شرۆڤە

هێرشی ميلیشیاكان و تەنگژەی ناوخۆیی شیعی لە عێراق

17-01-2022


 

RRC |

 زریان رۆژهەڵاتی|

 

 بەرایی

 

لە دووهەفتەی یەكەمی سەرەتای 2022دا، شەپۆلێكی دیكەی هێرشی گرووپە چەكدارییە شیعییەكان  دەستیپێكرد. لانیكەم 13 هێرش و دوو هەوڵی هێرشی ئەو گرووپانە لە ماوەی 15 رۆژی یەكەمی ئەمساڵدا، ئەو رووداوانەی وەك پرسێكی زیندووی ئەمنی- سیاسی خستەوە رۆژەڤ. هاوكاتبوونی هێرشەكان لەگەڵ تەنگژەی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر، وایكردووە تاوەکو زۆركەس، لە تەنیشت گوتارە باوەكانی وەك”موقاوەمە” و “تۆڵەی كوژرانی سلێمانی- موهەندیس”، هێرشەكان بە قۆناخی پاش-هەڵبژاردنی عێراقیش ببەستنەوەو، وەك كارتێكی گوشار لە دژی سەدر تەماشای بكەن. لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە كە زیادبوونی هێرشەكان دەتوانێت چ كاریگەرییەك لەسەر تەنگژەی ناوخۆیی شیعی لە قۆناخی پاش-هەڵبژاردن دابنێت؟

 ئامانج، كات و جوگرافیای هێرشەكان

بەشێوەی رێژەیی لە 15 رۆژی رابردوودا، لانیكەم 15 پەلاماری گرووپە چەكدراییەكان هەبووە كە دوو لەو ‌هێرشانە سەریان نەگرت و لەوانەش، لانیكەم یەكێکیان بۆ دەروبەری هەولێر بووە.

لەڕووی كاتەوە دەتوانین هێرشەكان بكەینە دووبەش: بەشێكیان ئەوانەن كە زیاترلەنێوان 3-5ی ئەم مانگەدا چڕبوونەوە. لەوانەشدا زیاتر كاروانی لۆجستیكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دەوروبەری بنكە و بارەگا سەربازییەكان كراونەتە ئامانج. هاوكاتبوونی ئەوەش لەگەڵ ساڵڕۆژی كوژرانی سولێمانی –موهەندیس دەریدەخات كە لەوانەیە ئامانجێكی هێرشەكان- كە زیانێكی ئەوتۆیان نەبووە- زیاتر وەك جوڵەیەكی رەمزی بۆ تێركردنی گوتاری”موقاوەمە” لە بەشێك لە شەقامی شیعی بووبێت. بەشێكی دیكەشیان بەتایبەتی ئەوانەن كە لە دوای 7ی مانگەوە كراون و، رەنگە ئەوانەبن كە زیاتر پەیوەندییان بە بارودۆخی نێوخۆیی عیراق و قۆناخی دوای هەڵبژاردنەوە هەبێت كە هێرش بۆ ناوچەی سەوز و هاوپەیمانەكانەكانی سەدر، خاڵی هاوبەشیانە.

كاردانەوەكانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش گرووپە میلیشیاكانی سەربە ئێرانی بە ئەنجامدانی هەندیك لە هیرشەكان تۆمەتبار كردووە. بەشێوەی ئاسایی بەرپرسانی حكومەتیش لە عێراق، سەركۆنەیان كردووە. موقتەدا سەدریش كە لە دوای هێرشەكەی ناوچەی سەوز- باڵیۆزخانەی ئەمریكا كە تێیدا خەڵكی سیڤیلیش بوونە قوربانی، تویتێكی كرد و گوتی ئەم هێرشانە بۆ ئەوە دەكرێن تاوەکو ئەمریكا نەكشێتەوە. لە خواری تویتەكەشەوە نازناوی “المقاوم مقتدی الصدر”ی دانا! وەك جەختكردنێك لەوەی كە ئامانجی هێرشەكان نەك كشانەوەی ئەمریكا، بەڵكو شتێكی دیكە بێت. هەڵبەت لەو نێوانەدا كاردانەوەكانی گرووپ و كەسایەتییەكانی نێو چوارچیوەی هاوئاهەنگی سەرنجڕاكیش بوون. ئەوان نەك بۆ هەموو هێرشەكان، بەڵكو بۆ هێرشەكەی سەر باڵیۆزخانەی بەغدا، هاوپەیمانەكانی سەدر،هێزەكانی پێشمەرگە لە پردێ بەشێوەی جۆاروجۆر كاردانەوەیان نیشانداوە.

