شرۆڤە

مەترسییە ژینگەییەکان لە هەرێمی کوردستان

02-01-2022


 

RRC|

د. بەنگین مەسیح ئاودەل

 

پێشەکی

سەرجەم کۆنفرانسە ژینگەییەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە کیۆتۆ-ژاپۆن- ١٩٩٩، پاریس-فەرەنسا-٢٠١٥ و گلاسگۆ-بەریتانیا-٢٠٢١ هۆشداریان داوە سەبارەت بە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ نمونە: وشکەساڵی، ناڕێکی لە بارانبارین، زیادبوونی پاشماوەکان و بەگشتی پیسبوونی ئاو و هەوا و خاک. بەهۆی زیانە ماددی و مرۆییەکان، لەم ڕۆژانەدا هەموو کەس باسی لافاوەکەی هەولێر دەکات. هۆکارەکانی لافاوی ئەم دواییە لە لایەن پسپۆڕەکان دیاریکراون، بۆ نمونە: بارانێکی زۆر لە کاتێکی کەم و گۆڕینی ڕێڕەوی سروشتی ئاوی سەرزەوی. رێگەچارەکانیش لەلایەن پسپۆڕەکانەوە دیاریکراون بۆ نمونە دروستکردنی پشتێنەیەکی ئاوی لە دەوروبەری شار. ئێستا خەڵک و حکومەت بەتایبەت مامۆستایانی زانکۆ بەدوای ڕێگەچارەیەکی زانستی و پراکتیکی خێرا دەگەڕێن کە لافاو دووبارە نەبێتە هۆی زیان گەیاندن. ئیتر لەسەر حکومەت پێویستە کە بەزووترین کات دەستبکات بە جێبەجێکردنی چارەسەری پێویست. زیادبوونی زیانەکانی لافاو لە ماوەی دوودەیەی رابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە هەوڵەکانی مرۆڤ بۆ بنبڕکردن و کۆنتڕۆڵکردنی یەکجارەکی لافاو بگۆڕدرێت بۆ ئەو راستییەی کە هەمووجار ناتوانین سەرکەوتووبین لە رێگریکردن لە درووستبوونی لافاو، بەڵکو پێویستە زیانەکانی لافاو کەم بکەینەوە، ئەویش لەڕیگەی بەکارهێنانی رێگەچارە زانستی و ئەندازیارییەکان. لەبەرئەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کێشە ژینگەییەکان بەردەوامن و وامان لێدەکەن کە خۆمان بۆ مەترسییە سروشتییەکانی دیكە ئامادە بکەین، بۆ نمونە زیادبوونی پاشماوەکانی خانوبەرە کە کەمتر گرنگیان پێدراوە. لە تەوەری یەکەمی بابەتی مەترسییە ژینگەییەکان ئاماژە بە مەترسییەکانی پاشماوە بیناسازییەکان و کاریگەرییان لەسەر دروستبوونی لافاو و دوبارە بەکارهێنانیان

 

(Recycling) دەکەین. لە ئایندەیەکی نزیکدا و لە تەوەرەکانی داهاتوو ئاماژە بە مەترسییە ژینگەییەکانیتر لە هەرێمی کوردستان دەکەین.

