چالاکی

بازاڕی وزە و داهاتووی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان

21-04-2022


رۆژی 13ی نیسانی 2022، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو وێبینارێكی بە ناونیشانی (بازاڕی وزە و داهاتووی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی د.کاروڵ نەخیل – بەڕێوەبەری گشتی جێبەجێکاری کریستاڵ ئینرجی، رۆبن میلس – سەرۆکی دامەزراوەی قەمەر ئینرجی، محەممەد حسین – شرۆڤەكاری ئابووری لە تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، د. سارا ڤاخشووری – شارەزا و ستراتیژیستی ئاسایشی وزە و سەرۆکی SVB وزەی نێودەوڵەتی، ئەندریاس شرۆیدەر – سەرۆکی بەشی شیکاری وزە لە  ICISو مەحموود بابان – مۆدیرەیتەر و لێکۆڵینڤان لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بەڕێوەبرد.

وەبەرهێنەرانی بواری وزە ماوەیەکی زۆرە  گفتوگۆ دەکەن لەبارەی ئەوەی کە گازی سرووشتی پردێک بۆ وزە پاکەکانە، ئەویش بەهۆی ئەوەی كەمتر گازی ژەهراوی و دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەردەدات. هەروەها زیانەکانی بۆ ژینگە بە بەراورد بە نەوت یاخود خەڵۆز زۆر کەمترە. بەپێی دوایین بڵاوکراوەی کۆمپانیای بی پی بەریتانی کە پێشبینی داهاتوویەکی بەهێزی بۆ گازی سرووشتی کردووە، تاوەکو 2050 نزیکەی 22% وزەی سەرەتایی بەکارهێنراو لەجیهاندا لە  گازی سرووشتییەوە دابیندەکرێت . هەروەها، لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2050دا خواست لەسەر گازی سرووشتی بەشێوەیەکی ئاسایی دەمێنێتەوە، بەڵام لەساڵی 2025وە بازاڕی خەڵۆز و نەوت روو لە دابەزین دەكات.

خاڵێکی دیکە ئەوەیە لەدوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، گازی سرووشتی بەهایەک یاخود پێگەیەکی بەهێزتری پەیداکردووە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە یەکێتی ئەورووپا بەدوای جێگرەوەی رووسیا بۆ بۆ گازی سرووشتی دەگەڕێت. لەم نێوەندەدا، هەرێمی کوردستان ماوەی نزیکەی 15ساڵە وەبەرهێنانی لە گازی سرووشتی کردووە و ئێستا نزیکەی 500 ملیۆن پی سێجا بەرهەمهێنانی رۆژانەی هەیە و، چاوەڕواندەکرێت لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجای دیکەی زیاد بکات، ئەمەش لەم کاتەدا پێگەیەکی باشتر بە هەرێمی کوردستان دەبەخشێت. لەم وێبینارەدا لەسەر پێنج تەوەری سەرەکی، هەڵوەستە لەسەر بازاڕی وزە و دەرفەت و ئاڵینگارییەکانی بەردەم داهاتووی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان کرا كە بەمجۆرەبوون:

–         داهاتووی بازاڕی وزە، بەتایبەتیش گازی سرووشتی

–         دەرفەت و ئاڵینگارییەکانی بەردەم یەکێتی ئەورووپا بۆ دابینکردنی ئاسایشی گازی سرووشتی چییە ؟

–         کاریگەرییەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا  لەسەر وزە و بەتایبەتیش گازی سرووشتی چی دەبێت؟

–         لەم رۆژانەدا، دەرفەتەکانی بەردەم دابینکەرێکی نوێ گازی سرووشتی وەک هەرێمی کوردستان چییە؟

–         ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت ببێتە بەشێك لە بازاڕی دابینکردنی گازی سرووشتی لە ساڵانی داهاتوودا؟

نێوەڕۆكی گفتوگۆی وێبینارەكەش بەم شێوەیە بوو:

بازاڕی وزە و داهاتووی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان –عێراق

مەحموود بابان: زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنتان لەم چالاکییەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، ئەمڕۆ ئێمە لەبارەی بازاڕی وزە، بەتایبەتیش گازی سرووشتی گفتوگۆ دەکەین. سەرەتاش بە د. کارۆڵ نەخیل دەستپێدەکەین بۆ ئەوەی پاشخانێكی کورتمان لەبارەی بازاڕی وزەو گازی سرووشتی لە جیهان  بۆ باسبكات و پێمان بڵیت وێنای نوێی گازی سرووشتی لە دوای شەڕی نێوان ئۆکراینا و رووسیاوە چۆن دەبێت؟

د.کاروڵ نەخیل: زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنتان و گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە، چونکە لەکاتی خۆیدایە. تکایە لەگەڵ مندا لەرووی کاتەوە تووند بە، چونکە بابەتەکە زۆر فراوانە و زۆر شت روویداوە کە دەتوانم لەبارەیەوە قسە بکەم. لەڕاستیدا من نازانم لە کوێوە دەستپێبکەم، لە نرخی ئێستای گازی سرووشتییەوە یاخود ئەوەی روودەدات کە من زۆر لە نزیکەوە چاودێرییم کردووە. بەدیاریكراوی دەزانم لە بازاڕی گازی سرووشتی  و بەگشتیش بازاڕی وزەدا چی روودەدات. بەهۆی ئەوەی کە بازاڕێکی جیهانی بۆ گاز نییە وەکو ئەوەی کە بۆ نەوت هەیە، بۆ گازی سرووشتی بازاڕی ناوچەیی (هەرێمی) هەیە، زۆر پارچە پارچە و دابەشکراوە، ئەمەش پەیوەندی بە بازاڕی گازی سرووشتییەوە هەیە کە بازاڕێکی ناوچەییە لە ئەمڕۆدا، ئەمەش خاڵی سەرەکی کیشەكەیە بۆ ئەم جۆرەی وزە. هەروەها لێرەوە دەمەوێت تیشك بخەمەسەر ئەوەی چی لە ئەورووپا و لە بازاڕی گازی سرووشتی ئەورووپا روودەدات.

من پێموایە ئەوەی کە هەیە پەیوەندی بە جیوپۆڵتیک و ئابووری و تاد هەیە، هەموو ئەمانەش بەیەکەوە ئامانجەکە دیاری دەکەن و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە دەدەن، چونکە تاوەکو چەند نرخەکان بەرز ببێتەوە، هەوڵەکان بۆ ئەوەی کە چۆن بتوانم لەڕووی ئاسۆی ئابوورییەوە خۆم لە کاردانەوە نەرێنییەکان بپارێزم زیاتر دەبێت. هەربۆیەش پێویستە هەنگاوێک بڕۆێنە دواوە و ببینین، بۆچی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا دەبێتە ئەو خاڵەی کە ئەم ناجێگری و شڵەژانە لە بازاڕی گازی سرووشتی ئەورووپا درووستدەبێت؟ روانگەی من ئەوەیە کە ئەمە گەورە کراوە، بەلایەنی کەمەوە ئەوەی لە دوو ساڵی رابردوو روویداوە و دەگوزەرێت گەورە كراوە. دەبێت هەندێک هۆکاری دیکەش هەبن. هەروەها دەبێ بتوانین جیاوازی لەنێوان ئەو شتانەی ئەمڕۆ دەگوزەرێن و ئەوانەی یەکسەر دەبینرێن بکەین وەک هۆکارە زەبەلاحەکان، هەروەکو چۆن دەبێت لە داینامیکی ئەو رووداوانەش کە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا روویانداوە، تێبگەین. بەڵام ئەمڕۆ ئێمە لە کوێن و چۆن دەتوانێن لەو قەیرانەی ئێستا دەرباز بین؟ دەبی بۆ ئەمە بە تەواوەتی لە وردەکارییەکانی جەنگ و لێکەوتەکانی لەسەر زنجیرەی دابینکردن بکوڵێنەوە. هەروەها، دەمەوێت لە دوو تێڕوانینی جیاوازەوە تەماشای ئەوە بكەم كە ئەورووپا دەگوزەرێت. لەهەموو شوێنێک دەبیستین، دەبینین کە باس لە پشتبەستنی ئەورووپا بە رووسیا دەکرێت، چۆن ئەورووپا دەتوانێت خۆی لە پشتبەستن بە گازی سرووشتی رووسیا ئازاد بکات! لەکاتێکدا دەزانین رووسیا رێژەی 40%ی پێداویستی گازی سرووشتی ئەورووپا دابین دەکات. ئەمە شتێکی بێبایەخ نییە، لەڕاستیدا رووسیا گەورەترین دابینکەرە، هەربۆیەش بەدڵنیاییەوە هەر شتێک کە لەگەڵ رووسیا بکرێت یاخود هەبێت، کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی گازی سرووشتی ئەورووپا دادەنێت.هەرچۆنێک بێت، دەبێت بەشێوەیەکی جیاواز سەیری بارودۆخەکە بکەین و بە نائومێدی تەماشای نەكەین. چونکە من بارودۆخێکی خراپ نابینم بەتایبەتیش ئەگەر لەڕووی کاتەوە تەماشا بکەین و کاتی زیاتر ببینین، چونکە ئەگەر تەماشا بکەین، بۆ نموونە لەساڵانی 1990کاندا، لەرۆژێکدا نزیکەی 75%ی هاوردەی گازی ئەورووپا لە رووسیاوە بووە، بەڵام ئەمڕۆ هاوردەی گاز لە رووسیاوە بە رێژەی 40% لەرۆژێکدایە، کەواتە ئێستا ئەورووپا لە بارودۆخ و پێگەیەکی باشتردایە لەوەی کە چەند دەیەک پێشتر تێیدا بوو. دووەمیان ئەوەیە کە یەکێتی ئەورووپا رایگەیاندووە و، تەنانەت ئەڵمانیاش رایگەیاندووە كە تاوەکو ساڵی 2024، کۆتایی بە وابەستەبوون بە گازی سرووشتی رووسیا دەهێنن و پشت بەسەرچاوەی دیکەی ناوخۆیی و دەرەكی دەبەستن وەک  گازی سرووشتی شلکراوی قەتەر.

