چالاکی

نادین ماێنزا، سەرۆکی کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی ئەمریکا لە وێبینارێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

03-05-2022


رۆژی 25ی نیسان 2022 کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی USCIRF راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ئازادی ئایینی لە جیهان بڵاوکردەوە، کە دامەزراوەیەکە و  چاودێریی ئازادیی ئایینی زیاتر لە 29 وڵات لە جیهاندا دەکات و سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە. بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر نێوەڕۆکی راپۆرتی 2022 لەبارەی ئازادی ئایینی لە ئێران، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو وێبینارێکی بۆ نادین ماێنزا – سەرۆکی کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی ئەمریکا بە بەشداریی ئەمیر عوسمان – بەڕێوەبەری پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف، سارا دڵشاد – ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی و د. مەمۆ فەرحان عوسمان، مامۆستای زانکۆ و چالاکڤانی کوردی ئێزدی ئەنجامدا کە لەلایەن نوێنەر فاتیح بەڕێوەبرا.

لە راپۆرتی 2022دا لەبارەی عێراقەوە هاتووە كە “پێویستە عێراق بخرێتە لیستی چاودێری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەهۆی پێشێلكردنی لەڕادەبەدەری ئازادی ئایینی، هەروەها سزای دیاریکراو بەسەر ژمارەیەکی زیاتری سەرکردەکانی حەشدی شەعبی بسەپێنرێت و هانی حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان بەپێی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بدرێت.”

نادین ماێنزا، سەرۆکی کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی ئەمریکا لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە دامەزراوەکەیان دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و راپۆرتەکەی رۆژی 25ی نیسان 2022 تایبەتە بە ساڵی رابردوو لە مانگی یەکی 2021 تاوەکو مانگی 12ی 2021 . هەروەها زۆربەی کارەکانمان لە پشتەوەی میدیا ئەنجام دەدەین وەک ئەوەی کە دوێنی لە کۆنگریس کۆبوونەوەمان هەبوو سەبارەت بەوەی کە چۆن ئەمریکا دەتوانێت کاریگەری لەسەر بەرەوپێشبردنی ئازادی ئایینی لە جیهاندا هەبێت.

لەبارەی ئازادی ئایینی لە سووریا، ئێران و عێراق، نادین ماێنزا گوتی “لەڕاستیدا هەندێک وڵات وەک خۆی ماوەتەوە یاخود پێشکەوتنێکی بچووکی بەخۆوە بینیوە وەک عێراق، کە ئەمەش تاڕادەیەک باشە، بەڵام باردۆخەکە لە وڵاتێکی وەک ئێران و کۆریای باکوور زۆر خراپ.لە ئێران بەهائییەکان و کریستانەکان لە سێدارە دەدرێن و لە سووریاش هێشتا ئازادی ئایینی لە ژێر هەڕەشەدایە.”

هەروەها لە راپۆرتەکەدا لەبارەی عێراق، لەلاپەڕە 54-[1]55دا هاتووە:”لە ساڵی 2021دا هەلومەرجی  ئازادیی ئایینی لە عێراق کەمێک پێشکەوت، بەڵام دەبێ هێشتا چاودێری بكرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان (KRG )و حکومەتی فیدراڵی عێراق (IFG ) چەند هەنگاوێکی پۆزەتیڤیان ناوە، لەوانە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی 6ی ئاداری وەک پشووی نەتەوەیی بۆ ئاهەنگێڕانی فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینی وڵات دیاریکرد و، لەمانگی ئاداردا پەرلەمانی عێراق یاسای رزگاربووانی ئیزدی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزدی پەسەندکرد و لەمانگی تشرینی یەکەمدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:”عەنکاوە لە ناحییەوە دەکرێت بە قەزا، ئەمەش دەسەڵاتی زیاتر بە دانێشتوانەکەی لەکاروباری نێوخۆیدا دەدات.” هەروەها لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە”دوای نزیکەی پێنج ساڵ لەراگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعش و شکستپێهێنانی لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، کەمینە ئایینی و نەژادییەکانی عێراق بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوە و بەئارامی ژیان لە زێدی خۆیاندا. نزیکەی 1 ملیۆن موسڵمانی عەرەبی سوننە، زیاتر لە 200 هەزار ئێزدی و دەیان هەزار مەسیحی و ژمارەیەکی کەمی کاکەییەکان، تورکمان و ئەوانی دیکە بە ناچاریی لە ئاوارەییدا ماونەتەوە و ژیان دەکەن.”

بەپێی راپۆرتەکە، لەساڵی 2021دا دووبارەبوونەوەی هێرشەکانی داعش ترسی لەنێو کەمینە ئایینی و نەژادییەکان هێناوەتە ئاراوە کە بە دوای گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیانن لەو شوێنانەی كە پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرابوو. میلیشیاکان و ئەوانەی سەر بە هێزە دەرەکییەکانی وەک ئێرانن کە بە یەکەی حەشدی شەعبی ناسراون PMF، بەشێوەیەکی رۆتینی موسڵمانانی عەرەبی سوننە دەکەنە ئامانج و بە هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش تۆمەتباریان دەکەن. هەروەها، هێزەکانی حەشدی شەعبی بە بەردەوامی خاڵی پشکنین دادەنێن و بەکاریدەهێنن بۆ وەستاندن و بێزارکردنی عەرەبی سوننەی موسڵمان کە دەگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. هەروەها بەپێی راپۆرتەکە، ئەم میلیشیانە هەمان تاکتیکی هاوشێوەیان لە دژی کەمینە ئایینییەکانی دیکەی وەک ئێزدی، مەسیحی و کاکەیی و ئەوانی دیکە بەکارهێناوە.”

لە راپۆرتەکەدا جەخت لە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر شەنگال کراوە و هاتووە:” هێرشی ئاسمانیی بەردەوام لە باکووری عێراق لەلایەن سوپای تورکیاوە لە دژی پارتی کریکارانی کوردستان پەکەکە و یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەپەشە) لە 2021دا، رێگربووە لە باشبوونی ئازادی ئایینی و ئەم ئۆپەراسیۆنانە بەشێوەیەکی نەگونجاو کاریگەرییان کردووەتە سەر کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان، بەتایبەتیش ئێزدییەکان لە شەنگال و دهۆک.” بەپێی راپۆرتەكە حکومەتی تورکیا کەمتر رەچاوی پاراستن یاخود کەمکردنەوە قوربانی مەدەنی لە هێرشەکاندا کراوە.

هەلومەرجی ئازادی ئایینی لە ئێران زۆر لاوازە، لەکاتێکدا حکومەت بەردەوامە لە پێشیلکردن و سەرکوتکردنی سیستەماتیکی شکاندنی کەمینە ئایینییەکان. حکومەت لێکدانەوەی ئایینی فەرمی خۆی بۆ باوەڕی ئیسلام وەک بنەمایەکی بەردەوام بۆ نکۆڵیکردن لە ئازادی ئایین و باوەڕ بەکاردێنێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە ناڕەزایی لەرێگەی خۆپێشاندانی ئاشتیانەوە دەردەبڕن.

ئازادی ئایینی لە سووریا لەژێر هەڕەشەیەکی جیددی ماوەتەوە، بەتایبەتیش لەنێو ململانێی بەردەوامەكانی وڵات و قەیرانی مرۆییدا. بەرچاوترین پەرەسەندنی ئەرێنی هەڵمەتی ئەنجامە سەرکەوتووەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی  بوو بۆ شکستپێهێنانی داعش و پاککردنەوەیان لە عێراق و سووریا. هەروەها حکومەت بەردەوامە لە سەرکوتکردنی زەقی مافەکانی مرۆڤ، لەوانەش کاردانەوەی تووند بەرامبەر گەڕاوەکان و کۆمەڵگەی کەمە نەتەوەیی و ئیتنی بە تایبەتی ئەوانەی گومانیان لێ بكرێت كە بەشدارییان لە چالاکی و شەڕکردن لە دژی رژێم كردبێت.

لەبارەی چۆنیەتی کۆکردنەوەی زانیارییەکان و پشت بەستن بە پێوەرەکانی ئازادی ئایینی لە جیهاندا، نادین ماێنزا گوتی” ئێمە پشت بە داتا و بڵاوکردوە فەرمییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبەستین و لەو وڵاتانەی کاری تێدا دەکەین تیمی مەیدانیمان هەیە و هەروەها سەردانی مەیدانی وڵاتەکان دەکەین و لەگەڵ سەرکردە جیاوازەکانی کۆمەڵگە ئیتنی و ئایینییەکانیش کۆدەبینەوە.”

نێوەڕۆكی گفتوگۆی وێبینارەكەش بەم شێوەیە بوو:

نادین ماێنزا، سەرۆکی کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی ئەمریکا لە وێبینارێکی ناوەندی لێکۆڵینەوە رووداو

نوێنەر فاتیح: زۆرباشە، بەخێربێن، من نوێنەر فاتیح، پێشکێشکار لە تۆڕی میدیای رووداو، ئەمڕۆ ئەم وێبینارە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بەڕێوەدەبەم. ئەمڕۆ باس لە ئازادی ئایینی، ئازادی باوەڕ و پیادەکردنی ئەم ئازادییە لەسەر ئاستی تاک و لەنیو گرووپ و پێکهاتەکان لە ئێران، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین. ئێمە خۆشحاڵین کە نادین ماێنزا، سەرۆکی کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ئێمەدایە.

کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی ئەمریکا UNCIRF، دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنە و لەساڵی 1998وە دامەزراوە و چاودێری مافە جیهانییەکان بۆ ئازادی ئایینی و باوەڕ دەکات. هەروەها، راسپاردەی سیاسی بۆ سەرۆکی ئەمریکا و، کۆنگرێس ئامادە دەکات و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانیش دەکات. بەگوێرەی راپۆرتی 2022، کە نوێترینیانە، عێراقی خستووەتە لیستی چاودێریکردنەوە بۆ ئازادی ئایینی بەهۆی پێشیلکاری لەڕادەبەدەری ئازادی ئایینییەوە.

لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدەکات کە لەساڵی 2021دا هەلومەرجی ئازادی ئایینی لە عێراق کەمێک پەرەی سەندووە، بەڵام پێویستە چاودێری بکرێت. بەپێی راپۆرتەکە میلیشیاکان ئەوانەی کە ئەکتەری دەرەکی وەک ئێران پشتیوانیان لێ دەکات و لەژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی کار دەکەن، بەشێوەیەکی دووبارە موسڵمانانی عەرەبی سوننەیان کردۆتە ئامانج و تۆمەتباریان دەکەن، بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ داعش. هەروەها، هێزەکانی حەشدی شەعبی PMF بە بەردەوامی خاڵی پشکنینیان بەکارهێناوە بۆ وەستاندن و بێزاکردنی موسڵمانانی عەرەبی سوننە، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی خۆیان کە پێشتر لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوو. بەپێی راپۆرتەکە ئەو میلیشیایانە بەردەوام تاکتیکی هاوشێوە و دووبارە بەکاردەهێنن لەدژی کەمینە ئایینییەکانی دیکە، لەوانە ئێزدی، مەسیحی، کاکەیی و ئەوانی دیکە.

هەروەها، حکومەتی عێراقیش بەردەوامە لەرێپێدانی کارکردنی ئەو گرووپانە بەشێوەیەکی نەگونجاو، کە وایکردووە رەوشی ئاوارەکان و بەتایبەتیش مەسیحی و ئێزدییەکان لە دەشتی نەینەوا، لە باکووری عێراق زۆر زەحمەت بێت و نەتوانن بگەڕێنەوە. لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا لە باکووری عێراق بۆ بنکەکانی یەکینەکانی پاراستنی شەنگاڵ (یەپەشە) سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان کراوە، کە لەساڵی 2021دا زیاتر رێگری لە باشتربوونی ئازادی ئایینی کردووە و ئۆپراسیۆنەکان بەشێوەیەکی نەگونجاو کاریگەری لەسەر گرووپە کەمایەتییە ئیتنی و ئایینییەکان بەتایبەتی ئیزدییەکان لە شەنگال و دهۆک هەبووە. هەروەها بووەتەهۆی ئەوەی کە نەتوانن لە کۆمەڵگە و شوێنە رەسەنەکانی خۆیان نیشتەجێ ببن و بەسەلامەتی پەرستن (عیبادەتی) خۆیان ئەنجامبدەن. راپۆرتەکە فۆکووسی تایبەتی خستووەتەسەر ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و، پیشنیاری بۆ حکومەتی ئەمریکا کردووە لەرێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هانی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناوچە جێناکۆکەکان بەگوێرەی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، ئەویش بە بەشداریی سەرجەم کەمینە ئایینی و ئیتنییەکان و بەتایبەتیش بەشداریپێکردنی ئێزدییەکان.

لە ئێران و سووریاش هەلومەرجی ئازادی ئایینی لاوازە و بەپێی راپۆرتەکە حکومەتی ئێران بەردەوامە لە چاکسازی و ریفۆرمی سیستەماتیک بۆ شکاندنی کەمینە ئایینییەکانی دیکە و حکومەت، ئایینی رەسمی خۆی بۆ لێکدانەوەی باوەڕی ئیسلامی وەک بنەمایەکی بەردەوام بەکاردێنێت بۆ نکۆڵیکردن لە ئازادی ئایینی، تەنانەت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی لەرێگەی خۆپێشاندانی ئاشتیانەوە گوازرشت لە خواستەکانیان دەکەن. لە سووریاش ئازادی ئایینی لەژێر هەڕەشەیەکی جیددی ماوەتەوە، ئەویش بەهۆی ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێو وڵات و قەیرانی مرۆییەوە.

ئەمڕۆ، لەم وێبینارەدا لەگەڵ خاتوو سارا دڵشاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پارتی گەشەپێدانی تورکمان و ئەمیر عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و د.مەمو فەرحان عوسمان، مامۆستای زانکۆ و چالاکڤانی ئێزدی لە دهۆکەوە گفتوگۆ دەکەین. بەڕێز نادین ماێنزا، سەرۆکی کۆمیسۆنی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی، کورتەیەکمان لەبارەی راپۆرتەکە و دۆزراوەکانی و بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەندی بە ئێران، سووریا و عێراق هەیە پێ بدە. فەرموو 10 خوولەکت هەیە.

نادین ماێنزا: زۆر سوپاس بۆ ئەو پێشەکییە جوانە، سوپاس بۆ پێشکشیکردنی کورتەیەکی وەها باش لەو بەشانەی راپۆرتی ساڵانەمان، وەک دەزانن راپۆرتی ساڵانەمان رۆژی دووشەممە (25ی نیسان 2022) بڵاوکرایەوە، ئەمەش لەمانگی کانوونی دووەمەوە تاوەکو مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لەخۆدەگرێت، وەکو تۆش ئاماژەت بۆ کرد USCRIF دامەزراوەیەکی سەربەخۆی حکومییە. هەروەها، لەکاتێکدا ئێمە بەشێکین لە حکومەتی ئەمریکا، بەڵام جیاین و ئێمە مەرجەکانی ئازادی ئایینی خۆمان هەڵدەسەنگینین و ستاف و توێژینەوەمان هەیە و لەگەڵ کۆمەڵگە ئایینییەکان، چالاکڤانانی مافی مرۆڤ، بەرپرسانی حکومەتدا کۆدەبینەوە و دواتر راسپاردەی تایبەتی خۆشمان رادەستی حکومەتی ئەمریکا دەکەین و زۆربەی کارەکانیشمان لە دەرەوەی میدیا یاخود چاوی گشتییەوە ئەنجامدەدەین.

تۆ دەزانی، من زۆرجار لەگەڵ ئەندامانی حکومەتدا کۆدەبمەوە، بۆ نموونە هەر دوێنی لە کۆنگریس بووم و ئەم گفتوگۆیانەمان دەکرد سەبارەت بەوەی کە چۆن حکومەتی ئەمریکا دەتوانێت یارمەتی وڵاتان بدات بۆ جوڵاندن و گوزارشتکردنی زیاتر بەرەو ئازادی ئایینی و تەنانەت ئەو وڵاتانەی تۆ بۆ خۆتیش ئاماژەت بۆ کردن، سەیرکە چەند دۆخەکە ئاڵۆزە! هەر وڵاتێک بۆخۆی نموونەیەکی دەگمەنە، تۆ دەزانی راسپاردەکان بۆ راپۆرتێکی لەم شێوەیە بەتەواوی دەخرێتەڕوو، هەروەها ئەوەی ئێستا تەنیا بە ئینگلیزییە، بەڵام بەم زووانە بە کوردی و عەرەبی بڵاویدەکەینەوە، کە ئەمەش زۆر ئاسانتر دەبێت بۆ بڵاوبوونەوەی نێوەڕۆکەکەی و لە تویتەریش دایدەنێم کاتێک راپۆرتەکە بەو زمانانە ئامادەبوو. لەڕاستیدا راپۆرتەکە و راپۆرتی ساڵانە بەشێوەیەکی سەرەکی بۆ بەکارهێنانی راسپاردەکانە، دواتر ئێمە پێشنیازی ئەوە دەکەین کە وەزارەتی دەرەوە پێویستە چاودێری لەسەر چ وڵاتێک دابنێت و بیخاتە لیستی تایبەت بە چاودێریکردنەوە، کە ئەمەش ئەو وڵاتە دەخاتە دۆخێکی دیاریکراوە کە تاقیکردنەوەیە بۆ ئەو وڵاتە بەشێوەیەک یاخود تەحەموولی دەکات یاخود پێشێلکاری تووندی ئایینی بەرامبەر بە ئازادی ئایینی ئەنجامدەدرێت و وەک شێوەیەکی بەردەوام و سیستماتیکی دووبارەی لێدێت.

هەروەها، سێ پێوەر هەیە کە پێویستن بۆ ئەو وڵاتانەی دەخرێنە لیستی چاودێریکردنەوە، بەڵام لێرەدا دوو نەوەک هەر سێ پێوەرەکەی CDC سەیر دەکەین. یەکەمیان لە کۆی 15 وڵات تەنیا 4 لەو وڵاتانە خراونەتە لیستی بایەخدانی تایبەتەوە، کە ئێستا لە لایەن حکومەتی ئەمریکاوە دیارینەکراوە، ئەوانیش ئەفغانستان، نایجریا، سووریا، ڤێتنا، و هیندستانن. هەروەها لیستی چاودێری تایبەتی ئێمە ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە پێشنیازمان بۆیان کردووە و سێ وڵاتی دیکە لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە زیادکراو و عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پسپۆڕانی ئێمە پێشنیازی کردووە بخرێتە ئەو لیستەوە.

