شرۆڤە

كابینەی نوێ لە ئێران؛ كۆكردنەوەی هێز لە دەستی بناژۆخوازان

04-09-2021


 

RRC|

کاردۆ بینەر|

پەرلەمانی ئێران لە رۆژانی رابردوودا تەنیا متمانەی بە بەربژێری وەزارەتی پەروەردە نەبەخشی، ئەمەش بە واتای قبووڵکردنی ١٨ وەزیری بەربژێرکراوی دیکەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری نوێی وڵاتی ئێرانە. وەزیرەکان بە فەرمی دەست بە کار بوون و ئەمەش بە مانای کۆتاییهاتنی چالاکیی ٨ ساڵەی حكومەتی حەسەن رۆحانییە. بەڵام ئەمە تەنیا کۆتاییەک بۆ دەوڵەتی میانەڕۆی رۆحانی نییە! بەگوێڕەی ئاڵوگۆڕی پلە و پۆستە هەڵبژێردراو و دەستنیشانکراوەکان، و دەستبەسەرداگرتنی سێ هێزی سەرەکیی دەسەڵات، بە کردەوە ئەمە سەرەتایەکە بۆ دەستپێکی یەکپارچەکردنی دەسەڵات لە ژێر رکێڤی بناژۆخوازانی ئێراندا. دیاردەیەک کە دەتوانرێت وەک کۆتایی سەردەمی ڕێفۆرمخوازیی کلاسیك شی بکرێتەوە.

پێشینەی یەکدەستبوونی هێزی بناژۆخوازان

ئەمە یەکەمجار نییە کە لە ئێراندا هێز بە تەواوەتی دەکەوێتە دەستی بناژۆخوازان. ئەوان پێشتر لە ساڵی ٢٠٠٢شدا توانیان هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی ئیسلامیی شار و گوند، لە زۆربەی وڵات، بەتایبەت لە تاران بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و، کەسایەتییەکی کەمتر ناسراو بە ناوی” مەحموود ئەحمەدی ‌نژاد” وەک سەرۆكی شارەوانی تاران دەستنیشان بکەن. ساڵی دواتر(٢٠٠٣) لە سێبەری رەتکردنەوەی شایستەیی بەربژێرە رێفۆرمخوازەکان بە شێوازی بەربڵاو، توانیان لە خولی ٧ی مەجلیسی شەورای ئیسلامیدا (پەرلەمان) ببنە زۆرینە و لە کۆتاییدا لە بەهاری ٢٠٠٥دا، لە سێهەمین هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەک، ئەمجار بە بەربژێرکردنی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، کورسیی سەرۆکایەتیی کۆماریان بە دەستهێنا. بە لە بەرچاو گرتنی سەرۆکایەتیی ئایەتوڵڵا هاشیمی شاهروودی (١٩٩٩-٢٠٠٩) و دواتر ئایەتوڵڵا ئامولی لاریجانی (٢٠٠٩-٢٠١٨) بە سەر دەزگای دادی ئێراندا، دەتوانرێت بگوترێت كە لەو ماوەیەدا هەموو بنکەکانی هێز لە دەستی بناژۆخوزاندا بوو.

چۆنییەتی دەستبەسەرداگرتنەوەی هێز لە لایەن بناژۆخوازانەوە

لە خولی نوێشدا، بناژۆخوازان جارێکی دی بە پەیڕەوکردنی ئەزموونی پێشووتر لە دەستەبەرکردنی هێزی یەکدەست و رەها، سەرکەوتوو بوون. کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم سەرکەوتنە لە دەستی ئەنجوومەنی پاراستنی یاسادا بوو کە لە سێ هەڵبژاردنی یەک بە دوای یەکدا، بە لێشاو شایستەیی زۆربەی بەربژێرە ریفۆرمخوازەکان و تەنانەت بناژۆخوازانی رەخنەگریشی رەتکردەوە، تاکوو بناژۆخوازانی نێو مەیدانەكە، بە ئاشکرا هیچ بەرامبەر و بەرهەڵستکارێکیان نەبێت. هاوکات لەگەڵ ئەم دۆخەدا، گەمارۆکانی ئەمریکا و زیادکردنی گوشاری ئابووری و ژیانی رۆژانە بۆ خەڵک و هەندێ پەرچەکرداری توندوتێژانەی دەسەڵات بەرمبەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی، بوو بە هۆکاری بەشدارینەکردنی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکانی خاوەن دەنگ لەو سێ هەڵبژاردنەدا.