من باوەڕم بەوەکردووە و چەند ساڵێک پێش ئێستاش ئەو باوەڕەم بۆ درووستبووە کە بەدڵنیاییەوە رووسیا هەمیشە ئەو وڵاتە بووە کە بووەتەهۆی نێگەرانی گەورە بۆ جیهان، تەنانەت ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چەند دەیە پێش ئێستا، ئەوەی کە دەیڵێم دەبینین وهەمیشە نزیکایەتییەک هەبووە لەنێوان وڵاتانی دیاریکراو و رووسیادا، بەتایبەتیش لەرووی جۆگرافییەوە. ئێستاش یەکێتی ئەورووپا پێکەوە و وڵاتانی ئەورووپا بەتەنیاش هەنگاوی قورس لە دژی رووسیا دەگرنەبەر. بۆ نموونە ئەڵمانیا بۆری گازی سرووشتی نۆرد ستریم-2ی راگرت و مۆڵەتەکەشی هەڵپەسارد. بێگومان ئەوەش زۆر پێش ئەوە بوو كە داگیرکردنی ئۆکراینا رووبدات. کەواتە دەبێ هەموو ئەمانە بەیەکەوە دابنێین. لەڕاستیدا بە بەراورد بە چەند ساڵێک پێش ئێستا، یەکێتی ئەورووپا لە پێگەیەکی بەهێزترەوە قسە دەکات. هەروەها، ئەمە بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ تێکەڵکردنی ئەو سیاسەتەی کە چەند ساڵێکە یەکێتی ئەورووپا پێڕەوی دەکات و، خۆی قایلکردووە بۆ خزمەتکردن و دووربوون لە پێگەی نموونەیی. هەروەها بەشێوەیەکی رێژەیش یەکێتی ئەورووپا بە بەراورد بە چەند ساڵیک لەمەوپێش، لە پێگەیەکی بەهێزتر دایە، چونکە ئەگەر سەیری ئەو ژێرخانە فراوانەی گازی سرووشتی لە کیشوەرەکەدا بکەین، دەبینین ئەوە تەواو پێچەوانەی ئەو شتەیە کە لێرە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیدۆزینەوە، کە لەڕووی ژێرخانی گازی سرووشتییەوە زیاتر لە بیابان دەچێت. هەروەها، یەکێتی ئەورووپا تەنیا بەدوای دابینکەری بۆری گواستنەوەی گازی سرووشتی ناگەڕێت، کە ژمارەیان کەمە، بەڵکو بەدوای دابینکەری گازی سرووشتی شلکراوە LNG شدا وەك بەشێکی نوێ لە بازاڕی گازدا دەگەڕێت کە ئەمەش فاکتەرێکی سەرەکییە.

لەسەرەتای قسەکانمدا ئاماژەم بۆ ئەوەکرد کە لەماوەی چەند ساڵێکدا چی روویداوە و ئەوەش بووەتە هۆی دوورکەوتنەوە لە بازاڕیکی جیهانی یاخود نەخشەیەکی جیهانی بۆ گاز وەک ئەوەی لە نەوتدا هەیە، بەڵام ئەوە ئێستا خەریکە روودەدات و بەرەو ئەو ئاراستەیە دەجۆڵێت کە بازاڕێکی جیهانی بۆ گاز هەبێت، کە ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی  دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی گازی سرووشتی شلکراوە LNG. هەروەها، لە بنچێنەدا ئەو پێشبڕکێیەی لەنێوان ئاسیا و ئەورووپا هەیە، لەسەر بازاڕەکەیە. زیادبوونی سەرچاوەی دیکەی دابینکەری گازی سرووشتی نەرمییەکی زیاتر دەستبەر دەکات و بژاردەی زیاتر دەخاتە بەردەست و پێگەیەکی بەهێزتریش بە بەکارهێنەر دەدات. بەڵام ئەگەر تەنیا پشت بە هەمان سەرچاوە و هەمان شت و تاکە دابینکەرێكی گاز و بۆرییەكی گواستنەوە ببەستن، ئەوا ئەوە دەبینین کە ئێستا لە ئەورووپا روودەدات. لەکاتێکدا ئەوە نەک تەنیا ئەورووپایە پشت بە رووسیا دەبەستێت، بەپێچەوانەشەوە رووسیاش وایە. چونکە ئەگەر پێکەوەبەستنی هەردوو رێگاکە نەبێت، من لەو باوەڕەدام کە رووسیا پێویستی بە ئەورووپا زیاتر دەبێت بەتایبەتیش لەساڵانی داهاتوودا، کە ئەمەش خولێکی دیکەی پێکەوە گریدراوبوونی ئەورووپا و رووسیایە. ئەگەر تەنیا ئەم تێڕوانینە درووست بکەی، ئەوا دەتوانێت سەیرکردنی بازاڕی گاز و خەرجکردنی داینامیکی بازاڕی گاز و رەوتی چەند ساڵی رابردوو بكەی تاوەكو تێگەیشتنی باشترت بۆ رێگای دەرچوون لە قەیرانەکە هەبیت. هەروەها دەمەوێت چەند وشەیەکی دیکە لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵێم، بەتایبەتیش بەراوردکارییەک لەنێوان رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا بکەم. بەدڵنیاییەوە بەراوردکارییەکی دادپەروەرانە نییە، هەرچۆنێک بێت دەکرێت بڵین کە دەتوانین سوود لەو قەیرانە وەربگرین و پێشتر هەندێک لە وڵاتان، بۆ نموونە وەک وڵاتی قەتەر پابەندی ناردنی بووە، ئێستا تانکەرەکانی گازی سرووشتی شلکراوە LNG رەوانەی ئەورووپا دەکات، بەڵام شتەکە بەتەنیا پەیوەندی بە قەتەرەوە نییە،

رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خاوەنی نزیکەی 30% یەدەگی سەلمێنراوی گازی سرووشتی جیهانە، بەڵام تەنیا رێژەی 10%ی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی تێداکراوە کە ئەمەش ناتەواوییەک و ناهاوسەنگییەکی گەورەیە. هەروەها، ئێستا لە ئەورووپا قەیران هەیە و خەڵک نائومێدن لە دۆزینەوەی هەر مەترێکی سێجای گاز، بەڵام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هێشتا گازی سرووشتی دەسوتێنن و بە فیڕۆی دەدەن، کە ئەمەش ئاراستەیەکی دیکەیە و پێویستە لەرووی وەبەرهێنان لەگازی سرووشتی لەم کیشوەرەدا کە توانایەکی زۆری هەیە زۆر شت ئەنجامبدرێت.

هەلێکی وەبەرهێنانی کراوە چاوەڕوانی دەکات. ئێستاش دیمەنی وەبەرهێنان لە گازی سرووشتی زۆر باشترە لەوەی کە پێش دوو ساڵ لەمەوبەر هەبوو، نەک تەنیا بەهۆی ئەوەی نرخەكەی بەرزترە، بەڵکو دەبینین چۆن هەندێک وڵات بەهۆی سیاسەتی گۆڕانی کەشوهەوا ئاراستەی بەکارهێنانی وزەی سەرەتایی دەگوڕن، کە ئەمەش بەمانای سزادان نایەت، بەڵکو پێویستە چوارچێوەیەکی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی بەدی بهێنرێت.

مەحموود بابان: زۆر سوپاس، بەڵی  بەڕێز رۆبن میلس، ئێستا کاتی تۆیە، کە روانگەی خۆت لەبارەی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان و داهاتووی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان باسبكەی، ئایا دەتوانرێت هەناردەی دەرەوە بکرێت؟

رۆبن میلس: زۆر سوپاس بۆ ئەم وێبینارە، سوپاس بۆ هەموان. زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدا بەشدارم. سوپاس بۆ پێشەکی د.کاروڵ کە لەبارەی دۆخی بازاڕی گازی سرووشتی جیهان لە ئەمڕۆدا قسەیکرد. هەربۆیە وەکو ئاگادارن ئێمە وەک کۆمپانیای قەمەر ئینرجی بەودواییە توێژینەوەیەکی مەیدانیمان لەبارەی کەرتی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان كرد، کە سەیری توانای بەرهەمهێنان، توانای بەکارهێنانی ناوخۆیی و پێداویستی ناوخۆیمان بۆ گاز، دواتریش توانای فرۆشتنی هەرێمی کوردستانمان کرد. ئێستا، وەک دەزانین هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی بەهێزی گازی سرووشتی هەیە و بەشێکیشی ئێستا پەرەی سەندووە کە بەشی هەرە زۆری لەو جۆرەی گازەیە کە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و خستنەگەڕی ویستگەکانی کارەبا بەرهەمدەهینرێت. هەروەها، بەرهەمهێنانی ئەو گازەی کە لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت دەردەهینرێت بەزۆری لە کێڵگە نەوتییەکانەوە پەرەیسەندووە، کە ئەمیش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردەهینرێت، بەڵام توانایەکی زۆر بۆ فراوانکردنی زیاتری بەرهەمهێنانی گازی هەرێمی کوردستان هەیە. هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەنگاوی یەکەم کە بەکارهێنانی ناوخۆییە ئێستا رەوشەکە زۆرباشە. وەکو تۆ ئاگاداریت کە پرۆژەی ئەودواییە بۆ درێژکردنەوەی هێڵی بۆری گازی سرووشتی لە باکوورەوە تاوەکو دهۆک بەڕێوەدەبرێت و لەتوانایدایە بتوانێت ئەو پلانە بەتەواوی بۆ گواستنەوەی گاز دابین بکرێت و جێگەی گازوایل بگرێتەوە لە بەرهەمهێنانی کارەبا و پسوڵەی خەرجییەکانیش کەمبکاتەوە. هەروەها، دەتوانرێت دڵنیایی بدرێت کە پلانەکە بەتوانایەکی تەواو بۆ باشکردنی دۆخی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەڕێوەببرێت. ئێستا، سەرەڕای ئەو پرۆژانە، لەمدواییەدا پرۆژەیەکی زۆر گرنگمان بینی لەناوچەی گەرمیان کە بەهۆی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی نەوتییەوە توانراوە کارەبا بەرهەمبهینرێت و دواتریش دەتوانرێت بۆ وەرگرتنی گازی زیاتر لە پێشەسازی بەکاربهینرێت. دابینکردنی گازی سرووشتی بۆ پیشەسازییەکان وەک کارگەکانی چیمەنتۆ و کارگەکانی دیکەی پیشەسازی لەرووی ئابوورییەوە دەبێتەهۆی بەتواناکردنی گەشەپێدانی پیشەسازی و ئابوورییەکی فراوانتر، کەواتە هەموو ئەم پێشنیازانە گرنگ و سەرنجڕاکیشن.

