شرۆڤە

ناڕەزایی ئاو لە ئێران

24-07-2021


 

RRC|

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

ناڕەزایی خەڵكی خوزستان لە ئێران بەهۆی كەمئاوی، لەم رۆژانەدا كە پلەی گەرما لەوێ، خۆی لە قەرەی 47 – 48 پلە دەدات، رۆژەڤی تارانی داگرتووە. ئێران لە چاو چەند ساڵێ پێش ئێستا، لە سیاسەتی دەرەوەیدا تۆزێك داشی سوارە. لە دانوستاندن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی پەلە ناكات و، داوای لابردنی گەمارۆكان دەكات. بەشێك لە ركابەرە ناوچەییەكانیشی، دەیانەوێ گرژییەكانیان لەگەڵی كەمبكەنەوە. هەڵبەت دۆخی سیاسەتی ناوخۆی وانییە و رووبەڕووی یەكێك لە گرنگترین قەیرانەكانی خۆی بووەتەوە؛ ئەویش ناڕەزایی جەماوەرییە!

رووداوەكە چییە؟

ناڕەزایی خوزستانییەكان لە دەست كەمئاوی، بۆ دوو پارێزگای ئیسفەهان و لوڕستانیش پەرەی سەند و چەند شوێنیكی جیاجیای گرتەوە. هیومان رایتس وۆچ باسی كوژرانی 3 خۆپیشاندەری كردووە[1] و، هەندێك سەرچاوەی دیكەش ئەو ژمارەیە بۆ 7 بەرزدەكەنەوە.[2]

ژمارەیەك لە پەرلەمانتارەكانی ئەو پارێزگایە رەخنەیان لە حكومەت و پەرلەمان گرتووە كە خەمی دۆخی خوزستان ناخۆن و ئایەتوڵڵا محەممەد حوسێن ئەحمەدی شاهروودی، نوێنەری ئەوێ لە ئەنجوومەنی شارەزایانی رابەری، رەخنەی لە كەمتەرخەمیی نووسینگەی رابەری ئێران، سەرۆككۆمار و وەزارەتی وزەش گرتووە و گوتوویەتی “بەداخەوە گوێیان لێنەگرتین”[3].

خوزستان لەجیاتی دانەیەك، 4 رووباری گەورە و بچووكی بە ناوەكانی (كارون، مارون، دز و كەرخە) هەیە و بەپێی هەندێك لە ئامارەكانیش، “33%ی ئاوە سەرزەوینییەكانی ئێران لەوێیە”[4]، بەڵام ئێستا كەمئاوە!

