شرۆڤە

لێكەوتەی هەڵبژاردنی رەئیسی لەسەر دۆسییەكانی عێراق

24-06-2021


RRC |

یاسین تەها|

وەك چاوەڕوان دەكرا ئیبراهیم رەئیسی بوو بە سەرۆككۆماری سیازدەیەمین خولی سەرۆكایەتی ئێران، بەمەش پارێزگارە “راستڕەوەكان” لەتاران، لەپاش پەرلەمان، دەسەڵاتی جێبەجێكردنیشیان گێڕایەوە بۆ خۆیان. ئەو هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەی رێگای بۆ رەئیسی كردەوە، جێگەی گرنگیدان و چاودێریكردنی زۆر نەبوو لە ناوەندە سیاسی و میدیاییە نائێرانییەكانی عێراق. هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بۆچوونە زاڵەی کە پێیوایە، دۆسیەی عێراق لەدەستی فەیلەقی قودس و سوپای پاسدارانە و ئەم یەكلابوونەوەیەش لەتاران هیچێكی ئەتۆ لە هەنگاوەكانی ئێران لەناو عێراق ناگۆڕێت.

كۆماری ئیسلامی ئێران، جگە لە ئامادەیی مەزهەبی و كولتووری و ئەمنی بەتایبەت لەرێگەی گروپە وەلائییەكان و بەرەی “موقاوەمەی ئیسلامی” ییەوە، زۆرترین ئامادەیی دیبلۆماسیشی هەیە لە عێراق؛ جگە لە باڵیۆزخانەی بەغدا، لەشارەكانی بەسرە، نەجەف، كەربەلا، هەولێر و سلێمانی كونسوڵخانەی هەیە، بەڵام ئەم پێگە دیبلۆماسیانەش بەڕواڵەت سەر بەوەزارەتی دەرەوەبوون كە دوو خولی رابردوو زەریف و رۆحانی ئیدارەیان كردووە، لەبری ئەوەش راستەوخۆ پەیوەستن بەهەناوی سوپای پاسداران و بەبڕیاری ئێرانی شۆڕشەوە كە هاوتای ئێرانی دەوڵەتە. لەدوای 2003 سەرجەم ئەو باڵیۆزانەی نوێنەرایەتی ئێرانیان كردووە لە عێراق (كازمی قومی، حەسەن دانایی فه‌ڕ، ئیره‌ج مه‌سجیدی) رۆڵەی سوپا بوون و باكگراوەندێكی سوپاییان هەیە، دواترینیان كە ئێستا دەستبەكارە (ئیرەج مەسجیدی) راوێژکارێکی نزیكی قاسمی سولەیمانی بووە، لەبەر ئەمەش باوەڕێكی زاڵ هەیە کە رۆیشتنی حكومەتی رۆحانی و پاشەكشەی ریفۆرخوازە ئێرانییەكان تەنها لادانی ماسكە لەسەر لەسەر ناواخنێك كە ساڵانێكە بەرقەرارە و روونە ئاراستەكانی بەرەوكوێ دەڕوات بەتایبەت كە رەئیسی لە گوتارەكانی دەستبەكاربوونیدا نەیشاردەوە ئەو لەسەر ڕێبازی خومەینی و رێبازی قاسم سولەیمانی دەڕوات.

لەگەڵ ئەمەشدا رایەكی عێراقی هەیە پێیوایە، پێویستە لەگەڵ هاتی رەئیسیدا گۆڕانێكی هاوشێوەش لە عێراق ڕووبدات، بەو پێیەی ئەم حكومەتەی كە ئێستا مستەفا كازمی سەرۆكایەتی دەكات، ماسك و رووكاری دەسەڵاتێكە كە قوڵاییە بڕیار بەدەستەكەی حەشدی شەعبییە، لە دۆسیە هەستیارەكانیشدا سەرەنجام قسە قسەی ئەوانە. ئەم بۆچوونە پێیوایە باشترە قەیس خەزعەلی (عەسایب)، ئەكرەم كەعبی (نوجەبا) و هادی عامری (بەدر) و هاوشێوەكانیان (كەتیبەكانی حیزبوڵڵا بە نمونە) كاندیدێك پێشكەش بكەن بۆ سەرۆكایەتی وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی وەك ئێران خاوەن دەسەڵاتی راستەقینە خۆی بێتە رووكار و هەرخۆشی بەرپرسیارێتی هەڵگرێت، بەڵام ئەم بۆچوونە ئەوەی لەبەرچاو نەگرتووە، هەرچەندە ئێران و باڵەكانی لە عێراقدا باڵادەست بن، هێشتا عێراق تەنها بەوان بەڕێوە ناڕوات، چونكە هێشتا فرۆشی نەوتی عێراق دەچێتە بانكەكانی ئەمریكا، هێزی زۆری هاوپەیمانان و راوێژكارەكانیان بۆ شەڕی داعش لە بنكەو بارەگای خۆیاندان لە چەند ناوچەیەكی عێراق، بۆ یارمەتیدانی ئابووری و دۆخی كۆرۆنا و راوێژكردن، عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو پشت بە ناوەندە ئابووری و داراییە نێودەوڵەتی و رۆژئاواییەكان دەبەستێت، لەسایەی سەرۆكوەزیرانێكی حەشدیشدا، هیچ دوور نییە، بەغدا بەدەردی سەنعای پایتەختی یەمەن بچێت، بەرچاوترین نمونەش لەمڕووەوە، ئەزموونی حوسییە گەمارۆدراوەكانە، بۆیە رەنگە ئەم تێزە لەلایەن ناوەندی بڕیاری ئێرانییشەوە پەسەند نەبێت بەوپێیەی تاران بەغدایەكی دەوێت ببێتە پردی گەیاندنی بە ئامانجە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەكانی نەك هاوشێوەی خۆی بكەوێتە داوای گەمارۆكان.

دانیشتنی رەئیسی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی كۆمار جێگای خۆشحاڵی هێزە پڕۆ ئێرانییەكانی شیعەی عێراق و لوبنانە، میدیا و سەكۆ ئەلیكترۆنییەكانیان شاگەشكەن پێی بەوپێیەی وێنەی بچوككراوەیە لە وەلی فەقیهی ئێران و زۆر شتی لە خامنەیی دەچێت، بەڵام ئەم پێشهاتە جێگای نیگەرانی و دڵەخورتێیە بۆ كەسێكی وەك موقتەدا سەدر كە هۆشداری ئەوە دەدات نەكا هاتنی رەئیسی ببێتە هاندانی “توندڕەوی لەناوچەكە” و لەمبارەیەشەوە پەیامێكی لە رێگای تویتەرەوە بۆ تاران و ڕیاز هەنارد، نەك هەر ئەوە بەڵكە مەترسی ئەوەش هەیە هاتنی ڕەئیسی ببێتە هۆی بووژانەوەی شەپۆلی هێزە پەڕگیرە شیعەكان، بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە كەم ناكاتەوە كە ئێستا رووە دەوڵەتییەكەی ئێران ئەگەر گفت و بەڵێن و رێككەوتنێك بكات لەگەڵ بەغدا یان لەگەڵ هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان، ئەوە لەمەولا لەدەرگاو لەرێگەی نوێنەر و پەسەندكراوی متمانەپێكراوی عەلی خامنەییەوە دەبێت كە ئیبراهیم رەئیسییە، لەبری كەناڵە نهێنی و پشت پەردەكانی سوپای پاسداران، ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو گفت و بەڵێن و پەیماننامانەش زۆر زیاتر دەبێت لەجاران.

Share this Post

شرۆڤە