شرۆڤە

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هاوكێشەی دیاریكردنی سەرۆكوەزیران لە عێراق

09-04-2020


 

RRC |

د.هەڵمەت غەریب

راوێژكار لە ‌ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو|

بەرایی

هێشتا ماوە دەستوورییەكەی راسپاردنی سەرۆكوەزیران عەدنان زورفی كۆتایی نەهاتووە، بەڵام رۆڵەكەی وەك سەرۆكوەزیری راسپێردراو كۆتاییهات. هەرچەندە عەدنان زورفی هیوای زۆر بەوە هەبوو لە ‌ماوەی یاسایی خۆیدا، كۆدەنگی لەسەر پێكهێنانی حكومەتەكەی دروستبكات و لە ‌پەرلەمان تێیپەرێنیت، بەڵام بەر لەو وادەیە شكستی خۆی لە دروستكردنی حكومەتی عێراقدا راگەیاند و كشایەوە. ئە‌ویش بەهۆی تاكە گرفتی ئێستای شەقامی شیعەوە كە بریتییە لە نەبوونی كۆدەنگییەكی گشتی لەسەر هیچ بەربژێرێك بۆ سەرۆكوەزیری. لەمڕووەوە عەدنان زورفی بووە دووەم‌ قۆچی قوربانی ئەم گرفتەی ئێستای شیعەكان و سەرۆككۆماریش دوای ئەو، مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت راسپارد.  ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی بایەخە، بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو لەبارەی پشتگیریكردن لە مستەفا كازمی. ئەمەش رۆڵی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە پرسی دیاریكردنی سەرۆكوەزیران و پرسی یەكگوتاری كورد زیاتر لە بەغدا دەردەخات‌، كە بەپێی نەریتی رەفتاری سیاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وادیارە بە بێ پرس و راوێژ بە هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان ئەو بەیاننامەیەی‌ دەرنەكردووە.

رۆڵی كورد لە دیاریكردنی سەرۆكوەزیرانی عێراق

ئەوەی تایبەت بێت بە ‌رۆڵی كورد لە دیاریكردنی سەرۆكوەزیران، ئەوەیە كە بە ‌درێژایی ساڵانی رابردوو، كورد و سەركردایەتی كورد دواكەس بوون كە قسەیان لەسەر دیاریكردنی سەرۆكوەزیران كردووە. ‌قسەی كوردیش تاوەكو رادەیەكی زۆر یەكلاكەرەوە بووە،‌ بەو مانایەی شیعەكان خۆیان گرفتەكەیان چارەسەركردووە و خستوویانەتە‌ بەردەم هێزە سیاسییەكانی دیكە بۆ ئەوەی بریاری كۆتایی لێبدرێت. هەر لە رەتكردنەوەی ویلایەتی سێیەمی مالیكییەوە بۆ رەتكردنەوەی دووەمی عەبادی و دواتریش رەتكردنەوەی ئەگەری سەرۆكوەزیری محەممەد تۆفیق عەللاوی، رۆلی كورد لە دیاریكردنی سەرۆكوەزیران، لە هەردوو بارەكەدا چ بە رازیبوون یاخود رەتكردنەوە، رۆڵێكی پاشكۆ و كۆتایی بووە.‌ بەڵام پێدەچێ ئیتر كورد ئەو رۆڵە چاودێرییە‌ نەگێڕێت و رۆڵی سەیر‌كردنی رووداوەكان كۆتایی پێبێنێت تاوەكو بزانێ بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات، بەڵكو بیەوێ ئیتر رۆڵی راستەقینەی لە دیاریكردنی سەرۆكوەزیراندا هەبێت. لەكێشەكانی دیكەی عێراقیشدا لە ئێستا بەدواوە. یەكەم هەنگاویش بریتیبوو‌ لە بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی مستەفا كازمی سەرۆكی دامەزراوەی هەواڵگری نیشتیمانیی عێراق.

پێدەچێ سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دۆسیەی بەغدا و پێگە و ئایندەی كورد لەڕووی سیاسییەوە لە عێراقدا بەیەكجاری وەك دۆسیەكی گرنگ لەلای خۆی جوڵە پێبكات. بێگومان ئەویش لەسەر بنەمای ئەو دەستپێشخەرییە سیاسییانەیە كە ‌لە ‌رابردوودا لەنێوان لایەنە سیاسییەكان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا بریاری لەسەر درابوو. سەرەڕای ئەمەش، خۆیەكلاییكردنەوەیەكی ئاشكرای سیاسیشە لەنیوان زورفی و كازمیدا.