لێرەدا،هەندێک لە بژاردەکان لە دەرەوەی ئەوانەی لەسەرەوە باسکراون ئاماژە پێدەدەم بۆ هەرێمی کوردستان کە سەرچاوەیەکی گەورەی بەردەوامی گازی هەیە و زۆر لەوە زیاترە لەوەی کە بتوانێت تەنیا بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبهێنێت ئەویش لەدوای پەرەپێدانی هەموو وێنە گەورەکە. بۆ نموونە پەرەپێدانی کێڵگەکانی میران و بنەباوی، کە سەرچاوەیەکی گەورەیە و توانراوە لەم کێڵگەدا پەرەپێدان بکرێت. ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەکی دیکەی گاز، هەرچەندە لەڕووی تەکنیکییەوە بەرەنگاری ئاڵینگاری دەبینەوە، چونكە گازی دیكەش هەن كە پێکهاتەیەکی بەرزی هایدرۆجین سولفایدی تێدایە و ماددەیەکی ژەهراوی و ژەنگاوییە. کەواتە پەرەپێدانی ئەو کێڵگانە لەبواری تەکنیکییەوە ئاڵۆز و گرانە، بەڵام ئەمانە سەرچاوەی گازی زۆر گەورەن، کە ئەگەر پەرەیان پێبدرێت، گرنگی گەورەی بۆ خزمەتکردنی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئێمە پێمانوایە کە رێپێدانی گونجاوی گەشەسەندن لەماوەی چەند ساڵێکدا دەتوانی ئاستی بەرهەمهێنان بگەیەنێتە نێوان 10 بۆ 20 ملیار مەتر سێجا لەساڵێکدا. هەروەها، ئێمە خەمڵاندنی بەرهەمهێنانی ئێستامان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە کە نزیکەی 5 ملیار مەتر سێجایە لەساڵێکدا. بەڕاستی دەتوانرێت ئەمە بۆ 10 ملیار مەتر سێجا و دواتریش دەتوانرێت 10بۆ 20 ملیار مەتر سێجای دیکە لەماوەیەکی درێژخایەندا بەرزبکرێتەوە و  بۆ هەناردەکردن ئامادە بکرێت، کەواتە سەرچاوەیەکی گازی زۆر گرنگە. لێرەدا با ئەو 10 بۆ 20 ملیار مەتر سێجا بخەینە ناو چوارچێوەیەکەوە.

ئەورووپا لەساڵیکدا نزیکەی 160 ملیار مەتر سێجا گاز لە رووسیاوە هاوردە دەکات، کەواتە ئەم 10 بۆ 20 ملیار مەتر سێجایە دەکاتە نزیکەی 20%ی ئەو گازە، کەوایە باسی شتێک دەکەین کە نزیکە لە 20%ی هەناردەی ئێستای رووسیا بۆ ئەورووپا، ئەمەش وایکردووە کە پرۆژەیەکی گرنگ و تێکەڵاوبێت. هەروەها ئەم سەرنجڕاکێشانە لەماوەی چەند ساڵیکدا بۆ ئەوەی توانای هەناردەکردنی گازی کوردی هەبێت، کە رێککەوتنی سەرەتایی لە ساڵی 2013دا بۆ هەناردەکردنی گازیش بۆ ناو تورکیا واژووکراوە و تاوەکو ئێستا پرۆژەکە جێبەجێنەکراوە.

هەروەها، گفتوگۆ و جووڵە بۆ دابینکردنی گاز هەیە، کە دەتوانرێت بۆ ناوخۆی عێراق بنێردرێت ئەویش لەکاتێکدا کەمی بەرهەمهێنانی گاز بووەتە هۆی کەمی دابینکردنی کارەبا لە عێراق. هەروەها، گازی ناوخۆیی زیاتر پەرەپێبدرێت، هێشتا بە بەراورد بە هاوردەکردنی گاز کەمدەبێت، ئەویش بەهۆی پێداویستی ناوخۆیی. هەرچەندە بڕی هاوردەکراو لە ئێران متمانەپێکراو نەبوو، ئەویش بەهۆی پچڕانی زنجیرەی دابینکردن و گرانی نرخەکەی. هەروەها، حالەتێکی دیکە هەیە کە گازەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنرێت و لەوانەیە کارەباکە زۆر بەباشی دابین بکات، کە ئەمەش پێگەی هەرێمی کوردستان دەگوڕێت لە بەرهەمهێنانی گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و دواتریش دەتوانرێت رەوانەی حکومەتی فیدڕاڵی بکات. کەواتە ئەمانە هەمووی هەلی گرنگ و سەرنجڕاکێشن.

ئێستا وابیردەکەمەوە کەبەم دواییانە و بەهۆی بارودۆخی رووسیا و ئۆکرایناشەوە، کە ئەورووپا هەوڵدەدات لە بەکارهێنانی گازی سرووشتی رووسیا دووربکەویتەوە، ئاسایشی وزەی ئەورووپا كەوتۆتە پێگەیەکی جیۆپۆلیتیکی قورسەوە. ئەویش لەکاتێکدا ئەورووپا سەیری ئەوە دەکات كە چی بکات بۆ ئەوەی گازی زیاتر بەدەستبهینێت. سەیر دەكات بزانێت گازی شلی زیاتر لە هەموو جیهانەوە، بەتایبەتیش قەتەر و ئەمریکا بهێنێت، بەڵام راستەوخۆ لە دراوسێکانی بۆ نموونە وڵاتی وەک مەغریب دەڕوانێت بۆ ئەنجامدانی شتێک بۆ هەناردەکردنی گاز بۆ باشووری ئەورووپا. هەروەها ئەورووپا سەیری ئازەربایجان دەکات بۆ ناردنی گاز لەرێگەی تورکیاوە و سەیری ناوچەی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش دەکات، بەڵام سەرچاوەی دیکەی گازیش هەیە، هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی زۆر واقیعی و زۆر گەورە و شاراوەی گازی هەیە، کە دەتوانرێت بۆ تورکیا یاخود لەڕێگەی تورکیا بۆ باشووری-رۆژهەڵاتی ئەورووپا هەناردە بکرێت، کە ئەمەش لەڕووی ئابووری و تەکنیکییەوە پرۆژەیەکی گونجاوە، بەڵام یەکسەر نییە و چەند ساڵێک دەخایەنێت. بە ئاشکراش تەگەرەی بازرگانی سیاسی و تەکنیکیی هەیە، بەڵام کەمێک متمانەپێکراوە بۆ هەرێمی کوردستان تاوەكو لە هەمەجۆرکردنی داهات یارمەتی بدات و داهاتەكەی تەنیا لە نەوتەوە نەبێت.  هەروەها، بەهەمان شێوە هەناردەكردنی گاز دەتوانێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری ناوخۆیی و زیادکردنی داهات بەكارببرێت.

مەحموود بابان: سوپاس بۆ ئەو کورتەیە، لێرەدا دەمەوێت دوو پرسیار بکەم: یەکەمیان لەبارەی پرۆژەی روسنەفت بۆ راکیشانی بۆری گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، دەتوانی دوایین زانیاریمان لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە بۆ باسبکەیت؟ دووەمیان لەبارەی دوایین توێژینەوەی ئێوە لەسەر گازی سرووشتی هەرێمی کوردستانە کە ئاماژەتان بەوەکردووە، هەرێمی کوردستان دەتوانێ تاوەکو 2035بڕی 40 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی لەساڵیکدا بەرهەمبهینێت، کە نزیکەی 25 ملیار مەتر سێجا بۆ ناوخۆ بێت و 15 ملیار مەتری سێجای بۆ هەناردەی دەرەوە بێتت، لە رەوشێکی وەکو ئەمڕۆ و ئەو هەموو نادڵنیاییەی لەبارەی بازاڕی گازی سرووشتی هەیە، ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە هەرێمی کوردستان گاز هەناردەی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا بکات؟

