شرۆڤە

ئەڵقەكانی گرژییەكی ناوخۆیی كوردی: چەمانكێ، شەنگال و زینی وەرتێ

10-11-2020


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

لە رۆژانی رابردوودا دەرووبەری ناحیەی چەمانكێ لە ئامێدی كە لانیكەم 35كم لە سنوورەوە دوورە، شوێنی بەریەككەوتنێكی سەربازیی نێوان پەكەكە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. خاڵی هاوبەشی لێدوانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان و پەكەكە، رەتكردنەوەی شەڕی ناوخۆیە بەڵام، ئەمە بەشی ئەوەی نەكرد كە نیگەرانییەكانی رای گشتی لەوبارەیەوە بڕەوێنێتەوە.

لە راستیدا ئەوەی لە چەمانكێ روویدا ئەڵقەیەكی زنجیرە رووداوێكی سیاسی- سەربازین كە لە ماوەی یەكساڵی رابردوودا لە ملی باكووری هەرێمی كوردستان روویانداوە و گرژییەكانی نیوان پ.ك.ك و هەرێمی كوردستانیان زیاتر كردووە. چەمانكێ، رێككەوتنی شەنگال و زینی وەرتێ گرێدراوی یەكن وئەمانەش، دەرئەنجامی كۆمەڵێك هۆكاری وەك زنجیرە ئۆپەراسیۆنەكانی پەنجەی توركیا و ململانێ جیۆسیاسییەكانن لە عێراق. لەوەش بترازێ، ركابەرییە پایەدارە نێوخۆییەكانی هێزە كوردییەكانیش ئەو گرژییە بەگەشی دەهێڵێتەوە.

 چەمانكێ لە نێوان نیگەرانییەكانی هەرێم و پەكەكەدا

تێپەڕكردنی جادەیەكی نێوان چەمانكێ و دینارتە بەرەو گرێ كە پەكەكە وەك “ناوچەی گەریلا” ناوی دەبات كاردانەوەی پەكەكەی لێكەوتەوە. گرێ لە سنووری ناحیەی چەمانكێ دەكەوێتە نێوان شاخی سیان لە باشووری گارا و شاخی بێكەس. دوای ئەوەش لە باكووری ئەتروشەوە لە نێوان گوندی ئیسرا و كانیكی پێكدادانیكی دیكە روویدا و بە رووداوەكەی بامشمشی سەربە دینارتەوە كە چەند رۆژیك لەوەوبەر روویدابوو، ئەمە سێیەم بەریەككەوتنی چەكدارییە كە لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگی رابردوودا لە نێوان هەردوولا رووبدەن.

بەرپرسانی پ.ك.ك جموجوڵی دوایی پێشمەرگە وەك هەڕەشەیەك لەسەر بنكە سەرەكییەكانی خۆیان و بۆ تەوقدانی گارا سەیر دەكەن و بە وتەی خۆیان شەڕی “خۆپاراستن”[1]یان كردووە. لەدوای زنجیرە ئۆپەراسیۆنەكانی “پەنجە”وە كە توركیا لە مایسی 2019وە دەستیپێكردوون، تاقە شوێنێكی گرنگە بۆ ئەوان كە بە كەمی هێرشی كرابێتەسەر. توركیا بە درێژایی هێڵی سنووری، لە شارباژێر و قەندیلەوە بگرە هەتا خواكورك، مەتینا، زاپ و حەفتانین لە بادینان هێرشی كردووە، بەڵام گارا كەمتر لەبەر قەرەوڵدا بووە و پ.ك.ك لەوێ زیانی كەمتری پێگەیشتووە.