کێشەی پاشماوە بیناسازیەکان

بەهۆی فراوانبوونی شارەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی نیشتیمان، ئێستا کەرتی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە گەورەترین بەکارهێنەرانی سەرچاوە سروشتییەکان و بە داخەوە لە داهاتویەکی نزیکدا دەبێتە گەورەترین کەرتی بەرهەمهێنەری پاشماوەکانی خانوبەرە! لە لایەکیترەوە فراوانبوونی شارەکان و کەم بوونەوەی رێژەی سەوزایی بوونەتە هۆکاری کەمبوونەوەی رێژەی هەڵمژینی ئاو لەلایەن خاک و زیادبوونی ئاوی سەر زەوی کە بە بارانێکی زۆر لەکاتێکی کەمدا، دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو. بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ٤٠٪ی سەرچاوە سروشتییەکان لە جیهاندا لە کەرتی بیناسازی بەکاردەهێندرێن و رێژەی پاشماوەکان لە کەرتی بیناسازیدا لە کاتی رووخاندنی بیناکان بەراورد بە هەموو پاشماوەکان، دەوروبەری ٣٠٪ دەبێت. یەکێک لە کێشەکانی شارەکان بە تایبەت شارە گەورەکان چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەی پاشماوەکانی خانووبەرەیە لەکاتی ئەنجامدانی پڕۆژەکانی بیناسازی و روخاندنی بینا کۆنەکان كۆدەبنەوە. لەئێستادا کەرتی خانوبەرە و بیناسازی، زیاتر لەهەموو کەرتەکانی تر گەشەی سەندووە و یەک لەسەر سێی قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت کە بە زیاتر لە ١٧ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە. لە کەرتی بیناسازیدا کەرەستەی کوالیتی نزمی هاوردەکراوی یەکجار زۆر بەکارهاتوون کە دەبنە هۆی ئەوەی کە تەمەنی بیناکانیش کەم ببێتەوە. ئەمەش روخاندنی پێشینەی بیناکانی بەدوادادێت. ئەگەر رێگەچارەیەکی زانستی بۆ کۆکردنەوە و رێکخستنی پاشماوەکان نەگیرێتەبەر کوردستان بەگشتی و شارە گەورەکان بەتایبەتی لە چەند ساڵی ئایندەدا دەبنە زبڵدانێکی گەورە بۆ پاشماوە بیناسازییەکان! فڕێدانی پاشماوەکانی بیناسازی لەناو شارەکان یان لە دەوروبەری رێگاکانی دەرەوەی شار جگە لە کێشە تەندروستی و ژینگەییەکان سیمایەکی یەکجار ناشیرینی بۆ ژینگە و شوێنە گەشت و گوزارییە جوانەکانی کوردستان دروست کردووە. تەنانەت هەندێکجار

 

فڕێدانی ئەو پاشماوانە بۆناو چەم و کاناڵ و رووبارەکان دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی سروشتی ئاو و دروستبوونی لافاو. هەروەک لە لافاوی هەولێردا دەرکەوت کە راستە بارانێکی زۆر لە کاتێکی کەمدا، دروستکردنی خانوو و پڕۆژەکانی بازرگانی لەسەر ڕێڕەوی سروشتی ئاو و هەندێک کێشەی فیزیۆگرافی و تۆپۆگرافی لە ماستەرپلاندا هۆکاری سەرەکی بوون لە دروستبوونی لافاو، بەڵام فڕێدانی پاشماوەکان بەگشتی و پاشماوە بیناسازییەکان بەتایبەتی بۆناو کاناڵ و ڕووبارەکان کە ئەمانەش دەبنە بەربەستی گەورە و هەروەها گۆڕینی ڕێڕەوی سروشتیی ئاوی سەرزەوی یەکێکیتر بوون لە هۆکارەکانی ئەم کارەساتە. پرسیاری گرنگ لەدوای لافاوی ئەم دواییەی شاری هەولێر ئەوەیە کە ئەم هەموو پاشماوەیە کە کۆکراونەتەوە بۆ کوێ دەبردرێن؟ پیویستە بۆ شوێنێکی گونجاو بگوازرێنەوە و لە شوێنێک فڕێنەدرێن کە دوبارە ببنە هۆی دروستبوونی لافاوێکی تر! هەروەها پێش ئەوەی کە داوا لە تیمە شارەوانییەکان بکرێت کە لە وەرزی بارانبارین دەست بە فراوانکردن و خاوێنکردنەوەی کاناڵ و ڕێڕەوە ئاویەکانی ناوشار و دەرەوەی شار بكەن، پێویستە داوا لە كۆمپانیاكان و خەڵكیش بکرێت کە پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن و نەبنە هۆکاری دروستبوونی بەربەست بۆ ڕێڕەوی سروشتی ئاو بە فڕێدانی پاشماوەکان. بەڵام دووبارە پێویستە بپرسین کە ئایا هیچ شوێنێکی گونجاو دابینکراوە کە خەڵک و کۆمپانیا بیناسازییەکان پاشماوە بیناسازیەکانی بۆ بگوازنەوە؟

بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت ئەم سێ قۆناغە لەسەر پاشماوەکانی خانوبەرە جێبەجێ بکرێت: یەکەم کەم کردنەوەی پاشماوەکانی بیناسازی  (Reduce)؛ دووەم دوبارە بەکارهێنانی پاشماوەکان لە کەرتی بیناسازی یان لە کەرتەکانی تر وەک خۆی ئەگەر لەڕووی ئەندازیارییەوە گونجاوبن (Reuse)؛ سێیەم گۆڕینی پاشماوەکانی بیناسازی بۆ کەرەستەی دەستی دوو و بەکارهێنانیان لە پڕۆژەکانی تر کە بەواتای کەم بەکار‌هێنانی کەرەستەی نوێ و کەم کردنەوەی بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان و لە ئەنجامدا کەمکردنەوەی زیانگەیاندن بە ژینگەی کوردستانی بەدوادا دێت (Recycling). جێبەجێکردنی ئەم سێ قۆناغە بۆ پاشماوەکانی بیناسازی وەکو کۆنکریت، بلۆک، شیش، دەرگا و پەنجەرە و کەرپوچ و هتد… نە

 

تەنها دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی پاشماوەکان بەڵکو دەبێتە هۆی کەم کردنەوەی دەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان، کەم بە فیڕۆدانی وزە، کەم کردنەوەی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و کەم زیان گەیاندن بە ژینگە. بە پێی ئەزمونی وڵاتە گەشەسەندووەکان دەتوانین ئەم سێ قۆناغە بۆ زیاتر لە ٩٠٪ ی پاشماوەکانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکەین. جێگای ئاماژەپێکردنە کە دەتوانین زۆرترین دوبارەبەکارهێنانەوە بۆ پاشماوەکانی ئاسن ئەنجام بدەین کە ٩٩٪ دەبێت.

رێگەچارەی ئەندازیاری

سەرەڕای جێبەجێکردنی سەرجەم یاسا و رێنماییەکانی دەستەی ژینگە لە پڕۆژە بیناسازییەکاندا، داوا لە کەرتی تایبەت بکرێت کە بەهاوکاری و پاڵپشتی حکومەت بەشێوەی پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان دەست بە دروستکردنی کارگەکانی دوبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکانی بیناسازی لەسەرجەم شارەکانی کوردستان بكەن. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە خەڵک و کۆمپانیا بیناسازییەکان هانبدرێن کە پاشماوەکانیان لەکاتی دروستکردن و روخاندنی بیناکانیان بۆ کارگەکانی دووبارەبەکارهێنانەوەی پاشماوەکان بگوازنەوە، لە بەرامبەردا بۆ نمونە خەڵک لەڕێژەیەکی دیاریکراوی باج ببەخشرێن. کارگەکان دەتوانن پاشماوەکانی بیناسازی بگۆڕن بۆ کەرەستەی دەستی دوو و بەتێچوی کەمتر بیفرۆشنەوە بە حکومەت و خەڵک. حکومەتیش دەتوانێت کەرەستەی دەستی دوو لە زۆر بواردا کە پێویستی بە کوالیتی زۆر بەرز نییە بەکاربێنێت، بۆنمونە لە دروست کردنی چینی ژێرەوەی ڕێگاوبانەکان یان دروست کردنی کۆنکریت و بەکارهێنانیان لەو کۆڵانانەدا کە تەنها بۆ هاتوچۆی مرۆڤ بەکاردەهێندرێن و بە پێی ستانداردە ئەندازیارییەکان پێویستییان بە کوالیتی زۆربەرز نیە. بەڵام لە هەموو بارودۆخێکدا پێویستە:

  • تێچووی کەرەستەی دەستی دوو لە کەرەستەی نوێ کەمتر بیت.
  • کوالیتی کەرەستەی دەستی دوو زۆر کەمتر نەبێت لە کەرەستەی نوێ.
  • تێچووی گواستنەوە و ریسایکڵین لە کارگەکان کەمتر بێت لە تێچووی کەرەستەی دەستی دوو.‌

 

هەندێکجار پێویست ناکات پاشماوەکان بگوازرێنەوە بۆ کارگەکانی ریسایکڵین بەڵکو ئامێری وردکەری بچووک دەگوازرێتەوە بۆسەر پڕۆژەکان و دوای جیاکردنەوە و وردکردنی پاشماوەکانی خانوبەرە راستەوخۆ لە پڕۆژەی نوێ بەکاردەهێندرێن. لەکۆتاییدا دەمەوێت جارێکیتر ئەم پرسیارە بکەمەوە کە دوای لافاوی ئەم دواییەی شاری هەولێر ئەم هەموو کەرەستەیەی کە لافاو لەناویبردوون یان وەکو پاشماوە  لەگەڵ خۆی هێناویەتی بۆ ناوشار بۆ کوێ دەبردرێن؟

 

Share this Post

شرۆڤە