رۆبن میلس: بەڵی، کارەکانی راکیشانی بۆرییەکە وەک بەشێک لە رێککەوتنەکە بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەمەوپێش دەگەڕێتەوە. کاتێک روسنەفت چەند کێڵگەی نەوتی (بلۆکی نەوت) لە هەرێمی كوردستان وەرگرت بەتایبەتیش ئەو شوێنانەی کە پەرەسەندنی گازی تێیاندا روویداوە. کارەکانی راکیشانی بۆری گاز هەموو هەنگاوەکانی پێش نەکەوتوون و هیچ کارێکی کرداریی لە زەویدا نەکراوە. هەرچەندە ئەم بژاردەیە دیارییەک بوو بۆ دروستکردنی لەم ساڵانەدا و زۆر نزیکە رووبدات، بەڵام وەک دەزانین ماوەی بنیاتنانی راکێشانی بۆرییەکی گاز لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كە ماوەکە کۆتایی دێت و چاوەڕوانیش ناکرێت روسنەفت هیچ هەنگاوێک لەوبارەیەوە بنێت، چونکە هیچ نیشانەیەکی کارکردن لەسەر زەوی نییە. هەروەها روسنەفت کێشەی لە دابینکردنی خەرجی پرۆژەکەدا هەیە، بەهۆی مامەڵکردن لەگەڵ رووسیا کە پاڵپشتی دارایی پرۆژەکە دەکات، بەڵام ئێستا ئەمە بەکێشەیەک نابینرێت و ئەوەی لە پێشمانە، ئەوەیە کە دەگوتریت بۆرییەک هەیە بۆ دهۆک لەلایەن کۆمپانیای کار گرووپ دروستدەکرێت و رادەکیشرێت بۆ سەر سنووری تورکیا و لەودیوشەوە هەموو ئەو شتەی کە پێویستمانە تەنیا راکیشانی هێڵێکی بۆری کورتە لە دهۆکەوە بۆ تورکیا بۆ بەستنەوەی بە سیستمی تورکیاوە. ئەمە پرۆژەکەیە کە دەتوانرێت بە زوویی جێبەجێبکرێت کاتێک گازی زیاد لە پێداویستی ناوخۆ هەیە. هەرێمی کوردستان دەتوانێت گاز هەناردەی دەرەوە (تورکیا) بكات. هەروەها، وەکو شارەزایەک پێویستە هەندێک لە ژمارەکان لەسەر هەناردەکردنی گازی سرووشتی باس بکەین. هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا، زۆر پشت بە بژاردەی کرێ بۆ پەرەپێدانی گاز لە هەندێک لەم کێڵگانە دەبەستێت. هەروەها، ئەمەش پەیوەستە بەوەی کە چەندی بۆ ناوخۆ پێویستە. باوەڕم وایە و ئەگەر بەڕاستی بیربکەینەوە ئەوا دەتوانین بڵین 10 بۆ20 ملیار مەتر سێجا لەساڵیکدا دەبێت بۆ هەناردەکردن، کەواتە دەتوانرێت ئەوەی دیکەی كە دەمێنێتەوە لەناوخۆ بەکاربهێنرێت. خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە، ئەوەیە بازاڕی ئەورووپا و تورکیا لە زستاندا گازیان دەوێت، کاتێک کە ساردە و دەیانەوێت گاز هاوردە بکەن، بەڵام بازاڕی عێراقی فیدڕاڵ لە هاویندا گازی دەوێت، ئەویش کاتێک کە گەرمە و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ دابینکردنی هەوایەکی فینک. لێرەدا پرۆژەیەکی نایاب هەیە و پرۆژەیەکی شاراوەی زۆر باشیش هەیە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە هاویندا گاز بۆ عێراقی فیدراڵ و لە زستانیشدا گاز بۆ تورکیا و ئەورووپا هەناردە بکات کە  دوو بازاڕی زۆر سەرنجڕاکیش و گونجاون. ئێمە پێمانوایە ئەوە شایەنی لێکۆڵینەوەی زیاترە ، بەتایبەتیش لەبارەی هەردوو بازاڕەکەوە.

مەحموود بابان:  ئێستا دەمەوێت لە د، سارا بپرسم ، کە پسپۆڕی پلاندانانی وزە و شارەزای بواری ستراتیژییە لەبارەی ئەو دەرفەت و ئاڵینگارییانەی دێنە بەردەم یەکێتی ئەورووپا بە دوورکەوتنەوەی لە گازی سرووشتی رووسیا، ئایا تێچووەکەی لەرووی ئابووری و سیاسییەوە چی دەبێت؟ کیشەکانی دیکە چین كە لەساڵانی داهاتوودا تووشی ئەورووپا دەبێت ؟

د. سارا ڤاخشووری:  زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنتان، هەروەها سوپاسی د.کاروڵ و روبن میلس دەکەم بۆ ئەو پێشەکی و باکگراوندە زۆرباشەی کە هەردووکیان لەبارەی ئەم کێشەیەوە لە ئەورووپا و سەرچاوەی شاراوەی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان و رێگاکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی باسیان کرد. هەروەها، شتێک کە حەز دەکەم باسی بکەم ئەوەیە کە داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیاوە، کاریگەری زۆری لەسەر سیاسەتی وزە و ستراتیژییەتی وزە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و نەک تەنیا ئەورووپا هەبووە، بەڵکو بگرە کاریگەری لەسەر گەورە بەکارهێنەرانی دیکەی وزە و پرسی گواستنەوەی وزەش کردووە و هەیە. لەساڵانی داهاتوودا گاز و وزەی جیهانی بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئەمە زۆر گرنگە  کە د. کاروڵیش باسی لێوەکرد کە  لەڕاستیدا فاکتەری کات گرنگە. من بەردەوام حەز دەکەم کورتخایەن لە بەرامبەر مامناوەند و درێژخایەن جیا بکەمەوە، بۆچی ئێمە هەموو شتێک لەچاویلکەی کورتخایەن تەماشا بکەین و لێی بگەڕێن؟ لەکاتێکدا بەڵی دەزانین لێرە هیچ چارەسەرێکی خێرا نییە یاخود هیچ چارسەرێک نییە لەماوەی چەند مانگی داهاتوودا کە یەکسەر پشتبەستنی ئەورووپا لە بە رووسیا کەمبکاتەوە. ئەمەش هەموو ئەو جیاوازییانەیە کە لە نێوان نرخی گازی سرووشتی لە ئەورووپا لەگەڵ ناوچەکانی دیکەدا هەیە، بەڵام کاتێک ئێمە بەدوای ماوەیەکی درێژخایەندا دەگەڕێین، دەبێت لەرێگەی چاویلکەیەکی دووردرێژ و روانگەیەکی درێژخایەنەوە بڕوانین. ئێمە ئەوە دەبینین، هەروەکو کارۆڵ ئاماژەی بۆ کرد لەبارەی ئەورووپاوە، کە یەکێتی ئەورووپا هاوردەکردن و پشتبەستنی بە رووسیای کەمکردووەتەوە، کە ئەمەش بەمانای ئەوەیە لەوانەیە داواکاری سەرچاوەی جێگرەوە و یەدەگی گازی جێگرەوە لە ئەورووپا زیاتر بێت، بەڵام کاتێک سەیری سەرچاوە بەردەستەکان دەکەین، باسی وزەی قەتەر یاخود گازی سرووشتی شلکراوە LNG دەکرێت، کە لەم چوارچێوەیەی دابینکردنەدا، دابینکردنێکی سنوورداری هەیە، ئەگەر ئێمە لە یارییەکەدا گازی رووسی بخەینە دەرەوە، لەوانەیە لە دەرەوەی ئەورووپاوە بێت، بەڵام بەئاشکرا ناتوانین بیر لە گازی رووسی یاخود بەشیک لە گازی رووسی لە دەرەوەی بازاڕ بەبێ بیرکردنەوە لە دابینکردنی جێگرەوەی بکەینەوە.

هەروەها، زۆر روونە کە یەدەگی کوردستان گرنگی زیاتری دەبێت لەبەر رۆشنیایی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی دابینکردن و هەروەها زیادکردنی توانای جیهانی و ئاسایشی وزە لە جیهاندا. کاتێک دێیتە سەر پێداویستی گازی سرووشتی، تەنیا لەبەرئەوەی کە رووسیا بە ئاشکرا دابینکەرێکی سەرەکییە لە بازاڕدا باسدەکرێت، هەرچەندە ئەورووپاش هەوڵدەدات پشتبەستن بە رووسیا کەمبکاتەوە، بەپێچەوانەشەوە رووسیاش لە هەوڵی هەمەجۆرکردنی بازاڕەکەی دایە و کەمکردنەوەی ئاسایشی بەرهەمەکەی بە پشتبەستن بە ئەورووپا دەکات، ئەویش لەرێگەی بنیاتنانەوەی ژێرخانەوە لەڕووی فراوانکردنی توانای بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گاز بۆ کڕیارانی گازی سرووشتی شلکراوە و لەرێگەی بۆرییەوە وەکو ئەوەی لە سربیاوە بۆ چین هەیە، کە ئێستاش هەوڵی فراوانکردنی دەدەن. هەروەها دەمەوێت جەخت لەسەر خاڵێک بکەمەوە کە رۆبن باسیکرد، ئەو رۆڵەی کە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بیگیڕێت بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستیە وەرزییە جیاوازە، چونکە بە بازاڕێکی خواستی گەورە دەورە دراوە، کە تەنیا سەیری بۆرییەکانی گواستنەوە بکەیت دەزانێت بە چ بازاڕێک دەورە دراویت. ئەم یەدەگەش لە سەنتەری عێراق دایە، کە بۆ ماوەیەکی زۆرە کارەبا بووەتە کێشەیەکی ئاسایشی نیشتمانی و پشتبەستنێکی بەرچاو بۆ هاوردەکردنی کارەبا و  گازی سرووشتی لە ئێرانەوە هەیە. هەروەها باسی ئەوەش نەکراوە کە بەردەوام نییە و نرخەکەشی زۆر بەرزە بەهۆی سزاکانی سەر ئێرانەوە، کە حکومەتی ئێران گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا کردووە. لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە گۆڕانکاریی و زیادبوونی خواست لەوەرزەکاندا لە عێراق هەیە، کەواتە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی زۆر پێویستە. هەروەها ئەوەش بەرچاوە كە ئەگەر وەبەرهێنانی پێویست لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەوا توانای هاوردەکردن لە ئێرانەوە کەمدەکرێتەوە کە کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی زۆر گرنگ ببینێت و ئەگەر بەو نەرمییەی کە توانیبێتی لەگەڵ دوو بازاڕی وەک نێوەڕاستی عێراق و سەرتاسەری عێراق، و هەروەها لە تورکیاش مامەڵە بكات کە لە وەرزی جیاوازدا لوتکەی جیاوازی خواستیان هەیە.