پێدەچێت بەرپرسانی هەولێریش نیگەران بن لەوەی كە بەهۆی داكشانی زیاتری پ.ك.ك بەرەو قووڵایی هەرێمی كوردستان رێگا بۆ دەستوەردانی زیاتری توركیا خۆش بێت. بەڵام، ئۆپەراسیۆنەكانی “پەنجە” و لەشكركێشییەكانی لە رۆژئاوای كوردستان كە رێگەیان بۆ لە دەستچوونی عەفرین، سەرێكانی و گرێسپی و چەندین شوێنی دیكە كردەوە، جیاوازی و مەترسیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمجارەی توركیای بۆهەرێمی كوردستان دەرخست. ئەمە بە جۆریكە كە تەنانەت توركیا زیاتر لە 200 كم لە دووری سنوورەكانی خۆی لە سنووری پارێزگای سلێمانیش بۆردومانی ناوچەی سڤیلی كردووە. لێرەدا دانانی بنكەی سەربازی پێشمەرگە و تەنانەت رێگەدان بە زیادبوونی بنكەی هێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراق وەك هەوڵێك بۆ رێگرتن لە داكشانی زیاتری پەكەكە وهاتنی توركیا سەیر دەكرێت.

تەنگژەی دەسەڵات و سەروەری

پرسی مانەوەی پ.ك.ك لە هەرێمی كوردستان لەم ساڵانەی دواییدا وەكوو بابەتێكی گرنگی سیاسەتی توركیای بەرامبەر هەرێمی كوردستان لێهاتووە. وادیارە لەتبوونی زیاتری سەروەری و دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم بە قازانجی  بەشێك لە دەوڵەتانی ناوچەكەیە وەك چۆن دابەشبوونی هەرێم لە نێوان ی.ن.ك و پ.د.ك لە ساڵانی رابردوو كەڵكی بۆیان هەبووە. بەڵام لەوەش بترازێ، ئەم بابەتە مژارێكی سیاسەتی نیوخۆی هەرێمی كوردستانیشە و فاكتەری پ.ك.ك وەكوو كارتێكی گوشار لە سیاسەتی نیوخۆی هەرێمیشدا رۆڵی هەیە.

لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا، توركیا، ئێران وعێراق هەریەكەو بە لەونێك هەوڵی سنوورداركردنەوەی جوگرافیای دەسەڵاتی كوردیان داوە. دوای گشتپرسی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیان كۆنترۆڵ كرد. ئێران لە هەندێك لە ناوچە سنوورییەكاندا بنكەی سەربازیی جێگیری دانا كە دوایین دانەی لە چیخیدارەی دەڤەری برادۆستە. توركیاش هەوڵی كۆنترۆڵكردنی بەشێك لە ناوچە و رێگاكانی سنووری داوە. لەماوەی نێوان 2019-2020دا بە 5 ئۆپەراسیۆن لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنەكانی “پەنجە”دا تا ئیستا، “توركیا 9 بنكەی سەربازی لە چیا دێڵەوە لە بەرمیزە لە باكووری رۆژئاوای سیدەكانەوە هەتا چیای سەر زیلكوك لە گوندی خەلیفان لە باكووری ناوەڕاستی ئەوێ داناوە.” لە بەشەكانی كۆتایی ئۆپەراسیۆنەكانی پەنجەشدا “15 جێگەی دیكە لە دەڤەری زاخۆ و دهۆك لە سنووری ناحەیی باتیڤا و دەركار خستۆتە دەستی خۆی. وەكوو دێرەشیش، ئاوا گیزێ، منین، ئابلەهی، كۆڤی مەلا یەحیا، كۆڤی مچۆلیا، گرێ نزێ، سیارێ گەوركێ، ئێكا حالی، كە لە هەندێك شوێندا بە قوڵایەتی  زیاتر لە 30 كم دەگات.” بەمجۆرەش، عێراق لە ملی باشوور و ئێران و توركیاش لە ملی باكوورەوە ناوچەكانی ژیر دەسەڵاتی كوردسیتان بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرتەسكتر كردووە. هاتنە پێشەوەی توركیا و جێگربوونی لەناوخاكی هەرێم بەشێوەی سرووشتی رێگای بۆ داكشانی زیاتری پ.ك.ك بەرەو قووڵایی هەرێمی كوردستان خۆشكرد. ئەمەش لە كاتیكدایە كە عێراق یان لانیكەم بەشێك لە دەوڵەتی عێراقیش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ درێژەی بە هاوكاری لەگەڵ پ.ك.ك لە شەنگال داوە و ئێرانیش چاوپۆشی كردووە لەوەی كە پ.ك.ك لە قەندیلەوە بەرەو پێنجوێن بكشێت. ئەمانەش ئەو گریمانەیە بەهێزتردەكەن كە هەرسێ لایەنی توركیا و ئێران و عێراق دەیانەوێ ئەم هێزە زیاتر بەرەو قووڵایی هەرێمی كوردستان پاڵ بنێن و بەوجۆرەش تەنگژەیەكی نوێ بە تەنگژەی كۆنی ی.ن.ك و پ.د.ك لەسەر دەسەڵات و سەرەوەری لەناوخۆی هەرێم زیاد بكەن.