ناڕازییەكان دەڵێن، پڕۆژەكانی حكومەت بۆ گواستنەوەی ئاوی رووبارەكانی خوزستان بۆ پارێزگا ناوەندییەكانی ئێران، بنج و بناوانی ئەو كەمئاوییەی دروستكردووە و، هەندیك لە بەرپرسانی حكومەتیش دەڵێن بەفیڕۆدانی ئاو كیشەكەی دروستكردووە. ساڵی 2019، ناوەندی لێكۆڵینەوەكانی پەرلەمانی ئێران، پێشبینی كردبوو كە 80%ی خەڵكی ئێران تووشی گرفتی كەمئاوی ببنەوە.[5] لەوێشدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە ناوچەی ئاویی نێوەڕاستی ئێران، كە پارێزگاكان وەك: ئیسفەهان، كرمان، یەزد و خۆراسانی جنوبیش دەگرێتەوە، كەمئاوترین ناوچەن. ماوەی چەندین ساڵیشە پڕۆژەی جیاجیا بۆ گۆڕینی رێڕەوی ئاوی ناوچەكانی رۆژئاوای ئێران لە ئارادایە. ئەمساڵ حەسەن رۆحانی پڕۆژەیەكی گواستنەوەی ئاوی دەریا بۆ سەحرای كردووە كە ئامانج لێی، گواستنەوەی ئاوی شیرینكراوی خەلیج و دەریای عومانە بۆ پاریزگاكانی نێوەڕاست، سیستان و بەلوچستان. لە سەر لقەكانی رووباری كارونی خوزستان كە چەند پارێزگایەكی دیكەوە دێن، چەندین بەنداو دروستكراون و لەڕێی تونێل و كەناڵەوە، ئاو بۆ پارێزگاكانی نێوەڕاست براوە. لانیكەم باسی پڕۆژەی 9 بەنداو لەسەر لقەكانی كارون دەكرێن كە لە هەرسێ پارێزگای لورستان، مەركەزی و چوارمەهاڵ و بەختیارییەوە دەڕژێتە ناو خوزستان كە هەندێكیان كەوتوونەتە كار و ئەمەش خەڵكی تووڕە كردووە. نەك تەنیا خەڵكی ئاسایی، بەڵكو ئەمە مشتومڕێكی لەنێوان پەرلەمانتارانی خوزستان و پارێزگایەكی وەك ئیسفەهانیش دروستكردووە كە ئاوی بۆ براوە. ساڵی 2019، 19 پەرلەمانتاری ئیسفەهان لە دژی لابردنی پارەی دانراو بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی گواستنەوەی ئاوی لقەكانی رووباری كارون بۆ پارێزگاكەیان و زیندووكردنەوەی رووباری زایەندەڕوود، دەستیان لەكاركێشایەوە تاوەكو حكومەت ناچاربێت ئەو پارەیە تەرخانبكات و ئەویش كردی.[6] نوێنەرانی خوزستانیش لەكاتی گوتاری رۆحانیدا ناڕەزاییان دەربڕی و دواتریش لەگەڵ نوێنەرانی چوارمەهاڵ و بەختیاری لەگەڵ جێگری سەرككۆمار كۆبوونەوە.

بۆیە ئەم بابەتە پۆتانسییەلی ئەوەی تیَدایە كە لە رووداویكی ئیدارییەوە بۆ پرسیَكی سیاسی بگوازرێتەوە. جیاوازیی ئیتنی نێوان ئەو پاریزگایانەی كە ئاویان لێبڕاوە، لەگەڵ ئەوانەی كە ئاویان بۆ براوە، وایكردووە كە بەرپرسانی پلەیەكی تاران، كە زۆریان خەڵكی ناوچەكانی نێوەڕاست و باكووری ئەو وڵاتەن وەك خۆراسان و سمنان و یەزد و ئیسفەهان و …، خەمی ئەوەیان بێت كە نەوەك ئەو ناڕەزاییانە قەڵشە ئەتنی و نەتەوەییەكان زیاتر بكات.

هەڵبەت سیاسەتی گلدانەوە و گواستنەوەی رێڕەوی ئاو لەئێران، تەنیا پرسێكی سیاسی نێوخۆیی دروستنەكردووە، بەڵكو بابەتیكی بۆ پەیوەندییەكانی عێراق و ئێرانیش دروستكردووە كە دەشیَ لە داهاتوودا زیاتر ببێتە رۆژەڤ. چونكە دروستكردنی بەنداو لەسەر لقەكانی سیروان و زاب كێشەی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراقیش دروستكردووە.

نارەزاییەكی زیاتر لە ئاو

لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا ئەمە سێیەمین خۆپیشاندانی گەورەی خوزستانییەكانە كە لە ئێران كردبێتیان. ساڵی 2011 دژی نامەی بەرپرسێكی تاران لەبارەی گۆڕینی دیموگرافیای پارێزگاكە خۆپیشاندان كرا كە تووندووتیژیی تێكەوت. ساڵی 2018یش هەرلە سەر ئاو خەڵك هاتنە سەرجادە و لە 2021یشدا دووبارە بووەوە.