لەڕاستیدا ئەمە دەرفەتێکی زۆر سەرنجڕاکیش و گونجاوە بۆ ناوچەکە. هەروەها دەمەوێت تەنیا بە کورتی بەوە کۆتایی بە وتەکانم بهێنم. کە گازی سرووشتی رۆڵیکی زۆر گرنگی دەبێت لە گواستنەوە لە سووتەمەنییە باوەکان بۆ سەرچاوەیەکی پاکتری وزە (وزە نوێبووەکان). هەربۆیەش داواکاری و خواست بۆ گازی سرووشتی بەئاشکرا لە ئەمڕۆوە زیاتر دەبێت، هەروەها قەیرانی داگیرکردنی ئۆکراینا و ئەو قەیرانەی ئێستا هەیە وادەکات کە بەدوای بەدیلێكی دیکەی وەکو گازی سرووشتی بگەڕێن و ئەوەش زیاتر بایەخ پەیدابکات.  لەم کاتەدا هەبوونی سەرچاوەیەک و دووبارە بەو قەبارەیەی رۆبن میلس باسی لێوەکرد زۆر دەگمەن و گرنگە بۆ ئاسایشی وزەی جیهانی.

مەحموود بابان: یەکێکی دیکە لە پانێڵستەکان،بەڕێز محەممەد حسین- شرۆڤەكاری ئابوورییە لە تۆڕی ئابووریناسانی عێراق، کە وەڵامی نادڵنیایی وڵاتانی دراوسی بەتایبەتیش تورکیا و ئێران لە هەمبەر پێشکەوتنی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان دەداتەوە.

محەممەد حسین: داوای لێبوردن دەکەم کە درەنگ بەشداری وێبینار و گفتوگۆکە بووم بەهۆی کیشەی کارەباوە، کە بەداخەوە هێشتا کێشەیەکی دووبارەیە لە عێراق. دەمەوێت لە دراوسێکانی عێراق، کە یەکەمیان ئێرانە و تۆش ئاماژەت بۆ کرد دەستپێبکەم. بەدڵنیاییەوە ئێران یەکێکە لەو سەختییە سیاسییەی کە رووبەڕووی هەر پرۆژەیەکی ستراتیژی گاز و هەناردەکردنی پرۆژەیەکی ژێرخانی گازی لە کوردستانی عێراق دەبێتەوە. راپۆرت و گفتوگۆیەکی زۆر لە میدیا ناوخۆییەکاندا هەیە کەچۆن ئێرانییەکان هەموو کارتەکانیان بەکاردەهێنن بۆ راگرتنی بۆری گازی نێوان سلێمانی بۆ دهۆک. هەروەها، مەسەلەکەش ئەوەیە کە ئێران کاریگەرییەکی زۆری لە بڕیاری داینامیکی سیاسی لە بەغدا و هەولێر هەیە و بەوشێوەیە لەهەموو ئاستەکاندا کاریگەرییەکی گەورەی لە سیاسەتی عێراق هەیە و بەتایبەتیش پرۆژەی گاز. بەڵام پرۆژەی ژێرخانی گاز کە بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستانی عێراق دەهێنێتە پێشەوە و دەتوانێت دایبمەزرێنێت و بیكاتە رکابەرێک بۆ گازی ئێران لە هەردوو بازاڕی عێراق و بازاڕی تورکیا شتێکی نموونەییە. هیچ گۆمانێک نییە کە ئێرانییەکان هەندێک رۆڵیان لەدژی ئەم پرۆژەیە داناوە و هەیە. هەروەها، بە بەکارهێنانی هەندێک گرووپی سەر بە ئێران کە لە هەندێ کارتەوە سەرچاوە دەگرن، کە ئێرانییەکان دەتوانن لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتدا بەکاری بهێنن و لە بەغداش خاوەنی داینامیکی سیاسی بن. تەنانەت لەو کێشە ئەمنیانەی کە بەم دواییانە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دەورووبەری درووست بووە. بۆ نموونەش تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر کێشەیەکی دیکەی ئەمنی لە نزیک وێستگەکانی کارکردنی کۆمپانیای کار گرووپ لە دهۆک هەبووە.

هەروەها، خاڵیکی دیکە ئەوەیە  کە کیشەکانی ئێران هەمیشە لەوی دەمێنێتەوە و ناچێتە هیچ شوێنێک، بەڵام هەندێک چارەسەریش بۆ بەشێک لە کیشەکانی ئێران هەیە. دەزانن ئەگەر حکومەتی عێراقی فیدراڵ و سەرکردایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە کەسانی ئەکادیمی گفتوگۆ سەبارەت بە ئاسایشی نەوت و پابەندە داراییەکانیان بکەن، ئەوا بێگومان دەکرێت رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران یاخود مامەڵکردن لەگەڵ کیشەکانی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە. بەتایبەتیش ئەگەر ناکۆکییە نەوتییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکرێت.

هەروەها، بەگەڕانەوە بۆ بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق دەڵیم کێشەکەی ئێڕان ئەوەندەش قورس نابێت، یاخود نابێتە بەشێک لەوەی کە نەتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام سەبارەت بە ئەنكەرە و دیمەشق، هەروەکو تۆ ئاماژەت بۆ کرد، پێموایە ئەگەر نەرم بم ئەوا تورکیا جگە لە پشتیوانیکردنی پرۆژەکە، ئاسانکاری بۆ پرۆژەکە هیی دیكە ناكات. چونکە ئەنكەرە یەکێک دەبێت لە سوودمەندە سەرەکییەکانی پرۆژەکە. هەروەها ئەگەر راستگۆ بم، هیچ رۆڵێکی دیمەشق لەسیاسەتی عێراقدا و لە کەرتی گاز و نەوتی کورد لە عێراق نابینم. وەک دەزانن دیمەشق و رژیمی بەشار ئەسەد زۆر سەرلێشێواوە.

رۆڵی وڵاتانی کەنداو زۆرباشە، پێموایە زۆرێک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵی بەدوای سەرچاوەی داراییدا لە وڵاتانی کەنداو دەگەڕین، ئەویش دوای ئەوەی لە روسنەفت و وڵاتی رووسیا نائومێد بوون، هەروەها پاڵپشتی دارایی چ لە وڵاتانی کەنداو، ئەمریکا و ئەورووپاوە بێت شتێک دەبێت کە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان و هەندێک لە بەرپرسانی عێراق چاویان لێیە.

هەروەها دەڵیم، هەندێک وڵاتی کەنداو بەشێوەیەک لە شێوەکان دڵخۆش دەبن بە پرۆژەکە و هیچ زیانێک بە بەرژەوەندی وڵاتانی کەنداو ناکەوێت. ئێستا کێشەی عێراق بەشێوەیەک لە شێوەکان بووە بە گەڕانەوە بۆ سعودیەی عەرەبی کە وڵاتێکی گەورەی سەرەکییە لە ئەنجومەنی هاوکاری وڵاتانی کەنداو (جی سی سی). پێموایە ئەو وڵاتانە دڵخۆش دەبن بەوەی کە خەڵکی عێراق کێشەی کەمیی کارەبا و وزە چارەسەر بکەن، ئەویش بە بەڵگەدانانی رێککەوتنێک کە گازی ناوخۆ کۆتایی بەمە بهێنێت بە رێککەوتنێک لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ. لەبەرئەوەش من هێچ کێشەیەکی وڵاتانی کەنداو نابینم کەواتە مەسەلەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە چۆن سەرکردەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەتوانن رێگەیەک بدۆزنەوە کە لانیکەم قەناعەت بە ئێرانییەکان بکات کە ئەم بۆری گازە یاخود پەرەپێدانی کەرتی گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تایبەتمەندییەکانی کەرتی گاز، نابێتە شتێکی دژ بە ئێرانییەکان، چونکە هەروەکو تۆ ئاماژەت بۆ کرد کە رۆژ بە رۆژ خواست بۆ گاز زیاد دەبێت، ئەمەش سەرەڕای کێشە جیوپۆڵەتییکیەکان لە ئەورووپا و شوێنەکانی دیکە.

بەدڵنیاییەوە گازی کوردستان شتێک نییە کە بڵین وەک رکابەری جیددی گازی ئێران بێتە ئاراوە، تەنانەت  ئەگەر رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقیش بكرێت. هەروەها تەنانەت ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گاز بۆ حکومەتی فیدڕاڵی دابین بکات هێشتا هەندێک داواکاری بۆ کارەبا و گازی ئێران لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هەیە و پێویستیشی پێ دەبێت. خاڵیکی دیکە وابزانم  ئەوەیە کە ویستگەی گەورەی کارەبا هەیە و هیچ وەبەرهێنانێکی گەورە لە کەرتی نەوتی عێراق نییە بۆ بەرهەمهێنانی گاز لەو کێڵگە نەوتییانەدا. دەڵیم تاوەکو ساڵی 2025 و 2026 پێویستی بە گاز دەبێت بۆ خستنەگەڕی ویستگەکانی کارەبا و دابینکردنی کارەبا لە هەموو عێراق.