نووری مالیكی و هادی عامری و قەیس خەزعەلی دوای هێرشەكانی سەر باڵیۆزخانەی بەغدا و پەلاماری بنكە و بارەگای حیزبەكانی هاوپەیمانی سەدر، ناڕەزاییان پیشانداوە. مالیكی و عامری ئەوانەیان وەك هێرش بۆ سەر سەقامگیری دەوڵەت زانیوەو عامری داوای لە حكومەتیش كردووە بەدواداچوونی بۆ بكات و خەڵك بپارێزیت. حەشدی شەعبیش سەركۆنەی هیرشەكەی پردێی كردبوو. ئەمە لەكاتێكدایە كە گرووپەكانی وەك كەتائیبی حیزبوڵڵا و سەیدولشوهەدا، لانیكەم بە دەنگی بەرز هیچیان نەگوتووە. لەو نێوانەدا، كاردانەوەكەی قەیس خەزعەلی سەرنجڕاكێش بوو. ئەو گوتبووی” بە ئامانجكردنی ناوچەی سەوز، ئەویش لەم كاتەدا و بە هەمان شێواز، هەوڵی تێكەڵاوكردنی كارتەكانە، بۆیە جەخت لەوە دەكەینەوە كە بڕیاری موقاوەمە ئەوەیە كە ئێستا باڵیۆزخانەی ئەمریكا نەكاتە ئامانج”. بێگومان ترسی دەستوەشاندنی ئەمریكا لەلایەك و، ترس لە سەدریش كە هەزاران شەڕكەری ئامادەی لەبەردەستدایە، دەتوانێت هۆكارێك بێت بۆ رەتكردنەوە و سەركۆنەی هێرشەكان، چونكە چ رۆژی دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ پەسندكردنی هەڵبژاردن بێت و چ رۆژی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بێت، سەدر ئەوەی نیشانداوە كە ترسی لە نمایشی سەربازی و تەنانەت ئەگەری بەریەككەوتنیش نییە. بەڵام ئەو تویتەی خەزعەلی و زۆربوونی كاردانەوەكان، خواستە یان نا، ئەو پرسیارە دروستدەكات كە ئایا كێشە و ناكۆكییەك لەنێو گرووپەكانی “موقاوەمە”دا سەبارەت بە شێوازی كردەوەكان هەیە؟ ئایا ئیدی جیاواز بیر دەكەنەوە؟

ئەنجام

پێدەچیت شەپۆلی ئەمجارەی هێرشی میلیشیاكان بابەتێكی یەكانگیر نەبێت و لەڕووی كاریگەرییەكەیشی لەسەر تەنگژەی ناوخۆیی شیعی، سنووداربێت. ئەو بەشەی پاڵنەری هێرشەكان كە پەیوەندی بەهێزەكانی ئەمریكاوە هەیە، رەنگە  بەردەوامبێت. چونكە هێرشی كەم زیانی راستەوخۆش بە ئەمریكا ناگەیێنن، بەڵام بۆ تێركردنی لایەنگرەكانیان پێویستە، ئەمریكاش نیشانیداوە كە دەتوانیت شتی لەو شێوەیە تەحەممول بكات. ئەوەش كە پەیوەندی بە دروستكردنی گوشار بۆ سەدر و هاوپەیمانەكانی هەبێت كە “ئەگەر بە مەرجەكانمان رازی نەبن، دەتوانین نائارامی دروستبكەین”، دیسان هەر لە چوارچێوەیەكی سنوورداردا دەمێنێتەوە. چونكە بەر لە هەموو شتێك، ئەگەر زۆر لەسەری بڕۆن و،  بە لەبەرچاوگرتنی دوورەپەرێزیی ئێران و تەنانەت مەرجەعییەتی باڵا-لانیكەم تاوەکو ئێستا- لەڕووی سەربازیشەوە دەتوانن رێ بۆ هاوئاهەنگییەكی زیاتری سوپا- پێشمەرگە و سەرایا سەلام و هێزەكانی سەدر بكەنەوە كە دەتوانن شوێنی سەرەكیی جموجۆڵی ئەوان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و پاریزگا سوننەكان تووشی گرفت بكەن.

لەلایەكی دیكەوە، تووندكردنەوەی گرژییەكان و بەهێزكردنی ئەگەری پێكدادانی ناوخۆیی شیعی، دژی بەرژەوەندی و سیاسەتی مەرجەعییەتی باڵایە كە سەرەڕای كەمبوونەوەی هەژموون و كاریگەرییەكەی بەتایبەتی لە دوای خۆپیشاندانەكانی تشرین، هێشتا كۆڵەكەیەكی گرنگی راگرتنی ئەو سیستەمە سیاسییەیە كە لە دوای 2003وە دانراوە.

لانیكەم لەم كاتانەشدا كە تالیبان لە رۆژهەڵاتی سنوورەكانییەوە لە ئێران قیت بووەتەوە، ئازەربایجان و توركیا لە سنوورەكانی باكووری رۆژئاوا گرفتیان بۆ دروستكردووە و، بابەتی زاڵبوونی بەسەر رێڕەوە دەریاییەكان لەلای باشوورەوە كەوتووەتە بەرگوشارێكی نێودەوڵەتی و، هێشتا گەمارۆكانی ئەمریكایشی لەسەرە و، لانیكەم لەم كاتانەدا دەرچەیەكی گەورەتر لە عێراق شك نابات، پێكدادانی گریمانەیی ناوخۆیی شیعی، دوایین شتێكە كە ئێرانیش بە تەمای بێت. بۆیە رەنگە ئەو جۆرە هێرشانە بەهۆی جیاوازی ناو ئەو گرووپانەی كە بە”موقاوەمە” ناوزەد دەكرین و هەروەها بۆ ئەوەی زیاتر وەك كارتێكی گوشار بێت، لەوانەیە لە ئاستێكی نزمدا بەردەوام بن، بەڵام لانیكەم لە ماوەی كورتخایەندا ئەستەمە بۆ شەڕ و پێكدادانێكی ناوخۆیی و كارتیكی كاریگەر لە تەنگژەی ناوخۆیی شیعیدا وەربگۆڕێن.

 

 

 

Share this Post

شرۆڤە