شرۆڤە

بۆچی ئێران لە بەدەسەڵات گەیشتنی دووبارەی تاڵیبان خۆشحاڵە؟

13-09-2021


RRC|

کاردۆ بینەر|

لە هەفتەکانی رابردوودا بەرپرسانی حکومی و هەندێ میدیای فەرمیی وەک رۆژنامەی کەیهان و گوتاربێژانی وەك عەڵی‌ئەکبەر رائیفی‌پوور، بەڕوونی داکۆکییان لە بە دەسەڵات گەیشتنەوەی تاڵیبان کردووە. هەرچەند رایەکی دیكەش هەیە كە پێیوایە گەڕانەوەی تالیبان لە دوورمەودا بە قازانجی ئێران ناشكێتەوە. ئێران لە گەڵ ئەفغانستاندا ٩٣٦ کیلوومەتر سنووری هاوبەشی هەیە و هەنووکە بۆ جارێکی دی تاڵیبان بووەتە دراوسێی رۆژهەڵاتی ئێران. لەم گوتارەدا،  تەنیا لەو پرسیارە دەکۆڵینەوە؛ لەبەرچی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو گۆڕانکاریانەی کە بوونەتە هۆی بە دەسەڵات گەیشتنەوەی تاڵیبان خۆشحاڵە؟ بیگومان باسی مەترسییەكانی تالیبان بۆ ئێرانیش مژاری بابەتیكی دیكەیە.

پێشینەی ئیسلامخوازی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا

لە دەیەی یەکەمی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا (١٩٧٩-١٩٨٩)، ئێران بە دروشمی ” نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی” و پەرەسەندنی ئیسلام، سیاسەتی دژایەتی بەرامبەر زۆرەملێ (ئیستکبار) و هەوڵدان بۆ هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچە و یەکگرتوویی جیهانی ئیسلامی پەیرەو کرد. بەڵام پاش مردنی ئایەتوڵڵا خومەینی، وردە وردە سیاسەتی دەرەوەی ئێران زێدەتر بەرەوە ویستی شیعەتەوەرانە، هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی پێگەی هاوپەیمانە شیعەکانی لە ناوچەکەدا، بەرزکردنەوەی حەشیمەتی شیعی و… تاد گۆڕدرا. کۆی هەوڵە ناوچەییەکانی ئێران لە پێناوی پەرەدان بە شیعە‌خوازی و بەربەرەکانێ لە گەڵ ئیسلامی سوننە بە ئاراستەیەکدا رۆیشت کە مەلیک عەبدوڵڵا پاشای ئوردن، ساڵی ٢٠٠٤ ئێرانی بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دروستکردنی کەوانی شیعی لە جوگرافیای کەنداو، ئێران، عێراق، سووریا و لوبنان تۆمەتبار کرد. ئێران کە ساڵی ١٩٨٢ رێکخراوی حیزبوڵڵای لوبنانی دامەزراندبوو و پشتیوانیی بەردەوامی لێکردووە، بە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ناسەقامگیربوونی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی عەرەبی و دواتریش دەرکەوتنی داعش، مودیلی دامەزراندنی حیزبوڵڵای لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا پەیرەو کرد کە لە ئاکامدا، حەشد ئەلوەتەنی (سووریا)، ئەنساروڵڵای (یەمەن)، فاتیمییوونی (ئەفغانستان)، زەینەبییوونی (پاکستان)، بزووتنەوەی ئیسلامیی نیجریا (زکزاکی)، و حەشدی شەعبی عێراق بە داکۆکی و رێکخستنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دامەزران.

هەوراز و نشێوەکانی پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و تاڵیبان

ساڵی ١٩٩٦ بە پاڵپشتیی پاکستان، سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، رێکخراوی تاڵیبان توانی دەسەڵاتی ئەفغانستان بگرێتە دەست. تاڵیبان لە مەزارشەریف هێرشی كردە سەر کونسووڵگەریی ئێران و ٨ دیپلۆمات و هەواڵنێرێکی ئێرانییان کوشت. ئەم رووداوە بوو بە هۆی دوژمنایەتیی کۆماری ئیسڵامیی ئێران لە گەڵ تاڵیبان، بە شێوازێک کە لە ساڵی ٢٠٠١ و پاش هێرشی ئەمریکا وهاوپەیمانانی بۆ ئەفغانستان، رایان کرۆکەر، دیپلۆماتی دیاری ئەمریکی دەڵێت: کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێگای سولەیمانی راوێژی سەربازیی داوەتە ئەمریکییەکان. لەبەر ئەوەی کە شکستی تاڵیبانی وەک رکابەرێکی ئایدۆلۆژیک و سوننە، لە بەرژەوەندییەکانی خۆی زانیوە و، بەم هۆکارەوە بە شێوەیەکی نافەرمی و شاراوە یارمەتیی ئەمریکای داوە تاوەکوو تاڵیبان بڕووخێنێت.

