دەربڕینێکی دیكەیە بە واتای قبوڵکردن و هێنانی سەرمایەداری بۆ ناو کایەی سۆشیالیزم و هێشتنەوە سۆشیالیزم وەک کۆمەڵێک بنەمای تایبەت، بە تایبەتی لە بواری حیزب و گوتار وهەندێک بواری تردا. لە هەمانکاتدا کردنی هەموو بوارەکانی ترە بە کەپیتالیزم. ئەم میتۆدە بە هەمانشێوە لە چەمکی دەوڵەتی شارستانیدا رەنگ دەداتەوە.

ئەگەر بە زمانی جیوپۆلەتیک قسە بکەین، سیستەمی دەوڵەتی شارستانی کە دەیەوێت ببێت بە سیستەمی رێکخستنی جیهان لە پاش لاوازبونی هەژمۆنی رۆژئاوایی، یانی دابەشکردنی دنیا بۆ هەرێمی جیاجیا لە سایەی دەوڵەتێکدا کە خاوەن شارستانێتێکی کۆنە و ئەو شارستانیەتە بۆ رەوایی پێدان بە قەڵەمڕەوەکەی بەکار دەهێنێت. لێرەدا هەست دەکەین کە چەمکی شارستانی دیسانەوە مانایەکی پێچەوانەی هەیە. لە پێکەوەگرێدانی دەوڵەت و شارستانیدا، دیسانەوە زاڵبون و ماف بە خۆدان و داگیرکردنی خاک و وڵاتانی دیكە لە ئارادایە.

کاریگەری لە یەک نزیکبونەوەی دوو دەوڵەتی شارستانی؟

کاتێک دوو دەوڵەتی شارستانی لە یەک نزیک دەبنەوە، ئەوا دید و خەسڵەتی دەوڵەتی شارستانی یەکتر تۆخ دەکەنەوە. ئەمە بە تایبەتی لە کاتێکدا کە هەردوو وڵات لە بەرەنگاریی ئەمریکادا، لە دۆخێکی جیوپۆلەتیکی تایبەتدان. وەک لە ناوەڕۆکی بڕگەکەدا بەڕوونی دەردەکەوێت. ئایا شارستانیبونیان دەبێتە مایەی ئەوەی کە پردێکی بەیەکگەیاندن لە نێوانیاندا دروست بێت؟ هەردوو وڵات لەڕێگای چەمکی شارستانییەوە دەیانەوێت پەیامی ئەوە بگەێنن کە دنیا پلوراڵە، جگە لە ئەمریکا و رۆژئاوا، وڵات و نیزامی دیكەش هەیە. بەڵام ئایا دوو وڵاتی وەک ئێران و چین، جگە لە دژایەتی ئەمریکا، چ هاوبەشییەکی دیكەیان هەیە؟ بە پێی دەستوری هەردوو وڵات، هەردوو وڵات تەواو پێچەوانەی یەکترن. چین وڵاتێکی نادینیییە، بەڵام ئێران وڵاتێکی دینییە. چین لە پاش ئەزمونی شۆڕشی کولتوریی  بۆی دەرکەوت کە بەبێ کرانەوە بە سەر رۆژئاوا ئەگەری مانەوەی لاوازە. ئێران بە پێچەوانەوە، توانای کرانەوەی بەڕووی رۆژئاوادا نیە. بەڵام سەرباری ئەم جیاوازییانە، لە زۆر ڕوەوە هاوبەشن: وەک نەبونی ئازادی، ناوەندگەری، سەرکوتاندنی کەمینەکان. ئەمەش وەها دەکات کە ئەگەری لێکنزیکبونەوەیان ئاسان بێت هەرچەندە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئاسانی رێگە بە هیچ پەیوەندییەکی سەقامگیری درێژخایەن نادات.

لەیەک نزیکبونەوەی دەوڵەت شارستانییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆمەڵێک پێودانگی هەیە  کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لە سەر کورد هەیە. لە کاتێکدا دیدی خۆوێناکردن بەو جۆرە رەنگە ببێتە بنەمای لەیەک گەیشتن، بەڵام ئەمە تەنها کاتێک کاردەکات کە وڵاتەکان بەریەککەوتنی شارستانی و جیوپۆلەتیکییان نەبێت.  بۆ نمونە رەفتارکردن وەک دەوڵەتی شارستانی، ئێران و تورکیا رووبەڕووی یەکتر دەکاتەوە. ئەوەی لە ناوچەی شەنگال و دەوروبەری موسڵ دەیبینین پانتایی بەریەککەوتنی تەماحی ئەم دوو دەوڵەتەیە لەم روانگەیەوە. عێراق بە درێژایی مێژووی نوێ جێگای ململانێی ئیمپراتۆرییەکان بوە. لە ئەگەری بونی دەوڵەتی شارستانی بە بنەمای سیستەمی جیهانی، ئەوا ئەم ململانێیە زیاتر تۆخ دەبێتەوە.