مەحموود ئەحمەد نەژاد سەرككۆماری پێشووتری ئێران، تازەیی باسی ئەوەی كردووە كە كاتی خۆی “ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، لە ترسی ئەوەی كە نەوەك شەڕیَكی دیكە رووبدات، گەشەپێدانی خوزستانی بەتایبەتی لە رۆژئاوای كارون راگرتووە، كاتێك خۆی بووەتە سەرۆككۆمار، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندووەتەوە.” [7] گوتەكانی ئەحمەدی نەژاد هەر ئامانجێكیان هەبێت، دەتوانن ئەوە دەرخەن كە چۆن روانگەیەكی ئەمنی و سوپایی، كاریگەری لەسەر گوزەرانی رۆژانەی خەڵك داناوە. قاسمی سولەیمانی دەشتەكی پاریزگای خوزستان گوتوویەتی، لە ئامارەكاندا رێژەی بێكاری لە خوزستان بە 14.5% دیارە بەڵام لە هەندێك شوێندا لە سەرەوەی 40%-45% دایە. خوزستان دۆخێكی هاوشێوەی بەسرەی عێراقی هەیە. نەوتی زۆرە و خزمەتگوزاریی كەمە. زیاتر لە 50%ی یەدەگی نەوتی ئێران لەوێیە[8]، بەڵام كەمئاوی و بێ كارەبایی و بێكاری تینی بە دانیشتووانەكەی هەڵچنیوە كە دەشێ پرسی هاوبەشبێت لەگەڵ بەشێكی زۆری ناوچەكانی دیكەی ئێرانیش.

 

 زیادبوونی ناڕەزایی جەماوەری

 

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ناڕەزایی جەماوەری، لە بەشی باشووری گۆی زەوی و لەو وڵاتانەی بەینیان لەگەڵ دیموكراسی باش نییە، زیادی كردووە. لە 12 مانگی ساڵی 2019دا، لانیكەم 50 خۆپیشاندانی گەورە و بچووك روویانداوە، ئەم ژمارەیە لە 11 مانگی ساڵی 2020دا گەیشتووەتە 77.[9] لەنێو 16 خۆپیشاندانی هەرەگرنگ كە لە ئەمریكای لاتینەوە بگرە تاوەكو ئاسیا كراون،[10] بێجگە لە 4 دانە كە هۆكارەكان زیاتر سیاسی بوون، ئەوانیدیكە زیاتر هۆكاری ئابووری و دژایەتی گەندەڵی و ناعەدالەتی و داوای ریفۆرم، پاڵنەرە سەرەكییەكانی خۆپیشاندان بوون. خەڵكی دنیا ئیدی زیاتر لە جاران دژی حكومەتەكانیان دەردەكەوێت و ئێرانیش لەمە بەدەر نییە.