هەرچەندە لە راپۆرتەکەدا هەندێک خاڵی باشیشی تێدایە، کە زۆر گرنگە ئەوانەش ببینین. ئەگەر سەیری یەکەم دێڕی هەر وشەیەک بکەین ئەوە دەردەکەوێت کە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو وڵاتە کەمێک خراپتر دەبێت یاخود پێشاندانی هەر تۆزە باشییەكیش بێت وەک ئەوەی عێراق، کە  زۆریش نەبووە و لەوانەیە کەمێک بچووکیش بێت، بەڵام ئێمە هەر دەڵێین کەمێک باشتر بووە، چونکە زۆربەی وڵاتەکان وەک خۆیان ماونەتەوە. ئەمەش بەو واتایە دێت كە وەک یەکێک لە خراپترین سەرپێچیکارانی جیهان دەمێننەوە،  بۆ نموونە کۆریای باکوور و تاڕادەیەک ئێران کە بەهەمان شێوە زۆر وەک خۆیان ماوەتەوە و، قورسیشە دەربازی بێت. سەبارەت بە سووریاش وەک تۆ باستکرد بەڵی لەژێر هەڕەشە دایە.

هەروەها، پێموایە کە من و تۆ ئێران دەناسین، ئەوەی بینیمان لە چەوساندنەوەی بەهاییەکان زیاتر بووە و مەسیحییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی مامەڵەی خراپیان لەگەڵ دا دەکرێت و و زیندانیکراون بە نکۆڵیکردن لە مافەکانی خۆیان ئازار دەدەن، کەواتە شتێکی دیکە هەیە کە ئەم نیگەرانییە دروستدەکات ئەویش هەموارکردنەوەی یاساکان بۆ ئەوەی بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئیسلام زیندانی کردن بەسەر تۆمەتباران بسەپێنن. هەروەها ئەمەش تاقە شت نییە کە ئێمە لەربارەی ئازاردان دەیزانین، بەڵام ئەگەر تۆزێک زیاتر لەبارەی بەندکراون بکۆڵینەوە و بۆ ناو یاساکە شۆڕببینەوە، زۆر کێشەی دیکە هەیە. لە مانگی نیسان دا، دادگای تاوانەکانی ئێران بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر، سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو پیاودا سەپاندووە و پاشان لەمانگی ئابدا ئەو سزایانەی راگرت. بۆیە ئێمە بەردەوام لەخەمی ئێرانین و بێگومان هەندێک راسپاردەی بەهێز بۆ حکومەتی ئەمریکا ئامادە دەکەین، چونکە ئەمە وڵاتێکی ئاڵۆزە و  بۆ حکومەتی ئەمریکاش ئاسان نییە، بەتایبەت لەدوای هەموو ئەو شتانەوە، چونكە هێشتا ئەوان (ئێران) پەیوەندییان لەگەڵ ئەمریکا نییە.

هەروەها زۆر وڵات هەیە کە ئەمریکا چاودێری دەکات ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەمریکا بەشیکە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی لەگەڵ 34 وڵاتی دیکەدا، زۆرێک لەو وڵاتانە پەیوەندی پتەویان لەگەڵ ئێران هەیە و دەتوانن ببنە هاوکار بۆ یارمەتیدان و هەنگاونان بە ئاراستەی چڕکردنەوەی گوشارەکان لەسەر ئێران بۆ رێگەدان بە هەلومەرجی ئایینی فراوانتر و بە ئامانج نەگرتنی ئەو کۆمەڵگایانە (کەمینەکان).

لە سووریا وەکو تۆ ئاماژەت پێدا، ئێمە بەردەوامین لە بینینی بارودۆخێكی نالەبار و پڕ لە هەڕەشە. بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا، وادەریدەخات کە پارێزەری کەمینە ئایینییەکان و بەتایبەتیش مەسیحییەکانە.  لەڕاستیدا، کاتێک سەیری تۆمارەکان دەکەین، ئەوسا دەردەکەوێت زۆر لەو کۆمەڵگەیانە بە ئامانجکراون و کەنیسەکانیان بەهۆی جەنگی نیوخۆییەوە خاپوورکراوە و، ئەسەدیش هیچ هەنگاوێک نەناوە بۆ پاراستنیان و بایەخی پێنەداوە. هەروەها دەستی بەسەر هەڵبژاردنی سەرکردە ئایینییەکان گرتووە و ئێزدییەکانی ناچارکردووە کە دوای ئیسلام و شەریعەت بکەون و نەتوانن بەرگری لەناسنامەی خۆیان بکەن. بۆیە زۆر روونە کە ئەسەد نوێنەرایەتی ئازادی ئایینی ناکات و بێگومان ئەوەی لە شەقامی تەحریر شام لە ئیدلب لەم ساڵانەدا بینیمان، تاوانێکی ترسناک بوو لەدژی مەسیحییەکان. بەتایبەتیش لەو ناوچانەدا هەراسان دەكرێن. هەروەها، بێگومان دۆخەكە لەو ناوچانەی کە تورکیا لە سووریا داگیرکردوون ترسناکە، بۆیەش ئێمە زۆر نیگەرانین لەرەوشی تل تەمەر و سەرێکانی و ئەو هەلومەرجەی لەوێ هەیە. نەك تەنیا مەسیحییەکان بەڕاستی هەر کەمینەیەک لەوێ هەبێ و هەموو خەڵکی ئەوێ ئازادی خۆیان لەدەستداوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بێگومان دەزانین لەناوچەی باکووری سووریا، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر ئاماژەیان بەوە داوە كە بەردەوام دەبن لە پێڕەوكردنی پلۆراڵیزمی ئایینی، ئەمەش سەرەڕای خراپی دۆخیان لەهەموو ئاستەکانی حکومڕانیدا. بەڵام لەو ناوچانە شتێکی تایبەتیش دەبینین کە گەشەکردنێکی باشترە بە بەراورد بە ناوچە عەرەبییەکان و، ئەمەش لەمیژوویانەوە هاتووە کە ئەو جۆرە مەرجانەیان نەبووە و باوەشیان بۆ ئازادی ئایینی کردووەتەوە.

هەروەها، ئێمە هەندێک پێشنیازی زۆر بەهێزمان سەبارەت بە سووریا بۆ حکومەتی ئەمریکا کردووە، کە ئەوانیش بریتین لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و داننان بە ناسنامەی سیاسیان،  وەکو ئەو شێوەیەی کە هەموو دەوڵەتەکان نایخوازن، بەڵام شێوە دەوڵەتێک بێت کە لە داهاتووی سووریا و، وەکو خاڵێک بێت لەهەموو خاڵە سیاسییەکانی دیکە بۆ چارەسەری سیاسی سووریا، هەرچەندە ئێستا شتێکی لەو شێوەیە نابینرێت.

بەدڵنیاییەوە لە عێراقدا وەک ئاماژەمان بۆ کرد، دۆخەكە بەرەو باشی رۆیشتووە. ئەگەر بەخێرایی سەیر بکەین، پێدەچێت بەمدواییە کەمتر هێرش بۆ سەر کەمینە ئایینییەکان هەبووبێت، بەڵام هێشتاش لە دەشتی نەینەوا هەراسانکردن بەردەوامە و ئێمە بڕیارەکانی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئابڵۆقەی سەر سەرۆکی حەشدی شەعبی لەمانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەو تاوانانەی لە دەشتی نەینەوا ئەنجامیداوە بەرز دەنرخێنین  و ئەوە کارێکی گرنگ بوو لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە. من پێموایە سەردانەکەی پاپا فرانسیس لەساتێکی زۆر گرنگدا بوو بۆ مەسیحییەکان و، هیوادارین هەندێک راستی لەوەدا هەبێت. بێگومان لە هەرێمی کوردستان بە بەردەوامی رەوشی گونجاو دەبینین و پێزانینی خۆمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان رادەگەێنین کە وەزیرێکی تایبەت کردووە بۆ کارووباری ئایینی و پاڵپشتی سێ بەڕێوەبەرایەتی ئایینی دەکات. هەروەها ئێمە دەزانین کە هێشتا کەمپی ئاوارەکان لەوێ هەیە و هەموومانیش دەزانین کە هیچ حکومەتێک بەتەواویی کێشەکانی چارەسەر نەکردووە، بۆیە ئێمە هەمیشە راسپاردە بۆ هەموو ئەوانە دەکەین و دەزانین و، بەردەوام دەبین لەوەی کە تایبەتمەندی کەمینەکان و کۆمەڵگەکان لە دۆخی ئابووری حکومەتدا لەبەرچاو بگرێت. هەربۆیەش لەوێ دەمێننەوە، چونکە دەزانن داهاتوویان لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە لە عێراق بۆ کەمینە ئایینییەکان گونجاو نییە و، بێگومان نەیانتوانیووە بگەڕێنەوە دەشتی نەینەوا بەهۆی ئەو میلیشیایانەی باسمانکردن. هەروەها خۆشحاڵم کە زیاتر قسە بکەم و ئامادەم، بەڵام با کاتەکە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بێت و سوپاس.