بە چ هۆیەک ئیستا ئێران لە بە دەسەڵات گەێشتنی تاڵیبان خۆشحاڵە؟

ترس لە ئەمریکا: دوژمنی هاوبەش

ڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٢، جۆرج بۆش لە گوتاری بەناوبانگی خۆیدا، ئێران، کوریای باکوور و عێراقی وەک “میحوەری شەرارەت”(گێژەنی شەڕەنگێزی) ناوهێنا. پاش ساڵێک هێرشی کرد بۆ عێراق. ساڵی 2004 جۆرج بۆش بە فەرمی پلانی” رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گەورە”، لە پێناو دیمۆکراتیزەكردن و گۆڕینی نیزامە سیاسییە نادیمۆکراتیەکان لە ناوچەکەدا باسکرد. ئەم مژارە بە تەواوی ئێرانی تووشی دڵەڕاوکێ کرد، لەبەر ئەوەی کە ئەمریکا گەیشتبووە سنوورەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی وڵاتی ئێران. بەو هۆیەوە لەو کاتە بە دواوە، ستراتیژیی ئێران بوو بە پەکخستنی ئەمریکا لە دوو وڵاتی ئەفغانستان و عێراق و بەرزکردنەوەی ناسەقامگیری لەو دوو وڵاتەدا.

ئاریکاری بە پێی رێسای دوورخستنەوەی خراپتر بە خراپ

ئێران و تاڵیبان دوژمن و رکابەری ئایدۆلۆژیکی یەکدی بوون، بەڵام دوژمنێکی بەهێزی هاوبەش بە ناوی ئەمریکا بوو بە هۆی نزیکبوونەوەیان لە یەکدی. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێسای فیقهیی دوورخستنەوەی خراپتر بە خراپ (قاعدة دفع الافسد بالفاسد) کەڵکی وەر گرت و بە یارمەتیی تاڵیبان و هتد هەوڵی دا کە شەڕێکی ناڕاستەوخۆ بەڵام ئاشکرا لە ئەفغانستان و عێراقدا بەرامبەر ئەمریکا رێکبخات تا هەم پێش بە جێگرتنی زیاتری ئەمریکا لە ناوچەدا بگرێت و، هەم بە پەکخستن و زیاترکردنی تێچووی شەڕ لە ئەفغانستان و عێراقدا، بەربەستێک بۆ تەشەنەکردنی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دروست بکات.

بەرزبونەوەی ئاستی ئاریکاریی لایەنەکان گەیشتە رادەیەک کە بەردەوام هەواڵە نافەرمییەکان باسیان لە پارێزرابوونی سەرکردەکانی تاڵیبان لە تاران دەکرد. ئەم بابەتە تاڕاەیەک چووە پێشەوە کە تاڵیبان بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی، قاسم سولەیمانی بە موجاهیدی گەورە ناوهێنا و کردەوەكەی ئەمریکای سەرکۆنە کرد!

بارگرژی لە گەڵ دەوڵەتی ئەشرەف غەنی

دۆسییەیەکی دیكەی ئێران لەم ساڵانی دواییدا، پەیوەندیی سیاسیی سارد و تەنانەت پڕ لە ناکۆکی لەگەڵ کابۆل بوو. ئەم رەوتە لە کاتی سەرۆک کۆماریی موحەمەممەد ئەشرەف غەنی زیاتر تەشەنەی کرد. لایەنگرانی بزووتنەوەی سەوزی ئێران و بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش لە کابۆل دژ بە ئێران خۆپیشاندانیان کرد. هەرەها لە دۆسییەی ئاوی رووباری هیرمەنددا، ئەشرەف غەنی سیاسەتێکی نەگۆڕ و توندی بەرامبەر ئێران گرتە پێش. لە لایەنێکی دیکەوە دەسەڵاتی سیاسی ئێران دژبەری دیاری حکومەتە دیمۆکراتەکانە و بەم هۆیەوە سەرکەوتنی دیمۆکراسییەکان لە ناوچەکەدا دژ بە بەرژەوەندییەکانی خۆی و کێشە ناوخۆییەکانی لە گەڵ ئۆپۆزیسیون و نەیارانیدا هەڵدەسەنگێنێت.

كۆتایی

وادیارە کۆی ئەو هۆكارانە بوونەتە هۆیەک تا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی ئەفغانستاندا نەک تەنیا داکۆکی و یارمەتییەک پێشکێش بە  حكومەتی ئەشرەف غەنی نەکات، بەڵکوو لە تاراند بە ئاشکرا پێشوازی لە تاڵیبان بکات و بە فەرمی ئەم بیرۆکە بڵاو بکاتەوە کە ” تاڵیبان بە گوێرەی رابردووی گۆڕاوە” و لە ئاکامدا ئەم رێکخراوە ” بزووتنەوەیەکی رەسەنی ناوچە”کەیە کە دژ بە ئەمریکایە و لەو پێناوەدا پتر لە “٤٠ هەزار شەهیدی” داوە!

 

Share this Post

شرۆڤە