لە ماوەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێراندا، بەمەی ئەمجارەی خوزستانەوە، لانیكەم 12 خۆپیشاندانی گرنگ دەركەوتوون. هەرجار حكومەت سەركوتیكردووە، بەڵام هەرچی چووە ماوەی نێوان خۆپیشاندانەكان كەمتر بووە، هەروەها بەشداریی خەڵك زیاتر بووە. بیجگە لەوە، تووندووتیژی زیاتریشی تێكەوتووە. دەتوانین بێژین بێجگە لە رووداوەكانی ساڵی 1981، ناڕەزایی فراوان تاوەكو كاتی خۆپیشاندانەكەی خوێندكاران لە تاران و تەورێز لە ساڵی 1999،كە دژی داخستنی رۆژنامەی سەلام كردیان، شتێكی گەورە رووینەدا، بەڵام رووداوەكانی دە ساڵ دواتر، رێیان خۆشكرد بۆ زنجیرەیەك خۆپیشاندان كە هەرچی چوو ماوەی نێوانیان كەمتر بوو. ساڵی 2009 لە دژی ئەنجامی راگەیێندراوی هەڵبژاردن خەڵكانێكی زۆر لە سەرتاسەری ئێران دەركەوتنە سەرجادە و لە ئەنجامدا بەپێی كەمترین ژمارەكانیش بێت، لانیكەم 30 كەس كوژران و نزیكەی 4000كەسیش گیران. لە 2011، ناڕەزاییەك لە دژی دەستكاریكردنی دیموگرافیا لە خوزستان دەركەوت كە تێیدا 27 كەس كوژران. لە 2011 و 2012دا شەپۆلی بەهاری عەرەبی، كاریگەرییەكی سنورداری لەسەر ئێران دانا، بەڵام حكومەت توانیی كۆنترۆڵی بكات. لەوەشدا لانیكەم، 3 كەس كوژران و زیاتر لە 90 كەس بریندار بوون و نزیكەی 1500 كەسیش گیران. لە 2017 -2018دا ناڕەزایی لەدەست گرانی تەشەنەی كرد و لە ئەنجامدا، 22كەس گیانی لەدەستدا و نزیكەی 3700 كەسیش گیران. لە 2018، ناڕەزاییەكی ئاو لە خوزستان دەركەوت. 4 كەس كوژرا و 21ی دیكە برینداربوون و 10 كەسیش لەسەری گیران. دوای ئاو، ناڕەزایی بەنزین لە 2019 هات كە ئەوانەی كەمترین ژمارەی كوژارەكان دەڵیَن، باسی 300 و ئەوانەشی زۆرترین دەڵێن، باسی كوژرانی 1500 خۆپیشاندەر دەكەن و دەڵێن نزیكەی 7000كەسیش گیران. لە 2019دا ناڕەزایی لەسەر گرتنی مەلایەكی سوننە لە بەلوچستان دەركەوت كە تێیدا 6كەس برینداربوون. لە 2020دا ناڕەزایی لەسەر خستنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە دەركەوت و، لەسەر ئەوەش 30 كەسێك گیران. 2021 لە بەلوچستان لەسەر كوژرانی چەند كەسێك لەوانەی لە سنوور قاچاخی دەكەن، ناڕەزایی دەركەوت و لە ئەنجامدا 27كەس كوژرا، 50 برینداربوون و 3كەسیش گیران.

كۆتایی

بەگشتی دەتوانین بێژین بەمەی خوزستانەوە، ئەمە 5 ساڵە كە لە ئێران بە دوای یەكدا خۆپیشاندان دەكرێت. ناڕەزاییەكان خێرا بڵاو دەبنەوە. بابەتی ناڕەزاییەكانیش تەنیا سیاسی نین، بابەتی ئابووری و تەنانەت پرسی مەزهەبی و نەتەوەییش لە گۆڕێدایە. وەك ئەوانەی 1981 و 1999 نین كە زیاتر پرسی ئازادی و سیاسی هەبن و پێویستی بە حیزبێكی سیاسی هەبێت تاوەكو رێكیان بخات. خۆپیشاندان لەسەر ئاو دەتوانێ یەكسەر بۆ داوایەكی سیاسی بگۆڕێت. ناڕەزایی لەسەر بەنزین و گرانیی دەتوانێت بۆ ناڕەزایی لە سیاسەتی تاران لە فەلەسیتن و لوبنانیش بگۆڕێت. سنووری نێوان هۆكارە سیاسی و ناسیاسییەكانی خۆپیشاندان كەمڕەنگ بووە. بۆیە ئەوەی خوزستان لەسەر ئاوە هەروەها لە ئاویش زیاترە. ئێران لەوانەیە بتوانێت سەركوتی بكات وەك ئەوانیدیكە، بەڵام هیچ گەرەنتییەكی نییە كە لە شوێنێكی دیكەوە ناڕەزایی دەرنەكەوێت. چونكە بابەتەكان بۆ ناڕەزایی لە جاران زۆرترن. پێدەچێت تائێستا ئێران توانیبیتی لە بابەتەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەم قۆناخەدا هەڵبكات، بەڵام بۆ دۆخی ناوخۆ كیشەی ئەو ناڕەزاییانەی هەیە. سەرئەنجام ئەزموونی 5 ساڵی رابردووی دەریدەخات كە، چەندەی حكومەت بە كۆنترۆڵكردنی خۆپیشاندانەكان راهاتبێت، بەو ئەندازەیەش، زاتی خەڵكی لە حكومەت شكاوە!

