چالاکی

مەسعود تەك: لەوانەیە حكومەت سیاسەتی خۆی بەرامبەر كورد بگۆڕێت

17-01-2022


 

RRC |

ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو |

 

رۆژی 16ی کانوونی دووەمی 2022، مەسعود تەك- سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان لە سیمینارێكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو، جەختی كردەوە كە ئامادەكاری و هەوڵێكی نوێ بۆ كرانەوە بەڕووی كورد دا لە توركیا دەستیپێكردووە و بۆ ئەوەش دانوستاندن هەیە، ئەمەش لە كاتیكدایە كە بە هۆی سیستەمی سیاسی و هەلبژاردنەوە، كورد رۆڵی كلیلیی پەیدا كردووە.

مەسعود تەك گوتی ئەردۆغان لە سەردانێكیدا بۆ سیرت، لەگەل ژمارەیەك لە كەسایەتیی ئاینیی و تەریقەتەكاندا كۆبووتەوەو گوتوویەتی ئەگەر ئەمجارە چارەسەری دەستپێبكەینەوە، وەك جاری پێشوو نایكەین.

مەسعود تەك باسی لەهەبوونی قەیرانێكی قووڵی ئابووری كرد كە لە تاوەکو ئێستا نموونەكەی لە مێژووی توركیادا نەبینراوە و، هاوكات لەگەل ئەوەشدا گوتی:”بێكاری، تووشبوونی ماددەی هۆشبەر بە تایبەتی لە باكووری كوردستان زیادیكردووە و حكومەتیش سیاسەتی بە سەربازکردنی شارەكان، بە دیاریكراوی لە ناوچە سنوورییەكان پێڕەودەكات. رێگە بە چالاكیی ئازادانە نادات و، زوو زوو قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیەنێت. زیاتر لە 12000 گیراوی سیاسی هەن كە زۆربەیان ئەندامی هەدەپەن و حكومەت رێگا بە جموجۆڵێكی ئەوتۆ نادات.”

لە درێژەی قسەكانیدا گوتی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەخت هەیە ئەگەر ئەردۆغان بتوانیت لەشكركێشی یان رووداویك بخوڵقێنێت كە دەنگی نەتەوەگەراكانی توركیا بۆخۆی رابكێشێت.

هەروەها، تەك جەختی لەوەكرد كە زیاتر لە هەڵبژاردن، پرسیارەكە ئەوەیە كە ئایا ئەگەر هەڵبژاردن كرا، ئەردۆغان ئامادەیە دەسەڵات رادەست بكات یان نا؟ ئەو گوتی: سوپا ئێستا بە تەواوی لە كۆنترۆڵی ئەودایە و رێكخراویك هەیە بە ناوی سادات و گومان هەیە رۆڵی لە درووستكردنی میلیشیا هەبێت. بێجگە لەوە بەگوێرەی هەندێك لە هەواڵەكان لە دوای كودەتاكەی 2015ەوە نزیكەی 200هەزار پارچە چەك دیارنەماوە و ئەوەش گومانی درووستكردووە كە لەوانەیە لە كاتی پشێوییەكدا بۆ ململانێی سیاسی بەكارببرێن. مەسعود تەك پێیوابوو كە تاكە هۆكارێك كە بتوانیت وابكات ئەردۆغان واز لە دەسەڵات بهێنێ تەنیا گوشاری نێودەوڵەتییە، ئەگینا بە دینامیزمی نیوخۆییەكان ئەستەمە شوێنەكەی چۆڵ بكات.

سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان باسی لە خواستی ئاكپارتی و جەهەپە بۆ گۆڕینی دەستووركرد و گوتی پیویستە لەو نێوانەشدا كورد خواستەكانی خۆی یەكبخات. داوای جێگیركردنی ناسنامە، زمانی كوردی بكات. هەروەها جەخت لەوەبكرێت كە نابێ رێگا لە كاری ئەو حیزبانە بگیرێت كە ناوی كوردستانیان لەسەرە. ئێستا چوار حیزبی كوردی بەهۆی ئەوەی ناوی كوردستانیان پێوەیە، سكاڵای داخستنیان لەسەر تۆماركراوە. ئەو جەختی لەوەشكرد كە پێویستە كورد داوای پابەندبوونی توركیا بە رێككەوتننامە و پەیمانە نێودەوڵەتییەكانیش بكات كە دەتوانن بەشیكی بەرچاو لە مافەكانی كورد گەرەنتی بكەن.

تەك باسی لەوەش كرد كە ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت هەدەپە دەنگەكانی خۆی دەهێنێتەوە بەڵام  لەڕاستیدا ئەگەرهەموو كوردستان هەژمار بكەیت، دەتوانین بڵێن كە ئاكپارتی یەكەمین پارتی كوردستان بووە، چونكە هەدەپە نەیتوانیوە دەنگی هەموو كورد كۆبكاتەوە. ئەو گوتی پارتەكەی عەلی باباجان لە كوردستان دەنگی زیاترە تا ئەو پارتەی كە ئەحمەد داودئوغڵو درووستیكردوە. هەڵبەت ئەو گومانیشی هەبوو لەوە كە ئاكپارتی ئەمجارە بتوانیت وەك جاران دەنگی كوردە موحافزەكارەكان و دەنگی كورد بە گشتی ببات. ئەو گوتی لەوانەیە جەهەپە لە دیاربەكر و روها پەرلەمانتار دەربخات. باسی لەوەش كرد كە ئیستا ناكۆكییەك لە نێوان هوداپار و ئاكپارتیدا هەیە و لەوانەیە لە قۆناخی داهاتوودا، گرووپێكی ئیسلامی- نەتەوەیی لە باكوور دەركەوێت كە بەر لە كۆرۆنا ئامادەكاری بۆ كرابوو. ئەو گوتی كەسانی وەك ئاڵتان تان و ئایهان بیلگەن و كەسانیكی دیكەش لە دیاربەكر هەن كە بە دەوری ئەو پرۆژەیەوەن. هەموو ئەوانەشی وەك هۆكارێك بۆ پەرش و بڵاوبوونی دەنگی موحافزەكارەكانی كورد هەژمار كرد.

لەکۆتاییدا،  گوتی گەنجەكان لە پارتە سیاسییەكانی ئێستا رازی نین. خواست و داوكاریی جیاوازیان هەیە، هەڵبەت بابەتە نەتەوەیی و ناسنامەییەكان لای ئەوان بایەخی هەیە و ئەوە پارتە كوردییەكانن كە ناتوانن گوتار و سیاسەتی گونجاو پێشبخەن.

Share this Post

چالاکی