شرۆڤە

کاریگەری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتە نەوتییەکان

20-07-2020


 

RRC |

عومەر ئەحمەد|

هەفتەی رابردوو 23 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی ئەندام لە ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک، پابەندبوونیان بە رێککەوتنێکی مێژوویی نێوانیان دووپاتکردەوە بۆئەوەی رۆژانە 7.7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕدا كەمبكەنەوە. درێژەپێدان بەم رێککەوتنە، هەناسە و وچانێکی کاتی دایە وڵاتە نەوتییەکان، چوونكە نرخی نەوتی برێنتی لەسەرووی 40 دۆلارەوە جێگیرکرد. جێگربوونی نرخی نەوت، بەتایبەتی لەم کاتانەدا کە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی دانووستاندنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی زۆر گرنگە. سەبارەت دۆخی ئابووری خۆی، هەرێمی کوردستان لەبەردەم دوو بژاردەدایە؛ یەکەم بژاردە رادەستکردنی هەموو داهاتەکانییەتی بە داهاتی نەوتیشەوە بە بەغدا لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەیەک كە بەشی هەموو مووچەی مووچەخۆرانی ناکات. بژاردەی دووەمیش جێبەجێکردن و قووڵکردنەوەی چاکسازییە داراییەکانە لە هەموو کەرتێکدا، بۆ ئەوەی بتوانێت لەڕێگەی داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆوە بودجەی پێویستی خۆی دابینبکات.

پێشبینیدەکرێت هاوپەیمانی ئۆپێک پلەس کە لە 23 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی ئەندام لە ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک پێکهاتوون، لانیکەم تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ و چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو سەرکەوتوو بێت لە سەقامگیرکردنی بازاڕی نەوت و نرخەکانی نەوت و لەو ماوەیەشدا نرخ لە ئاستێکی هەرچەندە نزم، بەڵام گونجاودا بمێننەوە.

هەرێمی کوردستان رۆژانە  نزیکەی 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکات و دەتوانێت لەڕێگەی داهاتی نەوتەوە نیوەی ئەو پارەیەی کە پێویستە بۆ دابینکردنی مووچە بەدەستبهێنێت، هەروەها نیوەکەی دیکەش لەڕێگەی داهاتی نێوخۆ و چاکسازییە بنەرەتییە ئابوورییەکانەوە کۆبکاتەوە. بەڵام ئەمە کۆی چیرۆکەکە نیە، هێشتا ئەگەر و رووداوی دیکە لەدەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەن کە دەتوانن بازاری نەوت رووبەڕووی ناجێگیری و دابەزین بکەنەوە. یەکێک لەو رووداوانە کە ئێستا ئەگەری زیاتر بووە، سەرکەوتنی جۆ بایدن، کاندیدی دیمۆکراتەکانە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا كە چاوەڕواندەكرێت لە مانگی ١١ ی ئەمساڵدا بكرێت.

کەمبوونەوەی ژمارەی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ و بەرزبوونەوەی دەنگی جۆ بایدن، کاندیدی دیمۆکراتەکان بەگوێرەی هەندێ لە راپرسییەکان، ئەگەری ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە رەنگە کاندیدی دیمۆکراتەکان لە هەڵبژارنی سەرۆکایەتی ئەمریکا سەربکەوێت.

ئەمە ئەو ئەگەرەیە کە دەتوانێت ناڕاستەوخۆ کاریگەرییەکی گەورە لە بازاڕی نەوت درووستبکات. دوای هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترەمپ، نزیکەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران و ڤەنزۆێلا لە بازاڕدا نەما، بەڵام ئەگەر جۆ بایدن سەربکەوێت، بە ئەگەری زۆر کەناڵێکی دانووستاندن لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە دەکاتەوەو رێگە بە لادانی هەندێ لە گەمارۆکانی سەر ئێران و ڤەنزۆێلا دەدات و ئەو دوو وڵاتە دەگەڕێنەوە بۆ بازاڕی نەوت. سەرەڕای هەوڵەکانی هاوپەیمانی ئۆپێک پلەس، سەرکەوتنی جۆ بایدن دەتوانێت لە کاریگەی رێککەوتنەکەیان کەمبکاتەوەو بازار لە نەوتی ئێران و ڤەنزۆێلا پڕبکاتەوە.

بۆ نموونە ئەگەر ئێران ئامادە بێت بگەڕێتەوە بۆ دانووستاندن، ئەگەری دەستخستنی رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئەو وڵاتە لەبەرامبەر سووککردنی سزا ئابوورییەکان هەیە کە دەبێتە هۆکار بۆ بووژانەوەی کەرتی نەوت و هەناردەکردنی نەوتی ئێران کە ئێستا بۆ نزیکەی 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە.

جۆ بایدن لە بابەتێکدا کە مانگی چواری ئەمساڵ لە گۆڤاری فۆرین ئەفەیرز بڵاوی کردەوە دەڵێت:” دەبێت تاران بۆ ناو رێککەوتنی ئەتۆمی بگەرێتەوە و بە مەرجەکانی ناو رێککەوتنەکە پابەند بێت. ئەگەر وابکات، ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ رێککەوتنەکە و رۆڵی دیپلۆماسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان بەهێزتر دەکەین. هاوکات لە رووبەرووبوونەوەی کارە تێکدەرەکانی ئێران لە ناوچەکەشدا بەردەوام دەبین.”

پێشبینیکراوە كە لە ساڵی 2021 و ساڵی 2022 دا خواست بۆ نەوتی خاو بۆ سەر ئاستەکانی پێش سەرهەڵدانی قەیرانی تەندروستی کۆرۆنا بگەڕێتەوە و رێك لەوکاتانەشدا کە پێشبینی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەکرێت، ئەگەرهەیە كە نەوتی ئێران و ڤەنزۆیلا و تەنانەت لیبیاش بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێتەوە.

ئەگەری بردنەوەی جۆ بایدن، تەنیا بەرهەمهێنەرانی نەوتی وەک هەرێمی کوردستانی نیگەران نەکردووە، بەڵکو کۆمپانیا نەوتییەکانی نێوخۆی ئەمریکاشی شپرزە کردووە. لە راپرسییەکدا، 71٪ ی کۆمپانیا نەوتییە ئەمریکییەکان، سەرکەوتنی جۆ بایدنیان وەك گەورەترین هەڕەشەی سەر کۆمپانیاکانیان ناوزەد کردووە.

سیاسەتەکانی جۆ بایدن لەبواری وزە، هەڕەشە بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزەی ئەمریکا و ناوچەکانی دیکەی جیهان درووستدەکات. بەئەگەری زۆر، بایدن دوای هاتنەسەرکار، قەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت لە ئەمریکا سنوورداردەکات و هێندە یاسا و رێسای جۆراوجۆر بۆ پاراستنی ژینگە دەچەسپینێت کە کاری کۆمپانیا نەوتییەکان ئەستەم دەکات.

زۆرکەس لەنێوخۆی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی كە بایدن کەرتی نەوت و گاز بکاتە قوربانی بۆ ژینگە. لە راستیدا بایدن پێشنیازی کردووە لە ماوەی ٤ ساڵی سەرۆکایەتییە گریمانەییەكەیدا، 2 تریلیۆن دۆلار خەرجبکرێت بۆ ئەوەی ئامانجەکانی وزەی پاک لە ئەمریکا بەدیبێت.

 

 

       

Share this Post

شرۆڤە