دەوڵەتە شارستانییەکان وا لە وڵاتانیتر دەڕوانن کە هاوتای ئەوان نین. بەڵکو بەشێکن لە پانتایی کەلتوری ئەوان. لەم پلەبەندییەدا چەمکی سەروەریی بەشێوەیەکی تەواو جیاواز دادەڕێژرێتەوە.

گەشەی دەوڵەتی شارستانی کاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرسی کورد دەبێت. کوردستان چەندین شارستانیی ناوچەکە پێکەوە گرێدەدات، بۆیە خاکی کوردستان دەبێتە مایەی تەراتێنی ئەو هێزانە و لە شارستانیێک زیاتریش بە سەرزەوینی قەڵەمڕەویی شارستانی خۆی لە قەڵەم دەدات. ئەگەر دەوڵەت شارستانیی وەها خۆی وێنا بکات کە بەدیلی دەوڵەتی نەتەوەیە، ئەوا نەتەوە خاوەن شارستانییەکان بە مافی خۆیانی دەزانن کە نەتەوەکانی دیكە  بخەنە بن دەستیان. ئەمەش تەواو پێچەوانەی مافی چارەی خۆنوسینە. لە هەمانکاتدا کوردستان لە چەند دەیەی رابردوودا زۆر سودمەندبوە لە گۆڕینی سروشتی سەروەریی وێستڤیلیایی. بە مانایەکی دیكە، کاڵبونەوەی مافی دەستێوەرنەدان، وەهایکردوە کە دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکە یەکێك بێت لەو گۆڕانکاراییانەی کە کوردستان راستەوخۆ لێی سودمەند بوبێت. بە گۆڕینی ئەم سیستەمە، ئەوا دەوڵەتی شارستانی، خۆی وەها وێنا دەکات کە نەک خاوەن سەروەری خۆیەتی بەڵکو مافی ئازادی مامەڵەکردنیش لە هەناو پانتایی خۆیدا بە خۆی دەدات.

دەرئەنجامەکان

چەمکی دەوڵەتی شارستانی چەمکێکی نوێیە وەک یەکێک لە دەرئەنجامەکانی هاتنی سەردەم و نیزامێکی نوێ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. وەها دەردەکەوێت کە چەمکی دەوڵەتی شارستانی لە پانتایی گشتی کوریدا وەها ببینرێت کە پێکەوەگرێدانی دەوڵەت و شارستانیەتە. لەم پێکەوەگرێدانەدا، دەوڵەتێک بەرهەمدێت کە شارستانییە. ئەم تێگەیشتنە وەها دەکات کە دەوڵەتی شارستانی وەها ببینرێت کە دەوڵەتێکی سەردەمی مۆدرن و مرۆڤدۆستە، هەروەها دەوڵەتێکی  نەتەوەیی و جیاکارانە نیە. هۆکاری ئەم دیدە گەشبینییە دەگەڕێتەوە بۆ نەبونی ئەدەبیات و شارەزایی لە سەر واتا و مێژووی چەمکی شارستانی لە زمانی کوردیدا و هەروەها نەبونی ئاگایی بەرامبەر رەچەڵەک و قۆناغە جیاوازەکانی مانای ئەم چەمکە. ئەم بێئاگاییە دەبێتە هۆی ئەوە کە کورد بە ئاسانی ببێت بە نێچیری پڕوپاگەندەی ئەم وڵاتانە.

ئەم نوسینە واتای سەردەمیانە بەم چەمکە دەبەخشێت و ئاڵۆزییەکانی دەستنیشان دەکات. چەمکی دەوڵەتی شارستانی یەکێکە لە ئەو چەمکانەی کە وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ سیستەمی نێودەوڵەتی لیبراڵ باسی لێوە دەکرێت. بە گشتی ئەمڕۆ وەها دەبینرێت کە قۆناغی دوای تاک جەمسەری بێت. ئەم رۆژگارە ئەو قۆناخەیە کە ناتوانرێت بە ئاسانی وێنا بکرێت، بۆیە چەمک و هەوڵی زۆر هەیە بۆ چۆنێتی داڕشتن و تێگەیشتن لێی. چەمکی دەوڵەتی شارستانی یەکێکە لە ئەو چەمکانە. ئەمیتاڤ ئەچاریا ئەم چەمکە بە ئەفسانە ناو دەبات.[11]

