شرۆڤە

بەغدا؛ گەڕانەوە بۆ 2006؟

17-06-2021


RRC |

یاسین تەها|

پاش چەندین قۆناغ لەبانگەشەی تێپەڕاندنی گرژییە تایفییەكان و لە سەروبەندی بانگەشەكردن بۆ هاوپەیمانێتی “بەرفراوان” و “سەروو تایفی” لە هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی تشرینی 2021، كەچی جارێكیتر دڵەخورتێ و تارمایی پێكدادانی مەزهەبی لەسەر بەئامانجگرتنی سیمبولە مەزهەبییەكان باڵی بەسەر شاری بەغدا كێشایەوە. گرژییەكانی ئەم هەفتەیە لەكۆمەڵێك بانگەشەی سەر سۆشیال میدیاوە هات كە یەكێكیان هاشتاگی “بڕوخێت بتی مەنسور” و ئەویتر بانگەشەبوو بۆ “رووخاندنی مەزاری ئەبو حەنیفە” بەوپێیەی كە ناكرێت دراوسێی “ئیمام كازم” بێت!

لە حەفتاكاندا حكومەتی بەعس، پەیكەرێكی وەك بەشێك لەكولتووری شار بۆ ئەبوجەعفەری مەنسور، دووەمین خەلیفەی عەباسی و دامەزرێنەری شاری بەغدا دروستكردووە، بەڵام لە دوای 2003 ، بەر تەقینەوە و توندوتیژییە تایفییەكان كەوت چونكە بە سیمبولێكی سوننە دەزانریت كە ئازاری ئیمامەكانی شیعەی داوە. ئێستاش كە لەدوای 2008وە نۆژەن كراوەتەوە، بووەتە مەكۆی گرژییەكی نوێی مەزهەبی. بەهەمانشێوەی مزگەوت و مەزاری ئەبو حەنیفە كە لەگەڕەكی ئەعزەمییەی دراوسێی كازمیەی شیعەنشینەو، یەكێكە لە بنكە و قەڵاكانی عەرەبی سوننە لە بەغدای پایتەخت.

هێزە نیزامییەكانی دەوڵەت شوورەیەكی قایمیان بۆ مزگەوتی ئەبو حەنیفە كرد، بەڵام حكومەت هیچ هەنگاوێكی پێ نەنرا بۆ لێپیچینەوە لەوانەی كە ئەم هەڕەشانەیان فڕێدایە سۆشیالمیدیا و هاشتاگیان بۆكرد. كۆمەڵێك لە پیاوانی ئاینی و ماقووڵانی شاری كازمیەی شیعەنیشن، بۆ دڵنەوایی و هاوهەڵوێستی لەگەڵ خەڵك چوونە گەڕەكی ئەعزەمییە. سەدرییەكان كە لە ساڵانی شەڕی تایفیدا زۆرترین ناویان دەهات، دژایەتی خۆیان بۆ ئەو بانگەشانە راگەیاندووە، بەڵام ئەمە هیچی لەو راستییە نەگۆڕی كە هەموو ئان و ساتێك بارودۆخی بەغدا لەبەردەم ئەگەری گەڕانەوەدایە بۆ سەروبەندی پێكدادانی تایفی هاوشێوەی ساڵانی (2006_ 2008) بەتایبەت كە هەڵبژاردنێكی جومگەیی لەبەردەرگایە و، دەكرێت گوتاری تایفی و پاڵەوانبازی مەزهەبی كەرەستەیەك و ریكلامێكی باش بێت بۆ زۆرێك لەو هێزە سیاسییانەی كە ئەمە ئاسانترین رێگەی كاركردنیانە.

