شرۆڤە

سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق..گۆڕانکاری لە رێساکاندا یان نەهێشتنی بەشبەشێنە؟

04-06-2021


 

RRC |

عەلی بەیدەر|

بەپێی رێککەوتنە سیاسیەکان کە دواتر بوو بە رێسایەک وکاری پێکرا، لە دوای ٢٠٠٣وە پۆستە باڵاکانی وڵات لە نێوان پێکهاتە سەرەکییەکاندا دابەشکران. ئەمە قۆناخی چوونە ناو ئەزموونی دیموکراسی بۆ کۆمەڵگا ودەوڵەت بوو بۆ عێراقییەکان. لە دوای هەندێک گۆڕانکاری بچووک لە پۆستەکان، ئیتر ئەوە چەسپا کە سەرۆکایەتی کۆمار بەشی پێکهاتەی کوردی بێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆ سووننەو سەرۆکایەتی وەزیرانیش بۆ شیعە بێت. بەپێی ئەم دابەشکارییە، پێکهاتەکانی دیكە لە بەدەستهێنانی هەرکام لەم پۆستە باڵایانە بێبەشکران. ئەمڕۆ دوای ئەوەی ئەم رێسایە بە قووڵی لە چەمکی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێرقیدا ریشەی داکوتاوە، هەندێک لایەن دەرکەوتوون كە داوای گۆڕینی دەکەن. لە بەر چەندین هۆکاری جیاجیا، ئەم داواکارییانەش هەڵوێستی جیای لێکەوتۆتەوە. هەندێک پشتگیری دەكەن و هەندێکیش رەتیدەکەنەوە و، زۆرێکیش پێیانوایە کە زووە بۆ کردنەوەی ئەم مەلەفە، چوونكە گرێدراوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە بڕیارە لە مانگی  ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ئەنجامبدرێت.

چەندین لایەنی سیاسی دەخوازن لە پێناو وەرگرتنی یەکێک لە پۆستەکانی سەرۆکایەتی پشتگیری ئەم پرۆژەیە بکەن، لە پێش هەمووشیانەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی محەمەد حەلبوسی دێت. ئەو پشتگیریی بیرۆکەی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی سەرۆکایەتیەکان لەنێوان پێکهاتەکان دەكات و، ئەمەشی بەڕوونی لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا باسکردووەو دەخوازێت لە قۆناخی داهاتوودا پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار وەربگرێت. هەروەها خواستێکی رانەگەیەنراوی خەمیس خەنجەریش هەیە بۆ هەمان پۆست. بەهەرحاڵ، ئەو كەسە چانسی بەدەستهێنانی سەرۆکایەتی کۆماری دەبێت کە پەیوەندی باشی نێودەوڵەتی و ناوچەیی هەبێت و، پەیوەندی هاوسەنگیشی لە ناوسیستمی سیاسی وڵاتدا هەبێت. لەگەڵ ئەوەدا کە حەلبووسی سەرۆکایەتی گەورەترین کوتلەی سوننی دەکات، بە پێی چاودێران رەنگە دیمەنی هەڵبژاردنی لە هەندێک لە پارێزگاکاندا بگۆڕێت. کاردانەوە فەرمیەکان لە ئاست ئەم تەرحەی حەلبوسیدا موحافزەكارانە بوون. سەعدی ئەحمەد پیرە سەرکردە لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە حزبەکەی لە ساڵی ٢٠٠٥وە سەرۆکایەتی کۆماری بەدەستەوەیە، ئاماژەی بۆ ئەوە کردوو كە ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی هیچ پێکهاتەیەکدا نیە کە بڕیاری لێبدات. پێویستە لەوجۆرە داواكارییانە دووربكەینەوە كە حەلبوسی بۆ گۆڕانکاری لە پۆستەکانی سەرۆکایەتیدا دەیكات، چونکە سوودی نیە و خزمەت بە کەشی هەڵمەتی هەڵبژاردن ناکات. پیرە دەڵێت پێویستمان بە هەڵمەتی هەڵبژاردنی هێمنانە هەیە لەسەر بنەمای رێزگرتن لە لایەنی بەرامبەر، بۆ ئەوەی ئەنجامی پاکی دوور لە شکاندن و سکاڵا بەدەست بێننین. ئەسیل نوجەیفی سەرکردە لە بەرەی رزگاری و گەشەپێدانی سووننیش دەڵێت كە باسكردنی پێدانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بە پێكهاتەی سووننی لە ئێستادا دەبێتە هۆی ناکۆکی سیاسی نوێ لەنێوان هێزە سیاسیەکاندا.

