لێکۆڵینەوە

عەفرین: دەروازەی جیۆسیاسی

18-03-2018


تورکیا پرسی داگیرکردنی عەفرینی کردووەتە دۆزی نیشتمانی خۆی و هەموو تواناکانی بۆ تەرفروتوناکردنی هێزە کوردییەکان خستووەتەگەڕ. رۆژبەرۆژ گوتاری نەژادپەرستی بڵێسەدەسێنێت. لە یەکەم رۆژی جەنگی عەفریندا پەیامنێری ئا تی ڤی تورکی مایکی لەبەردەم سەربازی پشت تانکێک راگرت و لێێ پرسی: بۆ کوێ دەچن؟ سەربازەکە سەلامێکی سپایی کرد و گوتی: بەرەو سێوی سوور. لەو رۆژەوە سێوی سوور بووەتە وێردی میدیاکانی تورکیا و نابڕێتەوە. ئێستا تورکەکان مەسەلەی عەفرینیان کردووەتە مەسەلەی سێوی سوور. سێوی سوور چییە؟

پرسی سێوی سوور پرسی نەژادی تورکەکانە کە لە ئەفسانە تورکیەکاندا بە دوائامانجی ئەوان بۆ داگیرکاری دەناسرێت. لە کۆندا کاتێک لەشکرێکی تورک مەیلی داگیرکردنی شوێنێکی هەبوایە یاخود رووی هێرشی لە ناوچەیەک وەربسووڕاندایە، کاتێک دەیانپرسی سەرباز بۆ کوێ؟ لە وەڵامدا دەیگوت : بەرەو سێوی سوور! سێوی سووریش بەو دواهەم خاک دەگوترێ کە سەربازی تورک خۆی پێدەگەیەنێت. سەیرەکەی ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە داگیرکردنی عەفریندا سەرلەنوێ پرسی سێوی سوور بووەتە ریوایەتی تورکەکان و بە کەڕەنای نەژادپەرستی بە رۆژی رۆشنا هاواردەکەن: عەفرین سێوی سوورە!

لەملاش عەفرین بووەتە قیبلەگای نەتەوەگەرایی کوردی و سەرلەبەری کۆمەڵگەی کورد لە دەوری کۆبوونەتەوە. لە راستیدا عەفرین لەلایەک سێوی سووری نەژادپەرستی و لەلایەکیش قیبلەگای نیشتمانپەروەرییەکی رزگارخوازە کە بەیەکدا هەڵشاخاون. تورکیا عەفرینی بۆ خۆی کردووەتە هێمای رەواندنەوەی هەڕەشەی نەیاری و جوداخوازی و بەمەش دەیەوێ لە سیاسەتی ناوخۆییدا وەبەرهێنانی لەسەر بکات. کۆمەڵگەی کوردیش جاریكی تر هەست بە ستەمدیدەیی و بێکەسی دەکات کە بەرچاوی جیهانەوە پەلاماردەدرێت.

پرسیاری ئەم پەڕەیە ئەمەیە: گەلۆ بۆچی تورکەکان پەلاماری عەفرین دەدەن؟ چی لە عەفریندا هەیە کە نیگەرانیان دەکات؟ ئایا چی جیاوازییەکی عەفرین بووەتە هۆی ئەم هەموو هێرشە؟

گریمانەی ئەم پەڕەیەش ئەمەیە: هەموو هۆکارەکانی داپڵۆسینی عەفرین لە پێگە جیۆسیاسییەکەیدا خەوتووە. پێگەی جیۆسیاسی عەفرین ئەوەندە گرنگە کە بڕستی ئەوەی هەیە چارەنووسی هەڵپێکاوی کوردستان بکاتەوە. لە چییەوە ئەمە دەزانین؟ لە خوێندنەوەی پێگەی عەفرین بەپێی رێبازی زانستی جیۆسیاسەت. لێرەدا ئەم پێگەیە بەپێی هەموو قوتابخانەکانی زانستی جیۆسیاسەت دەپێوین و دواجار لە کۆبەندەکەدا بە ئەنجامە خواستراوەکەمان دەگەین.

لینکی تەواوی لێکۆڵینەوەکە:

عە عەفرین دەروازەی جیۆسیاسی

Share this Post

لێکۆڵینەوە