شرۆڤە

خەون و واقیع لە لوتكە سێقۆڵییەكەی بەغدا

01-07-2021


RRC |

یاسین تەها|

لەدوای سەردانە مێژوییەكەی پاپا بۆ عێراق لە بەهاری رابردوو، حكومەتی عێراق، مەراسیمێكی گەورەی بۆ پێشوازی بۆ عەبدلفەتاح سیسی سەرۆككۆماری میسر و شا عەبدوڵڵای پادشای ئوردن لە بەغدا رێكخست. ئەم لوتكە سێقۆڵییە كە بەشێوەیەكی بەرفراوان چاوی میدیای ناوخۆیی و دەرەكیی چووە سەر، چەند ناوێكی تری نافەرمی لێنراوە “رۆژهەڵاتی نوێ”، “شامی نوێ”، كە بەشێوەیەكی گشتی دەرگا دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەگەر كرا سوریا و لوبنانیش بگرێتە خۆی كە ئێستا گیرۆدەی كێشەی جۆراوجۆرن و لە دابڕانێكی گەورەدا دەژین.

ئەم پرۆژە ئابووری و گردبوونەوە سیاسییە هەرێمایەتییە، زیاتر لە هیوایەكی هێزە شیعە عێراقییە میانڕەوەكان و هەندێك لە هاوپەیمانە سوننەكانیان دەچێت بۆ بڕێک دووركەوتنەوە لە هەژموونی ئێران و توركیا بەئاراستەی ئوردن و میسر. هەردوو وڵاتە عەرەبییەكەش بۆ عێراق، لەلایەک وەك دەروازەیەكن بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست و تەواوكەری هەندێك لەپێداویستییەكانی عێراقن و لەلاكەیتر، بەوپێیەی کە میسر هەندێ شارەزایی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی هەیە و بەهۆی سامانی گازی سروشتیشەوە یەكێكە لەسەرچاوەكانی وزەی كارەبا لە ناوچەكە، دەتوانێت بۆ عێراق گرنگ بێت.

دەرەنجامە تیۆرییەكانی هاریكارییە سێقۆڵییەكەی عێراق لەگەڵ میسر و ئوردن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە پەیوەستبوونی هێلی كارەبا و فرۆشتن و پاڵاوتنی نەوت و ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئەزموونەوە هەیە لەڕووی هەواڵگری و هەروەها ئابوورییەوە، لە ئێستادا بۆ عێراق گرنگن. لەڕووی سیاسیشەوە دەرفەت و چانس و بژاردەیەكی نوێن، بەڵام لەڕووی كردارییەوە لەمپەر و رێگریی زۆریان لەبەردەمدایە، لەوانەش نەبوونی ئۆقرەیی سیاسی و شلۆقی دۆخی حكومەت لە عێراق كە ئەوەی ئێستا (كازمی) كاتی و راگوزەرە و تەمەنی حكومەتی پێش ئەویش تەنیا ساڵێك بڕی كرد.

بیرۆكەی پرۆژەكە لەوەدا كورت دەبێتەوە كە سامانی نەوتی عێراق و هێزی مرۆیی میسر و پێگه‌ی جیۆپۆله‌تیكی ئوردن ببنە تەواكەری یەكتر. بەڵام كاردانەوەی عێراقییەكان لە میدیا و سۆشیالمیدیا، بایی ئەوە ئاماژەی تێدابوو كە بە دردۆنگی و گومانەوە لەم هەنگاوە دەڕوانن. بەوپێیەی میسر و ئوردن خاوەن ئابوورییەكی قەرزار و داتەپیون و ناتوانن شتێكی ئەوتۆ پێشكەش بە عێراق بكەن، جگە لەم لێكدانەوەی زەرەر و قازانجە، لەمپەری دیكەی سیاسی لەبەردەم پڕۆژەكەدا هەن، چونكە عێراقی ئێستا جیایە لە عێراقی سەردەمی “ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو” كە سەدام حسێن و شا حوسێن و موبارەك و عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، لە كۆتایی هەشتاكاندا پێكیانهێنا و لە گرتنی كوەیتدا كۆتاییهات. هەر بەم هۆیەشەوە زۆرینەی شیعەی عێراق كە باڵادەستن بەگومانن لە مرازی وڵاتانی سوننە بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل باشە. هێشتا ئەوەشیان بیرنەچووە لەدوای 2003 ساڵانێكی زۆر ئەو وڵاتانە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراقیان كرد چونكە پاش هەشتا ساڵ لەمێژووی سیاسی و حوكمڕانی لە عێراق جڵەوی كەوتە دەست هێزە سیاسییەكانی شیعە.

جگە لە لەمپەرە ناوخۆییەكان، تەحەدای گەورەی لوتكەی سێقۆڵی هەردوو دەوڵەتی دراوسێی عێراقن لە رۆژهەڵات و باكوورەوە؛ ئێران و توركیا. عێراق رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێ جا، گازی سروشتی لە ئێران هاوردە دەكات بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، لەكاتێكدا گازە سروشتییەكەی خۆی كە لەگەڵ دەرهێنانی نەوتدایە، بەفیرۆ دەڕوات و بەبێ كەڵك وەرگرتن لە هەوادا دەسووتێت. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازگانی نێوان عێراق و توركیاش ساڵانە 20 ملیار دۆلارە و توركیا پلان و هەوڵی هەیە بەرزی بكاتەوە بۆ 50 ملیار، ئەمە جگە لەوەی بەهۆی بەندەری جەیهانەوە رێگەی هەناردەكردنی نەوتی عێراقە، ئەمانەش لەمپەرن بۆ ئەوەی ئەم دوو دەوڵەتە رازی بن عێراق لەڕووی ئابوورییەوە جێگرەوەیتر بدۆزێتەوە. بەتایبەت ئەگەر ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كە ئێران و توركیا زیاتر لەكارت و بژاردەیەكیان هەیە لە عێراقدا ( نفوزی ئەمنی و باڵی سەربازی و دۆسیەی ئاو و… هتد)، بەپێچەوانەی میسر و ئوردنەوە كە لەئێستادا كاریگەریی ئەوتۆیان نییە و بەپێچەوانەشەوە وەك سوودمەند و بار بەسەر ئابووری عێراقەوە تەماشا دەكرێن.

هەرچەندە ئەم هەنگاوەی كازمی زیندووكردنەوەی خەونێكی سەردەمی عەبادی و شۆیەكی سیاسی و دیبلۆماسی گەورەبوو بۆ كابینەكەی، بەڵام وادیارە لە رۆژانی داهاتوودا دەبێتە هەوێنی مشتومڕ و ناكۆكی ناوخۆیی، بەتایبەت پاش ئەوەی بەوە تۆمەتباركرا كە ئامانج لێی لەباربردنی رێككەوتننامەی ستراتیژیی عێراق و چینە كە هی سەردەمی عەبدولمەهدییە و، هەمیشە لەلایەن هێزە شیعەكانەوە وەك فریادڕەستی ئابووری عێراق وێنا دەكرێت بەم هۆیەشەوە دوور نییە ئەم پڕۆژەیەش بەدەردی هەوڵی وەبەرهێنانی سعودیە لە ملیۆنەها دۆنم زەوی عێراقدا بچێت بۆ كشتوكاڵ كە بەبیانوی زیانگەیاندن بە ئاوی ژێرزەوی عێراق هەندێ لە هێزە شیعە باڵادەستەكان لەباریان برد.

Share this Post

شرۆڤە