نوێنەر فاتیح: سوپاس، پرسیارێکی دیکە سەبارە بە دەرئەنجامەکانی راپۆرتەکە، کە بۆ من سەرنجڕاکیش بوو، لێدوانەکان سەبارەت بە عێراق بوو. ئێوە ئاماژەتان بەژمارەیەکی زۆر و زیادبوونی بێباوەڕان لە عێراقدا کردووە، ئەمە چۆن لە عێراق چاودێری کراوە؟ ئایا ئەمە لە ناوچەیەکی دیاریکراوی عێراق، وەک ئەمە لە باشوور، لە باکوور یاخود لە ناوەڕاستی عێراق هەیە؟ ئەمە چۆن زانراوە؟ چونکە زۆرجار خەڵکی کە ئەو باوەڕەیان هەیە یاخود هیچ باوەڕێکیان نییە لە عێراق، لەوانەیە لە ئاشکراکردنی بترسن و تەنانەت نەوێرن قسەشی لەسەر بکەن، ئێوە چۆن ئەمەتان چاودێری کردووە؟ بەگشتی تەنیا لەماوەی دوو خولەکەدا پێمان بڵێیت چۆن سەیری ئازادی ئایینی دەکەن، لەسەر چ بنەمایەک دەیکەن؟ یاخود بۆ ئەو راستیانەی کە پشتی پێدەبەستن، لە حکومەتی خۆجێی و ناوخۆییەوە زانیاری وەردەگرن یان چاودێرانتان لە عێراق و شوێنەکانی دیکە هەیە؟

نادین ماێنزا: ئەوانە پرسیاری زۆر باشن، ئێمە لەسەر بنەمای داتاکانی حکومەتی ئەمریکا و شێوازی جیاوازی دیکە،  داتا کۆدەکەینەوە بۆ دەرخستنی ئامارێکی لەم شێوەیە لەنێو دانیشتواندا. بۆیە باوەڕم وایە ئەو ژمارانە ئەوانەن کە حکومەتی ئەمریکا لەرووی بێ باوەڕییەوە لە عێراق راپۆرتی کردوون. هەروەها منیش دڵنیا نیم، بەڵام من دەزانم و تۆش دەزانێت کە گۆڕانێکی زۆرمان لە ئیسلامەوە هەیە، و زۆر ئەستەمیشە بزانین کە ئەوانە لەکوێن، بەڵام بەدڵنیاییەوە لەوێن و لە عێراقن. بەدڵنیاییەوە پێتدەڵیم من ئەو کەسانەم بینیوە و لەگەڵ هاوپۆلەکانیان بوون، بەڵام دەشزانین کە ئەوان بانگەشەی بۆ ناکەن.

هەروەها، تۆ دەزانێت کە ئێمە ستافێکی بچووکمان هەیە کە لێرە کار دەکەن و تەنیا 20 کەس لە تیمی پرۆفیشناڵی ئێمە و 9 ئەندامی کۆمیساری دیکەیە، واتە کۆی ستافەکە دەکات لەگەڵ یەک یاخود دوو کەسمان لە هەر وڵاتێک هەیە. خاڵێکی دیکە، هەر لیکۆڵینڤانێک یاخود شیکەرەوەیەک لە uscrif یەک بۆ دوو وڵاتی هەیە، بۆیە زۆر بەڕوونی پشت بە کۆمەڵگەی مەدەنی و سەردانەکانمان بۆ ئەو وڵاتانەیە، کە لەماوەی دووساڵی رابردوودا نەمانتوانیوە  ئەو سەردانانە ئەنجام بدەین، بەڵام بە تازەیی دەستمانپێکردووەتەوە و بەم دواییە لە سەردانێکی فەرمی لە ئۆزبەکستان گەڕاومەتەوە. هەروەها ئەوەش دەزانن کە لەسەر تێچوو و حسابی خۆم زانیاری کۆدەکەمەوە و ئەو سەردانانە ئەنجامدەدەم. هەربۆیەش بەوە شێوەیە دەگەڕێن و زانیارییەکان کۆدەکەینەوە و لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوە و کۆمەڵگەی مەدەنی و راپۆرتی زانیارییە کۆکراوەکان لە لایەن تیمەکانمانەوە یەکیان دەخەین ئەم راپۆرتانەیان لێ ئامادە دەکەین.

هەروەها، پێموایە گرنگە ئەوە بزانیت کە ئێمە لێرە لەگەڵ سەرکردەی کۆمەڵگە ئایینییە جیاوازەکان لەبارەی ناڕەحەتییەکانیان و پێشنیازە تەندرووستەکانیان لەنیو دانیشتە فەرمییەکان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا بەشداری دەکەین و لەگەڵیاندا کۆدەبینەوە. لەسەر ئەرزی واقیعیش پێویستمان بە حکومەتی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوە هەیە کە کار لەسەر ئەو وڵاتانە بکەن. هەربۆیەش بەڕاستی پێکهاتەیەکی زۆر جیاواز بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی ئەم پارچانە پێکەوە دابنێن. هەروەها بۆ وڵاتێکی وەک عێراق دەستگەیشتنی زیاتر بە زانیارییەکان هەیە، چونکە دەتوانین سەردانی بکەین و گفتوگۆ لەگەڵ کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بکەین. هەروەها راپۆرتەکانی مافی مرۆڤ کە زۆر قووڵن و پێشیلکارییەکان بە وردی تۆمار دەکەن، دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئاگاداربوون لە باردۆخەکە لەسەر زەوی و ئەوەی لە عێراق هەیە.

نوێنەر فاتیح: زۆر سوپاس، ئێستا کاتی پرسیارەکانە، ئێمە پرسیارەکان وەردەگرین، پێموایە وا باش دەبێت لە د. مەمۆ دەستپیبکەین، چونکە ئەو لەدوورەوە لەگەڵ ئێمەدا بەشدارە، د. مەمۆ هیچ پرسیارێکت بۆ نادین ماێنزا هەیە؟

د. مەمۆ فەرحان: بەڵی، زۆر سوپاس بۆ بەشداریپێکردنی من و سوپاس بۆ خاتوو نادین ماێنزا بۆ راپۆرتەکانی و ئێمە سەرنج و نیگەرانییەکانیان لەبارەی کەمینەکانەوە بەرز دەنرخێنین، بەڵام دەبێت لەبیرمان بێت کە گەشەکردنی کەمینەكان کەمبووەتەوە، وڵات بەجێدەهێڵن و کۆچ دەکەن. پێمباشە لەبیرتان بێت لەماوەی 35 ساڵی رابردوودا ژمارەی ئێزدییەکان نزیکەی نیو ملیۆن کەس بووە، بەڵام 150 هەزار کەسیان کۆچیان کردووە. لەمەوبەر ژمارەی مەسیحییەکان نزیکەی 1 ملیۆن کەس بوون لە عێراق، بەڵام ئێستا تەنیا 300 هەزار کەسن. هەروەها کاکەییەکان کەمبوونەتەوە، بۆیە دەبێت نیگەرانیی ئەوە هەبێت کە چۆن کەمینەکان بوون و مانەوەی خۆیان مسوگەر بکەن و ترسیان نەبێت و دڵنیا بن لەوەی کە گرووپێکی دیکەی وەک داعش هێرش ناکەنە سەریان؟ راستە داعش لەڕووی سەربازییەوە تێکشکێنراوە و تێکدەشکێت، بەڵام پێویستە لەرووی ئایدۆلۆژی و زارەکییەوە چارەسەری ئەوەش بکرێت، بۆ ئەوەی دووبارە دەرنەکەوێتەوە. کەواتە بەگشتی دەبێت پابەندبوونێکی نێودەوڵەتی بێت بۆ پاراستنی کەمینەکان، من لێرەدا تەنیا باسی ئێزدییەکان ناکەم، بەڵکو باسی کەمینەکانی دیکەش دەکەم، بۆیەش ئێستا یەکێک لەو گوتارانەی کە بەردەوام دەدرێت و دووبارە دەبێتەوە لە عێراق، ئەوەیە کە دەوڵەت دەبێت هەموو تایبەتمەندی یەک رەنگ بێت لەجیاتی ئەوەی هەمەچەشن بێ و وەک گوڵدانێك بێت. کەواتە بۆ ئەو تووندڕەوانەی کە دەسەڵاتیان گرتە دەست و دواتر لابران و خرانە دەرەوە، دەبێت راست و رەوان لەگەڵیاندا بجووڵینەوە. چونکە کاتێک باس لە کەمینەکان دەکەین، ئەوا باس لە کولتوور دەکەین و کولتوور بەبێ ئازادی ناتوانێت بەردەوامبێت و بژیت، ئایا ئازادی لە تەقەکردنەوە دێت یاخود لە دەوڵەتێکەوە دێت کە رۆڵی یاسا تێیدا بەهێز بێت، دیسان دەیڵیم کە لە بەهێزی دەوڵەتەوە دێت. ئێمە دڵنیا نین و بەگشتیش وەک کەمایەتییەکان کە کیشەکان چارەسەر کرابن، ئەویش بە بێ پاراستنی هەموومان، و دڵنیابوون لە مانەوەمان لە عێراق. بۆیە یەکێک لە پێشنیازەکان، بەردەستخستنی یاخود دامەزراندنی جۆرێک لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری لە نەینەوا کە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ببەسترێتەوە و لەلایەن حکومەتی ناوەندی قبوڵبکرێت. داوا دەکەین شتێکی گونجاو بۆ پاراستنی کەمینەکان بكرێت. هەروەها خاتوو ماێنزا هەندێک نیگەرانی هەیە لەبارەی بەردەوامی کەمینەکان، ئایا ئەمریکا لە هەوڵی پاراستنی کەمینەکان لە عێراق بەردەوام دەبێت و هەموو ئەو رێکار و پێداویستیانە چییە لەو بارەیەوە دەیگرێتەبەر؟

نادین ماێنزا: بەڵی، من چاودێری ئەو پرسە دەکەم و تەنانەت زۆرشتیش لەبارەیەوە دەخوێنمەوە بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا. هەروەها دەمەوێت ئەوە بڵیم کە دەمەوێت خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگە کەمینەکان لە دەشتی نەینەوا ببینم، چ مەسیحییەکان، کلدانی مەسیحی و تەنانەت ئێزدییەکانیش بێت. لەڕاستیدا ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کەمن بەدواداچوونی بۆ دەکەم و هەوڵی بۆ دەدەم. هەروەها ئەگەر ئاوڕێك لە رابردوو بدەینەوە، کاتێک ئەمریکا عێراقی داگیرکرد و کاتێک ئەمریکا بەکرداریی لە عێراق بوو، ئەمریکا رەچاو یاخود تەنانەت بیریشی لەوە کردبووە و من دەزانم خەڵک هەبووە کە شەڕیان بۆ ئەوەش کردووە، بەڵام بە سەیرکردنی رابردوو، نائومید دەبین و پێویستە دان بەوەدا بنین کە ئەمریکا تۆمارێکی تەواو شکستی لە سیاسەتکردن لە عێراقدا هەبووە. راستە، ئەمریکا بەنیازێکی زۆر باش بۆ عێراق هات، بەڵام عێراقی بەشێوەیەکی باشتر بەجێ نەهێشتووە، تەنانەت بۆ کەمینە ئایینییەکانیش. هەربۆیە هێشتا من لەو باوەڕەدام کە کۆمەڵگەی مەسیحی، کلدانی و ئاشووری و کۆمەڵگەی ئێزدی دەبێت لە حکومڕانێتییەکەیاندا قسەیان هەبێت، بەتایبەتیش کاتێك لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سەیری ئەو ناوچانە دەکرێت و باس لە نائارامییەکەی دەکرێت، هەربۆیەش دەبێت خەڵکەکەی لە بەڕێوەبردن و دامەزراوەکاندا قسە و رۆڵیان هەبێت.