بەهاتنی زیاتری پ.ك.ك بەرەو قووڵایی هەرێم، كوتێكی دیكەی سەروەریی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەكردەوە لەلایەن ی.ن.ك و پ.د.ك بەشكراوە دەكەوێتە ژێر پرسیار. سەرەڕای ئەوەی كە موراد قەرەیڵان رایگەیاندووە كە ئەوان ئەڵتەرناتیڤی حكومەتی هەرێمی كوردستان نین بەڵام، درووستكردنی ناوچەی “پاراستنی میدیا” یان “ناوچەی گەریلا” و بەرەنگاربوونەوەی رێككەوتنی شەنگال، لەلایەن حكومەتەوە بەجۆریكی هەوڵدان بۆ داوكردنی سەروەری و دەسەڵات لەنێو هەرێمی كوردستان لێكدەدرێتەوە. بەشێوەی رێژەیی پانتایی رووبەری ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێم لە سنووری باكوورەوە هەتا پارێزگای مووسڵ لە درێژترین شوێندا ناگاتە 80كم كە ئەمەش، لە شریتی سنووریدا بەشێوەی رێژەیی لە هەندێك شوێندا هەتا 30كم، یان توركیای لێیە یان پ.ك.ك. پێدەچێت یەكێك لە ئامانجەكانی ئۆپەراسیۆنەكانی پەنجە، پاڵنانی زیاتری پ.ك.ك بێت بۆ ئەوەی لە سنوور دووربكەوێتەوە و زیاتر بەرەو قوڵایی هەرێم بڕوات. بەمەش هەم هەڕەشەیەكی سەربازی لە كۆڵی خۆی دەكاتەوە، هەم وەكوو، زیاتر لە جاران پ.ك.ك تێكەڵاوی هاوسەنگییە سیاسی و سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات. نەمانی دەرفەتی پ.ك.ك بۆ مانەوە لە ناوچە شاخاوییەكانی سنوور و سنووداربوونی جموجوڵەكانی لە باكوور، وادەكات كە زیاتر بەرەو قووڵایی هەرێم بێت. ئەمەش خواستە یان ناخواستە تێكەڵابوونی هێزە كوردییەكانی لێدەكەوێتەوە. ترنجاندنی هەژمارێكی زۆری هێزی چەكداری لە پێشمەرگەی كوردستان و گەریلای پ.ك.ك، لە جوگرافیایەكی سنووردار، ئەویش لە كاتێكدا كە ئایدۆلۆژیا و سیاسەتی جیاوازیان هەیە و ململانێی سەپاندنی سەرەوەری دەكەن، بەستێنی ناكۆكی و گرژییەكان زیاتر دەكات.

لە دوای ئۆپەراسیۆنەكانی پەنجەوە، پ.ك.ك زیاتر بەرەو قوڵایی هەرێم داكشاوە كە لە هەندێك شوێن لەسنووری پارێزگای سلێمانی هەتا 40-50 كم لە قەندیل دوورتر رۆیشتووە. بێگومان بەشێكی ئەمە پەیوەندی بەوەشەوە هەیە كە پ.ك.ك لە سیاسەتی نێوخۆیی هەرێمدا رۆڵی درووستكردنی باڵانسی پەیداكردووە. لە رابردوودا هەریەك پ.د.ك و ی.ن.ك جاربەجار كەڵكیان لە هەبوونی پ.ك.ك لە هەرێمی كوردستان وەگرتووە بۆ درووستكردنی گوشار لەسەر یەكتر و پێدەچێت لەم قۆناخەی ئێستاشدا ی.ن.ك بۆ هاوسەنگكردنی هێزی پ.د.ك كە پێیوایە زیادی كردووە، كەڵك لەوە وەربگرێت. جگە لەوە، لە هەندێك شوێنی پارێزگای دهۆكیش وەك سنووری ناحیەی مانگیشكێ كە نزیكەی 20 كم لە دهۆكەوە دوورە، پ.ك.ك لە نێوان 30-35كم لە سنوور دووركەوتۆتەوە. ئەو رۆیشتن بۆ هەر شوێنێكی كوردستان بە مافی خۆی دەزانێت و لەوەشدا جەخت لەوە دەكات كە پرس بە هیچ كەس و لایەنێك ناكات. بەمجۆرەش ئەگەر هەبوونی هێزەكانی پە.ك.ك لە شەنگال و داكشانی زیاتری بەرەو قووڵایی هەرێم  هەژمار بكرێت، ئەوا تێگەیشتن لەو نیگەرانییانەی هەولێر سەبارەت بەوەی كە لەلایەن پ.ك.ك وە تەوق دراوە ئاسانتر دەبێت.