دیدێك هەیە پێیوایە ئەوەی مەترسی پێكدادانی تایفی زیاتر دەكات، راستییەكە كە جومگە حوكمڕانە شیعە و سوننەكان لە 18 ساڵی رابردوودا پرۆژە و دەسكەوتی گەورەی ئەوتۆیان نییە بیكەنە هەوێنی بانگەشە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەمجارە، لە ئێستاشدا باری دارایی وڵات بەدۆخێكی دژواردا گوزەر دەكات چونكە، سەرباری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو 70 دۆلار، هێشتا عێراق 1.5 ملیار دینار كورتهێنانی مانگانەی هەیە (خەرجی 9 ترلیۆن و داهات 7.5 ترلیۆن دینارە _ دارایی پەرلەمان)، ئەو بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەش كە روویداوە، بەشی زۆری بۆ خەرجی بەكاربردن و هەڵكشانی ژمارەی فەرمانبەران دەڕوات، ئەمەش وادەكات كە سەقفی گفت و بەڵێنەكان بۆ چوارساڵی داهاتوو وەك جاران كراوە نەبن یان جێگەی بڕوای دەنگدەران نەبن. لەم دۆخەشدا ختوكەدانی هەستی تایفی و گەڕانەوە بۆ گرژییەكانی پەیوەست بە بیروباوەڕ و سروتی خەڵك، میكانیزم و رێگاچارەیەكی گونجاون بۆ ئەوانەی لە هونەری بانگەشە و سایكۆلۆژیای رووكەش بینانەی خەڵكی عێراق شارەزان.

لەپاش تێكشكاندنی داعش و هەڵبژاردنی (2018)، هەندێك هێزی سیاسی لەناو هەردوو پێكهاتەی شیعەو سوننە دروشمی “نیشتمانی بوون” یان بەرزكردەوە، هەندێكیشیان هەوڵیاندا بەر لە هەڵبژاردن هاوپەیمانێتی تێكەڵ دروستبكەن لە سێ پێكهاتە سەرەكییەكەی عێراق (شیعە، سوننە، كورد)، ئەمەشیان كردە مۆدێلی گوتاری نوێی هەڵبژاردن، بەڵام سەرجەم ئەم دروشمانە لەبەردەم تاقیكردنەوەی تۆماری لیست و هاوپەیمانێتییەكانی كۆمسیۆن ورد و خاش بوون. ئەوەتا لەو 44 هاوپەیمانێتییەی كە لە هەناوی 267 حیزبی سیاسییەوە لەدایكبوون، هیچیان سوپرایزی گەورەیان لە تێپەڕاندنی تایفەگەری تێدا نییە و، هەر وەك جاران كێبركێ و دابەشبوون لەنێوان پێكهاتەكان خۆیاندایە. لەنمونەی دابەشبوونی شیعە بۆ چوار هاوپەیمانێتی دیار و سەرەكی (سەدر، فەتح، حەكیم _ عەبادی، مالیكی) سوننەكانیش بەسەر هاوپەیمانێتی سەركردەكانی (خەنجەر و حەلبوسی و نوجێفی) و هەندێ وردە هاوپەیمانێتیتر، هێزە كوردییەكانیش بەهەمانشێوە و سەرجەمیان بەنیازن پاش هەڵبژاردن وەك جاران هاوپەیمانێتی دابەشكردنی پلەو پۆستەكان لەگەڵ هاوتا شیعە و سوننەكانیاندا بكەن و هیچیان بەر لەهەڵبژاردن لەگەڵیاندا ئاوێتە نەبوون.

هەرچەندە لەئێستادا مشتومڕی سەری پەیكەرەكەی مەنسور و ئاشوبی هەڕەشەكردن لەمزگەوتی ئەبو حەنیفە كپ كراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ گەرمبوونی تای هەڵبژاردندا ئەم جۆرە بەریەككەوتن و گرژییانە تەنها لەنێوان شیعە و سوننەدا نامێنن و ئەگەری زۆریش هەیە پەلبكێشن بۆ دەمەقاڵەی هەردوو پێكهاتەی كورد و عەرەبیش بەتایبەت لەناوچەی جێناكۆك كە كێشەی كەڵەكەبووی زۆری تێدایە و، ئەمەش یەكێكە لە ویستگە چاوەڕوانكراوەكەی هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكەی تشرین كە بەشی زۆری هێزە مەدەنی و عەلمانییەكانی شیعە بایكۆتیان كردووە و گۆڕەپانیان بۆ هێزە كۆنەكانیان چۆڵتر كردووە.

Share this Post

شرۆڤە