هەروەها من دەڵیم بێگومان ئێستا لەگەڵ هەموو ئەو وەبەرهێنانەی کە لە چاوەڕوانیدایە و تەنانەت ئەگەر هەموو شتێک باش بێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت بیخاتە سەر هێڵی وەبەرهێنان و گازیش بۆ حکومەتی عێراق دابین بکات، ئەوا عێراق بە جۆرێک لە جۆرەکان لە هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە بەردەوامدەبێت، چونکە ئەو داواکارییەی کە حکومەت لە بازاڕی گازی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێیبکات هێشتا زۆر گەورە نییە و نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە. چونکە ئەو بازاڕە لە هاویندا راستەوخۆ پێویستی پێی دەبێت. هەربۆیەش ئاستی بازاڕی گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناگاتە داخوازی عێراق. بۆیە دەڵیم دەکرێت تەنیا لەلایەن چەند سەرچاوەیەکی رێککەوتنی سیاسی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دڵنیایی بە ئێرانییەکان بدرێت.

مەحموود بابان: زۆر سوپاس، ئێستا بەڕێز ئەندریاس, وێنەیەکمان لەبارەی ئاسۆی گازی سرووشتی و نرخی گاز لە ساڵانی داهاتوودا پێدەدات ؟ پێتوایە چ دەگوڕێت و بۆچی؟ توانای یەکێتی ئەورووپا چەندە بۆ ئەوەی لە بەکارهێنانی گازی سرووشتی رووسیا دووربکەوێتەوە؟

ئەندریاس شرۆیدەر:  بەڵی بەدڵنیاییەوە. دەتوانم پرسیار بکەم کە دەمەوێت شاشەکەم بەش بکەم؟ دەبێت رێگەم پێبدرێت کە ئەمە بکەم. ببورە وابزانم رێگەم پێنەدراوە کە ئەمە بکەم. سوپاس، من ناوم ئەندریاس –شیکەرەوەی وزەم لە ICIS بەتایبەتیش لەبارەی بازاڕەوە. کەواتە ئەوەی ئێمە دەیکەین ئەوەیە کە شیکردنەوە بۆ بازاڕەکان دەکەین و نرخەکان و پێشبینی بۆ نرخەکان بۆ بازاڕی گازی سرووشتی و بازاڕی نەوت و خەڵوزیش دەکەین، تەنانەت بۆ بازاڕی کارەباش ئەو كارە دەکەین. هەروەها، ئێمە زیاتر فۆکووسمان لەسەر بازاڕی ئاسیایە، بەڵام چاودێری ئەورووپاش دەکەین. ئەمڕۆ من دەمەوێت بەتایبەتی سەبارەت بە ئەورووپا قسەبکەم، چونکە ئەمە لە ئێستادا زۆر سەرنجڕاکیشە. هەرچەندە کارەکانمان تۆزێک لە بازاڕی ئەورووپاوە دوورە، بەڵام ئێستا نرخی گاز زۆر ناجێگیرە و ئەمەش لە هەفتە و مانگەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت. ئەمەش تەنیا بەهۆی ئەوەی نییە کە لەماوەکانی رابردوودا لە جیهان روویداوە، ئێستا ئێمە مامەڵە لەگەڵ نرخێکی بەرز دەکەین و ئێمە بارۆدۆخێکی تایبەتمان لەگەڵ کۆگای گازی رووسی لە ئەورووپا هەیە، کە بەشێوەیەکی جیاواز لەساڵانی رابردوودا کارمان پێکردووە. تاڕادەیەکیش پێداویستی ئەورووپای بە رووسیا كەم کردووەتەوە، بەڵام کێشەکەی ئێستا پەیوەندی بە وێنەیەکی چڕی دابینکردن و خواستی جیهانییەوە هەیە. خواست و داواکارییەکی زۆر لە ئاسیاوە هەیە بەهۆی  باشبوونەوەی ئابووری لەدوای کۆڤید-19وە کە وایکردووە بەیەکەوە کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان هەبێت، تەنات پێش داگیرکردنی ئۆکراینا لە لایەن رووسیاوەئەوە وابوو، کەواتە ئەمەی ئێستا بارودۆخێکی زۆر شڵەژاوە و، ئێمە لە دۆخێکی شڵەژاو و ناجێگری نرخەکانداین بۆ گاز.

وڵاتانی ئەورووپی بەدوای رزگاربوون لە گازی رووسیا دەگەڕێن، لەکاتێکدا دۆخی کۆگاکان لە مانگی رابردوودا لە ئەورووپا زۆر کەمیکردووە. ئەورووپا خاوەنی دەورووبەری 100 ملیار مەتر سێجا کۆگای ئەمبارکردنی گازە کە ئەمەش بە بڕێکی زۆرگونجاو وەسفدەکرێت و شتێکی باشە و لەکای ئاڵۆزییەکاندا سەقامگیرییەکی زۆر دابین دەکات، هەرچەندە هەندێک لە وڵاتان هیچ رێکخستنەوەیەکیان بۆ ئەمبارکردن نییە. هەروەها هەندێک لە کۆگاکانی ئەمبارکردن لەناوەڕاستی ئەورووپا لە لایەن رووسیاوە خاوەندارێتی دەکرێن یاخود راستەوخۆ لەسەر پێگاسوسە، هەر ئەمەیە تایبەتمەندی ئەو حاڵەتەیە کە لە ئەڵمانیا و هوڵەندا هەیە، کە گەورەترین شوێنی کۆگاکردن لەلایەن کۆمپانیای گازپرۆمەوە خاوەندارێتی دەکرێت. ئەمەش زەرەرێکی ستراتیژییە بۆ ئەورووپا سەبارەت بە سەربەخۆیی خۆی لە رووسیا. ساڵی رابردوو، ئێمە بینیمان کە چۆن کرداری کارکردنی  ئەو پەمپە گازییەی كە هی گازپرۆمە چۆن بوو. هەروەها مامەڵەی کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان کە زۆر جیاواز بوو لەساڵانی رابردوو.کەواتە شێوازی ئەمبارکردن زۆر جیاوازە و بە نرخی بازاڕ بەڕێوەناچێت. هەرچەندە ئێستا سەرقاڵییەک لەسەر بنەمای ستراتیژی بۆ پاراستنی گازی ئەمبارکراو و خۆئامادەکردن بۆ کەمبوونی گاز هەیە. هەرچەندە زۆر کەمیشە، لەهەمان کاتدا لە زستان تاوەکو ئێستا نرخەکان زۆر باش بوو و دۆخی ئەمبارکردنیش گەڕاوەتەوە ئاستی ئاسایی خۆی لە ئەورووپا.

هەروەها لەرووی نرخەوە دەمەوێت بڵیم کە 100 ئیرۆ بۆ هەر کاژێرێک مێگاوات کارەبا هێشتا بە ستانداردە مێژوویەکان بەرزە، بەڵام زۆریش نییە کاتێک بەراوردی دەکەێت بە چەند هەفتەیەک پێش ئێستا و کاتێک لەگەڵ ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو بەراوردی دەکەیت، کە ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوەیە، فاکتەری سەرەکیش باشبوونی رەوشی کەشوهەوایە. هەرچەندە لە هەفتەی رابردوودا دۆخێکی ساردمان لە ئەورووپا هەبوو، بەڵام بەگشتی زستان سەخت نەبوو، کە بەڕاستیش ئەمە یارمەتیدەر بووە بۆ دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی گاز بەشێوەیەکی زۆر لە زستاندا. بەڕاستی ئەگەر زستانێکی هێمن نەبوایە، ئەوا ئەورووپا لە دۆخێکی خراپتر دەبوو، چونکە ئەگەر زستانەکە سەخت بوایە کارکردنی هێڵەکانی شەمەندەفەر و گەرمکردنەوەی ماڵەکان دوو هێندە قورستر دەبوو، بەڵام خۆشبەختانە پلەی گەرمی ئەورووپا بەڕادەیەک بوو ئەگەر داواکاری گاز هەبێت ئەوا بەزۆری بۆ گەرمکردنەوە بەکاردێت، بەتایبەتیش وەک ئەوانەی کە زۆر بەکاردەهێنن بۆ گەرمکردنی شوێنەکانی نیشتەجێبوون. کەواتە پلەی گەرما دیاریکەرێکی زۆر گرنگە بۆ بەکارهێنانی گاز لە ئەورووپا.

