شرۆڤە

هۆکارەکانی زیادبوونەوەی جموجۆڵەکانی داعش

08-08-2022


بەرایی

لە ماوەی رابردوودا جموجۆڵی داعش لە عێراق زیادی کردووەتەوە و ئەمەش جارێکی دیکە، سەرنجەکانی بۆ سەر ئەو رێکخراوە راکێشایەوە. هەرچەند عێراق لە رۆژی 9ی دیسەمبەری 2017 دا دەرکردنی “داعش” و سەپاندنی کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر سەرجەم خاکی وڵاتەکەیدا بە درێژایی سنووری سووریاشەوە راگەیاندبوو، بەڵام شانە خەوتووەکانی سەر بەو رێکخراوەکە کۆتاییان پێ نەهات و لە دوای ئەو راگەیاندنی سەرکەوتنەش، داعش توانیویەتی چەندین ئۆپراسیۆنی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، عێراق و سووریا ئەنجامبدات.

چالاکبوونەوەی داعش

لە راستیدا عێراق تاوەکو ئێستاش نەیتوانیوە کۆتایی بە داعش بهێنێت. تەنیا لەو کاتەوەی کە بەغدا سەرکەوتنی بەسەر داعش راگەیاند، ئەو رێکخراوە زیاتر لە 3 هەزار ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداوە کە بەشێکی زۆریان فراوان و ستراتیژی بوون! تەنیا لە مانگی تەموزی رابردووشدا، ئەو رێکخراوە توانیوێتی 26 ئۆپەراسیۆن لە عێراق ئەنجامبدات. 8 یان لە باکووری بەغدا، 4 لە موسل، 5 لە دیالە، 5 لە کەرکووک، 3 لە سەلاحەددین و 1یش لە بابل بووە.

داعش چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق بە دەرفەت زانیوە بۆ چالاککردنەوەی خۆی. ئەو دەیەوێت لەڕێگای کردەوەکانی، بۆ جەماوەر و خەڵکەکانی بسەلمێنێت کە هێشتا کارایە و توانای ماوە. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ رێکخراوەکە تاوەکو تواناکانی خۆی لە رێگای میدیاوە پیشانبدات و بەکاری بهێنێت. لەماوەی ساڵی رابردوودا، داعش توانیویەتی بە چڕی هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی نێوان سێگۆشەی باشووری کەرکووک، سەلاحەددین و دیالە.

داعشی ئێستا بە بەراورد بە داعشی ساڵانی رابردوو

لە رابردوودا ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لەسەر ئاستی وڵات بوو. بەڵام ئێستا ئۆپراسیۆنەکانی ئەو رێکخراوە بەسەر ویلایەتەکاندا دابەشکراون کە بریتین لە ویلایەتی موسل، ئەنبار، سەلاحەدین و دیجلە. ئەمەش وایکردووە کارەکانی رێکخراوەکە ناناوەندی بێت. بۆ نموونە ئێستا والی یان خودی تیرۆرستەکە، ناوچە، شێواز و کاتی ‌هێرشەکانی دیاریدەکات. ئەویش لە کاتێکدایە کە لە رابردوودا کارەکانیان زیاتر ناوەندی بوون و، دەبوایە پێش هەموو شتێک، رەزامەندی «والی» وەربگیردرایە. ئێستا بەبێ رەزامەندی «والی» ئۆپەراسیۆن دەکرێت و ئەمەش فراوانییەکی لە جۆری کردەوەکانی داعش دروستکردووە. ئێستا داعش توانای داگیرکردنی گوندێک، قەزا یان پارێزگایەکی نییە، بەڵام رێکخراوەکە هێشتا توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی فراوان و هێرشکردنە سەر پۆلیسی فیدراڵی هەیە. دوایین هێرشیشیان لەسەر پۆلیسی فیدراڵی بوو لە ناوچەی متێبیجە لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەلاحەددین. لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا 6 پۆلیس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون.

تاوەکو ئێستا تەنیا میرەکانی داعش کوژراون و سەرکردایەتییەکانی دیکەی رێکخراوەکە نەکراونەتە ئامانج. مردنی میریش لەناو داعشدا کاریگەری لەسەر کارەکانی رێکخراوەکە نابێت، چونکە پێش ناشتنی ئەو میرە کۆژراوە میرێکی دیکەی بۆ دەستنیشان دەکرێت.

تاکتیکە نوێکانی داعش چین؟

لە دوای لە دەستدانی توانای مرۆیی و پێداویستییە سەربازییەکان، داعش گەڕایەوە پێگەی سەرەتایی دامەزراندنی خۆی. ئەمەش وایکرد داعش شێوازی کردەوەکانی بگۆڕێت. ئێستا زیاتر فۆکەس دەخاتە سەر تیرۆرکردن، چاندنی بۆمب لەسەر رێگا و ئۆتۆمبیلەکان، ئۆپەراسیۆنی کوشتن بە قەناس، هێرشکردنە سەر ئەو خاڵانەی پشکنین کە لە یەکدییەوە دوورن، دانانی خاڵی پشکنینی ساختە لەسەر رێگای نێوان شارەکان و تەقەکردنی ناڕاستەوخۆ لەڕێگای هاوەن.  ئەم شێوازە ناناوەندی و لۆکاڵییە دەبێتە هۆکاری زیادبوونی هێرشەکانی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەمانەش هەر وەک چۆن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ کرد، پێویستی بە “هەماهەنگی زیاتر لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە و پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەیە» بۆ ئەوەی بەرپەرچ بدرێتەوە.

بنبەستی سیاسی و جموجۆڵی داعش

دامەزراوەی سەربازی عێراقی بە هەموو بەشەکانیەوە، تەنانەت بە پۆلیسی فیدراڵیشەوە سەر بە حیزب و لایەنە سیاسییەکانن. تەنانەت هیچ دامەزراوەیەکی ئەمنی نییە لە عێراقدا کە فەرمان تەنیا لە یەک لایەن وەربگرێت. هەروەها دامەزراوە سەربازییەکانیش هەر وەک پۆستە سیاسییەکان لەسەر پێکهاتەکان بەشکراوە. جگە لەمەش چەندین هێزی دیکە هەن فەرمان لە دەرەوەی عێراقەوە وەردەگرن. بۆیە ئەو دامەزراوەیە لەژێر هەمان کاریگەری دەبێت کە لەسەر ئەو حیزب و کەسایەتییە سیاسییانە هەیە.

هەر دابەشبوونێک یان ئاڵوزییەکی حیزبی و سیاسی رەنگدانەوەی تەواوی لەسەر کاری دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق دەبێت. بێجگە لەوە، لەم کاتانەدا دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق چەندین ئەرکی دیکەیان پێسپێردراوە کە دەتوانێت سەرنجیان لەسەر شەڕی دژی داعش کەمبکاتەوە. وەک پارێزگاری لە دامودەزگاکان، پاراستنی خۆپشاندەران و رووبەڕووبوونەوەی میلیشیاکان.

کۆتایی

چالاکبوونەوەی داعش لە عێراق کاریگەرییەکی بە‌هێز و راستەوخۆی لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی وڵات دەبێت. ئەمەش لە داهاتوودا دەبێتە رێگر بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکانی وەربەرهێنان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هەروەها ئەم چالاکبوونەوەیەی داعش دڵەڕاوکێیەکی زۆری بۆ دانیشتوانی عێراق دروستکردووەەو پێویستە جارێکی دیکە سەرنجەکانی بخرێنەوە سەر .

Share this Post

شرۆڤە