شرۆڤە

ئایا سۆفیا و پەیمانی لۆزان

24-07-2020


 

RRC |

 

زریان رۆژهه‌ڵاتی|

بەرایی

دواجار تورکیا مزگەوتی ئایاسۆفیای بۆ «عیبادەت» کردەوە، بەشێک لە ئیسلامییەکانی کوردستانیش بەوە دڵخۆشن بەڵام، پێدەچێت ئەمە زیاتر لە عیبادەت، سیاسەتی لە پشت بێت! ئەویش نەک تەنیا سیاسەتی نێوخۆ، بەڵکوو سیاسەتێکی قووڵتری نێودەوڵەتی!
دەستەیەک زیاتر وەک بابەتێکی سیاسەتی نێوخۆیی بۆ راکێشانی دەنگی موحافزەکارەکان سەیری دەکەن و پێیانوایە، دەرکەوتنی دووپارتی تازە لە هەناوی ئاکپارتی و ئەگەری کەمبوونەوەی دەنگەکانی ئەو حزبە هۆکاری ئەمەیە. رەنگە ئەم دیدگایە، سووچێکی بابەتەکە روونبکاتەوە بەڵام هەمووی نابینێ.
کردنەوەی ئایاسۆفیا رێک لەو رۆژەی کە کەمتر لە سەدساڵ بەر ئێستا پەیمانی لۆزانی تێدا مۆرکرا، وایکردووە تا هەندێکی دیکە، جەخت لە رەهەندەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەم بابەتە بکەنەوە.
پێدەچێت ئەمە خەونێکی ئایدۆلۆژی- ئیسلامی سەرۆککۆماری تورکیا بێت کە وەختی خۆی بە«موجاهید ئەردۆغان » ناودەبرا. هەروەها بۆ ئاکپارتیش بابەتێکی گرنگە کە هەر لە ئێستاوە لە خەمی هەڵبژاردنی داهاتوودایە و بە تەمایە دەنگەکانی نەچنە سندووقەکانی پارتی دەوا و پارتی داهاتوو! بەڵام لەئاستی ئایدۆلۆژی- سیاسیش بترازێ، ئەمە بۆ پێگەی شەخسی خودی سەرۆککۆماری تورکیاش بابەتێکی گرنگە. لە هەمانکاتدا، بابەتی ئایا سۆفیا دەتوانێ نموونەیەکی زیندوو بێت کە چۆنچۆنی گریمانەی دابڕاوبوونی سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوە لەیەکتری پووچەڵە.

ئایا سۆفیا و پرسەکانی سیاسەتی دەرەوە

کردنەوەی مزگەوتی ئایا سۆفیا لە ساڵەڕۆژی پەیمانی لۆزان، ئەویش لەکاتێکدا کە تورکیا لە رۆژی ئەمڕۆدا، لە سنوورەکانی لەگەڵ یۆنان و دەریای سپی، لەسەر سووریا و عێراق کێشەی لەگەڵ ئەورووپا و رۆژئاوا هەیە واتایەکی زیاتر پەیدا دەکات.
ئەمریکا لەگەڵ تورکیا لەسەر رۆژئاوا ناکۆکیی هەیە و تورکیا بە کردەوە بە درێژایی ٩١١کم سنووری خۆی لەگەڵ سووریا، لە چەند سەد کیلۆمەترێکی کەم نەبێت، بە درێژایی ٣٠-٤٠ کم هاتووەتە پێش. کێشەی دوورگەکان و سنوورەکانی دەریای سپی لەگەڵ یۆنان و قوبرس زیندوو بووەتەوە. بەمدواییانەش زیاتر لە ١٠ کم لە هەندێک شوێن هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بیرۆکەی گۆڕینی سنووری بە کردەوە جێبەجێکردووە.
ئەمریکا پێوەندییەکی پڕ لە هەڵبەز و دابەزی لەگەڵ تورکیا هەیە و ئەورووپا، بە تایبەتی فەرەنسا لە سیاسەتەکانی ئەنکەرە ناڕازییە. لەبەرامبەر ئەوەشدا تورکیا بادانەوەیەکی بەرەو دنیای ئیسلامی و رۆژهەڵات کردووە و کەڵک لە ناکۆکیی جەمسەرەکانی دنیای ئەمڕۆ دەگرێت بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی خۆی سەربخات. ئەم کێشانە و سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دەریدەخات کە ئەو خوازیاری نوێکردنەوەی پەیمانی لۆزانە. ئەمە شتێکە کە پێشتر ئەردۆغان بە ئاشکرا داوای کردبوو.

ئایا سۆفیا و پەیمانی لۆزان

وەک تورکەکان ئاماژەی پێدەکەن، لۆزان تاپۆی دامەزراندنی دەوڵەتێک بوو لەسەر داروپەردووی دەوڵەتی عوسمانی. هەندێک ئەمە بەسەرکەوتن دەزانن و هەندێکی دیکەش بەشکست. هەرچۆنێک بێت، بەهۆی لۆزان و رێککەوتنی حکومەتی ئەنکەرە لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنسا، سنوورەکانی ئەمڕۆی کۆماری تورکیا شکڵی گرت، هەرچەند هەندێکیان چەند ساڵێکی دیکەی خایاند هەتا یەکلاکرانەوە؛ وەک پرسی ویلایەتی مووسڵ و هاتای.
تورکیا مافی هاتووچۆی لە گەرووەکانی ئیستانبوڵ بە ئەورووپییەکان دا و لەسەر بابەتەکانی وەک قەرز و سنوور و مافی کەمینەکان کە مەبەست لێی ئەرمەنەکان بوو رێککەوتن. ئەمە دەستی تورکیای بۆ سەرکوتکردنی هەرجۆرە بزاڤێکی سیاسیی کوردیش ئاوەڵڵا کرد، چوونکە لە لۆزان دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی- رۆژئاوایی بۆ کۆمارەکەی وەرگرتبوو.

ئەنجام

نزیکەی یەک دەیە دوای لۆزان، ئاتاتورک کە پێوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ رۆژئاوا دامەزراندبوو، ئایاسۆفیای کردە مۆزەخانە و ئەمەش وەک هەنگاوێکی سیمبولیک بۆ پتەوکردنی هاوپەیمانیی تورکیای کۆماری و رۆژئاوا سەیر دەکرا. ئێستاش ئەردۆغان لەکاتێکدا ئایاسۆفیای کردەوە کە هەمان کێشەکانی نزیکەی سەدساڵ بەرلە ئێستا لە ئارادان! کێشەی سنوور و پێکدادانی خەونە ئیمپریالییەکانی ئەو لەگەڵ دەوڵەتانی دیکە، لەگەڵ کێشەی کەمینەی کریستیانی و پرسی کورد!
هاوپەیمانی تورکیا- رۆژئاوا هێشتا بەردەوامە بەڵام پایەکانی دەهەژێن، بۆیە زەحمەت نییە پێشبینی بکەین کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، کێ دەزانێ لەوانەیە تا سەدساڵەی لۆزان، ئەو هاوپەیمانییە یان تێکدەچێت، یان نوێ دەکرێتەوە!

Share this Post

شرۆڤە