وابەستەیی شیعە بە سەرۆکایەتی وەزیران

ئەگەرچی ناکۆکی و بۆچوونی جیاواز لە نێوان هێزە شیعیەکاندا هەبێت بەڵام هەموویان پەیوەستن بە پۆستی سەرۆکایەتی وەزیرانەوە و دەخوازن سازشی گەورە بکەن لە پێناوی ئەوەی ئەم پۆستە نەدرێت بەپێکهاتەیەکی دیكە یاخود هێزە لیبراڵەکانی ناو پێکهاتەی شیعە. گۆڕانی تیبینیکراو لەم مەسەلەیەدا ئەوەیە كە ئەم پۆستە کە لە قۆناخی پێش هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ جێگەی رێککەوتن و بەیەکگەیشتنی هێزە شیعیەکان بووە، گۆڕاوە بۆ خاڵی کێبڕکێ  و ناكۆكی. لە ژێر رۆشنایی رووداوەکانی ئێستاو جوڵانەوەی جەماوەری و فەوزای چەکی بڵاوەو کێشەکان، دەردەكەوێت كە لەوانەیە ئەم پۆستە ببێتە خاڵی ناکۆکی تووند لەنێوان هێزە شیعیەکاندا وە ئەوەش لە ئەمڕۆدا دەبینین کە گوتاری زۆریک لە لایەنە شیعیەکان کە هەوڵی بەهێزکردنی چەند لایەنێکی دیاریکراو لەسەر حسابی سەروەری دەوڵەت و یاسا دەدەن و، هەڵوێستی دژیان لەهەر هەنگاوێکی چاکسازی هەیە کە حکومەتەکەی کازمی  دەینێت. ئەمە جگە لە هەڵوێستیان لە بەرامبەر هەبوونی هێزەکانی ئەمریکا.بۆیە لەگەڵ بوونی ناکۆکی قووڵی نێوان سەرکردەی سیاسی شیعەکان، ئەوان دەستبەرداری ئەم پۆستە نابن جا نرخەکەی هەرچییەک بێت.

سووننەو گەڕان بە دوای سەرۆکایەتی کۆماردا

لاوازی پێکهاتەی عەرەبی سوننە لەوەدایە کە مەرجەعێکی سیاسی یان دینی یان تەنانەت هۆزیی نیە کە کاربکات بۆ یەکگرتنی هەڵوێستەکانیان کە دابەشبوون و تەنانەت وایکردووە کە رۆڵەکانی پێکهاتەکە ببنە لاوازترین ئەڵقە لە وڵاتدا. لەگەڵ ئەوەشدا کە نوێنەرایەتی رێژەیەکی باڵا لە پێکهاتەکانی عێراق دەکەن لەدوای پێکهاتەی شیعە. لە هەموو قۆناخەکانی رابردوودا ئەم پێکهاتەیە نەیتوانی مەرجەعیەتێک دروست بکات کە هەموو سەرکردەکان کۆبکاتەوە وبەرگری لە واقیعی عەرەبی سوننە بكەن کە رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبێت. بەدەر لەوەی کە پێکهاتەی عەربی سوننە سەرۆکایەتی پەرلەمانی لایە بەڵام، عەقڵیەتی سیاسی سوننە خۆی لە سەرۆکایەتی کۆماردا دەبیبنێت. هەندێک هۆكاری ئەمە بۆ سایکۆلۆجیەتی سیاسیەکان دەگەڕێتەوە کە تائێستا واسەیری رەمزیەت وشوێنی سەرۆککۆمار دەکەن کە بژاردەیەکی باشترە بۆ دروستکردنی سەرکردایەتی سووننە و زیاتر خواستی سەرکردەکان لە نێو سیستمی دەسەڵاتدا لە سەر ئاستی کەسیی تێردەکات. چەندین کێشە هەیە کە بەرۆکی ئەم پێکهاتەیەی گرتووە بە دەرەجەیەک کە حساب ناکرێت، بەڵام لە هەموویان زیاتر پەرواێزكەوتن و دووركەوتنەوە بووە کە ئەم پێکهاتەیە رووبەڕووی بۆتەوە.ئەویش لە رێگەی ئەو یاسایانەی كە شێوە تۆڵە سەندنەوەیان پێوە دیارە، وەکو لە یاسای ”لێپێچینەوە و دادوەریدا” تایبەت بە کارمەندانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە پێش ٢٠٠٣ و سەرکردەکانی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە لە ئارادایە. ئەمە جگەلەوەی كە هەزاران كەس زیندانی کران و زیندانەکان بە هۆکاری تائیفی پڕكراون.