رێككەوتنی شەنگال لە كوێی گرژییەكاندایە؟

لەدوای گشتپرسی سەربەخۆیی، رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا سەبارەت بە شەنگال بە گرنگترین رێككەوتنیكی هەردولا هەژمار دەكرێت كە تێیدا بەغدا بە رۆڵی هەرێمی كوردستان لە ئیدارەی هاوبەشی ئەو ناوچەیەدا قایل بووە. هەریەك لە میسر و ئەمریكا و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپی پاڵپشتی خۆیان بۆ رێككەوتنەكە راگەیاندووە بەڵام لەناوخۆی عێراق، هەندیك لە پەرلەمانتارانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و عەسائیبی ئەهلی هەق بە راشكاوی دژی ئەوە دەركەوتوون و سەرۆكوەزیرانی عێراقیش جەختی لەوە كردووە كە هەندیك لایەن بەو رێككەوتنە قەڵسن. بەشێك لە میدیاكانی نزیك لە دەسەڵات لە ئێران رێككەوتنی شەنگالیان بە هەوڵدان بۆ دابڕاندنی”میحوەری موقاوەمە” ناوبردووە و هەندێكی دیكەش ئەمەیان وەك مامەڵەیەكی كازمی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ مانەوە لە دەسەڵات ناوبردووە. لە راستیدا ئەو رێككەوتنەی كە كازمی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردوویەتی هەمان ئەو پێشنیارەی “ئیدارەی هاوبەش”ە[2] بۆ ناوچە جێناكۆكەكان كە وەختی خۆی لە 2017دا حەیدەرعەبادی كردبووی.

ئەگەر رێككەوتنی شەنگال جێبەجێ بكرێت، ئەوا پێویستە بێجگە لە پۆلیسی محەلی ودەزگای هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی كەس خۆی لە قەرەی دۆسیەی ئەمنی نەدات و هێزە چەكدارەكان لەوێ دەركەون. ئەمەش ئەو خاڵەیە كە بەشێك لە حەشدی شەعبیی بێزاركردووە كە لە 2017ەوە شوێنی خۆیان لەوێ خۆشكردووە. ترسی سەرەكی ئەوان ئەوەیە كە دەستیان لە سنوورەكان لەگەڵ سووریا ببڕێت. بە تایبەتی دوای ئەوەی كە سەرۆكوەزیران هەوڵێكی چڕی بۆ كۆنترۆڵكردنی سنووردەكان دەستپیكردووە بایەخی رێڕەویی شەنگال بەرەو سووریا بۆ ئەوان زیاتر بووە. خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە ئەگەر رێككەوتنی شەنگال بچێتە سەر، ئەوا لەوانەیە ببێتە نموونەیەك بۆ ناوچەكانی دیكەی كوردی- سووننی لە عێراق كە حەشدی شەعبی تییاندا جێگیربووە. ئا لەبەر ئەمە نایانەوێ سەربگرێت.