بەم جۆرە بناژۆخوازان سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ لە هەڵبژاردنی یازدەیەمی پەرلەماندا، توانیان زۆربەی کورسییەکانی پەرلەمان بە دەست بێنن و سەرۆكی پێشووی شارەوانی تاران، کە دۆڕاوی چەندین خولی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار بوو، وەک سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکەن. دواتر لە دوو هەڵبژاردنی هاوکاتی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی ئیسلامی شار و گونددا، کە بەهاری ٢٠٢١ بەڕێوە چوو، بە ئاسانی سەر کەوتن.

هاوتەریبی ئەم ئاڵوگۆڕانە، رێبەری ئێران، حوجەتولئیسلام موحسینی ئیژەیی، کە کەسایەتییەکی توندی بناژۆخوازە، وەک جێگرەوەی ئیبراهیم رەئیسی بۆ سەرۆکایەتیی دەزگای دادوەری ئێران دەستنیشان کرد تا بەشێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی، دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی سێکوچکەی هێز لە دەستی بناژۆخوازاندا بێت.

بارودۆخی رەوتە سیاسییەکان لە دەوڵەتی رەئیسی‌دا

ئیبراهیم رەئیسی، کە خۆی بناژۆخوازێکی کۆنە، وێڕای بەڵێنی پێکهێنانی کابینەیەکی فرە کۆتلەیی و بیرۆکرات، بە کردەوە کۆی وەزیرەکانی لە نێو بناژۆخوازاندا هەڵبژارد. لە ئەنجوومەنی وەزیرانی دەوڵەتی ئەودا، یەک کەسی رێفۆرمخواز و تەنانەت میانەڕۆش بە دیناکرێت. رەئیسی هەندێک لە نوێنەرانی رەوتی بناژۆخوازیی کە بە رواڵەت لە هەڵبژاردندا بەرهەڵستکاری بوون، وەک ئەندامانی کابینەی دەوڵەت دەستنیشانکردووە. لەو کەسانە، “سەید عیزەتوڵڵا زەرغامی” وەک وەزیری میراتی کولتووری و گەشتیاری هەڵبژارد، بە دەرکردنی فەرمانێک “موحسین رەزایی” وەک جێگری سەرۆككۆمار بۆ كاروباری ئابووری دەستنیشانکرد. هەروەها راستەوخۆ پشتگیری لە “عەلیڕەزا زاکانی” بۆ سەرۆكایەتی شارەوانیی پایتەخت کرد و چاوەڕێ دەکرێت بەمزووانەش ” ئەمیرحوسەین قازی‌زادە‌هاشمی” لە گەڵ “سەعید جەلیلی” کە لە گەڵ رەئیسی‌دا بەربژێری بناژۆخوازی کورسیی سەرۆککۆماری بوون، ببنە خاوەن دوو پۆستی سەرەکی. لە کاتێکدا کە “موحسین میهرعەلیزادە” و “بیهرۆز هیمەتی” دوو بەرهەڵستکاری ریفۆرمخوازی ئەو، هێچ بەشێکیان لەم پۆستە نوێێانەدا نییە!

لە ئاکامدا و بە گوێڕەی رووداەکان، دەتوانرێت بگوترێت: کۆی ئاڵوگۆڕەکانی ٢ ساڵی رابردوو لە پانتایی سیاسیی ئێراندا، باس لە ئیرادەی رێبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێکهێنانی حاکیمیەتی رەهای بناژۆخوازان بە سەر سەرجەم دەزگا و رێکخراوەکانی وڵاتدا دەکات. ویستێک کە تەنانەت بوو بەهۆی پەسندنەکردنی شیاویەتیی “عەلی لاریجانی” لە بناژۆخوازانی میانڕەو و “ئیسحاق جەهانگیری” جێگری ریفۆرمخوازی حەسەن رۆحانی لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی یاسا، لە ململانێکانی سێزدەهەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا.

 

Share this Post

شرۆڤە