هەروەها، لەساڵی 2021دا  شتێکی سەرسوڕهێنەر هەیە کە دابینکردنی گازی رووسیا تاڕادەیەک لاواز بووە. بەڵام لەمانگی کانوونی دووەمەوە تاڕادەیەکی کەم گەڕاوەتەوە ئاستی پێشووتری، ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە مانگی کانوونی دووەم، واتە ئەو مانگەیە کە پشتگیری دابینکردنی گازی رووسی نەکراوە. هەروەها لەرۆژی 24ی شوباتەوە (داگیرکردنی ئۆکراینا) دووبارە هەناردەکردن و دابینکردنی گازی رووسیا زیادیکردووە و گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی کە لەساڵانی رابردوودا و لە پێشتردا بینیومانە کە ئەمەش زۆر سەرنچڕاکیشە بۆ چاودێریکردن. هێرشەکەی رووسیا دووبارە بووەهۆی ئەوەی کە جێگیربوونەوەی نرخەکان و بەتایبەتیش نرخی گاز دووبارە جێگیر نەبووەوە، یاخود با بڵین زیاتر سەقامگیرتر دیار نەبێت ئەویش بەهۆی سەپاندنی سزا بەسەر رووسیادا، کە هەموو ئەمانەش  بەیەکەوە دەرکەوتن و کاریگەری لەسەر نرخەکان هەبوو. هەروەها هەندێک دژ بەیەکی لە لێدوانەکانی هەندێک لە ئەورووپییەکان هەیە کە دەڵێ دەمانەوێت لە گازی رووسی سەربەخۆ بین، چونکە بەپێی نوێترین داتا، رۆژانە لەمانگی کانوونی دووەمەوە هەناردەکردنی رووسیا كەمی نەكردووە. ئەو پارەیەشی کە بەگازی رووسیا دەدرێت لە لایەن ئەورووپاوە کەمی نەکردووە. ئەگەر وێنەکەش فراوانتر بکەین، سەیری نرخی جیهانی وزە بکەین لە پەیوەندیدا لەگەڵ نرخی ئاسیا، ئەوا بەگشتی پەیوەندی بە نرخی ئەورووپاوە هەیە و هاوتەریبە. هەروەها ئێستا دەبینین کە نرخی گاز لە ئەورووپا چەند بەرزە، نرخەکانیش لە ئاسیا هاوتەریب و بەهەمان هێڵی ئەورووپا دەڕوات و بەنزیکەیی وەک دوو هێڵ وایە کە هاوتەریب بن، هەرچەندە، چەند لادانێکی جیاوازی تێدەکەوێت. ئەمەش بەتەنیا ئەوە دەردەخات کە ئێمە ئێستا بازاڕێکی وزەی جیهانیمان هەیە. وابزانم لەسەرەتادا د. کارۆل باسی ئەوەیکرد و ئاماژەی بە نرخە هەرێمییەکانی گاز کرد کە ئەوە راستە، بەڵام ئێستا ئێمە زیاتر بەرەو نرخی جیهانی دەڕۆین و ئەوەش دەرکەوتووە. ئەمەش سەرنجڕاکیشە و دەرفەتێکە، چونکە ئەگەر ببێت بە هەناردەکار، لەکاتێکدا کە نرخەکان زیاتر و زیاتر بەرزبوونەتەوە بەهۆی داواکاری (خواستەوە)  لەلایەن وڵاتانی دەوڵەمەندەوە کە ئێستا ئەورووپایە، لەوانەشە ئاسیا بێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە  نرخی بازاڕە جیهانی هەمیشە زۆر بەرزە دەبێت و بۆ هەرێمی کوردستان هەبوونی بازاڕێکی لەوشێوەدایە بۆ هەرێمی کوردستان کە بتوانێت بەرهەمهێنەر و هەناردەکار بێت زۆر باش دەبێت.

مەحموود بابان

: بەڕێز د.کارۆڵ، چاوەڕوانی چی دەکەیت لە چەند مانگی داهاتوودا و بەتایبەتیش لە زستانی داهاتوودا بۆ بازاڕی گاز؟

د.کاروڵ نەخیل: لەڕاستیدا ئەوە قورسە جیاکردنەوە بكەیت لەنێوان ئەوەی چی لە داینامیکی بازاڕێکی لەم شێوەیەدا روودەدات ، بەڵام ئەگەر لەڕوانگەی داهاتوو و ئەوەی لە بەرەی سیاسی و جیۆپۆڵەتیکدا هەیە شیکارییەک بکەم، ئەمانە هەموو کارتی گەورەن و بەدڵنیاییەوە نەزانراویشن، چونکە داواکاری یاخود خواستی گاز وەرزییە، هەربۆیەش نموونەمان هەیە تەنانەت بەلایەنی کەمەوە لە ئەورووپا لە وەرزی زستاندا دەستپێدەکات و لەکاتی بەهار و هاوین بەرەو کۆتایی دەڕوات و دەستدەکرێت بە بەتەواوکردنی کۆگاکان، هەرچەندە کەمتر یاخود زیاتر پشت بەلایەنی نادیاری کەشوهەوا دەبەستێت. کەواتە هێشتا دەتوانێن تێبگەین لە بازاڕەکە ئەویش بەوەی کە  ئایا دۆخی ئەورووپا لەرووی سیاسی خراپتر دەبێت و جەنگەکە بەردەوام دەبێت؟ ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە بەردەوامیش گفتوگۆکانی ئاشتی شکست دەهێنن و دەبینین ئەورووپا چۆن خۆی بۆ رەوشەکە ئامادە دەکات. سزاکان لەسەر رووسیا وردە وردە پارێزراوتر و زیاتر دەکات، هەرچەندە هەندێک لە سزاکان دەهێڵیتەوە بۆ ئەوەی هەناردەکردنی گاز پارێزراو بێت، بەڵام کاتێک دەگەینە ئەو ئاستەی کە جەنگەکە خراپتر بێت و، ئەورووپا هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبێت، بەڵکو هەڵبژاردنی بژاردەی ناوکی و ئەو سزایانەی لەسەر گازی رووسیا دابنێت کە بەم تازەییە بەنیازە ئەوە بکات، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەیکات. لەراستیشدا بەتەواوی توڵە سەندنەوە بووە. هەروەها پرسی چەکی ئەتۆمی وبەکارهێنانی، دواتر راگرتنی هەناردەکردنی گاز، هەموو ئەم نەزانراوە گەورانەش هەیە. لەبەرئەوەش قورسە مۆدیلێک یاخود پێشبینیکردنێك لەبارەی ئەوەی لە بازاڕی گازی ئەورووپا چی روودەدات هەبێت، بەڵام ئەگەر لایەنی جیوپۆڵتیکی بخەینە لاوە و سەیری لاکەی دیکە لەرووی داینامیکی بازاڕەوە بکەین و بزانین نرخەکان لەکۆی کەمترن، هەروەها سیگناڵی بەرهەمهێنەرەکان بۆ وەڵامدانەوەی هەناردەکردن بۆ دەرەوە  چین و ناوچەکە چۆن وەڵامی ئەو نرخە بەرزانە دەداتەوە، کە پێش دەستپیکردنی جەنگەکەش هەبووە، ئەوا دەتوانین بڵین بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت.

لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوە یاخود پێداچوونەوەی دابینکردنی ئاسایش کاریگەری لەسەر خواست دەبێت، ئەمە داینامیکێكە کە روودەدات و چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت کە گوشار بۆ ئاسانکردنەوەی ئەم پرۆسەیە بكات. هەرچەندە دوودڵی رووسیا-ئاسیا باس ناکرێت. هەروەها بەدڵنیاییەوە هەر بارودۆخێک لە ئۆکراینا بێتە ئاراوە، دەبێت چاوەڕوانی دۆخی خراپتری بازاڕی گاز لە ئەورووپا بەلایەنی کەمەوە بۆ چەند مانگی داهاتوو بکەین.

مەحموود بابان: بەڕێز روبن دەمەوێت پرسیار بکەم لەسەر دوایین توێژینەوەتان دەربارەی توانای هەرێمی کوردستان بۆ گازی سرووشتی کە پێشتریش ئاماژەتان پێدابوو، ئەویش هەناردەکردنی گازی سرووشتی کوردستان بۆ ئیستەنبووڵ کە 23% هەرزانترە لە گازی شلکراوەی LNGی ئەمریکا، هەناردەی گازی کوردستان بۆ رۆژهەڵاتی تورکیا کە 49% هەرزانترە لە گازی ئێران وهەناردەی گازی کوردستان بۆ بەغدا 40% هەرزانتر دەبێت لەوەی ئێران، ئێستا دەمەوێت بزانم ئایا گازی سرووشتی کوردستان بۆ ئەورووپا هەرزانتر دەبێت؟ جیاوازی ئەم نرخە چییە، ئەگەر گازی هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتی ئەورووپا دابین یاخود هەناردە بکرێت؟

رۆبن میلس: بەڵی، هەرێمی کوردستان قازانج دەکات لە دابینکردنی گاز لەرێگەی بۆرییەوە بۆ ناو عێراق و هەروەهاش  بۆ تورکیا، چونکە دووریی کەمە و من متمانەم بەوە هەیە  کە دابینکردنی گازی تورکیا لەڕێگەی ئەمریکا و بەو رێگەی دوورەی لە ئۆقیانووسی ئەتلەسی بنێردرێت و گازی ئێران بۆ ناو تورکیا کە دەبێت لەرێگەی ناوچەی کەنداوەوە بێت بۆ ئەوەی بەو رێگە دوور و درێژەدا بچێتە تورکیا، کە هێڵێکی دوور و درێژە، کەواتە گازی هەرێمی کوردستان دەتوانێت هەرزانتر بێت و لەهەردوو بازاڕەکەدا پێشبڕکی بکات و، تەنانەت بۆ گەیشتن بەئەورووپاش وایە. هەروەها سەبارەت بە ئەورووپاش لەساڵانی رابردوودا تۆزێک تۆزێک قورستر بوو، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەگەڵ کێشەی رووسیا شتەکان زۆر گۆڕاوە، چونکە ئەورووپا و هەندێک وڵات هاتوون بۆ وەستاندنی بەکارهێنانی گازی رووسیا و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گازی رووسی كاربكەن، و لەسەرچاوەیەکی دیکە دەڕوانن کە مەرجیش نییە وەک گازی رووسی هەرزان بێت، هەربۆیەش هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو دەرفەتە بدات و لەڕووی ئابوورییەوە پێشبڕکێ بکات بۆ دابینکردنی گاز بۆ رۆژهەڵاتی ئەورووپا، ئەمە ئەو شتەیە کە بەڕاستی سوودی هەیە.