هەرچەندە ئەچاریا لە رەخنەگرانی سیستەمی ئەمریکییە. بینینی ئەم چەمکە وەک ئەگەرێک لە بۆ زۆرێک لە شوناسە بچوکەکان جێگای نیگەرانییە. لەکاتێکدا لە دنیادا هەتا بێت شوناسەکان زیاتر جەختی لە سەر دەکرێتەوە و ورد دەبن و فرە دەبن، بەڵام گەشەی شوناسی شارستانی بە پێچەوانەی ئەم رەوتەیە. لەکاتێکدا دەوڵەتی شارستانی دەربڕینی خواستی فرەییە لە ئاستی دنیادا، لە هەمانکاتدا هەوڵێکە بۆ سەرکوتکردنی فرەییەکان لە ناوخۆی پانتایی شارستانیدا. وەک لەم نوسینەدا شیمانکردەوە، خۆناساندنی هەردوو ئێران و چین بە دەوڵەتی شارستانی لەسەر کۆمەڵێک بنەمای پەرچەکردار و ئەفسانە و خواست دروست بوە، نەک بنەمای واقیعی. بەڵام ئەوەی واقیعییە سەرهەڵدانی هێزی دیكەیە لە دنیا لە دەرەوەی رۆژئاوا. ئەمە بۆ یەکەمجارە لە پێنج سەدەی رابردودا دیاردەیەکی وەها روودەدات. فرە زلهێزی دۆخی سروشتی مێژووی مرۆڤایەتیە. تاک جەمسەری ناوازەیە. گەڕانەوە بۆ فرە زلهێزی گەڕانەوە دەبێت بۆ دواوە.

کوردستان وەک خەڵک و پانتایی و کەلتور بە چڕی دەکەوێتە نێو ئەم ململانێیی خواستی سەپاندنی هەژمۆنی شارستانییە. ئێستا لە نێوان ئێران و تورکیادا بە زەقی هەستی پێدەکەین. بەڵام دوور نیە وەک جەنگی سارد لە نێوان چین و ئەمریکاشدا بێت، کاتێک وڵاتانی ناوچەکە زیاتر بەرەو رووی چیندا دەکرێنەوە.

بە گشتی لەم دۆخەدا کوردستان لە بەردەم چەند ئەگەرێکدایە:  لە باشترین دۆخدا دەتوانێت شارستانییەکان بە یەک بگەیەنێت. لە دۆخێکی خراپدا ببێتە پانتایی جیاکردنەوەیەیان، بەفەڕ. یان دۆخی زۆر خراپ ببێتە سەرزەوینی تەراتێنی ئەم دەوڵەت شارستانییانە.

[1] -ئەم بڕگەیە لەو سەرچاوەیە وەرگیراوە:

https://www.tabnak.ir/fa/news/990054/

[2]– Fukuyama, Francis  (1989) The End of History? The National Interest , Summer 1989, No. 16, pp. 3-18

[3] – Watt, Carey A. Mann, Michael  2011 Civilizing Missions in Colonial and Postcolonial South Asia: From Improvement to Development, Anthem Press.

[4] – Samuel P. Huntington 1993 The Clash of Civilizations? Foreign Affairs, Vol. 72, No. 3 (Summer), pp. 22-49

[5] – KAI VOGELSANG 2012 CONCEPTUAL HISTORY: A SHORT INTRODUCTION،  Oriens Extremus، Vol. 51 pp. 9-24

[6] – Kissinger, H. 1994 Diplomacy, Simon & Schuster

[7] – Henry Kissinger 2015 “World Order: Reflections on the Character of Nations and the Course of History.”  Simon & Schuster

[8] – Therborn، Göran 2021 States, Nations, and Civilizations, Fudan journal of the humanities and social sciences, volume, 14,225–242

[9] -https://www.dailysabah.com/opinion/op-ed/rise-of-the-civilizational-state-in-post-nation-state-middle-east

[10] – Arif Dirlik (1989) Postsocialism? Reflections on “socialism with Chinese characteristics”, Bulletin of Concerned Asian Scholars, 21:1,

[11] – Acharya, Amitav (2020) The Myth of the “Civilization State”: Rising Powers and the Cultural Challenge to World Order, Ethnic & International Affairs, Vol.34. Issue 2.

Share this Post

لێکۆڵینەوە