شرۆڤە

هەوڵی خۆکۆکردنەوەی عەرەبی سوننە لە عێراق

14-12-2021


 

 

RRC |

یاسین تەها|

 

بەگۆڕینی ژمارەی کورسییەکانی هاوپەیمانی عەزم لە 14 کورسی بۆ 32 کورسی پەرلەمانی. نەخشەی سیاسی عەرەبی سوننە بۆ خوولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق گۆڕانێکی گەورەی بەسەردا هات. ئێستا لەبری کۆمەڵێک وردە هێز و لیستی بچووک؛ تەنیا دوو جەمسەر لە گۆڕەپانەکەدان: هاوپەیمانی تەقەدومی، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان کە بە 37 کورسییەوە یەکەمی سوننەکان و دووەمی عێراقە، لەگەڵ هاوپەیمانی عەزمی خەمیس خەنجەر، کە پێیوایە لەرۆژانی داهاتوودا ژمارەی کورسییەکانی رکابەرەکەی تێدەپەڕێنی و بۆ نزیکەی 40 کورسی بەرز دەبێتەوە. ئەویش پاش ئەوەی لیستەکانی ئەبومازن لە سەلاحەدین، عەرەبی کەرکوک، هەندێ پەرلەمانتاری ئەلعەقدی فالح فەییاز و کوتلەی حەسم چوونە رێزەکانییەوە. لەبەرئەوەی هەردوو هاوپەیمانییە سونییەکە هاتوونەتە ئاستێکی نزیک لە ژمارەی کورسی و ژمارەی دەنگ و لەخۆگرتنی کەسایەتی کاریگەر، جیاوازییەکەیان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆست و بەرکەوتەکانی پێکهاتەی عەرەبی سوننە بایەخی زۆری نەماوە و لەوانەیە ئەمەش پاڵیان بدات تاوەکو زیاتر هەوڵی سازان و پێکهاتن بدەن.

لەڕاستیدا، خۆکۆکردنەوەی عەرەبی سوننە کە هاندەرەکەی هەوڵی دروستکردنی کاریگەریی و گەورەکردنی لیستەکانە لە سەردەمێکدا مۆدی بانگەشەی حکومەتی زۆرینەیە لەگەڵ نێوانگری دەرەوە و گوشاری جەماوەرەکەیان، کە بەڕواڵەت هەنگاوی باشی بڕیوە، لە دەرەوە ئەنقەرە پشتیوانی زۆری دەکات و لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی کۆمار ئامادەیی دەربڕیوە گرەنتی پابەندیی لایەنەکانی رێککەوتنەکەی بکات. هەولێریش دەرگای واڵاکردووە بۆ یارمەتیدانیان لەوەی کە لێک نزیک ببنەوە، لەچەند رۆژی رابردووشدا لە پەراوێزی دیداری بارزانی و سەرۆکایەتی هەرێمدا لە گفتوگۆی کراوەدا بوون، بەڵام هێشتا ئەم پرۆسەیە زۆر مسۆگەر و

یەکلایی نییە، ئەویش بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و کۆسپانەی لە 18 ساڵی رابردوودا بۆ ئەم پێکهاتەیە دروستبوون، یەکێک لە کێشەکانی عەرەبی سوننە، نەبوونی رێبەر و سیاسەتڤانی گوێلێگرە کە بتوانی زۆرینە کۆبکاتەوە، ئەمەش بە کورسی پەرلەمان، سیاسی و وەزیری رێبوار دروست نابێت. لەچوار خوولی رابردووشدا چەند کەسایەتییەک شۆفێری پاسی گەیشتنی سوننەکان بوون بۆ دامەزراوە باڵاکانی بەغدا کە ئێستا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لە گۆڕەپانەکەدا نەماوە وەک: عەدنان دلێمی. خەلەف علەیان و هاشمی.

هەردوو جەمسەرە نوێیەکەی عەرەبی سوننە (حەلبووسی – خەنجەر) لەسەر کۆمەڵێک داواکاری و بنەما پێکهاتوون، بەڵام هێشتا ماویانە رووبەڕووی “شەیتانی وردەکاری” ببنەوە، لەلایەک پێکهاتەکانی هاوپەیمانییەکەیان فرەجۆر و جەنجاڵن، لە لایەکەی دیکەش هێشتا نەچوونەتە ناو گفتوگۆی ورد و جیددی لەبارەی پۆست و بەرکەوتەکان، چونکە هێشتا خۆیان لە گۆڕانکاریدان و بەرامبەرەکانیشیان کە شیعەکانن و خاوەن خوانی پێکهێنانی حکومەتن لە بازنەیەکی ناڕووندا دەخولێنەوە. پێشتریش عەزم لە (بەرەی هاوئاهەنگی شیعە)وە نزیکبوون و حەلبووسی مەیلی سەدری هەبوو، بەڵام هۆشداری ئێران و هەستیاری قۆناخەکە نەیهێشت هیچ لایەکیان بچنە یەکێک لەبەرەکانی شیعەوە.