جگە لەوەی هەزاران رووداوی دیارنەمان وبێسەروشوێنکران لە کات و دوای ئۆپەراسیۆنەکانی ئازادکردنی شارە رووخاوەکان لەئەنجامی داگیرکاری داعش لە ئارادان. رۆڵەکانی ئەم پێکهاتەیە باجی فەرامۆشکردنی حکومەتی مەرکەزی لەو ناوچانەدا دەدەن. بوونی عەرەبێکی سووننە لە سەرۆکایەتی پەرلەمان لە ٢٠٠٥ نەبووەتە هۆی شەفاعەت کردن و بەرگری کردن لە پێکهاتەی عەرەبی سوننە یاخود نەبووەتە هۆكارێك تا ئەو زیانانە کەمبکاتەوە کە لێیکەوتووە. بۆیە زۆرێک وایدەبینن ئەم کێشانە چارەسەر نابن بۆ عەرەبی سووننە ئەگەر پۆستی سەرۆککۆماریان بە دەستەوە نەبێت کە دەکرێت لەم رێگەیەوە کێشەکانی بە ناوچەیی و نێودەوڵەتی بکات. عێراق بە شەش دەوڵەت دەورە دراوە کە پشت بە سیستمی سەرۆکایەتی یان هاوشێوە دەبەستن. هەموو ئەوانە وایکردووە بیرۆکەی گواستنەوە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆمار لە دایک ببێت لەلای خودی هەندێک لە سەرکردە سیاسیەکان و قبوڵکردنی لەلایەن شەقامی عەربی سووننەوە کە پێیوایە بڕیاری سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبینێت کە بڕیارێکی دەستە جەمعیە و سەرۆکی پەرلەمان نوێنەرایەتی (1/ 329 ) دەکات. بۆیە پێیانوایە بەوهۆیەوە كە ئەمەش وایکرد کە پێکهاتەکە قورسایی راستەقینەی خۆی لەدەستداوە و وایکردووە ملکەچی میزاج و هەڵوێستی پێکهاتەکانی تر ببێت کە زۆربەی کات لە دژی دەوەستنەوە.