هەروەها حکومەتی ئەمریکا هێشتا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە کە فشار بخاتەسەر عێراق بەرامبەر بەم جۆرە بڕیارانە، پێویستە رێککەوتنی لەبارەوە بکرێت و کاری مەیدانی لەسەر زەوی بەدی بێت. هەروەها بەداخەوەم کە ئەم کۆمەڵگایانە تۆزێک یەکگرتوو نین و پێویستە یەکگرتووتر بن بۆ ئەو خۆبەڕێوەبەرییە لە پارێزگاکەیاندا کە تۆ باسی دەکەێت و  ئەمەش پشت دەبەستێت بەوەی وەک تۆ ئاماژەت بۆ کرد.  پرسیاری دواتریش ئەوەیە لەدوای ناوچەی ئیداری وەک پارێزگاوە، بۆ نموونە لەئاستی خوارتردا وەک کەمینەی دیکە، بۆ نموونە کلدانی و ئاشووری کە دەبێت یەکگرتوو بن لەبارەی ئەوەی کە چیان دەوێت. وابزانم ئەوەی ئێمە بینومانە لەو کۆمەڵگەیانە، ئەوەیە کە بیرۆکەی جیاواز لەبارەی ئەوەی کە دەیانەوێت هەیە، لەڕاستیشدا ئەمە ئەو شتەیە نییە کە ئێمە لە ئەمریکا بتوانین دروستی بکەین و بۆیان ئامادە بکەین، چونکە ئێمە لەوی نێن، بەڵام پێمخۆشە کە ئەم کۆمەڵگایانە بەردەوام بن لە کارکردن و تێکوشان بۆ مافەکانیان.

لەڕاستیدا من باوەڕم بەژمارەکان لەبارەی کۆمەڵگەی ئێزدییەوە هەیە، ئەوەی هەیە راستییە، بەڵام ئەگەر سەیری دۆخی شەنگال دەکەیت ئەو کات دەزانیت کە رەوشەکە چۆنە و هەربۆیەش عێراق خراوەتە لیستی چاودێری تایبەتەوە لەبارەی ئازادی ئایینیەوە. لەکاتێکدا ئێمە حکومەتی عێراق نابینین کە ئامانجی پاراستنی کەمینەکان بێت، بۆ نموونە ببینە کە دەهێڵیت شەنگال چۆن ببێتە شوێنی گرووپە چەکدارەکان و بەردەوامی تورکیا لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شەنگال، کە هەموو جۆرە چالاکییەک بۆ بەرەنگاری گەڕانەوەی کەمینەکان دەکرێت و ناهێڵیت لە زێدی خۆیان نیشتەجێ بن، ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارانەی سەرەوە کە ئاماژەم پێدا. هەروەها، دەزانی من بە تەواوی پشتگیری لە خۆبەڕێوەبەری بۆ هەردوو کۆمەڵگەی عێراقی و کەمینەکان دەکەم، پێموایە زۆر کەس لە ئەمریکا حەزیان دەکرد بەو شێوەیە بێت، هەربۆیە پێویستە بەردەوامبین لە گفتوگۆکردن لەو بارەیەوە و ببینین کە چۆن دەبێت. هەروەها بەشێکی کێشەکەیە، بێگومان وەک رێککەوتنی شەنگال، کە لەڕاستی جۆرە نائومێدییەکە، چونکە بەشێوەیەکی زۆر سەیر هاتە پێش چاو و دەرکەوت، کە لە پلاندا نەبوو، هەرچەندە ئێمە پشتگیری دەکەین، بەڵام بەڕاستی کۆمەڵگەی ئێزدی نائومێد کرد کە لە ئامادەکردنیدا بەشداری پێنەکرا، ئەمەش لەکاتێکدا روودەدات کە خەڵکانێک بڕیار دەدات و کۆمەڵگەکان بەشداریی پێ ناکەن و دواتر دەڵین بۆچی کار ناکات!  ئەمەش نائومێدیەکی دیکەیە کە بەبێ کۆمەڵگەی ئێزدی لە عێراق دا بڕیاری لەسەر درا. هەروەها بێگومان هەموو دەزانین کە بەشی یەکەمی رێککەوتنەکە کشانەوەی هێزە چەکدارەکانە، کە ئەو هێزانەش ئامادە نین بکشینەوە و بینیمان کە حکومەتی عێراقیش ئامادە نییە ئەو هێزانە ناچار بکات کە بکشێنەوە، هەربۆیەش کیشەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و کاری لەسەر دەکرێت. هەرچۆنێک بێت، من هێشتا وابیردەکەمەوە کە ئەوە شایەنی ئەوەیە بەرەو پێشەوە پاڵی بنێین وکاری لەسەر بکەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن وابکەین کە ئەمە رووبدات.

د. مەمۆ فەرحان: بەڵی، من لەگەڵ تۆدا هاوڕام سەبارەت بەوەی کە هەیە، بەڵام نەتوانراوە بە باشی تەواو ئەوە بگەێنرێت. ئێستا هەموو وڵاتان لەوی شەڕ دەکەن، هەربۆیەش پێویستە جۆرێک لە چارەسەری سیاسی لەجیاتی سەربازی هەبێت، بەڵام بیرۆکەکە ئەوەیە کە چۆن دڵنیا دەبێتەوە و دڵنیایی بەتەواوی ئێزدییەکان و کەمینەکانی دیکە دەدەێت کە لە سنووری ماددەی 140 دا دەژین، لەکاتێکدا کە چارەسەرێکی خێرا و کورتخایەن بەردەست نییە. هەروەها کریستیانەکان لۆبی خۆیان هەیە، بەڵام ئێزدییەکان لەدۆخێکی خراپتردان و لەڕاستیشدا زیاترلە کەمینەکانی دیکە بە ئامانج دەکرێن، کەواتە ئێمە چیمان پێویستە بۆ ئەوەی لە نیشتمان بمێنینەوە و بپارێزرێن؟ کەواتە پێویستە پابەندبوونێک هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەک لە شێوەکان لەسەر خاکەکەی خۆمان بەردەوامبین.

نادین ماێنزا: بەڵی من لەگەڵتدا هاوڕام کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شکستی هێناوە و داوای لیبوردن دەکەم. تۆ دەزانێت و بەڕاستیش بێزارکەرە هەموو ساڵیک قسەی دووبارە دەبیستی و دەزانی هیچ کارێک لەلایەن ئەم حکومەتانەوە بۆ پاڵپشتی کۆمەڵگەی ئێزدی نەكراوە. هەروەها هیوا دەخوازم کە تێگەیشتنی زیاتر لەمبارەیەوە بهێتەدی. بەدڵنیاییەوە دەیڵیم کە لێرە لە واشنتن، لە کۆنگریسی ئەمریکا پشتیوانی زیاترم بینی بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی. هەربۆیەش بڕوام وایە کە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزدی هاوهەڵویست بێت بۆ ئەوەی بەناچاری چارەسەری سیاسی بۆ شەنگال بێتە ئاراوە.

نوێنەر فاتیح: زۆرسوپاس د مەمۆ، ئێستا سارا خان، ئایا هیچ پرسیاریکت هەیە بۆ خاتوو نەدین ماێنزا؟

سارا دڵشاد: زۆر سوپاس، من سارا دڵشاد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە پارتی گەشەپێدانی تورکمان. لە هەرێمی کوردستان 11 کورسی کۆتاکان بۆ کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان هەیە. هەروەها لە هەرێمی کوردستان یاسا بۆ پاراستنی کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان هەیەو، یاساکە فۆکووسی خستووەتەسەر کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان و مافەکانی کەمینەکانی دەستنیشان کردووە. هەروەها مافی ئەو گرووپانە دەدات کە داوای قەرەبووی ئەو شتانە بکەن کە بەسەریاندا هاتووە، وەک ئەوەی لە شەڕ و هێرشی داعش بەسەر کەمینەیەکی تایبەتی ئایینی هات. هەروەها لە هەرێمی کوردستان بەیاسا دەتوانن داوای مافەکانیان بکەن و مافەکانیان پارێزراوە.

ئەمیر عوسمان: زۆر سوپاس، دووبارە خۆشحاڵم بە بینیەوەی خاتوو نادین ماێنزا، کە کەسێکی کاریگەرە لەسەر بابەتی ئایینی و پێکەوە ژیان، هەروەها کەسێکی بێلایەنە و راپۆرتەکانی زۆر بە بابەتیانە دەنووسێت و کاری لەسەر دەکات.

وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک هەرێمی کوردستان زۆر خۆشحاڵین کە زۆرجار لە دەرەوەی بازنەی ئەو رەخنانەداین كە لەسەرعێراق هەیە. هەرێمی کوردستان ئەو جۆگرافیەیە کە لەناو دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە پەناگەیەک بۆ ئاوارە، پێکهاتەکان و پێکەوەژیان و ئازادی ئایینی. هەموو ئەمانەش بە بەڵگەی ئەوەی کە بەڕێز نادین ماێنزا لە راپۆرتەکانی خۆیان و راپۆرتە نێودەوڵەتیەکای دیکەدا ئاماژەی بۆ کراوە و دەکرێت.

زۆر بەکورتی هەندێک خاڵی سەرەکی لەبارەی دوایین راپۆرتی کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی ئەمریکا کە لە راپۆرتی ئەمجارەدا هاتووە دەخەمەڕوو، لەبارەی ئاوارە و پەنابەرەکانەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو گوشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەی لەسەریەتی و ئەو دۆخە قورسە ئابوورییەی کە تێدا دەژێت، دەرگای بەڕوویاندا کردەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرنامەی تایبەتی هەبووە سەبارەت بەو شەپۆلە تووندڕەوییەی کە لە عێراق و سووریاوە لەرێگەی کەناڵی جیاوازەوە هاتووەتە ئاراوە، وەک بیری تووندڕەوی و تووندتیژی و تیرۆریستی . هەروەها لە راپۆرتەکەیاندا ئاماژەیان بەسێ ئۆفیس کردووە کە ئەوانیش: ئۆفیسی موسڵمانان، مەسیحی و ئێزدییەکان، لەڕاستیدا ئێمە پێنج ئۆفیسی دیکەمان بۆ هەموو ئایین و ئایینزاکانی دیکە کردووەتەوە. هەروەها قەزای عەینکاوە لەسەر دەستی رێزدار سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دراوە کە ئەمەش دەستکەوتێکە بۆ کریستیانەکان. لەڕاستیشدا ئەمە جێگەی دڵخۆشی هەموومانە کە سەرۆکی حکومەت بەگرنگییەوە تەماشای کریستانەکان دەکات بۆ دابینکردنی ئاسایش و بەڕێوەبردنی کارەکانیان لەلایەن خۆیانەوە و ئاسانکاری بۆ کارەکانیان کە جێگەی دڵخۆشییە و لەڕاپۆرتەکانیشدا هاتووە و ئاماژەی بۆ کراوە.

نادین ماێنزا: بەڵی، ئێمە لە راپۆرتی خۆمان ئاماژەمان بەوەی عەینکاوە کردووە، کە هەنگاوێکی پۆزەتیڤە لەعێراق، هەروەها لەمانگی ئادار کاتێک راپۆرتی وڵاتانمان نوێکردەوە، چونکە لەو راپۆرتانەدا بەدرێژی باسمان لە دۆخی هەرێمی کوردستان کردووە و ئاماژەمان بە بەڕێوەبەرایەتییەکان کردووە  وهەروەها پێنج ئۆفیسەکەی دیکەش. بەڵام لە راپۆرتی سالانەماندا ئەمە نەهاتووە، چونکە زۆر سنووردارە و تەنیا دوو لاپەڕەیە کە 1800 وشەیە، ئەمەش کارەکە زۆر قورس دەکات و ناتوانیت ئەو هەموو وردەکارییە ئاماژە  پێ بدەیت و تەنیا دەتوانیت هێڵە سەرەکییەکان دەربخەێت.

ئەمیر عوسمان: لەڕاستیدا عێراق نازانێت یاخود نەیزانیوە چۆن مامەڵە لەگەڵ کەمینەکان و بابەتی ئازادی ئایینی یاخود پێکهاتەکان بکات. لەڕاستیدا ئەمە کێشەیەکی گەورەیە لەرووی عەقڵ و سیستمی سیاسییەوە، هەربۆیەش زۆرجار لەنێو ئەو بازنەیەدا هەرێمی کوردستان دەخوێندرێتەوە، بەڵام ئێمە هەوڵمانداوە ببینە دەستپێشخەرێک لەگەڵ حکومەتی عێراق کە چۆن رەوشی پێکەوە ژیان و ئازادی ئایینی لە هەموو عێراق باشتر بکەین و بەتایبەتیش لە ناوچە جێناکۆکەکان. هەروەها ئەگەر سەیری گوتاری ئایینی لە عێراق دەکەین، لەناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازە و دەتوانین بڵین بانێکەو دوو هەوا، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە کە گوتاری ئایینی بەرەو تووندڕەوی نەڕوات، بەپێچەوانەوە ئێستا گوتاری ئایینی بەرەو ئارامی و سەبر رۆیشتووە لەنزیکەی شەش هەزار مزگەوت لە هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە کە سوپاسی مامۆستایانی ئایینی بکەین و بەتایبەتیش مامۆستایانی ئایینی سوننە. هەروەها زۆر هەوڵ هەیە کە نێوانی پێکهاتەکان تێکبدرێت و دیوارێک لەنێوانیاندا وەک دیواری بەرلین درووستبکرێت، بەڵام ئێمە دەمانەوێت لە هەرێمی کوردستان جوانی پێکهاتەکان و جوانی پێکەوەژیان  وەک باخچەیەک بێت هەموو گوڵەکانی تێدا بێت. هەروەها پێویستە ئەو مامەڵەکردنەی لەنێوان پێکهاتەکان هەیە، مامەڵەکردنێکی نموونەیی و کولتووری بێت.

نادین ماێنزا: بەڵێ، سوپاس من لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام و هیوادارم حکومەتی ئەمریکا بەردەوام بێت لە ئەولەویەتی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان و حکومەتی هەرێم دا. هەروەها لە گرنگی مانەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق وەک شوێنێک کە هاوپەیمانێکی گەورەیە بۆ ئەمریکا، و بۆیە هیوادارم حکومەتی ئەمریکا بەردەوامبێت لە پشتیوانیکردن و یارمەتیدانی حکومەت بۆ ئەوەی بتوانێت لەو ئاڵۆزییەدا کاربکەن، هەروەها من ئەوەش دەزانم کە دوژمنێکی زۆریان لە دەوروبەردایە و دەیانەوێت شکستیان پێبهێنین، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەوەیە کە لەگەڵیاندا بین.

نوێنەر فاتیح: بەڕێز خاتوو نادین ماێنزا، دەتوانم چەند پرسیارێکی دیکەت لێ بکەم، لیژنەکەتان پێشنیازەکانی بۆ سەرۆکی ئەمریکا، وەزارەتی دەرەوە و کۆنگریسی ئەمریکایە، بۆ نموونە لێرەدا و لەدوایین راپۆرتی ئێوەدا لە راسپاردەکاندا، خاڵێکی گرنگ هاتووە کە بەڕاستی کێشەی گرنگن لە عێراق، کە دەتوانێت زۆر کێشەی دووروودرێژی وەک رێککەوتنی شەنگال و ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق چارەسەر بکات، کە پەیوەندی بە میلیشیاکانەوە هەیە کە چۆن کار بکەن، وەک راسپاردەکەی ئێوە بۆ حکومەتی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەریاندا. پرسیارەکەی من لێرەدا ئەوەیە کە ئەم راسپاردانە چەند بەجیددی لەلایەن ئیدارەی ئێستاوە رەچاودەکرێت و ئەو هۆکارانەی کە گرنگی لە سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق درووست دەکەن چین؟ ئایا ئەم پێشنیازانە بەجیددی وەردەگیرێن یان بەرژەوەندی ستراتیژی دیکەی ئەمریکا هەیە؟ هەروەها ئێمە دەزانین و لیرەین کە باسی سیاسەت دەکەین، ئێران، تورکیا و عەرەبستانی سعودیە و کورد و سوننە و شیعە هەیە، چۆن ئەم پێشبڕکێ سیاسییە وادەکات کە ئیدارەی ئێستا بەجیددی ئەم راسپاردانە سەبارەت بە کەمینەکان و ئازادی ئایینی وەربگرێت؟

نادین ماێنزا:  ئەوە لەبارەی واقیعی سیاسییەوە زۆر راستە، هەمیشە ئاسایش لەپێش هەموو شتێکەوەیە، با سەیری وڵاتێکی دراوسی بکەین، بۆ نموونە سەیری سووریا بکەین. هەرگیز ئازادی ئایینی یاخود باوەڕ لە سووریا بۆ ئەمریکا لەسەر مێزی گفتوگۆ نەبووە، ئایا پاساوی ئەمنیان وەک هۆکارێک بەکارهێناوە بۆئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئازادی ئایینی دا نەکەن و، جەخت نەکەنەوە لەسەرئەوەی کە بەشێك بێت لە پشتیوانیکردنی خەڵک لەو وڵاتانەدا ، کە ئەمریکا بۆ خۆی خەڵکەکەی هەڵببژاردووە، پشتگیرییان بکەن. هەر لەسەر ئەم بنەمایانەش کۆتاییان بە کۆکردنەوەی هاوپەیمانییەتی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هێنا کە لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەمانە بەشێوەیەکی سەرەکی ئیسلامین و لە هەلومەرجێکی ترسناکدا وەک مەترسی دەبینرێن بۆ سەر ئێزدی، مەسیحی و ئەوانی دیکە. لەبەرئەمانەش و لەکاتێکدا ئاسانە بۆ حکومەتی ئەمریکا بڵێت ئێمە ئێستا کاتی ئەوەمان نییە کە ئەم کارانە بکەین، چونکە ئاسایش زۆر گرنگە، بەڵام ئەگەر نەخرێتە چوارچێوەی بنەما سەرەکییەکانی ئازادی ئایینی، ئەوا لەوکاتەی کە بەیەکەوە گفتوگۆ دەکەن دەگەنە چارەسەرێک کە هیچ شەرعیەتێکی نییە لەلایەن خەڵک و لەگەڵ بنەماکانی ئێمەشدا یەکانگیر نابێت، بۆیە ئەمە ئەو کێشەیە کە ئێمە هەمانە، سەبارەت بە عێراق دەڵیم کە ئاسایش زۆر گرنگە.  هێشتا بەو شێوەیە بیردەکەینەوە کە ئێمە دەمانەوێت عێراق جێگیر بێت و کاردانەوەی راست و ئاشتیانەی بە رووداوەكانی پەیوەست بە ئازادی ئایینی هەبێت، چونکە ئەگەر ئەم جیاوازییانە رێگری لێبکرێت و، گرژی و پێکدادانی ئیتنی ئایینی زیاد بێت، ئەوا دەبێتە دەرچەیەک بۆ دەرکەوتنی گرووپی تووندڕەوی وەک داعش، هەربۆیەش دەبێت زۆر بەوریاییەوە مامەڵە بکەین بۆ بنبڕکردنی ئەو ئایدۆلۆژیانە.