گازی هەرێمی کوردستان لە هەموو ئەو بازاڕانەدا دەرفەتی هەیە و تاکە پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئێران یاخود رووسیا چۆن وەڵامی ئەو پێشبڕکێیە دەداتەوە، ئەگەر پێویست بوو، ئایا نرخەکان کەمدەکەنەوە؟ لەوانەیە وابێت و دواتر ئەوە دێتە خوارەوە بۆ ئەوەی کە ئەوان دەیانەوێت، بەڵام ئێستا و لەم کاتەدا جێگرەوەی گازی ئێران و بۆ ناو عێراق و بەغدا نییە و هیچ پێشبڕکێیەک نییە کە بتوانێت گاز دابین بکات، هەربۆیەش بەدڵنیاییەوە ئەوان دەتوانن نرخێکی بەرز دابنین لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا، بەڵام  ئەگەر پێشبڕکێ هەبێت ئەوا نرخەکان بەسرووشتی دێنە خوارەوە.

مەحموود بابان: سوپاس، دەمەوێت لە د.سارا بپرسم ئایا یەکێتی ئەورووپا چۆن دەتوانێت ئاسایشی گازی خۆی دابینبکات؟ 

د. سارا ڤاخشووری: سوپاس بۆ پرسیارەکە، زۆر زەحمەتە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونکە ئەو شتەی بەدوایدا دەگەڕێیت دابینکردنی ئاسایشی وزەیە. یەک کێشە کە هەمیشە گرنگە و بەتایبەتی بۆ سیاسییەکان توانای دابینکردن و نرخی هەرزان و گونجاوە، بۆیە رووسیا هەمیشە دابینکەری سەرەکی گازی ئەورووپا بووە، چونکە بە هۆی نرخەوە بووە . هەروەها هۆکاری دیکەی وەک جیاوازی لە وەرزەکان و نرخی گازی سرووشتی شلکراوەی ئەمریکادا وایکردووە نەتوانرێت دابینبکرێت. لەڕاستیدا، ئەمە شتێکە کە دەبێت چاوەڕێ بکەین و ببینین کە بە ئاشکرا زۆربەی وڵاتان بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە لە رووسیاوە گاز هاوردە دەکەن چ دەکەن؟ کە بەم تازەییە بەدوای سەرچاوەی دیکەی دابینکردن و هەمەجۆر کردنیدا دەگەڕین، بەڵام ئەگەر لەڕوانگەی جیهانی سەیر بکەین، ئەوا داواکاری جیهانی و دابینکردنی جیهانی هەیە، ئەمەش بەواتای ئەوە دێت كە ئەگەرتۆ پێداویستی تەواوی ئەورووپا دابین بکەیت، ئەوا کەمی لە بەشێکی دیکەی جیهان دێتە ئاراوە، کەواتە ئەو بڕە گازەی رووسیا دابینی دەکات کەمە، هەربۆیەش توانای دیکە هەیە کە بتوانێت چاوەڕوانی داواکارییەکانی داهاتوو جێبەجێبکات.

ئالێرەوەیە دوانین بڵین کە نموونەی یەدەگێکی وەک کوردستان زۆر گرنگ و سەرنجڕاکیشە لە ئاسایشی جیهانی و ئاسایشی گازی سرووشتی بۆ فرەچەشنکردن و هەبوونی سەرچاوەی جێگرەوە بۆ سەرچاوەی گازی رووسیا. کێشەیەکی دیکە ئەوەیە کە وەک ئەندریاس ئاماژەی پێدا خاوەنداری کۆگاکانی ئەمبارکردن کە لایەنی رووسی زۆر زاڵە بەسەریدا و نایەوێت تۆ بەرەو پێشەوە بڕۆێت. پێویستە هەمووان ئەوە بزانن کە کاریگەری رووسیا لە بازاڕی وزەدا بەهۆی ئەوانەوە وەک تۆڕێکی کاریگەر وایە، بۆ نموونە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیدارەی بایدن رایگەیاندووە کە هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان یاخود هەر سەرچاوەیەکی دیکەی وزە لە رووسیاوە رادەگرن، بەڵام شتێک کە نەخراوەتە ناو ئەو لیستەوە  و هێشتا  بازرگانی و هاوردەکردنە لە رووسیاوە بەردەوامە ئەویش ماددەی ویستگەکانی ناوەکی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نین کە ئەمریکا بتوانێت ئابڵوقەدان و قەدەخەکردنی هاوردەکردنی سەرچاوەکانی دیکەی وزە دانین، چونکە کاتێک سەیری ئەوە دەکەین کە سەرچاوەکانی گازی سرووشتی هەمەچەشن بکەین، ئەوا دەبێت لەڕووی گواستنەوەی وزەوە سەیری بکەین کە زۆر بەڕوونی دیارە چۆنە. لەلایەکی دیکەوە دووبارە گازی سرووشتی بەشیکی گەورەیە لە بەگەڕخستنی ویستگەکانی وزەدا کە ئاسیا و رووسیا کاریگەرییان بەسەریانەوە هەیە. هەروەها یەدەگ و پرۆسەی پاڵپشتیکردنی ویستگەی وزەی ناوەکی لە زۆربەی وڵاتان هەیە، تەنانەت ئەمریکا، کە قەدەخەی بەرهەمهێنانی جۆرە جیاوازەکانی وزەی کردووە، بەڵام هی ویستگەی ناوەکی نەکردووە. کەوایە من دەڵیم توانای دابینکردن زۆر گرنگە و رۆڵی گەورەی هەیە. لەبارەی وەڵامی پرسیارەکەشەوە، یەکێتی ئەورووپا دەتوانێت سەرچاوەی گازی خۆی دابینبکات و زۆر روونیشە کە ئەگەر زیاد لە سەرچاوەیەکی دابینکردن  لە بازاڕەکەدا هەبێت ئەوا ئاسانترە، بەڵام ئەگەر ستراتیژی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پەرەپێدانی گازی سرووشتی هەبێت، ئەوا بۆشاییەک بۆ شوێنێکی دیکە پڕ دەکاتەوە، چونکە دواجار ئەو پێداویستیانە دووبارە ئاراستەی ئەورووپا دەکرێن، کەواتە هێشتا پێویستمان بەو پەلەکردن و هەناردەکردنە نوێیانە دەبێت و دەتوانرێت دارایی ئەمە بکرێت، زۆریش گرنگە کە سەیری یەدەگێکی نوێ بکەین، پێموایە هەر ئەمەشە کە دەبێتە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ کوردستان.

مەحموود بابان: زۆر سوپاس، کاک محەممەد زۆر بەکورتی پێتوایە لێکەوتەکانی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر نەوت و گازی هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟

محەممەد حسین: من دەڵیم بڕیاری دادگا کاریگەری لەسەر کەرتی نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەگەر بەرێبازێکی ژیرانەی سیاسیی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت. هەروەها لەو باوەڕەدام کە سیاسەتمەداران و سەرکردە گەشبینەکان پێوانوایە ئەمە دەرفەتێکە بۆ دانانی سنوورێک بۆ ئەو ناکۆکییە سیاسی و نەوتییە  لەمێژووەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراقدا هەیە. بۆیە بەدڵنیاییەوە بڕیارەکەی دادگا وەک شوکێکی حکومکردن بوو بۆ کەرتی نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش زۆر لەو وەبەرهێنانە دەترسێنێت کە زیاتر بۆ دابینکردنی سەرمایە و دارایی پرۆژەکانی نەوت و گاز هاتوون، کە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق سوودبەخش دەبێت و کاتی ئەوە هاتووە رێگەچارەیەکی براوە بۆ هەردوولا بەغدا و هەولێر دابڕێژین و ستراتیژییەک بدۆزینەوە کە گرژییەکان ئاسان بکات و مامەڵە لەگەڵ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بکرێت، کە بەشێوەیەک لە شێوەکان بتوانرێت وەبەرهێنەران و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن بپارێزرێن و پەرە بە کەرتی گاز بدەن کە بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق زۆر زۆر پێویستە.

مەحموود بابان: لە کۆتاییدا ئەندریاس بەکورتی سەرنجی خۆتمان سەبارەت بە نرخی گازی سرووشتی لەمانگی داهاتوو و زستانی داهاتوودا پێبدەێت؟

ئەندریاس شرۆیدەر: بەڵی. سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، لەڕاستیدا ئێمە دەبینین کە چۆن ئاست یاخود هێڵی چەماوەی نرخەکان بەدرێژایی هێڵەکە بەرەو سەرەوە دەڕۆن و نرخەکان سەر دەکەون. هەروەها لە زستانیش دا و لەساڵانی داهاتوودا نرخەکان روو لە زیادبوون دەکەن، ئەمەش سەرنچڕاکیشە بۆ سەیرکردن لەبەرئەوەی بەدرێژایی ئەم ماوەیە و مانگی رابردوو رەوشەکە زۆر ناجێگر (سات سات) بوو. کاردانەوەی نرخەکان هەبووە، بەڵام زۆر نین  و لە داتاکاندا دیار نین و ئەمەش ئێستا گوڕاوە، کەواتە ئێمە زیاتر بەرەو جیهان دەچین و کە ئێستا یاریکەرانی بازاڕەکە پێیانوایە ئەمە ئەوەیە کە بڵین ئۆریلانسێکی نوێیە کە ئێمە تێدا دەژین، کەواتە پێویستە فەرمانە نوێیەکان وەک یەک بمێنێتەوە کە ئێمە لە جیهانی نرخی بەرزی گازی سرووشتیداین و نرخی پێشەوەی تێجووەکانیش ئەم جیهانە ئاراستە دەکات، کە بۆ وڵاتانی هەناردەکار باشە، چونکە دەتوانن پارەی زیاتر پەیدا بکەن بەتایبەتیش کە ئەمەش سەرچاوەکەی لەوڵاتانی بەکارهێنەرانی گازەوە دێت، کە لە ئەورووپاوە دەستپێدەکات.

تاگەکان

April - 2022
Wednesday
13
12:00 AM
-
06:00 PM
Share this Post

چالاکی