پێویستی کورد بە سەرۆکایەتی پەرلەمان

پرەنسیپی تەوافوق کە پرۆسەی سیاسی لە دوای ٢٠٠٣ی لەسەر بنیاتنرا، وایکرد دووساڵ دواتر کورد پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار وەربگرێت وەکو بەشی پێکهاتەیەکی سەرەکی و قەرەبووکردنەوەی چەندین دەیە لە چەوساندنەوەو دوورخستنەوەو پەراوێزكەوتن کە کوردی عێراق رووبەڕووی بۆتەوە لە عێراقدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پۆستە باڵایە رەمزیە، بەڵام لە رووی دەسەڵاتەوە لاوازەو زیاتر بواری تەشریفاتیە بۆیە لە ئاستی تموحەکانی کورد نەبووە لە چارەسەرکردنی مەلەفە هاوبەشەکانی نێوان هەولێروبەغدا. پشکنەری واقیعی ئەم مەلەفانە ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە کێشەکان تەکنیکی ویاسایی رووتن و پێویستیان بە گونجاندنی یاسایی هەیە بۆ چارەسەرکردنیان، ئەمەش وا لەهەرێمی کوردستان دەکات کە زیاتر نزیک بێتەوە لە چارەسەرکردنی ئەو مەلەفە هەڵواسراوانەی لەگەڵ بەغدا هەیەتی. مەلەفێکی زۆری هەڵواسراو هەیە لەنێوان بەغداو هەرێمدا کە پێویستیان بە دانانی یاسا هەیە بۆ کۆتایهێنان بەو موناقەشەیەی کە لەبارەیانەوە هەیە، جا ئەمە لەسەر ئەو ناوچانەی کە رووبەڕووی گۆڕینی دیموگرافی و سیاسەتی تەعریب بوونەتەوە لە نێوان ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ٢٠٠٣ تا دەگاتە مەلەفی نەوت، سامانە سروشتیەکان و دەروازە سنوورییەکان، ئەمەش بە بەشە بودجەی هەرێم کۆتایی پێنایەت کە هەموو ساڵێک دێتەوە بەرباس و زیاتر لە یەک ملیۆن کارمەند لە مووچەکانیان لە ساڵانی رابردوودا بێبەشبوون. هەموو ئەم قەیرانانە و هی دیكەیش پێویستی بە کەسایەتیەکی کوردی هەیە کەبچێتە سەر کورسی سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەوڵی دانانی یاسا بدات کە ببێتە هۆی ئەوەی پێکهاتەی کوردی لە عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان مافە رەواکانی بەدەست بێنێت، بە بێئەوەی چاوەڕێی کەس بکات و فەزڵی بەسەردا بکەن لە بەدەستهێنانیان. دەستبەرداربوون لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار پەیوەستە بە رێککەوتنی سیاسی نێوان پارتە کوردیەکان کە وا دەردەکەوێت بە چاو پارتەکانی پێکهاتەکانی تر تێگەیشتنی زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت.

كۆتایی

ئەوەی لەم گوتارەدا روون دەبێتەوە ئەوەیە کە هەر جێگۆڕکێیەک لە پۆستی سەرۆکایەتیەکان ئەگەر رووبدات، هیچ نیە جگە لە سووڕانەوە بە دەوری پۆستەکانی سەری دەسەڵاتەکان لەگەڵ مانەوە لەسەر رێسای سیاسی، بە بێ ئەوەی بیانبەن بۆ نوێنەرایەتیکردنی پەرلەمانی داهاتوو. پرۆسەی پێدانی پۆستی سەرۆکایەتیەکان بۆ پێكهاتەکان بە پێی ئەوەی کە کوتلە سیاسیەکان لەسەری رێککەوتوون بەردەوامدەبێت بەم شێوەیەی ئێستا. بەو مانایەی پێدانی پۆستی سەرۆکایەتی لە دەسەڵاتدا بە عەرەبی سوننە جا چانسی هەڵبژاردنیان هەرچیەک بێت، هەر بەدەستی دێنن و ئەمە بۆ کوردو شیعەش بەهەمان شێوەیە. ئەگەر کورد بتوانێت پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەست بێنێت ئەوا رەنگە هەندێک دەسکەوت بەدەست بێنێت وچارەسەری کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بکات لەڕێگەی دەسەڵاتی یاسادانانەوە. لە بەرامبەریشدا ئەگەر هەندێک هێزی سووننی هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بدەن، کاریگەریەکی ئیجابی لەسەر ناوچە عەرەبیە سوننیەکان نابێت و بە تایبەتی کە گریمانەی پۆستێکی سیادی کردووە و بەئیجابی رەنگدانەوەی لەسەر واقیعی پێکهاتەکە نابێت، ئەمە ئەگەر رووبدات پێویستە لەلایەن سەرکردەیەکی سیاسیەوە بێت کە پێشتر تاقینەکرابێتەوە و هیچ پۆستێکی سیادی لە رابردوودا وەرنەگرتبێت. هەموو ئەم گۆڕانە گریمانەییەی باسمان کرد گرێدراوە بە رێککەوتنی سیاسی و لایەنە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە کاریگەرەکانی سەر بەشێکی بڕیاری سیاسی لە عێراقدا.  پرسیار ئەوەیە كە ئایا لایەنەکان رازین بەوەی کە سیاسیەکانی وڵات بۆ قۆناخی داهاتوو دەیانەوێت یاخود ”ڤیتۆ” لەسەر خواست وداخوازیەکانیان دادەنێن؟

Share this Post

شرۆڤە