پێموایە کە هەموومان لەسەر ئەوە هاوڕاین کە گەڕانەوە و دەرکەوتنەوەی داعش شتێکی پەیوەستە بە ئاسایشەوە. هەربۆیەش داعش بە ئامانج دەکرێت، بەڵام هەروەکو د.مەمۆ ئاماژەی بۆ کرد، ئایا ئێمە ئایدۆلۆژیای داعشمان کردووەتە ئامانج هەروەکو چۆن کەسەکان دەکەینە ئامانج؟ چونکە ئەوە لەلایەنی ئەمنی دەبێتە ئامانجی داعش، بەڵام کاتێک لە ماوەیەکی درێژدا سەیری تەواوی پێکهاتەی ئازادی ئایینی دەکەین، ئەوا دەبینین کە پێویستە هانی ئازادی ئایینی بدەین ئەگەر بمانەوێت ئامانجەکانمان بەدیبهێنین، ئەویش بە لەناوبردنی ئایدۆلۆژی داعش کە بەشێکی گرنگە لە ئاسایشی خەڵک و کەمینەکان لە عێراق، کە بەتەنیا بە چەک دابین ناکرێت.

لیرەدا مەبەستمە کە سەیری ئەفغانستان بکەین کە نموونەیەکی دیکەیە. یەک تریلۆن دۆلارمان لە راهێنانی سەربازی خەرجكرد و باشترین راهێنەران و کەرەستەی سەربازی کە پارە دەتوانێت بیکڕێت لەوێ بوون. بەڵام چونکە حکومەتێک نەبووە کە ئەوەی تێدا بێت وشەڕ بکات، دەبینین کە ساڵێک پێش ئێستا ئازادی ئایینی لە خراپترین دۆخدا بوو، هەرگیز ئازادی ئایینی پرسیارێک نەبووە و بەشێک نەبووە لەچارەسەری پرسی ئەفغانستان، هەرچەندە کە زۆر کەس هەوڵی ئەوەیان داوە شوینێک یاخود پێگەیەکی زیاتر بۆ ژنان لە ئەفغانستان بکەنەوە، لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە هێشتا لەوە باشتر بوو لەوەی کە ئێستا بەئاشکرا هەیە، هەروەها دەتوانرێت لە شوێنێک کۆتایی پێبهینرێت، چونکە ئەگەر ئازادی ئایینی بەشێکی گرنگ نەبێت، ئەوا ئاشتییەکی بەردەوام بوونی نابێت.

لێرەدا دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر راسپاردەکانمان لەبارەی عێراق و ماددەی 140وە کە تەگەرەیە، مەبەستم ئەوەیە کە چارەسەرکردنی پرسی ناوچە جێناکۆکەکان قورسە. چونکە، هێشتا دەبێت ناوچە جێناکۆکەکان دیاری بکەین یاخود هەرگیز ناتوانین لەم رووەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین. بۆیە لە هەندێک خاڵدا ئەمریکا دەبێت تێبگات کەهیچ بژاردەیەکی دیکە نییە ئەگەر ئێمە ئاشتی و ئاسایشمان دەوێت، ئەمە زۆر ئاسانتر بوو، لەساڵی 2005 کە دەستوور دانرا بۆ مامەڵکردن لەگەڵ ئەم دۆخەدا، دەشزانم دەڵین ئاسانترە کە دواتر ئەنجامبدرێت، کە دەرکەوت بەو شێوەیە نییە. ئەوەبوو داعش بەهۆی بۆشایی ئەمنییەوە لەو ناوچانەوە دەتوانێت سەرهەڵبدات و دەربکەوێت. هەروەها دەبێت زۆر ورد بین و هەربۆیەش راسپاردەکان ئەوانە نین کە زۆر بەئاسانی بتوانرێت جێبەجێبکرێت، هەرچەندە وادەردەکەوێت کە زیاتر بتوانرێت ئیدارە بکرێت، بەڵام بەو شێوەیە نییە، هەروەها ئێمەش ئەوە دەزانین کە ئەنجامی جێبەجێنەكردنی ئەو خاڵانە زۆر لەوە ئاڵۆزتر دەبێت بۆ داهاتوو.

ئێستا، هەواڵی خۆش ئەوەیە کە ئەم ئیدارەیە دەرگاکانی کراوەترە لەگەڵماندا و گفتوگۆی زۆرمان لەبارەی عێراق و سووریا و ئێرانەوە کردووە. ئێمە دەزانین کە ئەم راسپاردانە خوێندراونەتەوە و لەبەرچاو گیراون. بۆیە هیوادارم ئەو کەسانەی لە کۆنگریس کە بۆخۆیان حکومەتن وکەسانی دیکەی وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانی دیکە بچن بە حکومەتی ئەمریکا بڵین تکایە ئەمانە بکەن و گوشارێک هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم راسپاردانە.

د. مەمۆ فەرحان: من سەرنجێکی کورتم هەیە، من رێگای تۆ زۆر بەرز دەنرخێنم، من دەزانم لەڕووی تیۆرییەوە کە تۆ باسی ئازادی ئایینیت کرد، هێشتا ئازادی ئایینی لە دەوڵەتێکەوە دێت کە لەسەر بنەمای دیموکراسی بنیاتنرابێت، بەڵام ئەگەر ئێمە چاوەڕێی گواستنەوەی دیموکراسی بکەین یاخود لێوەی فیربین ئەوا لەوانەیە ساڵیک و زیاتر یاخود 100 ساڵی دیکەشی پێ بچێت. هەربۆیەش من وابیردەکەمەوە و پێموایە ئەو کێشەیەی کە پەیوەندی بە کەمینەکانی عێراقەوە هەیە، دەبێت لەرێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت و ئامانجی حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەبێت کە پێویستە پاڵپشتی کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان بکەن، کە مەبەستم ئێزدی، کریستیان و کاکەیی و ئەوانی دیکەیە، کە لەڕاستیدا لەنیوخۆیاندا هیچ کێشەیەکیان نییە، تەنانەت لەگەڵ ئەوانەشدا کە دەوڵەت بەڕێوە دەبەن و داوا دەکەن کە هەندێک دەقی ئایینی پەیڕەوبکرێت، بۆیە شتەکان پێشبینی ناکرێت و هەندێکجار بەشێوەی لۆژیکی وێنا ناگرێت، بۆیە دەیڵێمەوە کە دەبێت مەسەلەی کەمینەکان لەڕێگەی سیاسیەوە چارەسەر بکرێت.

نوێنەر فاتیح: من دەمەوێت تەنیا ئەو پرسیارە بۆ قسەکانی د.مەمۆ زیاد بکەم و ئەویش بۆ ئەوەی وەڵامەکەت یەک وەڵام بێت، ئێمە لەبیرمانە لە ئیدارەی ترەمپدا بایەخدان زیاتر بوو، بەلایەنی کەمەوە لێرەوە تێبینی ئەوەمان دەکرد کە زیاتر فۆکووس لەسەر دەشتی نەینەوا هەبوو، کە چەندین سێمینار، کۆنفرانس و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە و خۆبەڕێوەبەری بۆ ئەو ناوچانە لەگەڵ هەموو کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان بدۆزنەوە، هەروەها من زۆرباش لەبیرمە کە بەڕێز مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا بۆ خۆی بەرپرسی ئەم مەلەفە بوو، بەڵام ئێستا و لەگەڵ ئیدارەی بایدن ئەوە نابینین، ئایا ئەوە تەواو بوو و ئیدی  نەما؟ هیچ بەرژەوەندییەک لەوەدا نییە؟ هیچ لێدوانێک لەربارەی هیچ دەستپێشخەرییەک سەبارەت بە دەشتی نەینەوا نییە؟ دەتوانێت لەسەر ئەوە روونکردنەوەمان پێبدەێت؟ ئایا ئیدارەی بایدن وەک ئیدارەی ترەمپ  گرنگی بە پرسەکانی دەشتی نەینەوا دەدات؟