 

[1] – https://www.hrw.org/news/2021/07/22/iran-deadly-response-water-protests

[2] – https://www.independentpersian.com/node/164011/%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-%D9%88-%D8%A7%D8%AC%D8%AA%D9%85%D8%A7%D8%B9%DB%8C/%D9%81%D8%B6%D8%A7%DB%8C-%D8%B3%D9%86%DA%AF%DB%8C%D9%86-%D8%A7%D9%85%D9%86%DB%8C%D8%AA%DB%8C-%D8%AF%D8%B1-%D8%AE%D9%88%D8%B2%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86%D8%8C-%D8%AE%D8%B7-%D9%88-%D9%86%D8%B4%D8%A7%D9%86-%D9%85%D8%B3%D8%A6%D9%88%D9%84%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D9%85%D8%B9%D8%AA%D8%B1%D8%B6%D8%A7%D9%86

[3]https://www.aa.com.tr/fa/%D8%A7%DB%8C%D8%B1%D8%A7%D9%86/%D8%A7%D8%B9%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D8%B6%D8%A7%D8%AA-%D8%AF%D8%B1-%D8%AE%D9%88%D8%B2%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D9%82%D8%A7%D8%AF-%D9%86%D9%85%D8%A7%DB%8C%D9%86%D8%AF%D9%87-%D8%AE%D9%88%D8%B2%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D8%B2-%D8%B1%D9%88%D8%AD%D8%A7%D9%86%DB%8C-%D9%88-%D9%82%D8%A7%D9%84%DB%8C%D8%A8%D8%A7%D9%81/2308467

[4] – https://www.mpo-kz.ir/content/uploads/2019/07/%DA%AF%D8%B2%D8%A7%D8%B1%D8%B4-%D9%85%D9%86%D8%A7%D8%A8%D8%B9-%D8%B7%D8%A8%DB%8C%D8%B9%DB%8C-%D9%85%D9%86%D8%A7%D8%A8%D8%B9-%D8%A2%D8%A8-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%AC%D9%84%D8%AF-%D9%87%D9%81%D8%AA%D9%85.pdf

[5] – https://rc.majlis.ir/fa/news/show/1097109

[6] – https://www.mardomsalari.ir/report/100902/%D9%85%D8%A7%D8%AC%D8%B1%D8%A7%DB%8C-%D9%85%D8%B5%D9%88%D8%A8%D9%87-%D8%AC%D9%86%D8%AC%D8%A7%D9%84%DB%8C-%D8%A7%D9%86%D8%AA%D9%82%D8%A7%D9%84-%D8%A2%D8%A8-%DA%A9%D8%A7%D8%B1%D9%88%D9%86-%D8%A7%D8%B5%D9%81%D9%87%D8%A7%D9%86-%DA%86%DB%8C%D8%B3%D8%AA

[7] – https://www.independentpersian.com/node/163166/%D8%B3%DB%8C%D8%A7%D8%B3%DB%8C-%D9%88-%D8%A7%D8%AC%D8%AA%D9%85%D8%A7%D8%B9%DB%8C/%D9%88%D8%A7%DA%A9%D9%86%D8%B4-%D8%A7%D8%AD%D9%85%D8%AF%DB%8C%E2%80%8C%D9%86%DA%98%D8%A7%D8%AF-%D8%A8%D9%87-%D8%A7%D8%B9%D8%AA%25

[8] – https://www.eia.gov/international/content/analysis/countries_long/Iran/background.htm

[9] -https://carnegieendowment.org/2020/12/21/worldwide-protests-in-2020-year-in-review-pub-83445

[10] https://www.voanews.com/americas/global-protests-2019-demonstrators-around-world-demand-reform

Share this Post

شرۆڤە