لەڕاستیدا هەردوو بەربژێرەكە‌ تاوەكو رادەیەكی زۆر دڵخوازی كوردبوون. هیچ گرفتێكی ئەوتۆ لەنێوان كورد و ئەو دوو بەربژێرەدا نییە. بەڵام هەڵوێستەكەی نێچیرڤان بارزانی، زۆر یەكلاییكەرەوە بوو. ئەوەش وایكرد هەنگاوە دەستوورییەكانی راسپاردنی بەربژێری تازە دەستپێبكرێت و لەو رێگەیەشەوە گرفتی مامەڵەكردن لەگەڵ ماددەی 76ی دەستووری عێراقدا تاوەكو رادەیەكی زۆر لە بەرژەوەندی سەرۆككۆماردا كۆتایی پێبێت. چونكە،‌ لە رابردوودا تاوەكو رادەیەكی زۆر، لە چەند حالەتێكی كەمدا نەبێ، سەرۆككۆمار پابەند بووە بەو بەربژێرەی كوتلەی زۆرینە دیاریكردووە بۆ راسپاردنی بۆ دروستكردنی حكومەت. پێدەچێ لەدوای راسپاردنی عەللاوییەوە،‌ نەریتێكی دەستووری لەعێراقدا دروستببێ و تۆپەكە لە گۆڕەپانی سەرۆككۆماردا و بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتەكانی ئەو بمێنێتەوە.

ئەگەر بە وردی دیقەتی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بدەین، كاتیك دەڵێت “داوا دەكەین هەموو لایەك پشتیوانی بكەن تاوەكو بە ‌زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكومەت تەواو بكات”، دەبینین كە خۆیەكلاكردنەوەیەكی پێشوەختەی هەیە و ئامانجیشی ئەوەیە هانی لایەنەكان بدات خۆیان لەبارەی مستەفا كازمی یەكلابكەنەوە.‌ چونكە،‌ لە پشتی پەردەوە بەتەواوی پشتگیری دەكەن، بەڵام بە ئاشكرا‌ وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان تائێستا هەڵوێستیان دەرنەبڕیوە. ئەمەش بۆخۆی بوونە بەشێكە لە پرسی دیاریكردنی سەرۆكوەزیران لە عێراق.

لەسەر ئاستی سیاسی، هەردوو بەربژێر بەڵێنی ئەوەیان بە كورد داوە كەوا پشتیوانی لە داخوازییەكانی بكەن و تاوەكو رادەیەكی زۆریش تێگەیشتنیان بۆ پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر باشە. بەتایبەت مستەفا كازمی كە ماوەیەكی زۆر لە كوردستان ژیاوەو ئاگای لە بارودۆخی كوردستانە و ئێستاش سەرۆكایەتی دامەزراوەیەكی گرنگی وەك هەواڵگری عێراق دەكات كە ئەمریكییەكان بە تاكە دەروازەی دروستكردنی بڕیاری سیاسی لە عێراقدا بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیبینن. خالێكی دیكەی بەهێزی سیاسی بۆ كازمی ئەوەیە كە بەشێوەیەكی ئاشكرا لایەنگری هیچ هێزێكی سیاسی ناكات و باوەڕی بەسەربەخۆیی بڕیاری سیاسی عێراقی هەیە، بەڵام ئێرانیش بەرهەڵستی ناكات.

ئەنجام

بڕیاری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ پشتگیریكردن لە كازمی بڕیارێكی كوردستانی‌ و تەواو فەرمییە. بۆیە‌ پێویستە لەسەر لایەنەكانی بەغدا وەك‌ بڕیاری گشتگیری كورد سەیری بكەن. ‌هەروەها قۆناخێكی نوێشە لە پێگەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە بڕیاری سیاسی عێراقدا كە پێویستە برەوی پێبدرێت و بەرەوپێش ببرێت. هاوكات دەتوانێ رێگربێ لەهەر دانوستاندنێكی حیزبی و تاكلایەنە لەگەڵ مستەفا كازمیشدا. لێرەدا بابەتێك بە كراوەیی دەمێنێتەوە تاوەكو گفتوگۆكان بەشێوەیەكی فەرمی دەستپێدەكەن، ئەویش ئەوەیە كە ئایا داخوازییەكانی كورد لەم كابینە تازەیەی عێراق چییە؟ ئایا تەنیا مانەوەی وەزیرەكانی كوردە لە پۆستەكانیان یاخود داخوازی سیاسی یەكلاكەرەوە دەخەنە بەردەم مستەفا كازمی؟

هەرچەندە من خۆم باوەرم بەوە نییە سەرۆكوەزیرانی داهاتوو بتوانێ كاری گەورە بكات، چونكە‌ بارودۆخی نێوخۆیی عێراق لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە‌ دەرفەتی ئەنجامدانی كار و هەنگاوی گەورەی لەبەردەم سەرۆكوەزیرانی نوێدا نەهیشتووەتەوە. ئەوەی بتوانێ بیكات لەوانەیە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێكی تاڕادەیەك جیاوازە لە ماوەی ساڵێكدا. ‌هەروەها بە‌دیهێنانی هەندێك داخوازی خۆپیشاندەرانی عێراقییە كە تائێستا لە گۆرەپانەكاندا بە دیار بەڵێنەكانی سەرۆكوەزیرانی راسپێردراوەوە ماون.

تاگەکان

Share this Post

شرۆڤە