نادین ماێنزا: بەڵی، من ئەوە دەزانم کە هەندێک لەکارەکان لە بیرۆکەکانی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا کۆتایی هاتووە، کە ئێمە نیگەرانین لەو بارەیەوە. بەڵام کاتێک لەگەڵ هاوکارییەکانی ئەمریکا USAID هاوئاهەنگیمان کرد و بەدواداچوونمان کرد، ئەوەی بینیومانە ئەوەیە کە ئەوان وەک بەرنامەی سێ ساڵی بەردەوام بوون کە بەشێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەدەچێت و کۆتایی پێهێنراوە. هەروەها تۆش دەزانی کە شێوازی کارکردنی حکومەت بەشێوەیەکە کە تۆ دەبینیت پارە چەند ساڵیک پێش ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع کاری پێبکرێت بودجەی بۆ دانراوە. هەربۆیەش ئێستا ئەوان هیچ کارێکی کردارییان نییە، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو شتانەی کە دوو ساڵ یاخود سێ ساڵ پێش ئێستا لەو شوێنانەی کە کۆتاییان بە پلاندانان و کارکردن هێناوە، بەڵام بەمن گوتراوە کە ئەوان هێشتا کاری دیکە ئەنجام دەدەن و پابەند دەبن بەئەنجامدانیەوە. هەروەها من چاوپێکەوتنم لەگەڵ رێکخراوی هاوکاری ئەمریکا USAID کردووە لەبارەی کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان لە سووریا و عێراق، بەڵینم پێ دراوە کە پێوەی پابەند دەبن. من لێرەم لە واشنتن، راستە لەوانەیە نەبینین کە جێگری سەرۆک باسی ئەو پرسە بکات، بەڵام من هیوادارم بەردەوامبین لە بینینی پشتگیری لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە. من دەزانم کە ئەمساڵ پارەی زیاد بۆ عێراق تەرخانکراوە، کە بڕەکەی نزیکەی 150 ملیۆن دۆلار بووە و لە سندوقێکی پاڵپشتی داراییەوە دابینکراوە، بۆیەش هیوادارم بەردەوامبێت. لەهەمانکاتدا ئەم کارانە دەکەن و ئەوەندەش ئاشکرایە بۆ دڵنیاکردنەوەی خەڵکی عێراق کە ئەو شوێنە جێناهێڵن. د. مەمۆ من لەگەڵ تۆدا هاوڕام کە پێویستە چارەسەری سیاسی بکرێت.  هەروەها، ئەو شتەی کە فیربووم و دەیکەم ئەوەیە کە وەک هەندێک لەو وڵاتانە زیاترخزمەت دەکەن کە ئێمە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین و دیموکراسی نین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لە شوێنەکانی وەک کازاخستان و ئۆزبەکستان دەبینین کە هەلومەرجی ئازادی ئایینی زیاتر دەبێت و دەتوانین زیاتر کار بكەین. لەهەمان کاتدا، ئەو دەوڵەتانەی کە تەمەنێكی کورتی دیموکراتیان هەیە حەز دەکەن ئازادی ئایینی باشتریان هەبێت و ئەوەش باشە.

هەروەها، تۆش راستدەکەیت کە ناكرێ لێرە چاوەڕوانی ئەوە بکەیت کە خۆت بە دیموکراسی بپارێزێت و چاوەڕێی بەدیهاتنی دیموکراسی بکەین، کە لێرە تەواو شێواوە و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی بۆ ئەوەی بە پەیامی کۆتایی بگەین ئەستەمە، بۆیە من لەگەڵ تۆدا هاوڕام و ناکرێت پێکەوە ببەسترێنەوە و چاوەڕوانی دیموکراسی بکەین و دوای ئەوەی بەدیهات ئینجا ئازادی ئایینی هەبێت. پێموایە کە تۆ راست دەکەیت و دەبێت پرسی کەمینەکان بەشێک بێت لە چارەسەری سیاسی و پێویستە گوشاری نێودەوڵەتی هەبێت بۆ پاراستنی کەمینە ئایینییەکان لە عێراق.

نوێنەر فاتیح: سوپاس یەک خوولەکمان ماوە، من دوایین پرسیاری خۆم دەکەم، تۆ چاودێری عێراق و ئێران دەکەیت، هەروەها چاودێری ئێران لە عێراقیش دەکەیت، ئەو راپۆرتەی باستکرد، ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران یاخود رەنگە رژێم چۆن لێکدانەوەی خۆی بۆ ئایینی ئیسلام بەکاردێنێت بۆ دامرکاندنەوە و بڵاوەپێکردنی هەر خۆپیشاندانێک و هەر جووڵەیەکی ئاشتیخوازانە، لە عێراق تۆ ئاماژەت بەوەکرد کە گرووپەکان و گرووپە میلیشیاکان لەژێر پەردەی حەشدی شەعبی کە لەگەڵ ئێراندا هاوچەشن، لە زۆر پێشیلکاریدا تێوەگلاون، کاتێک باس لەناوچە جێناکۆکەکان دەکەین، بەشێوەیەکی سەرەکی تاوانەکان لەلایەن حەشدی شەعبی ئەنجامدەدرێن، تەنانەت لە شەنگالیش باس لە گرووپەکانی سەر بە پەکەکە دەکەین هێشتا ئەوان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی PMF پشتگیری دەکرێن و پارەشیان بۆ دابیندەکرێت. ئایا هێچ لێکچوونێک لەنێوان رژێمی ئێران و کاری میلیشیاکان لە عێراق دەبینێت؟ کاتێک لێکدانەوەکانی بەکاردێنێت و دێتە سەر پێشیلکردنی ئازادی ئایینی لە عێرا‌ق و ئەوەی روودەدات و ئەو پێشیلکارییانەی لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق ئەنجامدەدرێت و بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن؟

نادین ماێنزا: تۆ دەزانێت ئەوە زۆر سەرنجڕاکیشە کە تۆ بڵیی وڵاتەکان جیاواز رەفتار دەکەن کاتێک لەدەرەوەی سنوورەکانیان وەک لەوەی کە لەنیوخۆی خۆیاندا رەفتار بکەن! دیارە کە ئێران بەڕاستی خەریکی ناسەقامگیرییە لەدەرەوەی وڵاتی خۆی و لە دەرەوەی سنووری خۆی، بەدڵنیاییەوە کاتێک لەدەرەوەن بۆ نمونە لە شوێنێكی وەک لوبنان کە لەسەر خوێن گەشەی کردووە، ئەوە دەبینین. هەروەها،  لەکاتێکدا کە ئێران پشتیوانە بۆ سەقامگیریی وڵات لە عێراق، ئەوا دەبینین کە دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ساڵی رابردوو نەتوانراوە، هەنگاوەکان بەرەو پێشەوە بنێرێن. چونکە ئێران دەستیوەردان دەکات و لە ناسەقامگیرترکردنی ناسەقامگیرییەکاندا لە عێراق رۆڵی هەیە. لەڕاستیدا ئەمانەش لە وڵاتی خۆیاندا ناکەن و بەدیوارێکی پۆڵاین دەوری دەدەن، بەڵام لە عێراق کۆمەڵگە کەمینەکان دەچەوسێننەوە و سەرکوتیان دەکەن، لەکاتێکدا بەتەواوی هەمان جۆری دەسەڵاتیان نییە، بەڵام وەکو تۆ ئاماژەت بۆ کرد بەڕوونی لە دەرەوە لەڕێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی PMF ئەم کارانە دەکەن.

ئایا تۆ دەزانی ئەوان خەڵکی هەراسان دەکەن، کۆنترۆڵی هاتووچۆکردن و ئازادی هاتووچۆکردنیان دەکەن و خاکەکانیان داگیر دەکەن؟ بەهۆی ئەو هێزە زۆرەی هەیانە، دەسەڵاتیان هەیە لە چەوساندنەوەی کەمینە ئایینییەکان و بە ئامانج كردنیان. بەداخەوە، لەڕاستیدا مەبەستم ئەوەیە زۆرجار ئاماژە بەوە دەکرێت کە ئێزدی و مەسیحییەکان کراونەتە ئامانج، یاخود ژمارەیەکی کەمی وەک کاکەییەکان کە ژمارەیەکی کەمیان ماوە وەکو ئەوەی تۆ ئاماژەت بۆ کرد و مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە کراونەتە ئامانج، بەڵام ژمارەیەکی زۆری موسڵمانی سوننەش ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و، ئەوانیش لە لایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی بێزار دەکرێن وەک ئەوەی لە راپۆرتەکەشدا ئاماژەمان بۆ کردووە. بۆیە بێگومانییەوە ئەوە کێشەیەکە و دەزانم خەڵکی عێراق ماندوون و لەم هەڵبژاردنەی دواییدا ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، بەڵام ئێران هێشتا پاشگەز نابێتەوە و هێشتا رێگەی نەداوە کەوا پرۆسەی سیاسی بەردەوام بێت، بۆیە هیوادارم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق دژی ئیرادەی ئێران وەستابێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی وەستانی ئەو ناسەقامگیرییە زیانبەخشە بۆ هەموو خەڵکی عێراق، بەتایبەتیش ئەوانەی کە زۆرترین مەترسیان لەسەرە وەکو کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان.

نوێنەر فاتیح: نادین ماێنزا، سەرۆکی کۆمیسۆنی نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی ئەمریکا زۆر سوپاس بۆ ئەوکاتەی بە ئێمەت بەخشی و ئێمە زۆرخۆشحاڵ بووین کە لەگەڵماندا بەشداربوویت.

نادین ماێنزا: زۆر سوپاس کە لەگەڵتان بەشداربووم، ئەمە زۆر بەبایەخ بوو، سوپاسی ئەو دەرفەتە دەکەم.

سەرچاوە

[1] https://www.uscirf.gov/sites/default/files/2022-04/2022%20USCIRF%20Annual%20Report_1.pdf

May - 2022
Tuesday
03
02:30 PM
-
04:30 PM
Share this Post

چالاکی