لە راستیدا رێككەوتنی شەنگال لە دژی بەرژەوەندی هەریمی كوردستان و كورد بە گشتی نییە. بە پێچەوانەوە ئەوە دەتوانیت ببێتە نموونەیەك بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم. ئەمەش لە دوای رووداوەكانی پاش گشتپرسی، لانیكەم بۆ ئێستا باشترین چارەسەرێكی مومكینە بۆ ئەوەی كە كورد بە رەسمی لەو ناوچانە وردە وردە رۆڵ پەیدا بكاتەوە. هەڵبەت پ.ك.ك رێككەوتنی شەنگال وەكوو پیلانێكی ئەمریكا، پ.د.ك و ئاكپارتی لە دژی خۆی سەیر دەكات و جەخت لەوە دەكات كە عێراق و پ.د.ك دەیانەوێ لەوێ باڵادەست بن. بە وتەی جەمیل بایك،”توركیا و عێراق و پ.د.ك دەیانەوێ رێككەوتنێكی هاوشێوە سەبارەت بە مەخمووریش بكەن.”[3] بایك جەختی لەوە كردۆتەوە كە پ.د.ك و توركیا دەیانەوێ هێرش بكەنە سەر هەرشوێنێكی وەكوو شەنگال كە سەرۆكایەتییەكی ئەوان لەوێ لایەنگری هەیە. لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی دۆخی رۆژئاواوە، شەنگال بایەخێكی ستراتیژی بۆ پ.ك.ك پەیدا كردووە بۆیە دژی هەرجۆرە رێككەوتنیكی بەغدا و هەرێمە كە زیان بە پێگەی ئەو بگەیەنێت. كاتێك ئەمەش لەگەڵ تێگەیشتنی پ.ك.ك سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگە یەكبخرێت كە ئەو وەكوو “گەمارۆدانی ناوچەی گەریلا” سەیری دەكات، ئەوسا زەمینەی گرژییەكان بەهێزتر دەبن.

ئەنجام

رووداوەكەی چەمانكێ، رێككەوتنی شەنگال و زینی وەرتێ گرێداروی یەكن. خواستێكی ناوچەیی هەیە بۆ بەرتەسكردنەوەی جوگرافیای دەسەڵاتی كوردی و ترنجاندنی هێزە نەیارەكانی كورد لە پێگەیەكی بچووكدا. ئەمەش خواستە ناخواستە، كوردەكان لە پرسە سەرەكییەكانیان دوورتر دەخاتەوە و بەهۆی جیاوازی ئایدۆلۆژیا و ململانێكانیان لەبارەی سەرەوەری، بەرەو لێواری گرژی و شەڕی ناوخۆیان دەبات. بۆ رێگرتن لە زیادبوونی گرژی و ئەگەری شەڕ، پێویستە هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ عێراق چارەسەرێك بۆ پرسی مانەوەی پ.ك.ك لە هەرێمی كوردستان بدۆزێتەوە. چارەسەركردنی ئەمە وەك پرسێكی ناوخۆیی كوردی، هەم كاتی دەبێت هەم وەكوو هەمووكاتێ بیانوی توركیا بۆ دەستوەردانی زیاتر بە زیندوویی دەهێڵێتەوە و بەرپرسیارییەكەی ئەوەش بۆ هەرێمی كوردستان قورس دەبێت. تەنانەت ئەگەر بوار بڕەخسێت چارەسەرێكی كوردی- عێراقی- نێودەوڵەتی بۆ ئەو پرسە باشترین رێگایە و لێرەشدا دەكرێ رۆڵی روو لە زیادبووی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە رووداوەكانی ئەمدواییەی عێراق لە پێشچاو بگیرێت.

خاڵێكی دیكەش ئەوەیە كە باشتروایە پرسی مانەوەی پ.ك.ك لە هەرێم لە ململانێ سیاسییەكانی ناوخۆ بە تایبەتی لە ململانێكانی نێوان ی.ن.ك و پ.د.ك دووربخرێتەوە و ئالێرەشدا كۆبوونەوەو دیالۆگی دوو لایەنە و چەندلایەنەی هێزەكانی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوانیان بایەخی زۆری هەیە كە دەكرێ سەرۆكاەیتی هەرێم لەوەدا رۆڵێكی كارای هەبێت.

 

 

 

 

[1] -https://anfturkce.com/kurdIstan/Cewlik-gerceklesecek-operasyondan-barzani-sorumludur-147979

[2]  – https://www.almayadeen.net//news/politics/828097/

[3]– http://serxwebun.org/index.php?sys=naverok&id=460

Share this Post

شرۆڤە