هەرچەندە، سوننەکان هەوڵدەدەن یەکگرتوو بن، بەڵام دابەشبوونە سیاسی، خێڵەکی و ناوچەییەکان لەتیان دەکات. لەبارەی پەیوەندی و مامەڵکردنیش لەگەڵ ئێران، تورکیا و وڵاتانی کەنداو هەڵوێستیان ناجۆرە و، زۆرجار دژیەکیی تێدەکەوێت. ئەمەش سێبەری لەسەر پەیوەندی هێزە سیاسییەکانیانلەگەڵ هێزە شیعییەکان داناوە. ئێستا بڕیاردان ئەوەیە هاوشێوەی کورد، هیچ لایەکی شیعە سەرنەخەن بەسەر لاکەی دیکەدا، بەتایبەت لەو کێبڕکێ توندەی کەوتووەتە نێوان “سەدر و بەرەی هاوئاهەنگی شیعە” لە دەرەوەی کارتێکەرە سیاسی و کاریگەرییە ناوچەییەکان (موسڵ- دیالە- سەلاحەدین – ئەنبار)، سوننەکان دابەشبوونی ئیسلامی و عەلمانیشیان هەیە، بەڵام لەو ساڵانەی دواییدا و بەتایبەت لەم خوولەی پەرلەمان “حیزبی ئیسلامی” کە یەکێک لە دێرینترین حیزبە سیاسییەکانی عێراقیشە لە گۆڕەپانەکەدا ماڵئاویی کرد و، هاوشێوەی لیستی

نوجێفییەکانی موسڵ، هیچ کورسییەکی بەدەستنەهێنا، لەکاتێکدا لەسەردەمی هاشمی، جێگری سەرۆککومار و لەسەردەمی سامەڕایی سەرۆکی پەرلەمانیان بەدەستەوەبوو.

جگە لەدابەشبوونەکانیش هێشتا سوننەکان کۆک و هاوڕانین کە داواکاری سەرەکی ئەوان چییە. ناوبەناو باس لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ لە هەرێمی تایبەت دەکەن، بەڵام کۆک نین کە پایتەختەکەی و سنوورەکەی کوێ بێت و ناچار دەچنەوە سەر بژاردەی هەرێمی نەینەوا یان ئەنبار کە ئەمەش گوزارشت لە خواستێکی دەستەجەمعی ناکات و ڤیتۆی سەختی شیعەکانیش رێگە بە بەدیهاتنی هیچ یەک لەو پرۆژانەش نادات.

قۆناخی داهاتووی بنەماکانی کاری هاوبەشی هێزە سوننەکان بەچەند تەوەرەیەک پێکهێنانی لەسەر کراوە، کە دیارترینیان بریتییە لە بەشداری راستەقینە لەدەسەڵاتی بەغدا، ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانەکان، گێرانەوەی ئاوارەکان، ئاشکراکردنی بێسەروشوێنەکان و سزادانی بکوژ و بەرپرسیار لەدیار نەمانیان.

ئەگەرچی هەموو ئەوانەش خواست و پێداویستی گرنگی قۆناخەکەن، بەڵام هێشتا ناگەنە ئاستی داڕشتنی دیدگایەکی ستراتیژی بۆ عەرەبی سوننە لەچوارچێوەی عێراق کە ئاخۆ ئەوان لەگەڵ سێنتراڵیزمدان یان لەگەڵ بەشکردنی دەسەڵاتدان. ئایا دەگەڕێنەوە بۆ داواکاری هەرێمەکان یان هەوڵدەدەن ببنە بەشدار لە حکومەتی فیدڕاڵ، بەتایبەت کە زانیارییە بەردەستەکان باس لەوە دەکەن لەکۆی هەشت دەزگای ئەمنی هەستیار لە عێراق هیچ فەرماندەیەکی باڵای سوننە رۆڵی تێیاندا نییە، لە سەرجەم وەزارەتی ناوخۆشدا هیچ بەڕێوەبەرێکی گشتی لەم پێکهاتەیە نییە و، هەتاوەکو لە پەیکەری دەوڵەتی نوێی عێراق وردتر ببیتەوە بۆ سوننە و، هەروەها بۆ کوردیش جیاکارییەکە زەقە.

لەکۆتاییدا، ئەگەری زۆرە خەمیس خەنجەر (عەزم) و محەممەد حەلبووسی (تەقەدوم) زیاتر نزیک ببنەوە. سەرۆکایەتی پەرلەمان و پۆستی جێگری سەرۆککوماریش لەنێوان خۆیاندا بەش بکەن، بەتایبەت کە خەنجەر حەزی لە پۆستی تەشریفاتییە، بەڵام ئەوکات دەکەونە بەر مەترسی جیابوونەوە و دابەشبوونی هاوپەیمانییەکەیان. لەوبارەشەوە پێدراوەکان ئاماژە بەوە دەکەن

هەندێک لەوانەی لەدەوری خەنجەر کۆبوونەتەوە، بەهیوای سەرۆکایەتی پەرلەمانن (مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، )، هەروەها هەندێک لەوانەشی لەدەوری محەممەد حەلبووسین ئەگەر نەبێتەوە بە سەرۆکی پەرلەمان بەئەگەری زۆرەوە بڵاوەی لێدەکەن. ئەوکاتیش مەترسی ئەوە هەیە نوێنەرە سوننەکان بگەڕێنەوە بۆسەر باری پێشوویان کە فراکسیۆن و پێکهاتەی جۆراوجۆرە. لەو کاتەشدا، لەوانەیە هێزە شیعەکان ئاراستەیان بکەن و، لەگەڵ بەرژەوەندییە کاتییەکانی پۆست، پارە، بۆند و کۆمێنشنی پرۆژەکان و بەهەمانشێوەی جاران لە خواست و داواکارییە سەرەکییەکانی بنکەی ژێرەوەی جەماوەرەکەیان دووربکەونەوە. لەم رۆژانەشدا هەوڵی کەسایەتییە کاریگەرییەکانی سوننە لە هەولێر بۆ تاوتوێکردنی رێگرتن لەو سیناریۆ دووبارە بووە.

 

 

 

Share this Post

شرۆڤە